هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە، کە بڕی یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵی پێ بووە. ئەمشەو، دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەرێمدا هاتووە:  هێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی وورد بە بڕیاری دادوەر لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٢ توانیان بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەنزیک ناحیەی (ژاراوە)ی ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( ١ )کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ. هاوکات لە ئێستادا تۆمەتبار بەماددەی (٢٦)لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە. 

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەمرۆوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، و شارەزایەكی كەشناسیش هۆشداری دەداتە ئەو ناوچانەی بەفری لێباریوە. پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای كەشناسی و بومەلەرزەزانی بەهاوڵاتی راگەیاند، شەپۆلە بەفربارینەكەی ئێوارەی ئەمرۆ ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە و دەڵێت، ئەگەرێكی كەمی هەیە لەهەندێك ناوچە دابەزێتە خوارەوە و دامێنی ناوچە شاخاوییەكان لێی ببارێت .  دەشلێت، لەناو شارەكاندا بەفر و باران بەتێكەڵی دەبارێت و شارەكان سپی پۆش نابێت ئەم شارەزایە هۆشداری دەدات، لەو ناوچانەی پێشتر بەفری لێباریوە و پێی وایە بەپێی پێشبینییەكان، بەفرێكی زیاتریان لێدەبارێت . ئەوەشدەخاتەروو، شەپۆلەكە تا پێنج بۆ شەشی ئەم مانگە دەمێنێتەوە و كاریگەری دەبێت وتەكانی ئەم شارەزایە، دوای ئەوەدێت، ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێكی بەفر و سەرما زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە

هاوڵاتی یەپەژە لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئاسایش کە ماوەی ٩ ڕۆژە بەردەوامە ، ژنێکی ئێزدی بە ناوی کۆڤان ئیدۆ خورتۆ لە کەمپی هۆڵ ڕزگار کرد. . یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیاندا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی “ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئاسایش“ لە کامپی هۆڵ کە گیراوانی داعش و کۆچبەرەکانی سوریا و عێراقی تێدایەئەمڕۆ یەکشەممە 4ی شوباتی 2024 , کوڤان ئیدۆ خۆرتوو کە کچێکی ئێزدییە لە کەمپی هۆڵی رۆژئاوای کوردستان ئازاد کرا کە لەساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێندرابوو. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی یەپەژە بڵاوی کردۆتەوە، کۆڤان خەڵکی گوندی هێردانی سەر بە شێنگال لە باشووری کوردستانە. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، بەبەشداریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەفتەی پێشوو ڕۆژی  شەممە 27ی کانوونی دووەم، لەناو کامپی هۆڵ قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" ی لە دژی شانەکانی داعش دەستپێکرد. ئۆپەراسیۆنی "مرۆڤایەتی و ئاسایش" تیایدا هەسەدە بە بەشداری هێزەکانی هاوپەیمانان چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاواز لە کەمپەکەدا ئەنجامدەدەن، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەندامانی شانەکانی داعش و وشک کردنی بازنەکانیان و دەستگیرکردنی خراپەکاران و لەوانەش ئەوانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستیەکان و هاوکارەکانیان و هەروەها ئەوانەی بیرۆکەی ڕادیکاڵ و توندوتیژانە لەنێو منداڵاندا بڵاودەکەنەوە دەکاتە ئامانج.    

هاوڵاتی بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی  رایگەیاند، ئەو منداڵەی ئەمڕۆ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی تانجەڕۆ گیانی لەدەستداوە، بە مردنی کتوپڕ بووە و هیچ رووداوێکی بۆنی غاز و سۆپا لەو قوتابخانەیە نەبووە. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی بڵاوی کردەوە: "بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە کۆچی دوایی قوتابی لەوەند کاروان، لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی چەقڵاوای سنووری پەروەردەکەمان بەهۆی غازی سۆپاوە نەبووە، بەڵکوو هۆکاری نەخۆشی بووە."  ئاماژە بەوەش دراوە: "هیچ قوتابییەک لە سنووری پەروەردەکەمان تووشی تەنگەنەفەسی نەبوون و نەبراون بۆ نەخۆشخانە." هاوکات پزیشکی دادی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردوە، کە منداڵەکە کێشەی دڵی هەبوە و دیواری دڵی ئەستور بوەو هەر ئەوەش هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بووە. ئەمەشلەکاتێکدایە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی غازی سۆپاوە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ڕەگەزی نێر گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک قوتابی دیکەش بەهۆی غازی سۆپاکەوە تووشی هەناسەتووندی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بە مەبەستی چارسەرکردن"، بەڵام بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پەروەردەی ڕۆژهەڵآت ئەو منداڵە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیانیلەدەستاداوەو هیچ منداڵێکی دیکەش توشی تەنگەنەفەسی نەبوون بەهۆی غازەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ دووشەممە یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ ئەسیر داود غەریزی، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند "یەکەمین بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵ لە سبەینێ دووشەممەوە بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "کۆمپانیای گشتیی بازرگانی مادە خۆراکییەکان سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و مادە خۆراکییەکان لە کۆگای کۆمپانیاکەدا دانراون و داوا لە بریکارانی خۆراک دەکات سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی پشکی ھاوڵاتییان". ئەوەشی خستەڕوو "ھاوڵاتییان دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی بریکارەکانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەیان کە شیر و ھێلکە و گۆشتی مریشک و گۆشتی بە نرخی پاڵپشتیکراو لەخۆدەگرێت".  وتیشی "بڕی سێ ملیۆن فەردە ئارد ئامادەکراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بەسەر ھاوڵاتییاندا دابەشبکرێت".

هاوڵاتی  لە قوتابخانەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵان بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدا و چەند منداڵێکی دیکەش تووشی هەناسەتووندی بوون. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ لە قوتابخانەیەکی ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی غازی سۆپاوە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ لە ڕەگەزی نێر گیانی لەدەستدا". ئاماژەی بەوەشکرد "ژمارەیەک قوتابی دیکەش بەهۆی غازی سۆپاکەوە تووشی هەناسەتووندی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بە مەبەستی چارسەرکردن، هەروەها تەرمی ئەو قوتابییەی گیانی لەدەستداوە براوەتە پزیشکی دادی سلێمانی". هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ڕەتیدەکاتەوە ئەو قوتابییە بەهۆی غازی سۆپاوە گیانی لەدەستدابێت، بەڵکو ئاماژەی بەوەکردووە کە خۆی نەخۆشی لەگەڵ بووە.  

هاوڵاتی هەردوو مەکتەبی سیاسییی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان ئاشکراکرد. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە دەباشان بەڕێوەچوو، کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری  هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە : ١ - هەردوولا کۆکبووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان . ٢ - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین . ٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتووچودا لەسەر ڕێگەی هەولێر – دهۆک لە نزیک سنووری ناحیەی ڕۆڤیا کەسێک گیانی لەدەستدا.  بەرێوەبەری بنکەی هاتۆچووی ڕۆڤیا بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١١:٠٠ لەسەر ڕێگەی هەولێر - دهۆک ئۆتۆمبێلێکی جۆری کامری خۆی کێشا بە ئۆڤەر پاسی چەمە لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیا، لە ئەنجامدا شۆفێری ئۆتۆمبێلە گیانی لەدەستداوە". لەبارەی ناسنامەی شۆفێرەکەوە بەرێوەبەری بنکەی هاتۆچووی ڕۆڤیا وتی "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (عەبدولخالق محەمەد ساڵح)ە و خەڵکی شاری دهۆکە".

هاوڵاتی دادگای فیدراڵی عێراق دووبارە بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست. ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکلایینەکردەوە و دانیشتنەکەی بۆ ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخست. ئەمە نۆیەمین جارە دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان دوابخات، رۆژی ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری هەشتەم بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخستبوو، بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دیکە دواخرا. سکاڵاکە لە دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون. ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت. مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات. مادەی ٢٢: ١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن. ٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون. مادەی ٣٦: ١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان ‌و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیده‌كانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

هاوڵاتی ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە هەزار و 180 کەس، بەڵام لەو سنوورە تاوەکو ئێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە نییە. ئەمڕۆ 4ی شوباتی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی جهانی شێرپەنجە دیاریکراوە د.چەکدار ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادی بە هاوڵاتی وت "لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە گەیشتووەتە هەزار و 180 تووشبوو، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای دهۆک لە ١٢٪یە، شێرپەنجەی مەمک لە ئاستی یەکەمە و شێرپەنجەی سییەکانیش لە ئاستی دووەمە". ناوبراو وتیشی "تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان نییە بە تووشبووانی شێرپەنجە، تەنها سەنتەری تایبەت هەیە لە نەخۆشخانەی ئازادی، سەڕەرای ئەمە هەموو شتێک بۆ تووشبووان دابیندەکەین".    

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد، یەکێکیان لەمانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوت دزی لە نوێژخوێنان کردبوو. ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە هاوڵاتی ڕاگەیاند "دوای لێکوڵینەوەیەکی ورد توانیمان دوو کەس دەستگیربکەین بە تاوانی دزیکردن یەکێکیان هاوڵاتی بیانییە له مزگەوتەکانی زاخۆ دزی لە گیرفانی نوێژخوێنان کردووە، پارە و کاتژمێر وشتی دیکەی دزیوە، ئەوەی دووەمیش لە دوکانەکانی زاخۆ لاپتۆپ و کاتژمێری ئەلیکترۆنی گرانبەهای دزیوە". وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەوەشی ئاشکراکرد "تاوانباری دووەم لەماوەی مانگێکدا هەشت جار دزیکردووە، هەردووکیان بەرامبەر دادوەر دانیان بە ئەنجامدانی کردەی دزیەکە ناوە و بەپێی مادەی ٤٤٣ و ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی زیندانی کراون". بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ئەو تاوانبارەی دزی لە نوێژخوێنان کردووە هاوڵاتی تورکیایە.

هاوڵاتی درەنگانی شەوی شەممە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣،  ئەمەریکا و بەریتانیا هێرشی ئاسمانیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن. ئەم هێرشانە بە پشتیوانی هەریەک لە وڵاتانی ئۆسترالیا، بەحرەین، کەنەدا، دانیمارک، هۆڵەندا و نیوزیلەند ئەنجام دراون. بەپێی ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئەم هەشت وڵاتە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن لە یەمەن کراوەتە ئامانج. لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەربارەی ئەم هێرشە وتی "لەم ئۆپەراسیۆنەدا دامەزراوەکان و کۆگای چەک و چۆڵ و شوێنەکانی هاویشتنی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی حوسییەکان کراوەتە ئامانج". میدیاکانی سەر بە حوسییەکان لەم بارەوە ڕایانگەیاند "لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی نەهزەتین و عەتان لە باشووری سەنعای پایتەخت، هەروەها چەند ناوچەیەک لە زوممار و ئەلبەیزا و ئەلحەجە". ناوەندی هەوڵی فەرمی فەرەنسا لە زاری چەند کەسێکی نزیکی رووداوەکانەوە وتویەتی، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە سەنعا بیستراوە. هێرشەکانی شەوی شەممە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێشتر ئەمەریکا بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە سوریا و عێراق کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە. ئەمریکا لەم هێرشانەدا بۆ یەکەمجار کەڵکی لە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی B1  وەرگرت کە لە تەکساسەوە هەستابوونەوە.   ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەربارەی هێرش بۆ سەر حووسیەکان رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانی ئۆسترالیا، بەحرەیین و کەنەدا و دانیمارک و هۆڵەندا و نیوزیلەند هێرش کراوەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە یەمەن. لەم راگەیاندنەی سێنتکۆمدا هاتووە، هێرشەکانی کاتژمێر ١١:٣٠ شەو بە کاتی یەمەن ئەنجام دراون و ٣٦ خاڵ لە ١٣ شوێن کراونەتە ئامانج. وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەمبارەوە رایاگەیاند "هێرش بۆ سەر حووسییەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بەو مەبەستە بووەکە تواناکانیان کەم بکەینەوە لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییەکان و نەتوانن ببن بە هۆی نائارامی ناوچەکە". وەزیری بەرگری ئەمەریکا وتیشی، ئەم هێرشانە پەیامێکی ڕوونە بۆ حوسییەکان، ئەگەر بەردەوامبوون لە هێرش بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، زیانی زیاتریان پێ ئەگەیەنین و سزای قورستر ئەدرێن. ئێمە بۆ بەرگری کەسەکان و هەروەها بازرگانی ئازاد لە یەکێک لە سەرەکیترین رێگاکانی دەریایی دونیا هیچ دوو دڵ نین و هەموو هێزی خۆمان ئەخەینە گەڕ. لە بەرامبەردا، محەمەد ئەلبخەتی، ئەندامی مەکتەب سیاسی حووسییەکان لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام ئەبن لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان لەمبارەوە رایگەیاند، ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن و بێگومان هێرشکەرەکان سزا دەدرێن و ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانی لە حووسییەکان و هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا ئێمە پاشگەز ناکاتەوە لە پشتیوانیمان لە خەڵکی غەزە.

هاوڵاتی بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە بێت ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ مووچەی کەمئەندامان دابەشدەکرێت، بەڵام کەمئەندامان ناڕەزایەتییان هەیە لە بڕ و شوێنی دابەشکردنی مووچەکەیان. موسلیم شارباژێڕی، کەمئەندام بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بڕەکەی ١٥٠ هەزار دینارە کە بڕێکی زۆر کەمە و چەند مانگ جارێک وەریدەگرین، هەروەها ئەو شوێنەی کە مووچەی کەمئەندامانی لێ دابەشدەکرێت شوێنێکی باش نییە و تەنانەت کەسانی ساغیش ناتوانن لەوێ مووچە وەربگرن". لەبارەی رۆڵی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان موسلیم شارباژێڕی ئاماژەی بەوەکرد "یەکێتیی کەمئەندامان رۆڵی لە ١٠٠٪ ی هەبووە". ناوبراو وتیشی "داواکارییەکانمان لەبارەی چارەسەکردنی کێشەی کەمئەندامان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی پێویست وەڵامان نەدراوەتەوە".

هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی، لەسەر دۆخی خراپی مووچەخۆرانی هەرێم و بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان، بە یارمەتی ڕێکخراوی داکۆک سکاڵایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات. سکاڵاکە لە لایەن ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە ئامادە کراوە کە نوێنەرایەتی ١٣ شارو شارۆچکە دەکەن لە هەرێمی کوردستاندا و بڕیاریان داوە لە ڕێگەی ڕێخراوی داکۆکەوە بگەیەندرێتە پەرلەمانی بەریتانیا. مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوەکەیاندا  لەگەڵ ئاماژەدان بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان و گوێنەگرتنی حکومەتی هەرێم لە داواکارییەکانیان و جێبەجێنەکردنیان باسیان لە هۆکاری قەیرانەکانی ڕوی لە هەرێمی کوردستان کردووە دەکەن . وێنەیەک لەو سکاڵایەی بڕیارە ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا بکرێت:

هاوڵاتی دوای هێرشەكانی  به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی ئه‌مریكا بۆسه‌ر عێراق و سوریا، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات سنورێك بۆ گرژییه‌كان دابنێن. ئەمڕۆ شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی خۆی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەکە لە دوای هێرشەكانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا و عێراق نەشاردە و داوای کرد كە رێوشوێنە جددی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی، بە پێگەی سپۆتنیکی راگەیاندوە: دوای هێرشكردنە سەر عێراق و سوریا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان نیگەرانە لە پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكان. به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی "تی-22"ی سنوری ئوردن، ئه‌مریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گروپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سوریا ده‌ستیپێكرد. ئه‌مریكا به‌ 125 موشه‌ك، 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و موشەکیشی لەو دوو وڵاته‌ خاپور كرد  و گورزه‌كان له‌ عێراق بووه‌هۆی كوژرانی 16 كه‌س و برینداربوونی 25ی دیكه‌.