رۆژی نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەچێتە پشووەوە. درەنگی شەوی رابردوو، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، بەگوێرەی مادەی 57ی دەستووری عێراق و مادەی 22 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بڕیاریدا وەرزی یەکەمی ساڵی چوارەمی یاسادانانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی کە دەکاتە نۆی ئایار کۆتایی بێت. بەوەش پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامنادات، بەڵام ئەرکی چاودێریکردنی بەردەوام دەبێت و لە ئەگەری هەبوونی بابەتێکی گرنگ و پێویستدا دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت. لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، چەندینجار بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە، دانیشتنەکان بەڕێوەنەچوون، بەو هۆیەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریداوە، لەمەودوا هەر پەرلەمانتارێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، ناوی بڵاودەکرێتەوە و بەشێکیش لە مووچەکەی دەبڕێت.
کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، نابێت دۆخی کەرتی غەزە بەمشێوەی ئێستا بەردەوامبێت و پێویستە هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتەکە بکرێت. کالاس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گیدۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، دۆخی مرۆیی غەزە مەترسیدارە و نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگری لە چوونی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە بکرێت، پێویستیشە دەستبەجێ ناردنی هاوکاریییەکان دەستپێبکاتەوە. لە وەڵامدا، گیدۆن سار بزووتنەوەی حەماسی بەهۆکاری راگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان تۆمەتبارکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکدا گوتبووی، ئیسرائیل هاوکارییە مرۆییەکانی کردووەتە چەکی جەنگ و لە جیاتی ئاو و مادە خۆراکییەکان، بۆمب بەسەر دانیشتووانی غەزەدا دەبارێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ــى ئایارى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و بەگوێرەى کارنامەکەى، سێ تەوەر تاوتوێدەکرێت. بەگوێرەى کارنامەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆ دەکرێت، لە بڕگەى یەکەمدا تاوتوێى پـرۆژەی روونـاکی و کارەبای 24 کاتژمێری و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان دەکات. لەبڕگەى دووەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەکات. هاوکات، لە بڕگەى سێیەمدا، ئەنجوومەنى وەزیران بە نووسراوى فەرمیى وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان رادەسپێرێت، هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی هاوبەشی وردبینیی دیـوانی چـاودێریی دارایـی عێراق و هەرێمـی کوردسـتان بکەن بۆ ئامادەکردنى راپۆرتى داهات و خەرجییەکانى چارەکى یەکەمى ساڵى 2025.
درەنگانێکى شەوى ڕابردوو سوپای پاکستان ڕایگەیاند، ھیندستان لەڕێگەى هەڵدانى مووشەکەوە سێ پێگەی وڵاتەکەیانی کردووەتە ئامانج؛ پاکستانیش هەڕەشە دەکات و دەڵێت، وەڵام دەدەنەوە. ڕۆژی چوارشەممە هیندستان هێرشی کردە سەر پاکستان و ئەو بەشەی کشمیر کە ئیسلام ئاباد بەڕێوەی دەبات، هاوکات پاکستانیش ڕایگەیاند کە پێنج فڕۆکەی شەڕکەری هیندستانی خستووەتە خوارەوە، ئەمەش گەوەرتین شەڕو پێکدادانە لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. سوپای هیندستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە شەوی 6 لەسەر 7ـی ئایاری 2025، سوپای پاکستان بە شێوەی هەڕەمەکی بۆردوومانی سنووری هیندستانی کرد." لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشكراوە، "بەهۆی بۆردوومانەکانەوە سێ هاوڵاتیی سڤیلی بێتاوان گیانیان لەدەستدا و ئێمەش بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە." دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش دۆخەکەی بە "شەرمەزارکەر" وەسف کرد و دەشڵێت "هیوادارم بە خێرایی کۆتایی پێبێت". هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ژێرخانی تیرۆریستیان لە پاکستان کراونەتە ئامانج." بەڵام خەواجە عاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، هیندستان هێرشەکانی لەنێو خاکی خۆی ئەنجامداوە و دەنگۆی هیندستان بۆ بەئامانجگرتنی "تیرۆریستان" راست نییە و ناوچە سڤیل نشینەکانیان بە ئامانج گرتوون. وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکان سێ کەسی سڤیل کوژراون کە یەکێکیان منداڵ بووە. گوتەبێژێکی سوپای پاکستان دەڵێت، "لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، وەڵامیان دەدەینەوە." گوتەبێژەکە دەشڵێت، "هەموو فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیمان لە ئاسمانن، ئەمە هێرشێکی شەرمەزارکەر و ترسنۆکانە بوو کە لەنێو خاکی هیندستان ئەنجامدرا." هیندستان و پاکستان لە ساڵی ١٩٤٧ەوە دوو شەڕیان کردووە لەسەر ناوچەی کشمیر کە زۆرینەی موسڵمانە، کە هەردوولا بانگەشەى تەواویان دەکەن و بەشێکی کۆنترۆڵیان کردووە. لە دوای ئاگربەست لە ساڵی ٢٠٠٣ کە دوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢١ نوێیان کردەوە، لێدان لە ئامانجەکانی نێوان هەردوو دراوسێ لە ڕادەبەدەر دەگمەن بووە. بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن، مەترسیی پەرەسەندنی ھێرشەکە زیاتر بووە بە بەراورد بە ڕابردووی ئەم دواییە، ئەمەش بەھۆی توندی هێرشەکەی هیندستانەوە. ئەو هێرشەی هیندستان داوی ئەوە هات، لە 22ـی نیساندا و لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی هیندستان لە کشمیر، 26 کەس کوژران و دوای هێرشەکەش، حکومەتی هیندستان پەنجەی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژ کرد. هەرێمی کشمیر لە ساڵی 1947وە بەسەر هیندستان و کشمیردا دابەشکراوە، بەڵام هێشتا کێشەلەسەرە و لەسەدا 55ی لەلایەن هیندستانەوە کۆنترۆڵ کراوە و لەسەدا 30یشی لەلایەن پاکستان و لەسەدا 15ی دیکەش لەلایەن چینەوە.
بەرپرسێکی باڵاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکا، بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سوپای ئەمریکا ڕێنمایی وەرگرتووە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر حوسییەکان. ئەم ڕاگەیاندنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، دوای چالاکیی دیپلۆماسی چڕ و پڕی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و عومان و حوسییەکان هات، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان. ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و حوسییەکان بۆ هێرش نەکردنە سەر یەکتر ئامانجی بەرزکردنەوەی چانسى دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانە، بە پێی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن. تا ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی گەڕى چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و ئێران ڕوون نییە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، بەهۆی زنجیرە هێرشەکانیانەوە بۆسەر حووسییەکان لە یەمەن، ئەو گرووپەیان لاواز کردووە و "حووسییەکان رازی بوون بەوەی هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان رابگرن." هاوکات دەشڵێت، پێش سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "راگەیێندراوێکی گرنگ"ی دەبێت رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کۆبووەوە و پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ دەربارەی چەندین پرسی گەرمی جیهان قسەی کرد. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆسەر حووسییەکان، ترەمپ رایگەیاند، حووسییەکان "رازی بوون هێرشەکانیان بۆسەر کەشتییەکان رابگرن،" بەبێ ئەوەی ترەمپ هیچ وردەکارییەک لەوبارەیەوە بخاتەڕوو. هەر لەوبارەیەوە ترەمپ گوتی، "حووسییەکان رایانگەیاندووە، چیدی نایانەوێت شەڕ بکەن. ئێمەش رێز لەو بڕیارە دەگرین و بۆردوومانەکان رادەگرین، ئەوان خۆیان بەدەستەوە داوە." بڕیارە هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات و لەوبارەیەوە گوتی، پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، "راگەیاندنێکی زۆر زۆر گەورەمان دەبێت، ئەوەندە گەورەیە، دەگاتە لووتکە. هیچتان لەبارەیەوە پێناڵێم، ئەوەندە نەبێت شتێکی زۆر ئەرێنییە،" بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی زیاتر بدات. ترەمپ لە لێدوانەکانی ئۆفیسی ئۆڤاڵدا، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خۆی ڕاسپارد کە "هەموو لایەک ئاگادار بکاتەوە". ڕوبیۆ ئەم تێگەیشتنەی بە "پێشکەوتنێکی گرنگ" وەسف کردووە. ڕوبیۆ دەڵێت: ئەمە هەمیشە پرسێکی ئازادی کەشتیوانی بووە. "ئەمە کەسانێک بوون کە بە چەکی ئاڵۆز چەکدار بوون و هەڕەشەیان لە کەشتیوانی جیهانی دەکرد، ئەرکەکەش ئەوە بوو کە وەستاندنی ئەوە بوو. ئەگەر بڕیارە بوەستێنن، دەتوانین بیانوەستێنین. پێموایە ئەوە پێشهاتێکی گرنگە."
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەکۆشکى سپى وەڵامێکى توندى قسەیەکى ترەمپى دایەوەو لەبەردەم ڕۆژنامەنوسان راستەوخۆ وتی، "کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە." رۆژی سێشەممە 6ی ئاداری 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کۆبووەوە و پێش کۆبوونەوەکە، ترەمپ دەربارەی چەندین پرسی گەرمی جیهان قسەی کرد. لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لەگەڵ کەنەدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئەگەر کەنەدا ببێتە 51ـەمین ویلایەتی ئەمریکا، ئەوا هاوسەرگیرییەکی نایاب دەبێت. ترەمپ لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا لە داهاتوودا هەرچۆنێک بێت، "ئەو حەز دەکات" رێککەوتنێکی نوێی بازرگانییان هەبێت، "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا خاڵە سەختەکان تاوتوێ دەکەم." مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی نوێی کەنەدا کەیەکەمجارە لەگەڵ ترەمپ وتووێژدەکات، وتى: کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە هەرگیزیش بۆ فرۆشتن نابێت. رۆژی 01ـی شوباتی 2025، ترەمپ لە فەرمانێکدا 25٪ پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی کەنەدا و مەکسیک و 10٪ی پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی چیندا سەپاند. کارنی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی نیساندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردندا ئەوەى دووپاتدەکردەوە کە وڵاتەکەی هەرگیز نابێتە بەشێک لە ئەمریکا؛ بەڵێنیش دەدات دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بوەستێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند، حوسییەکان تەسلیمبوون و ئەوان هێرشەکانیان لە دەریادا ڕادەگرن، هێرشەکانى سوپاى ئەمریکاش بۆ سەر یەمەن ڕادەگیرێت. ئێوارەى ئەمرۆ ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت: حوسیەکان نایانەوێت شەڕ بکەن، داوایان لێکردووین هێرشەکان رابگرین ئێمەش ڕێز لەوە دەگرین. ئێمە بۆردومانەکان ڕادەگرین، بەڵام بەمەرجى خۆڕادەستکردن. ئەو وتیشى: ئەو گرووپە یاخیبووە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناوچەکە ڕادەگرن، ئێمەش بۆردومانەکان بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر دەستبەجێ دەوستێنین. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. هەر ئەمڕۆ سێشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعباین لە یەمەن کردە ئامانج. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن ئەنجامداوە. ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە تەرمیناڵی سەرنشینانی فڕۆکەخانەی سەنعا و هەموو فڕۆکەکانی ناوەوەی کراونەتە ئامانج و فڕۆکەخانەکە بە تەواوی داخراوەو وێرانبووە. حوسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل و هاودەنگی لەگەڵ فەلەستینییەکان کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانج. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایار یاخود هەینی 9ی ئایار و پێش سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "راگەیێندراوێکی زۆر گرنگم دەبێت، کە لەبارەی بابەتێکی زۆر گرنگە و یەکێک دەبێت لەو راگەیێندراوانەی چەندین ساڵە شتی وا نەبووبێت لەبارەی بابەتێکی دیاریکراو."
شاندێكی حكوومهتی سووریا سهردانی هێزهكانی سووریای دیموكراتی كردووه و جێبهجێكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان سهرۆكی سووریا و فهرماندهی ههسهدهیان تاوتوێ كردووه. میدیاكانی سووریا بڵاویان كردهوه، شاندێكی حكوومهتی سووریا سهردانی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده)ـیان له كێڵگهی كۆنیكۆ له ڕیفی دێرهزوور كردووه و ههردوولا جێبهجێكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان ئهحمهد شهرع، سهرۆكی نوێی كۆماری سووریا و مهزڵووم عهبدی، فهرماندهی ههسهدهیان تاوتوێ كردووه، چهند سهرچاوهیهك لهم بارهوه گوتوویانه، دوێنێ دووشهممه، ئەو کۆبوونەوەیە کراوەو ههوڵێكی زۆر لهلایهن وڵاتانی ههرێمی و نێودهوڵهتیی ههیه بۆ بهردهوامی گفتوگۆكان و تهواوكردنی ڕێككهوتننامهی نێوان شهرع و عهبدی بهتایبهتی دوای ئاڵۆزییهكانی ئهم دواییه. سهرچاوهكان ئاماژهیان بهوهش كردووه، ههردوولا له كۆبوونهوهی نێوانیاندغا جێبهجێكردنی ڕێككهوتنی بهنداوی تشرینیان به پێویست زانی و جهختیشیان لهوه كردووهتهوه كه له ههموو جۆره ململانێیهكی سهربازیی دوور بخرێتهوه. ئهو سهرچاوانه ڕهتیشیان كردووهتهوه، ههردوو بنكهی سهربازیی عومهر و كۆنیكۆ ڕادهستی حكوومهتی سووریا كرابن، بهڵكوو ئێستا جهخت لهسهر جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكهی نێوان شهرع و عهبدی دهكرێتهوه. شەممە، 12ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی سووریا، مەزڵووم عەبدی و حوسێن سەلام، نوێنەری حکوومەتی نوێی سووریا بۆ دووەمجار لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆ بوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لهبارهوه کرا کە لە 10ـی ئاداری ئەمساڵ واژۆ کرا، جەختیش لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین کرایەوە.
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغداد. سەباح سوبحی؛ ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، وتى: ئەمرۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و نوێنەری ئەپیکۆر لە وەزارەتی نەوتی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو شاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری نەوت لە 20ـی نیسانی 2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کراوە و بۆچوونی ئەوان لەسەر پرسەکە وەرگیراوە. هاوکات لە 27ـی نیساندا کۆمەڵەى پیشەسازیى نەوتى کوردستان "ئەپیکور"، لە راگەیەندراوێکیدا، جەختی لە دوو مەرجەکەى کردەوە بۆ ئەوەى "دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بکاتەوە" هاوکات شکستى هەوڵەکانیشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن راگەیاند. ئەپیکور راشیگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکى بنەڕەتیی تایبەت بە دڵنیاییدان لە پێدانى پارەى کۆمپانیاکان نەبووە و هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسى پێدانەوەى قەرزى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى بوارى نەوت دا نییە. ئاماژەى بەوەشکردووە، نوێنەرانى کۆمپانیاکانى ئەندام لە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانى دیکەى بوارى نەوت بەشدارییان لە کۆبوونەوەى 20ـى نیسان لەگەڵ حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کردووە. ئەپیکور پێویستیى دڵنیاییەک لەلایەن حکومەتى عێراق لە جێبەجێکردنى یاساى بودجەى عێراق دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەرى پرسەکە لەلایەن ئەپیکور و حکومەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە کراون، وەکو پێشنیازى شێوازى کارکردنى راوێژکارى نێودەوڵەتى، کە لەگەڵ یاساى بودجە و گرێبەستى کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان چوونیەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە. باسیلەوەشکرد، حکومەتى عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریى نەوتى عێراق_تورکیا دەکاتەوە، بەڵام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاڕاستە سنووردار و بێبەرهەم بوون. ئەپیکور داواى چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک کە سوودى هاوبەشى هەبێت. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور چەندینجار چارەسەریان بۆ پرسەکە پێشنیازکردووە، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق و گرێبەستەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، شەرعی و یاسایی بوون.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیا لە شەڕدایە. ئەم هێزانە جارێکی دیکە لەژێر ئاڵای نازیزمدا یەکیانگرتووەو پشتیوانییان لە ڕژێمەکەى ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ئۆکرانیا دەکەن. لە میانی مەراسیمی تاجە گوڵینەدان لەوەزارەتی دەرەوە، ئەمرۆ سی شەممە سێرگی لاڤرۆڤ وتى: ئێستا ئەوروپییەکانیش لە ژێر ئاڵای نازییەکان لە دژی ئێمە یەکگرتوو بوون و بە مانای وشەیی وشەکە، پشتگیری لە ڕژێمی ڕەگەزپەرست و دژە ڕووسیی زێلێنسکی دەکەن. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، وەک لە ئۆپەراسیۆنی بیرنەکراوەدا (پلانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر یەکێتی سۆڤیەت لەسەر فەرمانی وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤٥)دا ڕوویدا، لە ئێستادا هەڕەشەی شکست لە ڕووسیا دەکەن. جەنگی ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. لە کانوونی دووەمی ئە م ساڵەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە، بەڵام جگە لە دوو ئاگربەستی کورتی و ئامانجدار نەبوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام ئەو بەڵێنەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دای و رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، دەرکەوت کە خەیاڵە.
پنتاگۆن دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەفسەرانی باڵای ئەمریکی لە سوپای ئەمریکا بۆ 20%. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی بۆ کەمکردنەوەی سەربازان و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەهێزکردنی سوپاکەی، فەرمانی داوە ژمارەی ئەفسەرانی پلەبەرزی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە. سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی یاداشتێکی وەزارەرتی بەرگریی ئەمەریکای بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا پیتی هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی کردووە %20ـی ئەفسەرانی پلە چوار و ئەدمیراڵەکانی هێزەکانی وڵاتەکەی دەر بکات. بە گوێرەی یاداشتەکە، ئەو فەرمانە %10ـی ئەفسەرانی پلە نزم و %20ـی ئەفسەرانی نەتەوەییش دەگرێتەوە. لە یاداشتەکە هاتووە، مەبەست لەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەفسەرانی ناپێویست و بەتواناکردنی سەرکردایەتیی سوپاکەیانە. ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی فەرمانبەرانی و ئەفسەرانەی ئەمەریکا دێت. هاوکات، پیتی هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ڤیدیۆیی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی دۆنالد ترەمپ بە دروشمی 'بەدەستهێنانی ئاشتیی لە ڕێگەی بەهێز کردنی سوپاوە' ئەو چاکسازییە لە سوپای ئەمەریکا دەکرێت. هەروەها گوتیشی: لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، 12 ملیۆن سەربازمان هەبوو کە تەنیا 17ـەیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەبوو، بەڵام ئێستا دوو ملیۆن و سەد هەزار سەربازمان هەیە کە 44ـیان پلەی جەنەراڵی چوار ئەستێرەییان هەیە. وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، زۆری ژمارەی جەنەراڵ مانای ئەوە نییە سەرکەوتنی زۆر بەدەست بهێنین. پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ژمارەی ئەفسەرە پلە باڵاکانی دیکەی وەکوو فەرماندەکانی هێزی دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکان، سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی، ئەدمیراڵی هێزەکانی دەریایی هاوکار لەگەڵ ناتۆ و سێ پارێزەری باڵای سەربازی دوور خستووەتەوە.
دەستەی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەسەر ناوچە و شارەکانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە. سادق عەتیە، لە بەشی پێشبینی کەشوهەوای دەستەی گشتی کەشناسیی عێراق لە پۆستێکدا بڵاوی کردووەتەوە "کاریگەریی ئەو کەشوهەوایەی ناوچەکانی ئێمەی گرتووەتەوە، کاریگەرییەکانی کۆتاییان هاتووە و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەرچەندە هەندێک ناوچە لە هەرێمی کوردستان هێشتا کاریگەریی هەور و بارانی لەسەرە، ئەمە جگە لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە خۆڵ و تۆزەی کە دوێنێ ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، پێشبینی دەکرێت وردە وردە کەم ببێتەوە." سادق عەتیە گوتیشی: پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما وردە وردە کەشوهەوا ئاسایی بێتەوە. لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ هەموو ناوچە و شارەکانی عێراقی گرتەوە و کە توانای بینینی کەم کردبووەوە و پلەکانی گەرماش بەرزببونەوە و دەیان کەس بەهۆی تۆزوخۆڵەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و چارە کراون. هاوکات بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە، دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و 207 هاووڵاتی لە شاری کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لە عێراقیش بەهەمان هۆکار زیاتر لە 700 کەس براونەتە نەخۆشخانەکان. بەگوتەی شارەزایەکی کەشناسیش، کەمی دابارین هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینە، پێشبینیشدەکرێت تاوەکو مانگی حەوت شەپۆلی خۆڵبارین بەشێوەی پچڕ پچر بەردەوامبێت.
سەرجەم ئەو کاردیناڵانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکەن، گەیشتنە رۆما و سبەینێ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا پاپای نوێ هەڵدەبژێرن. سبەینێ لە کڵێسای سیستین بە بەشداری 133 کەسایەتی باڵای کاسۆلیکی کە بە کۆلێژی کاردیناڵەکان ناسراوە، شوێنگرەوەی پاپا فرانسیس دیاریدەکەن، کە 21ـی مانگی رابردوو لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. کاردیناڵ ژان پۆڵ ڤێسکۆ، سەرۆکی قەشەکانی جەزائیر رایگەیاند، کەشێكی ئەرێنی لەنێوان کاردیناڵەکان هەیە و دڵنییان لەوەی پاپایەکی باش هەڵدەبژێرن. کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، کەسایەتی دووەمی ڤاتیکان لە دیارترین کاندیدەکانە بۆ شوێنگرتنەوەی پاپا فرانسیس، هەروەها 10 کەسی دیکە بۆ بوون بە پاپا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. لە کۆبوونەوە داخراوەکەدا هەڵبژاردن بۆ پاپی نوێ ئەنجام دەدرێت و هەر کاندیدێک بۆ سەرکەوتن پێویست بە دوو لەسەر سێی دەنگی کاردیناڵەکان هەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت 89 دەنگ مسۆگەر بکات ئەوکات دەبێت بە پاپای کاسۆلیکی کە زیاتر لە 1.4 ملیار پەیڕەوکاری هەیە. لەحاڵەتی ئەوەی هیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، پرۆسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک یاخود رەنگە زیاتری پێ بچێت، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ کاردیناڵەکان لەناو خۆیان چەند رای جیاوازیان هەیە و ناکۆکن لە هەڵبژاردنی پاپی نوێ. هەر رۆژێک کۆبوونەوە نهێنییەکە دەتوانێت چوار خولی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت و ئەگەر تا خولی 33 هیچ کەس هەڵنەبژێردرا، ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان کۆکردووەتەوە دەستنیشاندەکرێن بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتوو و ئەوکات هەڵبژاردن تەنها لەنێوان ئەو دووانە دەکرێت.
ماڵپەری "ئاکسیۆس"ی ئەمریكی، لەزاری ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بڵاویكردووەتەوە، واشنتۆن هەوڵدەدات لەم هەفتەیەدا خولی چوارەمی دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکبخات. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، بە پەیامنێری ئەکسیۆسی راگەیاندووە، لە دانوستانەکاندا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، جەختیشیکردووە، سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بە شێوەیەکی دیپلۆماسی چارەسەری ئەم کێشەیە بکات ئەگەر بكرێت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ ئێران. تائێستا سێ خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عێراقچى و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف نێردراوى ترەمپ لە ١٢ی نیسانەوە ئەنجام دراوە: دوو دانوستان لە مەسقەت و یەک لە ڕۆما. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی دانوستان لەگەڵ ئێران ڕێگریکردنە لە هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمی، عەباس عێراقچى وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە. لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی ئێکس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە،عەباس عێراقچی ڕایگەیاندووە، "ئەگەر ئامانجەکە وەک ترەمپ وتی، وڵاتەکەمان خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەگەری هەیە". وەزیری دەرەوەی ئێران هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد هەوڵی ڕاکێشانی ئیدارەی ئەمریکا دەداتە ناو کارەساتێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
سوپای ئیسرائیل سەبارەت بەو هێرشانەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، کردییە سەر بەندەری حودەیدە لە دەوروبەری یەمەن بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر حووسییەکانی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە. ئاماژە بەوەش کراوە، سوپا، ژێرخانی حووسییەکانی لە ناوچە کەنارەکانی یەمەن بۆمباران کرد. بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشە دووبارەکانی حووسییەکانە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل کە بریتی بوون لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو خاکی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە. سوپای ئیسرائیل ئەو بەندەرەی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ حووسییەکان زانی، بەو پێیەی بەندەرەکە بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی و کەرەستەی سەربازی و پێداویستی سەربازیی بەکاردێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کارگەی چیمەنتۆی باجیل لە ڕۆژهەڵاتی حودەیدەش بۆمباران کراوە، وەک دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئابووری بۆ حووسییەکان کاری دەکرد، هەروەها بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی بۆ حووسییەکان بەکاردێت. گوتیشی: حووسیییەکان لە ماوەی ساڵ و نیوێکی ڕابردوودا، بە ڕێنمایی و بودجەی ئێران، بۆ لێدانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی و تێکدانی ناوچەکە و تێکدانی ئازادیی کەشتیوانی جیهانی کاردەکات. دەشڵێت: ئیسرائیل سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە مامەڵەکردنی زۆرەملێ دژی هەر هەڕەشەیەک، بۆ سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل، لە هەر مەودایەکی پێویستدا.