هاوڵاتی هەرسێ لایەنی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوى ئیسلامى) ڕایدەگەیەنن پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر نابێت پەکبخرێت و جەختیشیان لەسەر پڕۆژەو دیدگاکانی خۆیان کردۆته‌وه بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن. بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوبووەتەوە تیایدا هاتووە: ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى هه‌رسێ لایه‌نى (گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوى ئیسلامى) له‌سلێمانى كۆبونه‌وه‌و چه‌ند داوا‌و پێشنیازێكیان له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردن پێشكهشكردو جه‌خت له‌سه‌ر هەمواری یاساى هه‌ڵبژاردن‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردن ده‌كه‌نه‌وه. به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوى كۆبونه‌وه‌كه، ئه‌مڕۆ لەمەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لەسلێمانى، هەرسێ دەزگاى هەڵبژاردنى بزوتنەوەى گۆڕان، كۆمه‌ڵى دادگه‌رى‌و یەکگرتوی ئیسلامی بۆ تاووتوێکردنى چەند پرسێکى تایبەت بەهەڵبژاردنەکانو هەمواری یاسای هەڵبژاردن‌و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن‌و هەوڵدان بۆ دەربازبون لەم دۆخە چەقبەستووەی هەرێم‌و گەیشتن بەڕێگه‌چارەی هاوبەش کۆبونەته‌وە. لەڕاگەیەندراوەکەدا، "لەکۆبونەوەکەدا دەزگاى هەڵبژاردنى هەرسێ لایەن جەختیان لەسەر پڕۆژەو دیدگاکانی خۆیان کردۆته‌وه بۆ هەمواری یاساکەو ئەنجامدانی هەڵبژاردن، وتویانه، پرۆسەی هەڵبژاردن زۆرتر نابێت پەکبخرێت". هاوکات هەر سێ لایەن داوایانكردوه، لایه‌نه‌كان بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش‌و هه‌رچى زوه ناکۆكیەکان كۆتایی بێن، بەئامانجی لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەک لەداهاتودا هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەردو دور لەساختەکاریی بەڕێوەبچێت. گۆڕان، كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو جه‌ختیانكردۆته‌وه، "هه‌رسێ لایه‌ن له‌باره‌ى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردن‌و كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن‌و بابه‌تى تۆمارى تایبه‌ت بهكۆتاكان بۆچونى خۆیان ده‌ربڕیوه".
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات بەریتانیا لە هەزاران ئەركی ئاسمانی لە عێراق و سووریادا ١٥٠٠ چەکداری داعشیان کردووەتە ئامانج. ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی بریتانیا هەزاران گورزی ئاسمانییان لە عێراق و سووریا بۆ سەر تیرۆریستانی "داعش" ئەنجام داوە کە بەهۆیانەوە نزیکەی ١٥٠٠ چەکداری سەر بەو رێکخراوە کوژراون و بریندار بوون. .ڕۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا ئەوەش دەخاتە روو، درۆنەکانی جۆری "MQ-9 Reaper"ی بریتانی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئێستا، ٤٨٥٧ ئەرکی ئاسمانییان لە عێراق و سووریا ئەنجام داوە و لە ئەنجامی گورزە ئاسمانییەکان، نزیکەی ١٥٠٠ تیرۆریستیی داعش کوژراون و بریندار بوون.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بە بەراورد بە ساڵانی پار لە بەرزبوونەوەدایە باڵام لە ئێستادا تا ڕادەیەکی باش سەقامگیرە . عەبدولزەهرە هینداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بە ڕێژەی هەڵئاوسان لە عێراق ڕایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان لە وڵات بەراورد بە ساڵانی رابردووی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ئاستێکی سەقامگیردایە و لە ژێر کۆنترۆڵدایە ، بەڵام کەڵەکەبوونی رێژەیی لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە سەدا 6 کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردووی ئاستێکی پێوانەییە. باسی لەوەش کرد بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان لە جیهان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دروست کردووە چونکە عێراق بەشێکی زۆری کاڵاکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات.
هاوڵاتی بە مەبەستی پڕکردنەوەو زیاد کردنی دەستی کار لە ئەڵمانیادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاسانکاری بۆ کۆچبەری کارزان دەکەن، وچوار مەرجی سەرەکی دادەنێن، هەر کۆچبەرێک ئەو چوار مەرجەی تێدا بێت مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە پێدەبەخشن. هوبێرتوس هەیل، وەزیری کاری ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە پلانیان هەیە بە پێی سیستەمی پۆینت کار ئاسانی بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا و لەو وڵاتە کار بکەن بە مەبەستی زیاد کردنی دەستی کار لەو وڵاتەدا. چاوەڕوانیش دەکرێت لە پاییزی ئەمساڵ یاسایەکی نوێی کۆچکردن بخاتەڕوو. هەروەها وتیشی :کارتێکی دەرفەت بە سیستمێکی خاڵبەندیی شەفاف دەخەنەڕوو بۆئەوەی ئەو خەڵکەی وڵاتەکەیان پێویستی پێیانە ئاسانتر بچنە وڵاتەکەوە. لە کۆتایدا وەزیری کاری ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە کە دەیانەوێت دەستی کار لەنێو ژناندا زیاد بکەن. بەگوێرەی وەزارەتی کاری ئەو وڵاتە، ٧٢%ی ژنان لە وڵاتەکەدا کار دەکەن، ئەوەش بەراورد بە پیاوان ٧% کەمترە. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش، وەزیرەکەی ئەڵمانیا دەڵێت، پێویستیان بە ٩٠٠ هەزار کارمەندە. بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، سیستمی "پۆینت" چوار پێوەر لەخۆدەگرێت کە بریتین لە: بڕوانامەیەک، ئەزموونی پیشەیی کەمتر نەبێت لە سێ ساڵ، بەهرەی زمانی هەبێت یان پێشتر لە ئەڵمانیا ژیابێت و چوارەمیش تەمەنی لەژێر ٣٥ ساڵدا بێت. ئەو کەسانەی لە کۆی ئەم چوار خاڵە، سێ خاڵیان تێدا بێت، کارتی دەرفەتیان پێدەدرێت. لە هەمان کاتدا حکومەت کاتێکی دیاریکراو بۆ پەناخوازان دادەنێت تاوەکو لەو کاتەدا بتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.و بەم شێوەیە دەتوانن لە وڵاتەکەیاندا بمێننەوە.
هاوڵاتی ئاژانسێکی هەواڵی لەڕۆژئاوای کوردستان لەزاری وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی «گرێسپی» ئاماژەی دا بە پاشهاتەکانی هێرشی بەربڵاوی تورکیا و بەڵێنی دا ڕووبەڕووی پەلامارەکانی سوپا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە دەبێتەوە. ئاژانسی هەواڵی هاوار لەزاری «وسام عمر» وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی (گرێسپی)ییەوە ڕایگەیاندووە: "لە مانگی ئابدا تورکیا ھێرشەکانی چڕ کردۆتەوە، ٤١٢ ھێرشی کردووە، ئەو هێرشانە بۆ سەر ناوچەکانی "عەین عیسا" و گەڕەکەکانی "گرێسپی" و دواتر بۆ سەر "تەلتەمەر" و دوای ئەوە "عەین عیسا" و "مەنبەج" ئەنجام دراون. ناوبراو دەشڵێت: ئەم هێرشانە کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرێت، جگە لە زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی، زیانی بە موڵک و ماڵی خەڵکیش هەبووە. وەسام عومەر جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازیی "گرێسپی" لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا شکستیان بە هەوڵی دزەکردنی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بۆ ناو گوندی "مشرفە" هێناوە. لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی "گرێسپی" ڕایگەیاند کە ئەم ئەنجومەنە بەڵێن دەدات ڕووبەڕووی هێرشەکانی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە دەبێتەوە کە بۆ داگیر کردنی خاکی سووریا ئەنجام دەدرێت.
هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مامۆستایانى وانەبێژ بۆ جاری ١٦یەم لە بەردەم بیناى ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان گردبوونەوە و داوایان کرد، حکومەت بە فەرمیى دایانبمەزرێنێت. کارزان فیزک، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: چەندین ساڵە دامەزراندن لە هەرێم وەستاوە و پێشتریش وەزارەتی پەروردە هانای بۆ ئێمە هێناوە بە مەبەستى پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى لەناوەندەکانى خوێندندا هەبووە. وتیشی: لە ساڵى ٢٠١٧ـەوە زیاتر لە ١٨هەزار مامۆستای وانەبێژ زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ گەشتووەتە ٣٠ هەزار و ٤٦٥ مامۆستا، بۆیە ئەمە واتای ئەوەیە شتێک نەماوە بە ناوەی وەزارەتی پەروەردە. کارزان فیزک ئاماژەى بەوەشکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکار و بیانووی جیاواز بەتایبەتیی قەیرانى دارایی، دامەزراندنی ئێمەی ڕاگرتووە، بەڵام ئێستادا باشترین کاتە بۆ دامەزرادنی مامۆستایانی وانەبێژ، بۆیە هەموو بیانویەک لەوبارەوە ڕەتدەکەینەوە. لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی:”لەبری ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێندرێن، چەند مامۆستایکی وانەبێژ دوورخراونەتەوە، واتا حکومەت بیری لە دامەزاردنى ئێمە نەکردووەتەوە، لەکاتێکدا دامەزراندن مافێکی سەرەتایی خۆمانە، بۆیە دەبێت تازووە بەبێ جیاوازیی مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێنن”.
هاوڵاتی رائێد سەرکەوت کارەش ، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگری شارستانی هەولێر بە هاوڵاتی ی وت "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 5 ی بەیانی ، ئاگر لە کەمپی هەرشەم کەوتەوە،6کەرەڤانە بەتەواوی کەل و پەڵی ناوماڵ سووتان لەگەڵ سوتانی مارکێتێک و چەندکێبڵێکی کارەبا" "زیانی گیانی نەبووە. ئاماژەشی بەوەکرد تیمەکانی بەرگری شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی روداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتروڵ کردەوە، دەربارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەش شۆڕتی کارەبا بووە" کەمپەکە دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال و زیاتر لە 150 کەرەڤانەی تێدایە.
هاوڵاتی وێرانکاری لە دارستانی ئەمازۆن ناسراو بە سییەکانی زەوی گەیشتووەتە قۆناغی "نەگەڕانەوە". بە هۆی ئەو ژمارە زۆرەی ئاگر کەوتنەوە بڕینەوەی دارلە دارستانەکەدا. ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێک‌دا کە دووشەممە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت لە ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانایان و ڕێکخراوەکانی ناوچەکە ئەنجام دراوە دەرکەوتووە کە وێرانکردنی ژینگەیی لە بەشێکی ئەمازۆن هێندە گەورە بووە لە دارستانە باراناوییەکەدا کە گەیشتوونەتە خاڵی نەگەڕانەوە و لەوانەیە هەرگیز نەتوانرێت چاک بکرێتەوە. هەروەها بە پێی توێژینەوەیەک کە زانایانی تۆڕی ئەمازۆن بۆزانیاری کۆمەڵایەتی و ژینگەی RAISG لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە لە ئەمازۆن CoicaI کە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکان تا ئێستا، تێیدا هەمووناوچە و ئەو وڵاتانەی کە بەشەکانی ئەمازۆنیان تێدایە دەگرێتەوە دەرکەوتووە کە لە نۆ وڵات تەنها سورینامی بچووک و غویانای فەڕەنسی هێشتا بەلایەنی کەمەوە نیوەی دارستانەکانیان وەک خۆی ماوەتەوە ، لە سەرجەم ناوچەکانی تر زیانێکی زۆر بەر دارستانەکە کەوتووە تەنها لە ٪74ی دارستانەکە بێ زیان ماوەتەوە. جێگەی باسە دارستانە باراناویەکەی ئەمازۆن کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای بەرازیل و بەرەو کۆلۆمبیا و پێروو و وڵاتانی تری ئەمریکای باشوور درێژ دەبێتەوە، گەورەترین دارستانی باراناوی جیهانە، کە بە هەمەچەشنیی زیندەوەرزانی ناوبانگی هەیە و بە هەزاران ڕووباری تێدایە کە بە سییەکانی زەوی ناسراوەو بەشێکی زۆری ئۆکسجینی زەوی دابین دەکات . کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کەش و هەوای زەوی هەیە.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆژنیوز شەوی ڕابووردوو لەناوچەی خەلیفان ٢ گەریلا شەهید بوون و ٣ گەریلاش بەبرینداری کەوتونەتە دەستی چەکدارانی پارتی، کەناڵی ڕووداویش لەزاری فەرماندەیەکی پارتییەوە بڵاویکردۆتەوە یەکێک لە گەریلاکان پارچە پارچە ببوو، کەڵکی ئەوەی نەبوو وێنەشی بگرن، یەکێکیشیان بە تەواوی سووتابوو. دوو گەریلاش یەکێکیان بە سەختی و ئەوەی دیکەیان بە سووکی بریندار ببوو. ئاژانسى (ڕۆژ نیوز) بڵاویکردۆتەوە" لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییە هاوبەشەکەی سوپای تورکیا‌و و چەکدارانی پارتییەوە لە خەلیفان، کە دژی گروپێکی پێنج کەسیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان ئەنجامدرا، دوو گەریلا شەهیدبوون و سێ گەریلاش بە برینداریی لەلایەن پەدەکەوە بەدیل گیراون". ئەو ئاژانسە بڵاویکردۆتەوە" ئەمشەو لە نێوان کاتژمێر ٠٧:٣٠ بۆ ٠٨:٠٠ی شەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی گروپێک گەریلای کردووە لە سنووری شارەدێی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، لەکاتێدا ویستوویانە لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی دیکەی هەرێمەکانی گەریلا". دەشڵێت "چەکدارانی پارتی لە ناوچەکە زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی ئەو گروپە گەریلایەوە داوەتە سوپای تورک و ئەوانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان کردوون، تائێستا زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو گەریلا شەهیدبوون و سێ گەریلاش بە برینداریی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەدەکە". (ڕۆژ نیوز) دەڵێت" ئەو سێ گەریلایە لە هێرشە ئاسمانییەکە ڕزگاریان بووە و دواتر لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە گەمارۆدراون و هەوڵیانداوە بەدیل بیانگرن، بەڵام گەریلاکان ڕووبەڕووی چەکدارانی پارتی بوونەتەوە و لە ئەنجامدا بە برینداریی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەدەکە". تاوەکو ئێستا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاونەکردۆتەوە. لەلایەن خۆیەوە کەناڵی( ڕووداو) لەزاری فەرماندەیەکی پارتییەوە بڵاویکردۆتەوە هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە دەچنە شوێنی رووداوەکە و بۆیان دەردەکەوێت هێرشەکە کراوەتە سەر ژمارەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کە پیادە بوونە و ئۆتۆمبێلیان پێ نەبووە، بەڵکو بە پیادە لە سنووری راپەڕینەوە بەرەو دۆڵی بالیسان هاتوون، کاتێک گەیشتوونەتە نێوان گوندی تاراوە و خەتێ، کراونەتە ئامانج. بە گوتەی ئەو فەرماندەیە یەکێک لە گەریلاکان پارچە پارچە ببوو، کەڵکی ئەوەی نەبوو وێنەشی بگرن، یەکێکیشیان بە تەواوی سووتابوو. دوو گەریلاش یەکێکیان بە سەختی و ئەوەی دیکەیان بە سووکی بریندار ببوو. سەبارەت بە دەنگی ئەو تەقانەی لەدوای بۆردوومانەکە بیستراوە، رووداو دەڵێت: کاتێک هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان و ئەو پێشمەرگانەی لە فەرماندەیی کارۆخەوە چوونەتە ناوچەکە بۆ کێو‌ماڵی ناوچەکە، جارێکی دیکە فڕۆکە بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە، بۆیە ناوچەکەیان چۆڵکردووە، دوای ئەوەی دەنگی فڕۆکە نامێنێت دیسان هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە چوونەتەوە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوتووە چەند گەریلایەک ماون. هێزەکانیش کاتێک بەدەم یەکێک لە بریندارەکانەوە دەچن، دەنگی تەقەیەک دەبیسترێت، ئەو هێزانەش تەقەی هەوایی دەکەن، بەڵام دەرکەوتووە تەقەکە لەلایەن یەکێک لە بریندارەکانەوە کراوە، یەک گوللـەی هەوایی تەقاندووە بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچن. هێزەکەش چوون بریندارەکانیان بە ئەمبوڵانس گواستووەتەوە.
هەورامان قانیع من له‌سه‌ر پشكی سلێمانی، ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه بووم كه ده‌بوا به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌ی زانستی پۆلی یه‌ك، بچینه‌وه و هه‌ر هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كی تێدابێت، ده‌ستنیشانی بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له به‌رواری 29-3-2022، له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كان كه له هه‌ولێره‌وه هاتبوون بۆ سلێمانی، كۆبوینه‌وه. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا، زۆریان په‌له بوو، ئه‌وان سێ شه‌ممه هاتبوون و وتیان ده‌بێ تا یه‌ك شه‌ممه، چی سه‌رنج و تێبینیتان هه‌یه بۆمان بنێرن، دوو نوسخه له كتێبه‌كه‌یان پێ‌بوو، نوسخهیهكیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه و نوسخه‌كه‌ی دیكه‌یان دا به لیژنه‌كه‌ی ئێمه. لیژنه‌كه‌ی ئێمه كه له هه‌شت مامۆستا و سه‌رپه‌رشتیارێكی زانست و شاره‌زایه‌كی پرۆگرمهكانی زانسته‌كان پێكهاتبووین، ته‌نها بۆ ماوه‌ی خوله‌كێك و زۆر به‌خێرایی سه‌یرێكی كتێبه‌كه‌مان كرد. له‌وێدا به ئاماده‌بوونی هه‌موان، تكایه‌كی زۆرم كرد كه نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه تازه‌یه‌ی زانستم بده‌نێ، بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ، به وردی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه. داوام له لیژنه‌كه‌ی هه‌ولێر و به‌تایبه‌ت مامۆستا (یه‌حیی رضا گوڵ) كرد كه نوسخه‌یه‌ك له‌م كتێبه‌م بداتێ، بۆ ئه‌وه‌ی به وردی بیخوێنمه‌وه و ههڵهبڕییهكی باشی بكه‌م. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و لیژنه چوار كه‌سییه‌ی له هه‌ولێره‌وه هاتبوون، وه‌ك وتم دوو نوسخه له كتێبه‌كه‌یان پێ‌بوو، نوسخهیهكیان بۆ خۆیان گلدایه‌وه و دانه‌یه‌كیشیان دا به به‌ڕێز مامۆستا (لوقمان) كه سه‌رپه‌رشتیاره و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی ئێمه بوو. له‌وێدا به‌ده‌ق قسه‌یه‌كی ئاوام كرد: (من ئۆكه‌ی له‌سه‌ر چاپكردنی ئه‌م كتێبه ناكه‌م، ئه‌گه‌ر به‌سه‌ر هه‌ر ههمویدا نهچووبمهوه). هه‌ر له‌وێدا تكام له مامۆستا (لوقمان)یش كرد كه نوسخهكهم بۆ كۆپی بكات، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر به پی دی ئێف هه‌یه، بۆم بنێرێت و خۆم پرێنتی ده‌كه‌م و ده‌یخوێنمه‌وه. به‌ڵام هه‌ر ده‌ستم نه‌كه‌وت. ڕۆژی دواتر (چوارشه‌ممه) سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌مان، پانزه لاپه‌ڕه‌ی له كتێبه‌كه بۆ هێنام و وتی تۆ ته‌نها ئه‌م پانزه لاپه‌ڕه‌یه‌ت به‌رده‌كه‌وێت و به‌سه‌ریدا بڕۆره‌وه. لاپه‌ڕه‌كانی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌ی، دابه‌ش كردبوو به‌سه‌ر ئه‌ندامانی لیژكهماندا، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كه‌یان پانزه لاپه‌ڕه‌یه‌كیان به‌ركه‌وتبوو. من ڕۆژی دواتر (پێنج شه‌ممه)، پانزه لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم ته‌واو كرد و ڕاده‌ستی سه‌رۆكی لیژنهكهمانم كرده‌وه، له‌وێدا پێم وته‌وه، تكایه با به‌سه‌ر هه‌مو كتێبه‌كه‌دا بچمه‌وه، نه‌وه‌كو هه‌ڵه و كه‌موكورتی تیابێت. وه‌لێ به‌داخه‌وه، ڕازینه‌بوو، بۆچی؟ نازانم. پاش ماوه‌یه‌ك به مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی نوسخه‌یه‌ك له كتێبه‌كه، له هه‌ولێر، سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی پرۆگرام و چاپه‌مه‌نییه‌كان-م كرد، له‌وێ داوام له‌مامۆستا (ئه‌سكه‌نده‌ر مصطفی عبدالرحمن) كرد كه ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای دانانی كتێبه‌كانی زانست بۆ هه‌موانه، هه‌رچییه‌كی كردووه نوسخهیهكم له كتێبه‌كه بۆ په‌یدا بكات، تاكو به‌سه‌ریدا بچمه‌وه. ئه‌و نوسخه‌ی لا نه‌بوو، له‌گه‌ڵمدا هات بۆ نهۆمی دووه‌م، بۆ لای به‌ڕێزانی لیژنه‌ی زانسته‌كان، له ژوورێكدا به‌ڕێز (نه‌سرین عثمان صالح) و دوو خانمی دیكه دانیشتبوون، دیاربوو خه‌ریكی پێداچوونهوهبوون به كتێبه‌كه‌دا، مامۆستا ئه‌سكه‌نده‌ر پێی وتن ئه‌مه مامۆستا هه‌ورامان-ه و حه‌ز ده‌كات به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی زانستی پۆلی یه‌كدا بچێته‌وه و نوسخه‌یه‌كی بده‌نێ. ئه‌وان وتیان جارێ خۆمان به‌سه‌ریدا ده‌چینه‌وه و هێشتا ته‌واو نه‌بووه. ئیدی له‌وێش نوسخه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت. دواتر هه‌ر چاوه‌ڕون بووم، ئه‌ندامێكی ئه‌و لیژنه‌ی باڵایه، ته‌له‌فۆنێك بكات و بڵێت ئه‌وه ئێمه ته‌واو بووین و فه‌رمو تۆش به‌سه‌ریدا بچۆره‌وه. وه‌لێ هه‌ی هوو، من چه‌ند دڵساف و نه‌زان بووم، چاوه‌ڕوانی مه‌حاڵم كردووه، ئاخر ئه‌و ڕۆحی هاوكاری و ئه‌و خه‌مخۆرییه بۆ په‌روه‌رده و چاككردنی كتێبه‌كانی زانست- بێ هیچ به‌رامبه‌رێك- كه لای من هه‌یه، لای خودی وه‌زیریش نییه، چ جای ئه‌وانی دیكه. ئیدی نه ته‌له‌فۆن كرا و نه من نوسخه‌ی كتێبه‌كه‌م ده‌ستكه‌وت. سه‌روه‌ختێك هه‌واڵی چاپكردنهكهیم بیست، له هه‌ولێر و له ڕێگه‌ی سه‌رپه‌رشتیارێكی به‌ڕێز، له به‌رواری 29-8- 2022 نوسخه‌یه‌كی چاپكراوی تازه‌م ده‌ستكه‌وت و له چاوپیاخشاندنێكدا، كۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی زه‌قی زمانه‌وانی و زانستیم بینی كه زۆر به ئاسانی ده‌بینرێن و ده‌كه‌ونه به‌ر چاوی هه‌مو كه‌سێك، ته‌نها چاوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵا نایبینن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێ وێنه به هه‌ڵه دانراون، له زۆر شوێندا وێنه‌ی كتێبه كۆنه‌كه زۆر له وێنه‌كانی ئه‌م كتێبه تازه‌یه جوانتربوون كه ده‌كرا هه‌ر ئه‌وان دابنرانایهوه. لێره‌وه من به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرس نیم له‌و هه‌ڵانه‌ی له‌م كتێبه‌دا هه‌یه، ته‌نها ئه‌و پانزه لاپه‌ڕه‌یه نه‌بێت كه چاكم كردووه. چونكه هه‌وڵێكی زۆرمدا، بێ به‌رامبه‌ر و بێ هیچ سود و ده‌ستكه‌وتێكی شه‌خسی، به‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌دا بچمه‌وه، تكام لێ‌كردن نوسخهیهكم بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی به جوانی به‌سه‌ریدا بچمه‌وه، بۆچی؟ چونكه دڵنیابووم هه‌ڵه و كه‌موكورتی تێدایه، باش ده‌مزانی ئه‌و لیژنه باڵایه‌ی خه‌ریكی چاككردنی كتێبه‌كه‌ن، زمانه كوردییه‌كه‌یان، له‌و ئاسته‌دا نییه كتێبێكی زانست به زمانێكی كوردی پوخت ئاماده بكه‌ن. وه‌لێ ئه‌وان نوسخه‌یان نه‌دا به من و كتێبهكهشیان پڕ كردووه له هه‌ڵه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره. به‌داخه‌وه كه‌س گوێی له‌و تكایهی من نه‌گرت و كه‌س به‌ده‌م ههوڵهكهمهوه نه‌هات و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسنی ساردم كوتیبێت. ده‌رئه‌نجامیش چاپكردنی 126 هه‌زار و 625 نوسخه‌ی پڕ هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه. هه‌ر لێره‌وه ڕایده‌گه‌یه‌نم، چیتر ئاماده‌نیم بۆ یه‌ك چركه له‌و لیژنه‌یه‌دا بمێنمه‌وه، لیژنه‌یه‌ك توانای نه‌بێت نوسخه‌ی كتێبێك بۆ ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌یدا بكات، شایه‌نی ئه‌وه نییه ئه‌ندامی بیت. لیژنه‌یه‌ك به میزاج و هه‌واو هه‌وه‌سی لیژنه‌ی باڵای زانسته‌كانی هه‌ولێر كار بكات و ئێمه‌یان وه‌ك دیكۆر و ته‌نها بۆ ناو دانابێت، هه‌ر بۆ ئه‌وه باشه لێی بێیته ده‌ره‌وه. من له لیژنه‌ی كارتۆنی و بێ كه‌ڵك نامێنمه‌وه، له لیژنهیهكدا نابم حسابی تورێكی بۆ نه‌كرێت و جه‌ماعه‌تی هه‌ولێر، به ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاری كتێبه‌كه بكه‌ن و له پشتی منه‌وه، كار بكه‌ن و كتێب پڕ بكه‌ن له هه‌ڵه، نا من پرسه گورگانهم ناوێت. لیژنه‌ی له‌و جۆره و كتێبی له‌و جۆره و هه‌ڵه‌ی زه‌ق و زۆپی له‌و جۆره، پیرۆزی خۆیان بێت و پۆست و پله‌ی گه‌وره‌تری پێوه‌ربگرن و ئیفادی زیاتریان بۆ بنووسن. به‌داوای لێبوردنه‌وه كورد زۆر له مێژه وتوویه‌تی: ماڵی قه‌ڵب سه‌ر به ساحێبهكهیهتی.
هاوڵاتی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه ڕایگەیاند قه‌یرانی سیاسی له‌عێراق چاره‌سه‌ری هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موولایه‌نه‌كان ئیراده‌ی چاره‌سه‌ریان هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق، ئاماژەی بەوەشدەکات چاكسازی له‌چاكسازی ده‌زگاكان ده‌ستپێده‌كات. لەڕاگەیەندراوێکدا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی عەمار حه‌كیم بڵاویکردۆتەوە " سه‌ید عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ڕەوتی حیكمه‌ی نیشتیمانی له‌نووسینگه‌ی خۆی له‌شاری به‌غدا پێشوازی لهباربهرا لیف یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیك و ئیلینا رۆمانیسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عێراق كرد وپێكه‌وه باسیان له‌و پرسانه‌ی كه‌جێگای بایه‌خی هه‌ردوولا و په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و وێلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و دواپێشهاته سیاسییه‌كانی له‌عێراق و ناوچه‌كه كردووه. حه‌كیم جه‌ختی كردووه كه قه‌یرانی سیاسی له‌عێراق چاره‌سه‌ری هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موولایه‌نه‌كان ئیراده‌ی چاره‌سه‌ریان هه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق، روونیشیكرده‌وه كه شهراكه بۆ دروستكردنی بڕیاری عێراقی گرنگه به‌ڵام ئه‌م شهراكه مه‌رج نییه به‌به‌شداریكردن بێت له‌حكومه‌ت. حه‌كیم جه‌ختی له‌ڕێزگرتن له‌ده‌زگا ده‌ستووریه‌كانی عێراق كرده‌وه و وتی" چاكسازی له‌چاكسازی ده‌زگاكان ده‌ستپێ ده‌كات و په‌یره‌وكردنی دیموكراسیه‌ت له‌ئه‌نجامی قوربانیدانێكی زۆری عێراقه‌وه هاتووه له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی دیكتاۆریه‌ت و تیرۆر. سه‌باره‌ت به‌ره‌وشی ناوچه‌كه سه‌ید حه‌كیم وتی" هه‌ر گفتوگۆیه‌ك به‌ئامانجی هێوركردنه‌وه بێت له‌نێوان لایه‌نه جیاوازه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق و هه‌موو لایه‌ك دایه و عێراق رۆڵی هه‌بووه له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی راوبۆچوونه‌كان بۆ دروستكردنی بروا كه گفتوگۆ باشترین رێگایه و جیاوازیه‌كان چاره‌سه‌ریان هه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك به‌م ئاراسته‌یه‌وه هه‌نگاو بنێت.
هاوڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، لیز ترەس کرد و ئاشكرایكرد، "بە پەرۆشین بۆ پێکەوە کارکردن بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەھێزەکانمان و بەھا ھاوبەشەکانمان". سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا پیرۆزبایی لە لیز ترەس کرد کە وەک سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ھەڵبژێردراوە. نێچیرڤان بارزانی لە تویتەکەدا نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە لیز ترەس دەکەم کە وەکو سەرۆکی پارتی پارێزگاران ھەڵبژێردراو دەبێتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم و بە پەرۆشین بۆ پێکەوە کارکردن بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەھێزەکانمان و بەھا ھاوبەشەکانمان".
هاوڵاتی گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵ لە ناوچەی قەرەتەپە سەر بە خانەقین لە دوێنێ ئێوارەوە دیار نەماوەو کەسو کاری گومان دەکەن لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێنرابێت. بە پێی زانیارییەکان ئێوارەى دوێنێ، شوانێکی کورد بە ناوی سەباح نوری رەشید لەسنوری شارەدێی قەرەتەپەی سەر بەشارۆچکەی خانەقین، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێنراوەو هیچ سۆراغێکی نییە. لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە سەرقاڵی بەدواداچونن لەبارەی کەیسەکەوە. جێگەی باسە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە سێیەم هاوڵاتی گوندی نارینە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەڕفێنرێت، کە یەکێکیان بەپارە ئازاد کراو یەکێکی دیکەیان بەناوی جەلال، کە کارمەندی پۆلیسی گەرمیان بوو لەلایەن تیرۆرستانەوە کوژراو ڤیدیوەکەشیان بڵاوکردەوە.
هاوڵاتی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئەنجامی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەسی ئاشکرا کرد‌و ڕایگه‌یاند به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت بڕیاریانداوه ئاستی به‌رهه‌م به‌ڕێژه‌ی ١٠٠ هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێکدا که‌مبکه‌نه‌وه. ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وەزیری نەوتی عێراق، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزاری (ئۆپێک +) لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە، کە لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندووه: “(ئۆپێک +) پەرۆشە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری زیاتر بۆ بازاڕەکانی جیهان، و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە نێوان دابینکردن و داواکاری، لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیع لەگەڵ ئەو بارودۆخ و هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەرە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد"وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە رێككەوتنەكەدا بەڕێژەی (100 هەزار بەرمیل) لە رۆژێكدا كەمبكرێتەوە،کە لە مانگی 10ەوە دەستپێدەكات، دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە بازاڕەکانی نەوت لەم دواییانەدا بەخۆیەوە بینی . وتیشی"كۆبوونه‌وه‌كه پێداچونه‌وه و تاوتوێكردنی راپۆرته ته‌كنیكییه‌كان و راسپارده‌كان بۆ پێشهاته‌كانی بازاڕی نه‌وت و هۆكار و كاریگه‌ره‌كان، و چاوه‌ڕوانییه‌كان له ماوه‌ی مانگه‌كانی داهاتوودا له‌خۆگرتبوو. ھەروەک ئاماژه‌ی به "گرنگی رێككه‌وتنی به‌كۆمه‌ڵ له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕان و ئاڵنگارییانه کرد كه رووبه‌ڕووی بازاڕی نەوت دەبێتەوە . ھەر لەبەیاننامەکەدا ھاتوە " "حامید یونس" بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری تەسفیەكردن و دابەشكردن و "عەلا ئەلیاسری" بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت،و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەت و کۆمپانیای سۆمۆ بەشدار بونە لەکۆبوەکە وەک لایەنی عێراقی.
هاوڵاتی به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی، لە شاری ئاگری باکوری کوردستان پێنج خوشک کە بە یەک سک لەدایکبوون، دوای ئەوەی تەمەنیان گەیشتە شەش ساڵ، بەیەکەوە چوونە بەر خوێندن. ئاژانسه‌که ئه‌وه‌شی خستۆته ڕوو خەدیجە و فاتیح چیفتچی، دایک و باوکی ئەو پێنج خوشکەن لە قوتابخانەیەکی ئاگری هەر پێنج خوشکەکەیان بەیەکەوە ناونووس کردووە کە ناویان، تەنزیلە، رابیعە، حەوا، بەرفین و هیرانوورە. پێنج خوشکە جمکەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خۆیان بۆ چوونە قوتابخانە، ئامادە کرد و لەگەڵ دایک و باوکیان چوونە قوتابخانە. لە باخچەی قوتابخانەدا، پێنج خوشکەکە لەگەڵ قوتابییەکانی دیکە یەکتریان ناسی و پێکەوە دەستیان بە یاری کرد، دواتریش هەموویان چوونە ناو پۆلەکانیان. بەڕێوبەری پەروەردەی پارێزگای ئاگری، حەسەن کۆکرەک سەردانی قوتابخانەکەیانی کرد لە لێدوانێکیشیدا بۆ رۆژنامەنووسان، باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ لە پارێزگای ئاگری، ٢٥ هەزار قوتابی دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، گوتیشی: "بۆ ماوەی هەفتەیەک قۆناغی راهێنانی قوتابییەکان بەڕێوەدەچێت. لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا بەخێوکەری قوتابییەکان سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و بەشەکانی ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان دەبینن. دەستکردن بە فێرکردنی ئەم پێنج خوشکە، ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد. لە نزیکەوە بە خۆیان و خێزانەکەیان، ئاشنا بووین".
