بیلال خەلیفە   - ناوەڕۆكی ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی هەریم و حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ شیكردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی دەستور.   -بڕگەی 112 لە دەستوری عێراقی رونیكردووەتەوە كە حكومەتی فیدڕاڵی بەشدار دەبێت لەگەل حكومەتی هەرێم بەڕێوەبردنی چاڵە نەوتیەكان.   بیلال خەلیفە شارەزای عێراقی لە بواری نەوت رایگەیاند ناوەڕۆكی ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی هەریم و حكومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و غاز دەگەڕێتەوە بۆ شیكردنەوەی هەندێك لە بڕگەكانی دەستور. ئەو شارەزا عێراقیە تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند بڕگەی 110 لە دەستوری عێراقی باسی لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكات و دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵی روندەكاتەوە ، هەروەها بڕگەی 111  دەری دەخات نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە.  وتيشى: بڕگەی 112 لە دەستوری عێراقی رونیكردووەتەوە كە حكومەتی فیدڕاڵی بەشدار دەبێت لەگەل حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگاكان بۆ بەڕێوەبردنی چاڵە نەوتیەكان. رونیشیكردەوە سەبارەت بە ناكۆكی نێوان حكومەتی فیدرٍاڵی حكومەتی و هەرێم لەسەر شیكردنەوەی بڕگەكانی دەستور چارەسەرەكە خۆی لەیەك خاڵدا دەبینێتەوە، ئەویش پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازە . باسی لەوەشكرد دواجار بەپێی دەستور نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقه و حكومەتی فیدڕاڵیش نوێنەرایەتی گەلی عێراق دەكات و كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت سۆمۆ رێگەپێدراوە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە و پێویستە هەموو نەوتی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی سۆمۆدا بێت.

هاوڵاتی -ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت. - پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی دوێنێ.    بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینیكرد، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرماش جێگیرن. بەپێی راگەیەندراوی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت،پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی دوێنێ.  باسی لەوەشكردووە: سبەینێ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەندێ پەڵە هەور. پلەکانی گەرما نزیک دەبێت بە بەراورد لە تۆمارکراوەکانى ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 22 سلێمانی : 21 دهۆک : 22 کەرکوک : 23 هەڵەبجە : 21 زاخۆ :22 سۆران : 21 حاجی ئۆمەران : 13 گەرمیان : 25

هاوڵاتی - بەهۆی رووداوەكەوە پیاوێک و هاوژینەکەی گیانیان لەدەستداوە و هەر چوار منداڵەكانیشیان بریندارن. - شوفێكری ئۆتۆمبێلەكەش گیان لەدەستداوە.   سەرچاوەیەك لە هاتووچۆی كەركوك بە هاوڵاتی راگەیاند بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆ لەسەر رێگای كەركووك-سلێمانی سێ كەس گیانیان لەدەستدا. سەرچاوەكە وتیشی بەهۆی رووداوەكەوە پیاوێک و هاوژینەکەی گیانیان لەدەستداوە کە کوردی خەڵکی خورماتوون و هەر چوار منداڵەكانیشیان بریندارن. رونیشیكردەوە شوفێكری ئۆتۆمبێلەكەش گیان لەدەستداوە كە گەنجێكی كوردە و پێشەرگەی لیوای یەكی پاراستنە لە سلێمانی.

بەرەی گەل - لاهور شێخ جەنگی پڕۆگرامێكی بەدەستەوەیە كە خزمەت بە منداڵان و گەنجانی هەرێمی كوردستان دەكات. - بەشێوەیەكی ئەكادیمی و لەسەر دیزاینی ئەوروپی دروستدەكرێت.   بەرەی گەل رایگەیاند لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل پڕۆژەیەك پێشكەش بە منداڵان و گەنجانی كوردستان دەكات. سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكی بەرەی گەل تایبەت بۆ هاوڵاتی ئاشكراكرد لاهور شێخ جەنگی پڕۆگرامێكی بەدەستەوەیە كە خزمەت بە منداڵان و گەنجانی هەرێمی كوردستان دەكات. وتيشى: پڕۆژەكە خۆی لە دروستكردنی قوتابخانەی تایبەت بە تۆپی پێ‌ دەبینێتەوە لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان. رونیشیكردەوە قوتابخانەكان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و لەسەر دیزاینی ئەوروپی دروستدەكرێت وەكو فێرگەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی ئەشبال و لاوانی كورد. ئاماژەشیكرد مەبەست لە پڕۆژەكەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل تەنها خزمەتكردنی منداڵانی كوردستان و بەرەوپێشچونی وەرزشه لە هەرێمی كوردستان.

هاوڵاتی -ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنی ئێرانی وێرانكردووە. -پێگەكه تایبەت بووە بە توێژینەوە لەسەر چەكی ئەتۆمی.   سایتی ئەكسیۆس ئاشكرایكرد ئیسرائیل پێگەیەكی نهێنی ئێرانی وێرانكردووە تایبەت بووە بە توێژینەوە لەسەر چەكی ئەتۆمی. سایتەكە لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە ئیسرائیل لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو هێرشی كردووەتە سەر پێگەیەكی نهێنی ئێرانی لە ناوچەی بارشین. رونیشیكردەوە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەیەك بووە كە بۆ توێژینەوە لەسەر چەكی ئەتۆمی بەكارهاتووە و زیانێكی زۆری گەیاندووە بە هەوڵەكانی ئێران بۆ درێژەدان بە توێژینەوەكانی لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی. بەرپرسێكی ئەمریكی بە سایتەكەی راگەیاندووە ئێرانیەكان لەو پێگەیەدا خەریكی چالاكی زانستی زۆر نهێنی بون، رەنگە ببوایە بە بنەمایەك بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی، تەنها ژمارەیەكی كەمی بەرپرسانی حكومەتی تاران ئاگاداری ئەو چالاكیانە بون.

هاوڵاتی - رێگە دەدرێت به خوێندکارانی دەرەوەی وڵات بەشداری لەسەرژمێری بكەن. - خوێندکارانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 10رۆژ.     وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رایگەیاند ڕێگەدەدەین بە خوێندکارانی دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لەسەرژمێری. وەزارەتەكە ئەمڕۆ هەینی له ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە ڕێگەدەدات بە خوێندکارانی دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی 10رۆژ و ئەو ماوەیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت. رونیشیكردەوە بەمەبەستی ئاسانکاری و رەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان، وەزارەت بڕیاریدا بە؛ ڕێگەپێدان بە خوێندکارانی دەرەوەی وڵات بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشكرد، "ڕێگەپێدانەكە بۆ ماوەی 10 رۆژە و لەڕێکەوتی 16 تاکو 26ی تشرینی دوەم/119ی 2024 دەگرێتەوە، ئەو ماوەیان بە ماوەی مانەوە بۆ هەژمار دەکرێت". بڕیارە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێری دانیشتوان لە سەرتاسەری عێراق وهەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرجەم ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو مەبەستە ئاماده كردوە.

هاوڵاتی داوا له‌ ده‌رچوانی زانكۆ دەكرێت ناوی خۆیان له‌ كۆلێژی سه‌ربازی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق تۆماربكه‌ن   -ده‌رچوانی زانكۆ دەتوانن ناوی خۆیان له‌ كۆلێژی سه‌ربازی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق تۆماربكه‌ن. -هاوڵاتی لینكی پڕكردنەوەی فۆڕمەكەی بڵاوكردووەتەوە.   وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند ده‌رچوانی زانكۆ پۆلی 12ی ئاماده‌یی دەتوانن ناوی خۆیان له‌ كۆلێژی سه‌ربازی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق تۆماربكه‌ن. وەزارەتەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق- كۆلێژی سه‌ربازی- زانكۆی به‌رگری نیشتیمانی هه‌ڵده‌ستن به‌ كردنه‌وه‌ی خولی 115ی كۆلیژی سه‌ربازیی، هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئاره‌زوی به‌شداریكردنی هه‌یه‌ ده‌توانێت له‌رێگه‌ی لینكی فۆرمی تایبه‌ته‌وه‌ له ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژ داواكاری پێشكه‌ش بكات، كه‌ له 16ی (تشرینی دوه‌م) ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو 21ی ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.   له‌ڕێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه‌ فۆڕم پڕبكه‌وه‌: https://ur.gov.iq/?fbclid=IwY2xjawGkDxVleHRuA2FlbQIxMAABHf1ykqm92aHiPN5P1ZNANjcHM29dIWivVyEqqA5Bz0BaQg6saL6oFPBWow_aem_KoHotE0KWvZ9uru-oHer_A   مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتن له‌ كۆلێژی سه‌ربازی: یه‌كه‌م: تێكڕای نمره‌ بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی قوتابخانه‌ی ئاماده‌كاری له‌ لقه‌ زانستی و ئه‌ده‌بیه‌كانیدا نابێت له‌ (70%) كه‌متر بێت. دوه‌م: تێكڕای ئه‌كادیمی بۆ ده‌رچوانی بازرگانی و پیشه‌سازی له‌م لقانه‌ی خواره‌وه‌ (ئۆتۆمبێل - كاره‌با - ئه‌لیكترۆنیات - كۆنترۆڵ) له‌ (80%) كه‌متر نه‌بێت. سێیه‌م: پێویسته‌ داواكار بۆ به‌شی شارستانی ته‌مه‌نی له‌ 18 ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له‌ 22 ساڵ زیاتر نه‌بێت، واته‌ واته‌ له‌دایكبوی (11-16-2002) تا (11-21-2006) بێت. چواره‌م: ته‌مه‌نی داواكارانی سه‌ربازی ته‌مه‌نی له‌ 18 ساڵ كه‌متر نه‌بێت، له‌ 24 ساڵ زیاتر نه‌بێت، واته‌ ئه‌وانه‌ی له‌دایكی له‌ (11-16-2000) تا (11-21-2006) بێت.

هاوڵاتی - نزیكترین راوێژكارانی دۆناڵد ترامپ چاوی كەوتووە بە ئەمیر سەعید ئیراوانی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەكگرتوەكان. - كۆبوونەوەكە نهێنی بووە و یەك كاتژمێری خایاندووە و ئەرێنی و دڵخۆشكەر بووە.   رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی ئاشكرایكرد ئیلۆن ماسك نزیكترین راوێژكارانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا چاوی كەوتووە بە ئەمیر سەعید ئیراوانی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەكگرتوەكان. رونیشیكردەوە كۆبوونەوەكەی نێوانیان لەسەر چۆنێتی نەهێشتنی گرژیەكانی نێوان تاران و واشنتن بووە. ئاماژەشیكرد كۆبوونەوەكە نهێنی بووە و یەك كاتژمێری خایاندووە و ئەرێنی و دڵخۆشكەر بووە. بەپێی رۆژنامەكە باڵیۆزی ئێران هانی ماسكی داوە هەوڵبدات بۆ لابردنی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران و كاری بازرگانی لە تاراندا بكات.

هاوڵاتی - پشوی رۆژانی 15 تاوه‌كو 23ی ئه‌م مانگه‌ گشت فه‌رمانبه‌ر و خوێندكاران ناگرێتەوە. - ئەم پشوە جگە لە ڕۆژانی 20-21ی (تشرینی دوه‌م)ی 2024 فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.   حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، پشوی رۆژانی 15 تاوه‌كو 23ی ئه‌م مانگه‌ ته‌نها ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و خوێندكارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140ی ده‌ستورن و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ ئەوانە ناگرێته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ نین. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، پشوی فەرمی بە هۆی ئەنجامدانی سەرژمێری، لە ڕۆژی 15ی (تشرینی دوه‌م) تاوه‌كو 23ی (تشرینی دوه‌م)ی 2024 تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و سەربازی و هێزی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابییان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستورن. رونیشیكردەوە، ئەم پشوە جگە لە ڕۆژانی 20-21ی (تشرینی دوه‌م)ی 2024 فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستور نین.

هاوڵاتی -كه‌شوهه‌وای ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ساماڵ ده‌بێت. - پله‌كانی گه‌رماش چه‌ند پله‌یه‌ك نزمده‌بنه‌وه‌.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمى كوردستان پێشبینیكرد كه‌شوهه‌وای ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ساماڵ ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش چه‌ند پله‌یه‌ك نزمده‌بنه‌وه‌. بەڕێوەبەرایەتیەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی كه‌شی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ ئاسمان په‌ڵه‌ هه‌ور و هه‌ندێك كات ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه‌ هه‌ور، خێرايی با له‌سه‌رخۆ و مامناوه‌ند له‌نێوان 10 - 15 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا ده‌بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ ئاسمان له‌ نێوان په‌ڵه‌ هه‌ور بۆ نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما  كه‌مێك نزمتر ده‌بنه‌وه‌ له‌ تۆماركراوه‌كانی ئه‌مڕۆ.    به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی : هه‌ولێر     : 22 پله‌ی سیلیزی سلێمانی  :  20 پله‌ی سیلیزی دهۆك     : 21 پله‌ی سیلیزی كه‌ركوك  : 23 پله‌ی سیلیزی هه‌ڵه‌بجه‌ : 20  پله‌ی سیلیزی زاخۆ      : 22 پله‌ی سیلیزی حاجی ئۆمه‌ران : 8 پله‌ی سیلیزی سۆران    :  19 پله‌ی سیلیزی گه‌رمیان  :   24 پله‌ی سیلیزی

هاوڵاتی -كه‌شوهه‌وای ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ساماڵ ده‌بێت. - پله‌كانی گه‌رماش چه‌ند پله‌یه‌ك نزمده‌بنه‌وه‌.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمى كوردستان پێشبینیكرد كه‌شوهه‌وای ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ساماڵ ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رماش چه‌ند پله‌یه‌ك نزمده‌بنه‌وه‌. بەڕێوەبەرایەتیەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ینی كه‌شی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ ئاسمان په‌ڵه‌ هه‌ور و هه‌ندێك كات ده‌گۆڕێت بۆ نیمچه‌ هه‌ور، خێرايی با له‌سه‌رخۆ و مامناوه‌ند له‌نێوان 10 - 15 كیلۆمه‌تر له‌كاتژمێرێكدا ده‌بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ ئاسمان له‌ نێوان په‌ڵه‌ هه‌ور بۆ نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما  كه‌مێك نزمتر ده‌بنه‌وه‌ له‌ تۆماركراوه‌كانی ئه‌مڕۆ.    به‌رزترین پله‌كانی گه‌رمای پێشبینیكراو به‌ پله‌ی سیلیزی : هه‌ولێر     : 22 پله‌ی سیلیزی سلێمانی  :  20 پله‌ی سیلیزی دهۆك     : 21 پله‌ی سیلیزی كه‌ركوك  : 23 پله‌ی سیلیزی هه‌ڵه‌بجه‌ : 20  پله‌ی سیلیزی زاخۆ      : 22 پله‌ی سیلیزی حاجی ئۆمه‌ران : 8 پله‌ی سیلیزی سۆران    :  19 پله‌ی سیلیزی گه‌رمیان  :   24 پله‌ی سیلیزی

هاوڵاتی - داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان85% ی به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌یه‌ و 15%ی به‌شێوه‌ی چه‌كه‌. - داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی سلێمانی بڕی 12 ملیار و 402 ملیۆن دیناری تێپه‌ڕاندووه‌.   ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت بڵاویكرده‌وه‌، داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی سلێمانی بڕی 12 ملیار و 402 ملیۆن دیناری تێپه‌ڕاندووه‌. ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان لە بەیاننامەیەكدا داهاتی یه‌ك هه‌فته‌ی راگه‌یاندوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك 12 ملیار و 402 ملیۆن و 226 هه‌زار و 463 دینار بوه‌، به‌جۆرێك كه‌ 85% ی داهاته‌كه‌ به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌یه‌ و 15%ی به‌شێوه‌ی چه‌كه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، 10 ملیار و 578 ملیۆن و 582 هه‌زار و 637 دیناری واتا 85%ی داهاته‌كه‌ به‌ شێوه‌ی نه‌ختینه‌یه‌ و هه‌روه‌ها ملیارێك و 823 ملیۆن و 531 هه‌زار و 976 دیناری، واتا 15% به‌شێوه‌ی چه‌كه‌. مه‌ڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت داهاته‌كانی هه‌ر شه‌ش گه‌نجینه‌كه‌ی پارێزگای سلێمانی ئاشكرا ده‌كات كه‌ پێكدێن له‌ 28 وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ 109 به‌ڕێوه‌به‌راتی گشتی و 516 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، هه‌روه‌ها 781 فه‌رمانگه‌ و چوار هۆبه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت. رۆژی 15ی(كانونی یه‌كه‌م)ی 2022 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی شه‌فافییه‌تى راگه‌یاند، به‌ڵام تائێستا پڕۆژه‌كه‌ به‌ سه‌رانسه‌ری نه‌كراوه‌.

حەمزە جەواهیری - بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت. - ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵی پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی عێراقە . - حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت.   حەمزە جەواهیری راوێژكار لە دادگای فیدڕاڵی عێراق و شارەزا لە بواری نەوت رایگەیاند بەپێی دەستور و یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێویستە نەوتی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی عێراق بێت. حەمزە جەواهیری ڕاوێژكاری پێشووی دادگای فیدڕاڵی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند میكانیزمی راست و دروست و سەركەوتوو بۆ گێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەهیچ جۆرێك لە جۆرەكان ناكرێت دەستور و یاسا عێراقیەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و بڕیاری دادگای پاریس پشتگوێ‌ بخرێت. وتيشى: ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵی پێشێلكردنی دەستور و یاساكان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دادگای فەڕەنسای نێودەوڵەتيه، ئەمەش بەواتای پێشێلكردنی مافەكانی هاوڵاتیانی عێراقە . رونیشیكردەوە رێكەوتن و نەرمی نواندن سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان ، راست و دروست نیه و دەستوری و یاسای نین  و حكومەتی فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دەستبەسەر بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستاندا بگرێت لەڕێگای بە نیشتیمانكردنیەوە. ئاماژەشیكرد بەنیشتیمانیكردن مافێكی یاسایی جیهانی ناسراوە و پێویستە حكومەتی عێراق پەنای بۆ بەرێت  وئەمە هەلێكی مێژووییە و دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی بیقۆزێتەوە بۆ بەنیشتیمانیكردنی نەوتی بیرە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆتایی بەم كێشەبە بهێنێت.

هاوڵاتی -تۆمەتبار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرەکەيی و دوو منداڵی هاوسەرەکەی بەچەکی جۆری دەمانچە دەکوژێت. - دوای رووداوەکە لەبەغداد چەند ناسنامەیەکی ساختە دروستدەکات و خۆی لەهێزە ئەمنییەکانی عێراق حەشار دەدات و دواتر بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدێت. - لە یەکێک لەهۆتێلەکانی شاری سلێمانی خۆی حەشاردابوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکرا.   بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش رایگەیاند تۆمەتبارێكیان لە شاری سلێمانی دەستگیر كردووە كە لە بەغدا تاوانەكەی ئەنجامداوە و هەڵهاتوە بۆ سلێمانی. بەڕێوەبەرایەتیەكە ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند رۆژی ٢٠٢٣/١٢/٣١ لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغداد تۆمەتبار (مروان طالب حسن) بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرەکەی بەناوی (بان عبداللە حسن) و دوو منداڵی هاوسەرەکەی بەناوەکانی (ایمان) و (یونس) بەچەکی جۆری (دەمانچە) دەکوژێت. رونیشیكردەوە تۆمەتبار دوای رووداوەکە لەبەغداد چەند ناسنامەیەکی ساختە دروستدەکات و خۆی لەهێزە ئەمنییەکانی عێراق حەشار دەدات و دواتر بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدێت، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و بەچەند ناسنامەیەکی ساختەوە لە یەکێک لەهۆتێلەکانی شاری سلێمانی خۆی حەشاردابوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش لە ٢٠٢٤/١١/١٠ دەستگیرکرا. وتيشى: لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباری ڕووداوەکە کراوەتەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

كاوە ڕەش -دادگایی كردنى تۆڕێكی قاچاغچی كورد له بەریتانیا کەدەستیان هەبووە لە قاچاخچیەتی كردن بەسەدان کۆچبەری نایاسایی. -تۆڕەكە لەلایەن دوو كوردەوە سەرپەرشتی كراوە بەناوەكانی،  دڵشاد شامۆ و عەلی خدر.   دادگایەكی بەریتانیا دادگایی تۆڕێكی دیكەی قاچاغچی  كوردیی كرد، کەدەستیان هەبووە لە قاچاخچیەتی كردن بەسەدان کۆچبەری نایاساییەوە. بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی بی،بی،سی دادگای شاری كاردیف لەبەریتانیا، دادگایی تۆڕێكی دیكەی قاچاغچی كوردیی كرد، کەدەستیان هەبووە لە قاچاخچیەتی كردن بەسەدان کۆچبەری نایاسایی، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ووڵاتانی یەكێتی ئەورپاو بەریتانیا. تۆڕەكە لەلایەن دوو كوردەوە سەرپەرشتی كراوە بەناوەكانی،  دڵشاد شامۆ، تەمەن 41 ساڵ و عەلی خدر تەمەن 40 ساڵ، هەردوو ناوبراو تۆمەتبارن بەوەی لەڕێگای بەلەم و بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل، بەشێوەی نایاسایی سەدان كۆچبەری نایاساییان، لەووڵاتانی عێراق و ئێران و سوریاوە، بەرەو ئەوروپا هێناوە. ‎دادگای تاجی شاری كاردیف، گوێبیستی چۆنییەتی كاركردن و ماماڵەی قاچاخچیەتی كردنی ئەو گروپە بوو، كەلەنێوان ئەیلوولی ٢٠٢٢ و نیسانی ٢٠٢٣، لەشوێنی شۆردنی ئۆتۆمبێلی دەستی،  لە شاری کاردیف ڕێكخراوە، کەخاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی شوێنەكە دەگەڕێتەوە  بۆ ئەو دوو هاوڵاتیە كوردە. ‎بەپێی ڕاپۆرتەكە دڵشاد شامۆ، لەدایکبووی كوردستانی عێراقە و عەلی خدر بەڕەچەڵەک كوردیی ئێرانە و هەردووکیان پێنج تۆمەتیان دراوەتەپاڵ، بەبازرگانی كردن بەكۆچبەرانەوەو پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ و گواستنەوەی كۆچبەری نایاسایی لەووڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە،  وەك ئیتاڵیا، ڕۆمانیا، کرواتیا و ئەڵمانیا. سارا گاونت، لەداواکاری گشتی، بەدادگای تاجی کاردیف-ی ڕاگەیاندووە، ئەو بەڵگانەی لەسەر ئەو گروپە لەڕێگای تۆڕی واتسئەپەوە بەدەست كەوتووە، ئێستا بەردەستە و بەئەندامانی دادگاى پیشان دەدات، لەوانە پەیامی دەنگی و ئاڵوگۆڕی نامەكان، كەلەنێوان تۆمەتباران و ئەو کەسانەی کەبنکەکانیان لەعێراق و تورکیا و ئەوروپایەو هەوڵی قاچاخهێنانی خەڵکی دەدەن بۆ سەرتاسەری ئەوروپا. ‎ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی ئەوانەی بازرگانییان پێوەکراوە لە عێراق و ئێران و سوریاوە هاتوون و چەندین هەزار پاوەندیان لێ وەرگیراوە و بەشێکی زۆری پارەکانیش، بەبەکارهێنانی سیستەمی حەواڵە گواستراونەتەوە، کەشێوازێکی تەقلیدییە بۆ گواستنەوەی پارە لە ڕێگەی دەڵاڵەکانەوە، كەبڕە پارەیەکی کەمتری تێ دەچێ وەك لەڕێگەی وێستەرن یونیونەوە بنردرێت. ‎ئەو خانمەی داواكاری گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیس چاودێری تۆمەتبارانی کردووە و جوڵەکانیانی تۆمارکردووە، لەنێویاندا دانانی "ئامێری گوێگرتن لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان و شوێنی شوشتنی ئۆتۆمبێل، لەشاری کایرفیلی". ‎ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشێكی زۆری گفتوگۆی جۆراوجۆر تۆمارکراوە کەئەم تۆمەتبارانە لەکاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بوون قسە دەکەن و لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپەكە و كۆچبەرە سەرنشینەكان، زۆرێک لە گفتوگۆکان بەزمانی کوردی بووەو دواتر بۆ دەستەی دادوەران  وەرگێڕدراون. داواكاری گشتی دەڵێ، تۆمەتباران چوار ڕێگای جیاوازیان بەكار هێناوە بۆ گواستنەوەی  نایاسایی لەڕێگەی ئەوروپادا، سەرەتا کۆچبەران بەڵگەنامەی فەرمی بەکاردەهێنن بۆ چوونە ناو تورکیا دواتر دەبرێن بۆ ئەودیوی سنوورەکان، هەندێکجار  بەبەلەم یان کەشتیی بەكار دەهێنن، ڕێگایەكی دیكەش كە کۆچبەران ڤیزەی گەشتیاری بیلاروس،  یان مۆڵدۆڤا وەردەگرن، دواتر بە ئۆتۆمبێل یان بارهەڵگر، دەگوازرێنەوە بۆ ئەڵمانیا یان ڕۆمانیا. ‎ڕێگایەكی دیكەش بریتیە لەوەی کۆچبەران بەبارهەڵگر، یاخود بەدەریا یان  لەتورکیاوە دەبرێنە ئیتاڵیا یان ئەڵمانیا. ‎بەشێكی زۆری كۆچبەرانی عێراقی و ئێرانی و سوورییش لەڕێگای بۆسنەوە گەشت دەکەن بەئۆتۆمبێل یان تاکسی و  دەپەڕنەوە بۆ ناو کرواتیا و سلۆڤینیا و زۆرجاریش بەرەو ئیتاڵیا دەڕۆن. ‎دادگای ئەم دۆسییە هێشتا بەردوامە كەڕۆژی ١١/١١/٢٠٢٤ دەستی پێكردوە. ‎هاوكات هەر لەم هەفتەیەدا، قاچاغچیەكی دیكەی بەناو بانگی كورد بەناوی ئامانج حەسەن،  كەناسراوە بەئامانج زەمەن، تەمەن ٣٤ ساڵ لەشاری پریستۆنی بەرێتانیا بە ١٧ساڵ زیندانی سزا دراوە و دادگا تاوانباری كردووە بەگواستنەوەو بازرگانی كردن بەسەدان كۆچبەرەوە لەووڵاتانی یەكیەتی ئەوروپاوە، بۆ بەریتانیا. ‎وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ، ئامانج حەسەن، قاچاغچیەكی دیاری نێو سۆشیال مێدیا بووە،  بەوەی كۆچبەران لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بە”باشترین قاچاغچی"  دەیناسێنن هەروەها لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕیکلام بۆ پەڕینەوەکانی دەكەن، كاتێك چەندین كۆچبەر لەناو دەریادا سوپاسی دەكەن. ‎ هەربەپێی چەند ڤیدۆیەكی دیكە، كەلەتۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاوبۆتەوە، ئامانج زەمەن، لەئاهەنگی بەندبێژەكان دانیشتووە بەدامانچەوەو گۆرانی بەسەردا هەڵدەرێت و بەباشترین قاچاغچی وەسف دەكرێ. ‎هەموو ئەو بەڵگەو  ڤیدیۆیانە لەڕاگەیاندنەكانی بەریتانیا بڵاوكراونەتەوە لەكاتی سزادانی ئەو كوردە قاچاغچیە.