هاوڵاتی رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت لە ڕاپۆرتیکیدا باس لە ناوەڕۆکی نامەیەکی نهینی دەکات کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە گەیهنراوهته حکومەتی عێراق و تیایدا بهرپرسانی واشنتن هۆشداری دهدهن لهوهی كه كشانهوهی هێزهكانیان "بێ باج نابێت". رۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت، ناوهڕۆكی پهیامێكی واشنتنی بۆ بهرپرسانی عێراقی بڵاوكردوهتهوه، كه تیایدا "شێوازی کشانەوەی هێزهكانی هاوپهیمانان له عێراق و خشتەی کاتی لەخۆگرتوه" بهڵام جهختیكردوهتهوه كه "كشانهوهكه، ئەگەر روبدات، بێ باج نابێت". رۆژنامهی شەرق ئەلئەوسەت له زاری چهند سهرچاوهیهكهوه بڵاویکردۆتەوە کە، "واشنتن نیگهران نییە بچێتە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لهگهڵ بهغدا، بەڵام دەڵێت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە ناوچەکە هێرشەکانیان بەرامبەر بە گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران ناوەستێت و بەردەوام دەبێت بەتایبەت ، ئهگهر هۆکاربن لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە". بەگوێرەی سەرچاوەکان، سودانی "لایەنە گرنگەکانی" پەیامەکەی ئەمەریکای لەگەڵ سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی هاوبەش کردووە، لەوانە "پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا دژی لایەنەکانی سەر بە ئێران ناوەستێت." لە نامەکەدا هاتووە " دانوستانە تەکنیکییەکانی داهاتوو بۆ ڕێکخستنی کشانەوەی هێزە هاوپەیمانییەکان ئاسان و خێرا نابن و کاتی پێویست دەوێت بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دۆسیەکانی پەیوەست بەو کشانەوەیە چارەسەر دەکرێن." هاوکات بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "واشنتن لەنامەکەدا هانی بەغدای داوە بۆ تێگەیشتن و درککردن بە دەرئەنجامەکانی کشانەوەکە، لەوانەش ئەو پابەندبونە دارایی و ئابورییانەی کە هەردو وڵاتیان بهیهكهوه بەستوەتهوه". هەروەها سێ سهرچاوهی ئاگادار به رۆژنامهكهیان وتوه، "لهئێستادا چهند پارتێكی شیعە كه لهناو چوارچێوهی ههماههنگیدا كاریگهرن، ههوڵدهدهن كه ئهو لایهنانه رازیی بكهن كه دهستیان ههیه له پهرهسهندنی گرژییهكان له دژی ئهمریكیهكان و ههوڵدهدهن له ههندێك له داواكانیان پاشهكشه بكهن". ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە، راوێژکاریی و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکات بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، کە لە ساڵی 2014 دەستی بەسەر بەشێکی زۆری عێراق و سوریادا گرت و له ئێستاشدا سودانی روبەڕوی فشاری زیاتری ناوخۆیی بوەتەوە، بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دوای ئەوەی سوپای ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشی كرده سهر گروپه چهكدارهكان له وڵاتهكهدا.
هاوڵاتی كهمێك لهمهوبهر هێرشكرایه سهر كێڵگەی غازی كۆرمۆری كۆمپانیای دانهغاز له ناحیهی قادر كهرهم لهسنوری قهزای چهمچهماڵ و ئاگرێكی گهوره كهوتۆتهوه، تاوهكو ئێستاش دیار نیه هێرشهكه به فڕۆكهی بێفڕۆكهوان (درۆن) ئهنجامدراوه، یاخود لهڕێگهی موشهكهوه بوه. سهرچاوهیهكی ئاگاداریش بە هاوڵاتی وت، دوای ئهوهی دهنگێكی گهوره لهناو كێڵگهی غازی كۆرمۆر بیستراوه، ژمارهیهك ئهمبوڵانس و تیمهكانی بهرگری شارستانی گهیشتونهته شوێنی روداوهكه. ئهو سهرچاوهیه باسی لهوهشكرد، تا ئێستا نازانرێت ئهو هێرشهی ئهمشهو بۆسهر كێڵگهی غازی كۆرمۆر ئهنجامدرا لهڕێگهی درۆنهوه بو، یاخود موشهك. لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی نەدراوە، بەڵام شایەتحاڵەکان ئاماژە بە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کێڵگە غازییەکە دەکەن بۆ کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەغاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
هاوڵاتی دژه تیرۆری كوردستان (پارتی) رایگهیاند، ئهمشهو فڕۆكهیهكی بێفڕۆكهوانی بۆمبڕێژكراو كه ئاڕاستهی بنكهی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرابو، تێكشكێندرا و خرایهخوارهوه. دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمشەو پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 21:07، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە. پێشتریش ژمارهیهك له میدیاكان بڵاویانكردهوه، دهنگێكی گهوره له بهحركهی شاری هەولێر بیستراوه، زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە لایهن کونسوڵخانەی ئەمریکاوه لێدەدەرێت تا ئێستا هیچ لایهنێك بهرپرسیارێتی ئاڕاستهكردنی درۆنهكهی ئهمشهوی بۆسهر شاری ههولێر رانهگهیاندوه،بەڵام پێشتریش چهندجارێك گروپی مقاوهمهی ئیسلامی بهرپرسیارێتی لهو هێرشانه راگهیاندبو كه لهڕێگهی درۆنهوه دهكرانهسهر شاری ههولێر.
هاوڵاتی ڕادیۆی فەردا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە کە پێش لە هێرشی داعش بۆ رێ و رەسمی ساڵیادی قاسم سلێمانی، ئەمریکا لە پەیامێکی تایبەدا، کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردبۆوە لە هێرشەکە. بەرپرسێکی ئەمریکایی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥کانوونی دووهەم لە لێدوانێکدا کە بە شێوەی نووسراو بۆ رادیۆ فەردای ناردووە، رایگەیاند ئێرانیان لە هێرشەکەی داعش ئاگادار کردۆتەوە. ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە رادیۆ فەردای گوتووە " ئەمریکا سیاسەتێکی کۆنی هەیە لە سەر بنەمای " ئاگادارکردنەوە" لە گەڵ سەرجەم دەوڵەتەکاندا ئەم سیاسەتە پەیڕەو کراوە کە وڵاتان ئاگادار ئەکرێنەوە لە هەر مەترسییەکی تیرۆر." رۆژی ٣ی کانوونی دووهەم، لە رێ و رەسمی چوارەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی لە شاری کرمان، ٢ تەقینەوە روویدا و زیاتر لە ٩٠ کەس کوژران و ٢٠٠ کەس بریندار بوون دواتر داعشی خواراسان ، بەرپرسایەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.
هاوڵاتی ئەمریکا و عێراق لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوانیان دەکەن ، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ئاشکرای دەکات لە كاتێکی دیاریكراودا هێزە بیانییەكان دەكشێنەوە. وهزارهتی دهرهوهی عێراق لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، حكومهتی عێراق به ڕێككهوتن لهگهڵ حكومهتی ویلایهته یهكگرتوهكانی ئهمریكا، سهركهوتن و كۆتاییهاتنی خولهكانی دانوستانی بهردهوامی نێوان ههردولا كه له مانگی (ئاب/8)ی 2023هوه دهستیپێكردوه ڕادهگهیهنێت. ئاماژهی بهوهشكردوه، دانوستانهكانی واشنتن و بهغدا بونه هۆی پێویستی دهستپێكردنی لیژنهی باڵای سهربازی ههردو وڵات لهسهر ئاستی گروپهكانی كار بۆ ههڵسهنگاندنی ههڕهشهی داعش و مهترسییهكانی و پێداویستییهكانی هێزه ئهمنییهكان، بهمهبهستی داڕشتنی خشتهیهكی كاتی دیاریكراو و ڕون كه ماوهی بونی ڕاوێژكارانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی له عێراق دیاری بكات. لەمبارەیەشەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوانیان دەکەن و لە دانانی خشتەیەکی کاتیش بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رەچاوی سێ خاڵ دەکرێت: هەڕەشەی داعش، پێداویستییەکانی کارکردن و ئاستی توانای هێزە ئەمنییە عێراقییەکان." وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە "دەستپێکردنی کاری لیژنەکە، پێشاندەری پابەندبوونی قووڵی ئەمریکایە بە سەقامگیریی هەرێمی و سەروەریی عێراق." هاوکات هەریەک لە عێراق و ئەمریکاش ڕایانگەیاندووە، ئەم بڕیارە رێگە بە دروستبوونی هاوبەشیێکی درێژخایەنی دووقۆڵی لە نێوان ئەمریکا و عێراق دەدات و بەهۆیەوە پهیوهندییهكان دەگوازرێنهوه بۆ پهیوهندی دووقۆڵی گشتگیر لهڕووی سیاسی و ئابوری و كهلتوری و ئهمنی و سهربازییهوه. ههردوولاش پاڵپشتی خۆیان بۆ كاری لیژنهكهو ئاسانكاری بۆ ئهركهكانی و خۆبهدورگرتن له دروستكردنی بهربهست یان دواخستنی كارهكانی راگهیاند.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردوە بەشێكی نوێی چاودێری چڕ كە بیناو ئامێرەكانی ئامادەیە بكەنەوەو مانەوەی نەخۆش تێیدا بۆ شەوێك بە 150 هەزار دینار بێت. د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری هاووڵاتی -دا لەبارەی بەشی چاودێری چڕ، وتی " بەشی چاودێری چڕ یەكێكە لە كێشەی گەورەكانی تەندروستی سلێمانی، چونكە لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی ( هەڵەبجە، گكەرمیان، راپەڕین بەشی چاودێری چڕ نیەو هەموو فشارەكە دەكەوێتە سەر پارێزگای سلێمانی، تەنانەت لەكەركوك و شوێنەكانی تریشەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ نەخۆش دێت". وتیشی " لەبەشی چاودێری چڕ، ژمارەی قەڵەوێرەكان و كارمەندەكانمان دیاریكراوە، بۆ چارەسەری كێشەكەش داوامان لەحكومەتی هەرێم كردوە سیستمێكی نیمچە تایبەت دابمەزرێنێت، لەبری ئەوەی نەخۆشخەكان لەشوێنی بێ بەرامبەر جێگایان نەبێتەوەو بچنە نەخۆشخانە ئەهلییەكان و شەوانە ملیۆنێك دینار بدەن، ئێمە تەنها بە 150 هەزار دینار كە كرێی ئەو پزیشك و كارمەندانەیە لەوێ دەمێننەوە چارەسەریان بۆ دەكەن". بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت "بیناو ئامێرەكانمان بۆ ئەو بەشی چاودێری چڕە ئامادەیە، ئەنجومەنی وەزیرانیش نوسراوەكەی ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی دارایش بەئەڕێنی وەڵامی نوسراوەكەی داوەتەوەو ئێستا نوسراوەكە لەلای ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بەزووترین وەڵامی ئەو نوسراوە بداتەوە ئەوا زیاتر لە 40 نەخۆش بۆ بەشی چاودێری چڕ لەو بەشە نوێیەمان سودمەند دەبن".
هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤، هێرشی ئاسمانی کرایەسەر بینایەک لەدیمەشقی پایتەختی سووریا، لەو هێرشە ئاسمانییەدا کەپەیوەند درایەوە بەئیسرائیلەوە، پێنج ئەندامی باڵای سوپای پاسداران، کەسوپای پاسداران وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات کوژران. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنێکدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی جگە لەکوژرانی ئەو پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران ژمارەیەک لەهێزە سورییەکان لەهێرشە ئاسمانییەکی ئیسرائیل بۆ ناوچەی (ئەلمزە) کوژراون. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا باسی لەکوژرانی چوار کەس کرد بەناوەکانی، حوجەتوڵڵا ئومیدوار(سادق ئومید زادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی و سەعید کەریمی. بەڵام باسی لەپلەی سەربازیی ئەم چوار کەسە نەکردووە. چەند کاتژمیر دواترو ئێوارەی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ ماڵپەڕی تەسنیم سەر بەسوپای پاسداران هەواڵی کوژرانی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسدارانی لەهێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا بڵاوکردەوە. لەهەواڵەکەی ماڵپەڕی تەسنیمدا هاتووە، محەممەد ئەمی سەمەدی یەکێکی تر لەئەندامانی سوپای پاسداران کە لەهێرشەکانی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممەدا بەخەستی بریندارببوو، بەهۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. سوپای پاسداران لەڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئاماژەی بەپلەی سەربازیی هیچکام لەو کەسانە نەداوە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژراون و وەک راوێژکاری سەربازی ناوی بردوون. بەڵام هەواڵنێرەکانی ئێران باسیان لەوە کردووە سادق ئومێدزادە (حوجەتوڵڵا ئومیدوار) پلەی (سەردار) بووەو بەرپرسی بەشی هەواڵگری هێزەکانی قودس بووە. سادق ئومێدزادە ( حوجەتوڵڵا ئومیدوار) کێیە؟ لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسداران یان لەماڵپەڕەکانی سەر بەسوپاو کۆماری ئیسلامی زانیاری ئەوتۆ لەسەر ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەبەردەستدا نییە. وەک بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس ناسراوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراوەتەوە هەر لەسەرەتای دەیەی ١٩٨٠ەوە پەیوەست بووە بەسوپای پاسدارانەوە. وێنەیەکی کۆنی سادق ئومێدزادە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتە کەساڵی ١٩٨٤ لەمزگەوتی گوندی (بارزان) وێڕای دوو کەسی تر بەناوەکانی نەسروڵڵا چغاکەبوودی و رەسووڵ، گیراوە. ئەم وێنەیە لەکتێبی بیرەوەرییەکانی ژیاننامەی (رەسووڵ حەیدەری) وەرگیراوە. رەسووڵ حەیدەری بەناوی ( مەجید مونتەزری) ساڵی ١٩٩٣ لەسارایۆڤۆ، لەسەردەمی جەنگی بۆسنە کوژرا. رەسووڵ حەیدەری یەکێک بوو لەو چوار ئەندامەی سوپای پاسداران کە بەناوی دیپلۆماتی سیاسییەوە سەردانی شارێکی بۆسنەیان کردو لەوێ کوژرا. هەروەها بەپێی هەندێ زانیاری کەماڵپەڕە حکومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە زیاتر لە دوو دەیەیە سادق ئومێدزادە لەسوریایە. ماڵپەڕی تابناک سەر بە موحسین رەزایی نووسیویەتی :» حاج سادق لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریا لەلایەن (بەرەی نوسرە)ەوە لەگەڵ ژمارەیەکی تری ئێرانی بەبارمتە گیران و لەناو دیلە ئێرانییەکاندا بوو. دواتر بەنێوانگیری قەتەر لەگەڵ دیلەکانی تر ئازاد کرا». ماڵپەڕی (فرهیختگان) دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومێدوار نووسیویەتی :» حوجەتوڵڵا ئومیدوار کە بەناوی خوازراوی سادق ئومیدزادەوە لەسوریا چالاکی دەکردو لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهید کراوە، یەکێک بوو لەڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەسووریا. ئەو کە بە حاج سادق ناوی دەرکردبوو میدیا ئەمریکییەکان تائێستا زۆرجار هەوڵیانداوە راپۆرتی لەسەر ئامادەبکەن. دەوترێت حاج سادق لەساڵی ٢٠١١ لەلایەن بەرەی نوسرەوە لەسووریا بەدیلگیراوە، دواتر بەنێوانگیری قەتەرییەکان ئازاد کراوە». ئەم ماڵپەڕە هەروەها دەربارەی حوجەتوڵڵا ئومیدوار نووسیوویەتی :» سەردار سادق ئومیدزادە پلانداڕێژو جێبەجێکاری دەرکردنی ئەمریکاییەکان بوو لەسووریا. سەرەتای مانگی ٦ی ساڵی ٢٠٢٣ واشنگتۆن پۆست سادق ئومیدزادەی وەک پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکییەکان ناوبرد». هەڵوێستی ئێرانییەکان دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لەپەیامێکدا ئەم هێرشانەی بەنیشانەی « شکستی ئیسرائیل» ناوبردو بەتوندی هێرشەکەی مەحکوم کرد. هەروەها رایگەیاند ئەم کارەی ئیسرائیل بێوەڵام نابێت و بیدەنگ نابین و وەڵامی شیاو دەدەینەوە. محەممەد موخبەر، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەپەیامێکدا نووسیویەتی:» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». ماڵپەڕی (ئیرنا) ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەهەواڵی کوژرانی ئەم پێنج ئەندامەی سوپای پاسداران لەسووریا، پەیامی جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێرانی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی :» لاپەڕەیەکی زێڕینی تر لەدەفتەری شەهادەت هەڵدرایەوەو جوامێرانێکی تر لەموجاهیدەکانی بەرەی جەنگ دژی زڵم و زۆر چوون بۆ ئاسمان». جێگری سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها نووسیویەتی:» پیاوانێکی مەزنی وەک سەردار حوجەتوڵڵا ئومیدوار (سادق ئومیدزادە)، عەلی ئاقازادە، حسێن محەممەدی، محەممەد ئەمین سەمەدی و سەعید کەریمی کە بۆ بەرگری لەئامانجەکانی ئیسلام و شوێنە پیرۆزەکان، وەک راوێژکاری سەربازیی خەریکی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیان بوون، لەبۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەکرێگیراوە زایۆنیستییەکاندا لەدیمەشق شەهیدبوون، بەدڵنیاییەوە ئەمە دەرخەری دەروونی پیسی زایۆنیستە داگیرکەرەکانە». موخەبر لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە داوە، بەدڵنیاییەوە ئەم کارە بێوەڵام نابێت و بەرەی بەرگری بەهێرشە بەردەوامەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل وەڵامی ئەم تاوانە دەدەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هێرشانەی بەهەنگاوی «هێرشبەرانە و شەڕخوازانە» لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبردووەو داوای لەدەوڵەتەکان و رێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لەوانە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران وتوویەتی ئەم هێرشانە :»پێشێلکاری بەردەوامی سەروەرییەکانی سووریایە» بەهۆی دەستەوەستانبوونی ئیسرائیلە لەجەنگی غەزەو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ تەشەنەسەندنی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە». وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها وتوویەتی :» راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لەسەر داواکاری فەرمی دەوڵەتی سووریا لەو وڵاتەن و دەورێکی بەرچاوو کاریگەریان هەیە لەیارمەتیدانی سووریا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆریزم و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەن بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لەو ولاتە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرەنجام باس لەوە دەکات ئێران بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی گونجاوو شیاوی هەبێت بۆ ئەم هێرشانە. پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە ، رۆژێک دوای کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لەسووریا، محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم هێرشانەی بەنیشانەی «شکستی ئیسرائیل» لێکدایەوەو وتی کۆماری ئیسلامی و بەرەی بەرگری ئیسرائیل لەم کردەیەی پەشیمان دەکەنەوە. محەممەد باقر قاڵیباف لەسەرەتای دانیشتنی ئاشکرای پەرلەماندا رۆژی یەکشەممە ٢١-١- ٢٠٢٤، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردە، بەهۆی شکستە بەردەوامەکانی لەمەیدانی جەنگ و پاشەکشەیان لەبانگەشە پووچ و بێ بنەماکانیان دەربارەی هێرشی سەربازی بۆ سەر غەزە، دەستیان داوەتە ئەم هێرشە. سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی هەروەها وتی، هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە. گۆڕینی زمانی بەرپرسان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هەرجارەی دوای کوژرانی فەرماندەیەکیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەلایەن خۆیانەوە و لەزمانی خۆیانەوە هەڕەشەیان دەکرد. خۆیان وەک کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان دەکرد. بەڵام دوای کوژرانی پێنج ئەندامەکەی سوپای پاسداران زمانی هەڕەشەیان گۆڕاوە. ئەمجارەیان جگە لە خۆیان بەرەی بەرگری ئەرکدار دەکرێت بەوەی تۆڵە بکەنەوە. محەممەد موخەبر جێگری سەرۆککۆمار لەم پەیوەندەدا هەڕەشەی کردو وتی :» بەدڵنیاییەوە دوژمنی زایۆنیستی وەڵامی ئەم تاوانە لەبەرەی بەرگری وەردەگرێتەوە». محەممەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەکات و بازنەی ئەرکدارەکان بۆ تۆڵە سەندنەوە بەرینتر دەکاتەوەو ئەڵێت :» هەموو ئەوانەی دڵیان لای بەرگرییە، مافی وەڵامدانەوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن و بەورەیەکی بەرزترەوەو ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە». کەئەمەش هەر مەبەستی بەرەی بەرگرییە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێزو میلیشاکانی سەر بەخۆیان کەوەک گرووپە بریکارەکان دەناسرێن وەک « بەرەی بەرگری» لەناوچەکە ناودەبەن. بەئامانجگرتنی هێزەکانی سوپا لەسووریا لەچەند ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل زۆرجار هێرشی کردووەتەسەر سووریا و مەبەست لەهێرشەکانیشی بەوە ناساندووە کەئەو شوێن و کەسانە دەکاتە ئامانج کەپەیوەندییان بەئێرانەوە هەیە. ئێران بوونی هێزەکانی خۆی لەسووریا وەک راوێژکار دەناسێنێت. بەڵام ئیسرائیل هێزەکانی ئێران وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی ناودەبات. بەرپرسانی ئیسرائیلی باس لەوەدەکەن ئێران لەڕێگای ئیسرائیلەوە چەک و تەقەمەنی دەگەیەنێتە دەست حزبوڵڵای لوبنان وەک گەورەترین هێزی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەناوچەکە. رۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٣ رەزی مووسەوی، یەکێک لەکۆنترین فەرماندەکانی سوپا لەناوچەکە، لەماڵەکەی خۆی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا. دوای کوژرانی رەزی مووسەوی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لەئیسرائیل کرد. ماڵپەڕە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا باسیان لەوە کردووە بۆمبارانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە تۆڵەی کوشتنی رەزی مووسەوی بووەو ماڵی ئەم بازرگانە کوردەیان وەک بنکەی ئیسرائیل ناوبردووە. بەرپرسانی سوپای پاسداران هەروەها وتبوویان، لەسووریا، هەر لەبەشار ئەسەدەوە بگرە تا کەسانی تر لەپلەی خوارترەوە، ئاگاداری چالاکییەکان و کارەکانی رەزی مووسەوی بوون. ئەو بۆ ئیسرائیل کەسێکی ناسراو بوو. لانیکەم دووجار لەلایەن ئیسرائیلەوە هەوڵی کوژرانی درابوو. جگە لە رەزی مووسەوی لەساڵانی رابردوودا ژمارەیەک لەفەرماندە پلەباڵاکانی سوپای پاسداران لەوانە، حسێن هەمەدانی، حەسەن شاتری، محەممەد عەلی مورادخانی، محەممەد جەمالی پاقەلعە، لەسووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. ئیسرائیل زۆر بەدەگمەن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لەسووریاو هێرشەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەوترێت بنکەو بارەگاکانی هێزەکانی سەر بەئێران لەوانە حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج. لەسەرەتای ئەمساڵدا و رۆژی ٢-١-٢٠٢٤ ساڵەح ئەلعاوری فەماندەیەکی باڵای حەماس لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی لەچوار مانگی رابردوودا و دوای دەستپێکی جەنگی غەزە لە ٧ی تشرینی یەکەم زیاتر کردووە. ئایا جەنگ تەشەنە دەستێنێ؟ هەر لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی غەزەوە یەکێک لەنیگەرانییەکانی دونیای رۆژئاواو ئەمریکاش ئەوە بووە کەجەنگ تەشەنە بستێنێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. جۆبایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا چەندجار بەڕاشکاوی باسی لەوە کردووە خوازیاری ئەوە نییە جەنگ تەشەنە بستێنێ و دەیەوێت بەر بەتەشەنەسەندنی جەنگ بگرێت. بەرپرسانی فەرەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی بەهەمانشێوە خوازیاری بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ئەم جەنگە بوون. بەڵام رووداوەکانی ئەم دواییانە ئەو نیگەرانییەی دروستکردووە کەجەنگ لەناوچەکە تەشەنەبستێنی. ئیسرائیل بەردەوامە لەهێرشکردنە سەر حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێت و وەک دەوترێت ژمارەی کوژراوەکانی غەزە ٢٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە کەزۆربەیان ژن و مناڵن. رۆژی یەکشەمە ٢١-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی لەزاری دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کەدوای چوار مانگ بۆردومانی بەردەوامی کەرتی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە، پێدەچێت کە لە ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژرابن . هەروەها دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو کەهەرچەندە بزوتنەوەکە چەند مانگێکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلییەوە گەمارۆ دراوە، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی حەماس جبەخانەیەکی فراوانی لەبەردەستا ماوەو دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئامانجەکانی لەناو ئیسرائیلدا بپێکێت. لەلایەکی ترەوە بەرپرسە ئیسرائیلییەکان لەلایەن خۆیانەوە ئەوەیان ئاسکراکردووە، کە بزووتنەوەی حەماس هەوڵی سەرکەوتن لەجەنگەکەدا نادات بەڵکو هەوڵی ئەوەدەدات کە بە کەمترین زیان لە جەنگەکە بێتە دەرەوە. هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە سنوورەکانیان بەردەوام تەقە لەیەکتر دەکەن. رۆژی یەکشەممە سەرچاوە ئەمنییەکانی لوبنان ئاشکرایان کرد، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لەئەنجامی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان لەنزیک خاڵێکی پشکنینی سووپای لوبنان، لەلایەن درونێکی ئیسرائیلییەوە لە باشووری لوبنان کوژراون. ژمارەیەک شایەتحاڵیش بەئاژانسی رۆیتەرزیان وتووە :» دوابەدوای رووداوەکە بەپەلە ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنەکەو تەرمی کوژراوەکانیان گواستووەتەوە». میلیشیا شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەردەوامن لەهێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکە. رۆژی شەممە٢٠-١-٢٠٢٤ ، به ٢٠مووشهک بنكهی سهربازی عهین ئهسهد كههێزهكانی ئهمهریكا وهك بنكهیهكی سهربازی بهكاری دههێنێت، بۆردومانكرا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەبەرپرسێکی ئەمریکایان وەرگرتووە، بەمووشەکی بالیستی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هێرشی کراوەتەسەر کەهێزەکانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێیە. ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، ژمارەیەک لەسەربازانی عێراقی بەو هێرشە مووشەکیە بالیستیەی کراوەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد بەسەختی برینداربوونە. دوابەدوای هێرشەکەش مقاوەمهی ئیسلامی لهعێراق بهپرسیارێتیی خۆی لهو هێرشه موشهكییه راگهیاندو لهبهیاننامهیهكدا كهدوای هێرشهكه دهریكردوه، ئاماژهی بهوهداوه كه بهگورزه موشهكێك هێرشیانكردووهتهسهر بنكهی عهین ئهسهدو بهردهوامیش دهبن لهگورزهكانیان بۆ سهر «مۆڵگهكانی دوژمن». ئەمریکا و بەریتانیا لەماوەی رابردوودا چەندجار هێرشیان کردووەتەسەر حووسییەکان لەیەمەن. حووسییەکان گرووپێکی زەیدین کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن. و لە ١٩-١٠-٢٠٢٣وە دەستیان کردووە بەهێرشی بەردەوام بۆ سەر ئەو کەشتیە بارهەڵگرانەی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن لەهاتووچۆدان و مانگی ١٢-٢٠٢٣ ئەمریکا بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەهێرشی حووسییەکان بەرەیەکی پێکهێنا کەچەند وڵات لەوانە، بەریتانیا، هۆڵەندا، ئوسترالیاو بەحرین و... لەناو ئەو بەرەیەدان. لەم ماوەیەدا تا ئێستا ٣٠ جار لە لایەن حووسییەکانەوە هێرش کراوەتەسەر کەشتییە بارهەڵگرو سەربازییەکان لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوە دا کەبایدن دەیەوێت بەردەوام بێت لەهێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و بوون بەهەڕەشە بۆ سەر بازرگانی لەدەریای سوورو کەنداوی عەدەن. ئێران بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦-١- ٢٠٢٤ بەمووشەکی بالستیکی هێرشی کردەسەر چەند شوێن لەنزیک هەولێرو ماڵی بازرگانێکی ناسراو بەناو «پێشڕەو دەزیی». ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی زۆری لەناوخۆی عێراق و لەدەرەوەش لێکەوتەوە. عێراق باڵیۆزی خۆی لەئێران بانگکردووەتەوە. سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لەپەراوێزی کۆبوونەوەی داڤووس کۆببێتەوە. ئێران رایگەیاند بنکەیەکی مووسادی لەهەولێر لەناوبردووەو هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوە رەتدەکەنەوە ماڵی پێشڕەو دزەیی بنکەی مووساد بێت یان ئەوەی هیچ بنکەیەکی مووساد لەهەرێم بوونی هەبێت. شەوی دووشەممەی رابردوو ١٦/١ ئێران هێرشی کردەسەر چەند شوێنێک لەخاکی پاکستان و دەوترێت دوو مناڵ بەبۆنەی ئەو هێرشانەوە کوژراون . سوپای پاسداران رایگەیاند چەند بنکەیەکی جەیش العدلیان لەناوبردووە. رۆژی پێنجشەممە ١٨-١ پاکستان رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی وەڵامی هێرشەکانی ئێرانمان داوەتەوە ، هاوکات هێرشمان کردووەتەسەر چەند بنکەیەکی بەرەی سەربەخۆیخوازی بەلووچی پاکستان لەسنووری ئێران ودوو پیاو و سێ ژن و چوار مناڵ کوژران. هەرچەند هەردوولایەنی پاکستان و ئێران دواتر باسیان لەگفتوگۆ کرد، بەڵام لەهەمانکاتدا هەردوولایەن زمانی هەڕەشە دەبەنە کار دژ بەیەکتر. رۆژی شەممە ٢٠-١-٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستان رایگەیاند کەسێکیان دەستگیرکردکردووە بەناوی «سەید محەممەد مەهدی» کە سەر بەفەیلەقی زەینەبییون بووەو بۆ ئیتڵاعاتی ئێران کاری کردووە. لەکاتی لێپرسینەوە لەم کەسە ناوی دوو هاوکاری خۆی بەناوەکانی سەید رەزا جەعفەری و عابد رەزا بردووە کەدەستیان بووە لەچەند کاری تیرۆریستیدا لەپاکستان. لەوانە هێرش بۆ سەر موفتی تەقی عوسمانی لەساڵی ٢٠١٩. لەڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خەبات دژی تیرۆریزمی پاکستاندا هەروەها ئاماژە بەوەدراوە لەهێرشەکەیان بۆ سەر شوێنی ئەم کەسە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و چۆڵ و ماددەی تەقینەوەو نارنجۆکدا گیراوە. فەیلەقی زەینەبیون، سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەو سوپای پاسداران لەناو شیعەکانی پاکستاندا ئەم فەیلەقەی دروستکردووەو لەشەڕی ناوخۆی سووریا لەگەڵ فەیلەقی فاتیمیون کە لەناو شیعەکانی ئەفغانستان دروستیکردووە، بەکاریهێنان بۆ پشتیوانی لەحکوومەتی بەشار ئەسەد.
هاوڵاتی بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بەنیازبێت هێزەكانی لەعێراق و سوریا بكشێنێتەوە. بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی سكای نیوز عەرەبی، سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە پلانێكی ئەمریكی دەكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عیراق و سوریا. قسەكانی ئەم بەرپرسە ئەمریكییە دوا بەدوای راپۆرتێكی گۆڤاری (فۆرین پۆلیسی) دێت كە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ناو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا، بڵاویكردەوە كە بەرپرسەكانی ئەمریكا سەرقاڵی تاووتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكان لە سوریا . گۆڤارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە "ئەگەر بێت و ئەمریكا لە سوریا بكشێتەوە ئەوە كاریگەرییەكی نەرێنی لە سەر هەژمونی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لە ناوچەكەداو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دیارییەكی نایابە بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش". دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل، هێرشی بالەكانی سەر بەئێران بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەركردایەتی ئەمریكا چڕتر بووەو ماوە ماوە بە موشەك و درۆنی بۆمبرێژكراو پەلاماری ئەوهێزانە دەدەن . جێی ئاماژەیە 900 سەربازی ئەمریكی لە ناوچەكانی سوریاو بەتایبەتیش لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاوكراونەتەوەو بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای سوریای دیموكرات لە دژی داعش دەجەنگن.
هاوڵاتی زیاتر لە سێ مانگە رۆژنامەنوسێكی رۆژنیوز دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئاسایشی دەروازەی فیشخاپورەوە لەپارێزگای دهۆك دەستگیركراوەو چارەنوسی نادیارە. ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانونوی دووەمی 2024، دەزگای میدیای رۆژنیوز لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەدا كە 93 رۆژە، رۆژنامەنوسێكیان بەناوی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی دوای گەڕانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی دەروازەكەوە دەستگیركراوە. ئەوەشیان خستەڕوو "سەرەتا ئاسایشی دهۆك نكوڵی كرد لەوەی كە رۆژنامەنوسەكەمان لەلای ئەوان بێت، دواتر دڵنیا بوینەوە كە كەیسەكەی لەلای پاراستنی پارتییە". باسیان لەوەشكرد "هەموو رێكارە یاسایی و مەدەنییەكانمان گرتوەتەبەر بۆ دیاریكردنی چارەنوسی رۆژنامەنوسەكەمان و دەیان رێكخراو سەندیكای جیاوازیش دژی رفاندنی رۆژنامەنوسەكەمان هەڵوێستیان دەبڕیوە كە رفاندنی پێچەوانەی هەموو یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕینە، چونكە بێتاوانەو لەسەر كاری رۆژنامەوانی رفێنراوەو چارەنوسی نادیارە و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئازاد بكرێت" لەبەشێكی تری كۆنگرەكەیاندا ئەوەشیان خستەڕوو كە رۆژنامەنوس سلێمانی ئەحمەد سێ مانگ پێش سەردانەكەی داوای مۆڵەتی لەدەروازە كردوەو ئەوانیبش رەزامەندیان دەربڕیوەو بۆ ماوەی 25 رۆژ لە رۆژئاوای كوردستان ماوەتەوەو دوای گەڕانەوەی لەپرسەی باوكی لەرۆژئاوای كوردستان لەدەروازەی فیشخاپور دەستگیركراوە، لەكاتێكدا ئەگەر گومانی لەسەر بووە چۆن رێگەیان پێداوە سەردانی رۆژئاوای كوردستان بكات".
هاوڵاتی پەرلەمانی عیراق شەمەی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریكرد. پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد كە ڕۆژی شەمەی داهاتوو 27ی كانوونی دووەمی 2024ی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان. كارنامەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، چەند تەوەرێكی جۆراوجۆری وەك یاسای بەكرێدانی زەوی كشتوكاڵی و خوێندەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای ڕێكەۆتنی خزمەتگوزاری ئاسمانی لە نێوان كۆماری عیراق و كۆماری سوریا و ڕاپۆرت و گفتۆگۆكردن لەبارەی پرۆژەیاسای واژۆی كۆماری عیراق لەسەر پرۆتۆكۆلی عەرەبی ڕێگریكردن و بنبڕكردنی بازرگانی بە مرۆڤەوە، بەتایبەتیش بازرگانی كردن بە ژنان و مناڵان لەخۆگرتوە.
هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند دوو برای تۆمەتباری شەهیدكردنی رێپێدراوی پۆلیس رزگار ئەحمەد دەستگیركراون. بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانیانەوە دوو برای تۆمەتباری شەهیدكردنی (ڕێپێدراوی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد) دەستگیركران، كە یەكێك لەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی هەیەو پێشتر لەلایەن دادگاوە سزادراوە. پۆلسی سلێمانی راشیگەیاند "دوای ئەوەی لەڕۆژی 6ی1ی 2024، هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد، كە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە بەچەك چوونەتە سەری و بە زۆر سواری ئۆتۆمبێلیان كردووەو هەڕەشەیان لێكردووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردو دادوەر بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی ٤٠٥-٣١ لەیاسای سزادانی عیراقی، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوام بوو بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران، سەرەنجام توانرا لە رۆژی ٢٤ی١ی ٢٠٢٤ دوو تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیربكرێن". ئاماژەی بەوەشكردوە"لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت هەردوو تۆمەتبار برای تۆمەتباری شەهیدكردنی (ڕێپێدراوی پۆلیس ڕزگار ئەحمەد)ن، كە یەكێك تۆمەتبارەكان پێشینەی تاوانی هەیەو پێشتر بەبڕیاری دادوەرو لەلایەن دادگاوە سزادراوە"
هاوڵاتی سەرۆك كۆماری ئێران و توركیا لەئەنكەرە كۆبوونەوەوەو رێككەوتنێكی 10 خاڵیان لەبوارە جیاوازەكانی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگان و پیشەسازو رۆشنبیری واژۆ كرد. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران دوابەدوای سەردانەكەی بۆ توركیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رەجە تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، بەبێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاری بڕیارەكانیان رایگەیاند "هەردوو وڵات چەند بڕیارێكی گرنگیان لەبارەی رووبەرووبونەوەی تیرۆریزمداوە". بەبڕوای عەلی حەیدەری رۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئێران، یەكێك لە تەوەرە سەركییەكانی نێوان سەرۆك كۆماری ئێران و رەجەب تەب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، باسی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەردوو وڵات دەبێت و رەنگە هەردوو وڵات لەڕێی ڕێكەوتنێكی نهێنی چەند بڕیارێك لەبارەی هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو كوردستانی عیراق بدەن . لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و توركیاوە،حەقی ئیغۆر بەرپرسی ناوەندی ئەستانبۆل بۆ كاروباری ئێران بە ئاژانسی رۆژنامەوانی فەرەنسی راگەیاند "پەیوەندییەكانی ئەم دوو وڵاتە هەمیشە ئاڵۆزو چەندمەودا بووە". جێی ئاماژەیە ئەم دو وڵاتە زلهێزەی ناوچەكە لە بارەی بارودۆخ و روداوەكانی سوریاو پێشهاتەكانی ناوچەی قەرەباغی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەریەكەیان پشتی بەرەكی دژ بەیەكیان گرت.
عەمار عەزیز - دهۆك "زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانم تەواو بووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەی مندا نیە، هەموو مانگێك دەچمە بانك لێیان دەپرسم ناوەكەی من گەڕاوەتەوە بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ" ئەمە قسەی ئەڤین خالد، كۆرتەباڵایە لەشاری دهۆك دەژێت ئاواتی ئەوەیە مووچەی بۆ ببەسترێت تا بەشێك لەپێداویستییەكانی رۆژانەی خۆی پێ دابین بكات. خەریكە كەمئەندامانی دهۆك بەیەكجاری بێهیوا دەبن لەگەڕانەوەی ناوەكانیان، 10ساڵی رێكە چاوەڕێی ئەوەن مووچەیان بۆ ببەسترێت بەڵام بەبیانوی نەبوونی پارەو كەمی داهات وەزارەتی دارایی تائێستا ئامادە نیە بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەیان بۆ بدات، ئەوان سەردانی هەموو شوێنێكیان كردووە بەڵام تەنها بەڵێنیان پێدراوەو تائێستا گیرفانیان گەرم نەبووەتەوەو هەموو جار بەدەستبەتاڵی گەڕاونەتەوە. ئەڤین خالد، تەمەن 30 ساڵ ، دانیشتووی شاری دهۆكە خۆی و خۆشكێكی كۆرتە باڵان ، زیاتر لەپێنج ساڵە مامەڵەكانی وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوكردووەو هیچ كێشەیەك لەفایلەكەیدا نیەو تائێستا ناوەكەی نەگەڕاوەتەوە بەهاوڵاتی وت: باش بیرم نایەت بەڵام دەزانم زیاتر لەپێنج ساڵە هەموو مامەڵەكانی من كە پەیوەستن بەوەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی تەواوبووە بەپشكنینی پزیشكییەوە، هەموو مانگێك سەردانی بانك دەكەم و لێیان دەپرسم ناوەكەم نەگەڕاوەتەوەو بەدەستبەتاڵی دەگەڕێمەوە ماڵ، خوشكێكی من بەهەمانشێوە پێكەوە مامەڵەمان پێشكەشكرد هی ئەویش نەگەڕاوەتەوە". لەخێزانەكەی ئەڤین تەنیا برایەكی لەپیشەسازی ئۆتۆمبێل ئیش دەكات، هیواو ئاواتی ئەو ئەوەیە ناوەكەی بگەڕێتەوەو ببێتە خاوەن مووچەیەكی 150 هەزار دیناری، زیاتر وتی : ئێمەی كورتەباڵاو كەمئەندام زیاتر لەهەموو كەسێك پێویستمان بەهاوكارییە، بۆیە دەبێت حكومەت هاوكاریمان بكات بەلایەنی كەمی وەزارەتی دارایی مووچەمان بۆ ببەستێت تائێمەش بتوانین بەشێك لەپێداویستیەكانی رۆژانەی خۆمان بەو پارەیە دابین بكەین، لەوانەیە كچێكی تر بتوانێت لەدەرەوە ئیش بكات بەڵام بۆ خۆمان قورسەو هەلی كار زۆر كەمە، دەتوانم بڵێم بۆ ئێمە هەر نیە، داواكاریمان ئەوەیە بەزووترین كات حكومەت كێشەكەمان چارەسەربكات". لەسنوری پارێزگای دهۆك تائێستا 15 هەزار كەمئەندام چاوەڕێی وەزارەتی دارایین، بەقسەی بەرپرسی كۆمەڵەی كەمئەندامانی دهۆك مامەڵەكانی ئەوان تەواوبووە تەنها چاوەڕێی رازەمەندی وەزارەتی دارایین . نسرەت بۆتی ، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی كەمئەندامانی لقی دهۆك بەهاوڵاتی ی وت " لە 2014وەو بەتایبەت لەدوای هاتنی چەكدارانی داعش مامەڵەكانی ئەو كەمئەندامانەی كە راپۆرتی پزیشكی و تەواوی بەڵگەكانی پێویست ئامادەكراون و تەواو بووە ، ژمارەیان نزیكەی 15 هەزار كەمئەندامن كە 10 ساڵی رێكە چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەن ، تەنها ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی رازیبوونی خۆی لەسەر دەربكات و پارەیان بۆ خەرج بكرێت" "هیچ كێشەیەك لە دۆسییەكانیاندا نییە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی دهۆك تادەگاتە ئاستی وەزارەتی كارو كاروباری كومەڵایەتی ئاگاداری بابەتەكەن، بەم دواییە لەكاتی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دهۆك یەكێك لەداواكاری سەرەكی ئێمە ئەوە بوو كەمووچە بۆ ئەو كەمئەندامانە ببەسترێت، هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار بەدۆسیەكە ئیمزایان لەسەر كردووە، بەڵام تائێستا رەزامەندی وەزارەتی دارایی نەدراوە" نەسرەت بۆتی وای وت. لەسنوری پارێزگای دهۆك 29هەزار كەمئەندام هەن، لەم ژمارە تەنها 14 هەزار كەمئەندام مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن. نسرەت بۆتی دەشڵێت: بەدواداچوونی وردمان لەسەر بابەتەكە كردوە، هەروەها باسی ئەم بابەتەمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕوون و ئاشكرا كردووە تاوەكو چارەسەربكرێت بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە، كەمئەندامەكانی تریش هەر 35 بۆ 40 رۆژ جارێك تەنها 150 هەزار دینار وەردەگرن، كەئەمەش بڕەكەی زۆر كەمەو پێویستە زیاد بكرێت چونكە ئەوان وەكو كەسانی تر نین ناتوانن هەموو ئیشێك بكەن". شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی بەهاوڵاتی وت : پرۆسەی تۆماركردنی كەمئەندامان لەسنوری پارێزگای دهۆك بەردەوامە، لیژنەی پزیشكی بەردەوام پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكات كەمامەڵەی پێشكەشكردووە تاهەموویان تەواو نەبن، ئێمە رەوانەی وەزارەت ناكەین، جگە لەو كەسانەی كەپێشتر مامەڵەكانی خۆیان تەواوكردووەو مانگانە مووچە وەردەگرن، 10 هەزار كەمئەندامی تر مامەڵەی خۆیان پێشكەشكردووە، لەم ژمارەیە چوار هەزار فۆرم تەواوبووەو ئامادەیە رەوانەی وەزارەتی بكەین، ،6 هەزاری تر ماون كەهێشتا لیژنەی پزیشكی بڕیاریان لەسەر نەداوە كەئایا رێنماییەكان ئەوان دەگرنەوە یاخود بەپێچەوانەوە". شێرزاد حەمید ، دڵنیایی دەداتە كەمئەندامان و زیاتر وتی: لەگەڵ وەزارەتی خۆمان بەردەوام لەسەر خەتین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەمئەندامان، ئێمەش حەزدەكەین هەموویان مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن چونكە دۆخی ژیانیان لەگەڵ خەڵكی تر قورسترە بەڵام حكومەت كۆمەڵێك رێنمایی دەركردووە دەبێت بەپێی رێنماییەكان بن".
هاوڵاتی رێكخراوی هاوپەیمانی ئەتلانتیكی باكوور (ناتۆ) بە بەشداری 90 هەزار سەرباز گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی لە دوای جەنگی ساردەوە تا ئێستا دەستپێكرد. لەم مانۆڕە سەربازییەی ناتۆدا كە ئەمڕۆ پێنج شەمە 25ی كانوونی دووەمی 2025 بەناوی (بەرگری شێلگیرانە 2024) دەستیپێكرد، زیاتر لە 90 هەزار هێزی سەربازی ئەندامانی ناتۆ بەشدارن تێیدا. مانۆڕەكە بەمەبەستی خۆئامادەكردنی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بەرامبەر هێرشەكانی رووسیا كە پلانی بۆ داڕێژراوە. جەنەراڵ كریستۆفەر كاولی، فەرماندەی باڵای هێزە هاوپەیمانەكانی ناتۆ لە ئەورووپا رایگەیاند "بەرەی ناتۆ هێزی خۆی بۆ ئامادەبوون لە ناوچەی یۆرۆ-ئەتلانتیك لەڕێگای جووڵەی بان ئەتلانتیكی هێزەكان لە ئەمریكای باكوورەوە نمایش دەكات". ئەو جەنەراڵە ئەوەشی خستوەتەڕوو "مانۆڕەكە پیشاندانی ئاشكرای یەكگرتوویی، هێزو ئیرادەی ئێمەیە بۆ بەرگری لە یەكتر، بەهاكانمان". مانۆڕی (بەرگری شێلگیرانە 2024) بە بەشداری 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ بۆ وەستانەوە دژی هەر هەڕەشەیەكی رووسیا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆڕە لە كۆمەڵێك مانۆڕی بچووكتر پێكدێت كە لە ئەمریكای باكوورەوە تا سنوورەكانی رووسیا دەگرێتەوە. بە پێی راپۆرتەكان، 50 كەشتی جەنگی، 80 فڕۆكەی جەنگی و زیاتر لە هەزارو 100 تانك بەشدارن تێیدا. مانۆڕی "بەرگری شێلگیرانە 2024) گەورەترین مانۆڕێكە كە دوای مانۆڕی (رێفۆرجێر) لە ساڵی 1988 بەڕێوە دەچێت، لە مانۆڕی رێفۆرجێردا 125 هەزار سەرباز بەشدار بوون. ئەم مانۆڕە لە دۆخێكدا بەڕێوە دەچێت كە رووسیا بە هێرشكردنە سەر ئۆكراین بەشێك لە خاكی ئەم وڵاتەی داگیركردووە. ئێلكساندر گرۆشكۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەم بارەوە وتویەتی"بەرفراوانبوونی مانۆڕی نوێی ناتۆ دەرخەری گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی جەنگی سارد".
هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا رایگەیاند بۆ دەستكەوتنی زانیاری بڕواپێكراو لەسەر حسێن هاتفی ئەردەكانی، بازرگانی ئێرانی كە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لەلایەن رووسیاوە لە جەنگی ئۆكراین بەكار دەهێنرێت خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری دیاریكردووە. رۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ، بڵاویكردەوە "بەرنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە پەیوەند لەگەڵ هەڕەشەكانی دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی چالاكە، ئەم خەڵاتەی دەربارەی حسێن هاتفی ئەردەكانی دیاریكردووە". بەپێی بڕیارێكی دادگا كە ساڵی 2020 دەرچووەو لە كانوونی یەكەمی 2023 بەنهێنی دەرچووە، حسێن هاتفی ئەردەكانی بە یارمەتی پیاوێك كە لە چینە لەڕێگەی كۆمپانیاكەی خۆیانەوە ئەو تەكنۆلۆژیاو پارچانە دەكڕن و دەیگوازنەوە بۆ ئێران كە بۆ دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكار دەهێنرێت. بەپێی راپۆرتەكە، كۆمپانیایەكی فەرەنسی بێ ئەوەی ئاگادار بێت، تەكنۆلۆژیای گۆڕینی ئانالۆگ بۆ دیجیتاڵی هەناردەی هۆنگ كۆنگ كردووە، بەڵام ئەم پارچەو تەكنۆلۆژیایە لە هۆنگ كۆنگەوە نێردراوەتە ئێران،ئەو تەكنۆلۆژیایەش بەگۆڕانێكی بچووك لە سێ بواریتردا بەكار دەهێنرێت. لەمبارەوە بەرنامەی (خەڵات بۆ عەداڵەت)ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئەوەی خستوەتەڕوو "حسێن هاتفی ئەردەكانی هاوكاری سوپای پاسداران دەكات بۆ دەستپێڕاگەیشتن و دابینكردنی تەكنۆلۆژیای ئاڵۆز كە بەكار دەهێنرێن بۆ دروستكردنی چەك و چۆل و هەروەها یارمەتیان دەدات بۆ فرۆشتنی ئەو چەك و چۆڵانە. حسێن هاتفی ئەردەكانی، یەكێك لەو كەسانە بوو كە 19ی كانوونی یەكەمی 2023 ئەمریكا ناوی خستنە لیستی سزاكانەوە.
