هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەمە 23ی كانونی دووەمی 2024، رۆژنامە ئیسرائیلییەكان وردەكاری تەقینەوەكەی دوێنێی ناوچەی مەغازی ناوەڕاستی غەزەیان خستەڕوو كە لە ئەنجامدا 21 ئەفسەرو سەربازی ئیسرائیلی تێدا كوژران. لە وردەكارییەكەدا هاتووە"دوابەدوای ئەوەی سەربازە یەدەكەكانی لیوای 261ی سوپای ئیسرائیل چوونەتە ناو ناوچەی مەغازی لە ناوەڕاستی غەزە، لەسەر داوای سوپا لەگەڵ یەكەی ئەندازیاری دەستییانكردووە بەبۆمبڕێژكردنی 10 بینا بەمەستی تەقاندنەوەیان، بەڵام پێش تەواوبوون لە ئەركەكەیان، چەكدارەكانی حەماس دووگولە ئاربیجیان ئاڕاستەكردوون". میدیا ئسرائیلییەكان ئەوەشیان بڵاوكردوەتەوە "گولەی یەكەم بەر تانكێكی جۆری میركافا كەوتووەو لە ئەنجامدا دوو سەرباز بریندار بوون، گولەی دووەمیش ئاڕاستەی بینایەكی بۆمبڕێژكراو كراوەو لە ئەنجامی كارابوونەوەی تەقەمەنییە چێنراوەكانی ناو بیناكە، دوو بینا بەسەر سەربازەكاندا رووخاوە". دوابەدوای داڕووخانی دوو بیناكەش، یەكەی فریاكەوتنی 669 بە درێژایی شەوی رابردوو خەریكی گەڕان بوون بەدوای تەرمی سەربازە كوژراوەكاندا. دوای روداوەكەش، وتەبێژی سووپای ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند"ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی سوپای ئیسرائیل، هەر لەسەرەتای دەستپێكی جەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا گەیشتۆتە 200 سەرباز و 2665 سەربازی دیكەش بریندار بوون". لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە"لەبارەی رووداوەكەوە سوپا دەستی بەلێكۆڵینەوەیەكی ورد كردووە". ئەوەشی نوسیوە "وڵاتەكەی تا كۆتایی هێنان بەبزووتنەوەی حەماس بەردەوامی بەجەنگەكە دەدات". جێی ئاماژەیە دوابەدوای هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی2023، سوپای ئیسرائیلی هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر كەرتی غەزەی مۆڵگەی سەرەكی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی دەستپێكردووەو بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستینی لە غەزە، زیاتر لە 25 هەزار هاوڵاتی كوژراون و بەهەزارانی دیكەش بریندار بوون".
هاوڵاتی بەبڕوای چاودێرانی توركیا، ڕەنگە هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و پاكستان، ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و توركیا زیاتر بكەنەوە. هەر لەسەر ئەم تەوەرەش كەناڵی )هەواڵی تورك( لە بۆلتونی بەیانی خۆی ئەم پرسیارەی كردووە "كە ئایا ئێران هەوڵی بەرپاكردنی جەنگێكی ناوچەیی دەدات؟". نەوزەت چیچیكی سەرنوسەری سایتی هەواڵی توركیای سەربەخۆ كە بەشداری بەرنامەكەی كردبوو وتی " ئێران بە ئەنقەست هێرش دەكاتە سەر وڵاتە دراوسێكانی تا بەوجۆرە ئاڵوزییەكانی ناوچەكە زیاتر بكات و لەڕێگەی وڵاتە دراوسێكانییەوە ناوچەكە بسووتێنێت". بە بڕوای چیچك هێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران هەمووی لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا بو ، چونكە بەوجۆرە سەرنجی جیهان لەسەر بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە لادەبات. هەر لە بەرنامەی كەناڵەكەدا، چتینەر چتینی شیكاری كەناڵی هەواڵی توركیا وتی" ماوەیەكی زۆرە ئێران بۆتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ سەر توركیا". چتین ترسی خۆیشی لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نەشاردەوەو وتی "ئەگەر ئێرانییەكان چەكی ئەتۆمی بەدەست بهێنن، ئەوا دەبنە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ ناوچەكەو توركیا، ڕاستە ئێرانییەكان دراوسێمانن، بەڵام بەهاوبەشێكی ستراتیژی و هاوسێیەكی باش ئەژمار ناكرێن". لەلایەن خۆیەوە زەینەب گورجانلی ستوون نووسی رۆژنامەی (ئەكونومیم)كە زیاتر گرنگی بە بابەتە ئابوورییەكان دەدات ، لە نوسینێكیدا ئەوەی خستوەتەڕوو "لەڕاستیدا هێرشەكانی ئێران پەیامێكە بۆ توركیا". گورجانلی لە نووسینەكەیدا باسی لەوەشكردووە كە ئەنكەرە و تاران هەریەكەیان بەجیا پشتیوانی لە هێزە ناكۆكەكانی كوردستانی عێراق دەكەن و نوسیوێتی" توركیا پەیوەندییەكی نزیك و باسی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە لە هەولێرو ئێرانیش پشتیوانیكی تەاوی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا". ناوبراو ئەوەشی نووسیوە "ساڵانیكە توركیا، یەكێتی نیشتمانی بەپشتیوانیكردنی پەكەكە تۆمەتبار دەكات". هەروەها گورجانلی باسی لە بەئامانجگرتنی بازرگانەكانی هەرێمی كوردستانیشی لەلایەن ئێرانەوە كردووەو نووسیوێتی"لەماوەكانی پێشوودا ئێران چەندینجار ئەو بازرگانە كوردانەی كوردستانی عیراقی كە لەگەڵ توركیادا ئاڵۆگۆڕی بازرگانیان هەبووو بەئامانج گرتووە". ئەوەشی خستۆتەڕوو "هێرشەكانی ئەم دواییەی تاران بۆ سەر هەولێر و ئیدلیبی سوریا، كۆمەڵە پەیامێكی تایبەتی بۆ توركیا هەڵگرتبوو".
هاوڵاتی هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا جەنگێكی راستەخۆ لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەناو عێراق رووبدات. ئەحمەد شەریفی شیكاری ستراتیژی عیراقی هۆشداری لەهەڵگیرسانی جەنگێكی راستەخۆ لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەناو عێراق دەدات و رایگەیاند" عیراق چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە". هەروەها شەریفی لەبارەی باری ئەمنی و ئاسایشی وڵاتەوە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی مەدا، ئەوەشی خستۆتەڕوو "هەموو ئاماژەكان ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكەن كە لە قۆناغەكانی داهاتوودا ئاسایشی ووڵات رووبەڕووی مەترسییەكی راستەقینە دەبێتەوەو جەنگی راستەخۆی نێوان هاوپەیمانەكانی ئێران و هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق بە دوور نییەو رەنگە تووندتر لە ماوەكانی پێشوودا ئەو جەنگە رووبدات". ئەوەشی وتوە "رەنگە هێزەكانی ئەمریكا چەند چالاكییەكی تایبەت لەناو خاكی عیراقدا ئەنجام بدەن و سیستمی فەرماندەیی و كۆنترۆڵی هێزە نزیكەكانی سەر بە ئێران بكەنە ئامانج". "لە ئێستادا ئەمریكاو ئێران لەناوخۆی عیراق دەستییانكردووە بە تۆڵەكردنەوە لە یەكتری و ئەگەر بێتوو حكومەتی عیراق و دامەزراوەكانی بێلایەنی خۆیان نەپارێزن، ئەوا عیراق دەبێتە چەقێكی هەڕەشە ئامێز بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهانی ". ئەحمەد شەریفی وا دەڵێت. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە "ئەگەر بێتو ئەو جەنگە راستەوخۆیە رووبدات، ئەوا دەبێتە مەترسییەكی گەورە بۆ هەڵگیرساندنی جەندگێكی هەرێمایەتی و دەبێتە هەڕەشەو قورساییەكی راستەقینە بۆ سەر باری ئاسایش و سەربازی و ئابووری ووڵات". لەلای خۆیەوە جنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق رایگەیاند "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جەنگی غەزەو كردەوە سەربازییەكانی دیكەی ناوچەكە هەڕەشەیەكی راستەقینەن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورە لە ناوچەكەدا، لەم نێوانەشدا بە دوور نییە كە عیراقیش بخزێتە ناو ئەو كێشەو ناكۆكییانە". وتیشی "سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە زیاتربوونی ئاڵنگاری و هێرشەكان، بەڵام هێشتا هێرشەكان لە سنوورەكانی عیراق و دەرەوەی بەردەوامن و بوونەتە هەڕەشەیەك بۆ سەر باری ئارامی عیراق و ئەو دەسكەوتانەی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستهاتوون". شایەنی باسە هێرشی باڵ و گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران لە ماوەكانی رابردوودا بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمریكا لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق بە شێوەیەكی بەر چاو زیادیكردووەو بەوتەی چاودێرە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكانی ووڵات دوا بە دوای شكستە یەك لە دوای یەكەكانی ئێران لە لوبنان و سوریا و یەمەن و كوژرانی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بەمەبەستی دوورخستنەوەی پریشكی ئاگرەكە لەخۆی، هەوڵی بەرفراوانكردنی جەنگەكە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند وڵاتێكی وەك عیراق و سوریا و لوبنان و یەمەنی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لیستی مووچەی مانگی یەك لەگەنجینەكانی هەرێم و سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەكات و بۆ مانگەكانی داهاتووش دەبێت پێش هەموو 5ی مانگێك لیستەكە ئامادە بكرێت. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەڕێی دوو نووسراوەوە كە یەكێكیان بۆ سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) و ئەوی تریان بۆ گەنجیەكانی ناردوە داوایان لێدەكات لیستی مووچەو جۆری دەرماڵەكان، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەتی فەرمانبەران بە وردبینی و پەسەندكراوی وەزارەتەكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەت بەزووترین كات بۆ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2024 رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەیان بكرێت بەمەبەستی خەرجكرنی مووچە. هەر بەپێی نوسراوەكە، دارایی داواش دەكات مانگانە پێش هەموو پێنجی مانگێك لیستی مووچە بگاتە دەستیان بۆ كاری پێویست. وەزارەتی دارایی عێراقیش رۆژی 16ی كانوونی دووەمی 2024، بەنوسراوێك كە ئاڕاستەی سەرجەم دامەزراوەكانی عێراقی كردوە، داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان لێدەكات، نووسراوەكە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی تێدایەو دەبێت لیستەكە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران و سەرجەم دەرماڵەكان و پارەی لێبڕینی خانەنشینی تێدابێت لە دوای وردبینیكردنی لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتی یان بەشی ژمێریاریی وەزارەتەكان، بۆ ئەوەی لە خەرجیی مانگانەی پارەكانیان پشتی پێ ببەسترێت.
هاوڵاتی لە تازەترین هێرشیاندا بۆ سەر چەكدارەكانی گروپی حوسی لە یەمەن، هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بە پشتیوانی هەر یەك لە كەنەدا و بەحرەین و ئوستورالیا و هۆڵەندا بنكەو بارەگاكانی ئەو چەكدارانەیان مووشەك باران كرد. لە بارەی هێرشەكەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند" لە هێرشەكەدا كە ئێوارەی دوێنێ 22ی كانونی دووەمی 2024 ئەنجامدراوە، 8 بنكەو جبەخانەی چەكدارەكانی حوسی كە یەكێكیان لە حەشارگەیەكی ژێرزەمینیدا بووەو جگە لەمانەش چەند سیستمێكی بەهێزی مووشەكی و چاودێری كە لە پەلامارەكانیاندا بۆ سەر پاپۆڕە بازرگانییەكانی ناو دەریای سوور سوودییان لێدەبینی كراونەتە ئامانج". لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێكی باڵای ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەو مەرجەی كە ناوی ئاشكرا نەكرێت، ئەوەی ئاشكرا كرد "لە هێرشەكاندا نزیكەی 25 بۆ 30 بۆمب لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیاوە نراون بە بنكەو بارەگا گرنگەكانی گروپی حوسییەكانەوە". هەروەها بەرپرسە باڵاكەی ناو پنتاگۆن ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە جگە لە فڕۆكە، لەلایەن ژێردەریاییەكانەوە بەمووشەكی تۆماهۆك هێرش كراوەتە سەر چەند جبەخانەیەكی گرنگی ئەو گروپەو ئەو جبەخانانەی كە بە ئامانج كراون سیستمی مووشەكی و درۆنییان تێدا بووە" . لەبارەی چاندنی مینی دەریاییش لەلایەن حوسییەكانەوە، بەرپرسە باڵاكە وتی"هێزەكانمان بە وردی چاودێری دەكەن و تا ئێستا هیچ مەترسییەكییان بەدی نەكردووە". جێی ئاماژەیە لە 19ی نۆڤەمبەری رابردووەوە تا ئێستا حوسییەكان بەمووشەكی بالستی جۆراوجۆر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو پەلاماری 33 پاپۆری بازرگانیان لە دەریای سوور داوە.
هاوڵاتی بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەهاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند لەئەمڕۆوە لەسلێمانی كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی دەكەونە كارو لەشەقامی مەلیك مەحمودیش كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە تا 69 تۆمار ناكرێت. رائید فەرهاد گرون بەرپرسی هۆبەی كامێراكانی چاودێری خێرایی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند " سەرجەم كامێراكان لەناو سلێمانی و شەقامی راپەڕین بۆ تاسڵوجە هەفتەیەك وەك تێست تاقیكراونەتەوە تا شۆفێران ئاگادار بكرێنەوە بۆ خستنەكاریان". وتیشی: لەشەقانی بازنەی مەلیك مەحمود كە رێگەپێدان بۆ خێرایی هاتووچۆ 60 كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا لەكاتی خێرایی شۆفێراندا تا 69 تۆمار ناكرێت، بەڵام كە خێراییەكەی گەیشتە 70 كامێراكان تۆماری دەكەن". ئەوەشی خستەڕوو "سەرجەم ئەو كامێرایانەی ئەمڕۆ دەست بەتۆماركردنی سەرپێچی دەكەن بەسیستەمی (پۆینت توو پۆینت) كار ناكەن". بەپێی بڕیارەكەی هاتووچۆی سلێمانی لە كاتژمێر 10ی بەیانییەوە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی سەرپێچی شۆفێران، لەشاری سلێمانی كە ژمارەیان 23 كامێرایەو لەشەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و شەقامی سلێمانی- تاسڵوجەو چەند شەقامێكی تر جێگیركراون دەكەونەكار.
هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند سزادانی كۆمپانیای فلای بەغدا سوربونی ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران و تۆڕەكەی لە عێراق پیشاندەدات. ئەمڕۆ دوو شەمە 22ی كانونوی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەتۆمەتی هاوكاری و پشتیوانیكردنی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران و هاوبەشەكانی لەناوچەكەدا سزای بەسەر كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراقی (فـــلای بەغداد)و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەدا سەپاند. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا "كۆمپانیاكە لەگەشتەكانیدا چەك و تەقەمەنی و چەكداری گروپەكانی نزیك لەئێرانی بۆ سوریا و لوبنان و عێراق گواستووەتەوە". دوای راگەیەنراوەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە "دانانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراق فلای بەغداو سێ ئەندامی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلیستی ئەو لایەنانەی پاڵپشتی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپەكانی سەر بەو سوپایە دەكەن لە عێراق و سوریا، سوربوونی ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سوپای پاسداران و تۆڕەكەی لە عێراق پیشان دەدات". باڵیۆزی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو "بەكارهێنانی كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی عێراقی بۆ گواستنەوەی چەك، چەكدارو دۆلاری ئەمریكی، پێشێڵكارییەكی ئاشكرای سەروەریی عێراقە".
هاوڵاتی دادگای سەربازی سوپای عێراق لەسەر گرتەیەكی ڤیدیۆی سزای زیندانيكردن و دەركردنی بۆ چوار ئەفسەری پلە باڵای سوپا دەركرد. بەپێی ئەو بەڵگەنامەی بڵاوبووەتەوە، دادگای سەربازی یەك كە لەلایەن عەمیدی مافپەروەر سەلاحەدین جەمال ئەحمەد، سەرۆكی دادگای سەربازی یەكەوە دەرچووەو تایبەتە بە رووداوی لێدانی ئەفسەرێك بە پلەی موقەدەم لە ئەفسەرێكی هاوكاری بە پلەی عەقید، دادگاكە چوار بڕیاری بۆ چوار ئەفسەر دەركرد كە دووانیان ئەوانەن كە لەگرتە ڤیدیۆیەكەدا دەركەوتن. هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگاكە، چوار ئەفسەرەكە پێكهاتون لەهەریەك لە (موقەدەم موحسین عەلی عەبدوڵڵا حەمەد نعێمی، عەمید كامل تەرخان عەلوان ناسر دلێمی، موقەدەم هەیسەم هانی محەممەد عەبدوڵڵا موسڵی، عەقید لەیس جەمیل حەمید عەلی شەمەری) كە سەرجەمیان لە فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەكانی كەرخن. سەرەتایی ئەم هەفتەیە گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوبووەوە، تێیدا ئەفسەرێك بە پلەی موقەدەم چەند زللەیەك لە ئەفسەرێكی دیكە كە پلەی عەقیدی هەیە دەدات و سوكایەتی پێدەكات، وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، رووداوەكە لە مێژووی 103 ساڵەی سوپای عێراق ناوەشێتەوەو ئەنجومەنێكی لێكۆڵینەوەی بۆ دروستكرد.
هاوڵاتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بەتۆمەتی هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی ئێران سزای بەسەر كۆمپانیای فلای بەغدادو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەو پەرلەمانتارێكی عێرقدا سەپاند. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر كۆمپانیای فڕۆكەوانی عێراقی (فـــلای بەغداد)و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەدا بەتۆمەتی هاوكاری و پشتیوانیكردنی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران و هاوبەشەكانی لەناوچەكەدا سەپاند. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا "كۆمپانیاكە لەگەشتەكانیدا چەك و تەقەمەنی و چەكداری گروپەكانی نزیك لەئێرانی بۆ سوریا و لوبنان و عێراق گواستووەتەوە". هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پەرلەمانتار حسێن موئنیس بەهۆی پلاندانان بۆ رفاندن و تیرۆركردنی هاوڵاتیانی عێراق ناوی چوەتە لیستی سزاكانەوە.
هاوڵاتی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە تەقەیان لەسێ كۆڵبەر كردو یەكێكیان گیانی لەدەستداوەو دوانەكەی دیكەش بریندار بوون. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2024، بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لەسنوری تەوێڵە، كۆڵبەرێكی تەمەن 40 ساڵان بەناوی هوشیار مەحمودی خەڵكی ئاوایی شمشێری پاوە گیانی لە دەستدا و دوو كۆڵبەری دیكەش بریندار بوون. بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی هەنگاو بڵاویكردۆتەوە"ئەو كۆڵبەرە فیشەك بەر سەری كەوتوەو راستەوخۆ گیانی لەدەستداوەو دوو كۆڵبەری دیكەش كە ناسنامەی یەكێكیان ئاشكرا كراوە بە ناوی رزگار فەرەجی بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسكردن بۆ نەخۆشخانەی شاری نەوسوو گواستراونەتەوە". كوژرانی ئەم كۆڵبەرانە دوای ئەوە هات، كە دوێنێ یەكشەمە 21ی كانونوی دووەمی 2024، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سنووری تەوێڵە سوكایەتیان بە هەشت كۆڵبەر كردوەو سەریان تاشیون و ئەشكەنجەیان دابوون.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە دوو بڕیاری لەبارەی سزای گرێبەستە ئەلکترۆنییەکان و سەرپێچی هاتوچۆی شۆفێران دەرکرد و ڕایگەیاند، بۆ بەرژەوەندی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی كەم دەرامەتی و بێئاگایی لە رێنماییە یاساییەكان، سزا دراون، سزای گرێبەستە ئەلیكترۆنییەكان هەڵگیرا. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢/١/٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆ دوو بڕیاری نوێی لەبارەی سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی و سەرپێچی هاتووچۆی شۆفێران دەرکرد : بڕیاری یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە رێکخراوە بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی 2021 و هەموارەکانی. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم لێخۆشبوونە، هەموو ئەو شۆفێرانە دەگرێتەوە کە تاوەکو 31-12-2023 سزای داراییان هاتووەتەسەر بەهۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بەهۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێ ئاگایی لە رێنماییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە، "پێویستە لەمەو بەدوا هاووڵاتییان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدووربن". بڕیاری دووەم: راگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاری ژمارە 25582 لە 10-09-2023 کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (20) لە یاسای هاتووچۆ ژمارە (86)ـی ساڵی 2004 لە دوای 28-02-2024. ئەمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لەکاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتووچۆ. ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە: لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە: یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن. دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ. داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ
هاوڵاتی "رۆن دیسانتیس" ی حاکمی فلۆریدا ، کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا راگەیاند و پشتگیری خۆیشی بۆ دۆنالد ترەمپ ئاشکرا کرد. ئەم خۆکشانەوەیەی دیسانتێس لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو سبەینێ سێشەمە ،لە "نیو هامبشیر" ئەمریکی بە مەبەستی دیاری کردنی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا روبەروی ترەمپ ببێتەوە. هەرچەندە لە رابردوودا هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچوون کە "دیسانتێس" کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکان بێت بەڵام لە هەنگاوێکی چاوەرواننەکراودا رۆژی یەکشەمە رایگەیاند ، کە هیچ بەرنامەیەکی ڕوونی بۆ سەرکەوتن پێ نییە و هەر لەبەر ئەمەش لە خۆ کاندیدکردن دەکشێتەوە. لەلایەن خۆیەوە نیکی هیلی ، تاکە رکابەری کۆماری ترەمپ رایگەیاند ،کە تەنها ئەمە دەتوانێت بەسەر جۆ بایدن ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەربکەوێت. وا بریارە سبەینێ سێشەمە 23/1/2024 "هیلی" و "ترەمپ" لە نیوهامشیر ی ئەمریکا بۆ جاری دووەم لە سەر ئاستی ویلایەتەکان بە مەبەستی دیاری کردنی کاندیدێکی کۆماری لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا رووبەرووی یەک ببنەوە.
هاوڵاتی لەناو بازاڕى نیشتیمانى شارى هەولێر بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقە رویداوە و بەهۆیەوە فەرمانبەرێكی كۆمپانیای (دیناری عێراقی) بە سەختی برینداربووە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناو بازاڕی هەولێر شەڕە تەقە ڕیداو لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی دیدار کە فەرمانبەر بووە لە کۆمپانیای "دیناری عێراقی" لە شاری هەولێر، کە کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن بەسەختی برینداربوو هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری هێرشەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوانەی تەقەیان کردووە دوو کەس بوون و لە ئێستادا ئەو کەسەی بریندار بووە لە ناخۆشخانە لەژێر چاودێری چڕدایە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، خاوەنی سێ منداڵە و دانیشتوانی گەڕەکی گەلاوێژە. هەروەها لەدوای رووداوەکەوە تۆمەتبارەکە رایکردووە و لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵای لوبنانی بە ئاژانسی "فرانس پێرس"ی راگەیاند ، کە لە بوردومانەکەی ڕۆژی یەکشەمە 21/1/2024 ی ئیسرائیل ئەندامێکی ئەو حزبە کوژراوە و ئامانج لە هێرشەکە کوشتنی بەرپرسێکیان بووە. هەر سەبارەت بەم رووداوە سەرچاوەیەکی ئەمنی کە رازی نەبووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند : کە ئامانجی سەرەکی بوردومانەکە کوشتنی بەرپرسێکی باڵای حزبوڵا بووە ، بەڵام بەرنەکەوتووە و رزگاری بووە. هەرەوەها سەرچاوە ئەمنییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بوردومانەکە ئۆتۆمبێلی یەکەمی پاسەوانەکانی بەرپرسەکەی بە ئامانج گرتووە و لە ئەنجامیشدا پاسەوانێک کوژراوە، بەڵام بەرپرسەکەی حزبوڵا و سێ کەسی دیکە کە لەناو ئۆتۆمبیلی دووەمدا بوون لە هێرشەکە رزگاریان بووە و بەرنەکەوتوون. جێی باسە دوێنێ یەکشەمە 21/1/2024، هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل لە رێگەی فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە ، ئۆتۆمبیلێکیان لە نزیک خاڵی پشکنینی سوپای لوبنانی لە باشووری لوبنان بە ئامانج گرت و تیمەکانی فریاکەوتن بە پەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
هاوڵاتی خشتەى کارى نوێى کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایەنێت و کۆمسیۆنیش دوو وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، خشتەى کارى نوێى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان مانگێک بۆ 45 رۆژ دەخایێنێت کە ئێستا لە بەردەستى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندایە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 19 بۆ 30ی ئایارى وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشنیار کردووە. یەکێک لە گرنگترین ئامادەکارییەکان کە دەبێت ئەنجام بدرێت لەو خشتە نوێیەى کارى کۆمیسیۆندا بریتییە لە پێشکەشکردنى ناوى کاندیدان و دواتر چاپکردنى فۆڕمى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. پێشتریش بە گوێرەى خشتەى کارى پێشووى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبوو تاوەکو 4ی کانوونى یەکەمى 2023 ناوى کاندیدان رادەست بکرێت بۆ وردبینیکردنیان و لە 7ی هەمان مانگیشدا بە تیروپشک ژمارەى لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمانى کوردستان بکرایە، تاوەکو 12ی کانوونى یەکەمى 2023، فۆڕمى دەنگدان دروست بکرایە بەڵام بە پاساوى سەرقاڵى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق و نەبوونى پارەى پێویست کۆمیسیۆن ئەو هەنگاوانەى نەناوە. هاوکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ دواکەوتنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى ئەنجامى ئەو سکاڵایەیە کە لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکەش بە دادگاى باڵاى فیدراڵى کراوە کە 21ی کانوونى دووەم دانیشتنێکى دیکەى لەسەر کرد و دواى خست بۆ 4ی شوباتى 2023.
