هاوڵاتی سەرەرای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی دووپاتیکردۆتەوە کە ئێران پاڵپشتیکەرێکی سەرەکی حوسییەکانی یەمەنە و پشتگیری لۆجیستییان دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە و فراوانبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای ناوەراست، ئەمریکا راستەخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران بە تێوەگلانی لەو هێرشانە دریژنەکردووە. بەڵام دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا "دی ئای ئەی " کە تایبەتە بە پێدانی زانیاری بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ، لەسەر پێگە ئەلکترۆنییەکەی وردە کاری یارمەتییەکانی ئێرانی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن خستۆتەڕوو بە پێدانی موشەکی بالیستی کورت مەودا و مامناوەند و موشەکی کرۆز. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەم یارمەتییانە لە ساڵی 2015 ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە. هەر لە راپۆرتەکەی "دی ئای ئەی" دا هاتووە کە لە نێوان ساڵەکانی 2023 – 2024 سوپای ئەمریکا رێی بە 18 کەشتی ئێرانی کە چەک و مووشەک و درون و دژە تانکی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن دەگواستەوە گرتووە. هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حوسییەکان لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور مووشەکی "عاسفی" بالیستی و موشەکی "قودسی4" یان بەکارهێناوە کە هەردوو موشەکەکە لەلایەن ئیرانەوە دروست کراوە. هەروەک چۆن گروپەکە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر فرۆکە ئەمریکییەکانی نزیک یەمەن و خەلیجی عەمان موشەکی " شاهین"یان بەکارهێناوە. جێی ئاماژەیە ئەم زانیاریانە لە کاتێکدا خراونەتەڕوو کە ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەکانی پێشوودا چەند هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن بە مەبەستی بەرگرتن و کەمکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور ئەنجامدا.
هاوڵاتی قایمقامییەتی هەولێر داخستنی ١٢ بەنزینخانەی ڕاگەیاند بەهۆی ئەوەی بەنزینی کوالێت خراپیان بە هاوڵاتیان فرۆشتووە و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ نەبەزعەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند "لەدرێژەی بەدواداچوون و چاودێریكردنی لێژنەكانی پشكنین و چاودێری و چڕ كردنەوەی سەردان و پشكنینە لەناكاوەكان بۆ وێستگەكانی سوتەمەنی، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی كوالێتی خراپ و پابەندنەبوونیان بەڕێنماییەكان ١٢ وێستگەی بەنزین (بەنزینخانە) لە شاری هەولێر داخران و سزا دران لەكۆی (١٢٠) وێستگە كەپشكنینیان بۆ كراوە لە ٢٠٢٤/٢/٢ تا ٢٠٢٤/٢/٨". ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنزینخانەكان بریتین لە: وێستگەی بێداو، وێستگەی ڕزگاری، وێستگەی مەیهەن/یارا، وێستگەی پۆڕش، وێستگەی پێشمەرگە، وێستگەی پەیام، وێستگەی باواجی، وێستگەی میر، وێستگەی باخەوان، وێستگەی دەروازەی دارەتوو، وێستگەی ئاڵا، وێستگەی زەنگ.
هاوڵاتی ئەمرۆ پێنجشەمە 8/2/2024، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی فەیس بووک بڵاویکردەوە، نەخۆشخانەی 330 قەرەوێڵەی حکومی هەولێر فرۆشراوە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نەخۆشخانەکە بە زەوی و بیناوە فرۆشراوە بە کۆمپانیایەک بە قیستی 20 ساڵ و کۆمپانیاکە بە نیازە نەخۆشخانەکە بکات بە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی. هەر سەبارەت بەم بابەتە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە عەلی حەمە ساڵحەوە و ناوبراو وتی: لە ئێستادا خەریکی رێککردنەوەی بەڵگەکانم و شەو لەسەر هەژمارە تایبەتەکەی خۆم بڵاوییان دەکەمەوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودوڵەتی باشماخ ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ وڵاتی ئێران دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودوڵەتی باشماخ ڕایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم ئەو گەشتیاران دەکەینەوە کە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ وڵاتی ئێران لەئێستادا و لە ئەمڕۆوە گەشتکردن بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیانەوە تا بەرواری (٢٠٢٤/٢/١٢) رۆژی دووشەممە ڕاگیراوە". لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد "بەبۆنەی یادی رۆژی (٢٢) بەهەمەنەوە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران پشووە بۆماوەی چوار ڕۆژ ، گەشتکردن بەبێ ئۆتۆمبیل ئاساییە و هاتووچۆی بارهەڵگر و بازرگانی رانەگیراوەو ئاسایی بەردەوام دەبێت".
هاوڵاتی ئەمرۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی " ئین بی سی" لە زاری شەش بەرپرس و راوێژکاری ئیسرائیلی رایگەیاند، کە ئیسرائیل ئامادەیە لە بەرامبەر ئازاد کردنی سەرجەم بارمتەکانی لەلای بزووتنەوەی حەماس، ڕێگە بە دەرچوونی "یەحیا سنوار" ی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە بدات بۆ وڵاتێکی دیکە. ئاژانسەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانەش ئەوەی بڵاو کردەوە، ئەم بیرۆکەیە رێگە لەبەرامبەر هاتنە کایەی حوکمدارییەکی تازە لە کەرتی غەزە خۆش دەکات. ئەم قسانەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی غەزە بەردەوامەو دیپلۆماتکار و نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا و قەتەر و میسر هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خستۆتە گەڕ کە پێی ناوەتە مانگی پێنجەمەوە. هەر لەم چواچێوەیەشدا "ئەنتۆنی بلینکن" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە هەر کردەوەیەک کە ئاگری ناوچەکە زیاتر فراوان بکات ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، "هێشتا دەرفەتی وتووێژ و دانوستان ماوە". جێی ئاماژەیە ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای قبوڵ نەکردنی پێشنیارەکەی بزوتنەوەی حەماسەوە هات کە داوای کردبوو لە چوارچێوەی ئاڵوگۆری دیلەکاندا ، بۆ ماوەی چوار مانگ جەنگ لە کەرتی غەزە رابگیرێت و لەلایەن "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئەو پێشنیارە رەت کرایەوە و بە پێشنیارێکی خەیاڵی ناوی هێنا. ماوەی پێنج مانگە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە دوای پەلامارەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 ی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بە بارمتە گرتنی دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی و گواستنەوەیان بۆ ناو کەرتی غەزە و شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ئاگری جەنگەکە بەرفراوانتر دەبێت و بە ڕای چاودێرە سەربازی و سیاسییەکان رەنگە ئاگری ئەو جەنگە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە ، بەتایبەتیش لەدوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ، باڵەکانی سەر بە ئێران لە دەریای سوور و ناوچەکانی سوریا و عیراق هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە چڕتر کردۆتەوە و لە باشووری لوبنانیش حزبوڵا ماوە ماوە موشەکبارانی ناو خاکی ئیسرائیل دەکات.
هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمەریکا نابەرپرسانە هەمووشتێک ئەنجام دەدەن، ئاماژە بەوەشدەکات ئەم کارانە پاڵ بە حکومەتی عێراقەوە دەنێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەم هاوپەیمانێتییە. یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمریکا چەندین جار، نابەرپرسانە، هەموو شتێک ئەنجام دەدەن کە لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دوولایەنە تێکدەدەن، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردنی ڕوونیان ئەنجامدا و هێرشی ئاسمانیان کردە سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی بەغدای پایتەخت بەبێ گوێدانە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی و یاسا نێودەوڵەتییەکان". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم هێرشانەی ئەمەریکا هەڕەشه له ئاشتیی مەدەنی دەکات و سەروەری عێراق پێشلدەکات، هەروەها دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ کۆتایی بە ئەرکی ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێواه هەردوو وڵات هەیە". ئەم وتانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ناوچەی مشتەلی شاری بەغدا دێت کە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرى گشتىیی پهروهردهى سلێمانى له ڕێگهى نوسراوێكهوه بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی نۆی بنەڕەتی، بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پەروەردەکەی ئاگادار دەکاتەوە. دڵشاد عومهر، بهڕێوهبهرى گشتىی پهروهردهى سلێمانى نووسراوێکی ئاڕاستهى ههریهك له پهروهردهكانى (ڕۆژههڵات، ڕۆژئاوا، دهربهندیخان، چهمچهماڵ، پێنجوێن، شارباژێر، شارهزور، سهیدسادق، دوكان و قهرهداغ) كردووه لەبارەی كهمكردنهوهى پرۆگرامهكانى خوێندن ئاگاداری کردوونەتەوە. بهڕێوهبهرى گشتى پهروهردهى سلێمانى لە نووسراوێکدا بۆ ١٠ بەڕێوەبەرایەتی سنووری پەروەردەکەی ڕایگەیاندووە "ئاگادارتان دهكهینهوه، كه كهمكردنهوهى پرۆگرامهكانى خوێندن، پۆلى نۆى بنهڕهتى ناگرێتهوه و هیچ وانهیهكى پۆلى نۆیهم كورتناكرێتهوه".
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانیان دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردووەوە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان بەردەوامی هەیە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەدوای هێرشەکەی ئەمشەوی شاری بەغدا کە ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی مشتەل کرایە ئامانج و دوو سەرکردەی حزبوڵڵای عێراقی و دوو پاسەوانیان کوژران، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هێزەکانمان لە ناوچەکە دەبوو وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت "ئێمە نامانەوێت ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست ببێت و ئەمەریکا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئاگربەست کۆتایی بە گرژییەکان دەهێنێت". ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران".
هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق چوونە شوێنی ڕووداوەکەی شاری بەغدا دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە. لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایانگەیاند “تیمێکی تەکنیکی تایبەتمەند لە دەزگا ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک کە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی مەشتەل لە ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت ئەمشەو ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ کراوەتە ئامانج". ئاماژە بەوەشکراوە "لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی شێواز و سەرچاوەی بە ئامانجگرتنەکە، دوات زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە دەخەینەڕوو". ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکرد لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە، هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران". لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".
هاوڵاتی ئەمشەو لە بەغدا لە ناوچەی مەشتەل ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کرایە ئامانج ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمشەو چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایانکردووە لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە. هەروەها بەشێک لە میدیا عێراقییەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە کراوەتە ئامانج و چوار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە. هاوکات میدیای کەتائبی حزبوڵڵای عێراقی ڕایگەیاندووە "ئەبو باقر ئەلساعدی و ئەرکان ئەلعلیاوی، کە دوو فەرماندەی حزبوڵڵان و بەرپرسن لە گواستنەوەی چەک و ئۆپەراسێۆنەکانی دەرەوە، لە هێرشەکەی ناوچەی مەشتەلدا کوژران". لەبارەی هێرشەکەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پنتاگۆن" پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ئاگاداری هێرشەکەی سەر بەغداین و بەمزووانە وردەکارییەکەی ئاشکرادەکەین".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لە ساڵی 2023 تەنها سێ حاڵەتی توشبووی نوێی تالاسیمیا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند "بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی بۆ کەم بوونەوەو ڕێگڕی کردن لە توشبوون بە تالاسیمیا دانراوە لە رێگەی کۆمەڵێك رێکاری زانستی و ئیداری، کە جێبەجێدەکرێن لەلایەن سەنتەری تالاسیمیا و تاقیگەی گشتی ناوەند لە سلێمانی، پشکنینی پێش هاوسەرگیری بۆهەموو ئەو هاوڵاتییانە بکرێت، کە تازە ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن یان پشکنینی بۆ دایکانی دووگیان کە دایك یان باوك تووشبووی تالاسیمیابوون بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتی کۆرپەکانیان". ئاماژە بەوەشکراوە "بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە حاڵەتەکانی تووشبووی نوێ بە تالاسیمیا بەڕێژەی بەرچاو ڕووی لە کەمیکردووە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک دەستگیرکردنی خاوەن دەرمانخانەیەکی ڕاگەیاند و کۆگایەکی دەرمانیشی داخست. ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، خاوەن دەرمانخانەیەکمان دەستگیرکردووە کە دەرمانی قاچاغ و بێ مۆڵەتی لەناو باڵەخانەیەکی شارەکەدا کۆگا کردبوو و ئامادەکاری دەکرد بە هاوڵاتییانی بفرۆشێت". ئاماژە بەوەشکراوە "هێزەکانیان دەستیان بەسەر ئەو دەرمانە قاچاغەدا گرتووە کە تۆمەتبار لەناو باڵەخانەیەکی شارەکەدا کۆگای کردبوو و ئامادەکاری دەکرد لە چەند رۆژی داهاتوودا بیفرۆشێت، تۆمەتبار ڕەوانەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
هاوڵاتی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رێککەوتنێکی نوێیان لەسەر پرسی داخستنی مەرزە لاوەکییەکان و بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوێ و رێگەگرتن لە کاری قاچاخچێتی واژۆکرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پابەند دەبێت کە رێگە بە کردنەوەی هیچ دەروازەیەکی سنووریی نوێ نەدات، بەبێ رەزارمەنی و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق. یەکێکی دیكە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی عێراق و ئێران، دەستنیشانکردنی ئەو دەروازە لاوەکییانەیە، کەوا بۆ کاری قاچاغچێتی بەکاردەهێندرێت بەدرێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات بەمەبەستی داخستنیان. دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتن کراوە عێراق ساڵنامەی کشتوکاڵی خۆی پێشکەش بە ئێران بکات، تاوەکو لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە رێگری بکرێت لە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی قەدەغە دەکرێن. بەپێی رێککەوتنی نێوان دەستەی دەروازەی سنوورییەکانی عێراق و لایەنی ئێرانی، کاردەکرێت بۆ کاراکردنی گواستنەوەی ترانزێت لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیكە لە رێگەی عێراقەوە. یەکێکی دیكە لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، قەدەغەکردنی وەرگرتنی باجی نایاساییە لە دەروازە سنوورییەکان.
سازگار ئەحمەد بەرپرسانی کورد لەخانەقین منداڵەکانیان لەقوتابخانە کوردییەکان دەردەهێنن و دەیانگوێزنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبیەکان بەهۆی ئەوەی ترسیان لەئایندەی منداڵەکانیان هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی قوتابخانە کوردییەکان چەند مانگێک نەکرانەوە بەهۆی بایکۆتکردنی دەوامی مامۆستایانەوە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. بەشێک لەقوتابخانەکانی قەزای خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە سەر بەهەرێمی کوردستانن و خوێندن تییاندا بەزمانی کوردییە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا نزیکەی 155 قوتابییان وەرگرتووە، چونکە کەسوکاری قوتابیان هەستدەکەن ئایندەی منداڵەکانیان دەفەوتێت بەهۆی فەرامۆشکردنی خوێندنی کوردی لەشارەکەدا، بەتایبەتی لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەدەسەڵاتی هەرێم بەسەر شارەکەدا نەما. حسێن جەلال، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەخانەقین رەخنە لەبەرپرسانی کورد دەگرێت لەشارەکە لەبری ئەوەی گرفتی خوێندنی کوردی چارەسەربکەن، بەڵام منداڵەکانیان دەبەن بۆ خوێندنی عەرەبی. حسێن جەلال بەهاوڵاتی وت «پەروەردەو زمانی کوردی لەقەزای خانەقین بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و لەبری خەمخواردن لەبابەتەکە، بەرپرسان منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنگە عەرەبییەکان». گرفتەکانی خوێندنی کوردی لەخانەقین زۆرن، دیارترینیان دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانی کوردە لەشارەکە کە سەر بەپەروەردەی هەرێمی کوردستانن. مامۆستا کوردەکانی ئەو شارە هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێم لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد بەهۆی پینەدانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیداو راگرتنی پلەبەرزکرەنەوەیان. حسێن جەلال وتی «ماوەی چوار مانگە دەرگای قوتابخانە کوردییەکانی شاری خانەقین هاوشێوەی هەرێمی کوردستان داخرابوون و لەتەنیشتیان ئەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقن دەوامی ئاساییان دەکرد، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو بەرپرسان لەبری بەدەمەوەهاتنی داواکاریی مامۆستایان و چارەسەرکردنی داخستنی دەرگای قوتابخانە کوردییەکان منداڵەکانیان ناردووەتە قوتابخانە عەرەبییەکان». ئەو بەرپرسە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تەنانەت لەناو بازاڕەکاندا ناوو ناونشیانی شوێنەکان بەزمانی عەرەبین و زمانی کوردی کەمبووەتەوە. وتیشی «کوردەکانی ئەوێ زۆرینەیان خانەقینیان جێهێشتووەو چوونەتە شارەکانی سلێمانی و هەولێر». بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە، لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ژمارەی قوتابخانە کوردییەکان لە 31 قوتابخانەوە کەمبووەتەوە بۆ 22 قوتابخانە و لەبەرامبەردا ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان لە 40 قوتابخانەوە زیادیان کردووە بۆ 62 قوتابخانە. حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین رەتیدەکاتەوە کەهیچ منداڵێکی قوتابخانە کوردییەکان گواسترابنەوە بۆ قوتابخانە عەرەبییەکان. ئاماژە بەوەش دەکات کەبایکۆت لەخانەقین شکاوە بۆیە مناڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان. حەسەن تاڵەبانی بەهاوڵاتی وت «بێمووچەیی کاریگەریی زۆری لەسەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایان کردووە... ئەگەر لەخانەقین بایکۆت بەردەوام بووایە دانیشتووانی ئەوێ منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە عەرەبییەکان و بەمەش مەترسی زیاتر لەسەر خوێندنی کوردی دروست دەبوو». لەبارەی کێشەکانی خوێندنی کوردی لەو سنوورە بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین دەڵێت «تەنها کێشەی کەمی بینای قوتابخانەمان هەیەو لەڕووی پێداویستیی و کەلوپەلی خوێندنەوە کەموکوڕیمان نییە. چالاکانی مەدەنی شارەکە دەڵێن لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەخانەقین هەر کەسێک کوردبوایە دەبوو منداڵەکەی بخاتە قوتابخانەی کوردی، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو مەرجە نەماوەو هەرکەس ئازادە لەوەی منداڵەکەی دەخاتە قوتابخانەی کوردی یان عەرەبی. ئەمیر خانەقینی چالاکێکی مەدەنی خانەقینە بەهاوڵاتی وت «ساڵ بەساڵ ژمارەی ئەو قوتابییانەی دەچنە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان روو لەکەمبوونەوە دەکەن، بەپێی ئامارێک بۆ خوێندنی ئەمساڵ (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤) نزیکەی ١٥٧ قوتابی چوونەتە پۆلی یەکی بنەڕەتی قوتابخانە کوردییەکان». ئەو چالاکوانە باسی لەگرفتێکی دیکە کردو ئاماژەی بەوەدا «گرفتێکی دیکەی خوێندکارانی قوتابخانە کوردییەکانی قەزای خانەقین ئەوەیە کاتێک ١٢ی ئامادەیی تەواودەکەن بەئاسانی قبووڵناکرێن لەپەیمانگاو زانکۆ ئەهلی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، یان بەشێکی زۆریان لەزانکۆی گەرمیان وەردەگیرێن کەتاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانانی بۆ نەکراوە». وتیشی «تەنانەت لەناو فەرمانگەکانیش فەرمانبەرە کوردەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و فەرمانبەری عەرەب لەشوێنیان دادەنرێت، هەرکاتێکیش دەپرسین بۆ بەو جۆرەیە لەوەڵامدا دەڵێن تەنها رێکارێکی حکومییەو ئەنجامدەدرێت». کێشە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێکی دیکەن بۆ لاوازی زمانی کوردی لەخانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەش، چونکە لەئێستادا حکومەتی عێراق لەو ناوچانە دەسەڵاتی زۆری هەیە. کە بەبڕوای ئەمیر خانەقینی حکومەتی عێراق خوێندنی کوردی بۆ گرنگ نییە. لەسنووری قەزای خانەقین دوو جۆر قوتابخانەی کوردی هەیە، بەشێکیان سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دیالەن لەسەر حکومەتی عێراق، بەشێکی دیکەشیان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانن و لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ژمارەی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی لەخانەقین سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن سێ هەزارو ٦٥٠ مامۆستاو فەرمانبەرن. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکو ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەسەڵاتی تەواویان هەبووە، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە کورد لەو ناوچانە دەسەڵاتی لەدەستداو پرۆسەی تەعریبکردن بەفروانی لەو ناوچانە دەستیپێکرد.
هاوڵاتی دوا بە دوای قسەکانی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو جەختی کردەوە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە فەرمی دەناسێنێت، ئامادە نییە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە ببەستێت. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە رۆژی سێ شەممە ٦ی شوبات لە راگەیاندنێکدا بە ئاماژە بە گفتوگۆکانی نێوان ریاز و واشنتۆن دەربارەی رەوتی ئاشتی نێوان عەرەب و ئیسرائی وتی، هەڵوێستی روونی خۆمان لەم بارەوە گەیاندۆتە ئەمریکا. لەم راگەیاندنەدا وەزارەتی دەرەوە سعوودیە جەخت ئەکاتەوە کە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بەمەرجێک دروست دەبێت کە ئیسرائیل دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێت بە پێی سنوورە بە فەرمی ناسراوەکانی ١٩٦٧ و بە پێتەختی ئۆرشەلیمی رۆژهەڵات. هەروەها پێویستە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ کەرتی غەزە رابگرێت و " هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بکشێنەوە". چەند کاتژمێر پێش ئەم راگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی وتبووی، جۆ بایدن کۆمەڵێک پەیامی پۆزەتیڤی پێ گەیشتووە بەوەی سعوودیە و ئیسرائیل دەیانەوێت گفتووگۆکانیان دەربارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ بکەنەوە. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەم راگەیاندنەدا بە رەتکردنەوەی وتەکانی جۆن کێربی ئەڵێت، داوا لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسێنن. پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل. رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە نووسیویەتی سعوودیە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی ناوەتە لاوە. پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەم کە بەو هۆیەوە نزیک بە ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و دەرەنجام هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی لێکەوتەوە، سعوودیە و ئیسرائیل لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نزیک ببوونەوە. رۆژی ٤ی تشرینی یەکەم، ٣ رۆژ پێش هێرشی حەماس، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتانی ئیسلامی هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە ئیسلامیانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی ئەکەنەوەو بە "قومار لە سەر گای دۆڕاو" ناوی برد و هەروەها وتی بەرەی بەرگری لە ئێستادا لە هەموو کات بەهێزترەو ئیسرائیل لە شکستایە.
