هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوەدەدات، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن و تەوژمە هەوایەکی دیکەی فێنکی دەریای ناوەڕاست کاردەکاتە سەرناوچەکانمان. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما کەمێک دابه زینی بەخۆوە بینیوە لە ئەنجامی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی باکووری ئەفەریقی و لاوازبوونی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی، لەئەنجامی لاواز مانەوە و کەمبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی و هاتنی تەومە هەوایه کی تری فێنکی دەریای ناوەڕاست لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن". ئەوەشی وت، "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە پلەی گەرما بە رێژەی 1 تا 3 پلەی سیلیزی  و بۆ سێشەممەو چوارشەممە تا 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت". بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە با چالاکە ناو بەناو بە زۆریش بای شەماڵ زیاتر کاتەکانی دوانیوەڕۆ بەولاوە بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

  هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ژمارەیەک خوێندکار لە زانکۆی ریدینگ لە بەریتانیا بە ژیریی دەستکرد وەڵامی تاقیکردنەوەکەیان بۆ مامۆستا دەنێرن. هەرچەندە زۆر بە وردی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیان کراوە، بەڵام نەیانزانیوە ژیریی دەستکردە و لە خوێندکارەکانی دیکە باشتر وەڵامیان داوەتەوە. ئەو خوێندکارانە کارەکەیان وەک لێکۆڵینەوە کردووە لە تاقیکردنەوەیەکی ئۆنڵاین. ویستویانە بزانن ئایا مرۆڤ لە توانایدا هەیە وەڵامی ژیریی دەستکرد لە وەڵامەکانی دیکە جیابکاتەوە. وەڵامەکان بە چات جی پی تی 4 ئامادەکراون. ئەو پرۆفیسۆرانەی بە وەڵامەکاندا چوونەتەوە، توانیویانە لەو 33 وەڵامەی بۆیان چووە، تەنیا یەک دانەیان جیابکەنەوە و 32 وەڵامەکەی دیکە لە خوێندکارە ئاساییەکان نمرەی زیاتریان هێناوە. ئەنجامدەرانی تاقیکردنەوەکە دەڵێن، دۆزینەوەکەیان ئەوە دەردەخات، ئێستا ژیریی دەستکرد دەتوانێت پێداچوونەوەی "تورینگ" بەلاڕێدا ببات. ئەو پێداچوونەوەیە لەلایەن کەسانی زۆر شارەزا و پڕ ئەزموونەوە دەکرێت. باس لەوەش دەکەن، دوای ئەم لێکۆڵینەوەیە دەبێت وریایانەتر بە پێشنیازی خوێندکاراندا بۆ وەرگیرانیان لە زانکۆکان بچنەوە. دەشڵێن، ئاگادار نەبین ژیریی دەستکرد دادوەری نێوان خوێندکاران لە سیستمی خوێندندا دەشێوێنێت. ئێستا لە زۆربەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان تاقیکردنەوەی ئۆنڵاین لە رێگەی ناردنی وەڵامەکان بۆ پرۆفێسۆرەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێت. لێکۆڵەرەکان دەڵێن، مەرج نییە بگەڕێینەوە سەر وەڵامدانەوەی دەستنووس، بەڵام دەبێت سیستمی پێداچوونەوە بە وەڵامەکانیش بتوانن لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە زۆرەی ژیریی دەستکرددا خۆیان بگونجێنن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سگڤان ئەرتیسی، بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکانی بادینان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە لەئێستادا تێیدان". ئەو بەرپرسەش پێی وایە، ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاونەگرن و ببنە یەک دەنگ و یەک دەست و بابەتی نەتەوەیی بهێنە پێشەوە، دەتوانن رێگری لەم داگیرکارییەی تورکیا بکەن، بەڵام حزبەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان یەکتری تۆمەتبار دەکەن. وتیشی، "تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێکی داگیرکەرە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات، هەروەها تورکیا هەر جێگەیەک داگیربکات بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، کولتوور و هونەر و زمانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا". ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بەشێوەیەکی فراوان دەستیان بە لەشکرکێشی کردووە لە ناوچەکانی قەزای ئامێدی و سنووری بادینان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییە بێدەنگی هەڵبژاردووە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "چەکی 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان". بەپێی وتەی نەوزاد شێخ کامیل بێت، لەو پارەیە 10ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و شەش ملیار دیناری بۆ ھەولێر و چوار ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دھۆکە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێککارە کارگێڕییەکانی دابەشکردنی پارەکە تەواوکراوە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت". تائێستا لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بڕی 292 ھەزار و 760 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمیش بەردەوامە.  

هەوراز حوسێن  هاوڵاتی، سلێمانی    بەشێکی زۆر لەو دەنگدەرانەی ئەمریکا کە نەیاندەتوانی یەکلابنەوە دەنگ بە جۆ بایدن یان دۆناڵد ترەمپ دەدەن دەڵێن، بە دڵنیاییەوە دەنگ بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن. ئەوەش دوای دیبەیتەکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان ئەو دوو بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە 67٪ی ئەمریکییەکان لایان وایە ترەمپ بردوویەتییەوە.  ئاژانسی رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەندێک لە دەنگدەرانی ئەمریکا کردووە کە نیازیان وابووە دوای دیبەیتەکە خۆیان یەکلاییکەنەوە. 76٪ی ئەو دەنگدەرانە باسیان لەوەکردووە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە تەمەنی 81 ساڵە لە دیبەیتەکەدا "لاواز و شەرمەزارکەر بووە و سەخت بووە تەماشای بکەن".  جینا گانۆن، ژنێکی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکایە، لە 2020دا دەنگی بۆ جۆ بایدن داوە و دەڵێت، "جۆ بایدن زۆر لاواز دەرکەوتووە و هەر لە سەرەتاوە شڵەژاوە. نیگەرانی من ئەوەیە دوژمنە جیهانییەکانمان جۆ بایدن بەم جۆرە ببینن". دواتر دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە دەنگ بۆ دۆناڵد ترەمپ دەدەم".  هەرچەندە لە پێشووتردا دیبەیتی سەرۆکایەتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دەنگدانی سەرۆکایەتی ئەمریکا نەبووە، بەڵام ئەم جارە بایدن و ترەمپ رێژەی دەنگەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکە و پێویستیان بەوەیە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پشت بەو دانیشتووانە ببەستن کە خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە.    لە دیبەیتەکەدا بایدن بە بەرچاوی جیهانەوە قسەی زۆری هەڵە دەکرد و دۆناڵد ترەمپیش زۆر هێرشی کردە سەری لەسەر ئەو هەڵە قسەکردنانە. لە شوێنێکدا کاتێک پێشکەشکاری دیبەیتەکە داوا لە ترەمپ دەکات وەڵامی بایدن بداتەوە، ترەمپ دەڵێت، "تێنەگەیشتم گوتی چی لە قسەکەی کۆتاییدا، پێم وانییە خۆشی تێگەیشتبێت چی گوتووە". ئەوەش دوای ئەوەی بایدن قسەکانی بیرچووەوە و نەیزانی باسی چی دەکات.    20٪ی دەنگدەرانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە کام بەربژێری سەرۆکایەتی دەدەن. ئەوەی جۆ بایدنی زیاتر لاوازکردووە تەمەنەکەیەتی.    لە شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بەهۆی دووچاری لەبیرچوونەوەی بیرەوەرییەکانی بووە.    گۆڤاری سی ئێن ئێنی ئەمریکا راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێش دیبەیتەکە 55٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر دەبێت و 45٪ پێیان وابووە بایدن باشتر دەبێت. بەڵام دوای دیبەیتەکە 67٪ پێیان وابووە ترەمپ باشتر بوو و 33٪ لایان وابووە بایدن باشتربووە.    هەر بە گوێرەی سی ئێن ئێن، 48٪ی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگ بۆ ترەمپ دەدەن و 40٪یان دەنگ بۆ بایدن دەدەن، 2٪یان نازانن دەنگ بۆ کامیان دەدەن و 11٪ دەڵێن نایانەوێ دەنگ بە هیچیان بدەن.

هاوڵاتی لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی و هونەری تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند "تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی داراییە و وردبینیکردن تیایاندا بەردەوامە و پێیان رانەگەیاندووین هۆکارى نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چییە و چ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە هەیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "وردبینی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژە لیستی هێزە ئەمنییەکانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وردبینی تیایدا تەواو نەبووە". لەبارەى هۆکارى دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیندووە، هۆکارەکان سیاسی و هونەرییە، هۆکارە سیاسییەکان بەهۆى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە و هۆکارى هونەرییەکانیش بەهۆی ئەو لیستەوەیە کە نێردراوە کە پێدەچێت جیاوازیی هەبێت لەگەڵ لیستەکانی پێشوودا". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار تەواوبێت، پێناچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە دووبارەبێتەوە و بۆ مانگەکانی دیکە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت".  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی زانایان لاشەی بەستووی گورگێکیان لە سبیریا دۆزیوەتەوە کە تەمەنی 44 هەزار ساڵە. گورگەکە لە زانکۆی فیدراڵی باکووری رۆژهەڵات لە شاری ئاکوتسکی رووسیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. گورگەکە لە ساڵی 2021دا لە لایەن دانیشتوویەکی یاکوتیاوە دۆزراوەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو ناوچەیەدا بەردەوام زەوییەکە بەستوویەتی، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە لە چەند ناوچەیەک بەفر دەتوێتەوە. بەهۆی بەستووییەوە، گورگەکە شێوەی خۆی لەدەست نەداوە و ئەندامەکانی جەستەی و شێوەی گشتیی لاشەکەی و مووەکەی گیانی بە تەواوی ماونەتەوە. زاناکان هەوڵی ئەوە دەدەن لە رێگەی ئەو گورگەوە لە سیستمی خۆراکیی سروشت تێبگەن لەو ماوەیەدا. هەروەها دەیانەوێت ڤایرۆس و بەکتریای نوێ لە جەستەی گورگەکەدا بدۆزنەوە، ئەوەش چونکە بەشێک لە بەکتریا و ڤایرۆس بۆ هەزاران ساڵ لە کەشی سارددا دەژین. رۆبێرت لۆزی، لێکۆڵەری ئاژەڵ و مرۆڤی دێرین لە زانکۆی ئەلبێرتا کە بەشێک لە تاقیکردنەوەکە پێکدەهێنێت لەبارەی گورگەکەوە دەڵێت، "بەڕاستی جێگەی شۆکە". ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەمە تەنیا ئاژەڵی چاخی پلایستۆسینە کە دۆزرابێتەوە". لە دوای لێکۆڵینەوە لە ددانێکی گورگەکە، زانایان بۆیان دەرکەوتووە گورگەکە نێر بووە و تەمەنی گەورە بووە کە لە ناوچەیەکی سارد و تەختدا راویکردووە. هەروەها لەوانەیە پاشماوەی بەشێک لەو ئاژڵانەی گورگەکە خواردوونی لە نێوان ددانەکانی و گەدەیدا مابێتەوە، بۆیە دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ئەوانیش بکەن. زاناکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر هەر کامێک لەو زیندەوەرە بچووکانەی لە لاشەی گورگەکە دەدۆزرێنەوە نوێ بن بۆ زانست، دەکرێت لە داهاتوودا دۆزینەوەی نوێ لە زانستی پزیشکیدا بەرهەمبێنن. 13:41                  

هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەن جیهان بە زووترین کات ئەو "برسیکردنە بە ئەنقەستەی" سوودا بووەستێنن. باس لەوە دەکەن برسێتییەکی کارەساتبار رووی لە سوودان کردووە 40 ساڵە نەبینراوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، 755 هەزار کەس لە سوودان لەسەر لێواری لە برسا مردندان و رێکخراوی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو دەڵێت، 26 ملیۆن کەس بە سەختی دووچاری بۆ خۆراکی بوونەتەوە. بارێت ئەلیکساندەر، سەرۆکی بەرنامەی سەربازانی بەزەیی لە سوودان دەڵێت، هێشتا ئەو ئامارە کەمە و چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی راوەدوونانی جوتیارانەوە لەلایەن هێزە چەکدارییەکانەوە لە ناوچە کشتووکاڵییەکان، برسێتی زیاتر ببێت. ئیعتیزاز یوسف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە سوودان خەڵک دەستیان بە خواردنی گیا کردووە و بە زووترین کات دەبینین کە خەڵک لە برسا دەمرن. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردووە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار هاریکاریی مرۆیی بگەیێنرێتە دەست خەڵکی سوودان، بەڵام تاوەکو ئێستا 17٪ی ئەو بڕە دراوە. شەڕی ناوخۆی سوودان هێشتا بەردەوامە و وڵاتەکانی دراوسێی بەوە تۆمەتباردەکرێن کە بە پێدانی جەنگ بە هێزە چەکدارییەکان ئاگر بە شەڕەکەدا دەکەن. ئیمارات چەک دەدات بە هێزی پشتیوانی خێرا، بەرامبەر ئەوەی لە یەمەن هاریکاریی ئەبو زەبی دەکات.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران، کاتژمێر 9:45 ی پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 29ی حوزەیران، 19 میلیۆن و 69 هەزار و 713 کەس بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێرانیان کردووە. دوای 45 خولەک و کاتژمێر 10:30 بە کاتی ئێران لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئێرانەوە ژمارەی دەنگەکان زۆر زیاتر راگەیەندرا. بە پێی دوایین راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی ئێران 24 میلیۆن و 535 هەزار و 185 کەس بەشداری هەڵبژاردن بوون. لە هەواڵەکانی کاتژمیر 9:45خولەکدا راگەیەندرا 8 میلیۆن و 302 هەزار و 577 دەنگی هێناوەو سەعید جەلیلی 7 میلیۆن و 189 هەزار و 756 دەنگی هێناوە. بەڵام دواتر راگەیەندرا مەسعوود پزیشکیان 10 میلیۆن و 415 هەزار و 191 دەنگی هێناوەو سەعید جەلیلی 9 میلیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی هێناوە. بە پێی ئامارەکانی کاتژمێر 9:45خولەک بە کاتی ئێران نزیک بە 31% خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بوون، بەڵام لە دوایین ئاماردا کە 45 خولەک دواتر راگەیەندرا 40% خەڵک بەشدار بوون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کەوتۆتەگەڕی دووهەم. بە پێی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی، گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە نێوان مەسعوود پزیشکیان و سەعید جەلیلی بەڕێوە ئەچێت. لە کۆی 24 میلیۆن و 535 هەزار و 185 کەس کە بەشداری دەنگدانیان کردووە، مەسعوود پزیشکیان 10 میلیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی هێناوە و سەعید جەلیلی 9 میلیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی هێناوەو لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەکاندا بەشدار ئەبن بۆ ئەوەی سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکرێت. مەسعوود پزیشکیان لە لایەن ریفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت و سەعید جەلیلی سەر بە ڕەوتی بناژۆخوازی توندڕەوە. بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئێران 40% خەڵی ئێران بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون و دەنگیان داوەو پارێزگای سنە کەمترین بەشداری بووە بە 23% بەشدارییەوە.

هاوڵاتی ماڵی سەید ئەحمەدی خانەقا لە شاری كەركوك ئەو ماڵەی سرودی ئەی رەقیبی تێدا تۆماركرا روخێنرا، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 300 ساڵ دەگەڕێتەوە. دەستەی داكۆكیكار لە شاری كەركوك لەسەر روخانی خانوەكە هاتنە دەنگ و داوا دەكەن لێكۆڵینەوەی لە هۆكاری روخانی خانووەكە بكرێت، چونكە شوێنەواری شارەكە ماڵەكەی كڕیبویەوە بۆ ئەوەی نۆژەنی بكاتەوە و تابلۆیەكی لەسەر خانوەكە هەڵواسیبوو، كە نابێت هیچ كەسێك دەستكاری بكات، بەڵام روخێنراوە. هاووڵاتیانی كوردی شارەكە داوا دەكەن بە زووتریت كات خانوەكە چاكبكرێتەوە و بكرێتە مۆزەخانە، چونكە ناسنامەی كورد و شارەكەیە. جێگەی ئاماژەیە، ئەم خانووە، لە چلەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن هەریەک لە دڵداری شاعیر و شێخ حسێن بەرزنجی ئاوازی سرودی نیشتمانی ئەی رەقیبی تێدا دانراوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ رایگەیاند، كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی رابردوو لە رێگەی سەرەكیی باتیڤا و لە نزیك كامپی بێرسڤێ دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی تۆیۆتا و كرۆلا و كیا و سیراتۆ پێكیاندادا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی رووداوەكەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا و هەشت كەسی دیكەش برینداربوون، زیانی ماددی زۆریش بە هەردوو ئۆتۆمبێلەكە گەیشت.  هاتووچۆی زاخۆ  دەشڵێت، دووان لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە باوك و كوڕن. بە پێی زانیارییەکان، ژمارەی قوربانییانی رووداوەکە بۆ سێ کەس بەرزبۆتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی رایگەیاند، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، ئیسرائیل نایەوێت شەڕ دژی حیزبوڵا لە لوبنان بکات، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ شەڕ. یوئاڤ گالانت لە سەردانەکەی دوێنێیدا بۆ لای هێزەکانی نزیک سنووری باکووری ئیسرائیل و لوبنان رایگەیاند، "ئێمە کار لەسەر چارەیەکی سیاسی دەکەین ، ئەمە هەمیشە باشترین بژاردەیە، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام ئامادەین بۆ شەڕ". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر حیزبوڵا شەڕ هەڵبژێرێت، ئێمە دەزانین چی دەکەین، ئەگەر ئەوان ئاشتی هەڵبژێرن، ئێمە وەڵامی گونجاو دەدەینەوە". لە سەرەتای شەڕی غەززەوە ڕۆژانە پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان ڕوودەدات. نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، هۆشداریی دا کە ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژیی سەربازی بەرفراوان دەست پێ بکات، ئەمە دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی وێرانکەر.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ئەمشەو هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە". ئەوەشی وت، "تووشبووەکە گەنجێکە تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی قەزای رانیە-یە و پیشەی قەسابە، لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شار لە پارێزگای سلێمانی خەوێندراوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە". بەپێی ئەو ئامارەبێت کە د.سەرکار سورچی خستیەڕوو، ئەمە پێنجەم حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، کە دوو حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پاریزگای سلێمانی تۆمارکراون. 

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی دارەتوو رایدەگەیەنێت، سبەینێ درۆنێک بە ئاسمانی ناحیەکەدا دەسووڕێتەوە و پێویست بە دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان ناکات. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەتوودا، داوا لە هاووڵاتیانی ناحیەی دارەتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت بەرامبەر ئەو درۆنەی سبەینێ لە ئاسمانی گوندی باغمرەشهاب دەبینرێت.  ئەوەشخراوەتەڕوو، درۆنەکە بە فەرمی مۆڵەتی فڕینی لە لایەنی ئەمنی وەرگرتووە، تەنها بۆ مەبەستی رووپێویکردن بەکاردەهێنرێت، بەپێچەوانەوە بەرامبەر هەر سەرپێچی کارێک کاردانەوەی یاسایی دەگیرینەبەر.