هاوڵاتی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێل بە سیستمی نوێی یەکگرتوو لەگەڵ حکومەتی ناوەند چاپ کرا و درا بە هاووڵاتییان. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تابلۆى تۆمارى ئۆتۆمبێل به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ ته‌رخان ده‌كرێت: یه‌كه‌م: ئه‌و تابلۆیانه‌ى كه‌ ئێستا ته‌رخانكراون له‌ ژماره‌ (1 تاوەکو 99999) پیتى (A) بۆ ژماره‌كه‌ زیاد ده‌كرێت و هه‌مان ژماره‌ى خۆى بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌. دووه‌م: ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى كه‌ ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (100000، 200000، 300000، 400000، 500000، 600000، 700000، 800000 و 900000) دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌لاى چه‌پ لادەبرێت و پیتێكى (M)ی بۆ زیاد ده‌كرێت. سێیه‌م: ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (100001) تاوەکو دوایین ژماره‌ دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌لاى چه‌پ لاده‌برێت و پیتێكى بۆ زیاد ده‌كرێت؛ به‌پێى ئه‌م پیتانه‌ى خواره‌وه‌ به‌پێى ژماره‌ى دووه‌م كه‌ لابراون: (0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L). چواره‌م: ژماره‌ى سێیه‌م له‌لای چه‌پ لاده‌برێت ئه‌گه‌ر لابردنى ژماره‌ى دووه‌مى لای چه‌پ ببێته‌ هۆكار بۆئه‌وه‌ى كه‌ گشت ژماره‌كانى تابلۆ وه‌كو یه‌كیان لێبێت (ژماره‌ى نایابى وه‌ك یه‌ك) و پیتێكى (M)ی بۆ زیاد ده‌كرێت.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل، رایگەیاندووە كە حەوتجار سەنگەرەكانی گەریلا لەلایەن سوپای توركیاوە بە چەكی كیمیایی بۆردومان كراوە. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئاماری شەڕی هەفتەی ڕابردووی دژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوكردەوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:  دەوڵەتی توركی داگیركەر هەموو ڕۆژێك بە فڕۆكەی جەنگیی و پێشكەوتووتریین تەكنەلۆژیا جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات، بەڵام ناتوانێت ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت، جارێكی دیكەش بۆ داگیركردنی خاكی باشووری كوردستان لە شەوی ١٧ی نیسانەوە هێرشێكی بەفراوانی داگیركاریی لە زاپ و ئاڤاشین دەستپێكرد، ئەمە هێرشێكی ئاسایی نییە، بەڵكو شەڕێكی گەورەیە لە ئاستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا. لە ١٧ تا ٢٤ی نیسان گەریلاكانی كوردستان ١٥٢ چالاكیی جیاجیایان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، كە ٥٨ چالاكییان شەڕ و گورزلێدان، ٢٩ چالاكیی بە چەكی قورس، ٢٩ چالاكیی تەقاندنەوە، ٢٣ چالاكیی قەناس بەدەست، سێ چالاكیی هەڵكووتانەسەر، حەوت چالاكیی ڕێكخراو و سێ چالاكیی كە بەنهێنیی چوونەتە ناو داگیركەران و گورزیان لێداون. ئەوەندەی هێزەكانمان پشتڕاستیان كردووەتەوە، ٣٨٧ جار هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان كراون، هەروەها ٢٤٣ جار بە هێلیكۆپتەری جەنگیی و هاوەن تۆپباران و بۆردوومان ئەنجامدراوە. حەوت جار سەنگەرەكانی هێزەكانمان بە چەكی كیمیایی بۆردوومان كراوە. هەروەها ٢١٨ داگیركەر سزادراون و ٤٨ داگیركەریش برینداربوون، هاوكات چوار درۆن خراوەتە خوارەوە و گورز لە ١١ هێلیكۆپتەر و درۆنێكیش دراوە، سەنگەرێك خاپووركراوە و سیستمێكی كامێرای حەراریی تێكشكێندراوە. هێرشە داگیركارییەكان سەرەتا لە ١٤ی نیسانەوە بە بۆردوومانی چڕ دەستیپێكرد، شەوی ١٧ی نیسان سەرباری بۆردوومانی فڕۆكەی جەنگیی، هەوڵیدا بە هێلیكۆپتەر هێز لە ناوچەكانی گەریلا دابنێت، هێزەكانمان لە هەموو شوێنەكان بەبێ سانسۆر وەڵامی پێویستیان دانەوە، ڕێگەیان نەدا داگیركەران داببەزن، شەویش بەهەمان شێوە هەوڵیاندا دابەزن، هێزەكانمان بەردەوامبوون لە بەرپەرچدانەوەیان و گورزیان لە ١١ هێلیكۆپتەر دا. سوپای توركی داگیركەر كە نەیتوانی سەربازەكانی لە ئاسمانەوە داببەزێنیت، ئەمجارە هەوڵدەدات لە زەمینەوە بێت، بەڵام گەریلاكان بە بەرپەرچدانەوەیان ڕێگەیان نەدا سوپای تورك بە ئامانجەكانی بگات. سوپای توركی داگیركەر لە چوارەم ڕۆژی هێرشەكانییەوە چەكی كیمایی بەكاردەهێنێت لە ناوچەكانی كوڕەژارۆ، وەرخەلێ، شەهید شاهین، كونیشكا و گردی ناوەڕاست. دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستانەوە و لە هێڵی بامەڕنێ، ئامێدی و دێرەلوكەوە هێرشی كردە سەر زاپ، پەدەكە بەئاشكرا ڕێگەی دا لە پشتەوە خەنجەر لە سەنگەرەكانی گەریلا بدرێت، هێزەكانی پەدەكە لە پشتی كوڕەژارۆ جێگیربوون و هەوڵیاندا ناوچەكانی گەریلا داگیربكەن، ماوەی هەفتەیەكە هێزەكانی پەدەكە هەتا ئێستاش دەستیان لەو هەڵوێستە هەڵنەگرتووە.

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە  ئاماری هەفتەی ڕابردووی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركی لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ڕاگەیاند كە زیاتر لە 218 سەربایان كوشتووەو بەو هۆیەوە وەزیری بەرگری توركیا كۆتایی هاتنی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەی راگەیاند. ئەمڕۆ دووشەممە 25ی نیسان، دوای زیاتر لە هەفتەیەك لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا لەژێر ناوی جنگی قوفڵ، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند كە كۆتایان بە قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەیان هێناوە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی (هەپەگە) ئەوەی ئاشكرا كردووەو لەماوەی هەفتەیەكی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیادا 152 چالاكییان دژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك ئەنجامداوە و 218 سەربازی توركیش كوژراون. كاتژمێر 9ی شەوی 17ی نیسانی 2022، سوپای توركیا بەچەندین كۆپتەرو سەربازەوەلەژێر ناوی "جنگی قوفڵ"، هێرشی بۆسەر پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) دەستپێكرد.  

هاوڵاتی راوێژكاری دارایی سەرۆكی حكومەتی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و وەزیری دارایی عێراقیش دەڵێت دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە. محەمەد مەزهەر، راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كە دەبێت عێراق لە ماوەی ساڵەكانی 2022-2028 بیانداتەوە. بانكی ناوەندیی عێراق لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 64 ملیار دۆلار. پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەغدا رایگەیاندووە كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستی بە هاوكاری نییە. عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانە بەڕێژەی 90٪ پشت بە داهاتی نەوتی خاو دەبەستێت.

  هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند:" وڵاتەکەم پێشنیازی دانوستاندنی لەگەڵ روسیا لە نزیک ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ کردووە کە دوا پێگەی سوپای ئۆکرانیایە لە شاری ماریوپۆڵ".  رۆژی دووشەممە، 25ـی نیسانی 2022 ئۆلێکسی ئارێستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا رووسیا وەڵامی پێشنیازەکەیانی نەداوەتەوە کە پێشنیاریان کردووە بۆ ئەوەی رێڕەوی مرۆیی لە ماریوپۆڵ بکرێتەوە و ئەو سەربازە رووسییانەی کە وەکو خۆی دەڵێت، بە دیل گیراون لەگەڵ ئەو سەربازە ئۆکرانییانە ئاڵوگۆڕیان پێبکەن کە لە ناوچەی پیشەسازیی ئازۆڤستاڵ گەمارۆدراون.  راوێژکارەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا چاوەڕێی وەڵامێکین لە لایەنی رووسیاوە.  لە دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، چەندین جار وەفدی ئەو دوو وڵاتە کۆبوونەتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان نەبوونە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکان و راگرتنی ئەو جەنگەی پوتن بەرپای كردووە.

هاوڵاتی ئەمشەو دوبارە  ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەلایەن فەرەنسییەكانەوە هەلبژێردرایەوە و وەك دۆستی هەمیشەیی كورد لەلایەن سەركردە كوردەكانەوە پەیامی پیرزبایی و پشگیری ئاراستە كرا. ئیمانوێل ماکرۆن دۆستایەتییەکی بەهێز و تۆکمەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە، تاوەکو ئێستا پێنج جار کۆبوونەتەوە کە دوایینیان لە مانگی ئابی 2021 لە هەولێر بوو. لەو بارەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە هاوڕێم ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی فەرەنسا." هاوكات مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تویته‌ری خۆی نووسیویه‌تی: "گه‌رمترین پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی دووباری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ت لێده‌كه‌م"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "چاوم له‌وه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا بده‌ین". لەهەمانكاتدا لە تویتێکدا، درەنگانی رۆژی یەکشەممە، مەسعود بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەوەی ئیمانوێل ماکرۆن نووسیویەتی "پیرۆزبایی لە ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی فەرەنسا. هیوای باشترین بۆ گەلی فەرەنسا دەخوازم. هیواخوازم کە دۆستایەتیی پتەوی گەلی کوردستان و فەرەنسا هەر بە بەهێزی بمێنێتەوە." بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن لەنێوان 57٪ بۆ 58.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا لوپێن لەنێوان 41.5٪ بۆ 43٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. ئیمانوێل ماکرۆن دۆستایەتییەکی بەهێز و تۆکمەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە، تاوەکو ئێستا پێنج جار کۆبوونەتەوە کە دوایینیان لە مانگی ئابی 2021 لە هەولێر بوو. فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە رۆژئاواییانەی کە هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە.چەندین جار بەرپرسانی هەرێم دیداریان لەگەڵ ماكرۆن هەبوە و پشگیری خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دوپاتكردۆتەوە.  ساڵی 1991 لەسەر پێشنیازی فەرەنسا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری 688ـی دەرکرد، ناوچەی دژەفڕینی لە باشووری کوردستان راگەیاند.   

هاوڵاتی ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند:" لە باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆنی 'ئابڵوقە-5' لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد". وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ئابڵوقە-5 بە بەشداریی پێکردنی 581 سەرباز بەڕێوەچوو. هێزەکە بەسەر 37 تیم دابەشکران.  تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی زیانی گیانی و ماددی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی نێو باکووری کوردستان بڵاونەکردووەتەوە.  لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا پێنج جۆر زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورەبرووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە باکووری کوردستان دەستپێكردووە و تائێستاش بەردەوامی هەیە.  

هاوڵاتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" تەنها یەک کۆنووس بوونی هەیە لەنێوان عێراق و تورکیادا کە لە ساڵی ١٩٨٤دا لەلایەن تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمی عێراقەوە واژوو کراوە". بەگوێرەی کۆنووسەکە، رێگە دراوە تورکیا پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بەڵام بە مەرجێک کە ٧٢ کاتژمێر پێشتر عێراق ئاگادار بکاتەوە و پاش ٧٢ کاتژمێریش بکشێتەوە. باسی لەوەشکردووە، ئەم کۆنووسە تەنها بۆ ساڵێک نوسراوە و جگە لەوەش هیچ رێککەوتننامەیەکی دیکە لەنێوان عێراق تورکیا نییە بۆ هاتنە ناوەوەی تورکیا. دوێنێ، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، سبەی یەکشەممە حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق کۆدەبێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت تورکیا دەستپێکی ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا راگەیاند بۆ سەر ناوچەکانی چیای مەتینا و ئاڤاشین و هەرێمی زاپ و بابەتەکە کاردانەوەی لەناو سیاسییەکانی عێراقدا دروست کرد، بەڵام هیچ کام لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم هیچ راگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە نەبووە.  

شاناز حەسەن ئەمرۆ کارمەندانی خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کۆن لە سلێمانی خۆپێشانداندەستپێكرد و رایانگەیاند:" بایکۆتی دەوام دەكەین تا مافەكانیان وەردەگرن". کۆچەر عەزیز، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانی کارمەندانی خۆبەخش، بە هاوڵاتی وت:" خۆپیشاندانەکەمان بۆ داواکردنی دامەزراندنی دەرچووانی تەندروستی و خۆبەخشانی کەرتی تەندروستییە، کە بەشێکیان چەندین ساڵە وەکو خۆبەخش کاردەکەن:" ئەم رێكخەرەوە ئەوەشی ورنكردەوە:" دەبینین بە بەڵگە لەهەندێک ناوچە و شوێن دامەزراندن بەناوی جیاجیا هەیە، کەچی بۆ هەندێک شوێنی دیکە دامەزراندن نییە".  کۆچەر عەزیز،  وتیشی:"  ئەمڕۆ خۆپیشاندان و بایکۆت لەنەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی شاری سلێمانی دەستپێدەکات و بەیانی و رۆژانی داهاتووش لە قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سلێمانی دەبێت و دوای ئەوەش شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە". دەستەی نوێنەرایەتی خۆبەخشی سەرجەم بنکە و نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری لە راگەیێنراوێکدا رایانگەیاند: "چەندین بەڵگە لەبەردەستدایە کە دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی تەنیا لە سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەری راگیراوە، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر بە ئاشکرا دامەزراندن و گرێبەست دەکرێت بۆ کارمەندانی تەندروستی و بۆ کەسی خۆیان وەزیر بە شەخسی دەیکات، ئەوەش بە بەڵگەی پێویست دەخەینەڕوو." هەر لە راگەیێندراوی دەستەکەدا هاتووە: "بە گوێرەی دوو نووسراو لە رۆژی 5-4-2022، بە فەرمانی وەزاری 100 کەس بەشێوەی گرێبەست لە زاخۆ دامەزرێندراون لە کاتێکدا دوو رۆژ پێش ئەوە و لە رۆژی 3-4-2022 بە فەرمانی وەزاری کارکردنی 17 کارمەندی خۆبەخش لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگیراوە بە بیانوی ئەوەی کارکردن بە خۆبەخش وەستاوە."  ژمارەیەک داواکارییان خستووەتەڕوو کە ئەمانەن: 1- سەرجەم خۆبەخشان کە دەیانەوێت مافیان نەخورێت بەشدار بن لەو خۆپیشاندانە. 2- داوا لە سەرجەم کارمەندانی دانەمەزراو لە شار و شارۆچکەکانی (ئیدارەی راپەڕین، گەرمیان، هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق) لەگەڵمان بەشدار بن ئەوانیش لە شارەکانی خۆیانەوە هاوکاربن و هەمووان بەیەکەوە داوای مافی خۆمان بکەین. 3- هیچ حیزب و لایەنێک خاوەنی خۆپیشاندان نییە رێگەشیان پێنادەین خاوەندارێتی بکەن. 4- هەرکەس و لایەنێکیش توانی پشتگیری و قسە بکات لەسەر مافی کارمەندانی دانەمەزراو ئەو کەسانە رێزلێگراو دەبن لای ئێمە و دەستخۆشیان لێدەکەین. 5- ئێمە بەردەوام دەبین لە مانگرتن تاوەکو ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە. 6- داواش لە کارمەندانی تەندروستی دامەزراو دەکەین پشتیوان و هاوکارمان بن، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوان کاردەکەین و ئەرکی ئەوان کەمتر دەکەینەوە.      

هاوڵاتی  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند:" له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌درێت و ئه‌و پرۆسه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌". فوئاد حسێن له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی عه‌ره‌بیه‌ رایگه‌یاندوه‌، "دۆسیه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت درێژده‌كرێته‌وه‌ و هیچ پێشكه‌وتنێكی سیاسیش تا ئێستا له‌م بواره‌دا به‌دی ناكرێت". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، به‌مزوانه‌ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌درێت و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ی حه‌وت مانگ تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی یاسادانان و ده‌بێت بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بدرێت. دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لە 30ـی ئادارى 2022 بوو کە بڕیاربوو بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکۆمار بێت، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى ژمارەى یاسایی پەرلەمانتاران، نەتوانرا ئەو هەڵبژاردنە بکرێت و تەنیا تاوتوێى دانانى ئەندامانى لیژنە هەمیشییەکان کرا. رۆژانی 25 و 30ـی ئادارى 2022، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان و ئامادەنەبوونى ژمارەى پێویستى پەرلەمانتاران کە 220 پەرلەمانتارە، نەتوانرا سەرۆککۆمار لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت. هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هاوپەیمانی رزگارکردنى نیشتیمان لەسەر شێوازى حکومەتى داهاتووى عێراق ناکۆکن و بەهۆیەوە سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێدراوە کە هاوکات خاڵى ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتىیە كە هەر یەكەیان كاندیی خۆیان هەبێت.

  هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئامارێکی نوێیان بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین ٢٩ سەربازی دیکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کوژراون و ١٠ی دیکەش برینداربوون.  ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاندووە، بەهۆی چالاکیی گەریلاوە، درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و سێ هێلیکۆپتەریش پێکراون. هەپەگە دەڵێت  “هێزەکانی گەریلامان لە ئاڤاشین و زاپ هەموو جێگەیەکیان کردووەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان و گورزی گەورەیان لە داگیرکەران داوە. هێزەکانمان بە شێوەی گەریلایەتی سەردەم، تاکتیکی شەڕی گەریلایەتی بە ڕێکخراو و زۆر تاکتیکی دیکە سەرقاڵی چالاکین. هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان دەستپێشخەری و کۆنتڕۆڵیان خستووەتە دەستیان و هێرش دەکەنە سەر داگیرکەران. لە چالاکیەکاندا هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەکەوتووە و بە رۆحێکی بەرزەوە چالاکیان ئەنجامداوە. لە چالاکیەکاندا ٢٩ داگیرکەر سزادراون، ١٠ داگیرکەری بریندار بوون، گورز لە ٢ هەلیکۆپتەری هێرشبەر و هەلیکۆپتەرێکی سکۆرسکی وەشێنراوە، درۆنێکیش خراوەتە خوارەوە. شەوی ١٧ی ئەم مانگە، دەوڵەتی داگیركەری تورك هێرشی زەمینیی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە باشووری کوردستان دەستپێكرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ١٥ی مانگەوە هێرشی ئاسمانیی بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێكردووە و تائێستاش هێرشەکان بە هاوکاریی پەدەکە بەردەوامە و گەریلاش وەڵامی توندی هێرشەکان دەداتەوە.

  هاوڵاتی ئۆلینا زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت:" "هەر کەسێک هەوڵی رەواندنەوەی ئازارەکانی خۆی و کەمکردنەوەی ئازاری دەوروبەری دەدات. ئەگەر بەمە بگوترێت “بەرگەگرتن” بەرگە دەگرم". دەشلێت:" بۆ ئه‌وه‌ی به‌ راستی بزانم سوپای رووسیا چی كردووه‌ له‌ ئۆكراینا كه‌ گوایا به‌ قسه‌ی خۆیان بۆ "رزگاركردن"ی ئێمە هاتوون، هه‌موو رۆژێك به‌ به‌رده‌وامی له‌ به‌ره‌ی زانیاری كار ده‌كه‌م. هاوسەرەكەی سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:" خۆحه‌شاردان دۆخێكه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌. هه‌موو خوله‌كێك له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌رمه‌دا ده‌ژیم. هیچ كاتێك له‌وه‌ خۆش نابم. مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیش هه‌میشه‌ بۆ ژنان، پیاوان و منداڵانی ئۆكراینا له‌ئارادا بووه‌. دیاره‌ ناتواندرێت هه‌موومان له‌ناو ببردرێین و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ژیاندا ماونه‌ته‌وه‌ هه‌رگیز ئه‌و هه‌سته‌ له‌بیر ناكه‌ن".  

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئەو ئەزموونەی لە ساڵانی پێشتردا هەیانە، ئەمساڵیش لە سنوری پارێزگای هەولێردا و سەخت و وشكە ساڵی دەبێت. ئەمڕۆ شەممە 23ی نیسانی 2022، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند:" بۆ ئەمساڵ هیچ هێمایەكی باش نابینین و بەپێی هەڵسەنگاندنەكان و بە ئەزموونی ساڵانی رابردوو و تێگەیشتنی زانستی، ئەمساڵیش لە هەولێردا وشكەساڵی دەبێت و ساڵێكی سەخت دەبێت". هاوكات لە سنووری هەولێردا دەست كراوە بە لێدانی 138 بیری ئاو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی، ئامادەكاریمان كردووە و رەزامەندیی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەرگیراوە بۆ خەرجكردنی حەوت ملیار دینار بۆ لێدانی ژمارەیەك بیری تر، گوژمەی تریشیان بۆ تەرخان دەكرێت بۆ گرفتی تەكنیكی بیرەكان و بڕیاری راستەوخۆ دەدرێت لەوبارەیەوە.  

هاوڵاتی  موراد قەرەیلان، فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) پەیامێكی ئاڕاستەی هەموو گەریلاكان كرد و ڕایگەیاند:"ئەگەر دووژمن تێكبشكێنین، ئەوا نەك تەنها لە زاپ، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت". پەیامەكەی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە بۆ گەریلاكان خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە:" ئەم سەردەمەی ئێمەی تێداین گرنگترین و مێژووییتریین سەردەمی مێژووی تێكۆشانی ئێمەیە، ئێمە سڵاو لەو بەرخۆدانە بەرز و بڵندە دەكەین، كە لە دژی هێرشەكانی دوژمن ئەنجامی دەدەن، وەك دوو ڕۆژی یەكەم هەڤاڵان سەركەوتوون". هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە كە" لەسەر بنەمای ڕۆحی بەرخۆدانی ئاپۆیی، ئەو بەرخۆدان و شەڕەی هەڤاڵان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە هەموو هەڤاڵانمان و بەتایبەتیش هەڤاڵانی بەشداربووی ئەم بەرخۆدانە دەكەین و سڵاویان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنی بەردەوامیان دەخوازین". نەپەگەش سەركەوتنی بەرخۆدانی گەریلاكانیشی خستووەتەڕوو و دەڵێت:" هەڤاڵان سەركەوتوون، ئەو سەركەوتنە دەتوانێت ببێتە بنەمای سەركەوتنێكی گەورە، ..... ئەو جەنگە شەڕێكی ئاسایی نییە، شەڕی زاپ بۆ دەوڵەتی تورك و بۆ ڕژێمی فاشیستیی ئاكەپە – مەهەپە زۆر گرنگە". لەبارەی گرنگیی شەڕی زاپیەوە ئەوە خراوەتەروو كە دەوڵەتی داگیركەر و بكوژ و پاكتاوكاری تورك لە ساڵی 2016ەوە كار لەسەر قۆناغێكی نوێ دەكات، ناوەڕۆكی ئەم قۆناغە سڕینەوە و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادییە، سڕینەوە و پاكتاوكردنی هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردە،  "داگیركردنی سنوورەكانی میساقی میللی و بەرەوپێشبردنی كۆنتڕۆڵكردنی سووریا و عێراقە، ئەمە ئامانجی دوژمنە، بەو شێوەیە دەیەوێت بە خەونی عوسمانییەوە خۆی بكاتە هێزێكی گەورە لە ناوچەكەدا، ئەوە چەندە بۆ گەلەكەمان پرۆسەیەكی مەترسیدارە بە ئەندازەیەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر گەلی عەرەب و هەموو گەلانی ناوچەكە". هەروەها نەپەگە ئاماژەی بە شكستی دەوڵەتی تورك لە هێرشی 23ی نیسانی 2021 كردووە و دەڵێت:" لە ساڵی 2021دا دوژمن بە فەرمی تێكشكێنرا، ئێستا دەوڵەتی تورك نایەوێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بكات و پێی هەزم ناكرێت، بۆیە دەیەوێت بە هەموو ئامراز و تواناكانی خۆیەوە تۆڵەی ئەو شكستەی بكاتەوە". نەپەگە باسی ئەوەشی كردووە كە دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، هێرش دەكاتە سەر مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای كوردستان و دەیەوێت دەستكەوتەكانیان لەناوببات، دەشڵێت:"ئەوە ئامانجی داگیركاریی دەوڵەتی توركە، ئەگەر دوژمن تێكبشكێنین، ئەوە  تەنها لە زاپ تێكناشكێت، بەڵكو لە ئەنقەرەش تێكدەشكێت، سیستمی فاشیستیی جینۆسایدكار و پاكتاوكار تێكدەشكێت، بۆیە ئەم بەرخۆدانە بۆ  ئازادیی گەل و ڕێبەرایەتیمانە، لە هەمان كاتدا بۆ دیموكراسیی و گەلی ناوچەكە زۆر گرنگە، لەسەر ئەم بنەمایە، ئەوەی پێویست بێت بۆ سەركەوتن لەم بەرخۆدانە پیرۆزەدا دەبێت ئەنجام بدرێت".  

هاوڵاتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ٢٨ی نیساندا لە ئۆكراینا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئەو وڵاتە، كۆدەبێتەو و بریاریشە سەردانی مۆسكۆ بكات بۆ راگرتنی شەر. نووسینگەی وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس لە سەردانەكەی بۆ ئۆكراینا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ساز دەكات. لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە، گۆتەرێس لە 28ی نیساندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا، دمیترۆ كولێبا، كۆدەبێتەوە و دواتریش لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی پێشوازی لێدەكرێت. هاوكات بریارە گوتەرێس بۆ گفتوگۆ كردن لە بارەی زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ گەلی ئۆكراینا لەگەڵ كارمەندانی دامەزراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ناوچەیە كۆببێتەوە. لە 20ی نیساندا گوتەرێس، نامەیەی ئاڕاستەی نوێنەرانی هەمیشەیی رووسیا و ئۆكراینا لە ئەنجوومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و تیایدا داوای كرد بە ئامانجی گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە پێناو ئاسایشی ئۆكراینا بگیرێنە بەر، لە مۆسكۆ چاوی بە ڤلادیمیر پۆتین و لە كیێڤ چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی بكەوێت.