ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە دەربارەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و دەستوەردانی گەریلا بۆ وەستاندنی هێرشەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە: "هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک: ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شەهید شەریف و لۆلان ٢ جار، لە هەرێمی گارە لە گۆڕەپانەکانی دێ ڕەشە و شەهید ئاسڵان و هەفەتباغ و خێرێ ٥ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی ١ جار، بەگشتی ٨ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. ٤ ی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار ٩ جار بە هەلیکۆپتەر بۆردوومان کرا. ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک، لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرێ زینێ، لۆلان، گۆشین و سینین ٤٣ جار؛ لە هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی سێدارێ و گردی زەنگل و گردی ڕەشید و گرگەشێ و سپیندارێ و مژێ و هەفتەباغ و سیسەر ١٩١ جار؛ لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەڵێ و سەری مەتینا ١٢٦ جار؛ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی و چیای بەهار ٤٥١ جار: بەگشتی ٨١١ جار بە تۆپ و چەکی قورس تۆپباران کران. لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ: ٥ ی ئادار، کاتژمێر ١١:٠٦ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، کامێرایەکی مۆبیسی داگیرکەران تێکشکێنرا. لە هەرێمی مەتینا: ٤ ی ئادار، کاتژمێر ١٢:٣٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا لە بەرامبەر بانگەوازی تەسلیمبوونی داگیرکەران کە ڕوویانکردبووە تونێلەکانی شەڕی ئێمە، هێزەکانی یەژاستارمان وەڵامیان دایەوە. لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، لە هەرێمی گارە لە قەڵای سەدام و باکرمانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەن، فڕۆکەی سیخووڕی بچوک هەڵدەدرێن و بە شەو و ڕۆژ سیخووڕی لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا دەکەن. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەم کارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان دەکەن. دەبێت ئەم کارە بوەستێنرێت کە سەلامەتی هێزەکانمان دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە کە فڕۆکەکان لێیەوە ڕەوانە دەکرێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت".
حکومەتی عێراق بەنیازە نەوتی بەسرە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن. حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "بەمنزیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کارادەکرێت و ئەگەری زیادکردنی نەوتیش لە نەوتی بەسرە لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەیە." وەزیری نەوتی عێراق ئەو قسانەی لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی-تورکی کرد، کە ئەمڕۆ کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق. وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. بە پێویستیشی زانی؛ دۆسیەی ئاو کرا بکرێت بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات لە بەدەستهێنانی بەشێکی دادپەروەرانەی ئاو. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا، کە لە کارنامەی کاردا هاتوون و تایبەتن بە لیژنە لاوەکییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە و نەوت، پەروەردە، دەروازە سنوورییەکان و پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆسیەی وەرزش و لاوان. کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی؛ گرنگە پێداویستییە تەکنیکییەکانی لیژنەکان تەواو بکرێن، لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ لایەنی تورکی کارا بکرێن بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات.
سبەینێ دوا وادەی ئەو رێگەپێدانەیە کە دەرفەت بە عێراق دراوە غازی ئێران هاوردە بکات بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، لە ئەگەری رێگەپێنەدانی ئەمەریکا بۆ تازەکردنەوەی ئەو گرێبەستە، عێراق روبەڕووی قەیرانێکی گەورەی غازو کارەبا دەبێتەوە. سایتی (ریل کلیەر ئینێرجی) ئەمەریکی تایبەتمەند بە کەرتی ووزە بڵاوی کردەوە: رۆژی 7ی ئازار، گرێبەستی کڕینی غازی ئێران بۆ دابینکردنی کارەبای عێراق کۆتایی دێت و ئیدارەی نوێی ترەمپ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، بۆ ئەوەی عێراق لە کۆتی وزەی ئێران رزگاربکات، لە هەمانکاتدا، قەیرانی غاز و کارەبا لە عێراق سەر هەڵدەدات ئەگەر بەزووی فریای خۆی نەکەوێت و دەرچەیەک نەدۆزێتەوە. ئەو دەرفەتە 120 رۆژییەی ئیدارەی بایدن لە کۆتایی دەسەڵاتیدا بە عێراقیدا بۆ بەدەرکردنی لە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران بۆ کڕینی کارەبا و غاز بۆ وێستگەگانی بەرهەمهێنانی کارەبا سبەینێ هەینی کۆتایی دێت، ئیدارەی ترەمپیش نیەتی ئەوەی نییە جارێکی دیکە ئەو دەرفەتە بداتەوە بە عێراق بۆ کڕینی کارەبا و غاز، ئەوەش بەپێی یاداشتی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تایبەت بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە 4ـی شوباتی ئەمساڵ ئیمزای کرد بۆ ئەوپەڕی فشارخستنە سەر ئێران. ئەمەریکا پێیوایە، بە نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی نێوان ئێران و عێراق بۆ کڕینی کارەبا و غاز، عێراق سەربەخۆیی زیاتر لە رووی وزە و کارەباوە بەدەستدەهێنێت، کە زۆر پشت بە ئێران دەبەستێت و ناچاری دەکات بۆ هاوینی 2025 لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت یان دەرچەی دیکە بدۆزێتەوە. هەروەها ئامانجێکی دیکەی ئەمەریکاش بەدەستدێت، کە دەیەوێت هەموو سەرچاوەکانی پارەدارکردنی ئێران وشک بکات، کە عێراق دەروازەیەکی سەرەکیی ئێران بۆ ساغکردنەوەی سوتەمەنی و هەناردەکردنی بەشێکی زۆری سوتەمەنییەکەی بۆ ئەو وڵاتە بەناوی دابینکردنی غازەوە، بەوەش دۆلارێکی باشی دەستدەکەوێت، کە بەپێی سزاکانی ئەمەریکا، قەدەغەیە ئێران لە هیچ سەرچاوەیەکەوە دەستی بە دۆلار و سەرچاوەی داهات بگات. راپۆرتی سایتە ئەمەریکییەکە نوسیویەتی: بەشێکی زۆری باڵ و لایەنگرانی ئێران، بەتایبەتی حەماس و حیزبوڵڵا و رژێمی ئەسەد کە لایەنگری ئێران بوون و هەژمونی بەسەریاندا هەبوو، لەناوچوون یان بە تەواوەتی لاواز بوون، بە بڕینی باڵەکەی عێراقیشی، ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لاواز دەبێت، عێراقییەکانیش چاوەڕوانی سیاسەتی ئەمەریکان بەرامبەر بە وڵاتەکەیان، کە لەماوەی نزیکەی 85 رۆژی سەرۆکایەتی تائێستا هیچی روون نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت توندبێت و جیاوازبێت لە سەردەمی بایدن و تەنانەت ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپیش. شارەزایان پێیانوایە فشارەکانی سەر عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو نییە، چونکە بەوهۆیەوە عێراق 40%ی وزەی کارەبای بۆ ئەم هاوینە لەدەست دەدات و ناشتوانێت دەستوبرد ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات و جێگرەوەی کارەبا و غازی ئێران بۆ ئەم هاوینە دابین بکات. ئەو سزا ئابووریانەی کە چاوەڕوان دەکرێت، ئەمەریکا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر عێراق دەردەکەوێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەو سزایانە لە هاوینی گەرمی ئەمساڵدا عێراق بێکارەبا بکات و گەرما تاقەت پڕوکێنەکەی بیسوتێنێت.
کۆمپانیایەک لە باشماخ و پەروێزخان دادەنرێت هەر گەشتیارێک بچێتە ئێران 15 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بڕیارە کۆمپانیایەکی تایبەت لە هەر سێ دەروازەی سنووری باشماخ و پەروێزخان و کێلێ دابنرێت، کاری ئەو کۆمپانیایە وەرگرتنی بڕی 15 هەزار دینار دەبێت، لە هەر گەشتیارێک، کە سەردانی ئێران دەکات. بەپێى بەدواداچوون و زانیاریەکان لە هەرسێ دەروازەکە دەرکەوت کۆمپانیاکە کابینەی کارکردنی داناوە، بەڵام جارێ دەستبەکار نەبووە و چاوەڕێیە وەرزی گەشتیاری دەستپێبکات، واتە پێش پشووەکانی جەژنی نەورۆز کۆمپانیا دەستبەکاردەکات، چونکە چاوەڕیدەکرێت بۆ پشووەکانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئێران بکات. دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەڵێن هیچ کۆمپانیایەک بۆ وەرگرتنی ئەوە پارەیە نەهاتووەتەوە دەروازەکەى ئێمە، تەنها لەو دەروازانە جێبەجێ دەکرێت، کە لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیدان. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، هەوڵێک هەیە ئەم پرۆژەیە فڕۆکەخانەکانیش بگرێتەوە، پێدەچێ عێراقیش هەمان هەنگاو بگرێتەبەر، بەڵام لەناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى پرۆژەکە رەتکراوەتەوە، چونکە بە پرۆژەى یەکێتى دەزانن و نایانەوێ بچنە ژێر بارى کارێک کە یەکێتى پێی هەستاوە، ئەو کۆمپانیایەش کە پرۆژەکەى وەرگرتووە حزبییە.
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزە زانى، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆو سبەینێش باران نابارێت و لەسبەینێشەوە پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 06- 03- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتى لەنێوان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 05 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت. سبەی هەینی07- 03- 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 05 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باکوورى خۆرهەڵات بۆ باشووری خۆرهەڵات دەگۆڕێت . پلەکانی گەرما / بەرز دەبێتەوە بە ( 3 – 4 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 23 پلەی سیلیزی سلێمانی : 21 پلەی سیلیزی دهۆک : 22 پلەی سیلیزی کەرکوک : 25 پلەی سیلیزی زاخۆ : 22 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی سۆران : 18 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 23 پلەی سیلیزی
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دواین هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی حەماس تاوەکو غەزە بەجێبهێڵن و سەرجەم بارمتەکانیش بەزوویی ئازادبکەن. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بە ناوی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بۆ حەماس بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، “سڵاو یاخود ماڵئاوا حەماس، خۆتان هەڵیبژێرن، هەر ئێستا تەواوی بارمتەکان ئازادبکەن نەوەک دواتر، بەخێرایی تەرمی هەموو ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە کوشتوتانن، ئەگینا کۆتاییتان پێدێت.” ترەمپ دەڵێت: تەنها کەسانی نەخۆش تەرم لەلای خۆیان دەهێڵنەوە، ئێوەش نەخۆشن، ئیسرائیل هەرچییەکی پێویستبێت بۆ تەواوکردنی ئەم کارە بۆی دەنێرین، ئەگەر ئەوەی دەیڵێم نەیکەن، یەک ئەندامی حەماس بە پارێزراوی نامێنێتەوە. دوێنێ چوارشەممە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد ئەمریکا راستەوخۆ دانوستانی لەگەڵ حەماس دەستپێکردووە لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان، بەتایبەتی ئەو بارمتانەی ئەمریکین. ئەمە یەکمجارە ئەمریکا ئەو کارە دەکات و دوای راپۆرتەکەی ئەکسیۆسیش، کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە دانوستانی راستەوخۆ لەنێوان ئادام بۆیڵەر، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان و بەرپرسانی حەماس روویداوە. لەو 251 بارمتەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیریکردن، هێشتا 58 کەسیان لە غەزە ماون و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، لەنێو بارمتەکاندا پێنج هاووڵاتی ئەمریکی هەن کە تەنها یەکێکیان زیندووە. لە پەیامەکەیدا ترەمپ کۆتا ئاگادارکردنەوە بە حەماس و خەڵکی غەزە دەدات و دەڵێت، “ئەمە ئاگادارکردنەوەی کۆتاییە و ئێستا کاتی بەجێهێشتنی غەزەیە، بۆ هەموو هاووڵاتییانی غەزە، ئێوە داهاتوویەکی جوان چاوەڕێتانە، بەڵام ئەگەر بارمتەکان لای خۆتان بهێڵنەوە، ئەو داهاتووەتان نابێت و دەمرن و دۆزەخێک دێتەئاراوە دەبێت باجەکەی بدەن.”
عەلى حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست، ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە پارێزەرەکان بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە، تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سەیریان داوەتە پاڵی. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕۆژى 11-02-2025 لەڕاگەیەندراوێکیاندا، دەڵێن: چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیانداوە، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پۆلیسى هەولێر ئەوەش دەخەنەڕوو: هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان بەناوى ئادەم عوسمان دەستگیر کراوە. لەسەر پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک، عەلى حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کورردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى نوسینەکەیدا، دەڵێت: ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە. دەقى نوسینەکە. هەرچەندە پارێزەرەکان(بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین) و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە. تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سیر داوەتە پاڵی! ڕۆژی ٩ی ٢.. کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بوو، ویستیان بێنە هەولێر.. کاک ئادەم لەگەڵ ئێمەدا بوەو شۆفێربوە، گوایە ئێمە ڤیدۆیەکمان تۆمارکردوە! دواتر کەناڵێکی عەرەبی بڵاوی کردوەتەوە! ڤیدۆکە بچوکترین سەرپێچی یاسایی تێدانیە! ئەو شوێنەش قەدەغەنیە! ڤیدۆکەش پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو! بۆ خاوەنداری ڤیدۆکەش کەناڵی KNN، ڕایگەیاند: ڤیدۆکە ڤیدۆیەکی ئاساییەو ئەوان تۆماریان کردوەو هیچ سەرپێچیەکی یاسایی تێدانیە. ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە.
وەزارەتی دارایی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان، دەڵێن ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە پارە بنێردرێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆش مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغدا نەنێردرا، ئەمە لەکاتێدایە کە هەشت ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کار لەسەر وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو دەکەن. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی لە بەغدایە بە ئاڤا میدیایان ڕاگەیاند، ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە بەغدا پارەی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەنێردرا، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. لەبارەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە و دابەشکردنی، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەکردن و ڕاگەیاندنی لیست کاتێکی کەمی دەوێت، ئەگەر سبەی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێ و شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام ئەگەر سبەش پارە نەنێردرێت، ناردنی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، واتە 9ی مانگ. لەبارەی درەنگ ناردنی مووچەی مانگی دووش کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، ڕێککەوتنەکە وایە ئەبێ مووچەی مانگی دوو لە مانگی دوو بنێردرێت، واتا نابێت مووچەی مانگێک بکەوێتە مانگێکی تر. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق وتى: هۆکارەکەی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی کوردستان بوو، درەنگ لیستی مووچەی مانگی دوویان بۆ ناردین، ڕۆژی 26ی مانگ لیست نێردراوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مانگە 28 ڕۆژ بوو، واتە تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئەوەی مانگ تەواو بێت، چونکە ڕێککارەکانی وردبینیکردن لە لیستی مووچە وەکو خۆیان ماون، هەمان ئەو ڕێکارانەی پێشتر دەکران هەر ماون.
عەبدولڕەزاق ئەلخەتیب، سەرکردە لە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆى شارۆچکەى درعاى باشوری سوریا ڕایگەیاند، تا ئێستاش پێکدادانەکان لەگەڵ گروپێکی چەکداری دەرەوەی یاسا لە گەڕەکی باشووری ڕۆژئاوای شاری ئەلسەنمەین لە لادێکانی باکوری دارا چڕن. ئەلخەتیب لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکان لە شاری ئەلسەنمەین ڕوویداوە و لە ئەنجامدا بریندار و گیانلەدەستدانی هەردوو لایەن و هاوڵاتی مەدەنی ڕوویداوە. ئەلخەتیب دەشڵێت: دوابەدوای ئەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئامادەبوو لە شارەکە دەستبەجێ دەستوەردانیان کرد و خاڵی پشکنینیان لەناو شارەکەدا جێگیرکرد و یەکێک لە خاڵەکانیش بەر تەقەی ڕاستەوخۆ کەوت، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێکی ئاسایشی ناوخۆ. ئەو سەرکردەیەی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە "هێزە سەربازییەکانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە دەوروبەری شارەکە، بۆ هەڵکوتانە سەر بوونی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا".
بەرەی گەل ڕاگەیەنراوێکى بە بۆنەى ساڵیادى ڕاپەرینەوە بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. هەروەها هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە هاونیشتمانیانی خۆشەویست کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان... ئەمرۆ ٣٤ ساڵ تێدەپەرێ بەسەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەباشووری کوردستان. ئەو راپەرینەی کەبۆ یەکەم جار لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا توانی دەسەڵاتی داگیرکاری و دیکتاتۆری ، حوکمی ملهوڕی و تاکرەوی رابماڵێت و ماناکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ مرۆڤی کورد بگەرێنێتەوە. لەم روانگەوە، ئەگەر راپەرین سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان کەتیایدا پایەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لەپەرلەمان و دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکردنی خستبێتە قاڵبی یاسایی و دەستووری و سەرەتای دانپێدانانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بێت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان. ئەوا ئێستا بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە. حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ، لەدزینی دەنگی گەل ، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە ، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت. بەرزو پیرۆز بێت رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان. بەرەی گەل
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو دانیشتنەی بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی و دواتریش لەکارلابردنی رێكخرا، بە نادروست و پێشێلکردنی یاساکان ناودەبات. ئەمڕۆ، ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەى دەنگ “ئەحمەد حاسوود”ـی لە سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەتۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی دوورخستەوە، لەبەرامبەریشدا حاسوود تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی رەتدەکاتەوە. دوای بڕیارەکە، هاوپەیمانی (پەیمانی نیشتمانی) بەیاننامەیەکی بڵاوكردەوەو، تیادا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد حاسود، جەختدەكات، ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی دانیشتنی لێپرسینەوەوە روویدا، پێشێلکردنی بڕگەکانی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی (٢٠٠٨) هەموار کراو بووە، هەروەها مادەی(٣٠)ی پەیڕەوی ناوخۆ، کە بە روونی دیاری کراوەو دەبێت پرسیارەکان حەوت رۆژ پێش بەرواری دانیشتنەکە، بگاتە دەستی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکراوە، پرسیارەکانی پەیوەست بە لێپرسینەوە لەماوەی یاسایدا نەگەیشتونەتە بەردەم وەڵامدەرەوە، ئەوەش وا دەکات ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر پێشێلكاری یاسایى بن لەرووی فۆرم و بابەتیەوە. ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەكات، بەو پێیە هەر بڕیارێک یان رێکارێک لەو دانیشتنە دەربچێت، لە رووی یاساییەوە بە نادروست دادەنرێت، هەموو هەنگاوێكی یاسایش دەگرنەبەر بۆ زامنكردنی رێزگرتن لە یاسا و رێسا بەركارەكان.
ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران نیشاندا، لەئەگەرى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و مۆسکۆ لەم دواییانەدا نزیکبوونەوە بە شێوەیەکی نافەرمی. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی کردووە کە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بکات سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی و پرسەکانی دیکەی ئەمنی وەکو وەکیلەکانی ناوچەکە، بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین لە 12ی شوباتدا ئەو بیرۆکەیەی وروژاندووە. پاشان جارێکی دیکە بابەتەکە هاتە ئاراوە کاتێک مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ١٨ی شوبات لە سعودیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا کۆبوونەوە. دواتر لاڤرۆڤ سەفەری ئێرانی کرد و دەگوترێ لەوێدا عەباس ئاراغچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی سەبارەت بە گفتوگۆ ئەگەرییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاگادار کردۆتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینەوە هاتووە کە “پێویستە ئەمریکا و ئێران هەموو کێشەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن”، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مۆسکۆ “ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە”. دانوستانەکان بە نێوەندگیری ڕووسیا حەوت ساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە خولی یەکەمی ترەمپدا تێدەپەڕێت. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵدەدات سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی خۆی بەسەر تاراندا زیندوو بکاتەوە لە ڕێگەی سەپاندنی قورسی سزاکان و هەڕەشە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە نوێکراوەکانی بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کردووە. بەڵام ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران تا ئێستا بە ئاشکرا دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دەرفەتێک لەگەڵ ڕووسیا – هاوپەیمانی تاران – چونکە نێوەندگیری دەتوانێت ئەو هەڵوێستە بگۆڕێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە وەڵامی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار کە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کردبوو دەبێت تەواوی درێژکراوەکانی پەکەکە لە سوریا و عێراق جا بە هەر ناوێکەوە بن خۆیان هەڵبوەشێننەوە، دەڵێت: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستی پێکردووە. هاتیمئۆغوڵڵاری لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئیدارەی خۆسەریش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا باسی یەپەگە و هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری نەکراوە. هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە نایەوێت لەمبارەیەوە لێدوان بدات و دەڵێت: "ناتوانین لەوبارەیەوە بدوێین. لە ئەگەری هاتنەدی ئاشتیدا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت، دەبێتە مۆدێل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. گۆڕانکاری لە سوریا ڕووی داوە و کێشەی جدی دروست بوون. ئەگەر تورکیا هەنگاوێکی باش بنێت، کاریگەری دەکاتە سەر سوریایش. پرسی هەسەدە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و لە تێکستەکەی ئۆجەلان ناوی نەهێندراوە". لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکیشدا کە ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک وا لێکدانەوە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکات کە مەبەستی هەسەدەیشە ئەوەیە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا گوزارەی 'سەرجەم گروپەکان'ی بەکارهێناوە، باکرهان گوتی: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". باکرهان جەختی لەوە کردەوە لە دوایەمین کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان کە چوار کاتژمێری خایاند تەنیا باسی پەکەکەی کردووە و بە هیچ جۆرێک باسی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای نەکردووە، دەڵێت: "پەکەکە ڕێکخراوێکە لە تورکیا و باکوری کوردستان و ئەو باسی لە کێشەیەک کردووە کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە. ئۆجەلان تەنیا باسی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردووە کە خۆی دامەزرێنەریەتی. بەڕێز ئۆجەلان بنکەیەکی جەماوەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردن، کاریگەریش دەکاتە سەر سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕاستیدا بەڕێز سری سورەییا ئۆندەریش ئەوەی گوت". باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای دانانی قەییوم بۆ ژمارەیەک لە شارەوانییەکان و دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان کەچی لەپێناو بە دیموکراسیکردنی تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و دەڵێت: "ئێمە تەنیا دیموکراسیمان بۆ کورد و مافی هاوڵاتیی یەکسانمان بۆ عەلەوییەکان ناوێت. وەک ئەوەی لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا بەدی دەکرێت، ئۆجەلان تەنیا سەرنج ناخاتە سەر ناسنامەی کورد و لە خەمی بە دیموکراسیکردنی تورکیایە بۆ تەواوی هاوڵاتییان". باکرهان جەختی لەوە کردەوە هیچ شتێکی ژێر بە ژێر لەنێوان دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان و دەم پارتی و پەکەکەدا نییە و ئەوەی هەیە ڕای گشتی لێ ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی ئەو زمانە ژەهراوییەی کاربەدەستانی تورکیا بەکار دەهێنن، زیانی زۆر بەو پرۆسە نوێیە دەگەیەنێت. باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بە دەمەوە هاتنی پەکەکە بۆ بانگەوازەکە، هیچ هەنگاوێک لە لایەن حکومەتی تورکیاوە نەنراوە و تائێستاش نازانرێت ئەگەر گەریلاکان چەکیان دانا دەبێت بۆ کوێ بچن و چۆن تێکەڵی کۆمەڵگا دەبنەوە.
سەرۆکی فهرمانگهى دادوەری پارێزگای کوردستان (سنه) ڕایدەگەیەنێت لە مەرزی باشماخى شارى مەریوان لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، توانیویانە نزیکەى ٣٠ کەس بۆ تۆمەتى قاچاخچیەتى سوتەمەنی دەستگیربکەن. ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت سەید حوسێن حوسێنی سەرۆکی دادوەری پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاندوە: بەبڕیارى دادوەرى داواکاری گشتی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پاسەوانانی سنووری شارەکە، و بە هاوکاری کۆمپانیای نەوتی پارێزگاکە، توانیویانە 35 ئۆتۆمبێلی بچوک کە سووتەمەنی بە قاچاخ هەڵدەگرن، بناسنەوەو دەستىیان بەسەردا بگرن لەکاتێکدا دەیانویست سوتەمەنى بگوازنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لەژێر چاودێری ورد و ڕێوشوێنی هەواڵگری، پاسەوانانی سنوور ڕەوانەی شوێنەکە کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، دوای چەندین جارو چاودێری باری قاچاخەکان، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بە بەکارهێنانی تەکنیکی تایبەت. سەرۆکی دادوەری کوردستان، ئەوەشى خستوەتەڕوو لەو هەڵمەتەدا، ٣٠ کەسیان بۆتۆمەتى کارى قاچاخچیەتى سوتەمەنى لەمەرزى باشماخ دەستگیربکەن. بەپێى ئامارەکان لەماوەى 10 مانگی ڕابردوودا، 287 دۆسیەی یاساییان کردوەتەوە بۆ کارى قاچاخى سوتەمەنى، توانیویشیانە یەک ملیۆن و 503 هەزار و 693 لیتر سووتەمەنی قاچاخ بدۆزنەوەو دەستى بەسەردا بگرن لە ماوەی ئەو دە مانگەدا. حوسێنی جەختی لەوە کردەوە: بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، بەتایبەتی قاچاخی سوتەمەنی، بە تایبەتی لە کارنامەی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاکاندایە و ئەم پرسە بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لەڕێگەی چاودێری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی و ڕێکخستنی چاودێری. مانگى ڕابردووش لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو. هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت. بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت. رۆژنامەی ئەمریكییەكە ئەوەشی نوسیوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵدەدات سنورەکانی خۆی بپارێزێت و ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکات، بەڵام کردەوەکانی، ڕێگە خۆش دەکەن بۆ دیدی ئیسرائیل بۆ سوریایەکی فیدراڵی، کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ژێر کۆنترۆڵی دروزەکاندا بەدرێژایی سنوورەکانی دەستەبەربكات. ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ یارمەتیدانی دروزەکان لە باکوری ئیسرائیل، ئەوەش هەنگاوێکە کە شرۆڤەکارانی ئەمنی دەڵێن، بۆ رازیکردنی دروزەكانە تا حكومەتی نوێی سوریا رەتبكەنەوە.