هاوڵاتی ڕێکخراوێکی سوری ڕایده‌گه‌یه‌نێت به‌ تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەسەدە ٩٠ کەسی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستگیرکرد. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ که‌ باره‌گاکه‌ی له‌ له‌نده‌نه‌ رایگه‌یاند، هێزە تایبەتییەکانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" ٩٠ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و بوونی پەیوەندیان بە تورکیا و گروپە چەکدارەکان کە پەیوەندیان بە هێرشەکانی دوو مانگی رابردووەوە هەبووە لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەستگیرکردووە. بەگوێرەی هەواڵی روانگە تەواوی ئەو کەسانە لە زیندانییەکانی ئەمنی باکووری حەلەب، حەسەکە، رەقا و دێرەزوور دانراون. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس له‌ راپۆرتێكدا باسی له‌وه‌ كرد،‌ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی رایگه‌یاندووه‌، كاری له‌پێشینه‌یان كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانه‌‌ له‌نزیك سنووری توركیا، به‌ڵام ئاماده‌كارییان بۆ شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن كردووه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ نوێیه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان ده‌ستپێبكات و بۆ به‌رگریكردنیش په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر پشتیوانی دیمه‌شق.

هاوڵاتی به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی، لە میانی پرۆسەی کنە و پشکنین لە قەڵای کەف سەربە شارۆچکەی ئادیلجەڤاز لە پارێزگای بەدلیس، چێشتخانە و چەند ژوورێکی خزمەت دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا. پرۆسەی کنە و پشکنین لە قەڵای کەف کە لە سەردەمی دەوڵەتی ئورارتوو لە دامێنی چیای سوبحان دروست کراوە، بەمۆڵەتی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار ئەنجام دەدرێت. دوای ٥٠ ساڵ لە وەستان ساڵی رابردوو بە راوێژی مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی یوزیونجو یڵی وان، دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون پرۆسەی کنە و پشکنین لەم قەڵایەدا دەستی پێ کردەوە و لە میانی ئەم کارانەشدا بۆیەی تایبەت بە سەردەمی دەوڵەتی ئۆرارتوو لەناو پایەکانی قەڵاکەدا دۆزرانەوە و لە بەشی رۆژئاوای قەڵاکەشدا چێشتخانە و چەند ژوورێکی خزمەتکردنیی قەڵاکە دۆزرانەوە. - "چالاکییەکانی ناو قەڵاکە بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە کۆتاییان پێهاتووە" مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی یوزیونجو یڵی وان، دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون  باسی لەوە کرد کە دوای دۆزینەوەی پایەکانی قەڵاکە، دەوری پایەکانیان پاک کردووەتەوە تا دووبارە پایەکان دەربکەونەوە، گوتیشی: "ئەم قەڵایە لەلایەن 'شا رووسای دووەم'ەوە دروست کراوە کە لە ساڵانی ٦٨٥-٦٤٥ی پێش زایین، حوکمڕانی کردووە. ئەم شایە لە دروستکردنی شارەکاندا دەستێکی باڵای هەبووە و ئەو شوێنەوارانەی دوای خۆی بەجێیهێشتوون نەک تەنها لە رووی تەلارسازییەوە بەڵکو لە رووی هونەریشەوە شوێنەواری گرنگن. ئەمەش بەئاشکرا لە قەڵای کەف-دا دەبینین. ئەوەمان ئاشکرا کرد کە چالاکییەکانی ناو قەڵاکە لە ئەنجامی ئاگرێکی زۆر گەورەدا کۆتاییان هاتووە. لە بەشی رۆژئاوای قەڵاکەدا، دەتوانین ئەو شوێنانە ببینین کە تایبەت بوون بە خزمەتکردنی قەڵاکە. هەر لێرە چێشتخانە و چەندین ژووری خزمەتمان دۆزییەوە. قۆناغی دووەمی کارەکانیشمان بریتی دەبێت لە خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوە". دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون باسی لەوەش کرد کە بناغەی ئەو دیوارانەی دۆزیویاننەتەوە لە بەردی چوارگۆشە دروستکراون، ئەم بەردانەش مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا، گوتیشی: "پێمانوایە کە ئێرە چێشتخانە بووە. لە قەڵاکەدا زۆر بەکەمی شوێنەواری کانزایی و چەند پارچە قایشێک دۆزراونەتەوە، بەدەرلەوە ئەو شتانەی دۆزراونەتەوە زیاتر پارچە تەختەی سووتاون. پێمانوایە قەڵاکە زیاتر لە ١٠٠ ژووری تیادا بووە. لە میانی لێکۆڵینەوەکانماندا لە کەناری پایەکاندا ئەو بۆیانەمان دۆزییەوە کە بە "رەنگی شینی ئورارتوو" ناسراون. ئەم قەڵایە دەتوانێت کەرتی گەشتوگوزاری ناوچەکە بەهێزتر بکات و چەند رێبەرێکی گەشتیاریش داوایان کردووە رێگەیان پێبدرێت گەشتیار بێنن بۆ قەڵاکە".

هاوڵاتی بەگوێرەی شیکاریەکی پەیمانگای ئەنجومەنی ئەتلەنتیک، هەنگاو هەڵێنانی تورکیا بۆ ئاشتبوونەوەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بە واتای ئەمە نییە کە ئەنقەرە مەیلی کشانەوەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریا هەیە.  "مەلیک عەبدول" پسپۆڕ لە پرسەکانی سووریا و "لارس هاوچ" شرۆڤەکاری پرسی دەستورەدان بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان؛ لە وتارێکی هاوبەشدا ئامانجی تورکیایان لە هێنانە ئاراوەی بابەتی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی سووریا تاوتوێ کردووە. لەم وتارەدا کە لە پەیمانگای ئەنجوومەنی ئەتڵەسی بڵاو کراوەتەوە، جەختیان کردووەتەوە کە خواستی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق تەنیا بۆ ئەو دۆخە شڵەژاوەی تورکیا لە ناو خاکی سووریا دەگەڕێتەوە کە بەهۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی ئەنقەرە لە سووریا ڕووبەڕووی بۆتەوە. ئەم دوو توێژەرە پێیان وایە تورکیا دەیەوێت سووریا رۆڵی سەرکوت کردنی هێزە کوردیەکان بۆ ئەم وڵاتە بگێڕێت، بەڵام بەهۆی پەیوەندی و تەعامولی نێوان هێزە کوردیەکانی سووریا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، ئەستەمە کە دیمەشق رۆڵی لەو شێوەیەی بگێڕێت. لەم وتارەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا ئەردۆغان پێویستی بە ڕازی کردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە، هەر بۆیە وا خۆی نیشان داوە کە هەوڵ بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ دیمەشق و دوورخستنەوەی کۆچبەرانی سووری لە وڵاتەکەی دەدات کە ئەمەش داواکاریی زۆرینەی کۆمەڵگای تورکیایە. ئەم دوو شرۆڤەکارە جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەرچەندە تورکیا سەرکەوتوو نەبووە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ بۆ سەر کوردەکان، بەڵام ئەگەر لە بەدیهێنانی ئامانجی تورکیا دیپلۆماسی شکست بهێنێت، بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا و هەوڵدان بۆ دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا هێشتا وەک خۆی ماوە و بژاردەیەکی جدییە بۆ تورکیا. مەلیک عەبدول و لارس هاوچ جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە لە هەر حاڵەتێکدا تورکیا بەنیازی ئەوە نییە کە بەم زووانە سووریا بەجێبهێڵێت.

هاوڵاتی  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناشڤیڵ ڤی پی ئێڵ ئێن، سێ شەپۆلی کۆچی کوردەکانی عێراق بۆ شاری ناشڤیڵی ئەمریکا سەربە ویلایەتی تێنسی، ئەم شارە گەورەیەی کردۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونی کوردەکان لەو وڵاتە. شاری ناشڤیڵی ئەمریکا بەهۆی نیشتەجێبوونی نزیکەی 20 هەزار کوردی عێراقەوە نازناوی "کوردستانی بچووک"ی لێنراوە. میدیاكانی ویلایەتی تێنسی لە چەند ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵگای كوردی لەم ناشڤیڵ باسیان لە دامەزراندنی كوردەکان لە زۆربەی پیشەكاندا كردووە، لە پۆلیسەوە تا مامۆستای زانكۆ و چالاكوانی فەرهەنگی. پەروەردەی شاری ناشڤیڵ لەسەر داوای دەستەی ئەمیندارانی چەند قوتابخانەیەکی ئامادەیی و ناوەندی، سێ ساڵ لەمەوبەر ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا. بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەوە ئەم پلانە بە باشی نەڕۆیشتە پێشەوە. گۆڤاری ناشڤیل ڤی پی ئێڵ ئێن لە ڕاپۆرتێکدا لێکۆڵینەوەی کردووە کە چۆن ناشڤیڵ بووەتە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لە ئەمریکا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کوردەکان لە سێ قۆناغدا ناچار بوون لە عێراق هەڵبێن و شوێنێکی گونجاوتر بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی ڕژێمی سەدام و ڕژێمەکانی پێشوو بدۆزنەوە. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکەم قۆناغی کۆچی کوردانی عێراق لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا روویداوە ئەوەش دوای شکستی بزووتنەوەی کورد لەو ساڵانەدا؛ کۆچبەرانی کوردی عێراق، بە هۆکارگەلێک لەوان لێکچوونی کەشوهەوای تێنسی و هەرێمی کوردستانی ناشڤیلیان بۆ ژیان بەسەر بردن هەڵبژارد. شەپۆلی دووەمی کۆچی کوردانی عێراق لە کاتی ڕوودانی کارەساتی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێن لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا. سێیەم و گەورەترین شەپۆلی کۆچی کوردان بۆ ناشڤیڵ لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی گوشارەکانی حکوومەتی سەدام حسێن ڕوویدا. نەوزاد هەورامی، یەکێکە لە کۆچبەرانی شەپۆلی سێیەم بۆ ناشڤیڵ و لەو کەسانەیە کە سەنتەری سەڵاحەدینی لە باشووری ناشڤیل دامەزراندووە. دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە بوونی کورد لە کوردستانی بچووکی ئەمریکا، ئێستا کورد مزگەوت و مۆڵ و ناوەندی رۆشنبیری خۆی لە شارەکەدا هەیە و ناوەندگەلێک دامەزراون بۆ دروست کردنی کەشێکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەمریکییەکان و دیکەی کۆچبەرە بیانییەکان. هەروەها دانیشتووە کوردەکانی شاری ناشڤیڵ دەڵێن هۆکارێکی دیکەی کۆچی کوردەکان بۆ ئەو شارە ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی کوردی لەوێدا دروست بووە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆچبەرە نوێ کوردەکان هەست بە نامۆ بوون نەکەن

هاوڵاتی به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک که‌ ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوه‌ته‌ حكومەتی لوبنان بڕیاریدا عێراقییەكان لە وەرگرتنی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ لوبنان ببه‌خشێت. له‌به‌ڵگه‌نامه‌که‌دا هاتووه‌: بە ئامانجی كاراكردنی هاوكاری لەگەڵ كۆماری عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان داوای وەزارەتی ناوخۆ و شارەوانییەكانی سەبارەت بە لێخۆشبوونی عێراقییەكان لە پێویستی وەرگرتنی ڤیزا بۆ چوونە ناو خاكەكەی پەسەند كرد. ئاماژەی بەوەشكردووە : بڕیارێك دەرچووە بۆ پێدانی ڤیزای هاتنە ژوورەوە و مانەوە بۆ لوبنان بەخۆڕایی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە بۆ گەشتوگوزار دێن بۆ مانگێك بەخۆڕایی و مافی درێژكردنەوەشی هەیە بۆ سێ مانگ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: عێراق لە مادەی پەیوەندیدار بە هەڵگرتنی بڕی دوو هەزار دۆلاری كاش یان چەكێكی بڕوانامەدار لە بانكێكی ناسراو لەلایەن هاتووانەوە سڕاوەتەوە، وەك مەرجێكی پێشوەختە بۆ چوونە ناو خاكی لوبنان، دوای ئاگاداركردنەوە و ڕەزامەندی لەسەر لەلایەن سەرۆكی كۆمار میشال عون.

هاوڵاتی/ عەمار عەزیز ئەو منداڵەی لە نەخۆشخانەیەكی مووسڵ رفێندرابوو، لە لایەن ئاسایشی دهۆكەوە لە پارێزگای دهۆك دۆزرایەوە و ڕزگار كراو رفێنەرەكه‌شی دەستگیر كرا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا پۆلیسی دهۆک دەستگیرکردنی ئەو کەسەی ڕاگەیاند ، لەمبارەیەوە هێمن سلێمان ، وتەبێژی پولیسی دهۆک ووتی"لە 5ئەم مانگە ژنێکی45ساڵ لەیەکێک لەنەخوشخانەکانی مۆسڵ منداڵێکی کچی تەمەن 10رۆژە دەڕفێنێت دواتر دێتە شاری دهۆک ،دوای روداوەکە پولیس و تەواوی دەزگا ئەمنیەکان دەست به لێکۆڵینەوە دەکەن، شەوی رابوردوو ئاسایشی دهۆک ژنەکە لەگەڵ منداڵەکە دەستگیر دەکەن". هێمن سلێمان وتیشی"منداڵەکە ڕادەستی کەسۆکاری دەکرێتەوە، تاوانبارەکەش رادەستی هێزە ئەمنیەکانی مۆسڵ دەکرێت تاوەکۆ لەرێگای دادگای مۆسڵ سزای یاسایی خۆی وەربگریت".    

هاوڵاتی یەپەسە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاکییەکانی مانگی ئابی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە لەو مانگەدا چەندین كەس و دامەزراوە و ئۆتۆمبێلی سەر بە دەوڵەتی توركیان كردووەتە ئامانج . یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەسە/یەپەسە ژن لە  ڕاگەیاندراوەکەدا  لەسەر ئاماری چالاكییەكانی مانگی ئاب لە چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان لە ئامەد، مێردین و وان  ڕایگەیاندوە چەندین كەس و دامەزراوە و ئۆتۆمبێلی سەر بە دەوڵەتی توركیان كردووەتە ئامانج، هەروەها لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٧ی مانگی ئابی ٢٠٢٢ سزای سیخۆڕێك و ئەفسەرێكیشیان داوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە ٥٠یەمین ساڵیادی تێكۆشانی ڕێبەرایەتیماندا، داوا لە گەلەكەمان و گەنجان و ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕی توركیا دەكەین، كە بە شێوەیەكی چالاكانە پشتیوانیی لە هەنگاوی سەركەوتنی یەپەسە بكەن. ئاماری چالاكییەكانی یەپەسە/یەپەسە ژن لە مانگی ئاب بەم شێوەیەن: تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەكەی شەهید گوندوز ئاكمەشە لە ٤ی ئابدا دوو جار لە زیندانی جۆری دیی ئامەد لە ئۆتۆمبێلی پاسەوانێكیان دا. ڕۆژی ٦ی ئاب تیمی تۆڵەی شەهید جودی فەراشین لە یەپەسە – ژن، بە نارنجۆكێكی دەستی لە دژی ئۆتۆمبێلێكی زرێپۆشی پۆلیس لە وان چالاكییەكیان ئەنجامدا. ڕۆژی ٩ی ئاب تیمی تۆڵەی شەهید تێكۆشین فارقین لە یەپەسە، لە دژی ماڵی بازرگانان و قاچاخچیانی ماددە هۆشبەرەكان لە ئامەد چالاكییەكیان ئەنجامدا. تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید چەكوار چوبوك لە ١٢ی ئابدا لە ناوچەی بسمیلی ئامەد لە دژی بی ئای ئێم (BÎM) بە فیشەكی هەوایی چالاكییەكیان ئەنجامدا. ڕۆژی ١٣ی ئاب تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید ڕۆناهی نسێبین لە یەپەسە – ژن، لە ناوچەی دێریكی مێردین ئۆتۆمبێلی جەردەوانێك و ئەندامی ئاكەپە بە ناوی ناشیت تەمەلی سوتاند. تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەی یەپەسە- ژن بە بۆنەی ١٥ی تەباخ ڕۆژی بەرخۆدانی كوردستان، بە فیشەكی ئاسمانی، نووسین و سوتاندنی ئاڵاكان، چالاكیان ئەنجام دا. ڕۆژی ٢١ی ئاب تیمی تۆڵەی شەهید سەرخۆبوون لە ئاگری چالاكییەكی مین دانیان لە دژی ئۆتۆمبێلێكی ئێشكگری دوژمن ئەنجامدا. تیمی تۆڵەی شەهید ڤەژین زانا لە یەپەسە- ژن، ئیدریس دیری، كە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە گوندی كەلێی سەر بە گەڤەر دەستی لە شەهیدكردنی وڵات و نیدال دا هەبوو و سیخوڕیی بۆ دەوڵەتی فاشیست دەكرد، لە ٢١ی ئابدا لە چالاكییەكدا سزا درا. تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەی شەهید دڵگەش ئازاد لە ٢٦ی ئابدا لە شاری وان لە وێستگەی ترانسڤێرتەری كارەبای ڤەداش-یان دا و لەكاریان خست. ڕۆژی ٢٧ی ئاب لەلایەن تیمەكانی تۆڵەسەندنەوەكەی شەهید عەلی تۆڵهەڵدان لە دیلۆك، ئەفسەرێكی شارەزا بە ناوی توركای كولكو سزادرا. شەوی ٣٠ و ٣١ی ئاب كاتژمێر ٢٤:٠٠ لە ناوچەی بەن و سەن-ی ئامەد تیمەكانی تۆڵەكردنەوەی شەهید ماهیر ئاندۆك، چالاكییەكیان دژی ڕێبەر ئیسۆیلو و ئەوانەی دەوروبەریان ئەنجامدا، كە كاری فرۆشتنی مادەی هۆشبەریان دەكرد و سیخوڕییان بۆ دوژمن دەكرد”.

هاوڵاتی ترەمپ: ئەمەریکا هیچکات ناتوانێت تورکیا و هەسەدە رازیبکات سازش بۆ یەکدی بکەن، بۆیە پێویستە هەندێکجار رێگەبدەیت کەمێک شەڕی یەکدی بکەن. جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای پێشووی دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەرتووکیدا بەناوی ''شکاندنی مێژوو، بیروەرییەکی کۆشکی سپی'' کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە باس لە بیروبۆچونی ترەمپ لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەسەدە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکات ونوسیوییەتی : ''مەحاڵە لە کۆشکی سپیدا لە یەککاتدا مامەڵە لەگەڵ کێشەیەکدا بکرێت. لەکاتێکدا تیمەکانی ئێمە خەریکبوون بەیەکەوە کۆدەبوونەوە تاوەکو کار لەسەر گەورەترین ئاستەنگیی نێوخۆیی بەردەم سەرۆکایەتیی ترەمپدا بکەن. پێکدادانێک لە دەرەوەی ئەمریکا روویدا"، لێرەدا کۆشنەر مەبەستی لە هێرشی تورکیایە بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. هەروەها باس لەوەش دەکات کە لەسەر فەرمانی ترەمپ ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچە سنورییانە کەمکراونەتەوە، بەڵام ترەمپ لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزەکانی لەو ناوچانە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیای ئاگادار کردۆتەوە  کە ''بەتەواوەتی ئابووریی تورکیا تێکدەشکێنێت و دەیسڕێتەوە'' ئەگەر هێرش بکەن و سنوور ببەزێنن بە هۆی ئەوەی کە شەڕڤانە کوردەکان هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکابوون لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ئەردۆغان هەڕەشەکانی ترەمپی فەرامۆشکردووە. ئەو ڕاوێژکارە ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە دوای ئەوەی تورکیا هێرشەکانی دەستپێکردووە "ترەمپ داوای لە پێنس جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا کرد لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان لەبارەی ئاگربەست گفتوگۆبکات." دەشڵێت، "من چەند جارێک ئەردۆغانم بینیبوو، بەر لەوەی مایک پێنسیش بچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆببێتەوە، لە کۆشکی سپی هاتە ئۆفیسەکەی من و داوای لێکردم راوێژی پێبدەم لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆ‌غان". پێیمگوت ''تۆ پێویستت بە راوێژی من نییە، بەڵام ئەوەت پێدەڵێم، بەپێی ئەزموونی خۆم، کاتێک لەگەڵی دانیشتی ،ئەردۆغان هەموو گلەیی و گازندەکانی باس دەکات، ئەمە تاوەکو ماوەیەک بەردەوامدەبێت. تێگەیشتنی منیش ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییەکەی لەگەڵ ترەمپ دەنرخێنێت، بۆیەش سەرکەوتنی تۆ بەندە بەوەی تاوەکو چ ئاستێک دەتوانیت ئەوە بگەیێنیت کە ترەمپ تەواو جیدییە لەسەر ئەم ئاگربەستە. ئەردۆغان کەسێکی کەللـەرەقە و دڵنیانیم کە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکەیت، بەڵام من لێرەوە هیوای باشترینت بۆ دەخوازم.'' جارید کوشنەردەشڵێت کاتێک پێنس لە تورکیا بووە، ترەمپ سەفەری کردووە بۆ داڵاس،و هێشتا لەنێو فڕۆکەدابووە کە پێنس تەلەفۆنی بۆ کردوەو و گوتوێتی ''گەیشتنیە رێککەوتن'' جێگری سەرۆک گوتی ''رژدبووم لەوەی کە بە ئەردۆغان بڵێم، تۆ [دۆناڵد ترەمپ]ت خۆشدەوێت؟ هەروەها تۆ هاوڕێی ئەوبوویت بەر لە ئێستا، ئێستاش هاوڕێن و هەمیشەش وەک هاوڕێ دەمێننەوە، بەڵام پێویستە ئەو شەڕە دەستبەجێ بووەستێنێت کە دەستیپێکردووە، ئەگەر نا سزای تووندی ئابووری دەدەن، ئەردۆغان بەربەستی زۆر هێنایەوە، بەڵام لەدوای زیاتر لە کاژێرێک کۆبوونەوە و گەیاندنی پەیامەکە بە حەوت جۆری جیاواز، [ئەردۆغان] گوتی، شەڕەکە دەوەستێنێت و چووینە ژوورێکی دیکە و رێککەوتنەکەمان کرد''. زاواکەی ترەمپ لە درێژەی نووسینەکانیدا  باسی لەوەش کردووە کە ترەمپ بە پێنسی گوتووە، "ئەمە شتێکی مەزنە" و گوتیشی، ''ئەم ناوچەیە بەرمیلە بارووتێکە، منیش رقم لەوەیە کە ئەو هەموو سەربازەمان لەوێبن، ئێمە لەوێبووین چونکە هەردوولایان داوای ئەو خاکە دەکەن، هیچ کاتێکش ناتوانین بیانگەیێنین بە سازشکردن، بۆیە پێویستە هەندێکجار رێگەبدەیت کەمێک شەڕی یەکدی بکەن. کاتێکیش گەیشتنە ئەو خاڵەی کە هیچ لایەنێکیان دەستی باڵایان نییە. ئەو کاتە ئاسانترە کە بگەیت بە رێککەوتنێک، ئەگەر ئەمەم نەکردبا، ئەمریکا لە 100 ساڵی دیکەش لەوێ چەقبەستوو دەبوو یان خراپتر. لە کۆتاییدا رووبەڕووی شەڕێک دەبووەوە لەسەر پارچەیەک خۆڵ کە هیچ کەسێک لە ئەمریکا هەرگیز گوێشی لێنەبووە'' کوشنەر هەروەها گوتوشیەتی، ''ترەمپ دەیزانی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکاندا بکات بۆ رێگریکردن لە دۆخێکی مەترسیدار".

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی رایگه‌یاند: گومانمان له‌ كوالێتی ده‌رمان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و پزیشكیش هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رمانخانه‌كاندا رێككه‌وتووه‌ تا ده‌رمانه‌كانیان ساغ بكه‌نه‌وه‌. د. سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئاشكرای كرد، به‌شێك له‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێم به‌ قاچاخ ده‌هێنرێن و به‌شێكی زۆری به‌ڕێككه‌وتنی پزیشك و ده‌رمانخانه‌كان به‌سه‌ر نه‌خۆشدا ساغ ده‌كرێنه‌وه‌. د. سه‌باح هه‌ورامی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، خۆشیان گومانیان له‌ سه‌رچاوه‌كانی ده‌رمان هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێم به‌شێكیان به‌ رێگه‌ی قاچاخ دێن، به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌رمانه‌ش به‌ رێككه‌وتنی پزیشك و ده‌رمانخانه‌كان به‌سه‌ر نه‌خۆشدا ساغ ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كارێكی نامرۆڤانه‌ و نائه‌خلاقییه‌. رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ده‌رمانی ساخته‌ش بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو ده‌رمانێكی قاچاخ ساخته‌ بێت، هه‌ندێك ده‌رمان هه‌ن باشن به‌ڵام به‌ رێگه‌ی قاچاخ هێنراون، ده‌كرێت حكومه‌ت ده‌زگای كواڵێتی كۆنترۆڵ له‌ سلێمانیش بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاری كۆمپانیاكان به‌ زوویی رایی بكرێن بۆ هێنانی ده‌رمان به‌شێوه‌ی یاسایی. هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی كه‌می ده‌رمانه‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی، حكومه‌ت بڕیاریداوه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ده‌ر له‌ داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ ده‌رمان ته‌رخان بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.  

هاوڵاتی ئوردن یەکەم حاڵەتی توشبوونی بە ئاوڵەی مەیموون ڕاگەیاند. وەزارەتی تەندروستی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە وڵاتەکە تۆمارکراوە، کە ئەویش هاوڵاتییەکی ٣٠ ساڵە ،دوای ئەوەی  گەشتی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا کردووەو  لە ٢٠ی مانگی رابردوو گەڕاوەتەوە بۆ ئوردن و لە ئێستادا دوای پشکنینەکان دەرکەوتووە کە تووشبووی ئاوڵەی مەیمونە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی ئوردن داوای لە وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و دراوسێکانی بە تایبەتی کردووە، رێکاری پێویست بگرنەبەر و پشکنینی ورد بۆ ھەموو کەسانە بکەن کە سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بۆئەوەی بەزوویی رووبەڕووی نەخۆشییەکە ببنەوە و بتوانن کۆنترۆڵی بکەن. جێگەی باسە بە پێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان تائێستا لە سەرتاسەری جیھان ١٩ ھەزار توشبووی ئاوڵەی مەیمون لە ٧٦ وڵات تۆمار کراون.

هاوڵاتی سه‌ربازێكی كوردی خه‌ڵكی سه‌ڵماس به‌ ناوی موحه‌ڕڕه‌م ئه‌شره‌فی ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ (ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٧ی خه‌رمانانی ٢٧٢٢) ٨ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٢ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی گه‌یشتوو به‌ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، موحه‌ڕڕه‌م ئه‌شره‌فی سه‌ربازی هێزی ئینتزامی بووه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ بنكه‌ نیزامییه‌مانی شارۆچكه‌ی چایپاره‌ی ئورمیه‌ سه‌رقاڵی تێپه‌ڕاندنی خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازی بووه‌ و له‌ كاتێكدا كوژراوه‌ كه‌ ته‌نیا ٤٠ ڕۆژی مابوو خزمه‌ته‌ زۆره‌ملێی سه‌ربازی خۆی ته‌واو بكات. سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌شره‌فی له‌و باره‌وه‌ به‌ هه‌نگاوی وت: «فه‌رمانده‌ی موحه‌ڕڕه‌م له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌ هۆی كێشه‌ی ئیتنیكی و مه‌زهه‌بییه‌وه‌ چه‌ند جار له‌گه‌ڵ موحه‌ڕڕه‌م شه‌ڕی كردووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیشی لێكردووه‌». ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ له‌ درێژه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌كان به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌شره‌فییان وتووه‌ كه‌ كوشتنی كوڕه‌كه‌یان به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌بووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یان لێیان كردووه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ نابێت میدیایی بێته‌وه‌. موحه‌ڕڕه‌م ئه‌شره‌فی خه‌ڵكی گوندی حه‌فته‌وان سه‌ر به‌ شاری سه‌ڵماسه‌ و ڕۆژی هه‌ینی ڕێوڕه‌سمی ئه‌سپه‌رده‌كردنی ته‌رمه‌كه‌ی له‌و گونده‌ به‌ڕێوه‌ چووه‌.

هاوڵاتی ڕاوێژکاری پێشوی دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین پەرتووکیدا باس لە سەردانێکی دەکات بۆ عێراق کاتێک لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق کۆبوونەتەوەو دەڵێت ، کە عەبادی ئامادە بوو بڕێک پارە بدات بە ئەمەریکا بۆ ئەوەی بییان پارێزن. جارید کوشنەر، راوێژکاری باڵای پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە هاوکات هاوژینی ئیڤانکا ترەمپ و زاوای دۆناڵد ترەمپە، لە نوێترین پەرتووکیدا بەناوی ''شکاندنی مێژوو، بیروەرییەکی کۆشکی سپی'' کە لە کۆتاییەکانی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە،  نووسیویەتی ''دەمانتوانی لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازیی بۆ عێراق، %20ی داهاتی نەوتی عێراق وەربگرین''، بەڵام وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا بەوە ڕازی نەبوون . زاواکەی ترەمپ لە پەرتوکەکەیدا باس لە سەردانەکەی دەکات بۆ عێراق دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە هیچ پلانێکم نەبوو لە چەند مانگی سەرەتای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا سەردانی عێراق بکەم، بەڵام چەند هەفتەیەک پێشتر لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردە سەربازییەکانی، ژەنەڕاڵ دەنفۆڕد رایکێشامە لایەک و داوای لێکردم بەشداری بکەم لە گەشتەکەیدا بۆ عێراق و پێی گوتم، ئەم گەشتە وێنەیەکی راستەقینەم لە نزیکەوە لەبارەی تواناو پێکهاتەی هێزەکانمان پێدەدات و دەتوانم ئەم زانیارییانە بۆ سەرۆک بهێنمەوە". هەروەها باس لەوەش دەکات لە کاتی سەردان کردنیان بۆ موسڵ بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق داوای لێکردووە دوو بە دوو کۆببنەوە  " سەرۆکوەزیران قسەئاشکراکەی ترەمپی بە جددی وەرگرتبوو کە دەیویست وڵاتان پارەیەکی زیاتر بدەن بۆ خەرجییە سەربازییەکانیان.'' جارید کوشنەر، راوێژکاری  پێشووی دۆناڵد ترەمپ، باس لەوەش دەکات کە عەبادی وتوێتی "ئامادەم بڕێک پارە لەبەرامبەر پارێزگاریکردنمان لە لایەن ئەمریکاوە بدەم"، بەڵام سەرەتا بەهیوای هەرزانترین نرخ بووە. باسی لەوەش کردوە "ئێمە دەمانتووانی %20ی داهاتی نەوتی عێراق لەبەرامبەر پشتیوانیی سەربازی بەدەستبهێنین، بەڵام دواتر رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوە و جیم ماتیس، وەزیری بەرگری پێیان وابوو ترەمپ بەم پێشنیازکردنی ئەم پڕۆپۆزەڵە تووڕە دەبێت و باسەکەیان بۆ کاتێکی نادیار دواخست".

هاوڵاتی ژماره‌یه‌ك پارێزه‌ری به‌لجیكیی سه‌ردانی شه‌نگال و مه‌خموریان كردو به‌دواداچوونیان بۆ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كردووه‌، له‌ یاداشتێكیشدا داوا ده‌كه‌ن به‌كارهێنانی درۆنی توركیی قه‌ده‌غه‌ بكرێت. هه‌ریه‌كه‌ له‌ سه‌لما بنخه‌لیفا، جۆك كالێوارت و جۆرج هێنری بیوتیه‌ر، سێ پارێزه‌ری به‌لجیكین، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی شه‌نگال و مه‌خموریان كردووه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ لێكۆلینه‌وه‌یان له‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان كردووه‌. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ وه‌كاله‌تی قوربانییانی هێرشه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و دوای گه‌ڕانه‌وه‌شیان بۆ ئه‌وروپا، یاداشتێكیان له‌باره‌ی كاریگه‌ریی هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی توركیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ ده‌ڵێن:”چووین بۆ گوێگرتن له‌ قوربانییه‌كان و بنه‌ماڵه‌كانیان، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ماندا سه‌رمان سوڕما له‌ هێرشێكی نوێی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ ٢٩ی ئابدا بۆ سه‌ر كامپی مه‌خمور”. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن:”له‌گوندی خانه‌سوور له‌ شه‌نگال، كه‌ نزیكه‌ له‌سنووری سووریاوه‌، له‌ناكاو ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیی بووینه‌وه‌؛ فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان به‌سه‌رماندا ده‌فڕی، هه‌موو دانیشتووان له‌و بكوژانه‌ی ئاسمان ده‌ترسان، فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی تورك هه‌موو ڕۆژێك به‌سه‌ر گونده‌كه‌یاندا دێن و ده‌ڕۆن”. باسیان له‌ مێژووی داگیركاریی عوسمانییه‌كان بۆ سه‌ر ئێزدییه‌كان كردووه‌ و هاتووه‌:”بۆ ماوه‌ی ٢٧٥ ساڵ (١٦٤٠-١٩١٥) ئێزدییه‌كان له‌لایه‌ن ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانییه‌وه‌ قڕكراون، ئیمپراتۆرییه‌ت هه‌رگیز كۆتایی به‌ سیاسه‌تی له‌ناوبردنی ئێزدییه‌كان نه‌هێناوه‌، داعشیش جارێكی دیكه‌ كۆمه‌ڵكوژی كردن، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ له‌دژی داعش شه‌ڕیان كرد و شكستیان پێهێنان، ئێستا ڕووبه‌ڕووی هێرشێكی نوێ بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌ست به‌ نه‌بوونی ئاسایش و سه‌قامگیریی ده‌كه‌ن”. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ سه‌ردانی كامپی مه‌خموریشیان كردووه‌، كه‌ به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی هێرشی ئاسمانیی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌بێته‌وه‌، ده‌ڵێن:”حكومه‌تی توركیی به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان شه‌ڕڤانانی په‌كه‌كه‌ ده‌كاته‌ ئامانج، به‌ڵام قوربانییه‌كان خه‌ڵكی مه‌ده‌نین، له‌كاتێكدا كامپی مه‌خمور ٢٥٠ كیلۆمه‌تر له‌ توركیاوه‌ دووره‌ و مه‌ترسیی نییه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌”. ئه‌و پارێزه‌رانه‌ داوای قه‌ده‌غه‌كردنی درۆنی توركیی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن:”ئێمه‌ به‌م كوشتنه‌ نایاسایی و ناڕه‌وایانه‌ تووشی شۆك و تووڕه‌یی بووین، ده‌بێت به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان قه‌ده‌غه‌ بكرێت و پێویسته‌ ڕێكاری یاسایی له‌ چوارچێوه‌ی یاساكاندا بگیرێته‌به‌ر”.  

هاوڵاتی / سكای نیوز ئه‌ڵمانیا به‌ره‌سمی پشتیوانی خۆی بۆ ئۆكرانیا ده‌ربڕی و به‌ڵێنی هاوكاری سه‌ربازی و خۆراك ده‌دات.  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ كیڤی پایته‌ختی ئۆكرانیان و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئۆكرانیا كۆبوه‌وه‌.  له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نالیا بیربوك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ ره‌سمی پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت و گه‌لی ئۆكرانیا ده‌ربڕی و به‌ڵێنی هاوكاری سه‌ربازی به‌سوپاو خۆراكی بۆ گه‌لی ئۆكرانیا دا.

هاوڵاتی ڕەوتی سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نادەستووری و نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. لە کاتێکدا هەوڵدەدرێت  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنەکانی دەست پێبکاتەوە، رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتکردۆتەوە ، بەڵام نایاسایی بوونی ئەنجومەنەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. جەختیشی لەوە کردۆتەوە لە ئێستا بەدواوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەر بڕیارێکی تر دەربکات جگە لە ھەڵوەشاندنەوەی خۆی نادەستووریی و نایاساییە.