هاوڵاتی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئەوەی گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان، جەختی کردەوە لەسەر پشتوانی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی لە حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە میلیشاکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە "بەرەی بەرگری" ناویان دەبەن، هەروەها وتی "ئاسایشی لوبنان کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئێران و ناوچەکە". وەزیری دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانەی بەیروت لە لایەن نوێنەری حزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامیەوە پێشوازی لێکرا. عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ گەیشتنی بە لوبنان و لە فڕۆکەخانەی بەیروت بە میدیاکانی راگەیاند "ئێران بەردەوامە لە پشتیوانییە بەهێزەکەی خۆی لە (بەرەی بەرگری) و (لوبنان) و ئێمە ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانین". حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەی قسەکانیدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزەی وەک جینۆساید ناوبرد و وتی "ئیسرائیل بە هیچکام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە". وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت "تاران واشنگتۆنی ئاگادار کردۆتەوە بە پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل و کوشتاری بەکۆمەڵ خەڵکی فەلەستین و بێگمان ئەم پشتیوانیانە شکستی لێ دەکەوێتەوە". عەبدوڵڵاهیان هەروەها وتی "ئیسرائیل دەیهەوێت ئەمریکا بخاتە ناو زەلکاوی جەنگەوە لە ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران حزبوڵڵای و بەرەی بەرگری لوبنانی وەک هێزێکی کاریگەر ناوبرد لەم سەردەمەدا کە زۆر وشیارانە خەریکی یارییە و کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵای لوبنان و ئەرتەش و دەوڵەتی لوبنان". ئەمە سێهەمجارە لە دوای دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل – حەماس وەزیری دەرەوەی ئیران سەردانی لوبنان دەکات. هاوکات ئێوارەی هەینی ٩ی شوبات، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە و هێرش کراوەتە سەر تانکێکی ئیسرائیلی. لە بەرامبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل رایگەیاند "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە گوندی مارۆن ئەلرەئس لە باشووری لوبنان و هەروەها هێرشیان کردۆتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە دوو شاری باشووری لوبنان".
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای زیاتر لە ١٠٠ ئەندام پەرلەمانی عێراق له بارهی كۆتاییهێنان به ئهركی هاوپهیمانان و هێزهكانی ئهمەریكا له ناوچەکە كۆببێتهوه. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٤ پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە کۆدەبێتەوە و له بارهی دهستدرێژییهكانی سهر سهروهریی عێراق و کۆتایی هاتن بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان گفتوگۆدەکات. ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر پێشنیار و داوای ژمارهیهك پهرلهمانتاری لایهنه شیعییهكانه، كه زیاتر له ١٠٠ واژۆیان بۆ ئهنجامدانی ئەم کۆبوونەوە نائاساییە کۆکردەوە. داواكاری و پێشنیار بۆ ئهنجامدانی كۆبوونهوهی پهرلهمانی عێراق، له دوای ئهو هێرشه دێت كه شهوی ٧ی ئهم مانگه له لایهن ئهمەریكا كرایه سهر چهند بهرپرسێكی حزبوڵڵای عێراق له ناو بهغدا و تێیدا سێ كهس كوژران، كه یهكێكیان سهركردهیهكی باڵای حزبهكه بوو.
هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن کۆمپانیای کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابین دەکرێت، دابەشی دەکات بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە ئاڕاستەی نووسینگەی بریکاری کاروباری بازرگانی کراوە، ئەو بڕە پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە رەوانە دەکرێت، بەسەر نووسینگەی وەزیری بازرگانی و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگان و بەرێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دابەش دەکرێت. ئەوەش لە نووسراوەکەدا هاتووە، بەرێوەبەرەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتى گشتی پلاندانان، کە ژمارەیان هەشت بەرێوەبەرە، هەر یەکەیان ٢٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرجدەکرێت و فەرمانبەرەکانیش ١٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، هەروەها ئەو پارەیەی لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی عێراقەوە دابیندەکرێت، بڕی ملیۆنێک دیناری بۆ وەزیری بازرگانی دەبێت و بریکارانی وەزارەت ٩٠٠ هەزار دینار وەردەگرن.
هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد بەرپرسێکی بانكی رافیدەین لە ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی بڕی زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن دیناری بردووە، ئاماژە بەوەشکراوە دادگا ئەو بەرپرسەی سزاداوە. ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند "لە ئەنجامی گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان دەستەی دەستپاکی بەرامبەر بە جێگری بەڕێوەبەری لقی خالیدییەی بانكی رافیدەین، دەركەوتووە ساڵی ٢٠٢٣ بە شێوەیەكی نایاسایی بڕی ٢٣٢ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٨٢٠ دینار کە دەکاتە ١٧٧ هەزار و ٦٢٢ دۆلاری ئەمەریكی لە بانك بردووە". دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "توانراوە پارەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ بانکەکە، هەروەها بە بڕیاری دادگا و لەسەر بنەمای مادەی ٣٦ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سپیكردنەوەی پارە تۆمەتبارەكە ١٥ ساڵ سزای زیندانیكردن و بڕی ١٠ ملیۆن دینار سزادراوە".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیردنی حەوت تۆمەتباری ڕاگەیاند بە تۆمەتی تەقەکردن و هەڕەشەکردن و دزیکردن لە هاوڵاتییان، ئەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی دیکەیان هەبووە. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە لەڕۆژی ٢٠٢٤/٢/٥ بە تۆمەتی (تەقەکردن و هەڕەشەکردن و دزیکردن) حەوت تۆمەتبار دەستگیردەکەن، هەندێک لە تۆمەتباران پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە". ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا تۆمەتباران بە مادەکانی (١٥،٤٣١،٤٣٢،٤٤٣) پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دۆسییەکانیان ڕادەستی یاسا کراون".
هاوڵاتی بەپێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، کچێکی کوردی خەڵکی شاری سنە بە ناوی وریشە مورادی، بە کۆدی ڕێکخراوەیی "جوانا سنە" و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە شەش مانگ لەمەوپێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەرە، لەلایەن لقی پێنجی دادگای شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی "بەغی"ی دراوەتە پاڵ و ئەمەش نیگەرانی ئەوەی دروستکردووە کە تۆمەتی قورس بدرێتە پاڵ ئەم ژنە چالاکە کوردە. بەپێی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، وریشە مورادی لەم حەفتانەی دواییدا دوو جار براوەتە بەردەم لقی پێنجی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران و تۆمەتی "بەغی" بە هۆی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) دراوتە پاڵ. دوای پێڕاگەیاندنی سزاکەی دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی. "بەغی" بە واتای "چالاکی چەکداری لە بەرامبەر حکومەتی ئیسلامیدا" لە ڕیزی تۆمەتە سیاسی -ئەمنییەکانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بەپێی مادەکانی ٢٨٨ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سزا دیاریکراوەکەی دەشڵێت، لە بەندکرانەوە هەتا لەسێدارەدان بگرێتەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە پێنج مانگی سەرەتای دەستبەسەرکردندا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر زەخت و گوشارەوە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها پێڕاگەیاندنی سزاکەی توانیویەتی پەیوەندی بە پارێزەرەوە بکات. وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٣ دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشاندا و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا و لە (٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣) دوای پێنج مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە. ماڵپەڕی "بێتاوان" کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە (٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) هەواڵی دەستبەسەرکردنی سێ کەسی بڵاو کردبووەوە کە یەکیان وریشە مورادی بوو. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە رێکەوتی دەستگیرکردنیان ڕایگەیاندبوو کە ئەم کەسانە ئەندامی پژاک بوون.
هاوڵاتی دوای چەندجارێک لە دواخستنی بڕیارە جارێکی دیکە دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژدنی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەند سکاڵایەکی دیکەش تاوتوێ دەکرێت. بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی بێت، رۆژی یەکشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چوار سکاڵای جیاواز کۆدەبێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بەو سکاڵایەی کە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە کە تیایدا داواکراوە مادەکانی (١، ٩، ١٥، ٢٢، ٣٦) لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ بە نا دەستووری دابنرێت کە تایبەتن بە بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان. لە رۆژی ٤ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق دانیشتنێکی لەبارەی ئەو سکاڵایە ئەنجامدا، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ١١ی ئەم مانگە دواخرا بەھۆی ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای لە کۆمیسیۆن کرد زانیاری لەسەر ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ بنێرێت، ئەو مادانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە: مادەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە (١١١) ئەندام پێکدێت. مادەی نۆیەم: هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەندرێت و، بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگداندا دابەش دەکریت. مادەی ١٥: بۆ هەرێمی کوردستان، خشتە بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەرکەزەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشانیان و بەروار و جێگەی لەدایکبوونیان تێدا تۆمارکراوە. ئەگەر لە توانادا نەبوو ئەوە بکرێت، ئەو کاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەکی دیکەی لەبارتر بۆ وەدی هێنانی مەبەستی پێویست دیاریبکات. مادەی ٢٢: ١- هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان – عێراقدا بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە ناوی پالێوراوەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستان – عێراق بکات کە رێژەیەکی ئافرەتی تێیدا بێت لە سەدا ٣٠ کەمتر نەبێت و، ناوی پالێوڕاوەکانیش بە شێوەیەک ریزبەند کرابن کە نواندنی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا گەرەنتی بکات. بە مەرجێک ژمارەی پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردندا لە سێ پالێوڕاو کەمتر نەبن. ٢- لیستی پاڵێوراوەکان لە ماوەی (١٥) رۆژدا لە رێککەوتی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکی دەستەی باڵا دەکرێت و هەموو بەڵگەنامەیەکی پێوە دەلکێندرێت کە لە مادەی ٢١دا داواکراون. مادەی ٣٦: ١- پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخاندەکرێت. پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٢- پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێن و، پاڵێوراوانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن. ٣- یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت و، كاندیدهكانى ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
هاوڵاتی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم پێنج کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە، مەهاباد و سەقز، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران برینداربوون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی ٩ی شوباتی ٢٠٢٤ هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆمەڵێک کۆڵبەریان دەستبەسەرکردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داون و لە مەودای چەند مەترێکەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون، بەم هۆیەشەوە دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی یووسف مەهابادی، تەمەن ٢٦ ساڵ و فەرزاد (ناوبانگ نادیار) کە هەردووکیان خەڵکی شاری مەهاباد بوون دەستیان بەسەختی بریندار بووە. هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی سۆران ڕەحیمی، تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز و ئەیووب مەحمودی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری بانە برینداربوون. لە درێژەی بەردەوامیی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی نیزام تەیمووری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە قاچی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
هاوڵاتی ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیای بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناوبردووە و دەڵێت تورکیا بۆردومانی ژێرخانی ئابوری ئەو ناوچەیە دەکات و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیش زەنگی مەترسی لێدەدات. لە ڕاپۆرتێکدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(هیومان ڕایتس وۆچ) ڕایگەیاندووە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ تورکیا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و مرۆی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا سەرچاوەی چەندین جۆری خزمەتگوزاری مرۆی لەو ناوچەیە براوە. هیومان ڕایتس ووۆچ هێرشەکانی تورکی لە چوارچێوەی تاوانی جەنگدا داناوەو ئاماژەی بەوەکردووە کە" ئەو هێرشانەی زیانێکی نایاسایی بە هاوڵاتیانی مەدەنی و خزمەتگوزاری و دامودەزگا مەدەنییەکان دەگەیەنن بە پێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەغەکراون و بەئامانجکردنی ژێرخانی مەدەنی بە مەبەست تاوانی جەنگە ". وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر وێستگەکانی ئاو و کارەبا و دامەزراوە نەوتییەکان و تاکە وێستگەی گاز لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، ملیۆنان کەس بێ ئا و کارەبا بوون. هەڕوەها له مانگەکانى کانوونى یەکەم و کانوونى دووەمدا دەوڵەتی تورک هێرشەکانى زیاتر کردووه و بنکەى تەندروستى و ڕێگا ستراتیژییەکان کە کارمەندانى فریاگوزاریى بەکاریدەهێنن بۆردوومان کردووه. هاوکات لە ۲۹ی کانوونی دووەم، کۆڕبەندی ناحکومی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (NES) کە هاوپەیمانێتییەکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە لە ناوچەکەدا کاردەکەن ڕایگەیاند، یەک ملیۆن کەس لە شارەکان و گوندەکان کارەبایان بڕاوە و زیاتر لە ۲ ملیۆن کەس توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەی ئاوی پاک سنوردارە لەو ناوچانەی هێرشیدەکرێتە سەر لەلایەن تورکیاوە و مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیسەوە لە بەرزبونەوەدایە. هەروەها بەهۆی هێرشەکانی مانگی ١٢ ی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان بوونەتە هۆی سنوردارکردنی توانای دابینکردنی ئۆکسجین بۆ زیاتر لە 12 نەخۆشخانەی تایبەت و گشتی ،کۆڕبەندەکە زەنگی مەترسی لێدەدات وهۆشداری دەدات لەوەی کە "قەبارەی زیانەکان لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکان هێندە زیاددەکات کە چیتر ڕێکخراوەکانی هاوکاری مرۆی توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان نامێنێت و زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە." تورکیا چەندین ساڵە ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات بە ئامانجیهێرشکردنە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چڕبونەوەی هێرشەکانی تورکیاش دوای پەسەندکردنی دەستوری ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوە ، لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان خاوەنی دەستور و بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی و هێزەکانی پاراستنی گەلیش هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە ئەمەش وای لە تورکیا کردووە وەک مەترسییەک بۆ سەر قەوارەکی بیبینێت.
هاوڵاتی ئیسرائیل دەیەوێت لە چەند ڕۆژی داهاتودا هێرشبکاتە سەر ئەو دەروازەیەی لێوەی هاوکاری مرۆی دەگەیەنرێتە غەززە وئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وجێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن. ڤیدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەئێستادا تەنھا دەروازەی گرنگ کە تایبەتە بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی کەرتی غەززە، تەنھا دەروازەی رەفەحە لەسەر سنوری میسر کە ئێستا بە وتەی بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی لە شارۆچکەی رەفەح. وتیشی، ئەمریکا لەو بارەیەوە ھۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ھێرشکردنە سەر شارۆچکەی رەفەح کە دەبێتە ھۆی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی، چونکە تەنھا دەروازەیە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی جیھان ھاوکارییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە کەرتی غەززە، بۆیە پێویستە ئیسرائیل زۆر بە وردی بیر لە بابەتێکی لەو جۆرە بکاتەوە و ژیرانە بڕیار بدات. لەهەمانکاتدا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای "X" نوسیویهتی، "نیوەی دانیشتوانی غەززە لە ئێستادا له رەفح گیریان خواردوه، هیچ شوێنێکیان نییە بچن، رێوشوێنێکی لەو شێوەیە کابوسە مرۆییەكان لە ئێستاوە خراپتر دەکات و دەرئەنجامە ناوچەییەکانی وەسفنەکراو دهبێت". هاوکات بەپێی راپۆرتێک کە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردوهتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ئێستاوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر رەفح دەستپێکردوە، هەروەها تانکەکان بۆردومانی رۆژهەڵاتی شارەکەیان کردوە. ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی کە لە ناوچەکانی دیکەی کەرتی غەززە لە شەڕ هەڵاتون، لەوێ كۆبونهتهوه ومیسر ترسی ئەوەی هەیە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ببێتە هۆی لێشاوی فەڵەستینییەکان بۆ ناو نیمچە دورگەی سینا میسر.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی بلومینگ ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدان لەپلانیدایە بۆ ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆی و سەربازییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان گەمارۆی نەوتی لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات، و چالاکوانانیش پێیان وایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئاژانسی هەواڵی بلوومینگ، رۆژی پێنج شەممە ٨ی شوبات لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توندترکردنەوەی گەمارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی رەنگە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا. چەند سەرچاوەیەکیش بەو ئاژانسەیان وتووە کۆشکی سپی لەگەڵ زیادکردن و توندترکردنەوەی گەمارۆکاندایە تەنانەت ئەگەرببێتە هۆی دروستبونی قەیران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. چالاکوانی سیاسیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی بایدن لەکاتی بانگەشەکردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی بەکاردەهێنرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی گرووپە میلیشاکان دەدەنرێت لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و ئیدارەی بایدنیش لای وایە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەبێتە هۆی لاوازبونی ئەو هێزانە.
هاوڵاتی كهشناسی ههرێم رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان له نیمچه ههورهوه بۆ ههوری تهواو دهگۆڕێت و سبهینێ شهممه ئهگهری بهرزبوونهوهی كهمێك تۆز و خۆڵ ههیه. کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، ئهمڕۆ ههینی 9ی شوباتی 2024، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە له پلهی گهرمای دوێنێ. سبەینێ شهممهش 10ی شوباتی 2024، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری هەبوونی کەمێک تۆزو خۆڵ هەیە لە کەشدا هاوکات سبەی پلەکانی گەرما بە نزیکەی یهك تــــا دوو پلە بەرزتر دەبێتهوه لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وبەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر : 18 سلێمانی : 16 دهۆک : 18 کەرکوک : 18 هەڵەبجە : 17 زاخۆ : 18 سۆران : 13 حاجی ئۆمەران : 8 گەرمیان : 21
هاوڵاتی سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە. نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، هەریەک لە عەرەب و تورکمان ڕێککەوتنیان هەیە و داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن، و کوردیش دەست لە پۆستەکە هەڵناگرێت هەربۆیە پێدەچێت یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بچێتە دادگای فیدراڵی. ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت، "کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات." ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. نەجات حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت ،"ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت." لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەچوو لە هەڵبژاردنەکەدا و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.
هاوڵاتی ماوەی هەفتەیەکە چاوەکان چونەتە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی روداوەکان و دۆخی ئێستا، "ناوی سەرکردە و شوێنەکان تێکەڵاو دەکات"، ئەوەش بوە بە بەشێک لە گاڵتەجاڕی بەلای نەیارەکانییەوە. ئەندامانی تیمەکەی بایدنیش جەخت لەسەر باشی تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەنەوە و دەڵێن: مەرج نیە هەمو کات مرۆڤ روداوەکانی لەبیر بمێنێت. جۆو بایدن، سهرۆكی ئهمهریكا له میانی گوتارێكدا سهبارهت به گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کردنەوەی دەروازەی رەفەح رایگهیاند "وەک دەزانن لە سەرەتادا (سیسی) سەرۆکی مەکسیک نەیویست دهروازهكان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات، من قسەم لەگەڵ کرد و باوهڕم پێهێنا دەروازەکان بکاتەوە". بایدن له گوتارهكهیدا عهبدولفهتاح سیسی، سهرۆكی میسری به سهرۆكی مهكسیك ناوبرد، ئهمه له كاتێكدا چهند كاتژمێرێك بهر لهو لێدوانهی سهبارهت به ههڵهكانی چهند رۆژی رابردووی رایگهیاندبوو "مێشكم لهسهرهخۆمه و یادگهم باشه". لە ماوەی رابردودا لە وتارە جیاوازەکاندا، بایدن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای تێکەڵ کرد، "مردو و ئێستا"، بۆ نمونە وتی، دوای هەڵبژاردنم بە سەرۆک چومە کۆبونەوەی لوتکەی جی حەوت و بە سەرکردەکانی دیکەم وت کە ئەمریکا گەڕایەوە!، پاشان میتران لە ئەڵمانیا، ببورە فەرەنسا، تەماشای کرد و پرسیاری کرد "تا کەی دەمێنیتەوە؟". بایدن لەم گفتوگۆیەدا ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسای لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا تیكڵاوکرد، کە دوەمیان لە ساڵی 2017وە مردوە. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی. جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.
هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەستپێدەکەنەوە. وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاند، "بۆ تاوتوێکردن و دانانی خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11ـی شوباتی 2024، لیژنەی دوو قۆڵیی سەربازیی تەکنیکیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەنەوە." هاوکات لەسەر هەمان پرس، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بابەتەکەوە ئاشکرایکرد: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، لە بەغدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بە گفتوگۆی گرووپەکانی سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی دەکاتەوە." هەروەها دەشڵێت: " هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونمان لە ئەرکی هاوبەشمان بۆ لەنێوبردنی داعش دەکەین، هەروەها گۆڕانی داهاتووی ئەرکەکەمان تاوتوێ دەکەین. هەر ئەمڕۆش نوسینگە راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند سودانی لە كۆبونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسپانیا، وتویەتی هێزەکانی عێراق توانای پێشکەوتویان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەدەستهێناوە و چیدیکە داعش جێگەی مەترسی نیە. راشیگەیاندووە، ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێ هاتووە.
