هاوڵاتی ئەمریکا سزای بەسەر دامەزراوەیەکی ئێرانی و چوار دامەزراوەی هۆنگ کۆنگیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی سیستمی مووشەکی بالسیتی و درۆنی ئێرانیدا. ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بڵاویکردوەتەوە: بەتۆمەتی کڕینی تەکنەلۆژیا و پێداویستی بۆ پڕۆگرامی موشەکی و درۆنی ئێرانی، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سزای چەند كۆمپانیایەكی ئێرانی و چینی داوە. ئەمەش لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەت گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ دامەزراوە و کەسایەتی لە تورکیا و لوبنان سەپاند کە تۆمەتباری کردوون بە فرۆشتنی کاڵا بۆ پارەدارکردنی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا. گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەکان و حکومەتی سووریا بە فرۆشتنی کاڵای ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلارییان دەستکەوتووە و فرۆشتنی ئەو کاڵایانە بووەتە سەرچاوەی داهاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکەدا. هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە پەرلەمانی عێراقیشدا سەپاند کە تۆمەتباری کردبوو بەوەی کەلوپەلی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە. وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.
هاوڵاتی چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە و بەهۆیەوە پێدانی مووچەکەیان راگیراوە. بەهۆی بایکۆتکردنی دەوام لە رۆژانی پێشوی کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین و كارگێری نەخۆشخانەكەوە، دابەشكردنی موچەی کارمەندانی بەشی بوژانەوەی دڵ راگیراوە. هەروەها بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێركاری رانیە بەمەرجی شكاندنی بایكۆتەكەیان و دەستكردنەوە بەدەوام موچەکەیان دابەشدەكات. هاوكات، لە بڵاوكراوەیەكدا، راگەیاندنی تەندروستی رانیە جەختی كردوەتەوە، بەهۆی دەوام نەکردنیان و ئامادەنەبونیان بۆکردنەوەی بەشی بوژانەوەی دڵ موچەی ئەوبەشە بەبڕیاری بەڕێوەبەری گشتی راگیراوە تا ئەو كاتەی دەست بەدەوام دەکەنەوە، چونکە لە ئێستادا بەناچاری نەخۆشەکان رەوانەی دەرەوەی سنورەکە دەكرێن. لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک دەستیپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو نەدراوەتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 920 ملیار دینارە بۆ مووچە. بۆ مووچەی ئەم مانگە حکومەتی عێراق لە پشکی هەرێمی کوردستان 618 ملیار دیناری ناردووە و بڕیارە ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت بە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە.
هاوڵاتی بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی تەسنیم-ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ بە هۆی هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ باشووری سوریا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە. رۆژنامەی جۆرزالیم پۆست و رادیۆی ئەرتەشی ئیسرائیل بە پشت بەستن بە سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە "هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەیەکی گەورەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق". بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی تەسنیم لەم هێرشەدا کە کاتژمێر ٤:٢٠ بەیانی کراوەتە سەر ئەم بنکەیەی سوپای پاسداران، ئەندامێکی فەیلەقی قودس، سەر بە سوپای پاسداران کە کۆماری ئیسلامی وەک راوێژکاری سەربازی ناویان دەبات بە ناو (سەعید عەلیدادی ) کوژراوە. ماڵپەڕی هەواڵی سوری کە ماڵپەڕێکی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ناوەندە، رایگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی هەینی هێرش کراوەتە سەر ناوچەی سەیدە زەینەب و ئەم ناوچەیە لە مانگەکانی رابردوودا چەندجار لە لایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج. نوور ئەبوو حەسەن، رۆژنامەنووسێک لە باشووری سووریاوە نووسیویەتی "چەند شوێنێک لە نزیک (عەقرەبە) لەباشووری دیمەشق کراوەتە ئامانج". رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا، گروپێکی دژبەری حکومەتی بەشار ئەسەد کە بنکەکەیان لە بەریتانیایە و لەوێوە چاودێڕی رووداوەکانی سوریا دەکات ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم بەیانییەوە سێ کەس کوژراون ، یەکیان ئێرانییە و کەسێکتریان عێراقییە و کەسی سێهەم لە لایەنگرانی ئێرانە. رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ زەینەبییەی دیمەشق، رەزی مووسەوی، ئەندامی باڵای سوپای پاسداران کوژرا، چوار هەفتە دواترپێنج ئەندامی سوپای قودس کە یەکێکیان سادق ئومیدزادە، بەرپرسی بەشی هەواڵگری سوپای قودس بوو بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە سوریا کوژران. ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لەوەکرد، سوپای پاسداران بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی خۆی لە سوریا کێشاوەتەوە و زیاتر پشت بە هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەبەستێت لە ناوچەکە
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵی ئاشکراد و ڕایدەگەیەنێت مانگی رابردوو تێكڕای نهوتی فرۆشراو ١٠٣ ملیۆن و ٥٠٨ هەزار و ٤٣٨ بەرمیل بووە. ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند " مانگی رابردوو تێكڕای نهوتی فرۆشراو ١٠٣ ملیۆن و ٥٠٨ ههزار و ٤٣٨ بهرمیل بووه، هەروەها كۆی داهاتی ئەو مانگە بریتیی بووه له ههشت ملیار دۆلار كه نرخی ههر بهرمیلێك نهوتیش به ٧٧،٥٣٦ دۆلار ههژماركراوه". ئاماژە بەوەشکراوە "داهاتی مانگی کانونی دووەم یە ملیار و ٢٥ ملیۆن و ٦١٦ هەزار دۆلار بووە، هەروەها کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی یەک لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ١٠٢ ملیۆن ٢٥ هەزار بەرمیل بووە، هاوکات بڕی هەناردەکراو بۆ ئوردن ٤٦٤ هەزار بەرمیل بووە". رۆژی ١٥ی كانوونی دووهمی ٢٠٢٤ ئاژانسی ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس بڵاویکردەوە "عێراق لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە رۆژێکدا ٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی زیادیکردووە، زیادبوونی بەرهەمهێنانەکەش لە هەرێمی کوردستانەوە بووە".
هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ دووبارە سوپای تورکیا گوندی گوهەرزێی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. هێرش گوهەرزێ، دانیشتووی گوندی گوهەرزێ بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ تاوەکو ئێستا چەند جارێک لەلایەن سوپای تورکیاوە گوندی گوهەرزێ بۆردوومانکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "زیاتر لە ١٠ گولـلە تۆپ بەر دەوروبەری گوندەکە کەوتوون، هەروەها بەهۆی ئەم بۆردوومانەوە دانیشتووانی گوندەکە ترساون و لە ماڵەکانیان هاتوونەتەدەرەوە".
هاوڵاتی وای بەرزکردنەوەی پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، مامۆستایانیش شایەنی پلە بەرزکردنەوەن. لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان هاتووە "ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، دوێنێ پلەی (٤٣٠٤) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی ٧٠ و ٨٠ هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بوونە". یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکەن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە: ١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی. ٢- دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران. ٣- دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ. ٤- هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.
هاوڵاتی لەگەڵ گەیشتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی بەغدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە ئەمڕۆ هەینی ٢ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی مانگی کانونی دووەمی وەزارەتەكانی تەندروستی، دارایی، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان و یەكەی ٧٠ و ٨٠ دابەشدەكرێن. بڕیارە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک هەفتەدا مووچەی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکات.
هاوڵاتی نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی دیکەی بڵاوکردەوە کە قەرەبوو دەکرێنەوە و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دیناری پێدەدرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ ناوی ژمارەیەک خێزانی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لێدەکات بە مەبەستی وەرگرتنی قەرەبوو سەردانیان بکەن و هەر خێزانێک بڕی ١٠ ملیۆن دینار پێدەدرێت. ئەو خێزانانەی ناویان لە لیستی قەرەبووەکەدا هاتوو ١٣٦ خێزانن و لە ڕێگەی چەکی بانکییەوە بڕی ملیارێک و ٣٦٠ ملیۆن دیناریان وەک قەرەبووی مادەی ١٤٠ پێدەدرێت. نووسینگەی کەرکوکی مادەی ١٤٠ داوا لەو خێزانانە دەکات بەڵگەنامەکانیان لەگەڵ کۆپی ڕەنگاورەنگ و دوو وێنەی خاوەنی مامەڵە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن تا بتوانن چەکی قەرەبوو وەربگرن. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردووشدا ٩٣٩ خێزانی کەرکوک گەڕاونەتەوە بۆئەوەی چەکی قەرەبوو وەربگرن، هەروەها بڕی نۆ ملیار و ٣٩٠ ملیۆن دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانە دابینکراوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریدا سزای ئەو ئەندام پەرلەمانانە بدات کە بەبێ مۆڵەت ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنەکە نابن. موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند "داوای له ئهندامانی پهرلهمان كرد دهنگ لهسهر بڕیارێك بدهن بۆ بڕینی بڕی یهك ملیۆن دینار له مووچهی ههر پهرلهمانتارێك ئهگهر بۆ ماوهی یهك رۆژ بهبێ مۆڵهت له دانیشتنهكانی پهرلهماندا ئاماده نهبێت". جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕوونیشکردووەتەوە "بڕیارهكه دهنگی لهسهر دراو له دانیشتنی داهاتووی پهرلهمانهوه دهكهوێته بواری جێبهجێكردنەوە".
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، رۆژی هەینی ڕێککەوتی 02-02-2024 دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت . لیستەکە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 08-02-2024 بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت. وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 618 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق کەدەکاتە 65%یکۆی شایستەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان". ئاماژهی بهوهشكردوه، دوای گەیشتنی پارەکە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بڕی 325 ملیار دیناری پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی دروست بوە، لە سبهی هەینی دەست بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی ئەفسەرەباڵاکانی سوپاکەی لە سوریا کەمدەکاتەوەو زیاتر پشت بە میلیشیا شیعەکان دەبەستێت. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە زاری پێنج سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویکردەوە، کە ئێران بە بڕیارێکی بەپەلە ژمارەی ئەفسەرە باڵاکانی لە سوریا کەمدەکاتەوە دەشڵێت بڕیارەکەی ئێران بۆ خۆبهدورگرتنه له شهڕی راستهوخۆ لهگهڵ ئهمریكا. سوپای پاسدارانی ئێران 10 ساڵ لەمەوبەر بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە شەڕی ناوخۆیی سوریا چوه ناو خاكی سوریاوه، بهڵام له كۆتایی ساڵی رابردوهوه هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر هێزهكانی دهیان ئهندامی سوپای پاسدارانی كردوهته ئامانج و كوژراون لەنێویاندا یەکێک لە جەنەڕاڵە باڵاکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران بوو. باس لهوهشكراوه، دەسەڵاتدارانی ئێران نیگەرانی خۆیان گەیاندوەتە حکومەتی سوریا ئاخۆ چۆن زانیاریی بەرپرسانی ئێرانی لەناو هێزەکانی سوپای سوریا دزەی پێکراوەو ڕاوێژكارانى سوپاى پاسداران دەکرێنە ئامانج؟. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران هیچ نیازێکی نییە سوریا بەجێبهێڵێت بهڵام دهیهوێت رێگری له فراوانی شهڕ بكات له رۆژههڵاتی ناوهڕاست كه بههۆی هێرشی گروپه چهكدارهكان له عێراق و سوریا بۆ سهر هێزهكانی ئهمریكا نزیکبۆتەوە. یەکێک لە سەرچاوەکانیش، کەبەرپرسێکی باڵای ئاسایشی ئێرانە ڕایگەیاندووە، فەرماندە باڵاکانی ئێران لەگەڵ دەیان ئەفسەری پلە ناوەنددا سوریایان بەجێهێشتووە. سەبارەت بە چارەنوسی ئەو ئەفسەرانەش ڕۆیتەر دەڵێت ،سێ لە سەرچاوەکان باسیانلەوەکردووە کە، ئەفسەرەکانی گەڕاونەتەوە ئێران ئۆپەراسیۆنەکانی سوریا لە دوورەوە بەڕێوە دەبەن و لەلایەن حزبوڵڵاوە یارمەتی دەدرێن، سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، بەرپرسێکی نزیک لە ئێران باسی لەوەکردووە کە ژمارەیەک ئەفسەر ماونەتەوەو تەنها ئۆفیسەکانیان جێهێشتووە و خۆیان ون کردووە و جموجۆلەکانیان کەمکردۆتەوە. جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە ، ملیشیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران نزیکەی 160 هێرشی جۆراوجۆریان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و ئێران و یەکێک لە هۆکارەکانی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئێرانیش خۆئامادەکردنێتی بۆ وەڵامدانەوەکەی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشەی دوای کە کرایە سەربنکەیەکیان( تاوەر ٢٢ )لە ئوردن کەتیایدا چەند سەربازێکی ئەمریکی کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بووون.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاوی کردۆتەوە لە مانگی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٤دا، لانیکەم ٥٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون و ٩٢٪ ی قوربانییەکان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانەوە بووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ دا، ٦ کۆڵبەر کوژراون و ٤٤ی دیکەش بریندار بوون, هەروەها لە ناویشیاندا ٦ کۆڵبەری منداڵیش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون. ئەو مناڵانەی بریندار بوون ،دوانیان خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوانیان خەڵکی شاری سەقز و دوو کەسیان خەڵکی شارەکانی پاوەو شاهۆ بوون، هەروەها ٤ کەسیان لە سنووری نەوسوود و ٢ کەسیان لە سنووری بانە بریندار بوون. ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ، زۆرترین قوربانیش لە سنووری پارێزگای کرماشان بووە کە ٢٩ کەس کوژراون و بریندار بوون. جێگەیباسە هەر لەم مانگەدا و رۆژی ٢٢ی کانوونی دووهەم، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی شمشێری پاوە، بە ناوی هۆشیار مەحموودی تەمەن ٤٠ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە تەوێلە کوژراو دوو کۆڵبەریتریش بریندار بوون. هەر لەم پەیوەندەشدا دوو رۆژ پێشتریش ٨ کۆڵبەر کە زۆربەیان مێرمنداڵ بوون لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە لە سنووری تەوێڵە دەستبەسەر کران و سووکایەتیان پێکراو ئەشکەنجە دران و سەریان تاشرا. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی ناوەندی پیشەسازی لە کوردستان، بە ناچار روو ئەکەنە کاری کۆڵبەری و لە لایەن هێزە سنوورییەکانی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانەوە تەقەیان لێئەکرێت و ئەکوژرێن و بریندار ئەکرێن. ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کۆڵبەری ئەکەن خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەریان هەیە.
هاوڵاتی نرخى ئەمپێرێک کارەباى موەلیدە لە شارى سلێمانى دیاریکرا، بۆ مانگى رابردوش نرخى هەر ئەمپێرێک لەنێوان 13 هەزار و 500 بۆ 23 هەزار دینارە. ئهمڕۆ پێنجشهممه 1ی شوبات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبوونەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێڕ (42) دینارە. بهمهش نرخی یهك ئهمپێڕ كارهبای موهلیدهی ئههلی له ناوشاری سلێمانی لهنێوان (13.500) بۆ (14.500) دیناره، بەوپێیەى موەلیدەکان لە نێوان (320 بۆ 345) کاتژمێر کاریان کردوە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئهمپێڕێك كارهبای موهلیدهی گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. ئاماژە بەوەکراوە، هەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە (7)ى بەیانى بۆ (1)ى شەو بووە، نرخى ئەمپێریان (18.000 بۆ 19.000 ) دینار، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان (21.000 بۆ 23.000) دینارە.
ئیمان زەندی «ئەمساڵ نەمانتوانی کرێی جێگاکەش دابینبکەین، چونکە کەباب و جگەرو خواردنی کۆری تێکەوت، ئەمانە کەی کاری کوردەوارییە!، فیستیڤاڵ واتە خواردن و جلوبەرگی کوردەواریی». ئەمە وتەی (لولو گیان)ە، سەرۆکی رێکخراوی گوڵەمێخەک لەگەرمیان بۆ خواردن و کاری دەستی، رێکخراوەکەی لولو لە ٢٥ ئەندام پێکھاتووە، ئەو کە بۆ هاوڵاتی قسەیکردووە دەڵێت، «پار لەگەرمیان کرێی کەپر بۆ سێ رۆژ ٦٠ ھەزارمان دەداو دواتر بۆمان دەگەڕێندرایەوە، بەڵام ئەمساڵ ١٦٢ ھەزاریان لێوەرگرتووم و دوو ھەزاریان بۆ گەڕاندومەتەوە بۆ شەش رۆژ، ئەمساڵ دەگەیەکی گەورەمان لێدرا». لولو ناڕازییە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکانی گەرمیان، چونکە «بەناوی کوردەواری شتی نوێ نوێ پەیا بووە، ھەیە دێت بۆ پاقلە فرۆشتن ١٦٢ ھەزار دەدات، رێکخەری فیستیڤاڵەکان دەڵێن؛ شوێنەکان باجیان لەسەرە، لەسەر ئەوە رۆشتین بۆلای قائیمقام وتی؛ لەسەر شوێنەکان ھیچ باجێکمان دانەناوە. بەڵام دەزانم پارەکە بۆ خۆیانە چونکە بەجۆرێک قسە دەکەن وەکو ئەوەی کەسێکیان لەپشتبێت، منیش نازانم چ کۆمپانیایەکە!». «پار ٢٥ کەس بووین خواردن و شیرینیمان دروستدەکرد، بەڵام ئەمساڵ ١٠٢ کەس بووین، باوەڕ ناکەم کەپرێک ٢٠دۆلاری تێبچێت، بەس تەنیا ئەوەیە سەریان تێکردووەو تەواو!، بەڵێ بەدڵنیاییەوە رێککەوتنێک ھەیە». لەبەرامبەردا عومەر نەجم، سەرپەشتیاری گشتی فیستیڤاڵی بازاڕ لەگەرمیان سەبارەت بەوەی لەگەرمیان فیستیڤاڵەکان دراوە بەکۆمپانیاکان؟ بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «نەخێر، ھیچ کۆمپانیایەک فیستیڤاڵەکەی بەڕێوەنەبردووە». عومەر نەجم نموونەیەک لەسەر شێوازی بەکرێدانی کەپرەکان رووندەکاتەوەو دەڵێت، لەکەلار شوێنیان ھەبووە مەتری بەھەزارو ٥٠٠ دینار بۆ رۆژێک، یان کۆشکێکی سێ بەسێیان ھەبووە بەدوو ھەزار دینار، «بەپێی شوێن نرخەکەشی دەگۆڕێت، نرخەکان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ ١٠٠دۆلاردایەو بۆماوەی سێ بۆ شەش رۆژە، بەنسبەت خۆمەوە ئەو نرخەم پێ زۆر نییە». «شوێنی پارکی شاری یاری کەلار ئەھلییەو ستافەکەمان رێککەوتوون لەگەڵیاندا، ئێمە چەند جۆرێک کرێمان ھەیە، کرێی کۆشکەکانمان و تێچوی ئاوو کارەبا لەگەڵ ستافەکەمان و رێکلام و مارکێتین، سەر بەھیچ جیھەتێکی حکومی و کۆمپانیایەک نیین، بەڵام کۆمەڵە گەنجێکی دانەمەزراوین ئەم پڕۆژەیەمان دەستپێکردووەو ھەلیکارمان بۆ خۆمان و گەنجی دەوروبەر درووستکردووە»، عومەر نەجم وا دەڵێت. سەرۆکی گروپێکی سەربەخۆ لەپارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت یەکێکی دیکەیە لەبەشداربووانی فیستیڤاڵەکان و بەهاوڵاتی دەڵێت، «ئەمە دیاریدەیەکەو دروستبووەو شارەوانیش بەکتابی فەرمی و بەپێی یاسا خەمڵاندن دەکات کە ئایا کۆمپانیا یان رێکخراوێکی فەرمیی بەڕێوەی ببات؟». «پێشتر فیستیڤاڵەکان بێبەرامبەر بوو یان بڕە پارەیەک وەرگیراوەو سەرکەوتوو نەبووە، ئەم پارە زۆرەش بەداخەوە خاوەنکارو کەمدەرامەتەکان ناتوانن بەشداریبکەن». ئەو دەستڕەنگینە وای وت. ئەو خانمە ٢٥ ساڵە بەخۆبەخشی فیستیڤاڵ و پێشانگای بۆ ئەندامەکانی رێکخستووەو ناوبراویش بەکارە دەستیەکانی بەشداریکردووە، چونکە «زۆر دەمێکە تێکەڵم لەگەڵیاندا هەستیانپێدەکەم دۆخیان باش نییە لەڕووی تەندروستی و کەمدەرامەتی و کەمئەندامی، تەنانەت توانای مێزێکیشیان نییە». لەسەر بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، ئەو رایگەیاند، «بەهیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە فیستیڤاڵ بخرێتە بەردەست کۆمپانیا، چونکە هەستیان بەرامبەر هەژاران نییەو تەنیا هەوڵی گیرفانی خۆیان دەدەن و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری دەستیەوە نییە، ئەندامەکانم خەریکە واز لەکارەکانیان دەهێنن، چونکە بەردەوام زەرەر دەکەن». پەیوەست بەژمارەو ناوی کۆمپانیاکان، ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت، «بمبورە ناتوانم ناویان بهێنم، ناترسم! بەڵام حەزناکەم ناوی هیچ کەس بەرم، کۆمپانیاکان زەق و دیارن، رێکخراوەکانیش دیارن». لەسەر هەڵبژاردنی کەپرەکانیش وتی، «ژمارەکان هەڵدەدەن بەسەرمانداو بەپاڵنان و هاوار هاوار لەسەر زەویەکە هەڵمانگرتووەتەوە، حکومەتیش بۆیان ئیفتیتاح دەکات و دەستخۆشیان لێدەکات». ناوبراو چەند نهێنیەک دەدرکێنێت کەچۆن فیستیڤاڵێک دەکرێتەوەو ئاشکرایکرد، بۆکردنەوەی فیستیڤاڵێک شارەوانی ٦٠٠ هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار وەردەگرێت، «شارەوانی ئەو خەمڵاندنە دەکات، ئەویش یەک مانگ دەتبەن و دەتھێنن، جاری واش ھەیە کتابەکەت ون دەبێت یان دەچێتە بەریدەوە، بۆ بەستنی کارەباش کارەباچیەکانی پارکی باخی گشتی سلێمانی ١٠٠دۆلار دەسەنن، ٤٠ دوکانیان بەملیۆنێک بۆ بەستووم، ئەو پارەی وەریدەگرن بۆ سودی باخەکەیە، بەڵام ھەر زیانێک بگەیەندرێت بەباخەکە سزاکەی زیندانیشی تێدەکەوێت». ئەو خانمە دەستڕەنگینە زیانێکی گەورەی ئەو فیستیڤاڵانە باسدەکات و دەڵێت، «لەھەولێر لەگەڵ خاتونێکدا بەشداریمانکرد بۆ سێ رۆژ ٥٠٠دۆلارماندا بۆ کاری دەستی، ھەبووە ٨٠٠دۆلاری داوە، یەک چێشتخانە بەشداریکردبوو بەنیو دەفتەر دۆلارو یەک قازانجیشی نەکردووەو ھەمووی کرد بەخێر. ئەو فیستیڤاڵەی بەشداریمانکرد مەسرور بارزانی کردبوویەوە لەپارکی شانەدەر». هاوڵاتی لەبەدواداچوونەکانیدا نرخی بەکرێدانی کۆشکی فیستیڤاڵەکانی بۆ دەرکەوتووە، کە کەپرێک بۆ پێشانگایەکی ئاسایی (ڤی.ئای.پی) بە ٢٥٠ ھەزارە، بۆ کارە دەستیەکانیش بە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار دینارە. هەروەها فیستیڤاڵەکانیش دوو جۆرە، فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، فیستیڤاڵە ناوخۆییەکان کرێی کەپرەکانیان لەنێوان ٥٠دۆلار بۆ زیاتر لە نیو دەفتەردایە، فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش شەوی بەکرێگرتنی هوتێلێکی بەرپرسێک بەدەیان دەفتەر دۆلار بووە. خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکان گلەیی لەوەدەکەن کەڕۆژێکیان بەسەرهێنراوە کەسێکی دیکە دەهێننە شوێنیان و دەیانکەن بەخاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵەکانیان، قەیسەر رەحمان، خاوەن بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنارو خۆراکی گیاییە لەهەڵەبجە، لەوبارەیەوە تایبەت بۆ هاوڵاتی قسەیکردووەو دەڵێت، «لەساڵی ٢٠١٢ لەتۆڕی رێکخراوەکان ھەستمکرد دوای ساڵێک کارکردن لەوێ حزب دەستیگرتووە بەسەریدا، چونکە ھەڵبژاردنەکانیان بەشێوەی حزبی بوون ھەر ساڵەو بۆ لایەنێک بوو بێ لایەنەکانیش مافیان دەخورا، دواتر ھاتینەدەرەوە لەو تۆرە». دەشڵێت: «ئێستا کشتوکاڵی ھەڵەبجە کەسێکیان دروستکردووە وەکو فکرەی فیستیڤاڵی ھەنار، منیش بەزیاتر لەسێ بەڵگە سەلماندووەمە کەخاوەن فکرەکە قەیسەر رەحمانە». سەبارەت بەچۆنیەتی بیرۆکەی فیستیڤاڵی هەنار، قەیسەر رەحمان ئاشکرایکرد، «لەکۆبونەوەیەکدا داوای فکرە دەکرا، پاشان یەک مانگ گەڕانمکرد کەھەڵەبجە بەچی دەوڵەمەندە؟ پاوەرپۆینتێکی ٢٢ سڵایدیم دروستکردو بیرۆکەکەم پێشنیارکرد، یەک ساڵ فیستیڤاڵەکەمان کرد ئەویش ساڵی ٢٠١٥ بوو، دواتر رێکخراوی (نوێی ئێمە) لەتۆڕی رێکخراوەکان دەرچوو، ئەنجام لەساڵی ٢٠٢١ درا بەکۆمپانیاکان، گەندەڵیەکی گەورە ھەیە لەوەی کەناھێڵن بزانرێت کۆمپانیاو داھاتەکە چەندەو کێیە؟». «بۆنهی میللی و فیستیڤاڵ و كولتوری كۆمهڵگایهك لهجیهاندا بهپاره نهفرۆشرا، بهڵام لهههڵهبجه فرۆشرا!»، خاوەن بیرۆکەی هەنار وادەڵێت. بەپێی سەرچاوەی زانیارییەکان، فیستیڤاڵی ھەنار ئەمساڵ نزیکەی ١٩ ملیۆنی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لەکەپرەکان لەو گوژمەیە کۆشکی پێ دروستنەکراوە. حەسەن فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری لەپارێزگای دهۆک لەسەر دیاردەکە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کەئەو فیستیڤاڵانەی ئەوان رێکیدەخەن نەیانداوە بەکۆمپانیا، بەڵکو وەکو حکومەت سازیدەکەن و بودجەی بۆ دابیندەکرێت، «یەک کەپریشمان بەکرێ نەداوەو نەشمانداوە بەکۆمپانیا، تەنانەت شوێنەکانیش، تەحەدا دەکەین ئەگەر کارێکی لەو جۆرەمان کردبێت». لەبارەی تێچوی فیستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانیش، حەسەن فەتاح ئاشکرایکرد، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کە لەدهۆک کرا ٣٥ وڵات بەشداربوون، ھەشت رۆژ بەردەوام بوو، تێچووەکەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دینار بوو، بەڵام فیستیڤاڵی لۆکاڵی ١٥ ملیۆنە». بەگوێرەی داتایەکی نافەرمی کەهاوڵاتی لەبەدواداچونەکانیدا دەستیکەوتووە، لەهەرێمی کوردستان پێنج بۆ ١٠ کۆمپانیا فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان بەڕێوەدەبات، کە تیایدا کۆمپانیای عێراقیش بوونی هەیە، بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەکان بەجۆرێکە کەچەند کۆمپانیایەک ناو تۆماردەکەن و دواتر بەتیروپشک دەردەچن و دەبن بەڕێکخەری فیستیڤاڵەکان. چەندین رێکخراو پێکهێنراون بۆ بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەی لەفەرمانگەکانی حکومەت و چالاکییەکاندا دەکرێت، رێکخراوی هەڵوێستیش یەکێکە لەو رێکخراوانە لەهەڵەبجەو بەڕێوەبەری پڕۆژەکانیشی سەروەت محەمەدەو لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «بۆ فیستیڤاڵی ھەنار نزیکە ٤٥ ملیۆن داواکرابوو، حکومەت نەیتوانی دابینیبکات و نزیکەی ١٩ ملیۆنی دابینکرد، هەروەها لەفیستیڤاڵی ھەنار سێ کۆمپانیا تیروپشکی بۆ کراو یەکێکیان دەرچوو». لەسەر ئەوەی ئایا کۆمپانیاکان سەر بەلایەنێکی حزبین؟ نابراو نەیشاردەوەو ئاشکرایکرد، «بەدڵنیاییەوە وەهایە کەدەستی بۆ پرسێکی لەوشێوەیە بردووە، چونکە لەبازاڕی نیشتیمانیدا مامەڵە بەدینار دەکرێت، ھەر خاوەنکارێک چوبێتە ژێر باریەوە ھەم بەلاڕێدابردنی فیستیڤاڵ و کەیسەکەیەو ھەم بەکارھێنانی خاوەن کارەکەیە بەداخەوە، ئەگەر ھەرشتێک کرا بەدۆلار دەچێتە چوارچێوەی بەکارھێنانەوە». «سەبارەت بەوەی کەحکومەت نایەوێت پارەیەکی زۆر بۆ ئەم فیستیڤاڵانە خەرجبکات، دوو ھۆکار ھەیە، حکومەت نایەوێت خۆی بخاتە نێو گێژاوی پارەدان، دووەمیش ئەو کۆمپانیایانەی دەست بۆ ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە دەبەن؛ کۆمپانیایەکن ھەم لەڕووی حزبی و ھەم حکومی دەستیان دەڕوات و دواجار دەبنەوە خاوەن کەیسەکە». سەروەت محەمەد وا دەڵێت. لەسەر فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانیش دەڵێت، «فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەس مانەوەی کۆمەڵێک لەبەرپرسەکان لە١٥ بۆ ٢٠ دەفتەر زیاترە، نادادپەروەرییەکی زۆر بەڕووی فیستیڤاڵەکانەوە دەبینرێت». لەبارەی ئەوەی بۆچی حکومەت فیستیڤاڵەکان دەدات بەکۆمپانیاکان؟ هێمن خۆفیا، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد، «لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو زۆربەی سێکتەرەکان لەلایەن کەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێت، ئەگەر بمانەوێت لەقۆناغێکی پێشکەوتوودابین دەبێت وابیربکەینەوە کەحکومەت و کەرتی تایبەت تەواوکاری یەکترین». دەشڵێت، «لەو ڤێستیڤاڵانەی پێشتر کراوە لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بەهەمامەنگی و چاودێری دەستەی گەشتوگوزار ئەنجامدراون، چەندین ئامانجی گرنگیان پێکاوە». «هەر کۆمپانیاو لایەن و کەسایەتییەک دەیەوێت فێستیڤاڵی بازاڕو چالاکی گەشتیاری ئەنجامبدات، وەک دەستەی گەشتوگوزار هەردەم هاوکارو هەماهەنگ دەبین»، هێمن خۆفیا وا دەڵێت. لێپرسراوی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار لەسەر کۆمپانیاکان زیاتری روونکردەوەو ئاماژەی بەوەشدا، هیچ کۆمپانیایەک دەستنیشاننەکراوە بۆئەوەی فێسیڤاڵێک بەڕێوەببات، «دەرگامان واڵایە بۆهەر کۆمپانیاو لایەنێک کە بییەوێت خزمەت بەبواری گەشتوگوزار بکات، ئەو پێشانگایانەی تائێستا کراون زۆربەیان لەلایەن کۆمپانیاکان ئەنجامدراوون». باسی لەوەشکرد، لەلایەن حکومەتەوە پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرجنەکراوە، بەڵکو «کۆمپانیاکان دەستپێشخەربوون و تەواوی تێچوو داهاتی هەرچەند بووبێت بۆخۆیان بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ گەشتوگوزار». لای خۆشیەوە، ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ هاوڵاتی دەڵێت، «هەوڵدەدەم هاوکاریت بکەم، بەدواداچوونێکە منیش دەبێت کاری لەسەر بکەم، رەنگە هەموو شت لای من نەبێت». هاوڵاتی پاش ناردنی نامە لەسەر ئاراستەی بابەتەکەمان و چەندینجار پەیوەندیکردن بەڕێکخەری فیستیڤاڵی پێشانگای کتێب لەسلێمانی، کەکۆمپانیای (اتڵس اصیل)ە، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندیەکەو نامەکەی نەدایەوە.
عەمار عەزیز كتێبخانەكانی سنوری پارێزگای دهۆك لەلیواری مەرگدان،ئەوەش بەهۆی پشتگۆیخستنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كێشەی ستاف و شوێن دیارترین كێشەن كەدەیان ساڵە رووبەڕووی كتێبخانەكانی پارێزگای دهۆك بووەتەوە، هیچ ئاسۆیەكیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان دیارنیە، ئەمە لەكاتێكدایە تەنها لەساڵی 2023دا لەسنوری پارێزگای دهۆك 900 پرۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراون . كتێبخانەی ئاكرێ لەساڵی 1963 دروستكراوە یەكێكە لەكۆنترین كتێبخانە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كەشوێنی دانانی كتێب نەماوە، هاوكات كتێبخانەی ئامێدیش بەهەمانشێوە بەبێ پاسەوانە، هەروەها كتێبخانەكانی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستاف ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە . عەبدولقەهار ئەحمەد، بەڕێوەبەری كتێبخانەی قەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی وت « بینای كتێبخانەكە زۆرخراپە و بەشی زۆری كتێبەكان تێكچوون ئەوەش بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو، نزیكەی 25 هەزار كتێبمان هەیە، دەستمانكردووە بەجەردی ساڵانەو بەپێی تایبەتمەندی و زمانە جیاوازەكانی جیاكاری بۆ دەكەین، بەشی زۆری كتێبەكان مێژوویەكی زۆر كۆنیان هەیە». عەبدولقەهار ئەحمەد دەشڵێت « بەفەرمی داوامان لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە بیانەیەكی تازەمان بۆ دروست بكەن تا لەم كێشەیە رزگاربین، ئەگەر بینایەكی تازەمان بۆدروستكرا ئەوا ئەوكات دەتوانین هەموو كتێبەكانمان لەشوێنی باش دابنێن و رێكوپێكتر دەبێت، هاوكات خوێندنكاران و كەسانی گشتی سەردانمان دەكەن». هەرچی كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدییە زیاتر لەساڵێكە بەبێ پاسەوان ماوەتەوە، هاوكات بیناكەش هی شارەوانییەو چەند جارێك داوایانكردووە بیناكە خاڵی بكەن بۆ شارەوانی . سەلمان زۆبێر، بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئامێدی بەهاوڵاتی وت: كتێبخانەی ئامێدی دوو پاسەوانی هەبوو بەڵام لەماوەی ساڵانی 2021 و 2022 هەردووكیان خانەنشین بوون، تائێستا هیچ كەسێك لەشوێنیان دانەنراوە، كێشەی گەورەتر لەمە ئەو بینایەی كەئێستا دەوامی تێدا دەكەین هی شارەوانییە ئێمە وەكو میوانین، بەفەرمی داوایان لەئێمە كردووە شوێنەكە خاڵی بكەین نازانین چی بكەین، داوامانكردوە كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكەن بەڵام تائێستا چارەسەرنەكراوە». كتێبخانە تاقانەكەی ئامێدی لەساڵی 1989وە كراوەتەوە، 12 هەزار و 200 ناونیشانی جۆراجۆری تێدایە، لەئێستادا مانگانە تەنها 75 هەزار دینار بۆ كتێبخانەكە خەرجدەكرێت ئەوەش بەشی هیچ ناكات. مەسعود خالد حەسەن، بەڕێوەبەری كتێبخانە گشتییەکان لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت: لەپارێزگای دهۆك هەشت كتێبخانەمان هەیە كەئەوانیش دهۆك ، زاخۆ، ئاكرێ، ئامێدی، شێخان، سێمێل، مانگێش و بامەڕنێ، بەڵام هەریەك لەكتێبخانەی مانگێش و بامەرنێ بەهۆی نەبوونی شوێن و ستافی كارو كەلوپەل كارا نین و ناوەكانیان تەنیا لەسەر كاغەزە،حكومەتی هەرێم بۆ كتێبخانەكانی كارا بەتایبەت ئەوانەی پێش 2014 دامەزراون ، پێشینەی مانگانەی بۆ خەرج دەكردن ، بەڵام بۆ كتێبخانەكانی سێمێل مانگێش و بامەرنێ پێشینەیان خەرج نەكردووە چونكە ستافیان نیە». هەرێمی كوردستان بەگشتی 92 كتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەن ، 30 یان دەكەونە سنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، 26یان لەسلێمانی و هەشتیان لەپارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، شەشیان لەپارێزگای هەڵەبجە، 12 لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و 10 لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانن. لەپارێزگای دهۆك ساڵی 2022، 502 ژمارەی سپاردن درابوون بەنووسەران و ساڵی 2023 ژمارەی سپاردن گەیشتووەتە 556، لەم ژمارەیە 299 كتێب دوای چاپكردنیان بۆ كتێبخانەی بەدرخان لەدهۆك نێردراون، لەساڵی 2022 ئەوانەی سەردانی كتێبخانەی بەدرخانیان لەسەنتەری دهۆك كردووە حەوت هەزار و 722 كەس بوون، لەساڵی 2023 ژمارەیان گەیشتووەتە 14 هەزار و 193 كەس. «بەدواداچوونمان بۆ كێشەكانی كتێبخانەی ئاكرێ و ئامێدی كردووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی خرابی ئابووری هەرێمی كوردستان كێشەكان هەروەكو خۆیان ماونەتەوەو چارەسەرنەكراون، لەناوەڕاستی ساڵی 2023و لەسەر داواكاری پارێزگاری دهۆك پلانی ستراتیجیمان بۆ دروستكردنی بینای تازە لەهەموو قەزاو ناحیەکان رادەستی پارێزگاری دهۆك كرد تاوەكو لەماوەی سێ ساڵدا بەشێك لەبیناكان دروستبكرێن « مەسعود خالد وای وت.
