مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ فراكسیۆنی پارتی و نینوا لاهلها كۆبوویەوە و قائیمقامی شنگال و مەخموور و 12 بەرپرسی ئیداری دیكەی ناوچەكەیان هەڵبژارد. ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا سەیدۆ خەیری ئەحمەد بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک قائیمقامی شارۆچکەی شنگال هەڵبژارد. ئاماژە بەوەشکراوە، سەردار حەمەد وەک قائیمقامی شارۆچکەی مەخموور و سامر یوسف، وەک قایمقامی شارۆچکەی حەمدانیە و خەلیل هابش بە قائیمقامی شارۆچکەی تەلەعفەر هەڵبژێردرا. لە راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی نەینەوادا هاتووە، ڕەعد ناسر وەک قائیمقامی تلکێف و عەلی ساڵح مازی وەک قائیمقامی حەزەر هەڵبژێردران. ئەوەشخراوەتەڕوو، غالب عەلی وەک بەڕێوەبەری شارەدێی قەراج و فەلاح قەنبەر، وەک بەڕێوەبەری شارەدێی بەرتڵە و عوبەید خەلیل ئەحمەد وەک بەڕێوەبەری شارەدێس زوممار هەڵبژێردران. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، عەلی محەممەد جدەیەع وەک بەڕێوەبەری شارەدێی شۆرە و ئوسامە شاهر وەک بەڕێوەبەری شاردێی گەیارە هەڵبژێردران.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی تێچووی رێکارەکانی جیابوونەوەی خێزانی لە رووسیا لە پێشووتردا تەنیا بە 650 رۆبڵ واتە 7 دۆلار و 39 سەنت بوو، ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتە تێچووەکەی بۆ 5000 رۆبڵ، 56 دۆلار و 84 سەنت بەرزکردووەتەوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی رووسیا لەکاتێکدایە، کەمترین مووچە لە رووسیا تەنیا چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە بۆ رێکارەکانی جیابوونەوە خەرجدەکرێت. ئامانج لە بڕیارەکە دووانە، یەکەمیان کۆمەککردنی ئەو پارەیەی زیادکراوە بۆ سوپای رووسیا کە ئێستا وەک میدیاکانی رۆژئاوا باسی دەکەن دووچاری کورتهێنانی دارایی بووەتەوە. ئامانجی دووەمیش کەمکردنەوەی ژمارەی جیابوونەوەی خێزانە لە رووسیا کە لە 2023دا 683 هەزار و 700 جیابوونەوە تۆمارکراوە. هاوکات لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی جیابوونەوەی خێزانی، تێچووی گۆڕینی ناویش لەو وڵاتە سێ هێندە کراوە. هاندەری بڕیاری زیادکردنی تێچووی جیابوونەوەی خێزانی دەکرێت خواستی حکومەتی رووسیا بێت بۆ گەورەبوونی خێزان و خستنەوەی منداڵی زیاتر. رووسیا لە 2023دا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەمترین لەدایکبوونی منداڵی تێدا تۆمارکراوە. بلۆمبێرگ دەڵێت، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی لەدایکبوونی منداڵ لە رووسیا، کوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە لە جەنگی ئۆکراینادا.
هاوڵاتی هەپەگە رایگەیاند، کە لە باکوورەوە تا هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کوردستان بە تەواوەتی بووەتە گۆڕەپانی بەرخودان. دەشڵێن: مانگی حوزەیران بە گشتی 185 چالاکیی ئەنجامدراون و تێیدا 46 سەربازی دەوڵەتی تورکیا کوژراون. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازی تورکیایان لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. هێزەکانی پاراستنی گەل، هەپەگە ئەوەیان خستۆتەڕوو، لەمیانی هێرشەکانیاندا لە ماوەی مانگی حوزەیراندا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، 46 سەربازی تورکیایان کوشتووە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوودا تورکیا بوونی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی بەرواری باڵا زیادکردووە و دەستی بە زیادکردنی بنکەکانی مانەوە و دانانی خاڵی پشکنین کردووە، هاوکات ژمارەیەك بنکەی سەربازیی نوێی دروستکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی لە مەراسیمێکی ئاینیی هیندوودا لە هەرێمی ئوتار پرادیشی باکووری هیندستان، بەهۆی پاڵەپەستۆوە 87 کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 2-7-2024، قەرەباڵخییەکی گەورە لە پارێزگای هاتراس روویدا، ئەوەش بەبۆنەی کۆبوونەوەیەکی ئاینیی هیندوو. هاووڵاتیانی پەیڕەوکاری ئەو ئاینە سەردانی پەرستگایەکییان کردووە، ئەوەش چونکە پیاوێکی ئاینی بانگەشەی کۆبوونەوەیەکی دینی کردووە. ژمارەیەک ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە کە تەرمی خەڵک لەسەر زەویی نەخۆشخانە و پەرستگاکە کەوتوون. ئاشیش کومار، قایمقامی پارێزگای هاتراس رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی قەرەباڵخی لە رادەبەدەر لەکاتی جێهێشتنی پەرستگاکە روویداوە". ئەوەشی باسکردووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیانلەدەستدان زیادبکات. بە گوێرەی شایەدحاڵێک، دەرگای دەرچوونی پەرستگاکە بچوکبووە و لەو کاتەدا کە خەڵکەکە ویستویانە بچنە دەرەوە لە پڕ قەرەباڵخییەکی زۆر چڕ دروستبووە و کەس نەیزانیوە چیبکات. ئوتار پرادیش پڕ دانیشتووانترین هەرێمی هیندستانە کە ژمارەیان 200 ملیۆن کەسە.
هاوڵآتی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق 269 ملیۆن و 250 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەرزبوونەوەی نرخەکەشی بەردەوامە. لە ئێستادا بەراورد بە بەیانى ئەمڕۆ نرخى دۆلار بەرزبوەوە بەجۆرێک لە ئێستادا نرخى 100 دۆلار بەرامبەر 148 هەزار و 300 دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت. جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر پێنج ملیۆن و 750 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانى ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر 147 هەزار و 750 دینار مامەڵەى پێوەکرا.
هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناو کەمپی ئاوارەکانی شنگال ژنێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تر بریندار بوون. نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، لەنێو کەمپی خانکێی ئاوەرەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک تەقینەوەیەک روویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ژنێک گیانی لەدەستداوە. لەم بارەیەوە پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دهۆک رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی جلشۆرێک ژنێکی تەمەن 37 ساڵ گیانی لەدەستداوە. هەر لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی تری ئەمنی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتوویەتی، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. گومان دەکرێت بۆمبێکی چێندراو بێت. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە "ژنێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوە، رووداو
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوە دەدات سەبارەت بەڕووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە نزیک پڕۆژەی میران سیتی لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، دەزگای ئاسیشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕۆژی 2ی تەممووزی 2024، کاتژمێر 11:30بەهۆی تەقیینەوەی ئۆتۆمبێلێک لەجۆری کیا سپۆرتاج ڕەنگی سپی کە لەئێستادا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە. دەشڵێت، بەهۆی تەقینەوەکەوە، دووکەس بە سەختی بریندار بوون، کە یەکیکان شۆفێری ئۆتۆمبێلێک و ئەوەی دیکەیان سەرنشین بووە و لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بەردەوامە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رۆژی سێشەممە 2-7-2024، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سۆرێنتۆ، رەنگی رەش لە نزیک پرۆژەی میران سیتی لە سلێمانی تەقییەوە. بەهۆی رووداوەکەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە برینداربوون و لەلایەن هاووڵاتییانەوە براون بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. هەر زوو تیمەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئۆپەراسیۆن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و چواردەوری ئۆتۆمبێلەکەیاندا. تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری تەقینەوەکە چیبووە. گومانەکان بۆ هێرشی درۆنی یان بۆمبی لکێنراو یان کێشە لە تانکی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکە دەچێت.
هاوڵاتی کارەبای سلێمانی، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لەنێوان 11هەزار و 500 بۆ 12 هەزار و 500 دینار دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەندراوێکدا رایگەیاند، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئههلییهكان کۆبووەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر سەعاتێک بۆ یهك ئهمپێر 41 دینارە. دەشڵێت، نرخی یهك ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی گهڕهكهكان لهناو شاری سلێمانی له نێوان 11 هەزار و 500 بۆ 12هەزارو 500 دینارە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان 280 بۆ 305 کاتژمێر کاریان کردووە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئهمپێرێك له گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. سەبارەت بە خشتەی کارپێکردنی مۆلیدەکان ئاماژەی بەوەداوە، خشتهی كارپێكردنی موهلیده بۆ مانگى تەممووز 24 كاتژمێری دەبێت واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته موهلیدهكان كارەبا بدەن به هاووڵاتییان. لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە،کە لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان، لهكۆنووسهكهدا جهختیان لهوه كردوهتهوه كه لهكاتی كوژاندنهوهی كارهبای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موهلیده و پێدانی كارهبا به هاووڵاتییان له دە خولهك زیاتر بخایهنێت، بهپێچهوانهوه خاوهن موهلیدهكه سزادهدرێت.
هاوڵاتی پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران, كە بڕیاڕە رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەعید جەلیلی و مەسعود پزیشکیان بەیەکتر دەڵێن، هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات. لە دیبەتێكدا كە ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند لە تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران پەخشكرا، مەسعود پزشكیان، كاندیدی ریفۆرمخوازەكان، رەخنەی لە سەعید جەلیلی ركابەری گرت، بەوەی ئەزموونی نیە، مەسعود پزیشکیان، پرسیاری ئەوەشی ئاراستەی جەلیلی کرد و وتی، ناوی تاكە كۆمپانیام پێبڵێ كە بەڕێوەت بردبێت تا بتوانیت ئیدارەی وڵاتێك بکەیت؟. لەبەرامبەردا، سەعید جەلیلی ركابەری، کە لە نێو دیپلۆماتكارە خۆرئاواییەكاندا بە هەڵوێستە توندەكانی ناسراوە، بەگری لەخۆی كرد و رۆشنایی خستەسەر هەنگاوە پیشەییەكانی و زۆرێك لەو پۆستانەی بەڕێوەی بردوون، لەنێویاندا كە گەورە دانوستكاری ئەتۆمی بووە. لە بەرامبەردا، موسعود پزشكیان پرسیاری پلانەكانی لە جەلیلی كرد لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتنی ئەتۆمی، جەلیلی لە وەڵامدا رایگەیاند، لەسەربنەمای بەهێزی نەك لاوازی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات، بەبێ ئەوەی بچێتە وردەكارییەوە. هاوكات سەعید جەلیلی بە پزشكیانی وت، هیچ پلانێكی نیە بۆ ئیدارەدانی وڵات، ئەگەر سەرۆكایەتی بگرێتە دەست، وڵات بەرەو دۆخێكی جیاواز دەبات. جەلیلی ئەوەشی خستەڕوو، جارێکیبتر مێژوو دووبارەداکەتەوە هەروەك ئەوەی لەسەردەمی حەسن روحانی روویدا. باسی لەوەشکرد، بەشێوەیەک كە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ زلهێزەكانی جیهان واژۆكرد و سنورێكی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دانا، لەبەرامبەر هەڵگرتنی سزا ئابورییەكان، بەڵام دواتر دوناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە كشایەوە و سزاكانی سەر ئێران توندتر كران. جێگەی ئاماژەیە، دوو كاندیدەكەی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، لە دیبەتێكی روبەڕوودا بەیەكتر دەڵێن، کە هیچ چارەسەرێكیان پێنیە بۆ كێشەكانی وڵات، ئەوەش پێش بەڕێوەچوونی گەڕی دووەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە بڕیاڕە رۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی سیاسی کۆدەبێتەوە و لەسەر چەند بابەتێک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ سێشەممە، 2 تەممووزی 2024، رۆژنامەی الشرق الاوسط ، بڵاوکردەوە دوای دابڕانێك كە ماوەی 6 ساڵی خایاند، چاوەڕوان دەكرێت مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سبەینێ سەردانی بەغدا بكات. رۆژنامەکە دەشڵێت، بە پێی ئاماژەکان بێت سەردانەکە بۆ باشبوونی پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدایە. ئەمش لە کاتێکدایە، سەرچاوە كوردییەكان ئاشكرایان كردووە، بارزانی رۆژی چوارشەممە دەگاتە بەغدا، بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك گفتوگۆو دانوستان لەگەڵ زۆرینەی سەركردە سیاسیەكان، بۆ دانانی چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەكانی نێوان هەردوولا. رۆژنامەی الشرق الاوسط، ئەوەشی خستۆتەڕوو، زەمینەی ناكۆییەكانی نێوان بەغداو هەولێر كۆمەڵێك پرس لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران و یاسای نەوت و گازو دۆسیەی هەڵبژاردن و، هەڵوێست لەبارەی پارێزگای كەركوك، كە تائێستا سەركەوتوو نەبووە لە هەڵبژاردنی حكومەتە خۆجێییەكەی، سەرەڕای تێپەڕبوونی 6 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا. رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، چاوەڕوان دەكرێت دانوستانەكانی بارزانی لە بەغدا، دۆخی شەنگال و هاتنەناوەوەی سوپای توركیا بۆ پارێزگای دهۆك و شارە كوردیەكانی تر لە خۆبگرێت.
هاوڵاتی نرخی نهوتی خاوی برێنت له بازاڕهكانی جیهان جارێكی تر بەرزبۆوە ببهجۆرێك نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت له 87 دۆلار نزیك دهبێتهوه. ئهمڕۆ سێشهممه 2ی تهممووزی 2024، نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی برێنت له بازاڕهكانی جیهان بهرزبوهوه بۆ 86 دۆلار و 83 سهنت. ئەمەش له كاتێكدا دوێنێ به 85 دۆلار و 42 سهنت فرۆشرا. جێگەی ئاماژەیە، نرخی یهك بهرمیل نهوتی خاوی ئهمریكی بهرزبوهوه بۆ 83 دۆلار و 53 سهنت، لهكاتێكدا دوێنێ به 81 دۆلار و 96 سهنت مامهڵهی پێوهكرا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ناتانیاهو دەڵێت، لە کۆتایی لەناوبردنی تەواوەتی چەکدارانی حەماس لە غەززە نزیکبوونەتەوە و جەختیشی لەوە کردەوە تاوەکو لەناوبردنی یەکجاریی ئەو بزوتنەوەیە کۆتایی بە جەنگ ناهێنن. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1-7-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی ئیسرائیلی گوت، “لە سەردانێکم بۆ لای هێزەکانمان لە غەززە گەڕاومەتەوە. هەموو دەستکەوتە دیارەکانمانم لە شەڕەکەمان لە رەفەح بەرچاوکەوت. خەریکە دەگەینە قۆناخی کۆتایی لەناوبردنی سوپای تیرۆرستانی حەماس”. لە قسەکانیدا ناتانیاهو جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجەکانیان هاوشێوەی پێشوو گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ژێردەستی حەماس، دڵنیابوونەوەیە لەوەی حەماس چیدیکە هەڕەشە نییە دژی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە ئاوارەکان لە باکوور و باشووری ئیسرائیلە. پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باکووری غەززە بکات، ناتانیاهو رایگەیاند، رەفەح دواین پەناگەی پارێزراوی حەماسە. قسەکانی سەرۆکوەزیرانەکەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، قۆناخی سەختی شەڕی حەماس لە غەززە کۆتاییهاتووە. ئاماژەی بەوەشکرد دەتوانن هێزەکەیان بۆ سەرنج خستنەسەر سنووری باکووری وڵاتەکەیان لەگەڵ لوبنان بەکاربێنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی هێزە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی ئاگربەستیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق شکاند و دەڵێن، ئەگەر ئیسرائیل هێرشبکاتە سەر لوبنان، بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چڕدەکەنەوە. راگەیێنراوی ئەو هێزە میلیشیایە دوای ئەوە دێت، لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا بەرپرسانیان لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کۆبوونەتەوە. رۆژی دووشەممە 1-7-2024، مقاوەمەی ئیسلامی کە هێزێکی میلیشیای نزیک لە ئێرانە رایگەیاند، “لە وەڵامی دوژمنانی زایۆنی و ئەمریکی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لەسەر لوبنان و بەرگرییە ئازاکەی، لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم هەڕەشانە هێرشەکانمان بۆ سەریان توند دەکەینەوە”. لە ماوەی رابردوودا، چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی میدیاییان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادکردووە. باس لەوە دەکەن بە هەر جۆرێک کە پێویست بێت هەوڵیان دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق. سەرچاوەیەکی عێراقی بە رۆژنامەی ئەخباری لوبنانیان گوتووە، هەزاران چەکداری میلیشیا جیاجیاکانی شیعە لە نێویاندا کەتایبی حیزبوڵا دەستیان بە مەشقی چڕ کردووە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، تەواوی مەشقەکان بە سەرپەرشتی ئێران دەکرێن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئۆکراینا بەهۆی کەمی و قەیرانی ژمارەی سەربازەوە لە ئۆکراینا بڕیاریداوە 27 هەزار بەندکراو کە گونجاون بۆ شەڕکردن لە بەرەکانی جەنگی وڵاتەکە لە دژی رووسیا ئازادبکات. ئەمە یەکەم جارە لە دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە جەنگ ئۆکراینا روو لە بەندینخانەکانی بۆ کۆکردنەوەی سەرباز لە سوپای وڵاتەکەدا بکات. بڕیارەکە مانگی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی ئۆکرایناوە پەسەند کرا. بە گوێرەی ئاماری یەکێتی ئەوروپا، 42 هەزار زیندانی لە بەندینخانەکانی ئۆکراینادا هەن؛ وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە دەڵێت، نزیکەی 27 هەزار زیندانی گونجاون بۆ ئەو ئەرکە. ئۆکراینا هیچ ژمارەیەکی دیار و روون لەبارەی ژمارە و شوێنی سەربازەکانی لە جەنگەکەی دژی رووسیادا بڵاوناکاتەوە، بەڵام فەرماندەکانی جەنگ لە ماوەی رابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە قەیرانی کەمیی ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا باسکردووە. رێککەوتن لەگەڵ سەربازەکان بەو جۆرەیە، دەبنە سەرباز بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و هیچ پاداشتێکی مادی وەرناگرن، بەڵام ئەگەر مان و نەمردن، دەتوانن ئازاد بن. سەربازێک دەڵێت، "هاندانێکی زۆر لە نێوان زیندانییەکاندا هەیە کە دەیانەوێت وەک پاڵەوانێک بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، نەک وەک زیندانییەک". زیندانییەکی دیکە دەڵێت، "کارێکی گێلانەیە لەم بەندینخانەیەدا دانیشیت و هیچ نەکەیت، هەمیشە ویستوومە شتێک بۆ ئۆکراینا بکەم و لە سوپادا ناوم بنووسن، ئەوە ئەو هەلە هاتە پێشەوە". ئەم پێشنیازە هەموو بەندکراوەکانی ئۆکراینا ناگرێتەوە؛ ئەوانەی بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی، هەراسانکردنی سێکسی، کوشتنی دوو کەس یان زیاتر دەستگیرکراون یاساکە نایانگرێتەوە. ئەو زیندانیانەش کە بڕیارە ئازادبکرێن، پێش ئەوە پشکنینی دۆخی مێشک و لایەنی دەروونی و تەندروستییان بۆ دەکرێت. ئازادکردنی زیندانییان لەلایەن ئۆکرایناوە لەکاتێکدایە، جەنگ لە دوو مانگی رابردوودا سەختتر بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئایاردا رووسیا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر خارکیڤ و رووبەرێکی گەورەی کۆنترۆڵکردەوە.
