هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان دەڵێت، تاوەکو ئاگربەستی تەواوەتی لە غەززە رانەگەیێنرێت، پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناوەستێت. نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە بکرێت، بێ قسە واز لە شەڕ دێنین. باس لەوەش دەکات، بەشداریکردنی ئەوان لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ هاریکاریکردنی حەماس بووە، ئەگەر شەڕیش نەمێنێت، ئیدی پێویست بە هاریکاری ناکات. ئەو بەرپرسە باڵایەی حیزبوڵا دەڵێت، ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە نەکشێنەوە، ئەوا چارەنووسی پێکدادانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل ناڕوون دەبێت. قاسم لە گفتووگۆیەکی 40 خولەکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەموو کاردانەوەیەکی ئەوان پەیوەستە بە بەردەوامی یان وەستانی جەنگ، دروستبوونی ئاگربەست یان پێچەوانەکەی؛ تاوەکو ئەو شتانەش دڵنیا نەبنەوە، ئەمان ناتوانن هەڵوێستی راستیی خۆیان دڵنیابکەنەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا کە گفتووگۆی ئاشتی و ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل تێکچوو و لەلایەن هەردوولاوە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا رەتکرایەوە، پێکدادانی حیزبوڵا و ئیسرائیل لەسەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسرائیل زیادیکردووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حیزبوڵای لوبنان بە نزیکەیی رۆژانە ئاڵووگۆڕی هێرشی مووشەکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە. بەهۆی ئەو گرژیانەوە دەیان هەزار هاووڵاتی لە گوند و شارۆچکەکانی سەر سنووری هەردوو وڵات ئاوارەبوون.

هاوڵاتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کوردستان ئەوانەی توندوتیژی دژی  ژنان دەكەن لە سزادان رزگاریان دەبێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لە راپۆرتێكدا سەبارەت بە توندوتیژی دژی  ژنان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانی، لەوانە حاڵەتە ترسناکەکانی کوشتن، دەستدرێژی، لێدان و ئاگرتێبەردان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. رێکخراوەکە نیگەرانی خۆى دەربڕیوە بەهۆى بوونى ژمارەیەکی کەمی ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، راپۆرتەکە لەسەر بنەمای 57 چاوپێکەوتن لەگەڵ کرێکارانی مرۆیی و بەرپرسان و 15 کەسی رزگاربووە. رێکخراوەکە، لە راپۆرتەکەیدا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژنان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، بەربەستى سەرەکی بەردەم رزگاربووان ئەوەیە "دەبێت خۆیان سکاڵای تاوانکاری لەسەر هێرشبەرەکەیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەم سکاڵایە پێویستە بۆ ئەوەى لەماڵى داڵدەدان بپارێزرێن. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەشڵێت، ساڵی 2023 لانی كەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ساڵی 2022 ژمارەی ئەو ژنانەی كە كوژراون 44 ژن بووە، بەڵام رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێ رەنگە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتریش بێت. ڕاپۆرتەکە لە زاری توێژەرێکی کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە، ژنان نایانەوێت بچنە دادگا چونکە لێیان دەپرسن، ،چیتکردووە واى لە بەرامبەرەکەتکردوە بەمشێوەیە مامەڵەت لەگەڵبکات؟، و راپۆرتەکە دەڵێت، نابێت ئەو پرسیارەبکرێت.  لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "لایەنگری"ی نێوان هەندێک لە دادوەرەکانی لە بەرژەوەندی پیاوان سەرکۆنە کردووە، کە سزاى هەندێک تاوانباریان وەکو پێویست و بەگوێرەى گەورەیی تاوانەکە نەداوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنووریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لە 1ی تەمووزی 2024 لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان.  ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا تا كاتێكی نادیار دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا دابخات، ئەوەش دوای هێرشكردنە سوپای توركیا لەوناچانەو سوتاندنی ئاڵای توركیا لەلایەن خۆپیشاندەرانی سوریاوە، لەكاردانەوەی پەلاماردانی پەنابەرانی سوری، لەچەندین شاری توركیاو سوتاندنی ئۆتۆمبیل و موڵك و ماڵ و شوێنكارەكانیان. ئاژانسەکە دەشڵێت، هێزەكانی توركیا لە باكوری خۆرئاوای سوریا روبەڕوی پەلاماری چەكداری دەبنەوە، ئەوەش دوای ئەو كردەوە توندوتیژیانەی بەنابەرە سورییەكانی لە توركیا كردە ئامانج. 
سەرچاوەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوو، توركیا دەروازە سنوریە سەرەكییەكانی لەگەڵ باكوری خۆرئاوای سوریا داخستووە، دوای ئەوەی هێزەكانی روبەڕووی هێرشی چەكداری بوونەتەوە لەلایەن هاوڵاتیانی سوری توڕە، بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سوریا لەتوركیا. لەم بارەیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئۆباڵی "پلانی ئاژاوە"ی نایە ئەستۆی گروپەكانی پەیوەست بە رێكخراوە تیرۆرستیەكان، بەڵێنیشدا ئەو "دەستە پیسانە" ئاشكرابكات كە لەپشتی روداوەكانی ئەم دواییەوەن. سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا، دەزانین كێیە ئەم جۆرە گەمانە دەكات لەگەڵ بەزیوەكانی رێكخراوی تیرۆرستی، ئێمەو برا سوریەكانمان ناكەوینە ئەو بۆسە پیسە, رادەستی كاری تێكدەرانەی رەگەپەرستی نابین. ئەردۆغان ئاماژەی باسی لەوەشکردووە، زیاتر لە 670 هەزار سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، دوای ئەوەی توركیا بە درێژایی دەیەی رابردوو كاری لەسەر بنیادنانی  ناوچەی ئارام كردووە. چارەسەری كێشەی پەنابەران بەشێوەیەكی مرۆیی و ئەخلاقی دەكرێت بەجۆرێك تەریبی دۆخی ئابوری توركیا بێت, كە میوانداری زیاتر لە سێ‌ ملیۆن پەنابەری جەنگی سوریای كردووە. سەرۆک کۆماری تورکیا،  هەینی رابردووش وتی، دەكرێت كۆبونەوە لەگەڵ ئەسەد هاوكاربێت لە گێڕانەوەی پەیوەندیە دووقۆڵییەكان، توركیا لەدوای جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بچڕاندو پشتیوانی یاخیبووەكانی كرد، كە هەوڵی رووخاندنی رژێمی ئەسەد دەدەن. لەم بارەیەوە دوێنێ سێشەممە، 2ی تەمووزی 2024، عەلی یرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا لە تویتێکدا رایگەیاند، پۆلیسی وڵاتەكەی 474 كەسی تێوەگلاویان لەو هێرشانە دەستگیركردووە، كە رەوەندی سوری لەسەرانسەری توركیا كردووەتە ئامانج، كە شەوی یەك شەممەی رابردوو ئەنجامدرا. وتیشی، موڵك و ماڵ ئۆتۆمبیلی سوریەكان رووبەڕوی كاری تێكدەرانەو سوتاندن بووەوە لە ویلایەتی قەیسەری ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیكردنی پیاوێكی سوری بۆ سەر منداڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان. هەر لەم بارەیەوە، ئاژانسی هەواڵگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو، كارە توندوتیژیەكان گەیشتووەتە هەرێمەكانی، هاتای و غازی عەنتاب و قۆنیاو بۆرسەو ناوچەیەك لە ئەستەنبوڵ، كە تیایدا ژماریەك هاوڵاتی سوری برینداربوون. ئەوەش وایكرد، سەدان هاوڵاتی سوری توڕە بڕژێنە سەر شەقامەكانی چەندین ناوچە لە باكوری خۆرئاوای سوریا, كە چەكدارە یاخیبووەكان كۆنتڕۆڵیان كردووەو توركیا هەزاران سەربازی لەو ناوچانە بڵاوكردووەتەوەو, كردوویەتی بەناوچەی هەژموونی خۆی، بەجۆرێك رێگە بە رژێمی سوریا نادات بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. هاوکات لەسەر ئەم پرسە بەرپرسێكی ناوچەكە سنوریەكان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، توركیا لەوەڵامی ئەو كردەوانەدا دەروازەی"باب ئەلهەوا"ی سنوریی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە، كە دەروازەیەكی سەرەكی بازرگانی و گواستنەوەیە بۆ زیاتر لە سێ‌ ملیۆن هاوڵاتی, هاوشانی "باب ئەلسەلام"و دەروازە بچوكەكانی تر. جێگای ئاماژەیە، شاری عەفرینی سنوریی، بووە شانۆی توندترین پێكدادان، كە تیادا لایەنی كەم چوار كەس لە تەقەی نێوان خۆپیشاندەرە چەكدارەكان و هێزەكانی توركیادا كوژران. ئەمەش لە کاتێکدایە، لەناوچەكانی تریش بەریەككەوتن و پێكدادانی چەكداری روویداوەو هاوڵاتیانیش لەچەند شارۆچكەیەك بە بەرد پەلاماری هێزەكانی توركیایان داوەو، ئاڵای توركیا لەسەر هەندێك لە نوسینەگەكان پارچە پارچە كردووە. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشداوە، چەندین بەرپرسی توركیا ئەو ئاڵۆزیانەیان لە سوریا بە وروژاندن و كاری ئیستفزازی ناوبردووە. وەزارەتی دەرەوەیی تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڵەیە رووداوە خەمناكەكان كە لە ولایەتی قەیسەری روویداوە، بكرێتە بنەمایەك بۆ كاری وروژاندن و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەكانمان. سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، درەو

هاوڵاتی بەهۆی مەشقێکی فریاگوزارییەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رادەگیرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەمووزی 2024، به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاگاداری گه‌شتیارانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی تەمووزى 2024، بۆ ماوه‌ی 3 كاتژمێر گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر راده‌گیرێن. لەبارەى بوونى ژمارەیەکى زۆر ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن لەناو فڕۆکەخانەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هاونیشتمانییان دڵنیاده‌كه‌نه‌وه‌ کە هه‌بوونی رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌مبوڵانس و ئۆتۆمبێلی به‌رگریی شارستانی و تیمه‌كانی پۆلیس و ئاسایش له‌ ده‌وری فڕۆكه‌خانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مه‌شقه‌كه‌وه  

هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک و پرسى مووچەى مووچەخۆران و هێزە ئەمنییەکانیش گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەمووزى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لە حکومەتى فیدراڵى بەگوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو گفتوگۆى لە بارەوە دەکرێت. کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنى مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆران و مووچەى مانگى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکان. یەکێکی تر لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەسەر کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ لەبارەى دەروازە سنوورییەکان.   

هاوڵاتی مەسعود بارزانی لە بەغدا چەند دیدارێک ئەنجامدەدات و لە دیدارەکانیدا پرسی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی تەممووزی 2024، رۆژنامەی (الصباح) راگەیاند، شێروان دووبەرانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە دەگاتە بەغدا و چاویدەكەوێت بە سەركردە سیاسیەكان، وێڕای سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری. ئەم پەرلەمانتارە بۆ رۆژنامەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە دیدارەكانی مەسعود بارزانیدا, پرسی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، كاروبارەكان ئەرێنین و زۆرینەی كێشەكان لەڕێی لیژنەكانەوە چارەسەردەكرێن. شێروان دووبەرانی، ئاماژەی بەوەشداوە، ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، چەندین پرسی تایبەت لەخۆدەگرێت لەوانە شایستە داراییەكانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و یاسای نەوت و گاز و دۆسیەی هەڵبژاردن و پرسی پارێزگای كەركوك. دەشڵیت، دانوستانەكانی بارزانی لە بەغدا و هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ پارێزگای دهۆك و شارە كوردیەكانی تر لەخۆ دەگرێت.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەپێی ئامارێک کە ماڵپەڕی ترەید ماپ بڵاویبکردۆتەوە ، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و بەڕازیل لە ماوەی ساڵی 2023دا زیاتر بووە لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار. بەپێی ئاماری ماڵپەرەکە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ملیارێک و 257 ملیۆن و 56 هەزار دۆلار. دەشڵێت، ، بەڕازیل %98.3ی قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە پێکدەهێنێت، لەناو ئەو رێژەیەشدا بە بەهای زیاتر لە 477 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار شەکر و شیرینی و بە بەهای 351 ملیۆن دۆلار بەرهەمی ڕۆن و میوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەهای 313 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار گۆشتی هەناردەی عێراق کردووە. لە بەرامبەر ئەوەشدا، عێراق بە بەهای دوو ملیۆن و 394 هەزار دۆلار سووتەمەنی و ڕۆنی ئۆتۆمبێلی هەناردەی بەڕازیل کردووە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، بەم زووانە رێنمایی نوێ لەبەرژەوەندی هاونیشتمانییان بۆ کارئاسانی گەڕانەوەی پێشینەکان دەردەچێت. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشێک لە بانکە پسپۆڕیەکانی وەزارەت کۆبۆوە و پرسی گەڕاندنەوەی پێشینەکان لە بواری قەرزی نیشتەجێکردن، خانوبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەرپرسانی بانکەکان داتاو پێشنیاری خۆیان خستەڕوو. ئاماژە بەوەشکراوە، ئاوات شێخ جەناب بانکە پسپۆڕیەکانی راسپارد بەزوترین کات راپۆرت و پێشنیاری خۆیان لەسەر شێوازی گەڕانەوەی پێشینەکان پێشکەش بکەن تاوەکو لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت و دواتر رێنمایی پێویستی بۆ دەردەکرێت بەجۆرێک لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان و ئەو چین و توێژانە بێت کە پێشینەکانیان وەرگرتووە

هاوڵاتی لە گوندی لانەسیتی قەزای کەلار ئۆتۆمبێلێک سێ منداڵ دەشێلێت و رەوانەی نەخۆشخانەکران، لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردووە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان پاترۆڵ لە گوندی لانەسیتی لە قەزای کەلار، دوای ئەوەی کۆنترۆڵ لە دەست دەدات سێ منداڵ دەشێلێت پاشان خۆی دەکێشێت بە بۆردێکدا و زیان بە بۆردەکە دەگەیەنێت. دەشڵێت، بریندارەکان لەدایک بووی ساڵی ( 2016 - 2016 - 2017 )ەو، لە گوندی لانە سیتی دادەنیشن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کران. ئەووشی خستۆتەڕوو، لەلایەن تیمی هاتووچۆوە لێکۆڵینەوە لە ووداوەکە دەستی پێکردووە و لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکە مۆڵەتی شۆفێری نیە.

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق ھۆکاری نەناردنی مووچەی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ھەرێم ئاشکرادەکات و لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران وتی: بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم چاوەڕێی چارەسەر کردنی کێشەکانین یاخود چاوڕێی بڕیارێکی سوودانی دەکەین. لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پرسیار لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کراوە لەبارەی مووچەی موچەخۆران و هێزە ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە. تەیف سامی رایگەیاندووە، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم دراوە، لیستی مووچەی ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش ھەندێک کێشەی تێدایە و بۆ خەرجکردنی مووچەکانیان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان، یاخود بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانە بۆ ئەوەی مووچەکانیان بۆ خەرج بکات. تائێستا بەغداد بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئایاری ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی نەداوە، ئەمە لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ناردووە بۆ بەغدا.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ‌ فراكسیۆنی پارتی و نینوا لاهلها كۆبوویەوە و قائیمقامی شنگال و مەخموور و 12 بەرپرسی ئیداری دیكەی ناوچەكەیان هەڵبژارد. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک قائیمقامی شارۆچکەی شنگال هەڵبژارد. ئاماژە بەوەشکراوە، سەردار حەمەد وەک قائیمقامی شارۆچکەی مەخموور و سامر یوسف، وەک قایمقامی شارۆچکەی حەمدانیە و خەلیل هابش بە قائیمقامی شارۆچکەی تەلەعفەر هەڵبژێردرا. لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی نەینەوادا هاتووە، ڕەعد ناسر وەک قائیمقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی وەک قائیمقامی حەزەر هەڵبژێردران. ئەوەشخراوەتەڕوو، غالب عەلی وەک بەڕێوەبەری شارەدێی قەراج و فەلاح قەنبەر، وەک بەڕێوەبەری شارەدێی بەرتڵە و عوبەید خەلیل ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری شارەدێس زوممار هەڵبژێردران. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، عەلی محەممەد جدەیەع وەک بەڕێوەبەری شارەدێی شۆرە و ئوسامە شاهر وەک بەڕێوەبەری شاردێی گەیارە هەڵبژێردران.

هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی تێچووی رێکارەکانی جیابوونەوەی خێزانی لە رووسیا لە پێشووتردا تەنیا بە 650 رۆبڵ واتە 7 دۆلار و 39 سەنت بوو، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە تێچووەکەی بۆ 5000 رۆبڵ، 56 دۆلار و 84 سەنت بەرزکردووەتەوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی رووسیا لەکاتێکدایە، کەمترین مووچە لە رووسیا تەنیا چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە بۆ رێکارەکانی جیابوونەوە خەرجدەکرێت. ئامانج لە بڕیارەکە دووانە، یەکەمیان کۆمەککردنی ئەو پارەیەی زیادکراوە بۆ سوپای رووسیا کە ئێستا وەک میدیاکانی رۆژئاوا باسی دەکەن دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە. ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی ژمارەی جیابوونەوەی خێزانە لە رووسیا کە لە 2023دا 683 هەزار و 700 جیابوونەوە تۆمارکراوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی جیابوونەوەی خێزانی، تێچووی گۆڕینی ناویش لەو وڵاتە سێ هێندە کراوە. هاندەری بڕیاری زیادکردنی تێچووی جیابوونەوەی خێزانی دەکرێت خواستی حکومەتی رووسیا بێت بۆ گەورەبوونی خێزان و خستنەوەی منداڵی زیاتر. رووسیا لە 2023دا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەمترین لەدایکبوونی منداڵی تێدا تۆمارکراوە. بلۆمبێرگ دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە رووسیا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە لە جەنگی ئۆکراینادا.    

هاوڵاتی هەپەگە رایگەیاند، کە لە باکوورەوە تا هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کوردستان بە تەواوەتی بووەتە گۆڕەپانی بەرخودان. دەشڵێن: مانگی حوزەیران بە گشتی 185 چالاکیی ئەنجامدراون و تێیدا 46 سەربازی دەوڵەتی تورکیا کوژراون. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی تورکیایان لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. هێزەکانی پاراستنی گەل، هەپەگە ئەوەیان خستۆتەڕوو، لەمیانی هێرشەکانیاندا لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، 46 سەربازی تورکیایان کوشتووە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوودا تورکیا بوونی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی بەرواری باڵا زیادکردووە و دەستی بە زیادکردنی بنکەکانی مانەوە و دانانی خاڵی پشکنین کردووە، هاوکات ژمارەیەك بنکەی سەربازیی نوێی دروستکردووە.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە مەراسیمێکی ئاینیی هیندوودا لە هەرێمی ئوتار پرادیشی باکووری هیندستان، بەهۆی پاڵەپەستۆوە 87 کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 2-7-2024، قەرەباڵخییەکی گەورە لە پارێزگای هاتراس روویدا، ئەوەش بەبۆنەی کۆبوونەوەیەکی ئاینیی هیندوو. هاووڵاتیانی پەیڕەوکاری ئەو ئاینە سەردانی پەرستگایەکییان کردووە، ئەوەش چونکە پیاوێکی ئاینی بانگەشەی کۆبوونەوەیەکی دینی کردووە. ژمارەیەک ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی خەڵک لەسەر زەویی نەخۆشخانە و پەرستگاکە کەوتوون. ئاشیش کومار، قایمقامی پارێزگای هاتراس رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخی لە رادەبەدەر لەکاتی جێهێشتنی پەرستگاکە روویداوە". ئەوەشی باسکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان زیادبکات. بە گوێرەی شایەدحاڵێک، دەرگای دەرچوونی پەرستگاکە بچوکبووە و لەو کاتەدا کە خەڵکەکە ویستویانە بچنە دەرەوە لە پڕ قەرەباڵخییەکی زۆر چڕ دروستبووە و کەس نەیزانیوە چیبکات. ئوتار پرادیش پڕ دانیشتووانترین هەرێمی هیندستانە کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە.

هاوڵآتی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق 269 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەرزبوونەوەی نرخەکەشی بەردەوامە. لە ئێستادا بەراورد بە بەیانى ئەمڕۆ نرخى دۆلار بەرزبوەوە بەجۆرێک لە ئێستادا نرخى 100 دۆلار بەرامبەر 148 هەزار و 300 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر پێنج ملیۆن و 750 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانى ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر 147 هەزار و 750 دینار مامەڵەى پێوەکرا.