هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند کە بازرگانییان بە جەستەی مرۆڤەوە کردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە دەست هێزەكانی پۆلیس كە سێ تۆمەتبار بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەوە دەكەن، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردوو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن". پۆلیسی سلیمانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لەئێستادا ئەو تۆمەتبارانەى دەستگیر کراون کە دوو پیاو و ژنێکن بە ناوەکانى (ت، م، ج / م، ب، ك / س، ك، ش ).بە ناسنامە عەرەب، بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (٢) لەیاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤەوە ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".
هاوڵاتی ئەبو حسێن حەمداوی ئەمینداری گشتی لیواکانی حزبوڵای عێراق رایگەیاند،لەپێناو شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراق ، بەردەوام دەبن لە پاراستنی مافی فەڵەستینییەکانی غەزە بە رێگای دیکە، بڕیاریان داوە سەرجەم هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە رابگرن. کەتایبی حیزبوڵڵا دەڵێت، لەمەودوا و تا کاتێکی نادیار، تەنیا ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان دەست دەکەنەوە و وەڵام دەدەنەوە. ڕاگەیەندراوەکەی حیزبوڵآ دوای ئەوە دێت جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەوانان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە واشنتن رایگەیاند، بڕیاری پێویستم لە بارەی شێواز و چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئوردن دا، بەڵام پێویست بە شەڕی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناكات و وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكاش رایگەیاند: دەكرێت وەڵامدانەی هێرشەكەی سەر سەربازەكانمان لە ئوردن بەچەند قۆناغێك بێت. لەبارەی تێوەگلانی ئێران لە هێرشەکانیش وەک ئەمریکا ئاماژەی پێدەکات لە ڕاگەیەندراوەکەیدا حیزبوڵا دەڵێت،"کۆماری ئیسلامی ئاگاداری چۆنیەتی هێرشەکانیان نین و زۆرجار روبەروی فشار دەبونەوە و تۆمەتبار دەکران بە فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان". لە راگەیەنراوی ئەبو حسێن حەمداوی باس لەوەشکراوە، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە خەڵکی غەززە بە رێگای جیاواز، شەڕکەرەکانی حزبوڵاش رادەسپێرێن کە بەرگری سادە لە خۆیان بکەن، ئەگەر هاتو ئەمریکییەکان تەنگیان پێ هەڵچنین.
هاوڵاتی لقی سلێمانی سهندیكای كارمهندانی تهندروستی ئاشكرایكرد كه تا سهرهتای ههفتهی داهاتوو بهردهوام دهبن له کارکردن و گەر شایستە داراییەکانیان دابەشنەکرێت توانای بهرگهگرتنیان نامێنێت و بایكۆت دهستپێدهكهن. سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لقی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە، ئاشکرایە قەیرانی دارایی بە گشتی تەنگی بە هەموان هەڵچنیەوە و بە ئەستەم دەتوانرێت بەردەوام ببدرێت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، دواکەوتنی موچە و پێنەدانی سێ مانگی دیکە لە موچەی ساڵی 2023 هێندەی تر ژیان و گوزەرانی کارمەندانی تەندروستی قورستر کردوە. ئەوەشخراوەتەڕو، لە کاتێکدا زۆربەی نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان چەند شار و شارۆچکەیەکی دەوروبەر بایکۆتیان کردوە و نەخۆشەکانیان رو لە شاری سلێمانی دەکەن، هێندەی تر ئەرکی سەر شانی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی قورستر بوە، زیاتر لە 40 رۆژە زۆربەی پزیشکەکان دەوامیان جێهێشتوە. كارمهندانی تهندروستی ئاماژەبەوەشدەکەن کە هێشتا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی هیچ پێزانینێکیان نییە بۆ رۆڵی گرنگی کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران و چینی و توێژەکانی دیکە ، و وەک خۆیان تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتو بەردەوام دەبن لە خزمەتی نەخۆش و هاوڵاتیان، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە و ناچار دەبن سێکتەری تەندروستی بەجێبهێڵن.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند بڕیارمان داوه چۆن وهڵامی هێرشی گرووپه چهكدارهكان بدهینەوە بۆ سەر بنکەکانمان لە ئوردن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا ئاشكرایكرد،وەڵامدانەوەکە بەچەند قۆناغێك دەبێت. چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە چ شێوەیەک وەڵامی هێرشەکانی سەر هێزەکانیان بدەنەوە. وتیشی، "نامانەوێت شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکەین". هەر لەم بارەیەشەوە جۆن كێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریكا رایگەیاند: دەكرێت وەڵامدانەی هێرشەكەی سەر سەربازەكانمان لە ئوردن بەچەند قۆناغێك بێت. لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە دوای ئەوەهات 28ی ئهم مانگه لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی کە کرایە سەر بنکەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی ئوردن سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربون دوای هێرشهکەش، گروپێکی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بنکەکەی ئەمریکای لە ئەستۆ گرت. هاوکات لە ئێستادا ژمارەیەک سیناتۆری کۆمارییەکان له ئهنجومهنی پیرانی ئهمریكا داوای "هێرشی راستهوخۆی وڵاتهكهیان بۆسهر ئێران" له جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمریكا كردوه و فشارێکی زۆر بۆسەر ئیدارەکەی بایدن دروست بووە بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمریکا.
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕەتیکردەوە کە مامۆستایان، لیستیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دەنگۆیانە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان. لە ڕونکردنەوەکەی مامۆستایاندا هاتووە کە " بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن بەناوی لیستی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە هەواڵێکی چەواشەکارانەو سیناریۆیەکی ناشیرینە دژ بە خەبات و داوا ڕەواکانی مامۆستایان." ئاماژە بەوەشکراوەکە ،هەرکەس و گروپێک بەناوی مامۆستایانەوە لیست بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەوە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان و ئێمە دژی دەوەستینەوە". ڕونکردنەوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە کە ، لەم چەند ڕۆژەدا دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستیان دەبێت، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن فەرمانبەران و مامۆستا هیچ ئاگاداری ئەم قسانە نین وبە هێرشکردنە سەر خەباتی مەدەنی مووچەخۆران سێریدەکەن. مامۆستایانی سنوری سلێمانی و دەوروبەری زیاتر لە چوار مانگە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووەو ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەی ئە فەرمانگانەی بایکۆتی دەوام دەکەن ڕوولە زیاد بوونە ئەمەشدوای ئەوەی زیاتر لە ٤٧ ڕۆژ بەسەر کۆتا مووچەدا تێپەڕیوە کە وەرگیراوە و وەزارەتی دارایش دەڵێت چاوەڕێی ٦١٨ ملیارەکەین لە لایەن بەغداوە بۆمان بنێردرێت بۆ دابەشکردنی، جگە لەوەی چارەنوسی مووچەکانی مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ ی ساڵی پار بە نادیاری ماوەتەوە و لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە قەرز لەسەر حکومەتی عێراق هەژمارکراوە. دەقی ڕونکردنەوەکە: ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە سەبارەت بەدەنگۆی دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن! مامۆستایان کە ئێستا ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەو شەقامی کوردی دەکەن، خەبات و شۆڕشە سپییەکەیان بووەتە جێگەی تێڕامانی هەموان و هەراسانکردنی دەسەڵات و هەم بوونەتە جێی ئومێدو متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. سەرباری فشارو هەڕەشەی جۆراو جۆر، بۆ کۆتایهێنان بە خەباتی ڕەواو شۆڕشی مامۆستایان بە هۆنینەوەی سیناریۆی جیاواز، دەسەڵاتی کوردی بەردەوام هەوڵیداوە درزو بۆشایی لە نێوان مامۆستایاندا بسازێنێ و ڕیزی مامۆستایان پەرت بکات. دواهەمین سیناریۆی دەسەڵات دژ بە خەباتی مامۆستایان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دروستکردنی لیستە بۆ هەڵبژاردن بەناوی " لیستی مامۆستایان و فەرمانبەران"نەوە. ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، ئەو دەنگۆ و هەواڵە بەتەواوی ڕەتدەکەینەوەو بە هەموولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەوە هەواڵێکی چەواشەکارانەو سیناریۆیەکی ناشیرینە دژ بە خەبات و داوا ڕەواکانی مامۆستایان. هاوکات، ئەوەش ڕادەگەیەنین کە هەرکەس و گروپێک بەناوی مامۆستایانەوە لیست بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەوە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان و ئێمە دژی دەوەستینەوە. ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ۳۰ ــ ۱ ــ ۲۰۲٤
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا باس لە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێسمەرگە دەکەن و تێیدا هاتووە، لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ ساڵی داهاتو رێککەوتن کە پەیوەستە بە چاکسازییەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە. راگەیێندراوەکەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، 29-1-2024 بەرپرسانی باڵا لە حکومەتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی "لیژنەی جێبەجێکاریی ئاراستەکردنی پێشمەرگە"یان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجامدا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لیژنەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی پێشمەرگە کۆبوونەتەوە، هەروەها لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بۆ ساڵی داهاتو ڕێککەوتون بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوهى وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەى حكوومهتى ههرێمى كوردستاندا و "بنیاتنانی هێزێکی پیشەیی كه بتوانێت تێکشکاندنی یەکجارهكی داعش مسۆگهر بكات." دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی پێنتاگۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: رۆژی 29-1-2024 بەرپرسانی باڵا لە حکومەتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوونەوەی "لیژنەی جێبەجێکاریی ئاراستەکردنی پێشمەرگە"یان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەنجامدا. لیژنەکە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی تایبەت چاکسازییەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە، هەروەک چۆن لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە لە ئەیلوولی 2022 نوێکرایەوە. لیژنەکە چاوخشاندنەوەی بەو پێشکەوتنانە کرد کە بە ئاراستەی چاکسازیی پێشمەرگە کراون و رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ بۆ ساڵی داهاتوو، ئەوەش وەک بەشێک لە پابەندبوونی هاوبەشی ماوەدرێژ بە مەبەستی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە مەبەستی پێکهێنانی هێزێکی پیشەیی و کاریگەر بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش. وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشکەوتنی باشی لە بوارەکانی ئابووری و رێکخستنی پێکهاتەی هێز ئەنجامداوە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەش چاویان لە پێشکەوتنی بەردەوامی هەوڵەکانی چاکسازییە وەک ئەوەی لە یاداشتنامەکەی ساڵی 2002ی نێوان وەزارەتی بەرگری و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ خەڵکی عێراق دەبێت، لەوانەش خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش کاتێک خەریکی بنیاتنانی عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر و خاوەن سەروەرین.
هاوڵاتی بەمەبەستی سنورداركردن و هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاوڵاتیانەوە حكومەتی عێراق بڕی یەك ملیار دیناری بۆ كڕینەوەی چەك تەرخان كردوە. ئەمڕۆ سێشەممە، تیمی راگەیاندنی حکومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا لە هەنگاوی یەکەمدان بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە عێراقدا و تۆمارکردنی سەرجەم چەکەکان. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە بڕی یەک ملیار دینار بۆ هەموو فەرمانگەیەکی پۆلیس تەرخانکراوە بۆ کڕینەوەی چەکی بی مۆڵەت لە هاوڵاتیان. هەر لەم بارەیەوە، لیوا حەیدەر مەجید، لە تیمی راگەیاندنی حكومەتی عێراق رایگەیاند: هەڵمەتی سنورداركردن و رێكخستنەوی چەك بەسەرپەرشتی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و بەهاوكاری وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێكردوە كە مەبەست لێی قەتیسكردنی چەكە لە دەستی دەوڵەتدا. وتیشی: سنورداركردن و رێكخستنەوەی هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاوڵاتیانەوە، یەكێكە لە بەرنامەكانی حكومەت كە پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی چەكیان هەیە جۆی چەكەكە و خاوەندارێتیەكەی تۆمار بكەن و هەڵمەتەكە بەپێی یاسا و بڕیاری (24045ـی ساڵی 2024) حكومەتە . ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٢٤ـی ئەم مانگە رایگەیاند، لە رێگەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە یەک ملیار دیناریان بۆ هەر فەرماندەییەکی پۆلیس لە شارەکانی عێراق جگە لە هەرێم تەرخان کردووە بۆ کڕینەوەی چەکی بێ مۆڵەت لە هاوڵاتیان.
هاوڵاتی ئەنجومەنی فەرمانبەرانی ناڕازیی گەرمیان بایكۆتی گشتی رادەگەیەنن و داواش لەسەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان و مووچەخۆران و هاووڵاتیان و كاسبكاران دەكەن هاودەنگیان بن بۆ ئەوەی بەرەنگاری فشارو ستەمكارییەكانی دەسەڵات ببنەوە. ئەنجوومەنی فەرمانبەرانی ناڕازیی گەرمیان لەبارەی بایكۆتی گشتی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو رایانگەیاند "سبەینێ 31ی كانوونی دووەمی 2024، هەمووان شانبەشانی مامۆستایان لە شەقام دەبین". ئەنجومەنەكە، ئەوەشیان خستوەتەڕوو "لێرەوە مانگرتن و بایكۆتی گشتیی مەدەنی رادەگەیەنین و داواكارین لە تەواوی فەرمانبەران، مامۆستایان، مووچەخۆران، هاووڵاتیان و كاسبكاران، هاودەنگ و هاوڕێگاو پشتیوانمان بن، بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاری فشارو ستەمكارییەكانی دەسەڵات بوەستینەوە".
هاوڵاتی بورهان ناسر نەمراوی وەك ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاسایی خواردو كورسییە بەتاڵەكەی محەمەد حەلبوسی لەپەرلەمانی عێراق پڕكردەوە. بورهان نەمراوی لەناو لیستی هاوپەیمانی تەقەدم كە حەلبوسی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەو كاندیدە بووە كە زۆرترین دەنگی لە پارێزگای نەینەوا بەدەستهێنابوو، بەڵام سەرنەكەوتبوو بۆ پەرلەمان. رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2023، بەهۆی سكاڵایەكی پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا، بەمەش هەر كورسییەكەی حەلبوسی وەك پەرلەمانتار چۆڵ بوو، وەك سەرۆكی پەرلەمتانیش هەرچەندە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەكە كەوتە قۆناغی دووەم و بوونی سكاڵاش لەسەر ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دادگای فیدراڵی دەكات.
هاوڵاتی دادگای پاكستان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر عیمران خان، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری وڵاتەكەیدا سەپاندو تۆمەتباری كرد بەدزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی دەوڵەت. ئەمڕۆ سێ شەمە 30ی كانوونی دووەمی 2024، دادگای پاكستان سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەریەك لە عیمران خان، سەرۆك وەزیرانی پێشووترو شا مەحمود قوڕەشی، وەزیری پێشووتری دەرەوەی پاكستاندا سەپاند. ئەو دوو بەرپرسە لەسەر دزەپێكردنی بەڵگەنامە نهێنییەكانی دەوڵەت سزادران، بەتۆمەتی ئەوەی عیمران خان نامەیەكی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە واشنتۆن ئاشكراكردووە كە تیایدا باس لەوەكراوە واشنتۆن تێوەگلاوە لە دورخستنەوەی لە پۆستەكەی لەساڵی 2022دا. دوورخستنەوەی عیمران خان لە ژیانی سیاسی لە كاتێكدایە مانگی شوباتی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە پاكستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی شارەزایەكی بواری یاسایی عێراقی رایگەیاند فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ئەو نوێنەرایەتییانەی كە حكومەتی هەرێم هەیەتی لە دەرەوە نادەستوورین. ئەمیر دەعمی شارەزای یاسایی ناسراوی عێراقی، لە لێدوانێكیدا رایگەیاند "فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو نوێنەرایەتییانەی كە حكومەتی هەرێم هەیەتی لە دەرەوە نادەستوورین". ئەوەشی خستوەتەڕوو "ئەو نوێنەرایەتییانە لەدوای ساڵی 2003ەوە دامەزراون و حكومەتی فیدراڵی چاوپۆشی لێكردووە بەهۆی موجامەلەی سیاسییەوە". "لە مادەی 121ی دەستووری عێراق، بڕگەی چوارەم، مافی دامەزراندنی نوسینگە دەدات بەهەرێمەكان و پارێزگاكان تەنها لەناو باڵیۆزخانەكانی عێراقدا بۆ ئەوەی تەنها گرنگی بەكاروباری كلتووری بدەن". ئەمیر دەعمی وا دەڵێت. وتیشی "داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە بەپێی دەستووری عێراق مافی وەزارەتی دەرەوەی عێراقە، چونكە بوونی نوێنەرایەتی هەرێم لەهەندێك وڵاتدا لەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی فیدراڵیدا گونجاو نەبێت، حكومەتی عێراق لەوانەیە پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نەبێت كە نوێنەرایەتی هەرێمی تێدایە".
هاوڵاتی پارێزگای كەركوك لەنوسراوێكدا وادەی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای دیاریكردو لەڕێگەی ئیدارەی ئەنجومەنەكەشەوە داوای ئاگاداركردنەوەی ئەندامەكانی كردووە ئامادەی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بن. نوسینگەی پارێزگای كەركوك ئەمڕۆ سێشەممە، نووسراوێكی هاوپێچ لەگەڵ ناوی ئەندامە دەرچووەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاڕاستەی هەر یەك لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و بەشی كارگێڕی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كردووە، داوای لە سەرجەم ئەندامە دەرچووەكان كردووە، كاتژمێر 2ی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 1ی شوبات 2024 ئامادەی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بن. هاوكات، دوێنێ دووشەممە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك جگە لە راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سوێندی یاساییان خوارد.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەمە 30ی كانوونی دووەمی 2024، ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا رایانگەیاند هێزەكانی بەرگری ئاسمانی روسیا، توانیویانە 21 درونی ئۆكرانی لە ناوچە جیاجیاكانی روسیا بخەنە خوارەوە. هەرلەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند "سیستمی بەرگری ئاسمانی سەر بەسوپای روسیا، 21 درۆنی هێرشبەری كە لە ئۆكرانیاوە بەرەو ناوچەكانی روسیا هاویژرا بوون لەنیمچە دورگەی قرم و ناوچەكانی بلیغۆردو بریانسك و كالوغا و تۆلا بخەنە خوارەوە". لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا هاتووە "شەوی رابردوو هێزی بەرگری ئاسمانی روسیا توانی شكست بەهێرشێكی تیرۆریستی رژیمەكەی كێف لە دژی خاكی روسیا بهێنن" . لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیا وردەكاری زیاتری هێرشەكە خراوەتەڕوو تێیدا هاتووە "سیستمی بەرگری ئاسمانی توانیوێتی 11 درۆنی بۆمبرێژكراو لەسەر نیمچەدورگەی قرم و 4 درۆنی دیكە لەناوچەی بلیغۆردو 3 درۆن لە ناوچەی بریانسك و لە ناوچەكانی كالوغا و تۆلا، یەكی یەك درۆن بخەنە خوارەوە. جێی ئاماژەیە چەند مانگێكە ئۆكرانیا، بەمەبەستی بە ئامانج گرتنی ژێرخانی سەربازی روسیا هێرشەكانی بۆ سەر خاكی ئەو وڵاتە چڕكردۆتەوە تا بەو جۆرە فشاری هێرشەكانی روسیا بۆ سەر خۆی كەمتر بكاتەوە.
هاوڵاتی چارلز برادفۆرد كۆپەری فەرماندەی كەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریكا رایگەیاند مووشەك و درۆنە بۆمبڕێژكراوەكانی حوسییەكان لە ماوەی 75 چركەدا ئامانجەكانیان دەپێكن و هێزەكانی تەنها 9 بۆ 15 چركەیان لەبەردەمدایە بۆ خستنە خوارەوەیان. ئەم قسانەی كۆپەر لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێسی" ئەمریكیدا هات و ناوبراو جەختیشی لەوەكردەوە كە بەئامانج گرتنی پاپۆڕە بازرگانی و ئەمریكییەكان بەمووشەكی بالیستی لە ناوچەكەدا كارێكە كە لەمەوپێش ئەنجام نەدراوە . هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا كۆپەر ، ئێرانییەكانی بەیارمەتیدانی لۆجیستی و هەواڵگری حوسییەكانی یەمەن بەمەبەستی بەئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا تۆمەتبار كردو وتی "بێگومان ئێران یارمەتیدەرو پاڵپشتیكەرێكی سەرەكی حوسییەكانی یەمەنە". جێی ئاماژەیە لە ماوەكانی پێشوودا هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بەمەبەستی رێگریكردن لە هێرش و پەلاماری چەكدارە حوسییەكان، لەناوچە جیا جیاكانی یەمەن چەند گورزێكی هەوایی و مووشەكییەكان لەو چەكدارانە وەشاند. لەلایەن خۆیشیانەوە حوسیییەكانی یەمەن رایانگەیاند"ئەم هێرشانە هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆیان بۆ سەر توانا سەربازییەكانیان نییە و لە هێرشەكانیان بۆ سەر پاپۆڕو هێزەكانی ئەمریكا لە دەریای سوور بەردەوام دەبن".
هاوڵاتی رۆژی دوو شەممە 29ی كانوونی دووەمی 2024، چوار زیندانی سیاسی كورد بە ناوەكانی (موحسین مەزڵووم، پژمان فاتیحی، محەمەد فەرامەرزی ، وەفا ئازەربار)، لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لە زیندانی قزڵحەساری كەرەج لە سێدارە دران، لە سێدارەدانی ئەم لاوانە ناڕەزایەتی ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی لایەنگری مافی مرۆڤی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێكەوتەوەو هەروەها ژمارەیەك لە وڵاتان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەجێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار كەسە دەربڕیوە. ئەمریكا و رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە سێدارەدانی ئەم چوار زیندانە سیاسییەیان شەرمەزار كردووە، هاوكات بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی گەیشتوون "بەرپرسانی حكومەتی ئێران بە بنەماڵەكانیان راگەیاندووە تەرمی كوڕەكانیان پێ نادرێتەوەو خۆیان لە شوێنێك دەینێژن". ئابراهام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، لە سێدارەدانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییەی بەوە ناوبرد كە كۆماری ئیسلامی بە ئاشكرا كەمتەرخەمە بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و پێشێلكاری مافی مرۆڤە. ئابراهام پیلی، بەئاماژە بەو راپۆرت و هەواڵانەی دەربارەی ئەشكەنجەو دادگاییكردنی نادادوەرانە لە ئێران بڵاو ئەبێتەوە، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە "ئەمریكا بە توندی لەسێدارەدانی ئەم چوار كەسە شەرمەرزار دەكات و بەردەوام سوورە لەسەر ئەوەی ئێران دەبێ وەڵامدەرەوە بێت بەرامبەر بەپێشێلكاری مافی مرۆڤ لەو وڵاتە". پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار كەسەی ئیدانە كردبوو، جەختی كردبۆوە كە بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ، رەوتی دادگایی كردنی ئەم زیندانیانە "دروستكرا" و بە پێی " دانپێدانانی زۆرە ملێ بووە لە ژێر ئەشكەنجەدا". سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەكان و داواكاری رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەم كەسانە، سیستەمی دادوەری كۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 29ی كانوونی دووەم رایگەیاند "موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار، پژمان فاتێحی) بەتۆمەتی " فساد فی الارچ" و هاوكاری ئیسرائیل و ئەندامبوون لە كۆمەڵە لە سێدارە دراون. رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لەسێدارەدانی ئەم كەسانەی بە سەرەڕۆیانەو نادادوەریانە ناوبردو رایگەیاند "ئەم ٤چوار كەسە بەشێوەیەكی نهێنی و نادادوەرانە دادگایی كراون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە". رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە راگەیاندنی خۆیدا نووسیویەتی "ئەم چوار كەسە هەر لە یەكەم ساتەكانی دەستگیركردنیانەوە شوێنەكەیان شاردراوەتەوەو بەشاراوەیی و بێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت پارێزەریان ببێت دادگایی كراون. بنەماڵەكانیان ئازار دراون". ئێگنێس كالامار، سكرتێری رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئێوارەی دووشەممە 29ی كانوونی دووەم لە تویتێكدا نووسیویەتی " كۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت كوشتن و كەڵك وەرگرتنی بەردەوامی كۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەك كەرەستەیەك بۆ سەركوت شەرمەزار بكات و گوشار بخاتە سەر كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری ئەم ئاكارە بێت". تەرمەكان نادرێنەوە بە بنەماڵە بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەكانەوە بە بنەماڵەی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە راگەیەندراوە تەرمی كوڕەكانیان نادرێتەوە پێیان و ناوەندە حكوومەتییەكان خۆیان لە شوێنێكی شاراوە دەیاننێژن. سۆران ئازەربار، كوڕی مامی وەفا ئازەربار، بە هاوڵاتی راگەیاند " بە بنەماڵەكانیان راگەیاندوون تەرمی كوڕەكانیان نادرێتەوە بە بنەماڵە و خۆیان لە شوێنێك تەرمەكان دەینێژن". جوانە تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵووم لە تویتێكدا نووسیویەتی "بەرپرسانی ئەمنییەتی بە بنەماڵەكانیان راگەیاندووە خۆیان تەرمەكان لە شوێنێكی نادیار دەنێژن". مانگرتن لە شارەكانی كوردستان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم چوار لاوە، ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ، حیزب و لایەنە سیاسییەكان داوایان لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد كە ئەمڕۆ سێ شەممە دووكان و بازاڕ دابخەن و داوایان لە خەڵك كرد مان بگرن. بە پێی زانیارییەكان تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، خەڵكی شارەكانی، مەهاباد، سنە، دیواندەرە، بۆكان، سەقز بە هانای بانگەوازەكەوە رۆیشتوون و بازاڕ و دووكان داخراوە.
