هاوڵاتی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لەبارەی دەستبەسەرکردنی سێ کچ لەلایەن براکانیانەوە لە ناوچەی حوسیەنییەی پارێزگای بەغدا، ئەوانیش تیمێکیان رەوانەکردوە و سێ کچەکە ئازادکراون و براکانیان دەستگیرکراون. فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی زانیاری و بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخەی لە ناوچەیەدا دروستبوە، مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیدراڵی چونەتە شوێنێ روداوەكە و هەر سێ خوشكەكانی ئازادكردوە و براكانیشیان دەستگیركراون. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، بەپێی زانیارییە ئەمنییەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی، برای ئەو سێ کچە هەستاون بە بەستنەوەیان بە زنجیر و پاشان دەستبەسەرکردنایان لە ماڵەکەیاندا، بەهۆی چەند کێشەیەکی خێزانییەوە. پۆلیسی فیدراڵ ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، كە بەهۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵ خوشكەكانیاندا، نیشانەكانی لێدان و چەقۆیان پێوەدیارە و لە بارودۆخێكی سەختدا ژیاون، راشیگەیاندوە: دۆسیەكە رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار و یاسایی كراوە بۆ سزادانی تۆمەتباران.
هاوڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، بەبەشداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ شەممە 27ی کانوونی دووەم، لەناو کامپی هۆڵ قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" ی لە دژی شانەکانی داعش دەستپێکرد. لەم بارەیەوە ئه ندامی فه رمانده یی گشتیی هێزه کانی ئاسایشی ناوخۆ، عه لی حه سه ن به زمانی عەرەبی ، وته بێژی یه په گه ڕوکەن جه مال به زمانی کوردی بەیاننامەکەیان خوێنده وه . دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە: "لە ساڵانی ڕابردوودا ئیدارەی خۆسەر و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەموو بارگرانییەکانی پەیوەست بە ڕێگریکردن لە زیادبوونی هەڕەشەی تیرۆریستی لە کەمپی هۆل و کەمکردنەوەی دڕندەیی ئەو چالاکییە تیرۆریستییانەی کە شانەکانی داعش بەرامبەر بە دانیشتوانی کەمپەکە ئەنجام دەدرێن، لە ئەستۆ گرتووە". . ئەمەش بەهۆی گرنگی نەدانی هێزە نێودەوڵەتییەکان بە ئاستی مەترسی ئەم گەشەسەندنە کەخۆیان ناچارنەدیتوە بەرپرسیارێتی ئەم دۆسیە مەترسیدارە لە ئەستۆ بگرن.. لە ماوەی ڕابردوودا چەتەکانی داعش جموجۆڵ و چالاکیی و شانەکانیان لە کەمپەکەدا زیاد دەکرد. ئه م زیادبوونه له هه مان کاتدا ڕوویدا کەهاوکات هێرشه کانی ده وڵه تی داگیرکه ڕی تورکیا و چەتەکانی سه ڕ به ڕژێمی سوریا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە . هەربۆیە ئەم شانە تیرۆرستیانە چەندین چالاکیی تۆقاندن و کوشتنیان ئەنجامداوە؛ هەروەها فشاریان خستۆتە سەر دانیشتوانی کەمپەکە و یارمەتییە مرۆییەکانی وەک پێداویستییە تەندروستییەکان سووتاندوە، ئەمەش ڕێگرییان بەڕێوەبردنە کەمپەکە دەکات لە هەمووڕویەکەوە . بەم شێوەیە هەوڵیان دا کەشێکی گونجاو بۆ شانە تیرۆریستەکان دروست بکەن و منداڵانی زیاتر تێوە بگلێنن و منداڵان لەبارەی بیرۆکە ڕادیکاڵ و توندوتیژەکان لە ڕێگەی ژنانی داعشەوە پەروەردە بکەن کە ڕۆڵێکی کارایان لە زیندووکردنەوەی داعشدا هەیە. هەروەها پلانی ڕفاندن و دروستکردنی پشێوی لە کەمپەکەدا زیاتر ڕێگەخۆشکەرە بۆ تێکدانی ئاسایشی کەمپەکە. جگە لەم کارانە، زۆرێک لە دانپێدانانەکانی شانەکانی داعش کە لەم دواییانەدا گیراون، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە چەتەکان پلانیان دانابوو لە دەرەوە هێرش بکەنە سەر کەمپەکە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ جوڵەی شانەکانی ناوەوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەکەیان. کەمپی هۆل تا ئێستاش ئامانجی سەرەکی و ئامرازی پڕوپاگەندەی داعشە و لە هەموو بڵاوکراوەکانیدا بەکاری دەهێنێت. بۆیە وەک درێژەپێدەری خەباتی گرانبەهامان و ئەرکە ئەخلاقی و مرۆییەکانمان بۆ ڕێگریکردن لەم کارە، وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بەشداری دەکەن و بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" لە کەمپی هۆڵ ڕادەگەیەنین. ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەندامانی شانەکانی داعش و وشک کردنی بازنەکانیان و دەستگیرکردنی خراپەکاران و لەوانەش ئەوانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستیەکان و هاوکارەکانیان و هەروەها ئەوانەی بیرۆکەی ڕادیکاڵ و توندوتیژانە لەنێو منداڵاندا بڵاودەکەنەوە دەکاتە ئامانج. وەک هێزی ئۆپەراسیۆن کە بە هێز و دیسیپلین خۆیان سەلماندووە لە ماوەی ساڵانی درێژخایەنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،جەخت لەسەر پابەندبوونمان بە یاسا و ڕێکەوتننامەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. بە تایبەتی ئێمە پابەندبوونمان بەو یاسایانە نوێ دەکەینەوە کە میکانیزمی ئەمنی ڕێکدەخەن لە دژی ژینگەکانی وەک کەمپی هۆڵ، کە شانە تیرۆریستییەکان تێیدا هەڵکەوتوون و بۆ چالاکییەکانیان بەکاردەهێنرێن. هێزەکانمان لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی دەستبەجێ یان درێژخایەن و ڕێکارەکانی شکستپێهێنانی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر هەرێم و گەلەکەی، هەموو ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە، جێبەجێ دەکەن. . 27_01_2024 سکرتاریەرتی گشتی هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا _ کاپمی هۆل
هاوڵاتی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە ١٨ـی ئەم مانگە لە کەرکوک شۆفێرێکی تەکسییان کوشت و دواتریش ئۆتۆمبیلێکەیان دزی. فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک و فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە توانیان هەردو تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن. رەحیم میرزا خورشیدی تەمەن 72 ساڵ رۆژی ١٨ی مانگی (کانونی دوەم/1) کە وەک شۆفێری تاکسی لە پارێزگای کەرکوک کاری دەکرد بێسەروشوێنبوو دوای بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری دەرکەوت، دو کەسی نەناسراو ئەو شۆفێری تاکسییەیان کوشتوە و ئوتومبێلەکەیان دزیو لە تەرمەکەیان لە نزیک ناحیەی قەرەهەنجیر فڕێدابوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، بکوژەکان لە سلێمانی و بە هاوکاریی ئاسایشی کەرکووک دەستگیرکراون و دوای دەستگیرکردنیان دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بڕیارە تۆمەتبارەکان رادەستی پۆلیس و دادگای کەرکووک بکرێنەوە.
هاوڵاتی بڕیاربوو له دانیشتنی ئهمڕۆیدا، پهرلهمانی عێراق بڕگهی ههڵبژاردنی سهرۆكی پهرلهمان یهكلا بكاتهوه، بهڵام دوای دواخستنی ئهو بڕگهیه هیچ بڕگهیهكی دیكهی نهخسته بهرنامهی كارهكانییهوه و دانیشتنهكهی بۆ سێشهممهی داهاتو دواخست. نوسینگەى راگەیاندنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە؛ ئەنجومەنى نوێنەران بڕگەى هەڵبژاردنى سەرۆکێکى نوێی بۆ ئەنجومەنەکە دواخست. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەم دواخستنە تا ئەو کاتەیە دادگاى فیدراڵى ئەو سکاڵایانە یەکلایی دەکاتەوە کە لە کاندیدێکى ئەو پۆستە و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق تۆمار کراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، دواى لابردنى محەمەد حەلبوسى لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، تا ئێستا هیچ کەسێک بۆ ئەو پۆستە یەکلایی نەبوەتەوە و بڕیاربو ئەمڕۆ بەپێى ئەو خشتەى کارەى لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە بڵاوکرابوەوە، ئەو پرسە یەکلا ببێتەوە. ڕۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایهوه. حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدومە، پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ـی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار. بۆ هەڵبژاردنی کەسێکیش بۆ شوێنی حەلبوسی ١٣ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران گەڕی یەکەمی دەنگدانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە رێکخست و تێیدا شەعلان ئەلکرەیم کاندیدی تەقەدووم بە بەدەستھێنانی ١٥٢ دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا، بەڵام دواتر گەڕی دووەمی دانیشتنەکە دواخرا.
هاوڵاتی مامۆستایانی ناڕازی هەولێر ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان ڕاگەیاند و دەڵێن، سبەی یەکشەممە لە سەرتاسەری سنوری هەولێر دەستپێدەکەین و لە سنوری سلێمانیش خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجامدەدرێت. ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی وت، " سبەی یەکشەممە جگە لە وەی لهسنورى بایكۆت خۆپیشاندانى فراوان ئهنجامدهدهن، دهشڵێت:"ژمارەیەك لەفەرمانگەکانی دیكهش بایکۆت ڕادەگەیەننو بەشداریی خۆپیشاندانی سبەینێ دەکەن". لەبارەی بایکۆتەکەی هەولێریشەوە ئەو مامۆستایە بڕیارەکەی مامۆستایانی هەولێری پشتڕاستکردەوە و وتی،" ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی لە هەولێریش بایکۆت ڕادەگەیەنن هاوکات هیوادارین بەشێوەیەکی سەرتاسەری لە پارێزگاکەکەدا پشتگیرییان لێبکرێت". لە ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی ناڕازی هەولێردا هاتووە، "وەکو ئاگادارن وا بۆماوەی چوار مانگ دەبێت حکومەتی هەرێم، موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی دابەشنەکردوە و حکومەتی هەرێم خۆی کەڕ کردوە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایان و فەوتانی ساڵێکی 700 هەزار قوتابی ، هەروەکو بەڵێنیان دابو کە هەڵوێستی جدیییان دەبێت لەبەرامبەر بێ وەڵامی حکومەت." ئەوەشخراوەتەڕو، بۆیە سبەی رۆژی یەکشەممە، بایکۆتی سەرتاسەری لەسنوری شاری هەولێر ڕادەگەیەنن تاوەکو حکومەتی هەرێم موچەی ئەم مانگە دابەش دەکات، بۆ مانگەکانی دیکەش دابەشکردنی موچە ئاسایی دەکاتەوە. لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبوونەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووە، کە خۆی لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و گریبەست و پێدانی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا دەگرێتەوە، هاوکات چەند جارێک قوتابییانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان. لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، 39 هەزار و 13 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە 29 هەزار و 466 مامۆستای میلاک، نۆ هەزار و 546 فەرمانبەر و 600 وانەبێژن. 386 هەزار و 422 قوتابیش لە قوتابخانە حکومییەکان وانە دەخوێنن. لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، 101 قوتابخانەی تایبەت هەن کە سێ هەزار و 470 مامۆستا تێیاندا وانە دەڵێنەوە و 29 هەزار و 555 قوتابیش تێیاندا وانە دەخوێنن.
هاوڵاتی لەدرێژەی هێرشی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرو جەنگییەكان لە دەریای سوور، حووسییەكان بە مووشەك هێرشیانكردە سەر كەشتییەكی جەنگی ئەمریكاییەكان لە دەریای سوور، لە بەرامبەردا ئەمریكاییەكان رایانگەیاند بنكەو شوێنەكانی حووسییەكانیان لە یەمەن كردۆتە ئامانج. فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 27ی كانوونی دووەمی 2024، موشەكێكی دژە كەشتی حووسییەكانیان تەقاندۆتەوە". بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم "ئەم مووشەكە هەڕەشە بوو بۆ سەر كەشتییە بارهەڵگرەكان و كەشتیەكانی هێزەكانی دەریایی ئەمریكا لە ناوچەكە و هێزەكانی ئەمریكا بۆ بەرگری لە خۆیان مووشەكەكەیان تەقاندووە." لە هەمانكاتدا حووسییەكان كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن رایانگەیاند"بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە دوو هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بنكەو دامەزراوەكانی حووسییەكان لە یەمەن". بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، تەلەفزیۆنی حوسییەكان ناسراو بە "ئەلمەسیرە" بڵاویكردۆتەوە هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر بەندەر "رەئس عیسا" كە سەرەكیترین شوێنی هەناردەكردنی نەوتی یەمەنە". بەرپرسانی ئەمریكاو بەریتانیا تا ئێستا هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە. رۆژی هەینی نەوتهەڵگرێك لە دەریای سوور لەلایەن حووسییەكانەوە كرایە ئامانج و ئاگر لە كەشتییەكە كەوتەوە. بە پێی راگەیاندنی سێنتكۆم، كەشتی نەوتهەڵگری (مارلین یۆڤاندا) كاتژمێر 7:45خولەكی ئێوارەی هەینی لەلایەن حووسییەكانەوە بەمووشەكی بالستیكی دژە كەشتی كرایە ئامانج. سێنتكۆم نووسیویەتی "دوای ئەوەی ئەم كەشتییە پەیوەندی پێوەكردوون ، كەشتی جەنگی " یوو ، ئێس، ئێس، كارنی" و كەشتییە جەنگیەكانیتری هاوپەیمانان خۆیان گەیاندۆتە كەشتی ناوبراو بۆ یارمەتیدانی. پێستر، یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەكان، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هێرشی مووشەكی ئەم گرووپە بۆ سەر كەشتی بارهەلگری مارلین یۆڤاندا، باسی لەوە كرد ئەم كەشتییە، سەر بە بەریتانیایە و نەوتهەڵگرێكی بەریتانی كراوەتە ئامانج. بەڵام ئەوەی هەیە ئەم كەشتییە نەوتهەڵگرە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی لەسەرەو سەر بە كۆمپانیایەكی نێونەتەوەییە بە ناوی "تافیگۆر". كۆمپانیای ترافیگۆر، ئێوارەی هەینی رایگەیاند كە ئەم كەشتییەیان كراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە. ئەم كۆمپانیایە هەروەها رایگەیاندووە كە كەشتییە سەربازییەكان چوونەتە یارمەتی ئەم كەشتییە بارهەڵگرەوە. هێرشی حووسییەكان كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر ئەو كەشتیانەی لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەندا لە هاتووچۆدا لە 19ی نۆڤەمبەرەوە زیاتر بووەو تا ئێستا زیاتر لە 30 جار هێرشیانكردۆتە سەر كەشتییە بارهەلگرو سەربازییەكان لەو ناوچەیە. حوسییەكان رایانگەیاندووە تا ئەوكاتەی ئیسرائیل بەردەوام بێت لەهێرش بۆ سەر غەزە بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان لەو ناوچەیە.
هاوڵاتی – عەمار عەزیز سێ ئەندامی ئەو خێزانەی چەند رۆژێك لەمەوبەر بەهۆی تەقینی سۆپای غازەوە لەسنوری پارێزگای دهۆك بریندار بوون بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە گیانیان لەدەستدا. خەلیل مەحمود، قائیمقامی قەزای سێمێل بە هاوڵاتی وت "شەوی 23ی ئەم مانگە لەگوندی هاجنسێ سەر بە قەزای سێمێل بەهۆی تەقینەوەی سۆپای غاز ، حەوت ئەندامی خێزانێك لەو روداوە برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە ئەمڕۆ شەمە 27ی كانوونی دووەمی 2024،سیانیان گیانیان لەدەستداوە". وتیشی"دۆخی تەندروستی چوار بریندارەكەی تریان باشە، بەڵام تا ئێستا چارەسەری پێویست بۆیان دەكرێت، هەموویان ئەندامی یەك خێزانن و خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند محەمەد مودەسر تیپۆ، باڵیۆز پاكستان لە ئێران گەیشتۆتەوە تاران و باڵیۆزی ئێران بە زووترین كات دەگاتەوە ئیسلام ئاباد. رەسوڵ موسەوی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند "بەپێی رێككەوتنی وەزیری دەرەوەی دوو وڵات، باڵیۆزەكانی ئێران و پاكستان چالاكییەكانی خۆیان دەستپێدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی كارەكانیان". وەزارەتی دەرەوەی پاكستانیش رۆژی چوارشەممە 17 كانوونی دووەم رۆژێك دوای بۆردومانە موشەكییەكەی سوپای پاسداران بۆ سەر وڵاتەكەی، هەڵوێستی توندی گرت و باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگكردەوەو رایگەیاند لە ئێستادا باڵیۆزی ئێران بۆی نییە بگەڕێتەوە بۆ ئیسلام ئاباد. هاوكات باڵیۆزی كۆماری ئیسلام كە لە ئێران بوو، نەگەڕایەوە بۆ پاكستان. رۆژی سێ شەممە 16ی كانوونی دووەم، سوپای پاسداران هێرشی موشەكی كردە سەر چەند شوێنێك لە پاكستان و رایگەیاند بنكەكانی سوپای عەدلی بۆردومانكردووەو لە ناوی بردوون، هەروەها سوپای عەدل و وەزارەتی دەرەوەی پاكستانیش رایانگەیاند دوو منداڵ بەهۆی بۆردومانەكەی ئێرانەوە كوژراون. لە وەڵامدا پاكستان ناوچە سنوورییەكانی ئێران لە شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بۆردومانكردو بەپێی وتەی بەرپرسانی ئێرانی 10 كەس كە چواریان منداڵ بوون لە هێرشەكاندا كوژراون. رۆژی یەكشەمە 20ی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاكستان رایگەیاند پیاوێكیان دەستگیركردووە كە كاری بۆ ئیتلاعاتی ئێران كردووە.
هاوڵاتی بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی عێراق و هاوپەیمانان بۆ تاووتوێكردنی پرسی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو. بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 27ی كانوونی دووەم، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی دەستپێكردنی خولی یەكەمی گفتوگۆی دوو قۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكای كرد بۆ كۆتاییهێنان بەئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. لەچەند رۆژی رابردودا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە یەكێكە لە دوو جێگرەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە " لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كۆبووتەوەو نامەیەكی گرنگمان لە حكومەتی ئەمریكاوە بۆ حكومەتی عێراقی پێگەیشت". وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتوە "نامەكە لەلایەن سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە تاووتوێدەكرێت و هەنگاوەكانی داهاتوو لەسەر ئەو بابەتە دەگیرێتەبەر".
هاوڵاتی وتەبێژی كەجەكە رایگەیاند چەكدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلا زانیاری هەواڵگری دەداتە سوپای توركیاو چەند رۆژی رابردووش ئەحداسیاتی دوو سەیارەی ئێمەیاندا بەسوپای توركیاو لە ئەنجامدا بوونەتە ئامانجە فڕۆكەی جەنگییەكانی توركیا و لەناوچوون. دەشڵێت پارتی رێگا بۆ سوپای داگیركەر دروست دەكات و ئیمكانیاتی لۆجیستییان بۆ دابین دەكات و پاسەوانیشیان بۆ دەكات و بریندارەكانیان تیمار دەكات و دەیانگوازێتەوە. زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەوەڵامی پرسیارێكی ڕۆژنامەی هاوڵاتی سەبارەت بەڕاستی ڕوداوەكانی شەڕی پێشمەرگەو گەریلا وتی "چەند رۆژێك لەمەو پێش لە چاپەمەنی باشوری كوردستاندا بەڵگەیەك بڵاوكرایەوە كە تیایدا فەرمان بە هێزە چەكدارەكانی پەدەكە كرابوو لە هەر شوێنێك گەریلایان بینی بێ دوودڵی تەقەیان لێبكەن و شەهیدیان بكەن، بێگومان ئەمە تەنیا فەرمانێكی سەربازی نییە، بۆچوون و هەڵوێست و سیاسەتێكی بەرنامەبۆداڕێژراوە لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركیا و پەدەكەوە". وتیشی" گەرچی پەدەكە نكۆڵی لەم بەڵگەیە كرد، بەڵام لە كردەوەدا راستییەكەی بۆ هەموو كەسێك ئاشكرابوو، دوو رۆژ پاش ئاشكرابوونی ئەم بەڵگەیە، چەكدارانی پەدەكە لە شوێنێك كە لەساڵی ١٩٨٢ەوە رێگەی هاتووچووی هەڤاڵانی ئێمەیە، شانبەشانی سەربازانی توركیا لە گوندی سەرگەڵێ ئامێدی بۆسەیان داناو تەقەیان لە هەڤاڵان كرد، لەم بۆسەیەدا دوو هەڤاڵمان بریندار بوون". وتەبێژی كەجەكە ئەوەشی وت"هاوكات چەكدارانی پەدەكە ئەحداسیاتی دوو سەیارەی ئێمەیاندا بەسوپای داگیركەری تورك و لەئەنجامدا بوونە ئامانجە فڕۆكەی جەنگییەكانی توركیاو لەناو چوون،ئەمە نموونەیەكی زۆر ئاشكرای هاوكاری پەدەكەو توركیایە دژ بە گەریلا. "بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سەر بە پەدەكە سوپای توركیا بۆی هەیە بە دەیان كیلۆمەترە بێتە ناوەوەی هەرێمی كوردستان، بەسەدان دەبابە و تۆپ و سەیارەی سەربازی لە دەوروبەری ئامێدی جێگیر بكات و ئەمە هیچ مەترسییەك دروست ناكات، بەڵام گەریلا بۆی نییە بەرەنگاری ئەو داگیركەرانە ببێتەوە". زاگرۆس هیوا وای وت. ئەوەشی خستەڕوو "پەدەكە بۆ خۆی رێگا بۆ سوپای داگیركەر دروست دەكات، ئیمكانیاتی لۆجیستیكییان بۆ دابین دەكات، حەرەسیاتیان دەگرێت، لەسەر شوێن و جوڵەی گەریلا زانیاری و ئیستخباراتیان پێدەدات، بریندارەكانیان تیمار دەكات و دەیانگوازێتەوە، لەهەمانكاتیشدا بۆسە بۆ گەریلای ئازادی كوردستان دادەنێت و هێرشیان دەكاتە سەرو شەهید و برینداریان دەكات". وتەبێژەكەی كەجەكە رەخنە لەسیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت، دەشڵێت "ئەگەر پەدەكە هێزێكی كوردی بوایە پێویست بوو كارێكی پێچەوانەی ئەمەی كردبایە، بەڵام بەداخەوە بۆتە بەكرێگیراوی دەوڵەتی داگیركەری توركیاوەو ئەجێندای توركیا پێویستی بە چی بێت ئەوە جێبەجێ دەكات، ئەم سیاسەتەی پەدەكە نەك تەنیا زەرەر لە بەرژەوەندی هەموو كورد دەدات، بەڵكو هەبوونی كورد و نیشتمانی كورد دەخاتە بەردەم مەترسییەكی زۆر جیددیەوە". لەبەشێكی تری لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ هاوڵاتی ئەوەشی وت"بانگەوازمان هەیە بۆ رای گشتی، رۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، كەسایەتییە كۆمەڵایەتیی و ئاینییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار بەشی كوردستان كە لە دژی ئەم كردەوانەی پەدەكە هەڵوێست وەربگرن".
هاوڵاتی لەماوەی 24 كاتژمێردا لەسلێمانی دوو هونەرمەندی بواری میوزیك كۆچی دوواییان كرد. شەوی رابردوو هونەرمەند موزیسیان توانا فەرەج، دوای چەند رۆژێك مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی توشبوون بەجەڵتەی مێشك لەسلێمانی كۆچی دوایی كرد. هاوكات بەرەبەیانی ئەمڕۆ هونەرمەندی موزیسیان ئیبراهیم نەقدی ناسراو بە (مام شێر) كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەهۆی نەخۆشی دڵ لەسلێمانی كۆچی دوایی كرد.
هاوڵاتی مامۆستایەكی ناڕازی رایگەیاند تیمێك لە پارێزەرانی خۆبەخش ئامادەن ببنە پارێزی كەیسی ئەو مامۆستایانەی كە لەلایەن پەروەردەكانەوە هەڕەشەی غیابدان و فەسڵكردنیان لێدەكرێت. ئاوات ئازاد مامۆستای ناڕای بڵاویكردەوە "تیمێك لە پارێزەرانی خۆبەخش ئامادەن لەپێناو كەیسی مامۆستایان خۆبەخشانە ببنە پارێزەری مافی مامۆستایان بەهۆی ئەو بابەتی غیابدان و فەسڵكردنەی لەلایەن پەروەردەكانەوە بڵاو دەكرێتەوەو بۆتە هۆكاری ترس و دڵەڕاوكی لەنێوان مامۆستایاندا". ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەمە وەك فشارێك بەكار دەهێنرێت لەپێناو گێڕانەوەی مامۆستایان بۆ ناوەندەكانی خوێندن بەشێوەیەكی نایاسایی". ئەو مامۆستا ناڕازییە دەشڵێت "هەر مامۆستایەك یان كۆمەڵە مامۆستایەك دەتوانن لەڕێگای دادگای كارگێڕییەوە سكاڵای یاسایی تۆمار بكرێت لەسەر ئەو سزانە نایاسایەی كە پەروەردەكان دەستیانپێكردوە بەرامبەر بە مامۆستایان".
هاوڵاتی ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشكەكەی شەوی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "پشتیوانی لە هاوبەشەكانمان لە عێراق و لەنێویاندا هەرێمی كوردستان دەكەین لە دژی ئەو كردەوە دڕندەو بێ مانایانە، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەكەین لێكۆڵینەوە بكەن و ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی دادپەروەریی بكەنەوە". " هێرشەكە گروپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئەنجامیانداوە" ماتیو میلەر وا دەڵێت. وتەبێژی وەزارەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی وتوە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پشتیوانیكردنی سەروەریی و ئاسایشی عێراق".
هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بەهۆی هێرشەكەی سەر كۆرمۆرەوە كارەبای هاوڵاتیان نەماوەو داواكارین هەموولایەك هاوكاری لیژنەی حكومەتی فیدراڵی بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تیرۆریستان پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای نزیكەی 24 سەعات لەهێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەداوە "شەوی رابردوو هێرشێكی تیرۆریستی كرایە سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەكەی نەمانی كارەبای هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان بوو". "ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێكی گرنگی وەك كارەبا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵك و ئیش و كاروباری رۆژانەیان" وتەبێژی حكومەت وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئێمە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان داواكارین هەموولایەك هاوكاری لیژنەی حكومەتی فیدراڵی بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تیرۆریستان و سزادانییان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی كردەوەی هاوشێوە".
هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند ئەو هێرش و پەلامارانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان هەوڵە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و داوا لەخەڵكی كوردستان دەكەم هەستی نیشتمانپەروەرییان بەهێز بێت، دەبێت حكومەتی عێراق هەرێم بپارێزێت. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی هێرشە درۆنی و موشەكییەكانی سەر هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند "ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیانوایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، كوردستان هەرەس دەهێنێت". "سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەكەین، كە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار كردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزاركردن، كۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناكات". سەرۆكی حكومەت وا دەڵێت. ئەوەشی خستوەتەڕوو "گرنگە هەنگاوی كرداری لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانەو دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بەهەرێمی كوردستانیشەوە بپارێزێت". لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا دەشڵێت "داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەكەین، كە ڕێكاری جدی بگرنەبەر و هاوكاری مەیدانیمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵكی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت". سەرۆكی حكومەت لەپەیامەكەیدا وتیشی "داوا لەخەڵكی كوردستانیش دەكەم، بەخۆڕاگری و ورەیەكی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاكفرۆش و كۆیلەی ناحەزان نەدەن".
