هاوڵاتی بەهۆى ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەیانەوە لە دەریای ئیجە، سێ کۆچبەر خنکان و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە. ڕۆژنامەنوس، توانا عومەر کە ئاگاداری پرسی کۆچبەرانە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لە کەناری دورگەی سامۆسی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نوقوم بوو و تەرمی سێ کۆچبەر دۆزراونەتەوە و لانیکەم ٢٥ کۆچبەریش بێسەروشوێنن. باس لەوەش کرد، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندوە، تائێستا پێنج کۆچبەرێکیان رزگار کردووە. وتیشی، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن چوار کەشتی پاسەوانی کەناراوەکان و هەلیکۆپتەرێکەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. جێی ئاماژەیە، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٥ تا شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٥٩١ کەس لە ڕێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە ٣٤٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٨ـیشیان بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون. ئەمڕۆ دووشەممە، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە تەواوی هەرێمی کوردستان 14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، بەشێوەیەک 6 حاڵەت لە هەولێر و 3 حاڵەت لە سلێمانی، 5 حاڵەتیش لە پارێزگای دهۆک. دەشڵێت، لە شاری هەولێر شەش تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نەبووە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سلێمانیش سێ حاڵەتی توشبوون تۆمارکراون بەبێ هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان. باس لە ئامرەکانی پارێزگای دهۆکیش کردوو وتی: لە پارێزگای دهۆک پێنج حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و یەکێک لە تووشبووەکان گیانیلەدەستداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بانکی ناوەندی عێراق بڕی ٢٥٤ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار و ١٨٥ دۆلاری خستە بازاڕەوە. لەو بڕەش ١٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە. هەوەها ٢٤٢ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار و ١٨٥ دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، دەڵێت، بەهۆی وشکە ساڵییە عێراق ساڵانە ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی لە دەستدەدات و وتیشی: داوا لە حکومەت و سەرجەم پارێزگارەکان و دامودەزگاکان و هاوڵاتیان دەکەم، کە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا هەڵمەتێک بۆ چاندنی 15 ملیار نەمام لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا دەستپێبکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی سەوزایی لە عێراقدا. ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، فازل غەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات، لەم بارەوەیەوە هۆشداری دەدات. فازل غەراوی ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا ڕووبەری دارستانەکانی عێراق تەنیا 8 هەزار و 250 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، واتە 2%ی کۆی ڕووبەری وڵات پێکدەهێنن. سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئەوەشی ئاشکراکرد، ، ڕووبەری زەوییە بیابانییەکان لە عێراق نزیکەی 27 ملیۆن دۆنم زەوییە، کە یەکسانە بە نزیکەی 15%ی ڕووبەری وڵاتەکە، لەکاتێکدا نزیکەی 55%ی ڕووبەری عێراق بە زەوییە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی بیابانبوونەوە. سەبارەت بەڕێژەی زەوی سەوزایی لە عێراقدا ئەوەی خستۆتەڕوو، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ڕێژەی سەوزایی لە عێراق لە 50% کەمیکردووە بۆ 17%. وتیشی: گۆڕانی کەشوهەوا و زریانی خۆڵ و کەمی باران و گەرمبوونی جیهان بەشداربوون لە دابەزینی ڕێژەی ڕووپۆشی سەوزایی لە عێراقدا. باسیلەوەشکردووە، نەبوونی ڕووپۆشی ڕووەکی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوون و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و هەڕەشەی ڕاستەوخۆشە لەسەر ئاسایشی خۆراک.10:55
هاوڵاتی بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە دادگا کۆببێتەوە، لەسەر سکاڵایەک کە لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆ تۆمارکراوە تێیدا داوا دەکات حکومەتی عێراق و هەرێم پابەندبکرێن بە پێدانی مووچە. ڕۆژی چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2024، بڕیارە دادگای فیدڕاڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان بکات و کۆببێتەوە. سکاڵاکە لەلایەن دەریا محەمەد حەوێز، مامۆستای زانکۆی کۆیەوە تۆمار کراوە و تێیدا داوای کردووە حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر گردبوونەوە بە هۆی تەواونەبوونی ڕێکاری دامەزراندنیان. دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، بەپێی داتا و ئەو نووسراوانەی کە کراوە ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی ناو زانکۆ و پەیمانگاکانین، ئەمە (٣٦) ەمین جارە گردبوونەوە دەکەین، گەر دانەمەزرێین ئەوا ناچارین هەڵوێستی دیکە بگرینە بەر. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، بە هۆی دانەمەزراندنمانەوە ئاستی ناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان لە دابەزینی بەردەوامدایە، تا کەی ئاوڕ لەو کەسانە نادەنەوە کە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە پێدەگەیەنن. دەشڵێن، ١٢ هەزار و ٢٨٦ کەس بایۆمەتری پێ کراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی زۆر سست ڕێکارەکانی دامەزراندنی دەرچووە سێ یەکەمەکان جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بەرێوەبەراتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەشی پێشبینیکراویی 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێم بەرزدەبێتەوە. دەشڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان ساماڵ و تەنکە هەوری بەرز دەبێت، پلەکانی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 35 پلەى سیلیزى سلێمانی : 34 پلەى سیلیزى دهۆک : 35 پلەى سیلیزى کەرکوک : 38 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 37 پلەى سیلیزى زاخۆ : 35 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 24 پلەى سیلیزى سۆران : 30 پلەى سیلیزى گەرمیان : 40 پلەى سیلیزى
هاوڵاتی محەمەد شیاع سوودانی سەرککوەزیرانی عێراق لە میانی باشداریکردنی لە ٧٩ یەمین كۆبوونەوەی كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیویۆرك وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو لایەك كار بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین. لە میانەی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئەو شەڕو نا ئارامییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە و وتی: گەشە و پێشكەوتن لە هەموو بوارەكان لە ناوچەکەدا بەدی نایەت، تا ئەو شەڕەی لە ناوچەكە هەیە ڕانەگیرێت، كە هەڕەشە لە ئاشتیی جیهان دەكات. ئەوەشی خستەڕوو، پابەند دەبین بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆزیینەوەی چارەسەری هاوبەشەكان، بەمەبەستی بنیاتنانی ئاییندەیەكی باشتر بۆ عێراق و ناوچەكە بەگشتیی. سەرۆککوەزیران و باسیلەوەسکرد، دەبێت هەموو لایەك كار بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانە و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن. جیگەی ئاماژەیە، سەرەتایی ئەم هەفتەیە محەمەد شیاع سوودانی، گەیشتە نیویۆرك و بڕیارە سوودانی لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان چاوی بە ژمارەیەك لە سەركردە و سەرۆكی وڵاتان و سەرۆكی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكەوێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتووگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆ ڕێنمای تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی حکومەتی هەرێم بڵاوکردەوە، دەشڵێت، ئەگەر هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕێگەنادرێت وێنە و پۆستەری حیزب و بەربژێرانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك، هەروەها ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە. ئەوەشخراوەتەڕوو، رێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ. لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، ڕێگەنادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە ماددەیەك بەكاربهێنرێت، جگەلەوەش ڕێگەنادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بەربژێرانی حیزب و لایەنەسیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان وەک، مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، خوێندنگە. باسلەوەشکراوە، لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە، ئەگەر بەربژێرێکیش پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
هاوڵاتی لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و بەرزبووەوە. ئەمڕۆ دووشەممە،23ی ئەیلوولی 2024، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە یەکەم رۆژی دەستپێکی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و نرخی یەک ئۆنسەی بەرزبووەوە بۆ 2630 دۆلار. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بەردەوام پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
هاوڵاتی کەناڵی "الحدث"ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بەرەو ئیسڕائیل بەڕێکەوتن کەناڵی الحدث ی عێراقی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیکی ئەمنی بڵاوی کردۆتەوە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەرزبونەتەوەو بە مەستی بە ئامانج گرتنی پێگەکانی ئیسڕائیل. ئەمە لە کاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئیسڕائیل هەزاران ئامێری پەیجەری لەدەستی ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی تەقاندەوە، لە ئەنجامدا کوژراو برینداری لێکەوتەوە، بەوەش ململانێی ئیسڕائیل و بەرەی مقاومەی ئیسلامی زیاتر پەرەی سەند.
هاوڵاتی لە چوارچێوەی هەوڵە قڕکەرییەکانی فەرهەنگی کوردییدا، درەنگانی دوێنێ شەو، دەوڵەتی تورک هەموو ئەو دەستەواژانەی بە کوردی لەسەر شەقامەکانی باکووری کوردستان نووسرابوون سڕییەوە و تەنها نووسراوە تورکییەکانی هێشتووەتەوە. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە ٣١ـی ئاداری ئەمساڵ و بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانیی لە لایەن دەم پارتییەوە لە باکووری کوردستان، شارەوانییەکان هەموو هۆشدارییەکانی سەر شەقامەکانیان کرد بە زمانی کوردی بە نموونەی “پیادەڕۆ و هێدی” نووسییەوە، درەنگانی دوێنێ شەویش هاوشێوەی هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ تواندنەوەی گەلی کورد، تێکڕای ئەو دەستەواژانەی لە وان، ئامەد، مێرین و ئێلح سڕییەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە هەواڵییەکانی باکووری کوردستان، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی تورک ئەو نووسینانە سڕاونەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، چەند جارێکە زمانی کوردی و نووسینی کوردی لەسەر شەقام و تابلۆکاندا، لەلایەن ڕەگەز پەرستانی تورکیاوە ڕەش دەکرێتەوە.
هاوڵاتی بە گوێرەی دوایین ئاماری پەڕینەوەی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا لە ماوەی نۆ مانگ و نیوی رابردوودا ٢٣ هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر پەڕیونەتەوە. لەو بارەیەوە ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز بۆ کۆچبەران خەونێکە تا پێیدەگەن، بەڵام کەناڵەکە چەندەها ساڵە بووەتە مۆتەکەی رۆحی کۆچبەران. هەروەها بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتکە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ١٥ــی ئەیلول، ٢٣هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە، کە زیاترە لە ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، بەڵام کەمترە لە ساڵی ٢٠٢٢. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە گشتی ٢٩ هەزار و ٤٣٧ کۆچبەر بە بەلەمی بچووک لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە شەش ساڵی رابردوودا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ئەیلوولی ٢٠٢٤ نزیکەی ١٩٤ کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی پارێزگاکە کۆبووەوە و جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە هەولێر لە هەموو بوارەکان کردەوە. بهيانيى ئهمڕۆ يهكشهممه ٢٢-٩-٢٠٢٤ نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان له باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لهگهڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگار و بهرپرسانى يهكه كارگێڕييهكانی ناوەند و سنوورى پارێزگاكهدا، كۆبووهوه. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونهوهكهدا، دۆخ و ئاستى خزمهتگوزارييهكان، پرۆسهى ئاوهدانكردنهوه و بنياتنان، بهرنامهى گهشهپێدان و چۆنێتيى بهڕێوهچوونى كار و پرۆژهكان له پارێزگاى ههولێر و قهزا و ناحيهكانى، تاوتوێ كران، ههروهها تيشك خرايه سهر گرنگيى دابينكردنى پێداويستييهكان و چارهسهركردنى گرفت و كهموكوڕيهكان. هەروەها له تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكهدا باس له ئامادهكارييهكانى پارێزگاى ههولێر بۆ ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان و بانگهشهى ههڵبژاردن كراوە. هەروەها نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له گرنگيى سهرخستنى ههڵبژاردن و بهڕێوهچوونى شارستانييانهى بانگهشهى ههڵبژاردن كردهوه، ئاماژهى به رۆڵى لايهنه پهيوهنديدارهكانیش كرد. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نییە و رۆژی شەممە ١٤-٩-٢٠٢٤، وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە دهۆک و بەشداری کرد لە بینینی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' ماوەی چەند ڕۆژێکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کورستان، دەستی کردووە بە سەردان و بەسەرکردنەوەی فەرمانگەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بهرپرسانی فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی ئیدارەکە كۆبووهوه و له كۆبوونهوهكهدا سهرپهرشتيار و بهرپرسانى ئيدارهى زاخۆ، پوختهيهكيان دهربارهى كار و پرۆژه و چالاكييهكانيان و ڕەوشی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان لهناو شارى زاخۆ و سنوورى ئيدارهكه بەگشتی خستهڕوو، ههروەها باسيان له پلانى كار و پرۆژهكانى داهاتوويان كرد. جێگەی ئاماژەیە، سەبارەت به هەڵبژاردنی پهرلهمانى كوردستانيش کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بەڕێز سەرۆکی هەرێمى كوردستان، هیوای خواست پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت و جەختی لهوه كردهوه كه هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییيه یاساییيەکان و هێمن ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بن. ئەوەش لە کاتێکدایە تائێستا دیارنییە، ئەم سەردانیکردنەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ فەرمانگە حکومییەکان و سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات یاخود تەنها سەردانییەکانی تەنها لە سنووری پارێزگای هەرلێر و دهۆکدا سەردانییەکانی دیاریکراو دەبێت.
هاوڵاتی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند: بۆ ئەمساڵی خوێندنی بەخشینی مینحە و پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران بەردەوام دەبێت و زیاتر لە دو ملیۆن و 300 هەزار قوتابی لێ سودمەند دەبن، هاوکات هەڵمەتێکیان دەستپێکردوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لە خوێندن دابڕاون. وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بودجەی 85 ملیار دیناری عێراقیی بۆ مینحەی خوێندکاران تەرخان کردوە و بەپێی چەند مەرج و رێکارێک بەسەر خوێندکارانی کەمدەرامەت و هەژار و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دابەش دەکرێت، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن، دابەشکردنی مینحەکەش دەستپێدەکات، هەر خوێندکارێک بڕی 200 هەزار دیناری پێدەدرێت، بەخشینی مینحەکەش بۆ دو جارە، مانگی ئەیلول مینحەی یەکەم و مانگی ئازاریش مینحەی دوەمیان پێدەبەخشرێت.
