ڤانە حەمە سەرەڕای ئەوەی  پریشکی ئاگری غەززە و ئیسرائیل تا دێت  فراوانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا  مەترسی و فشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەموو بەرەکاندا لە  زیادبووندایە کە دیارترینیان  بڕینی موچەی فەرمانبەران، شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بەهۆی هەموارنەکردنەوەی یاسای بودجە، هاوکات بۆردەومانەکانی تورکیایە لەسەر هەرێم، کەچی «پەرتەوازەبوون و ناتەبایی ناوماڵی کورد لە زیادبووندایە و بەردەوامە». پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد لەم دۆخەدا بەجۆرێکە لە هەر سنورێک دژی ڕوداویک، کەموکورتیەک خۆپیشاندانە و هیج یەکگرتوییەک بەدی ناکرێت لە هەڵویستەکانی شەقامی کوردی و یەک دەنگیەکی سەرۆکایەتی هەرێم دا. چەندین مانگە مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن دژی پێنەدانی موچەکانیان و بەهۆیەوە وەرزێکی خوێندن لە سەرجەم خوێدنگەکانی قەزا و ناحیە و پارێزگاکان ڕاگیراوە، بەڵام لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بووە و هیچ ناڕەزایەتیەک لەبەرامبەر پێنەدانی موچە بەڕێوە نەچووە؛ لەبەرامبەردا لە دوای هێرشی موشەک و درۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر پارێزگای هەولێر خۆپیشاندانی بەکۆمەڵ دژی ئەو هێرشانە چەندین رۆژە بەردەوامە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و قەزای زاخۆ. گردبوونەوە و ناڕەزاییە فراوانەکانی هەریەک لە  دهۆک، هەولێر، زاخۆ لەدوای ئەوە دێن رۆژی ١٨ ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی درۆنی و موشەکی کردە سەر پارێزگای هەولێر کە تێیدا ئامانجی سەرەکی کە بۆردوومانکرا ماڵی سەرمایەداری کورد پێشرەو دزەیی بوو کە تێیدا ٤ کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەوهۆیەوە هیج گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەک لە سنوری سەرجەم پارێزگا و ناحیە و قەزا، شار و شارۆچکەکانی سلێمانی و دەوروبەری یان سست بووە یان بەڕێوەنەچووە. ئەمەش لەکاتیکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا  یونامی هۆشداریدا لەوەی ئێڕاق زیاتر پەلکێشبکرێتە ناو جەنگی ئیسترائیل و غەززە، لە بەشێکی بڵاوکراوەکەی یونامیدا هاتووە « “سەرەڕای هەوڵەکانی عێراق بۆ رێگریکردن لە هەڵچوونی گرژییەکان، بەردەوامبوونی هێرشەکان کە لەناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی عێراق سەرچاوەیان گرتووە، ئەگەری هەیە ئەو سەقامگیرییەی کە بە زەحمەت بەدەست هاتووە، لەگەڵ ئەو دەسکەوتانەی بەمدواییانە بەدەست هاتوون، هەڵیانوەشێنێتەوە». دکتۆر کاروان حەمە ساڵح، پسپۆری کارگێری و دارایی، هاوکات چاودێری سیاسیشە لەبارەی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە بە هاوڵاتی وت» ئێمە پێش دەستپیکردنی ئەم جەنگە و سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرانیاش هۆشداریمان دا، پریشکی ئەم جەنگانە بەر ئێمەش دەکەوێت، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا و بینیشمان  چۆن کاریگەری هەبوو، بەڵام ئێستاش کە جەنگێکی گەورە ڕۆژهەلاتی ناوەراستی گرتۆتەوە و ئامانج لێی گەورەبوونی چەند دەسەڵاتی بەشێک لە وڵاتانە،  جەخت لەوە دەکەینەوە پێویستە کورد یەکگرتوو بێت. چونکە  لەم دۆخەدا ڕێگا خراپەکە پەرتەوازەییە، ئەو پەرتەوازەییەی لەم دژ بەیەکیەی ئەم رۆژانەی خۆپیشاندانەکان بینیمان لە سودمان نییە». ئەو چاودێرە سیاسیە باسیش لەوە دەکات نابێت ئەو دژیەکی و لایەنگیریەی حزبەکان شۆربێتەوە بۆ ناو خەڵک، پێویستە هاوڵاتیان بەیەک چاو تەماشای هەر هێرشێک بکەن بۆسەر هەرێم. هاوکات لەبارەی هێرشەکانی ١٨ی ئەم مانگەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٧ کەس. دکتۆر کاروان کاردانەوە وهەلویستەکانی سەرکردایەتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە پێویست بینی، بەڵام وتیشی ئەم هەڵویستانە زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئازاری دەروونی بوون تا ستراتیژی، ئێمە پێویستمان بە هەڵوێستی جدی و ستراتیژیە.

شوان عەباس بەدری ماوەیەکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بەئێران بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری، پەیوەندییەکانی بەغدادو هەولێر ئاڵۆزییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. لەم رووەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش پێی وایە کەهێرشەکان لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە بەپارەی دەوڵەت ئەنجامدەدرێن. لەلایەکی ترەوە لەدوای هێرشەکانی سەری ساڵ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لەپارێزگای هەولێر، سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای کرد بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە لیژنەیەکی ڵێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت. جێی ئاماژەیە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەبیانووی بوونی نووسینگەی ئیسرائیلی زیاتر لە 20 هێرشی جۆراوجۆر بەزیاتر لە 40 درۆن کراوەتەسەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لەپارێزگای هەولێر و بەبڕوای چاودێران بیانووی ئەو هێرشانە دوورن لەڕاستییەوەو مەبەستی سەرەکی هێرشەکان بریتییە لە لەباربردنی ئەزموونی فیدراڵی لەعێراقدا. لەبەدواداچوونێکی هاوڵاتیدا زانراوە کەگرووپە چەکدارە شیعەکان لەمانگی ئۆکتۆبەری 2023دا، 24 جار هێرشیان کردووەتەسەر فرۆکەخانەی هەولێرو بنکەی سەربازی حەریرو لەو 24 هێرشەش گرووپی چەکداری بەرگری ئیسلامی عیراقی، سیانزەجار بەرپرسیارێتی خۆی لەهێرشەکان راگەیاندووە. هەر بەپێی بەیاننامەکانی گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لەعیراق، نزیکەی 45 درۆنیان لەهێرشەکانی سەر پارێزگای هەولێر بەکارهێناوە. هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەر هێرشی درۆنەکان و ئێران بەڕاستەوخۆ  یان لەڕێی گروپەکانی وابەستە بەخۆیەوە هێرشەکانی چڕکردووەتەوە ، بەتایبەتیش لەسنووری سڵێمانی چەند جارێک پارتە کوردییەکانی ئێرانی  بەر هێرشی مووشەکی داوەو تورکیاش بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست نەیتوانیوە رێگری لەو جۆرە هێرشانە بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە وەک حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو خۆی پیشانبدات و بتوانێت سەروەری خاکەکەی لەبەرامبەر ئەو جۆرە دەستدرێژییانەدا بپارێزێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی هاوڵاتی لەساڵەکانی 2021و 2022، 138 جار هێرشی ئاسمانی و 214 جار تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کراوەو لەماوەی چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023شدا هەرێمی کوردستان، 150 هێرشی ئاسمانی و 300 جار تۆپباران کراوە، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوو مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر هەرێم. هەر بەهۆی ئەو هێرش و پەلامارانەش دەیان گووند چۆڵکراون و چەندین دارستان سووتێنراون کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا مەترسییەکی راستەقینەی دیکەیە بۆ سەر ژینگەو ژیان و باری ئابووری هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش پێیانوایە ئەم گروپ و میلیشیا شیعانە، کۆمەڵێک گرووپی لەیاسادەرچوون کە  چەک و پارەی دەوڵەتیان بەمەبەستی هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان قۆستۆتەوەو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پشتگیری دەکرێن و بەم جۆرە هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەدەن و پێیان وایە ئەم جۆرە هێرشانە، هێرشن بۆ سەر گشت عیراق و نەک بەتەنها هەرێمی کوردستان. بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم جگە لەئیدانەو سەرزەنشت  هیچ جۆرە هەڵوێستێکی دیکەی نەبووەو هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (یەکێتی و پارتی) هاوشێوەی حکومەت لەڕێی وتەبێژو بەیاننامەکانی مەکتەبی سیاسییەوە  تەنها ئیدانەیان کردووە. هەروەک چۆن لەدوای هێرش و بۆردومانە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆ سەر سنووری چەمچەماڵ لەساڵی 2021دا کەبووەهۆی شەهیدبوونی کەسێک و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەیاننامەیکدا ئیدانەی هێرشەکەی کردو داوای لەحکومەتی فیدراڵی کرد بەئەرکە دیبلۆماسییەکانی  خۆی بەرامبەر ئەو جۆرە پەلامارە مەترسیدارانە هەستێت کەدەکرێتە سەر قووڵایی خاکی عێراقەوە. هەروەها هەر لەدوا هەفتەی ساڵی 2023دا تورکیا لەڕێی فرۆکە جەنگییەکانیەوە زیاد لە 20 جار بۆردومانی ناوچەکانی شنگال و مەخموریان کرد، کە بەگەورەترین هێرشی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەژماردەکرێت کە لەئەنجامدا دوو کەس شەهید و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەرەڕای بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق بەڵام بەبڕوای  شارەزایانی یاسا نێودەوڵتییەکان، ئەم هێرشانەی تورکیاو ئێران بەتاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێن. تورکیا بەپێی رێکەوتنێکی دەیەی هەشتای سەدەی رابردوو کە لەگەڵ حکومەتی بەعسدا بەستبووی بەمافی خۆی دەزانێت کە سنووری عێراق ببڕێت و بێتە ناو خاکەکەیەوەو ئەمەش لەدوای رێکەوتنێکی دوولایەنەی تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق و هاوتا تورکییەکەی هات کە بۆ ماوەی یەک ساڵ مافی ئەوە بەتورکیا دەدات کە بەقووڵایی پێنج کیلۆمەتر خاکی عێراق ببەزێنێت و بەپێی لێدوانێکی جەمال حەلبووسی شارەزای ستراتیژی و ئەمنی، لەکۆتاییەکانی دەسەڵاتی بەعسیشدا لە لێکتێگەیشتنێکی نهێنیدا رێگەدرا  تورکیا بەقووڵایی 50 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عیراقەوە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی عێراقەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەو هەلەی قۆستووەتەوەو  بەپێی وتەیەکی فوئاد حسێن لەساڵی 2018ەوە تاساڵی 2022، 22هەزارو 700 جار تورکیا سەروەری خاکی عیراقی پێشێل کردووەو حکومەتی عێراقیش 296 جار بایاننامەی ناڕەزایی دەرکردووەو لەنەتەوەیەکگرتووەکانیش شکاتی لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاریانە تۆمارکردووە . بەپێی چاودێرە سیاسییەکان و شارەزایانی یاسا جگە لەوەی کەئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ماوەی یەک ساڵ بووە، واتە لەساڵی 1984 بۆ 1985، ئەو رێکەوتنەو لێکتێگەیشتنەی کەدواتر یش بەستراوە، لەگەڵ رووخاندنی حکومەتی بەعس رێکەوتنەکە بەتەواوی لەکارکەوتووە . هەر بەپێی چاودێران تورکیا بوونی پەکەکەی لەهەرێمی کوردستانی بەمەبەستی فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی قۆستۆتەوەو هەرچی ئێرانیشە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی بەمەبەستی گوشاری زیاترو مەرامە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی خۆی لەهەرێمی کوردستاندا بەکاردەهێنێت . هەر لەبارەی ئەم تەوەرە  جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، هۆشداری دەدات لەزیادبونی هێرشە درۆنیەكانی سەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ئەو هێرشە درۆنیانەی ماوەیەكە دەكرێتە سەر پارێزگای هەولێرو  بەهاوڵاتی وت «هێرشە دۆرنیەكان دەبێتە مایەی تێكچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق، چونكە رۆژانە هێرشەكان دەكرێت، كاریگەری دەروونیشی بۆ سەر دانیشتوانی هەولێر دەبێت، بەتایبەت دەنگی تەقینەوەی درۆنەكان لەناوچە نیشتەجێبوونەكان و دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتیاندا دروستدەكات». ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی»هێرشە درۆنیەكان كاریگەری لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە زۆر كۆمپانیا كە لەهەرێم وەبەرهێنان دەكەن بەهۆی سەقامگیری دۆخی هەرێمەوە هاتوون و لێرە وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە ئەگەر هێرشە درۆنیەكان بەردەوامبێت رەنگە ئەو كۆمپانیایانە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئاسایش بكەن و كارەكانیان رابگرن و كاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕو ئابوری هەرێم دەبێت». جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو»بەیاننامەكەی حكومەتی هەرێم توند بووە، وەڵامەكەی حكومەتی عێراقیش توندتر بووە، دیارە ئەوەش پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای ئاڵۆزكردووە». لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەرێمیش بۆ ئەو گروپانەی كە هێرشی درۆنی دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت «مافی هەرێمە بەرگری لەخۆی بكات و وەڵامی دەستدرێژیی هەر گروپێكی چەكداری بداتەوە، بەڵام بەو مەرجەی لێوەی دیاربێت كەئەو چەكدارانە لەكوێوە دەستدرێژی دەكەن». هەروەها غازی فەیسەڵ بەڕێوەبەری ناوەندی عێراقی بۆ ڵێکۆڵینەوەی ستراتیژی پێیوایە کە ئەم جۆرە هێرشانە هەوڵێکە بۆ لەباردنی ئەزموونی فیدراڵی و لێدانە لەمافی کەمینەکان و فرە ئایینی و کلتووری لەعێراقدا. لەلایەکی دیکەوە ئەم هێرش و پەلامارانە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای هاووڵاتیانی هەرێم درووستکردووە و پێیان وایە کەحکومەتی هەرێم لەپاراستنی سنوور و هاووڵاتییەکانی لاوازە و بەشێک لەهاووڵاتیانیش پێیان وایە ئێستا رۆژانە بەژەم  دروون دەنێرن بۆ سەر ئاسمانی هەرێم و هۆکاری سەرەکی ئەمەش خۆی لەناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا دەبینێتەوە . هاووڵاتیان دەپرسن: بۆ چی کاتێک هەولێر درۆن باران دەکرێت، زۆرجار یەکێتی نیشتمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و کاتێکیش سنووری سلێمانی بەر هێرش و پەلامارەکانی تورکیا دەکەوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ جۆرە هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نابێت و بگرە هەندێک جار بەڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بیانوو بۆ ئەو بۆردوومانانە دەهێنێتەوەو پشتگیرییان دەکات؟ لەکۆتاییدا ئاخۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان لەنێوان دەنکە تەسبیحەکەی دەستی گرووپە چەکدارە شیعەکان و بەرنامەی هێزە ئیقلیمییەکاندا بەکوێ دەگات و یەکێتی و پارتی پێکەوە دەتوانن ئەم کەشتییە نیوە نووقم بووە بگەیەننە کەناری ئارامی؟

شەنای فاتیح پاش ١٣٢ رۆژ لەدەستپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، دەرگای بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی سلێمانی کرانەوەو سەرچاوەیەکیش بەهاوڵاتی راگەیاند: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی دەوام بەهەر نرخێک بێت. پاش ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ی بەیەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوام دەستنیشانکرد، بەڵام مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردو دابەشکردنی مووچەو پلەبەرزکردنەوەو دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژانیان کردە مەرجی چوونەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن. سەرچاوەیەک کەنەویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بەهاوڵاتی وت: وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی گشتی وپەروەردەکان سوورن لەسەر کردنەوەی هۆڵەکانی خوێندن بەهەر نرخێک بێت،  فشارێکی زۆریان کردووە لەرێگەی بەڕێوبەری پەروەردەکانەوە بۆ سەر بەڕێوبەری قوتابخانەکان. وتیشی:بەشێکی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەفشاری بەڕێوبەری پەروەردەکان غیاباتی مامۆستایانیان وەرگرتووە، لەزۆربەی پەروەردەکاندا غیابات دەستیپێکردووەو پێیان وتوون هەتا نەقڵکردن و فەسڵکردن دەڕۆین ئەگەر دەوام نەکەنەوە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر کردنەوەی دەوام. « لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەریدا نزیکەی 80٪ ی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا پەروەردەی دەرەوەی شارەکان بەو شێوەیە نین.» سەرچاوەکە وای وت. هاوکات، لەمانگی ئابی ئەمساڵەوە تائێستا کۆمەڵێک مامۆستای نارازی  بەردەوامن لەسەردانیکردن بۆ بەغداو بەوتەی خۆیان چاویان بەلیژنەی دارایی و چەند کوتلەیەکی پەرلەمان و چەند سەرۆک حیزبێک کەوتووە بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ٢٠٢٤دا جێگای ئەوە بکرێتەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەکانیان راستەوخۆ لەرێگەی بەغداوە وەربگرن بەبێ دواکەوتن و ٣٠ رۆژ جارێک، هەروەها هەوڵی ئەوەش دراوە کەموچەی فەرمانبەران چێتر نەبێتە فشارێکی سیاسی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ناوەنددا. ئاوات ئازاد، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەمانگی ئابدا نۆ مامۆستاو فەرمانبەر سکاڵامان دژی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی تۆمارکرد،  کە بەشێوەیەکی نایاسایی لەساڵی ٢٠١٦وە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیان راگرتووە، بەڵام پلەبەرزکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆو ئەنجومەنی دادوەرییەکان بەردەوامە، سکاڵاکەمان تا ٢١ی کانوونی دووەم سێ جەلسەی تێپەڕاندووەو جەلسەی داهاتوومان دواخراوە بۆ ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤. وتیشی:  فشارەکانی پەروەردە لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە کۆمەڵێک فشارو نوسراوی جیاواز دەردەکەن بەشێوەیەک هەر نوسراوەو جۆرێکە، بەپێی یاسا کەس ناتوانێت مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک سزا بدات کەداوای مافی خۆی دەکات، کاتێک موچەی پێنادرێت ئەویش کارناکات، خوێندنیش بەم شێوەیە بەترس و تۆقاندن و سزادان بەڕێوەبچێت، خوێندنێکی تەندروست نابێت و زانستی پێویست بەقوتابی ناگات. «بەهیچ جۆرێک هیچ بەڕێوبەرێک مافی لادانی هیچ مامۆستایەکی نییە جگە لەوەزیر، لەکاتێکدا وەزیر دەسەڵاتی رەهای پێدابێت بابەتێکی ترە، بەڵام وەزیر خۆی لەبۆشایی یاسایدایە چونکە حکومەتی ئێمە کاربەڕێکەرەو توانای هیچ بڕیارو یاسایەکیان نییەو پەرلەمانیشمان نییە.» ئاوات ئازاد وای وت. ئەو مامۆستا ناڕازییە باسی لەوەشکرد کە هەر مامۆستایەکیش سزا بدریت ئێمە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین و بەردەوامین لەخۆپیشاندنان و ناڕەزایەتییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانمان. محەمەد کەمال، لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژ لەسلێمانی لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: دەنگۆ هەیە کە هەر مامۆستایەک نەیەتەوە بۆ دەوام سزا بدرێت، بەڵام تائێستا هیچ نوسراوێکی فەرمی وا نەهاتووە بۆ قوتابخانەکان. وتیشی: هیچ بڕیارێک نییە کەبایکۆت بشکێنین و بەردەوامین لەناڕەزایەتییەکان. ئەمە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی رابردوودا بەشیک لەنوێنەرایەتی مامۆستایانی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و دواتر بەشێکیان ئازادکران.

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی روسیا بەناوی ئیل-76 لە پارێزگای بێلگۆرۆد لە باشوری رۆژئاوای روسیا کەوتە خوارەوە و 65 دیل ئۆکرانی و 9 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدابو. لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتوە، فڕۆكه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لەکاتی گەشتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە ناوچەی بێلگۆرۆد کەوتوەته‌ خوارەوە. ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناحیەی بێلگۆرۆدیش لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا نوسیویەتی، "روداوێک لە شاری کۆرۆچانسکی رویدا، لە ئێستادا تیمەکانی لێکۆڵینەوە و فریاگوزاری لە شوێنی ڕوداوەکە کاردەکەن، دواتر بارودۆخی روداوەکە رادەگەیەنین". جیگەیباسە فڕۆکەکە لە هەرێمی بیلۆگۆرۆد لە نزیک سنووری ئۆکرانیا تێکشکاوە و دەنگۆ هەیە کە فڕۆکەکە لەلایەن ئۆکرانیاوە خرابێتە خوارەوە لەم بارەیەشەوە ماڵپەڕی ئۆکراینسکا لەسەر زاری سوپاسالاری ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە، گوایە فڕۆکەکە مووشەکی بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-300ی رووسی گواستووەتەوە و هیچ ئاماژەشی بەوە نەکرد دیلی هەڵگرتبێت. لاى خۆیشیه‌وه‌ دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، کرێملین ئاگاداری تێكشانی فڕۆکەکەیە، بەڵام ئەویش زانیاری وردی لەسەر ئەو ڕوداوە نەخستۆته‌ڕوو.  

هاوڵاتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە تۆمەتی جیاواز، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا  10 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و سەرجەمیان په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌كانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی به‌چه‌ند تۆمه‌تێك و به‌فه‌رمانی دادوه‌ره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش له‌ ڕۆژانی 18-22ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2024 توانیان له‌ سنوری به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان به‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت و ته‌قه‌كردن و دروستكردنی پشێوی و ئاژاوه‌گێڕی 10 كه‌س ده‌ستگیربكه‌ن، به‌ مه‌به‌ستی زیاتر سه‌قامگیری و ئارامیش ده‌ستگیرا  به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌كه‌ بێمۆڵه‌تانه‌ی به‌كارهێنرابون. بەگوێرەی ئاسایش، ئەو کەسانە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، تەقەکردن، دروستکردنی پشێوی و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکراون. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌ئێستادا تۆمه‌تباران به‌مادده‌كانی ( 413 و 342و 295) له‌یاسای سزادانی عێراقی په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و دۆسیه‌كانیان ڕاده‌ستی یاسا كراون.

ڤانە حەمە سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری و نۆژەن نەکردنەوەی باڵەخانەی زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان، هاوکات لەگەڵ پێنەدانی دەرماڵەکانیان، بەشێک لە زانکۆ حکومیەکان « پێداویستیە هەرە سەرەکی و گرنگەکانیشیان» کە  بۆ ئەنجاندانی کارە پراکتیکیەکانیان پێویستیانە بۆ دابین ناکرێت، لە ئەنجامیشدا یان کردە پراکتیەکان ئەنجام نادەن، یاخود خوێندکارەکان و مامۆستاکان خۆیان بەناچاری بەشێکی دابین دەکەن. زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکێکە لەو زانکۆیانەی سەرەڕای کۆنی باڵەخانە، هۆڵەکانی و بەشە ناوخۆییەکانی، بەدەست نەبوونی کەرەستە و پێداویستیە سەرەکیەکانیەوە دەناڵێنێت، بەجۆرێک لە بەشە پزیشکیەکانیدا تەنانەت دەستکێش کە پێداویستی هەرە سەرەکیە ناتوانرێت لە لایەن زانکۆوە دابین بکرێت، لە ئەنجامیشدا خوێندکارەکان یان وانە پراکتیکیەکە بە ناتەواوی دەخوێنن یان مامۆستاکانیان داوایان لێ دەکەن خۆیان ئەو پێداویستیانە دابین بکەن. هێڤار سەلمان، خوێندکاری شیکاری نەخۆشیەکانە لە زانکۆی پۆڵیتەکنیک بەهاوڵاتی وت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە تاقیگەکانمان پیداویستیەکان هەبوون بەڵام کەموکوڕی تیابووە یاخود بە جۆرێک بووە کە تەنها مامۆستا کاری کردووە  یان هەر گروپێکمان تەنها یەک کەس کاری کردووە بەهۆی نەبوونی دەستکێش، دواتر خۆمان دەستکێشەکانمان کڕیووە؛ دەشڵێت هەرخۆم تائێستا چوار جار کڕیومە و چەند تەلەبەیەکی دیکەش دوو یان سێ جار کڕیویانە». ئەو خوێندکارە دەشلێت ساڵی ڕابردوو پێیان وتووین لە ساڵی نوێدا پارەمان بۆ خەرج دەکرێت بەڵام وانەبوو. لەبارەی خەرج نەکردنی بودجەی تاقیگەکانەوە راگرایەتی کۆلیژی زانکۆش دەڵێت بەهۆی هەبوونی کێشە لە پاکتاوی دارایی ئەو حاڵەتە دروستبووە ولە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی. زەردەشت غەفور مامۆستای یاریدەدەرە لە هەمان زانکۆ، ئەو دەڵێت « لە تاقیگەکانی دیکەی کۆلیژەکەمان هەمان کێشەمان هەیە، مەعقول نییە زانکۆیەکی گەورە دەستکێش و موادی کارە پراکتیەکانی نەبێت، لەکاتێکدا ئەو زانکۆیە خوێندکاری پارالێڵی هەیە ولەوەش داهات بۆ زانکۆکە بەدەست دێت، پێم وایە ئەو پارەیە بۆ زانکۆکە خەرج ناکرێت». نەبوونی پێداویستیە سەرەکیەکان لە زانکۆ حکومیەکان و کەموکورتیەکان لەپاڵ چارەسەرنەبوونی کێشە بەردەوامەکانی دیکەی زناکۆکەدان کە دەیان جار خوێندکاران خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەهۆیەوە ئەنجامداوە، لەوانەش کێشەی کۆنی و ناتەواوی باڵەخانەکانیان، نەبوونی ئاوی گەرم و کارەبا و غاز وهەبوونی سەگی بەرەڵا لەناو کەمپی زانکۆکە. شایستە بەهائەدین یەکێکە لەو خوێندکارانەی لە بەشە ناوخۆیی زانکۆکە دەمێنێتەوە لەبارەی دۆخی بەشە ناوخۆییەکەیان و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانیان بە هاوڵاتی وت، بە بەردەوامی کێشەی ئاوی گەرم وغازمان هەیە، هەندێک جار هەفتەی دوو جاریش ئاوی گەرممان نیە، هەندێک جار بۆ دوو هەفتە چاکی دەکەن و دواتر وەک خۆی لێدەکەنەوە. هاوکات دەشڵێت دەبوایە ئێمە سیستەمی غازی « ئێڵ پی جی»مان هەبوایە، نەوەک خۆمان چەند نهۆم غاز ببەینە خوارەوە و کەزۆربەی جارەکانیش غازەکە نیە. هاوکات گوڵان ئازاد  کە خویندکاری کۆلێژی فیزیایە لە زانکۆی سلێمانی، دەڵێت زۆرجار بەهۆی کۆنبوون ولەکارکەوتنی ئامێرەکانمان لە تاقیگەکاندا ئامار و داتاکانمان هەڵە دەردەچن و مامۆستا و دکتۆرەکانیشمان خەتاکە دەخەنە سەر ئەستۆی ئێمە. هەروەها دەشڵێت ئەو ئامێرانە زۆر کۆنن و لەکاتی دووەم وەجبە یان سێیەم وەجبەی خویندکارانی ئەم بەشەوە دابین کراون بۆ زانکۆکە. یەکێکی دیکە لە خوێندکارەکانی زانکۆی سلێمانی کە نەیویست ناوی بهیندرێت وتی،» بەگشتی کێشەیەک و کەموکوڕیەکی سەیر و عەجیب هەیە لە زانکۆکەمان، بەرپرس و ڕاگرەکانی زانکۆکە بەدەم داواکاریەکانمانەوە نایەن کە زۆر جار شتی زۆر ئاسایین». دەشڵێت یەکێک لەو کێشانەی کە خۆم وەک نوێنەرێک کارم زۆر لەسەر کردووە و وەڵامم نەدراوەتەوە، کێشەی هەبوونی سەگی بەرەڵان لەناو زانکۆکەکە کەبەردەوامە وچارەسەرنەکراوە، هەر دوێنێ بە « پازدە سەگەوە» پەلاماری خوێندکارێکی کوڕیان داوە وبرینداریان کردووە».  ئەم کەموکورتیانەی زانکۆکان لەکاتێکدایە، کە وەرزێکی خویندن بەهۆی بایکۆتی مامۆستایەنەوە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمیی کوردستان فەوتاوە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ٢٠ زانکۆی حکومی هەیە.

هاوڵاتی بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی گەیشتوون:  رۆژی شەممە ٢٧ کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤، کاتژمێر ١ی دوا نیوەڕۆ رێورەسمێک لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بەڕێوە ئەچێت و ناوی یەکێک لە فولکەکانی ئەو شارە بە ناوی ژینا ئەمینیەوە ناودەنرێت. شارەوانی هانۆڤەری ئەڵمانیا رایگەیاندووە ناونانی ئەم فولکەیە بە ناوی ژینا ئەمینیەوە، رێزگرتنە لە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ئێران بەتایبەت ژنانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ و وەستانەوەیان دژی نایەکسانی. ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز، رۆژی ١٣ ئەیلوولی ٢٠٢٢  بە بیانوونی نەگونجاوی حیجاب ، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی شاری تارانەوە دەستبەسەر کرا و بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ گیانی لەدەستدا.  گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە چەند مانگ لە ئێران بەردەوامبوو و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە.

هاوڵاتی لیوا یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی محه‌مه‌د شیاع سودانی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، هێرشه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر بنكه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ جورف نه‌سڕ و قائیم زیان به‌ سه‌رجه‌م رێكه‌وتنه‌ ئه‌منیه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات ده‌گه‌یه‌نێت. وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئەمریكا پێداگرە لەسەر زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری عێراق ،له‌كاتێكدا لێكتێگه‌یشتنه‌كان سه‌باره‌ت ڕۆڵ و ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ڕاوێژكاره‌كانیان هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییان ناوه‌ له‌ڕوی ڕێكخستنه‌وه‌یان له‌ ئاینده‌دا، به‌ڵام ئه‌م كرده‌وانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن ده‌بنه‌ مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌هه‌مو رێكه‌وتنه‌ ئه‌منیه‌كان و بواره‌كانی هاوكاری ئه‌منی هاوبه‌ش". وتیشی، "داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین بەرپرسیارێتى خۆى جێبەجێبکات لە پاڵپشتیکردنى ئاسایش و ئارامى، هەروەها رێ بگرێت لە هەموو ئەو دەستدرێژییانە کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیرى عێراق". ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی گروپی میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵڵای سەر بە ئێران لە عێراق لە ( جرف سەخر و بابل و ئەنبار) وفەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە هێرشەکەى سوپاى ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکەیان لە ئەنبار چەکدارێکیان بە ناوى عەلى ئەنوەر سەبیح ساعیدی کوژراوە. هاوکات، سوپای ئەمریکا لەو بارەوە ئاشکرایکرد، لە وەڵامی هێرشەکانی گروپی میلیشیاییەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق هێرشەکانیان ئەنجامداوە.  

هاوڵاتی رووفاتی 41 کوردی ئێزدی ئەمرۆ چوارشەممە لە رێوڕەسمێکدا گەڕێنرانەوە شەنگال کە سەرجەمیان خەڵکی سنوورەکەن و بە دەستی داعش لە ساڵی 2014 کۆمەڵکوژ کرابوون. سەرەتا رووفاتەکان برانە مۆنیۆمێنتی شەهیدانی کوردانی ئێزدی، دوای تەواوکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکانیش، لە چوار گۆڕستانی ناوچەکە بە خاک دەسپێردرێن. رۆژانی 24 و 25 و 26ـی ئەم مانگە پرسەیان بۆ دادەنرێت. کەسوکاری قوربانییان و خەڵکی شنگال و کەسایەتییە ئایینییەکان لە مۆنیۆمێنتی جینۆسایدی ئێزدیان لە شنگال لە رێوڕەسمەکە ئامادەن و رووفاتەکان رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە. روفاتەکان خەڵکى ناوچەکانى (حەردان، کۆجۆ، خانەسۆر، قنێ)ـن، لەسەر تابوتەکانیان وێنە و ناویان نوسراوە و تابوتەکانیشیان بە ئاڵاى عێراق داپۆشراون. جێگەیباسە، ئەمە شەشەمین کاروانی رووفاتی کوردانی ئێزدییە دەگەڕێندرێنەوە و کۆی گشتییان 188 روفاتن، لە بەغداوە دوای رێکاری پشکنین رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەى نۆ ساڵ بەسەر کارەساتى شنگال تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش پرسى گەڕاندنەوەى روفاتەکان و دۆزینەوەى ونبوان بە تەواوەتى یەکلایی نەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەى بەشێکى زۆرى ئاوارەکانى ئەو ناوچانەیش نەگەڕاونەتەوە زێدى خۆیان و بە ئاوارەیی ژیان بەسەر دەبەن.

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە رۆژنامەی "فاینناشنال تایمز" لە ڕێی چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاویکردەوە کە ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور ، بۆ ماوەی 3 مانگ داوای لە چین کردووە کە هەنگاوی ئەرێنی لەو ڕووە بنێت ، بەڵام چین وەڵامی داواکەی ئەمریکای نەداوەتەوە. ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپەسەکانی ئەمریکاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا داوای لە چین کردووە ، بە مەبەستی راگرتنی هێرشی چەکدارە حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای سوور ، گووشار بخاتە سەر ئێران بەلام هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لەوبارەیەوە دەست نەکەوتووە. هەروەها لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا هاتووە کە ، ئەمریکا لە ماوەکانی 3 مانگی رابردوودا ئەم پرسەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی چین ورووژاندووە . جێی باسە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای هێرشی چەکدارەکانی سەر بە گروپی حوسییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور ،  تا ئێستا هێزەکانی سەر بە سووپای ئەمریکا و بەریتانیا هەشت جار بە مووشەک و دروون  بوردومانی بنکە و بارەگای چەکدارەکانی حوسییان کردووە . دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل ، چەکدارەکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن کە لە ئێرانەوە نزیکن ، هێرش و پەلامارەکانیان لە دەریای سووردا چڕتر کردۆتەوە کە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ڕێڕەوی ئاوی بازرگانی جیهانیدا داناوە.

هاوڵاتی بە بڕوای لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ، حکومەتی ناوەند لە ناردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان سەرپێچی یاسای کردووە . لەم بارەیەوە "موحەمەد نوری" ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاند،ئەمە یەکەم جار نییە کە حکومەتی ناوەند لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت و پێشتریش بڕی 7 ملیار دیناری بۆ هەریمی کوردستان ناردبوو." "حکومەتی ناوەند هەموو مادە یاساییەکانی ناو بودجەی گشتی کە هەرێمی کوردستان پابەند  دەکات گشت داهاتە نەوتیی و ناوخۆییەکانی خۆی تەسلیمی حکومەت بکات پشت گوێ خستووە و لەدەرەوەی چوارچێوە یاساییەکانەوە هەنگاوی ناوە" (موحەمەد نوری) وای وتووە. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە ، کە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لە کوبوونەوەکەی حەفتەی رابردوو لە گەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان پێی راگەیاندوون کە کە تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ یەک لەو داهاتانەی رادەستی بەغداد نەکردووە. ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عیراق وتیشی ،"سەرپێچییەکانی حکومەتی ناوەند کاریگەری دەبێت بە سەر بەشە بودجەی پارێگاکانی دیکەی عیراق ". ئاماژەی بەوەشکرد "حکومەتی ناوەند بە بیانووی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم مووچەکانیان دابەش ناکات و بە پاشەکەوتی زۆرەملێ ناچاری کردوون". جێی ئاماژەیە لە 23ی کانونی یەکەمی 2023 ، وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند بڕی 700ملیار دینار وەک قەرز بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نارد و دوای ئەو برە پارەیەش تا ئێستا هیج برە پارەیەکی دیکەی بۆ هەرێم نەناردووە و هەرچەندە وا پێ دەنەینە مانگی شوباتی سالی 2024 ەوە بەلام موچەخۆرانی هەرێم هێشتا چاوەرێی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ێن.

هاوڵاتی ئەمەریکا ئەنجامدانى سێ هێرشى بۆسەر سێ ئامانجى کەتائیبى حیزبوڵا و حەشدى شەعبى راگەیاند و عێراقیش دەڵێت بە ئامانجگرتنی ئەو بارەگایانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپاى ئەمریکا سێ پێگەى کەتایبی حیزبوڵڵای سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بەگوێرەى زانیارییە بەراییەکان چەکدارێکى ئەو گروپە کوژراوە و چوارى دیکە بریندار بوون. فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوەڵامی هێرشەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقی بۆ سەر هاوپەیمانان، لە نێویاندا هێرشەکەی 20ی ئەم مانگە بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سێ ناوەندی میلیشیاکانی حزبوڵڵا و گرووپەکانی دیکەی سەر بە ئێرانی لە عێراق بۆردومانکرد. فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا شوێنی مەشقکردنی چەکداران لە سەر هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان کراوەتە ئامانج. یەکێک لە هێرشەکان بنکەیەکى حەشدى شەعبى لە ناوچەى جورف سەخڕ لە پارێزگاى بابل کردوەتەوە ئامانج و هێرشێکى دیکەیش کەتائیبى حیزبوڵاى لە قەزاى قائیم و یەکیک دیکەش لە بارەگاکان کە بۆردومانکراوە، لە دەروازەی ترێبیلی لە ڕۆژئاوای ئەنبار بووە جێگەیباسە ئەمە یەکەم جارە کە ئەمریکا بارەگایەکی حەشدی شەعبی بۆردوماندەکات لە ناوچەیەک کە هاوسنورە لەگەڵ ئوردن. هاوکات ،بەگوێرەى ئەو زانیارییە بەراییانەى کە گرووپەکانى نزیک لە حەشدى شەعبی بڵاویان کردووەتەوە، لە هەردوو هێرشەکەدا چەکدارێکى حەشدى شەعبی کوژراوە و چوارى دیکە بریندارن. دوای ئەنجامدانی هێرشەکانیش لۆید ئۆستین وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ڕایگەیاند، "به‌ ڕێنمایی جۆو بایدن، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا هێرشی پێویست و ڕێژه‌یییان ئه‌نجامدا بۆ سه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ كه‌ میلیشیای كه‌تایبی حزبوڵای سه‌ر به‌ ئێران و گروپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق به‌كاریان ده‌هێنن". باسی لەوەشکرد،" کە ئەو هێرشانە وه‌ڵامێكی ڕاسته‌وخۆیه‌ بۆ زنجیره‌یه‌ك هێرش له‌ دژی كارمه‌ندانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سوریا له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌". هاوکات  قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراقیش رایگەیاند؛ بە ئامانجگرتنى بنکەکانى حەشدى شەعبى لە قائیم و جورف سەخر دەستدرێژیی و شکاندنى رونى سەروەریی عێراقە. دەشڵێت: ئەم هێرشانە یاریدەدەرى هێورکردنەوەى دۆخەکە نین و پێویستە لەجێی ئەم هێرشانە بۆسەر دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق؛ ئەمەریکا هەوڵى وەستاندنى هێرشەکانى ئیسرائیل بدات لە غەززە.  

هاوڵاتی پڕۆژە یاسای تایبەت بە خواستی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا، ئەمەش دوای ٢٠ مانگ لە دانوستانەکانی نێوان ئەنقەرە و ستۆکھۆڵم لەو بارەیەوە. پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ  سێ شەممە بە دەنگی ٢٨٧ پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای تایبەت بە  ئەندامێتی سوید لە ناتۆ  لە بەرامبەر ٥٥ دەنگی نەخێر پەسەندکرد. سوید و فنلاندا لە مانگی (ئایار/5)ی 2022دا هەوڵی خۆیان دا بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆ ، هەردو وڵاتیش لە مانگی (حوزەیران/6)ی 2022 لە میانی کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی مەدرید بە فەرمی بانگهێشتی ناتۆ کرابون، خواستەکانی هەردو وڵات بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک هەنگاوێک بۆ زیادکردنی ئاسایش لە کاردانەوە بە لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەیر دەکرا. دوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر تورکیا، فینلاند لە مانگی (نیسان/4)دا بو بە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە ستۆکهۆڵم یاساکانی "دژە تیرۆر" و دەستوری خۆی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە گۆڕی، بەڵام زنجیرەیەک خۆپیشاندانی چالاکانی کورد دژی حکومەتی تورکیا و ناڕەزایەتییەکانی قورئان سوتێنەر لە سوید، پڕۆسەکەی خاوكرده‌وه‌. دواتر رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی لەنێوان هه‌ریه‌ك له‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆکكۆماری توركیا؛ ساولی نینیستۆ، سه‌رۆکكۆماری فینلاند؛ ماگدالینا ئاندەرسۆن سه‌رۆكوه‌زیرانی ئەو کاتی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ، بەڵام بە مەرجی جێبەجێکردنی ژمارەیەک داواکاری هەبوو لەسەر ئەو وڵاتە. لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا و تەواوکردنی ڕێوشوێنە فەرمییەکان سوید دەبێتە 32ـەمین وڵات لەنێو هاوپەیمانیی ناتۆ کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەروەها هەنگاریا دەبێتە تاکە وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە هێشتا پاڵپشتیی سوێد ناکات بۆ بوونە ئەندام.  بڕیارەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بە زوویی بڵاوی بکەنەوە. 

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی له‌ناو لیستی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمدا نییه‌، ده‌شڵێت، "ناوه‌ ناوه‌ وروژاندنی بابه‌تی تازه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ ئێمه‌ به‌ گێچه‌ڵی ده‌زانین و بۆ ته‌گه‌ره‌ خستنه‌ به‌رده‌م پێدانی موچه‌یه‌ كه‌ مافی ره‌وا و ساده‌ی موچه‌خۆرانی كوردستانه‌".  وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ئه‌مشه‌و له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "‎له‌ماوه‌ی رابردو تیمی هاوبه‌شی دیوانی چاودێری دارایی حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی مانگێك له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی وردبینیبون له‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌مه‌یدانی سه‌ردانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانییان كردوه‌".  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، له‌لایه‌ن ئەوانەوە "هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی له‌ناو لیستی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمدا نییه‌ و ناوه‌ ناوه‌ وروژاندنی بابه‌تی تازه‌ به‌ جۆرێك له‌ گێچه‌ڵ ده‌زانین بۆ ته‌گه‌ره‌ خستنه‌ به‌رده‌م پێدانی موچه‌ كه‌ مافی ڕه‌واو ساده‌ی خه‌ڵكه‌". دەقی روونكردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبارەی لیستی مووچە: ڕوونكردنەوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە ‎لەماوەی ڕابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان کردووە. ‎لەلایە ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییەو ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی موچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە. ‎ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە ڕابردوو وامان كردووە،بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین. ‎لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە میدییاكان نیشتیمانییانەو پیشەییانە ڕووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە! ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/١/٢٣

هاوڵاتی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگه‌یاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ئامه‌د، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای سەدیە دەمیرتاش-ی دایكی ناوبر كه‌ ته‌ندروستی تێكچوه‌ و له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە  لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەناوی سەدیە دەمیرتاش بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە، هەڤاڵمان سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر داوای دایکی برایە دیاربەکر و سەردانی دایکی کرد، دوعاکانمان لای دایکمان سدیه‌یە، ئاواتمان ئەوەیە کە بە زوترین کات چاكببێته‌وه‌". سەدیە دەمیرتاش دایکی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی دیاربەکر لەژێر چاودێریدایە و دوای تێکچونی تەندروستی داوای بینی کوڕەکەی کردووە کە لە زیندانی ئەدیرنه‌دا دەستگیرکراوە. هاوکات میدیاكانی توركیا دەڵێن، له‌كاتی گواستنه‌وه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش بۆ نه‌خۆشخانه‌ رێوشوێنی ئه‌منی توند گیراوه‌ته‌به‌ر و بڕیاریشه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌میرتاش بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ زیندان.