هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی شکست بە پیلانێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەهێنێت و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەری دەستگیر کرد . لە درێژەی کاروچالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەو ماددانە ، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی ( ١٦ )کگم ماددەی هۆشبەری جۆری { تلیاک }دا گیرا. بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر کە زیان بە ئابوری هەرێم دەگەیەنێت و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات ، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە دوو چالاکیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت . لە چالاکی یەکەمدا دوای لێکۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٧/٢٩ لە بۆسەیەکدا دەست بەسەر بڕی { ١٦ } کگم ماددەی ( تلیاک )دا گیرا کە لەناو ( غەتاس ) ی ئاودا شاردرابویەوە و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( أ ، ك ، ح ) دەستگیرکرا ، تۆمەتبار لە دایکبوی ١٩٩٣ ی هەولێرە، ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری ( شیری ) پێبووە ، لە بازگەیەکی دەروازەی شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و بەپێ ی زانیاریەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێنرابوون . لە چالاکی دووەمدا هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوەی وورد لە دەروازەی نێودەوڵەتی ( باشماخ ) لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/٣١ تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە ، کە دانیشتوی شاری (بۆکان) ە ، بەڕەگەز کوردە و لەدایکبوی ١٩٧٠ بە ناوی ( م ، م ، أ ) خێزاندارە ، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لەشاری سلێمانیەوە تلیاکەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان . بە فەرمانی دادوەر بەپێ ی ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و دەستبەسەر تلیاکەکەدا گیراوە.
هاوڵاتی خێزانی شاهانەی بەریتانیا ناوبانگێکی زۆریان هەیە بەتایبەت شاژن ئێلیزابێسی دووەم ، کە دوای مردنی باوکی پاشا جۆرجی شەشەم لە ساڵی ١٩٥٢ دەسەڵاتی گرتە دەست ،و نزیکەی ٧٠ ساڵە شاژنی بەریتانیایە. لەبەر ئەوەی شاژن نەمر نییە و ڕۆژێک دەمرێت، ئامادەکاری و پرۆتۆکۆلێکی زۆر ئامادەکراوە لە ئەگەری مردنیدا. ١- دانانی پاشای نوێ : شازادە شارلزی کوڕی دەبێتە پاشای نوێی بەریتانیا هەروەک چۆن خۆی لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا ڕاستەوخۆ دوای مردنی باوکی بوو بە شاژن. هەرچەندە هەندێک هیوا دەخوازن شازادە ولیام لە جیاتی باوکی بچێتە سەر تەختی شاهانە، بە پێی ئەوەی کە ناوبانگێکی زیاتری هەیە لە ناو خەڵکدا، بەڵام ئەمە بە پێی پرۆتۆکۆلی شاهانە ناکرێت و ویلیا‌م ناتوانێت ببێتە پاشا هەتا باوکی زیندوو بێت. ٢- ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی شاژن : سکرتێری تایبەتی شاژن ڕادە سپێردرێت کە هەواڵی مردنی شاژن ڕابگەیەنێت کە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت و سەرەتا سەرۆک وەزیران ئاگادار دەکاتەوە کە ئەویش 15 وڵات کە لەلایەن شاژنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئاگادار دەکاتەوە، پاشان هەواڵەکە بە 36 وڵاتی دیکە ڕادەگەیەنرێت کە تێیاندا کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندایە و دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە بە فەرمی ئاگادار دەکرێنەوە، هەواڵی مردنی شاژنەکە ئاشکرا دەکرێت بۆ خەڵکی ئاسای. هەواڵەکە فەرمی نابێت تا کۆشکی بەکینگهام ڕایدەگەینێت، بە پێی مەراسیمەکە پیاوێک جلی ماتەمینی لەبەر دەکات و، هەواڵی مردنی شاژن لەسەر دەرگاکانی کۆشکەکە بە لافیتە هەڵدەواسێت. پاشان ماڵپەری فەرمی کۆشکەکە ڕەش دەبێتەوە و تەنیا هەواڵی مردنی شاژن دەردەکەوێت و دوای ئەوە ئاژانسە ڕۆژنامەوانییەکان ئاگادار دەکرێنەوە و هەواڵەکە بە کاغەز و ئەلکترۆنی لە جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە. ٣- بەکارهێنانی وشەی نهێنی: کاتێک باری تەندروستی پاشا‌و شاژنەکان ناجێگیر دەبێت کۆدێکی نهێنی بەکار دەهێنرێت کە ئاماژە بە مردنیان دەکات لە ئێستادا ئەو کۆدەی کە ئاماژە بە مردنی شاژنە ئێلیزابێس دەکات دانراوە کە ناوی پردی لەندەنە، گەر ئامڕازی (پردی لەندەن کەوت) بەکارهێنرا واتە شاژن کۆچی دوای کردووە. ٤- میدیا: پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی بەریتانیا هەواڵی مردنی شاژن ناتوانن بە ویستی خۆیان ڕوماڵ بکەن بەڵکو پێشتر مەشقیان پێکراوە لەوەی چی بڵێن و تەنانەت شریتی مۆسیقای خەمناکیش بۆ ئەو بۆنەیە ئامادەکراوە. ٥- ماوەی ماتەمینی: ماوەی ١٠ ڕۆژی ماتەمینی فەرمی ڕادەگەیەنرێت و لە ڕۆژی دوای مردنی شاژنەوە دەست پێ دەکات و لە ١٠یەمین ڕۆژی پرسەکەدا کۆتایی دێت. ٦- یەکەم دەرکەوتنی پاشای نوێ: دوای مردنی شاژن پاشای نوێ گەشتێکی چوار ڕۆژە بەناو بەریتانیادا دەکات و سەردانی سکۆتلەندا، ئێرلەندا، ویڵز دەکات و بەشێکی زۆری گەشتەکەی بە پێ دەسوڕێتەوە کە ئامانج لێی بینینێتی لەلایەن هاوڵاتیانەوە. جێگەی باسە کۆشکی بەکینگهام ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە شاژن ئێلیزابێثی دووەم لەژێر چاودێری پزیشکیدایە دوای ئەوەی پزیشکەکان نیگەران بوون لە تەندروستی.
كۆشکی "بەکینهام"ی شاهانەیی بەریتانیا راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا ئاماژەی بەوەدا، چەند چاوگێکی تەندروستی لەبارەی تەندروستی ئیلیزابێسی شاژنی بەریتانیا ئاگادار کراونەتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش شازادە چارلس و ویلیامی کوڕی چوونە شوێنی مانەوەی شاژنە ئیلیزابێس لە کۆشکی شاهانەی بەریتانیا. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە شاژنە ئیلزابێسی تەمەن ٩٦ ساڵ باری تەندروستی تێکچووە و دووچاری کێشە دەبێتەوە لە رۆشتن و وەستانی بەپێوە. لە رۆژی چوارشەممەی رابردووش بەناچاری بەهۆی تێکچوونی تەندروستی شاژنی بەریتانیا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشایەوە. کۆتا دەرکەوتنی شاژن، لە رۆژی سێشەممەدا بوو کاتێک لیز ترەس سەرۆکوەزیرانی نوێی بەڕیتانیا چووە کۆشکی بێرمینگهام بۆ لای شاژن و شاژن رایسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.
ساڵح محه‌ممه‌د عێراقی، وه‌زیری سه‌در له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات، گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ڵێت، به كشانه‌وه‌ی لایه‌نه كورد و سوننه‌كان په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ساڵح محه‌مه‌د عێراقی ناسراو به وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در له په‌یامه نوێیه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه، هه‌ندێك له لایه‌نگرانی سه‌در به رێگای یاسایی هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن و یه‌كه‌م ئه‌نجامی كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له په‌رله‌مان دانانی به‌ربه‌ست بوو له رێگه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه له هیچ پرسێكدا له‌گه‌ڵیان رێككنهدهكهوتن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌گه‌رێكی لاواز بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێككه‌وتن دیاریی ده‌كات، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان لای ئه‌وان حه‌رامه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در ده‌بێته هۆی دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی و وتیشی، "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك رێككناكهوین." باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێنه‌وه ده‌بێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان جێگای ره‌زامه‌ندی هاوپه‌یمانه‌كانیان بێت له كورد و سونه، به‌ڵام پێیان وانییه رازی ده‌بن و وتیشی، "پێویست ناكات بگه‌ڕێینه‌وه ته‌نها به كشانه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان په‌رله‌مان خۆی ههڵدهوهشیهتهوه." ساڵح محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، فشاری زۆر ده‌كه‌ینه سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانمان به‌ڵام قوربانیدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی عێراق گرنگه، ره‌وتی سه‌در دووڕوویی و پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تێكی گه‌نده‌ڵی دیكه ره‌تده‌كاته‌وه. ئاشكراشی كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ په‌رله‌مان مه‌حاڵه و ئه‌ركی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له ئه‌ستۆی هاوپه‌یمانه‌كانیان و په‌رله‌مانتاره سه‌ربه‌خۆكانه. ده‌شڵێت، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به دادگا سیاسیكراوهكان و ترسنۆكه‌كان نییه و به‌ده‌ست ره‌وتی سه‌دریش نییه." ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت نزیكه‌ی ١١ مانگه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كراوه به‌ڵام لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و سه‌درییه‌كان دوای كشانه‌وه‌ی فراكسیۆنی ره‌وتی سه‌در له په‌رله‌مان داوایان له دادگای فیدراڵی عێراق كرد په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام دادگا ره‌تی كرده‌وه كارێكی له‌و جۆره له ده‌ستی ئه‌واندا بێت.
شلێر ڕه‌سووڵی ته‌مه‌ن ٣٦ ساڵ كه مه‌به‌ستی ده‌ربازبوون له ده‌ستدرێژی كه‌سێك خۆی له ده‌لاقه‌ی خانوویه‌ك فڕێ دایه‌وه خواره‌و بێ هۆش بوو، ڕۆژی پێنجشه‌ممه (٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٢) دوای ٦ ڕۆژ مانه‌وه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سنه گیانی له‌ده‌ستدا. به‌گوێره‌ی هه‌واڵی گه‌یشتوو به ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، شلێر ڕه‌سووڵی كاتژمێری ٢ی سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه (٣ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٢) له‌لایه‌ن (گ.ق) به بیانوو نه‌خۆش بوونی هاوژینه‌كه‌ی و یارمه‌تیدانی چووه‌ته ماڵیان، به‌ڵام كاتێك شلێر ده‌چێته ماڵی ناوبراو ده‌بینێت كه هاوژینه‌كه‌ی له ماڵ نییه و ده‌یه‌وێت ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ری، هه‌ر بۆیه‌ش شلێر خۆی له ده‌لاقه‌ی نهۆمی دووه‌مه‌وه بیناكه‌وه فڕێ ده‌داته خواره‌وه. شلێر ڕه‌سووڵی خه‌ڵكی گوندی چه‌شمیه‌ری سه‌ر به سه‌وڵاوا و دانیشتووی مه‌ریوان و هاوسه‌ره‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی كرێكاری بووه، هه‌روه‌ها شلێر دایكی دوو منداڵه. (گ.ق) هه‌مان ڕۆژ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌و ئێستاش ده‌ستبه‌سه‌ره. پشتبه‌ستن به وته‌ی خه‌ڵكی مه‌ریوان ، كه (گ.ق) له ساڵانی ڕابردوودا هاوكاری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی ئێران كردووه‌و په‌یوه‌ندی هه‌بووه له‌گه‌ڵیان و چه‌ندین جاریش به هۆی دزی، ده‌مه‌قاڵێ، چه‌قۆ كێشان و... ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌و هه‌ر به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه هه‌ر زوو ئازاد كراوه. وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێك رۆژی شه‌ممه 7-9-2022 ژماره‌یه‌ك له چالاكانی ژن له مه‌ریوان به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به نه‌بوونی ئاسایش بۆ ژنان له ناو كۆمه‌ڵگادا له پێش دادگای ئه‌و شاره گردبوونه‌وه.
سازدانی: شه‌نای فاتح به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ڵێت: «كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه‌و پلان نیه‌و له‌په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان ورده ورده مامۆستای میلاكیان تیادانامێنێت و له‌بواری دروستكردنی بیناش ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه». دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند:» له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ردراوه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه». وتیشی:» حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه». سه‌باره‌ت به‌ئاڵوگۆڕ له‌پۆسته‌كه‌یدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده ده‌ڵێت: «ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و ئه‌كرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم»، هاوكات له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزبی و چاودێریكردنی قوتابخانه ناحكومییه‌كان و ئاستی زانستی په‌روه‌رده‌یی له‌سلێمانی بۆ هاوڵاتی ده‌دوێت. هاوڵاتی: بۆ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌باشی ئاماده‌یه بۆ پێشوازیكردن له‌قوتابیان و خوێندكاران؟ دڵشاد عومه‌ر: ساڵانه 1ی ئه‌یلول یه‌كه‌م رۆژی په‌یوه‌ندی ساڵی نوێی خوێندنهو دواتریش به‌پێی كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له 13ی ئهیلوول ده‌وام ده‌ستپێده‌كات، له 13 و 14 و 15ی ئهیلوول به‌فه‌رمانێكی وه‌زاری ئه‌و سێ رۆژه داده‌نێین بۆ وه‌رگرتنی كتێب و ئه‌نجامدانی چالاكی جۆراوجۆر، بۆ ئه‌وه‌ی پاش ئه‌و پشووه‌ی قوتابیان وه‌ریانگرتووه ئاشنا ببنه‌وه به‌ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی، له 17ی ئهیلوول كه ده‌كاته رۆژی شه‌ممه قوتابیان ده‌چنه ناو پۆل و ده‌ستده‌كرێت به‌ده‌وام. وه‌ك ئاماده‌كاریش ئێمه 30ی ئایاری ئه‌مساڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانمان له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌نجامدا به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كان و به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانی سه‌ر ئاستی هه‌رێم و به‌ڕێوبه‌ره خۆجیێیه‌تییه‌كان و راویژكارانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كانی دیوان و جه‌نابی وه‌زیر گفتوگۆی چڕمان كرد، پلانێكی ژماره‌ییمان دانا‌و مه‌سه‌له‌ی رێكخستنی میلاكمان به‌فه‌رمانێك رێكخست و مه‌سه‌له‌ی داخستن و جیاكردنه‌وه‌و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و كاتی وه‌رگرتنی منداڵمان دیاریكرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین ئه‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ی ساڵانی رابردوو هه‌بوون كه‌قوتابی ده‌چووه قوتابخانه مامۆستا‌و پێداویستی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مساڵ پێش ده‌ستپێك ئه‌م كارانه جێبه‌جێبكه‌ین و ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووبووین و كاره‌كانمان كردووه. هاوڵاتی: له‌سنووری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ژماره‌ی مامۆستایان چه‌نده؟ ئایا چه‌ندیان مامۆستای هه‌میشه‌یین و چه‌ندیان مامۆستای وانه‌بێژن؟ ئایا ژماره‌ی مامۆستاتان كه‌مه؟ دڵشاد عومه‌ر: له‌سنوری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ٥٣ هه‌زارو ١٤٣ مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه‌و له‌و ژماره‌یه ١١ هه‌زاری فه‌رمانبه‌ره‌و ئه‌وانی تری مامۆستایه، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی پێنج هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژمان هه‌یه‌و هۆكاره‌كه‌شی وه‌ستاندنی دامه‌زراندنه له‌ساڵی ٢٠١٤وه، به‌رامبه‌ر ئه‌مه كۆمه‌ڵێك مامۆستا خانه‌نشین و به‌شێكیش له‌سه‌ر ویستی خۆیان خانه‌نشین ده‌بن و مردنیش ده‌بێت و ژماره‌یه‌ك مامۆستاش مۆڵه‌تی نه‌خۆشی یان دیكایه‌تی و بێ موچه‌یی و خوێندن و هاوسه‌فه‌ری ده‌كه‌ن، به‌هۆی هه‌موو ئه‌مانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراندن نییه ناچارین سوود له‌و ده‌رچووانی زانكۆ وه‌ربگرین كه‌ده‌رچووی كۆلێژه‌كانی په‌روه‌رده یان په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تن و ئه‌گه‌ر هه‌بێت بیانكه‌ین به‌وانه‌بێژ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانمان بێ مامۆستا نه‌بن. «ئێمه كه‌پێنج هه‌زار وانه‌بێژمان هه‌بێت به‌ڵێ كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه،» به‌ڵام ده‌شتوانم بڵیم ئه‌مه دوو لایه‌نه‌یه، لایه‌نێكیان له‌ناو شاره‌كان هه‌ڵئاوسانێكی زۆر‌و مامۆستایه‌كی زۆرمان هه‌یه ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكاره به‌پێی (ناوه‌ندی وه‌رگرتن) كه‌ته‌نها نمره هۆكاره بۆ وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكار، من چه‌ندین ساڵه پێشنیاری ئه‌وه‌م كردووه هه‌م له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هه‌م له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا كه‌مامۆستایه‌تی پیشه‌یه‌كه جگه له‌وه‌ی ئه‌ركێكی پیرۆزی هه‌یه‌و خزمه‌تێكی زۆر ده‌كات پێویست ده‌كات حه‌ز هه‌بێت و قوتابی و خوێندكار بۆ پیشه‌ی مامۆستایه‌تی حه‌زی هه‌بێت. جگه له‌وه نه‌بوونی پلان هه‌یه، ئێمه به‌ڕاستی په‌روه‌رده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار، قه‌زاكانی پێنجوێن، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان ئه‌مانه ده‌توانم بڵێم ورده ورده میلاكیان تیانه‌ما، چونكه هه‌مووی خه‌ڵكی سلێمانین، چوونه‌ته ئه‌وێ و ناشكرێت تا ته‌مه‌نیان هه‌یه 13 بۆ 14 ساڵ له‌وێ بمێننه‌وه‌و هیچ یاسایه‌كیش نییه رێگری له‌ئه‌مه بكات، بۆیه ناچارده‌بین ئه‌مانه بگوازینه‌وه ناوشارو هه‌ڵئاوسانه‌كه له‌سلێمانی دروستده‌بێت و له‌وێش بێ مامۆستا ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش سودمان له‌وانه‌بێژ وه‌رگرتووه. هاوڵاتی: ده‌وترێت مامۆستای وانه‌بێژ نه‌بێت خوێندن په‌كی ده‌كه‌وێت، مامۆستایانی وانه‌بێژیش پاش چه‌ندین ساڵ خزمه‌ت هه‌ر ناكرێنه هه‌میشه‌یی و گله‌یی ده‌كه‌ن كه‌شایسته داراییه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا بۆ خه‌رجناكرێت و ئه‌و پاره‌یه‌شی وه‌ریده‌گرن بڕه‌كه‌ی كه‌مه؟ دڵشاد عومه‌ر: یه‌ك مامۆستا كه‌م بێت كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و زه‌رورین به‌دامه‌زراندن، چونكه مامۆستا ٢٤ وانه‌ی هه‌یه كه نزیكه‌ی پێنج پۆل ده‌كات و بۆ هه‌ر پۆلێكیش ٣٠ قوتابی حساب بكه‌ین، ١٥٠ قوتابی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه واقیعێك بڵێین به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌ت موناقه‌شه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌مان كردووه ئه‌توانم بڵێم ئه‌و رێنماییه‌ی ژماره ١٤ كه‌ساڵی رابردوو بۆ وانه‌بێژی ده‌رچوو خزمه‌تێكی باش به‌وانه‌بێژان كرا، هه‌م جیاوازیمان كرد له‌نێوان ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ده‌كات و ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ناكات و له‌وه‌ی نزیكه‌و له‌وه‌ی دووره، رێمان پێداون له قوتابخانه‌كاندا ببنه به‌ڕێوبه‌ر واته حسابێكی ره‌سمیمان بۆ كردوون و ئه‌و پاره‌یه‌شی كه‌هه‌یه بڕێكی باشه‌و پێشتر ئه‌گه‌ر به‌ژماره‌ی به‌شه وانه بمانكردایه بۆ دانه‌مه‌زراو چوار هه‌زار دینار بوو و ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌كیش ١٠ به‌شی هه‌بێت ده‌كاته ٤٠ هه‌زارو مانگانه نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار، به‌ڵام ئێستا له ١٢ به‌شی كه‌متری نه‌بێت ٣٥٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر دبلۆم بێت و به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌كالۆریۆس بێت ٤٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت و ئه‌گه‌ر ببێته به‌ڕێوه‌به‌ر ٥٠ هه‌زاری ده‌چێته سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه ده‌توانم بڵێم شتێكی باشه‌و رێنمایی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش كه ده‌رمانكردووه وتوومانه ئه‌م رێنمایانه جێبه‌جێده‌كه‌ین و ئه‌مانه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ دامه‌زراندن هه‌بێت ده‌بێت سودیان هه‌بێت و بكرێنه بنه‌ما وه‌ك خزمه‌ت به‌وانه‌بێژان كه‌خاڵی زیاتری بده‌ینێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كێبڕكێدا شانسی باشتری هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌توانم بڵێم شتێكی باشمانكردووه به‌ڵام بۆ دامه‌زراندن و گرێبه‌ست ئه‌مه پلانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پلاندانانه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیرو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ویست و حه‌زی من بێت به‌ڵێ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیانم. هاوڵاتی: ژماه‌ی قوتابیان و خوێندكاران له‌سلێمانی چه‌نده؟ چه‌ند قوتابخانه زیاترله‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت؟ ئایا پارێزگای سلێمانی پێویستی به‌چه‌ند بینای نوێی قوتابخانه هه‌یه؟ دڵشاد عومه‌ر: ٤٧٦ هه‌زار قوتابی و خوێندكار‌و هه‌زارو ٧٤٦ بینای قوتابخانه‌مان هه‌یه، «به‌ده‌قیقی نازانم چه‌ند قوتابخانه زیاتر له‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت،» به‌ڵام واقیعێك هه‌یه كه دوو ده‌وامی ئاساییه به‌ڵام ئێمه كێشه‌مان له سێ ده‌وامیدا هه‌یه‌و سێ ده‌وامییه‌كه‌ش هه‌ندێكیان سێ ده‌وامی خوێندنی ئاسایین واته خوێندنگه‌ی رۆژن، به‌ڵام هه‌ندێك له سێ ده‌وامییه‌كان خوێندنگه‌ی ئێوارانن و ئاساییه هه‌مانبێت، هه‌روه‌ها بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره‌و خوێندنی خێرامان هه‌یه، كه‌ئه‌و منداڵانه‌ی له‌خوێندن دابڕاون به‌هه‌ر بارودۆخێكی سیاسی یان ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، منداڵ هه‌یه ته‌مه‌نی نۆ ساڵه‌و نه‌چووه‌ته قوتابخانه‌ی ئاسایی و ناچارین بیخه‌ینه خوێندنی خێرا، هه‌روه‌ها هه‌مانه ته‌مه‌نی زۆر گه‌وره‌یه‌و سه‌روو ٣٥ ساڵه و نه‌یخوێندووه و بۆ ئه‌وه‌ی فێری خوێندن بێت ده‌یخه‌ینه بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره. ئێمه له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانیشه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه‌و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان هاتووه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه‌و هه‌روه‌ها رێكخراوی روانگه‌و منداڵپارێزیش داوای لیستێكیان لێكردووین كه چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كمان بۆ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه، هاوكات پێنج خێرخواز له‌پارێزگای سلێمانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كیان ته‌واوكردووه‌و رۆژی ١٥ی ئهیلوول ده‌كرێنه‌وه كه له‌و شوێنانه‌شدان كه منداڵ زۆره‌و خزمه‌تگوزاری به‌باشی نه‌گه‌یشتووه‌ته جێگاكانیان وه‌ك بازیان و گه‌ڕه‌كی شۆڕشی نوێ له‌سنووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی و چوارچرای نوێ و گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته. كۆمه‌ڵێك خێرخوازی دیكه‌ش هاتوونه‌ته پێشه‌وه كه‌زه‌ویان بۆ دابین بكه‌ین و بینای نوێ دروستبكه‌ن كه‌ئه‌مه‌ش جێگای ده‌ستخۆشییه‌و سوپاسیان ده‌كه‌ین. له‌بواری دروستكردنی بینادا ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه، ئێمه له‌دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥وه ٥٨ بینامان هه‌بوو كه لهدروستكردندا بوون و ته‌نده‌رینیان بۆكرابوو، به‌داخه‌وه قه‌یرانی دارایی به‌سه‌رداهات و تائێستا ٢٣ بینامان ماوه ته‌واوبكرێن، ئه‌ویش وه‌زاره‌تی پلاندانان بودجه‌ی بۆ ته‌خسیس كردووه‌و ١٥ملیار دیناره، ١٢ ملیاری بۆ سلێمانی و سێ ملیاریشی بۆ قه‌زای پشده‌رو رانیه كه له ٣ی ئابه‌وه بوونه‌ته به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی راپه‌ڕین و له‌ئێمه جیابوونه‌ته‌وه‌و له‌لای ئێوه‌وه پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین، ئه‌و ١٥ ملیاره‌ش بێت ٢٣ قوتابخانه‌ی دیكه‌مان ته‌واوده‌بێت و ئه‌م قوتابخانانه هه‌یه ده‌ستیپێكردووه و قوتابخانه‌ش هه‌یه ٨٠%ی كاری تێداكراوه‌و بودجه‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م له‌كاتێكی زوودا ئه‌وانیش ده‌ستپێبكه‌ن. هاوڵاتی: به‌گشتی له‌چ بوارێكدا كه‌موكورتیتان هه‌یه؟ ئایا حكومه‌تی هه‌رێم هاوكارتانه بۆ دابینكردنی پێداویسییه‌كانتان؟ دڵشاد عومه‌ر: به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م وایت بۆرد‌و ره‌حله، به‌ده‌ره‌جه‌ی دووه‌م واقیعه‌ت پێمان ده‌ڵێت مه‌سائیلی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌كو داتاشۆ و لاپ‌تۆپ زۆر زه‌رورین، سه‌باره‌ت به‌پێداویستییه‌كان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی دا به‌خه‌رجكردنی ٢٠ ملیار دینار بۆ كڕینی پێداویستی قوتابخانه‌كان كه خۆی له‌داتاشۆو وایت بۆرد و ئیستینساخ و پرنته‌رو ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و ره‌حله و ته‌نكی ئاو ده‌بینێته‌وه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج ملیار‌و ٣٩٩ ملیۆنی بۆ پارێزگای سلێمانییه‌و ده‌توانم بڵێم زۆرباشه، ته‌سه‌ور ده‌كه‌م بۆ ساڵی داهاتوو قوتابخانه‌مان نه‌مێنێت لاپتۆپی خۆی نه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ئێمه خاوه‌ن سیسته‌می (ئی په‌روه‌رده‌ین) كه سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووه‌و سه‌رجه‌م داتا‌و زانیارییه‌كانی قوتابی و وه‌رگرتن و گواستنه‌وه و دروستكردنی بڕوانامه و پێدانی كارتیان و پێداویستیه‌كانی ناو قوتابخانه و میلاكی قوتابخانه‌كه‌و مامۆستایان له‌خۆده‌گرێت، بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستمان به‌لاپتۆپه، چونكه كه‌می كاره‌با له‌هه‌ندێ شوێن هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌و گوندانه‌ی له‌وانه‌یه یه‌ك ده‌وام بێت كێشه‌ی هه‌یه‌و ناتوانرێت له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه زانیاریه‌كانمان پێبگات به‌ڵام هه‌بوونی لاپ‌تۆپ ئه‌و كێشه‌یه ناهێڵێت. هه‌روه‌ها ئێمه به‌رده‌وام نه‌وه‌ستاوین و ساڵانه ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و لاپتۆپمان كڕیووه‌و ساڵی رابردوو ١٠٥ لاپ‌تۆپ و نزیكه‌ی ٤٠٠ ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌مان كڕیوه جگه له‌هاوكاری خێرخوازه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ره‌حله چاككردنهوهش ئێمه كارگه‌یه‌كی چاكمان هه‌یه‌و ره‌حله چاك ده‌كه‌ینه‌وه و به‌پێی نووسراوی كارگه‌ی دارتاشی له‌شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا ٨٧٦ ره‌حله‌ی دوو كه‌سی و ٦٦٨ ره‌حله‌ی یه‌ك كه‌سی دروستكردووه له‌گه‌ڵ ره‌فه‌یه‌كی كتێبخانه‌و پێنج مه‌نه‌ێه دروستكرا، هه‌روه‌ها ئه‌و پاره‌یه‌ی كه لامانه به‌تایبه‌تی هی فرۆشگا‌كان رێژه‌یه‌كی له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ده‌مێنێته‌وه بۆ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و ده‌توانم بڵێم به‌ڕێژه‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كان ده‌كه‌ین. هاوكات ٨٤%ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن گه‌یشتووه‌و ده‌ستمان به‌دابه‌شكردنی كردووه به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كانداو زۆربه‌ی پڕۆگرامه‌كانیش كتێبی تازه‌ن واته چاپی نوێن و به‌تێچوویه‌كی كه‌متر و كوالێتییه‌كی باشتر چاپكراون، به‌ڵام ئه‌و پێداویستیانه قۆناغ به‌قۆناغه‌و ره‌نگه كه‌م تا زۆر تاهه‌فته‌یه‌ك دوابكه‌وێت یان وه‌جبه وه‌جبه دابه‌شده‌كرێت و باوه‌ڕ ناكه‌م بگاته ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌رده‌بێت. ئێمه ساڵی ٢٠١٩ ره‌زامه‌ندییه‌كمان بۆكرا پارێزگا به‌پارێزگا پێداویستی بكڕین بۆ په‌روه‌رده، بۆ نموونه سلێمانی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله‌بوو له‌گه‌ڵ چاككردنی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله له‌گه‌ڵ كڕینی كۆمه‌ڵێك ئامێری كۆمپیوته‌رو ئیستینساخ، ئه‌مانه تائێستا سێ‌جار ته‌نده‌رینی بۆ كراوه له‌پارێزگای سلێمانی و به‌داخه‌وه كه‌س نه‌بووه بیكڕێت جا هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و لیژنه‌ی ته‌نده‌رینه واته خه‌ڵكێك نه‌هاتووه به‌و نرخه بیكڕێت و ده‌توانم بڵێم تاكه به‌ڕێوبه‌رێتی گشتین كه تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌مان جێبه‌جێنه‌كردووه، واته حكومه‌ت رازیبووه به‌ڵام ئیتر له ئالیه‌تی ته‌نده‌رینه‌كه‌یان یان نه‌بوونی كۆمپانیا له‌سنووری سلێمانی نه‌كراوه، ئه‌گینا حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه. هاوڵاتی: له‌قوتابخانه‌ی سابیس وه‌رگرتنی قوتابی به‌تیروپشكه، به‌ڵام باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌رج و رێنمایییه‌كان واته به‌شێوه‌ی نایاسایی منداڵ وه‌رده‌گیرێت، قسه‌ی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟ دڵشاد عومه‌ر: ئێمه یه‌ك قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حكومیمان هه‌یه، ئه‌ویش سیسته‌مه‌كه‌ی هاوبه‌شه‌و ساڵانه ته‌نها منداڵی باخچه وه‌رده‌گرێت و فۆڕمێكه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین پڕده‌كرێته‌وه، ئه‌وكاته‌ش كه‌فۆڕمه‌كه به‌ئۆنلاین دابه‌شده‌كرێت له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا تیروپشكی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ناحكومییه‌كان سیسته‌می خۆیان هه‌یه و هه‌م ئه‌گه‌ر زۆر بێت تیروپشكه و هه‌ندێكجاریش به‌چاوپێكه‌وتنه، هاوڵاتی ئازاده منداڵه‌كه‌ی ده‌باته ئه‌وێ یان نا، ئێمه به كه‌سمان نه‌وتووه بچێت كوێ و مه‌رجی خۆی هه‌یه‌و هه‌ندێكجار مه‌رجی ساڵێكیان فێربوونی زمانه یان چاوپێكه‌وتنی توانستیان ده‌كه‌ن چونكه سیسته‌مه‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و ره‌نگه بڕوانامه‌كانیان له‌وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا وه‌ربگیرێن. هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌قوتابخانه تایبه‌تاكاندا پاره‌ی زیاد له‌خانه‌واده‌ی قوتابیان وه‌رده‌گیرێت، بۆ نموونه، ١٣ی ئهیلوول قوتابخانه ده‌كرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وان پاره‌ی ته‌واوی مانگه‌كه له‌خانه‌واده‌ی قوتابی وه‌رده‌گرن، قسه‌تان چییه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه؟ دڵشاد عومه‌ر: خوێندنگه‌ی ناحكومی پێویسته مه‌رج و رێنماییه‌كانی مولزه‌م بێت به‌بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه، به‌ڵام ئێمه ناتوانین فشاریان زیاتر لێبكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پاره‌یه، به‌ڵام ناشكرێت چاودێریان نه‌كه‌ین، چاودێریان ده‌كه‌ین له‌ڕووی كرێی خوێندن و وه‌رگرتنه‌وه‌و ده‌بێت به‌پێی رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت. كاتێكیش هاووڵاتی ده‌چێت منداڵه‌كه‌ی ده‌باته خوێندنگایه‌كی ناحكومی فۆڕمێكی له‌به‌رده‌ستدایه‌و گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و نرخی قوتابخانه‌كه به‌مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌حدید كراوه‌و كه‌منداڵه‌كه ده‌برێته ئه‌وێ پێی ده‌وترێت ئه‌مه فه‌رمانه وزاریه‌كان و نرخ و گرێبه‌سته‌كه‌یه، پێویسته هاووڵاتی گرێبه‌سته‌كه بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هات و كێشه‌یه‌كی وا هه‌بوو و ئه‌وكات ئێمه ده‌چین چاودێری و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین و به‌شی یاسایمان هه‌یه ئه‌گه‌ر مافی خورابوو بۆی وه‌رده‌گرینه‌وه. هاوڵاتی: یه‌كێتی و گۆڕان له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌و باسی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانیان كرد له‌سلێمانی، ئایا پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌ناو ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌دایه؟ ئایا مامۆستا دڵشاد له شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه؟ دڵشاد عومه‌ر: سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته پێموایه لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه، من بۆ ئاڵوگۆڕی پۆست، گۆڕانكاری یان وازهێنانم بێت ده‌رگام له‌سه‌ر پشته‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو ئه‌وه جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و پێشموایه هه‌قه رێبدهین خه‌ڵكێكی دیكه بێته پێشه‌وه‌و ئاشكرایه من زروفێكی زۆر قورسم به‌ڕێكرد له‌مه‌سه‌له‌ی بایكۆت و نه‌بوونی مووچه، به‌ڵام توانیمان ته‌وازن رابگرین و پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده نه‌فه‌وتێت و ئهشكرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم. هاوڵاتی: به‌ڕێزتان له‌پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیتان وه‌رگرتووه، ده‌وترێت حزبه‌كه‌ت یاخود كه‌سانی نێو حزبه‌كه‌ت داوای كاری نایاساییان لێكردوویت، ئه‌مه تاچه‌ند راسته‌و قسه‌تان له‌سه‌ری چییه؟ دڵشاد عومه‌ر: نه‌خێر، ئه‌و بابه‌ته یه‌كه‌م وانییه، دووه‌م ئێمه كاتی خۆی كه دانراوین ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ری گشتی بین بێ جیاوازی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گله‌یم لێده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئیش بۆ حزبه‌كانی دیكه ده‌كات و بۆ گۆڕانی ناكات، من دانیشتووم خزمه‌تی هه‌موو كه‌سێك بكه‌م و هه‌ر كه‌سێكیش بۆ داواكاری مه‌سائیلی حزبی سه‌ردانم بكات یان توڕه ده‌بم لێی یان ئیشه‌كه‌ی بۆ ناكه‌م یانیش بیانووی پێده‌گرم، من ده‌مه‌وێت پاش وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه بكه‌م و به‌ئاسایی له‌ڕووم بێت بچمه چایخانه‌ك و له‌گه‌ڵ براده‌رێكم پیاسه بكه‌م و به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌س سه‌رم به‌رز بێت و له‌كاتی بایكۆته‌كه‌دا هه‌ڵمه‌تێكی زۆرم له‌سه‌ربووه به‌ڵام رۆژێ له‌ڕۆژان به‌ده‌ممدا نه‌هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی من ده‌ربكه‌وم پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده په‌كبخه‌م و هه‌موو عه‌یب و قسه نه‌شیاووكانم خستۆته‌سه‌ر خۆم. هاوڵاتی: چ بابه‌تێك هه‌یه پێتباشه زانیاری له‌سه‌ر ئاشكرابكه‌ی و وه‌ك پرسیار ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتم نه‌كردبێت؟ دڵشاد عومه‌ر: په‌روه‌رده له‌هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه جا قوتابی، مامۆستا یان فه‌رمانبه‌ر بێت، له هه‌موو شار‌و گوندێكی دووره ده‌ستیشدا هه‌ین، واته خێزانێكی قه‌ره‌باڵغین و به‌ڕێوه‌بردنی زۆر زه‌حمه‌ته به‌تایبه‌ت گه‌ر پاره‌ی پێویست و دامه‌زراندن نه‌بێت و نه‌توانیت هه‌موو داواكاریه‌كی قوتابی و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌داوای نۆژه‌نكردنه‌وه بكات بۆی جێبه‌جێبكه‌یت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌هه‌موومانه‌وه توانیومانه پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده له‌شوێنی خۆیدا رابگرین و ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌یسه‌لمێنێ كهسلێمانی ئاستی زانستی باشه‌و مامۆستایانی دڵسۆزن.
تائێستا زیاتر له 50 كه‌س له‌وانه‌ی له خواردنگه‌یه‌كی زاخۆ ژه‌ھراویبوون، به‌ھۆی خراپی ره‌وشی ته‌ندروستییانه‌وه له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه. شه‌وی رابردوو له خواردنگه‌یه‌كی زاخۆ ١٨٥ كه‌س به‌ھۆی خواردنی خراپه‌وه ژه‌ھراویبوون و تائێستا زیاتر له 50 كه‌سیان له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ چه‌ند كه‌سێكی دیكه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون. له‌دوای رووداوه‌كه ژماره‌یه سكاڵا له‌سه‌ر خاوه‌نی خواردنگه‌كه تۆماركراوه، بۆیه به‌پێی مادده‌ی ٤١٦ی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ خاوه‌نی خواردنگه‌كه ده‌ركراوه. هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یامنێرمان له زاخۆ، خاوه‌نی ئه‌و خواردنگه‌یه به‌یانی ئه‌مڕۆ له لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كراوه‌و رووبه‌ڕووی یاسا كراوه‌ته‌وه.
هاوڵاتی/ نیگار عومه‌ر خوێندنی كوردی له‌ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان رِوو له‌كه‌مبونه‌وه ده‌كات و مامۆستایانیش پێیان وایه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه كارئاسانی زیاتر ده‌كرێت بۆ خوێندكاران به‌راورد به حكمه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه زیاتر خوێندنی عه‌ره‌بی هه‌ڵده‌بژێرین، و برِیاریشدراوه 33 خوێندنگای كوردی له‌سنوری خانه‌قین دابخرێت و له خورماتوش له‌كۆی 34 خوێندنگه‌ی كوردی هیچ بهرِێوبهرێكی كورد نیه. مامۆستایان پێیان وایه به‌به‌رنامه كارده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خوێندنی كوردی له‌ناوچه كێشه له‌سه‌ركان. قه‌زای خورماتو له رووی ئیداریه‌وه سه‌ر به‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه، قه‌زای خانه‌قینیش له رووی ئیداریه‌وه سه‌ر پارێزگای دیاله‌یه كه ده‌كه‌ونه سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی تاوه‌كو ئێستا به ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر داده‌نرێت. كارزان جه‌بار،جێگری سه‌رۆكی لقی خانه‌قین یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «له‌سنوری خانه‌قین 59 قوتابخانه‌مان هه‌یه كه خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت 26 قوتابخانه‌یان سه‌ر به‌هه‌رێمی كوردستانه و 33 قوتابخانه‌یان كه خوێندنی كوردی تێدا ده‌خوێنرێت سه‌ر به حكومه‌تی عێراقه و له ئێستادا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق برِیاری داوه ئه‌و قوتابخانانه دابخات به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه رِێژهی فێرخواز تێیدا كه‌مه». وتیشی،» خانه‌قین له‌هه‌مو رِویهكهوه پشتگوێ خراوه له‌دوای ساڵی 2017ه‌وه 3 قوتابخانه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه له‌خانه‌قیندا دروستكراوه به‌ڵام 18قوتابخانه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه دروستكراوه، له نێو ئه‌و 26 قوتابخانانه‌ی كه له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه دروستكراون 23 قوتابخانه‌یان پێویستیان به نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه». رِێزان محمد، بهرِێوبهری ئاماده‌ی تاڤگه له‌خانه‌قین ده‌ڵێت» قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه پێویستی به‌نۆژه‌نكردنه‌وه هه‌یه و هه‌مو پێداویستیه‌كانی كۆن بوه، ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی هه‌موی كۆنه و بیناكه درزی بردوه و له كاتی باراندا دڵۆپه ده‌كات و پۆله‌كان شێ وه‌رده‌گرێت، هیچ ئامێرێكی تێدا نیه بۆ فێنك كه‌ره‌وه و گه‌رمكردنه‌وه و پۆلهكانیشی زۆر كه‌م و بچوكن و به‌شی خوێندكاره‌كانمان ناكات». وتیشی:» ئه‌م خوێندگایه ئێمه سیستمی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه تاوه‌كو ئێستا ئێمه نه‌هێڵی ئه‌نته‌رنێتمان هه‌یه و نهكۆمپیتهر و نه پێداویستی تاقیگه». ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: «ساڵی رابردوو بهرِێوبهری خوێندنگه‌یه‌كی بنهرِهتی بوم ته‌نها سێ خوێندكار تۆماركرا بۆخوێندنی كوردی، به‌ڵام له‌قوتابخانه عه‌ره‌بیه‌كان سێ پۆل خوێندكار بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی تۆمار كران، زۆربه‌ی خانه‌واده‌ی منداڵه‌كان باسله‌وه‌ده‌كه‌ن خوێندنی عه‌ره‌بی بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان باشتره و كارئاسانی زیاتریان بۆ ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنیان له زانكۆكانی حكومه‌تی عێراق، بۆیه كورده‌كان زیاتر منداڵه‌كانیان ده‌به‌ن بۆخوێندنگه عه‌ره‌بیه‌كان». هاوكات ئه‌حمه‌د عاسی، جێگری بهرِێوبهری قوتابخانه‌ی شه‌فه‌ق له خورماتو بۆ هاوڵاتێ دواو وتی:» له‌نێو بینایه‌كی 12پۆلیدا سێ ده‌وامی تێدا ده‌كرێت و جگه له‌وه‌ش بیناكه هه‌رچه‌نده تازه دروست كراوه به‌ڵام هه‌موی درزی بردوه، خوێندمان له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه و تاقیكردنه‌وه و برِیار له حكومه‌تی عێراق وه‌ر ده‌گرین خوێندنگه‌كه‌مان پێویستی به هێڵی ئینته‌رنێت و پێداویستیه‌كانی خوێندن هه‌یه و هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غداد پێدوایشتیهكانمان بۆ دابین ناكه‌ن». وتیشی،» لهخوماتودا ماڵه كورده‌كان منداڵه‌كانیان ده‌نێرن بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی ئه‌مه‌ش پێمان وایه ناحه‌زانی كورد هه‌وڵده‌ده‌ن خوێندنی كوردی له‌و شاره‌دا كه‌م بێته‌وه، خانه‌واده‌ی منداڵه‌كانیش بۆ دوارِۆژی منداڵه‌كانیان ده‌یانێرن بۆخوێندنی عه‌ره‌بی». ئه‌وه‌شی وت،» له‌هه‌مو ئه‌و خوێندنگایانه‌ی كه سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمن هیچ بهرِێوبهرێكی كوردی تێدا نیه و هه‌مو خوێندنگه‌كان بهرِێوبهرهكانی عه‌ره‌بن و ته‌نها جێگره‌كانیان كوردن، ئێمه ده‌بێت بۆ هه‌موو برِیارێك بگهرِێینهوه بۆلای ئه‌وان هه‌ندێ كات كێشه و گرفتمان بۆدروست ده‌بێت چونكه هه‌ندێك لهبهرِێوبهرهكان هاوكاری كورده‌كان ناكه‌ن». تارق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی له خورماتو بۆ هاوڵاتی وتی،» له سنوری خوماتودا 34 خویندنگه‌ی كوردیمان هه‌یه، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه زۆرێك لهپێداویستیهكانمان بۆ دابینكراوه، لهخورماتودا ناردنی منداڵان بۆ خوێندنی عه‌ره‌بی رِوی له زیادبونكردوه كه ئه‌مه‌ش هه‌ست ده‌كه‌ین له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی ناحه‌زانی كورده‌وه ئه‌م پلانه جێبه‌جێ ده‌كرێت». وتیشی، « بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی بهرِێوبهری قوتابخانه‌كان كێشه‌كه‌مان گه‌یاندوه به وه‌زیری په‌روه‌ده‌ی عێراق به‌ڵام تا ئێستا ڕێگه نه‌دراوه به‌ڕێوبه‌ر بۆ خوێندنگه كوردیه‌كان دابنێین، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ر سه‌ر به‌حكومه‌تی عێراق بێت و خوێندنگه‌كانی ئێمه‌ش سه‌ر به هه‌رێمن بۆیه به‌ڕێوبه‌ری بۆ دانانرێت».
حه‌مه هاشم هێز و بوێری ره‌گه‌زی سه‌ره‌كیین له كاره هونه‌رییه (ئاوییه‌كانی) هونه‌رمه‌ند (لاله عه‌بده)، هێزی خه‌یاڵ هه‌رگیز جیانابێته‌وه له‌و كه‌شه ئیستاتیكییه خولقاوه‌ی كه له پانتایی فۆڕمێكدا پێشانمان ده‌دات، خه‌یاڵێك ده‌توانێت یارییه‌كی شاره‌زایانه بكات و جوانییه‌كانی سرووشت و ئایكۆنه‌كانی ژیانی مرۆڤ به‌جۆرێكی دیكه وێنا بكاته‌وه كه ئاسووده‌یی ده‌دات به مێشك، له مێشكدا پنتێكی گرنگ هه‌یه له ناوه‌راستی هه‌سته‌وه‌ره‌كانی دیكه‌یه و پێی ده‌گوترێت (Gout) ئه‌م هه‌سته‌وه‌ره رژێنی خۆشحاڵی ده‌پژێنێت و ده‌یگوازێته‌وه بۆ هه‌سته‌وه‌ره‌كانی دیكه كه له ئاكامدا خۆشحاڵی درووست ده‌كات له بینین، ئه‌م كرداره درووست ده‌بێت له هه‌ندێ حاڵه‌تی ساوكردن (ملمس) هه‌روه‌ها له كاتی كرداری خواردنی چێژ به‌خش یان كرداری چێژ به‌خش، جگه له هه‌موو ئه‌مانه له بینینی دیمه‌ن و ته‌نی جوان‌دا ده‌وروژێت و چێژ ده‌كات به خۆشحاڵی بۆ مرۆڤ. كاره هونه‌رییه‌كانی مامۆستا لاله عه‌بده، هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدایه كه رواڵه‌تی ئیستاتیكی له‌كرداری چێژبه‌خشیندا مرۆڤ راڤه‌ی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه له ئاستێكی باڵادا به‌رهه‌مه‌كانیی نمایش ده‌بن. جگه له‌وه‌ی كه بوێری له دانانی ره‌نگی رۆشن و ره‌نگی كاڵ جۆرێك له دڵنیایی ده‌به‌خشێت به بینه‌ر كه هه‌ست به ته‌ڕی و روونی كاره‌كانی بكات، بێگوومان ئه‌مه‌ش خاڵێكی ئه‌رێنی گرنگه له درووستكردنی ئیستاتیكای كاری هونه‌ری. ئه‌زموونه‌كانی هونه‌رمه‌ند (لاله عه‌بده) ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و هوونه‌رمه‌نده جیهانییه به توانایانه‌ی كه له بواری هونه‌ری ره‌نگی ئاوییدا سه‌رقافڵه‌نه. هاوسه‌نگی و سپه‌یس دوو بنه‌مای دیكه‌ن له كاره‌كانییدا، كه ده‌توانیین بیانكه‌ینه جێگای ئاماژه‌یه‌كی به‌هێز له ده‌ستنیشانكردنی خه‌سڵه‌ت و ئاستی به‌رزی هونه‌ره‌كه‌ییدا. جگه له‌مانه بابه‌ت سه‌نگێكی دیكه وه‌رده‌گرێت له‌و كارانه‌ییدا و ده‌رخستنی رواڵه‌تی شارستانی مرۆڤ به‌های كاره‌كان سه‌نگین تر و ئاسۆی بینین فراوانتر نیشان ده‌دات، ئه‌مه به جیا له لێزانی و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ند له به‌جێهێشتنی رووناكی له‌سه‌ر كوتله‌كان و دانانی سێبه‌ری كه‌مێك ئیمپرێشینیزمی له ره‌نگدا .. هه‌موو ئه‌وانه ته‌كنیكی ده‌وڵه‌مه‌ندی لاله عه‌بده‌مان پێده‌ڵێن له بواری هونه‌ری ره‌نگی ئاوییدا. چوونكه هێزی ته‌كنیك له به‌رهه‌مه‌كانییدا هه‌مان ئه‌و هێزه‌یه كه له ته‌كنیكی فڵچه وه‌شاندنێك پێویستی به ئه‌زموونه له‌سه‌ر كاغه‌زێك به ره‌نگی ئاوی. ئه‌مـحاڵه‌ته‌ش هێنده ئاسان نییه هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك بیگاتێ و پیاده‌ی بكات، چوونكه ته‌كنیك له ره‌نگی ئاوییدا جیاوازی زۆره له ته‌كنیكی وێنه‌كێشان به ره‌نگی رۆنی یان به خه‌ڵوز و پاستیل و كه‌ره‌سته‌و ماتریاڵه‌كانی دیكه‌ی وێنه‌كێشان، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وێنه‌كێشان به‌ره‌نگی ئاوی ته‌نها ده‌رفه‌ت بۆ هونه‌رمه‌نده‌كه یه‌كجار هه‌یه بۆ ده‌رخستنی فیگه‌ر و شێوه‌كان و ناتوانێت له‌كاتی وێنه‌كردنی كوتله‌یه‌ك یان دانانی ره‌نگێك دواتر ده‌سكاریبكات یان بیسڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌كنیكی كاری هونه‌ری ئاویی قورس تر ده‌كات و هونه‌رمه‌نده‌كه ناچار ده‌كات ئه‌زموون و كاركردنی به‌رده‌وامـ و ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێ له‌م بواره‌دا. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه بنه‌ما و ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی وێنه‌كێشانی ئاویی له كاره‌كانی مامۆستا لاله عه‌بده‌دا سه‌ركه‌وتوانه و پانتایی و ماتریاڵ و فۆڕم به‌یه‌كه‌وه هه‌موویان پێكهاته‌یه‌كی زیندوو و ئیستاتیكی باڵا ده‌به‌خشن به‌كاره‌كانی .
هێمن مەحموود پیاوێكی ئاینی تەمەن ٩٢ ساڵە، تاك و تەرا وێنەی هەیە، بەدەگمەن قسە دەكات، لێدوان بۆ هیچ میدیا و شوێنێك نادات، سیاسییەكان نابینێت و هەڵوێستی لایەنگرانەی بۆ هیچ حزبێكی سیاسی نییە، تەنانەت شوێنكەوتوانیشی بەكەمی دەیبینن، لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ناجوڵێت و بەشداری هیچ مەراسیم و بۆنەو یادكردنەوەیەكی ئاینی و تەنانەت مەزهەبیش ناكات، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە لەگەڵ پاپای فاتیكان كۆدەبێتەوە و سیاسییە بیانییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبینێت و بۆچوونی تایبەتی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیەو هەمیشە لەدوایین ساتدا دەستوەردان دەكات و بڕیاری گرنگ دەدات و چارەنووسی دۆخەكە بەلایەكدا دەخات، قسەو بۆچوونەكانی لەلایەن كورد‌و سوونەكانیشەوە رێزلێگیراوەو شوێنی تایبەتی هەیە. ئەو پیاوە مەرجەعی گەورەی شیعەكان (عەلی سیستانی)یە. عەلی حوسێنی سیستانی، لەساڵی ١٩٣٠ لەشاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، ئێستا لەشاری نەجەف دەژی و لەدوای مردنی (ئەبولقاسم خوئی) مەرجەعییەی زانستی ئایینی حەوزەی نەجەفی گرتەدەست. لەدوای داگیركردنی عێراقیش لەساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریكاوە رۆڵە مێژوویی و سیاسییەكەی بەدیاركەوت و لەوكاتەوە تائێستا هەڵوێست و فەتواكانی بەبێ مشت‌ومڕ لەلایەن شوێنكەوتوانییەوە جێبەجێدەكرێت. فەتواكانی سیستانی كاریگەرییەكی گەورەیان كردۆتەسەر دۆخی عێراق، بۆ نموونە لەساڵی ٢٠٠٣ فەتوای دا كەس شەڕ لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیا نەكات، هاوكات لەگەڵ سەرەتاكانی هەڵبژاردنیشدا لەدوای ٢٠٠٣ەوە فەتوایدا لەهەڵبژاردنەكاندا پێویستە شیعەكان دەنگ بەهاوپەیمانێتی شیعەكان بدەن، بەڵام لەچەند هەڵبژاردنی رابووردوودا پشتگیری هیچ لایەنێكی نەكردو خۆی بەدوورگرت لەهەڵبژاردنەكان، لەگرنگترین فەتواشی ئەو كاتە بوو كە خەریكبوو رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەگەیشتە بەغدا لەساڵی ٢٠١٤، هەر بۆیە فەتوای جیهادی دەركردو بەو هۆیەشەوە (حەشدی شەعبی) درووستكرا، كە شیعەكان توانیان بەهۆیەوە عێراق كۆنترۆڵ بكەنەوەو نەهێڵن دەسەڵاتیان لەدەست دەربچێ. وەنەبێت هەمیشە سەد لەسەد بۆچوونەكانی سیستانی لەناو كۆمەڵگای شیعەدا شوێنی خۆیان گرتبێت، بەتایبەت لەبارودۆخە سیاسییەكەدا، بەڵكو هەندێكجار بۆچوونەكانی نەیانپێكاوەو جەماوەریان لەدەوری خۆی كۆنەكردۆتەوە، بەتایبەت لەدوایین هەڵوێستیدا لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی رابووردوودا مەرجەعیەت داوایكرد خەڵكی بەشداری دەنگدان بكەن، كەچی بەپێچەوانەوە خەڵكێكی كەم بەشداریان كرد و ێژەی بەشداری نەگەیشتە لەسەدا ٣٥، كە ئەمەش بەشكستێك بۆ هەڵوێستەكانی سیستانی دانرا. بەپێی بۆچوونی زۆرینەی ئەوانەی كەچاودێری بارودۆخی عێراق و هەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بەتایبەت (سیستانی) دەكەن بەتایبەت لەچەند ڕۆژی رابووردودا ئەوەبوو كە رێگەی لەهەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی شیعەكان گرت و ئاوێكی بەو ئاگرەدا كرد كە لەناوچەی سەوز لەنێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدرو حكومەت و چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەڵگیرسابوو، كە بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ٣٠ كەس كوژران و سەدانی دیكەش برینداربوون. لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەراپۆرتێكدا بەناونیشانی» چۆن پیاوێكی ئایینی تەمەن ٩٢ ساڵ جارێكی دیكە رێگری كردەوە لەخلیسكانی عێراق بۆ ناو شەڕێكی خوێناوی؟»، نامەیەكی سیستانی بۆ سەدر ئاشكرا دەكات و نهێنی پشتەوەی راگرتنی پێكدادانەكانی ناوچەی سەوز ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوەدەكات بەرپرسێكی چوارچێوەی هەماهەنگی بەئاژانسەكەی راگەیاندووە ئەگەر نوسینگەی سیستانی نەبوایە، موقتەدا سەدر كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی بۆ راگرتنی شەڕەكە نەدەكرد. بەپێی راپۆرتەكە « كاتێك لێدوانێك لە لایەن پیاوێكی ئایینی عێراقی لەئێران كازم حائیری» دۆخەكەی گەیاندە لێواری جەنگ، تەنیا یەك كەس هەبوو بتوانێت ئەوە بوەستێنێت، ئەو كەسەش پیاوێكی ئایینیی شیعەی تەمەن ٩٢ ساڵ بوو كە جارێكی دیكە سەلماندی بەهێزترین پیاوە لەوڵاتەكەی». رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشكردووە: « ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بەئاشكرا هیچ قسەیەكی لەسەر گرژی و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی عێراق نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی حكومی ئاماژەیان بەوەكردووە هەڵوێستی سیستانی رێگریكرد كەدۆخەكە لەدەست دەربچێت». هاوكات بەرپرسێكی حكومەتی عێراقی دەڵێت: « سیستانی نامەیەكی بۆ موقتەدا سەدر ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر تووندوتیژییەكان نەوەستێندرێن ئەوا خۆی بەیاننامەیەك دەردەكات و داوای راگرتنی پێكدادانەكان دەكات، ئەمەش وایدەكرد سەدر لاواز دەربكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەها دەردەكەوت كە ئەوە موقتەدا سەدرە ئەو خوێنڕێژییەی لە عێراق دەستپێكردووە». هاوكات بەرپرسێكی لایەنەكانی نزیك لە ئێران ڕاگەیاندووە، ئەگەر نووسینگەی سیستانی نەبوایە، «موقتەدا سەدر كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی بۆ راگرتنی شەڕەكە نەدەكرد». هەردوابەدوای پێكدادانەكان، نوێنەری سیستانی سەردانی پرسەی كوژراوەكانی كرد‌و رایگەیاند عەلی سیستانی لەم دۆخە نیگەران و دڵتەنگە، ئیدانەی ئەم ڕەفتارە ناشیرینەدەكات و پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كوژراوەكان دەكات. ئەم هەڵوێستەی سیستانی ئیدی هەموو ئەگەرەكانی لەبارەی قسەنەكردنی سیستانییەوە لەسەر رووداوەكان یەكلاكردەوەو سەلماندی كە سیستانی دژی جەنگ و دووبەرەكییە. دەستوەردانی سیستانی لەدواین ساتدا جارێكی دیكەش ئەوەی سەلماندەوە هەرچەندە سیاسییە شیعەكانی عێراق مەرجەعیەتەكانیان جیاوازبێت، بەڵام دواجار ناتوانن لەقسەی ئەو پیاوە ٩٢ ساڵە دەرچن كە بەبێدەنگی لەكونجێكی كۆڵانەكانی نەجەفدا ژیان بەسەردەبات و وەك ئەو درووشمەی بەرزی كردۆتەوە ئارامی و ئاسایشی عێراق بەگشتی و ناوچە شیعەنشینەكان بەتایبەتی لەلایەن ئەوەوە هێڵی سوورەو نابێت تێكبدرێت. ئەوەی جێگای ئاماژەیە زۆرینەی سەدرییەكان پەیڕەویان لەحائیری نەكردووە كەوازهێنانی خۆی لەمەرجەعیەت هێناو داوایكرد شوێنكەوتوانی پەیڕەوی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران بكەن، هەر ئەمەش موقتەدا سەدری توڕەكرد و وازهێنانی خۆی لەسیاسەت راگەیاند، بەڵكو پەیڕەوییان لە عەلی سیستانی كردووەو هەمیشە بەوە تەماشایان كردووە كەئەم مەرجەعیەتە خوێنی عێراقییانەی تیادایە تاوەكو ئەو مەرجەعانەی دیكە كە داوادەكەن پەیڕەوی لەمەرجەعە ئێرانییەكان بكەن، هەر ئەمەش وادەكات زۆرینەی شیعەكان بەگوێی حائیری نەكەن و بەدوای خامنەیی نەكەون، بەڵكو بەدوای سیستانی بكەون. بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران هەرچەندە دەستوەردانی سیستانی رێگەی لەڕشتنی خوێنی عێراقییەكان گرت لەكاتی ئێستادا، بەڵام ئەمە چارەسەری ئەو گرفتە ناكات كە ئێستا لەئارادایە و ناتوانێت هێمنی ئەو كۆمەڵگایە تاسەر بپارێزێت كە زۆرینەی گرووپەكانی چەكیان بەدەستەو دەوڵەت و هێزی دەوڵەت تیایدا لاوازەو دەسەڵات لەدەرەوەی دەوڵەتەوەیەو بەدەستی ئەو پیاوە ئاینیانەوەیە كەزیاتر مەیلیان بۆ ئێران هەیە. هاوكات بەهۆی هەڵكشانی تەمەن و ئەگەری مردنی تائێستا هیچ جێگرەوەیەك بۆ سیستانی نییەو مەترسی ئەوە دەكرێت كە دوای ئەو كەسایەتییەكی وەها نەبێت زۆرینەی زۆری شیعەكان و تەنانەت مەزهەب و نەتەوەكانی دیكە رێزی بگرن و بەگوێی بكەن، بۆیە هەمیشە ئەگەری پێكدادان و تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەئارادایە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەپەیوەندی نێوان سیستانی و موقتەدا سەدر ئەوەیە كە هەمیشە مەرجەعیەتی نەجەف بەتایبەتیش سیستانی بەلای سەدرەوە جێگای رێزبووە، هەرچەندە سەدر بەپێچەوانەی مەرجەعیەتەوە سیاسەتكردنی هەڵبژاردووە، بەڵام هێشتا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ سیستانی هەیە، بەجۆرێك لەكاتێكدا مەرجەعیەت دەرگای بەڕووی سیاسییەكاندا داخستووە، كەچی سیستانی بەچاوپۆشین لەبۆنەی سەردانەكانی پێشوازی لەموقتەدا سەدر كردووە. ئێستا كە ئیدی چەكەكان خاوبوونەتەوەو فەتواو دەستوەردانی پیاوە ئاینییەكان شیعەكانیان كۆنترۆڵكردووە، هەموو چاوەكان لەسەر قۆناغی داهاتووی عێراقن كەئایا ململانێكان بەكوێ دەگەن و سیاسییەكان ئەوە تێكدەدەن كە مەرجەعەكان بونیاتیان ناوە یاخود بەگوێیان دەكەن و حكومەتی نوێ و دەوڵەتێكی نوێ بونیات دەنێن.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێت فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت به‌باشی ده‌سه‌ڵاته‌کانیان به‌کارنه‌هێناوه، ئاماژه به‌وه‌شده‌کات ٣٥ پرۆژه له‌سلێمانی کاره‌کانیان له‌فه‌رمانگه‌کانی حکومه‌ت کاره‌کانیان خاوببوونه‌وه. له‌وباره‌یه‌وه عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:"ئەو 55 پرۆژەیەی دەستبەكاركردنیان كراوە بە تەواوی ڕانەگیرابوون، 20 پرۆژەیان نوێن و 35 پرۆژەش كارەكانیان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم خاو ببوونەوە، قوباد تاڵەبانی پێی وتین دەبێت بەزووترین كات تەواو بكرێن". بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی:"پرۆژەكان هەلی كار و خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن لەپارێزگای سلێمانی، كە بریتیت لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار و كشتوكاڵی، هەموو فەرمانگەكانیش سەرقاڵی دیراسەكردنن تا رێوشوێنەكان ئاسانتر بكەن". عەزیز سەعید دەڵێت:"فەرمانگەكانی حكومەت بەباشی دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێناوە بۆیە پرۆژەكان بەسستی بەڕێوەدەچون و بەشێكیشیان ڕاگیرابوون، قوباد تاڵەبانی بەڕوونی بەبەڕێوەبەرەكانی وت هەركەسێك كارەكانی خۆی ناكات كەسی دیكە دەهێنینە شوێنیان".
سەركۆ جەمال بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان لەپارێزگای سلێمانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم فشار لەوەبەرهێنەران دەكات بەزوویی كارەكانیان تەواو بكەن، سەرچاوەیەكیش لەشارەوانی سلێمانی دەڵێت لەئێستادا هەر وەبەرهێنێك كاتێك پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك لەپارێزگای سلێمانی جێبەجێ بكات. سەرچاوەیەك لەیەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" بەشێكی زۆری وەبەرهێنەران دەیانەوێت دەستبكەنەوە بە كاركردن لە پرۆژەكانیاندا، لە شارەوانی و فەرمانگەكانیش رۆتیانی زۆر بۆ وەبەرهێنەران دروست دەكرا، و قوباد تاڵەبانیش فشاری كردووە دەست بە پرۆژەكان بكرێتەوە، كە پرۆژەی خانووبەرە و كارگە و گەشتیاری و كشتوكاڵی تێدایە". وتیشی:" لەلایەن خودی وەبەرهێنەرەكانەوە پارە بۆ پرۆژەكان دابین دەكرێت، وەك پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی مایۆركا و شاری ئارام و پرۆژەی گەشتیاری و هۆتێل و نەخۆشخانەی ئەهلی تێدایە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئێستا 55 پرۆژە ئەگەر بكەوێتەوەكار ئەوا نزیكەی 50 هەزار هەلیكار لەسلێمانی دەڕەخسێت". هاوكات، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رۆتین نەهێڵدرێت و دامودەزگاكانی حكومەت لەسلێمانی كاراتر بكرێت". وتیشی:" 370 پرۆژەی وەبەرهێنان لەپارێزگای سلێمانی بۆ جێبەجێكردن پێشكەش كراون، هەوڵدەدەین كارەكانیان خێرا بكرێت و ڕێگرییەكان نەهێڵدرێت". عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:"ئەو 55 پرۆژەیەی دەستبەكاركردنیان كراوە بە تەواوی ڕانەگیرابوون، 20 پرۆژەیان نوێن و 35 پرۆژەش كارەكانیان لەفەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم خاو ببوونەوە، قوباد تاڵەبانی پێی وتین دەبێت بەزووترین كات تەواو بكرێن". بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی وتیشی:"پرۆژەكان هەلی كار و خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن لەپارێزگای سلێمانی، كە بریتیت لە پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزار و كشتوكاڵی، هەموو فەرمانگەكانیش سەرقاڵی دیراسەكردنن تا رێوشوێنەكان ئاسانتر بكەن". عەزیز سەعید دەڵێت:"فەرمانگەكانی حكومەت بەباشی دەسەڵاتەكانیان بەكارنەهێناوە بۆیە پرۆژەكان بەسستی بەڕێوەدەچون و بەشێكیشیان ڕاگیرابوون، قوباد تاڵەبانی بەڕوونی بەبەڕێوەبەرەكانی وت هەركەسێك كارەكانی خۆی ناكات كەسی دیكە دەهێنینە شوێنیان". هاوكات سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە هاوڵاتی وت:"نزیكەی ساڵێكە بەپێی بڕیارێكی نوێی شارەوانی، هەر بەڵێندەر یاخود وەبەرهێنێك كاتێك زەوییەكی بۆ وەبەرهێنان و پرۆژە پێدەدرێت لەبەرامبەردا دەبێت پرۆژەیەك جێبەجێ بكات، بەوەش جموجوڵی ئابوری و بازرگانی لەسلێمانی دەستپێدەكاتەوە". وتیشی:"بۆ نمونە پرۆژەی یەكتربڕی باخی بەختیاری كە لەماوەی ڕابردوودا كە لەلایەن دەروێشەكانی تەكیەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی گرفتی بۆ دروستكرا، ئێستا دەستكراوەتەوە بە پرۆژەكەو لەلایەن بەڵێندەرەكەوە دروست دەكرێت و حكومەتی هەرێم پارەی بۆ دابین نەكردووە".
هاوڵاتی وه‌زیری پاراستنی هاوڵاتیانی یۆنان ئاشکرای ده‌کات بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران، یۆنان بڕیاری داوە 140 کیلۆمەتری دیکە بۆ ئەو دیوارە کۆنکرێتییە زیاد بکات، کە لەسەر رووباری مەریچ لەسەر سنووری تورکیا دروستیکردووە. له‌وباره‌یه‌وه تاکیس تیۆدۆریکاکۆس، وەزیری پاراستنی هاووڵاتییانی یۆنان رۆژی سێشەممە 6ی ئەیلوولی 2022، سەردانی ناوچەی مەریچ-ی لەسەر سنووری نێوان یۆنان - تورکیا کرد و رایگەیاند، بە درێژایی 40 کیلۆمەتر لە رووباری مەریچ دیوار دروستکراوە، ئەو دیوارە 140 کیلۆمەتری دیکەی بۆ زیاد دەکرێت. تیۆدۆریکاکۆس بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بێنێت، گوتی، "پڕۆژەکە دژی ئەوانەیە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەبەرهێنان لە ئازارەکانی خەڵکدا دەکەن و دەیانەوێت کۆچکردن وەک چەکێک لە دژی ئەوروپا بەکاربهێنن." ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه حکومەتی یۆنان هەروەها دەیەوێت سیستمی چاودێری لە ناوچەی سنووری باشتر بکات و 250 پاسەوانی نوێ لەسەر سنوور جێگیربکات.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌ی ئادیامان له باکوری کوردستان ئاشکرایکرد له شاری مێژوویی پێڕا کە یەکێکە لە پێنج شاری گەورەی شانشینی کۆماجینی و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کاره‌کانی کنه‌وپشکنین تیایدا دەستی پێ کردووە، ئێسکەپەیکەری چوار گەنج لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان لە لێدوانێکیدا به ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیای ڕاگه‌یاند، کارەکانی کنەوپشکنین کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری مێژوویی پێڕا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە. مەهمەت ئاڵکان ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارەمین رۆژی قۆناغی دووەمی کارەکانی کنەوپشکنینی ئەمساڵدا گۆڕێکی جۆری سندوقی دۆزرایەوە و گوتی: "گۆڕەکە کە لە شێوەی سندوقێکدابوو بە قەپاغێک داپۆشرابوو، کاتێک قەپاغی سندوقەکەمان لابرد، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤمان دۆزییەوە. پێمان وایە مێژووی ئەم ئێسکەپەیکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر". بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان روونیشی کردەوە کە کارەکانی کنەوپشکنین بە پاڵپشتی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە و دەزگای مێژووی تورکیا بەردەوامە و گوتی: "لێرەدا لەگەڵ تیمیکدا کە پێکهاتوون لە ٣٠ کەس بەردەوامین لە کارەکانمان. لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین". ناوبراو رایگه‌یاند که ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌ران لە سایەی کاره‌کانیانه‌وه زیادی کردووه و گوتی: "ژماره‌ی سه‌ردانیکه‌رانمان ئه‌مساڵ زۆر زیادی کردووە، سه‌ردانیکەرمان هه‌یه که دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینن. له کاتێکدا له ساڵانی رابردوودا، ١٠ هه‌زار سه‌ردانیکەرمان هه‌بووه. دەبینرێت کە ئەمساڵ ژمارەی سەدانیکەرانمان بۆ ٢٣ هەزار زیادی کردووە".
