هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد، یەکێکیان لەمانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوت دزی لە نوێژخوێنان کردبوو. ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوای لێکوڵینەوەیەکی ورد توانیمان دوو کەس دەستگیربکەین بە تاوانی دزیکردن یەکێکیان هاوڵاتی بیانییە له مزگەوتەکانی زاخۆ دزی لە گیرفانی نوێژخوێنان کردووە، پارە و کاتژمێر وشتی دیکەی دزیوە، ئەوەی دووەمیش لە دوکانەکانی زاخۆ لاپتۆپ و کاتژمێری ئەلیکترۆنی گرانبەهای دزیوە". وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەوەشی ئاشکراکرد "تاوانباری دووەم لەماوەی مانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، هەردووکیان بەرامبەر دادوەر دانیان بە ئەنجامدانی کردەی دزیەکە ناوە و بەپێی مادەی ٤٤٣ و ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی زیندانی کراون". بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ئەو تاوانبارەی دزی لە نوێژخوێنان کردووە هاوڵاتی تورکیایە.

هاوڵاتی درەنگانی شەوی شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣،  ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن. ئەم هێرشانە بە پشتیوانی هەریەک لە وڵاتانی ئۆسترالیا، بەحرەین، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و نیوزیلەند ئەنجام دراون. بەپێی ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەم هەشت وڵاتە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن لە یەمەن کراوەتە ئامانج. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەربارەی ئەم هێرشە وتی "لەم ئۆپەراسیۆنەدا دامەزراوەکان و کۆگای چەک و چۆڵ و شوێنەکانی هاویشتنی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی حوسییەکان کراوەتە ئامانج". میدیاکانی سەر بە حوسییەکان لەم بارەوە ڕایانگەیاند "لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی نەهزەتین و عەتان لە باشووری سەنعای پایتەخت، هەروەها چەند ناوچەیەک لە زوممار و ئەلبەیزا و ئەلحەجە". ناوەندی هەوڵی فەرمی فەرەنسا لە زاری چەند کەسێکی نزیکی رووداوەکانەوە وتویەتی، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە سەنعا بیستراوە. هێرشەکانی شەوی شەممە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێشتر ئەمەریکا بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا و عێراق کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە. ئەمریکا لەم هێرشانەدا بۆ یەکەمجار کەڵکی لە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی B1  وەرگرت کە لە تەکساسەوە هەستابوونەوە.   ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربارەی هێرش بۆ سەر حووسیەکان رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی ئۆسترالیا، بەحرەیین و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا و نیوزیلەند هێرش کراوەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە یەمەن. لەم راگەیاندنەی سێنتکۆمدا هاتووە، هێرشەکانی کاتژمێر ١١:٣٠ شەو بە کاتی یەمەن ئەنجام دراون و ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن کراونەتە ئامانج. وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەمبارەوە رایاگەیاند "هێرش بۆ سەر حووسییەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەو مەبەستە بووەکە تواناکانیان کەم بکەینەوە لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکان و نەتوانن ببن بە هۆی نائارامی ناوچەکە". وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتیشی، ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕوونە بۆ حوسییەکان، ئەگەر بەردەوامبوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، زیانی زیاتریان پێ ئەگەیەنین و سزای قورستر ئەدرێن. ئێمە بۆ بەرگری کەسەکان و هەروەها بازرگانی ئازاد لە یەکێک لە سەرەکیترین رێگاکانی دەریایی دونیا هیچ دوو دڵ نین و هەموو هێزی خۆمان ئەخەینە گەڕ. لە بەرامبەردا، محەمەد ئەلبخەتی، ئەندامی مەکتەب سیاسی حووسییەکان لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام ئەبن لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان لەمبارەوە رایگەیاند، ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و بێگومان هێرشکەرەکان سزا دەدرێن و ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی لە حووسییەکان و هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا ئێمە پاشگەز ناکاتەوە لە پشتیوانیمان لە خەڵکی غەزە.

هاوڵاتی بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە بێت ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی کەمئەندامان دابەشدەکرێت، بەڵام کەمئەندامان ناڕەزایەتییان هەیە لە بڕ و شوێنی دابەشکردنی مووچەکەیان. موسلیم شارباژێڕی، کەمئەندام بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بڕەکەی ١٥٠ هەزار دینارە کە بڕێکی زۆر کەمە و چەند مانگ جارێک وەریدەگرین، هەروەها ئەو شوێنەی کە مووچەی کەمئەندامانی لێ دابەشدەکرێت شوێنێکی باش نییە و تەنانەت کەسانی ساغیش ناتوانن لەوێ مووچە وەربگرن". لەبارەی رۆڵی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان موسلیم شارباژێڕی ئاماژەی بەوەکرد "یەکێتیی کەمئەندامان رۆڵی لە ١٠٠٪ ی هەبووە". ناوبراو وتیشی "داواکارییەکانمان لەبارەی چارەسەکردنی کێشەی کەمئەندامان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی پێویست وەڵامان نەدراوەتەوە".

هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، لەسەر دۆخی خراپی مووچەخۆرانی هەرێم و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان، بە یارمەتی ڕێکخراوی داکۆک سکاڵایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات. سکاڵاکە لە لایەن ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە ئامادە کراوە کە نوێنەرایەتی ١٣ شارو شارۆچکە دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا و بڕیاریان داوە لە ڕێگەی ڕێخراوی داکۆکەوە بگەیەندرێتە پەرلەمانی بەریتانیا. مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوەکەیاندا  لەگەڵ ئاماژەدان بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان و گوێنەگرتنی حکومەتی هەرێم لە داواکارییەکانیان و جێبەجێنەکردنیان باسیان لە هۆکاری قەیرانەکانی ڕوی لە هەرێمی کوردستان کردووە دەکەن . وێنەیەک لەو سکاڵایەی بڕیارە ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا بکرێت:

هاوڵاتی دوای هێرشەكانی  به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر عێراق و سوریا، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات سنورێك بۆ گرژییه‌كان دابنێن. ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی خۆی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەکە لە دوای هێرشەكانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا و عێراق نەشاردە و داوای کرد كە رێوشوێنە جددی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی، بە پێگەی سپۆتنیکی راگەیاندوە: دوای هێرشكردنە سەر عێراق و سوریا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان. به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ی سنوری ئوردن، ئه‌مریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گروپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سوریا ده‌ستیپێكرد. ئه‌مریكا به‌ 125 موشه‌ك، 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و موشەکیشی لەو دوو وڵاته‌ خاپور كرد  و گورزه‌كان له‌ عێراق بووه‌هۆی كوژرانی 16 كه‌س و برینداربوونی 25ی دیكه‌.

هاوڵاتی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی فه‌رمی له‌ سوپای ئوردن ڕه‌تیكرده‌وه‌، له‌ بۆردومانه‌كه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوخۆی عێراق به‌شداریان كردبێت و خاكی وڵاته‌كه‌یان به‌كارهێندرابێت. ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن (سوپای عەرەب) رایگەیاند: دەنگۆی بەشداریكردنی هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن لە هێرشە ئاسمانییەكانی سەر عێراق لەلایەن هێزەكانی ئاسمانی ئەمەریکاوە دورە لە راستییەوە و سەرلەبەری ئەوە هەواڵەی لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكاندا ئاماژەی پێكراوە رەت دەكەینەوە. ئاماژەی بەوەکردوە، هێزە چەکدارەکانی ئوردن رێز لە سەروەری خاكی عێراق دەگرن و پەیوەندی نێوان هەردو وڵات پەیوەندییەكی  قوڵی برایانەیە وەك هەمو وڵاتانی دیكەی عەرەبی. دره‌نگانی شه‌وی رابردو فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگه‌یاند، له‌ تۆڵه‌ی كوژرانی سێ سه‌ربازیان له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو له‌ ئوردنی هاوسنور له‌گه‌ڵ سوریا كه‌ له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ باره‌گاكه‌یان كرایه‌ ئامانج، هێرشیان کردوەتە سەر زیاتر لە 85 ئامانج لە عێراق و سوریا دژی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیکیان.  

هاوڵاتی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر بازگەکانیان لە عێراق  بڵاوکردەوە و بەرپرسانی ئەمریکاش هەڕەشەی بەردەوامیدان بەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان دەکەن. ئەمڕۆ شەممە  3ی شوباتی 2024، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆی هێرشە دووژمنکارییەکە"ی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە سنووری قەزای قائیمی رۆژئاوای عێراق، 16 کەسیان کوژراون و 36ی دیکە برینداربوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "گەڕان بەدوای ژمارەیەک تەرم بەردەوامە". دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەم شوێنانە کردووە کە لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج کە بریتین لە بارەگای گەڕۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و کەتیبەکانی پاڵپشتی لیوای 13 ( 7 کوژراو و 7 بریندار )؛ بارەگای پشتیوانیی لۆجستی(بریندارێک)؛ پێگەی تۆپی دوورهاوێژ (کوژراوێک و 4 بریندار)؛ پێگەی چەکدارانی زرێپۆش ( 3 کوژرا و 10 بریندار)؛ پێگەی کەتیبەی تانک ( 4 بریندار)؛  دوو پێگەی سەر بە لیوای 45 ( 11 بریندار)؛ نەخۆشخانەی عیسام بەلداوی ( 5 کوژراو). لەم بارەیەوە  جۆی بۆچینۆ، وتەبێژی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند "پێموایە هێرشەکان دەچنە هەفتەی داهاتووش، چەند رۆژێک دەخایەنێت. چەند رۆژێک دەبێت نەوەک چەند هەفتەیەک، هیوادارم هێرشەکان گەورەتر و بەهێزتر بن، لەوە تووندتر بێت و (ئەمریکا) هێرش بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی، گرنگن چونکە ئەو ئامانجانەی ئێستا هیچ گرنگییەکیان نییە."  بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر گرووپەکان بەردەوام دەبن. بە وتەی ئەمریکا ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بریتی بوون لە ناوەندەکانی فەرمان و کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنەکان، ناوەندەکانی هەواڵگری، کۆگەکانی رۆکێت، مووشەک و درۆن و دامەزراوەکانی تایبەت بە لۆجیستیی گرووپە میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن، کە پیلانیان بۆ هێرشەکانی دژی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان داڕشتبوو. هێرشەکە نیوەشەوی رابردوو ئەنجامدرا و نیو کاتژمێری خایاند. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."

هاوڵاتی بڕیارە سبەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستێکی باڵادا کۆببنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و نەینەوا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن بە گوێرەی زانیارییەکان ، کۆبوونەوەکە سەعات ١١ ی پێش نیوەرۆی رۆژی  یەک شەممە ٤/٢/٢٠٢٤ لەدەباشان دەبێت و تیایدا دۆخی ئێستای ھەرێم و عیراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکرێت. ھەروەھا پرسی پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک و نەینەواو پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبن. شانده‌كه‌ی پارتی پێكدێت له‌ فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، مه‌حمود محه‌مه‌د و جه‌عفه‌ر ئیمینکی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، شاندی یه‌كێتیش له‌لایه‌ن بافڵ جه‌لال تاڵەبانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئاسۆ مامەند و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی ئەندامی شاندەكه‌ ده‌بن. دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەوە دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتییە لە ئاستی باڵادا. دوایین کۆبوونەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، 7ـی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بوو کە لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا لە پیرمام کۆبوونەوە.

هاوڵاتی دوای شەڕێکی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلایەکانی ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ کەوتنە خوارەوە. ڕەفعەت ساڵح، موختاری گوندی ڕاڤینایە بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ شەڕێکی زۆر سەخت لەنێوان سوپای تورکیا گەریلایەکان لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ روویدا، ١٠ گولـلە تۆپ لە ناوەڕاستی گوندی ڕاڤینا کەوتوونەتە خوار، گولـلە تۆپێک بە دووروی ١٠ مەتر لە دەوروبەری ماڵەکەم کەوتە خوار، دەیان تۆپی دیکە لە دەوروبەری گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە". موختاری گوندی ڕاڤینایە ئاماژەی بەوەشکرد "زیانی گیانی نەبووە، دەنگی شەڕ و تەقە بەردەوام دەبیستین، یەکەمجارە گولـلە تۆپ بەو نزیکیە بکەوێتە خوارەوە". گوندی ڕاڤینا بەدووری ١٢ کێلومەتر دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانێ ماسێ لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی ٥٠ خێزان تیادا دەژین.

هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبوونی چوار ئەندامی ڕاگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی تورکیادا. لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە "دوێنێ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای تورکیا ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج لە  ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ". ئەوەشخراوەتەڕوو، بە ئامانجگرتنەکە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار لە ئەندامەکانی ئاسایش و یەکێکی دیکەش بریندار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاشیگەیاند، ناوی ئەو کەسانەی شەهیدبوون بریتین لە "عەبدولسەلام حەمەد، ڕەبا حسێن، محەمەد یوسف، یامەن شەداد".

هاوڵاتی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کە کامێراکانی  تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار. بەێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ھەولێر شوفێران ئاگاداردەکاتەوە و ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤ کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خال بۆ خال لە ڕێگەی شەقڵاوە – قەندیل بەشێوەی تاقیکردنەوە دەخرێنەکار تا ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١٢ی شەو، لەدوای ئەو کات و رێکەوتەوە سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی تۆماردەکرێن لە سیستمی سزادانی ھاتووچۆ". هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە "بەرزترین خێرایی ڕێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان ۱٠٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا و بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری گەورەش ٨۰ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکراوە".

هاوڵاتی لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە ١٥٠ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون. بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ لایەنی کەم ١٥٢ کەس لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستگیرکراون. هەر بەپێی ئامارە بێت، لە مانگی ڕابردوودا ٨١ هاوڵاتی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، هەروەها هەر لەو مانگەدا ٣٤ تورک، ١٤ بەلووچ و ژمارەیەک ھاوڵاتی عەرەب و گیلەک دەستگیکراون، هەروەها لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ١٢ ژن و یەک منداڵی تیادابووە. وەک ڕێکخراوی هەنگاو ئاماژەی پیکردووە، لە مانگی یەک ٢٠ چالاکوانی ئایینی و هەشت خوێندکار و دوو مامۆستای زانکۆ و سێ ڕۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون.

هاوڵاتی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور ڕایگەیاند ، سوپای وولاتەکەیان لە کەناراوەکانی خۆرهەڵاتی کۆریای باکوور، بەمەبەستی بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان چەند مووشەکیکی کرۆز و زەوی بە هەوایان تاقیکردووەتەوە. ئەمرۆ شەمە کۆریای باکوور ڕایگەیاند "رۆژی هەینی ڕابردوو، چەند مووشەکێکی کرۆزی بە  کڵاوەی جەنگی نوێ تاقیکردۆتەوە و هەروەها جگە لە هاویشتن و تاقیکردنەوەی مووشەکەکان، چەند موشەکیکی دیکەی دژە فرۆکەی تازەشی بۆ یەکەمینجار بەکارهێناوە و لە بە ئامانجگرتنی خاڵە دیاریکراوەکانی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتووبوون". هەروەها ئاژانسەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەم تاقیکردنەوانە بەشێکن لە چالاکییە ئاساییەکانی ئاژانسی بەرەپێشبردنی بەرگری سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی وولات ، بە مەبەستی پێشخستنی تەکنەلۆژیای سیستمی چەکی تازە و زانینی ئەدای کار کردن و وردی لە بەئامانجگرتنی ئەو خاڵە دیاریکراوانەی کە لەکاتی پێویستدا دیاری دەکرێن و هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە نییە . جێی ئاماژەیە ئەم تاقیکردنەوەیە، تەنها لەدوای سێ رۆژ لە تاقیکرنەوەکەی  موشەکی کرۆزی "بولهواسال ی ٣-٣١ " لەلایەن سوپای کۆریای باکوورەوە دێت و ئەمەش وای لە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور کردووە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە بکەن و سوپاکەیان بۆ هەرئەگەرێکی چاوەروان نەکراو خستۆتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.

هاوڵاتی  گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکەی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانییان لە سەرسنووری سوریا و عێراق، بنکەی ئاسمانی هەریریان لە پارێزگای هەولیر بە ئامانج گرتووە . ئەمرۆ شەممە ٣/٢/٢٠٢٤ میدیاکانی نزیک لە گروپی چەکداری بەرگری ئیسلامی ئاشکرایان کرد، کە چەکدارەکانی ئەو گروپە بە چەند درونێکی بۆمبرێژکراو هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی ئاسمانی هەریر کە هێزەکانی ئەمەریکا لە خۆ دەگرێت. جێی ئاماژەیە دوا بە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە کەرتی غەزە، هێرشی گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خوێناویترین هێرشی ئەو گروپانەش ، هێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکی  و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکە. ئەمەو تادانانی ئەم هەواڵە هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دژە تیرۆری کوردستان و هێزەکانی جێگیر لە بنکەی حەریری ئاسمانی نەخراوەتەڕوو.

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمرۆ بوومەرلەزەیەک بە گوڕی ٤.٢ پلە لە سنووری پارێزگای دهۆک روویدا، بەشێک لە هاوڵاتییان بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی هەستیان پێکردووە. محەمەد شەوکەت، دانیشتووی ناحیەی شیلادزێ بە هاوڵاتی وت "بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٤هەستم بە بوومەلەرزە کرد، بەڵام ئەوەندە بەهێز نەبوو، زۆرێک لە خەڵک هەستیان پێنەکردووە، بەهۆی ئەوەی لەخەودا بوون". هەروەها ئومێد مەعسوم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەی دهۆک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "جارێ چاوەرێی وەرگرتنی زانیاری وردیین، بەڵام ئەوەندە دەزانین کە هیچ زیانی نەبووە". بوومەلەرزەزانی عێراق بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٦:٠٩ خولەک لە نزیک سنووری عێراق و تورکیا بە دووری پێنج کیلۆمەتر لە سنووری دهۆک بوومەلەرزەکە روویداوە.