پنتاگۆن دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەفسەرانی باڵای ئەمریکی لە سوپای ئەمریکا بۆ 20%. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی سەربازان و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەهێزکردنی سوپاکەی، فەرمانی داوە ژمارەی ئەفسەرانی پلەبەرزی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی یاداشتێکی وەزارەرتی بەرگریی ئەمەریکای بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا پیتی هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی کردووە %20ـی ئەفسەرانی پلە چوار و ئەدمیراڵەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەر بکات. بە گوێرەی یاداشتەکە، ئەو فەرمانە %10ـی ئەفسەرانی پلە نزم و %20ـی ئەفسەرانی نەتەوەییش دەگرێتەوە. لە یاداشتەکە هاتووە، مەبەست لەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەتواناکردنی سەرکردایەتیی سوپاکەیانە. ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی و ئەفسەرانەی ئەمەریکا دێت. هاوکات، پیتی هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ڤیدیۆیی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی دۆنالد ترەمپ بە دروشمی 'بەدەستهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی بەهێز کردنی سوپاوە' ئەو چاکسازییە لە سوپای ئەمەریکا دەکرێت. هەروەها گوتیشی: لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، 12 ملیۆن سەربازمان هەبوو کە تەنیا 17ـەیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەبوو، بەڵام ئێستا دوو ملیۆن و سەد هەزار سەربازمان هەیە کە 44ـیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەیە. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، زۆری ژمارەی جەنەراڵ مانای ئەوە نییە سەرکەوتنی زۆر بەدەست بهێنین. پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی ئەفسەرە پلە باڵاکانی دیکەی وەکوو فەرماندەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان، سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی، ئەدمیراڵی هێزەکانی دەریایی هاوکار لەگەڵ ناتۆ و سێ پارێزەری باڵای سەربازی دوور خستووەتەوە.
دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە." سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون. هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و 207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان. بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.
سەرجەم ئەو کاردیناڵانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکەن، گەیشتنە رۆما و سبەینێ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پاپای نوێ هەڵدەبژێرن. سبەینێ لە کڵێسای سیستین بە بەشداری 133 کەسایەتی باڵای کاسۆلیکی کە بە کۆلێژی کاردیناڵەکان ناسراوە، شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاریدەکەن، کە 21ـی مانگی رابردوو لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. کاردیناڵ ژان پۆڵ ڤێسکۆ، سەرۆکی قەشەکانی جەزائیر رایگەیاند، کەشێكی ئەرێنی لەنێوان کاردیناڵەکان هەیە و دڵنییان لەوەی پاپایەکی باش هەڵدەبژێرن. کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، کەسایەتی دووەمی ڤاتیکان لە دیارترین کاندیدەکانە بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیس، هەروەها 10 کەسی دیکە بۆ بوون بە پاپا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا هەڵبژاردن بۆ پاپی نوێ ئەنجام دەدرێت و هەر کاندیدێک بۆ سەرکەوتن پێویست بە دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت 89 دەنگ مسۆگەر بکات ئەوکات دەبێت بە پاپای کاسۆلیکی کە زیاتر لە 1.4 ملیار پەیڕەوکاری هەیە. لەحاڵەتی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، پرۆسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک یاخود رەنگە زیاتری پێ بچێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ کاردیناڵەکان لەناو خۆیان چەند رای جیاوازیان هەیە و ناکۆکن لە هەڵبژاردنی پاپی نوێ. هەر رۆژێک کۆبوونەوە نهێنییەکە دەتوانێت چوار خولی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت و ئەگەر تا خولی 33 هیچ کەس هەڵنەبژێردرا، ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان کۆکردووەتەوە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتوو و ئەوکات هەڵبژاردن تەنها لەنێوان ئەو دووانە دەکرێت.
ماڵپەری "ئاکسیۆس"ی ئەمریكی، لەزاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بڵاویكردووەتەوە، واشنتۆن هەوڵدەدات لەم هەفتەیەدا خولی چوارەمی دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکبخات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، بە پەیامنێری ئەکسیۆسی راگەیاندووە، لە دانوستانەکاندا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، جەختیشیکردووە، سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەری ئەم کێشەیە بکات ئەگەر بكرێت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئێران. تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە". وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
سوپای ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشانەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، کردییە سەر بەندەری حودەیدە لە دەوروبەری یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە. ئاماژە بەوەش کراوە، سوپا، ژێرخانی حووسییەکانی لە ناوچە کەنارەکانی یەمەن بۆمباران کرد. بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشە دووبارەکانی حووسییەکانە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل کە بریتی بوون لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو خاکی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە. سوپای ئیسرائیل ئەو بەندەرەی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ حووسییەکان زانی، بەو پێیەی بەندەرەکە بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی و کەرەستەی سەربازی و پێداویستی سەربازیی بەکاردێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کارگەی چیمەنتۆی باجیل لە ڕۆژهەڵاتی حودەیدەش بۆمباران کراوە، وەک دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئابووری بۆ حووسییەکان کاری دەکرد، هەروەها بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی بۆ حووسییەکان بەکاردێت. گوتیشی: حووسیییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، بە ڕێنمایی و بودجەی ئێران، بۆ لێدانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و تێکدانی ناوچەکە و تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی جیهانی کاردەکات. دەشڵێت: ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە مامەڵەکردنی زۆرەملێ دژی هەر هەڕەشەیەک، بۆ سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل، لە هەر مەودایەکی پێویستدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا ڕایدەگەیەنێت، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سوریا، سەردانی فەرەنسا دەکات، بڕیاریشە لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە لە پاریس، پێشوازی لێدەکات. ئەمڕۆ سێشەممە، کۆشکی ئیلیزێ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ماکرۆن "پشتگیریی فەرەنسا بۆ بنیادنانی سووریایەکی نوێ دووپاتدەکاتەوە، سووریایەکی ئازاد، سەقامگیر، سەروەر کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا کە خوازیاری ئاشتی و دیموکراسین." سەرۆکایەتیی فەرەنسا هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، ماکرۆن جەخت لە "داواکارییەکانی بەردەم حکومەتی سووریا دەکاتەوە، کە سەرەکیترینیان بریتییە لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بە لوبنانیشەوە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". ماکرۆن سەرەتا لە مانگی شوباتدا بانگهێشتی سەرکردەی نوێی سووریای کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە فەرەنسا، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام کە شەرع سەرکردایەتیی دەکات، لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دیکەی توانییان لە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو بڕووخێنن. مانگی ئادار، ماکرۆن جارێکی دیکە شەرعی بانگهێشتکردەوە، بەڵام بە مەرجی پێکهێنانی حکومەتێکی سووریایی گشتگیر کە نوێنەرایەتیی "هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سڤیل" بکات. سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەوکات دانوستاندنە سەرەتاییەکانی لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی دیمەشق بە "ئەرێنی" ناوبردن. دەسەڵاتدارە نوێیە ئیسلامییەکانی سووریا، کە پێشتر بەشێک بوون لە رێکخراوی قاعیدە، بەڵێنی دەسەڵاتی فرەلایەنیان لە وڵاتە فرە ئایین و فرە نەتەوەکەدا داوە.
ماڵپەرى ئەکسیۆس لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوە ئیسرائیل سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک دوا وادە بۆ ڕێککەوتنی نوێی ئازادکردنى بارمتەکان و ئاگربەست داناوە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان دەست پێدەکات ئەگەر رێککەوتن نەکرێت. شەوی یەکشەممە کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەندکرد کە وردە وردە هەموو غەززە داگیربکاتەوە و بۆ ماوەیەکی نادیار ڕابگیرێت ئەگەر تا ١٥ی ئایار ڕێککەوتنێک نەکرێت. بەرپرسێکی ئیسرائیلی وتی بەدیل بۆ مانەوە لە ناوچەی مرۆیی ئەوەیە کە فەلەستینییەکان "خۆبەخشانە" ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن بۆ وڵاتانی دیکە "بەگوێرەی دیدگای ترامپ بۆ غەززە. بەزەحمەت دەتوانرێت ئەم جۆرە ڕۆشتنانە بە خۆبەخشانە هەژمار بکرێت و تا ئێستا هیچ وڵاتێک ڕازی نەبووە کە فەلەستینییە ئاوارەبووەکان وەربگرێت. بەرپرسانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دانوستان لەگەڵ چەند وڵاتێک لەو بارەیەوە بەردەوامە. بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، سەردانی سعودیە و قەتەر و ئیمارات بکات و چوار رۆژ لەو وڵاتانە بمێنێتەوە. کاربەدەستانی ئیسرائیل دەڵێن، ترەمپ لە ئێستادا ڕۆڵێکی کارا نابینێت لە هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و بە شێوەیەکی کاریگەر گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانێت بیکات. گەڕانەوە بۆ شەڕی تەواو دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل پێشتر هەموو پێداویستییەکانی خۆراک و ئاو و دەرمانی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە بڕیوە دوای ئەوەی ئاگربەستەکە دوو مانگ لەمەوبەر تێکچوو. زۆرێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک بژاردەیەکی ئەتۆمی دەبینن و زۆر پێیان باشە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنێک بکرێت.
تا ئەم دواییانە بەهێزترین پیاوی پاکستان پێی باشتر بوو لە پشت پەردەوە بمێنێتەوە. بە توندی کۆنترۆڵی دەرکەوتنی گشتی خۆی دەکات و لێدوانەکانی سنووردار دەکات بە وتارە ئامادەکراوەکان لە کاتی ڕووداوە سەربازییەکان. بەڵام دوای هێرشە تیرۆریستییە کوشندەکەی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان، جەنەڕاڵ عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان بۆتە چەقی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان. لەگەڵ زیادبوونی فشارەکان لە هیندستان بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز بۆ ئەو هێرشەی کە زیاتر لە ٢٠ گەشتیاری هیندۆسی لە نزیک شارۆچکەی پەهالگام کوشت، مونیر بە قسە توندەکانی دەستی کرد بە دانانی بەربەست بۆ پاکستان. هیندستان و پاکستان هێزەکانیان لەسەر سنووری نێوانیان زیادکردووە. پەیوەندییەکانی دەلهی و ئیسلاماباد بەرە بەرە گرژتر دەبن، ئەمە دوای ڕووداوەکەی 22ـی مانگى ڕابردوو کە لە هێرشێکی چەکداریدا 26 کەس کوژران. پێنجشەممەی ڕابردوو لە میانی مانۆڕێکی سەربازیدا، مونیر لەسەر تانکێک وەستا و قسەی بۆ سەربازەکان کرد و وتی، "هیچ بوارێک بۆ ناڕوونی نییە، هەر سەرگەرمییەکی سەربازی لەلایەن هیندستانەوە وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە و پەرەسەندوو بەرەوڕووی دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵێنی پاکستان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی هیندستان بە هێزێکی یەکسان یان زیاتر. لێدوانەکانی مونیر لە هیندستان و پاکستان وەک هەوڵێک بۆ پرۆژەکردنی هێز و کۆکردنەوەی پشتیوانی جەماوەری لێکدرایەوە، بەتایبەتی کە پاکستان بەدەست دووبەرەکیی سیاسی و قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت کە دڵسۆزی تەقلیدی بۆ دامەزراوەی سەربازیی لەناوبردووە، کە لەمێژە ڕۆڵێکی شاراوەی لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ناوخۆدا گێڕاوە. بەڵام پێدەچێت کاردانەوەی مونیر قووڵتر بێت لە تەنها حیساباتی سیاسی. شیکاران بە کەسێکی توندڕەو بەرامبەر هیندستان وەسفی دەکەن و هەڵوێستەکانیشی بەهۆی سەرکردایەتیکردنی دوو گرنگترین دەزگای هەواڵگری سەربازی پاکستان و باوەڕەکەی کە ململانێی بەردەوام لەگەڵ هیندستان لە بنەڕەتدا سروشتی ئایینییە. نزیکەی 15 ملیۆن کەس لە کشمیر دەژین کە 10 ملیۆنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هیندستاندان. درێژی سنووری هیندستان و پاکستان لە کشمیر 740 کیلۆمەترە و نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لەو ناوچانە دەژین. خەڵکی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی جەنگ دەترسن، بۆ ئەو ئەگەرەش، حەشارگەیان ئامادەکردووە. ریاز ئەوان، جوتیارە لە ناوچەکە و باس لەوە دەکات، "زۆر نزیک لە سنوورەکان دەژین کە تەقە و تۆپبارانی یەکدی لێوە دەکەن. رۆژانە تەقە لەیەک دەکەن و ئەمەش ئەزموونێکی ناخۆش بووە کە نامانەوێت منداڵەکانمان پێیدا بڕۆن". کشمیر، هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە کانزا و دیمەنی جوانی سرووشت، لە ساڵی 1947ـەوە لەنێوان هیندستان و پاکستان دابەشکراوە. هیندستان 55٪ـی ئەو هەرێمەی لەژێر دەستە، هەرچی پاکستانە 30٪ـی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوەی دیکەش لەژێر کۆنترۆڵی چینە. زۆرێک لە هیندستان ئاماژەیان بەو لێدوانانە کردووە کە مونیر شەش ڕۆژ پێش هێرشە تیرۆریستییەکە داوە، کە تێیدا بە کۆمەڵگەیەکی پاکستانی لە ئیسلام ئابادی وتووە کە کشمیر- کە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دابەشکراوە و بە تەواوی لەلایەن هەردووکیانەوە ئیدیعای دەکرێت- "هێڵی ژیانی" پاکستانە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە". وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا. عێراقچى جەختی لەوە کردەوە کە "تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەویش دیپلۆماسی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش". وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە "پشتیوانیکردن لە جینۆسایدی نەتانیاهۆ لە غەززە بە ناردنی چەکی کوشندە و بەڕێوەبردنی جەنگی وەکالەت لە یەمەن هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی ئەمریکا بەدەست نەهێناوە". وتیشی: جیهان درک بەوە کردووە کە چۆن ناتانیاهۆ ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە کاروباری ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی بەرەو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا ڕابکێشێت. تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما.
مەسرور بارزانى، ڕایدەگەیەنێت عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت. دووشەممە، 05-05-2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کە لە ئەندامانی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو . بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرا. بە تایبەتی لە بوارەکانی پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی لە بەرژەوەندیی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراقدان." لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، "جەخت لە پێویستیی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جوڵەی کاڵاکان لە نێوان هەموو ناوچەکانی عێراقدا و نەهێشتنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لەوبارەیەوە کرایەوە." بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی پڕۆژە ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا و جەخت لە بەشداریی و سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق لەو پڕۆژە گرنگەدا کرایەوە. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە "پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی و دەستووری عێراق بگیرێت کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەکی دەستنیشان کردووە." سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە دا "عێراق لە ڕووی ماددی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگیشە و تەنیا پێویستیی بە حووکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش و دادپەروەرانە هەیە کە ڕێز لە مافەکانی هەموو ناوچە و گشت پێکهاتەکانی عێراق بگرێت."
بە تۆمەتی سووکایەتی بە سوپای عێراق، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو جووتیارە کوردەی کەرکووکی داوەتە دادگە کە لەسەر زەوییەکەی خۆی رایانکێشا و ئەشکەنجەیان دا. 17ـی شوباتی 2025، جووتیارێک بە ناوی محەمەممەد ئەمین، لەسەر زەوییەکەی خۆی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، لەسەر تراکتۆرەکەی و بە ملپێچەکەی خۆی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە راکێشرا، بەڵام نەیتوانی جووتیارەکە بهێنێتە خوارەوە. لەسەر ئەو ڕووداوە شێرکۆ کرمانج نووسەر، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! هەر لەو پەیامەدا هاتووە: پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەقى پەیامەکەى شێرکۆ کرمانج محەمەد بە ملپێچەکەی لەسەر تراکتۆرەکە بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن، جووتیارەکەی سەر تراکتۆرەکە قوربانی دەستی ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێمە!!! محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەعوا لەسەر جووتیارە کوردەکەی سەر تراکتۆرەکە تۆمار دەکات. با ڕوونتر قسە بکەم. لەبەرئەوەی لەسەر داوای سوودانی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەعوای لەسەر محەمەد ئەمین، جووتیارە ئازاکە، تۆمار کردووە، کەواتە دەوڵەتی عێراقی لە بەرزترین ئاست پشتیوانی لە تەعریب دەکات و دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان دەکات. هاوکات، لەبەرئەوەی، دوو ئەفسەری پلە باڵای کورد، یەکێکی پارتی و یەکێکی یەکێتیی، واژۆیان لەسەر ڕاسپاردەیەک کردووە بۆ سوودانی بۆ تۆمەتبارکردنی جووتیارەکە، وە لەبەرئەوەی ئەو دوو ئەفسەرە راستەوخۆ نوێنەرایەتی یەکێتیی و پارتی دەکەن، واتە نوێنەری مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، کەواتە ئەو دوو بەرپرسە باڵایە بەرپرسی یەکەمن لەو ناحەقیانەی بەو جووتیارە و بە تەواوی گەلی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەکرێت. پرسی جووتیارە تەعریببەزێنەکە، محەمەد ئەمین، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بووایە دەکرا بە فاکتەر و بەردەبازی گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان، کەچی لە وڵاتی ئێمە پرسەکە کرا قوربانی ململانێی یەکێتیی و پارتی. دەسەڵاتدارانی هەرێم لێپێچینەوە لەو دوو ئەفسەرە نەکەن و سنوورێک بۆ سوودانی دانەنێن، سبەی لەسەر مژینی هەوا و خواردنەوە ئاو، دەمانبەنە دادگا. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییە لە دژی محەمەد ڕابگرن. بەڵێ، محەمەد بە ملپێچەکەی بەرگریی لە ئێوە کرد، کاتی ئەوەیە ئێوەش بەرگریی لەو بکەن. بۆ شەیر و بڵاوکردنەوەیە
بەرخۆدانی گەل بۆ پاراستنی بەنداوی تشرین بە ڕاگەیاندراوێک کۆتایی هات و ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لەسەر بەنداوەکە ڕایگەیاند، بە وەستانەوە و فیداکارییەکی گەورە خاک و دەستکەوتەکان پارێزراون. ئەمرۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەنداوی تشرین، کە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە گەل چالاکیی نۆبەتی بە ئامانجی پاراستنی بەڕێوە دەبا ڕاگەیاندراوێک خوێندرایەوە و کۆتای بە چالاکییەکە هات. گەل بە بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین، هەروەها وێنەی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان، کە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و ڕۆژنامەنووس عەگید ڕۆژ، کە لە ١٥ـی شوباتدا لە کاتی ڕووماڵکردنی بەرخۆدانی بەنداوی تشریندا لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورك شەهید بوون بەشداریان لە چالاکییەکەدا کرد. ئەڤین سوێد و حسێن عوسمان، هاوسەرۆکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. هەروەها ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری بەڕێزەوە یادی شەهیدانی بەرخۆدانی بەنداوی تشرینی کردەوە و سڵاوی لە هەموو ئەو کەسانە کرد، کە بۆ پاراستنی بەنداوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیدا چالاکیی نۆبەتیان ئەنجامدا.
لە کاتێکدا هێشتا لێکۆڵینەوە لە تەقینەوە گەورەکەى بەندەر عەباسى باشوورى ئێران بەردەوامە، دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە ڕێژەى زەرەرو زیانەکانیان ئاشکرا کرد، هاوکات لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەڵێت، دوو بەڕێوەبەر دەستگیرکراون. محەممەد حەسەن سەدر، سەرۆکی ڕێکخراوی تەکنۆلۆژیای زانیاریی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، پێشبینى ئەوەیکرد کە زیانەکانی بازرگانان لە ئەنجامی ڕووداوی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس نزیکەی ٣ بۆ ٤ ملیار دۆلار بووە، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە بە کەموکوڕی لە بەڕێوەبردنی بار و سیستەمی گومرگیدا وەسفی کردووە. ئەو بەرپرسە ڕایگەیاند کە کەڵەکەبوونی ١٣٠ هەزار کۆنتێنەر، بەبێ بەکارهێنانی ئامرازی وردی پاککردنەوە، بووە هۆی کارەساتێکی بەم قەبارەیە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیلنای ئێران. محەممەد حەسەن لێدوانەکانی لەسەر ئەو زیانانەی بە کاسبکاران گەیاندووە، بێ ئەوەی ئاماژە بەو زیانە زۆرانە بکات کە ژێرخان و ئیمکاناتەکانی بەندەرەکە کەوتووە، کە گەورەترین زیانی ئەو وڵاتەیە لە ڕووی قەبارەی بازرگانییەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی داتاکان و شکستهێنان لە ئاڵوگۆڕکردنی داتا لە نێوان قەوارە جیاوازەکاندا بەشداربووە لە خراپتربوونی قەیرانەکە، داوای حوکمڕانی دیجیتاڵی کاریگەر و ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ئاڵوگۆڕی داتا ئابوورییەکانی کرد. رۆژی 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا؛ دواتر ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە کە دوای شەش رۆژ کۆنترۆڵ کرا. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، لە تەقینەوەکەدا 70 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە یەک هەزار و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون. لیژنەی پێکهێندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران تایبەت بە هۆکارەکانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس، دووەمین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە لە چوار خاڵ پێکدێت: 1. دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی سەرەکی: دوای سەلماندنی کەمتەرخەمیی هەندێک لە بەرپرسان بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرەتایی راگەیێندراوی ژمارە 1، بەڕێوەبەرێکی حکومی و بەڕێوەبەرێکی کەرتی تایبەت بە دەرکردنی فەرمانی یاسایی دەستگیرکران؛ هەروەها پرۆسەی بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتبارانی دیکەش بەردەوامە. 2. بەدواداچوون بۆ لێدوانی ناڕاست: ئەو کەسانەی زانیاریی ناڕاستیان داوە دەستنیشان کراون و بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵیان بەردەوامە. 3. بەردەوامیی بەدواداچوونە تەکنیکییەکان: لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە دیاریکردنی هۆکاری یەکلاییکەرەوەی رووداوەکە پێویستی بە تەواوکردنی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە و رێکاری تەکنیکی و تاقیگەیی هەیە کە بە وردی ئەنجام دەدرێن.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت. ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی. ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی. عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات. نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا ئامادەیی هەردووڵاتیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاریكاری ئەمنی و سەربازی راگەیاند و جەختیان لە جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كردەوە بۆ نەهێشتنی "هەڕەشەی "پەكەكە بۆ سەر هەردوو وڵات. ئەو هەڵوێستە هاوبەشە دوای كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق و توركیا راگەیەنرا، كە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق. لەكۆبوونەوەكەدا كە بەبەشداری نوێنەری حەشدی شەعبی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، عێراق و توركیا ئامادەییان نیشاندا بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگی دوو قۆڵی، لەبواری سەربازی و هەواڵگری، ئاسایشی سنور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پیشەسازی بەرگری، وزە، ئاو، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
بەرپرسێکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە دوێنێوە چاوەڕێین وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. بەڵام نووسینگەی تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، کەمێک پێش ئێستا بە شاندەکەى ئێمەیان گوتووە، کێشەیەکی کەم لە هەبوونی نەختینە هەیە، ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت هەر ئەمڕۆ تەمویلی مووچە دەکەین. ئەو بەرپرسەراشیگەیاند، شاندى ئێمە لە دوێنێوە لە بەغدادن، بە بەرپرسانى وەزارەتى دارایی عێراقیان گوتووە، بۆچی کەمی نەختینە، تەنها بەرۆکى ئێمە دەگرێت، لای خۆتان هیچ کێشەیەک نابینین. لەبارەى کێشەکە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، کێشەی کەمی نەختینە لە عێراق هەیە، بەڵام ئەو کێشەیە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە نابێت، ناشبێت کێشەکە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابخات، ئەو دەڵێت، کەمی نەختینە تەنها کاریگەری لەسەر بەدجەی پڕۆژەکان هەیە.