هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە مانگی یەکی ئەمساڵ ٤٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پزیشکی داد تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی، مانگی یەکی ئەمساڵ لە ٤٦ حاڵەتی تۆمارکراوی گیانلەدەستدان لە پزیشکی دادی سلێمانی، نۆیان بەهۆی سووتانەوە بووە، ئەوەش لە کاتێکدا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا هۆکاری زۆرترین گیانلەدەستدان رووداوەکانی هاتوچۆ بووە. وەک تەندروستی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، لە هۆکارەکانی تری گیانلەدەستدان لە مانگی یەکدا وەک تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، هەشت گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە، دوو حاڵەتیش بەهۆی كەوتنەوە خوارەوە و دوانیش خنکاون یەکێکیان خنکان بە غاز بووە و ئەویتریان لە ئاودا خنکاوە، ئەوانی دیکەش بە هۆکاری جیاجیا تۆمارکراون. هەر بەپێی ئامارەکە، 35 یان لەوانە لە رەگەزی نێر بوون و 11شیان لە رەگەزی مێ بوون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر پێنج تۆمەتباری دەستگیرکرد کە تاوانی رێگری و فڕوفێل و دزیکردنیان ئەنجام دابوو، بە رێگەی ئۆنلاین بەناوی فرۆشتنی کاڵاوە خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە. لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "دوای ئەنجامدانی چاودێری و بەدواداچون بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی مادەی (٤٥٢) لە یاسای سزادانی عێراقی پێنج تۆمەتبار بەناوەکانی (م ،أ ،ط) و (أ ، ح ، ن) و (ع ، ن ، ص) و (أ ، ع ، م) و (ه، ع ، ع) بە تۆمەتی رێگری و فڕوفێڵ و دزیکردن، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران". ئاماژە بەوەشکراوە "ئەم تۆمەتبارانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بانگەشەی فرۆشتنی چەند جۆرە کاڵایەکیان کردوە بەڕێگای راستەوخۆ (ئۆنڵاین)، دوای ئەوەی لەگەڵ کڕیارەکە رێکدەکەوتن و پاشان ئەو تۆمەتبارانەوە ڕێگریان لێکراوە و هێرش کراوەتە سەریان و ئازار دراون و پارەو مۆبایلەکانیان لێ سەنراوە و دواتر هەڵهاتوون".
هاوڵاتی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لهگهڵ سهرۆك و جێگران و ئهندامانی دادگای پێداچوونهوهی ههرێمی كوردستان كۆبووەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لهگهڵ سهرۆك و جێگران و ئهندامانی دادگای پێداچوونهوهی ههرێمی كوردستان كۆبووەوە، له كۆبوونهوهكهدا كە وەزیری دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكهوتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سهبارهت به یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و رەههنده دهستووری و یاساییهكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ". لای خۆیەوە سهرۆكی ههرێمی كوردستان جهختی لهوه كردهوه كه سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان و لایهنه پهیوهندیدارهكان ههموو رێكارێكی دهستووری و یاسایی دهگرنهبهر بۆ ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە را و سەرنجی بهشداربووانی كۆبوونهوه بهههند و جێی بایهخ وهردهگیرێت و كاری جددیان لهسهر دهكرێت.
هاوڵاتی بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی هەرێمی کوردستان بێت شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە سبەینێوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر حاڵەتی ئامادەباشی راگەیەندرا. کاروان عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە هاوڵاتی راگەیاند "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان سەرجەم تیمەکانمان و ئامێرە پێویستییەکانمان ئامادەکردووە و کەوتوینەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو کە بەهۆی لافاوەوە رووبدات". وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "هەر هاوڵاتییەک تووشی گرفت بێت بەهۆی لافاوەوە دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ئێمە بەدەم داواکارییەکەوە دەچین". بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان بێت لە سبەینێ چوارشەممەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت.
هاوڵاتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی تیرۆریستی داعشی راگەیاند. ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند "بە هەوڵێکی هەواڵگریی کە بریتی بوو لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی ئۆپەراسیۆنەکان، تواندرا بەرپرسی دارایی و ئیداری رێکخراوی داعش دەستگیربکرێت، دوای ئەوەی بە بەڵگەنامەی ساختەوە هاتبووە ناو عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکەی". ئاماژە بەوەشکراوە "هەوڵە هەواڵگرییەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی پاشماوەی تۆڕەکانی چەتەکانی داعش و پووچەڵکردنەوەی پلانە تیرۆریستییەکانیان بۆ ئەوەی عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدا بێت".
هاوڵاتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەرزاییەکانی گوهەرزێ و بڵاڤەیان لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. سەعدوڵلا گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گۆهەرزێ بە هاوڵاتی ی راگەیاند "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ دەوروبەری کاتژمێر ٣:٠٠ زیاتر لە دوو جار لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بەرزاییەکانی گوهەرزێ و بڵاڤە بۆردوومانکران". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانەکە له سەنتەری گوندەکە دووربووە و ئەو شوێنانەی بۆردوومانکراون ناوچەی قەدەغەکراون بۆیە نازانرێت زیانەکان چین". هەروەها بۆردوومانی ئەو ناوچانە لەکاتێکدا کە دوێنی بەهەمانشێوە لەم کاتانەدا بەچڕێ دەوروبەری گوندی سەرگەلێی لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆردومانکرد.
هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان زانیاری نوێ دەخاتەڕوو. د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران هەمواری یاسای بودجە تەواو بکات و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران". لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە مانگانە حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، هەروەها تا کۆتایی ئەم مانگە حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیاری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت". بڕیارە لەگەڵ هاتنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی عێراق وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبە دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵی فەرمانبەران بکات.
هاوڵاتی جێگری بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە شێکی زۆری مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەکانی خوێندن و هیچ مامۆستایەک سزا نادرێت. نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی هەزار و 307 ناوەندی خوێندن، هەزار و 208یان دەوامیان تێدا دەکرێت. وتیشی، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بە نەهاتو تۆمارکرابون زیاتر لە دو هەزار و 500 مامۆستابون وئەو مامۆستایانەی بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنەوە غیابدراون سزا نادرێن . ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بە دەوامکردوەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە.
هاوڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەكات منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێننەوە و توندوتیژی دژ بە منداڵان ڕابگرن. لای خۆیەوە بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی کەمپەکە و چالاکی شانەکانی داعش لە كەمپەكە، مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپەکە دەستپێکرد و لە کۆتاییدا دەستگیرکردنی دەیان کەسیان لە شانەکانی داعش راگەیاند لەگەڵ دۆزینەوەی تونێل و چەک. دوێنێ کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە توندڕەوی، رایگەیاند، داوا لە وڵاتان دەکەین منداڵەکانیان لە کەمپی هۆڵ بگەڕێننەوە، کە ڕووبەڕووی مەترسی توندڕەوی دەبنەوە. ئاماژە بەوەش كراوە، "هۆشداری لە مەترسی مانەوەی منداڵان لە ناو كامپەكە دەدەین، چونكە لەوێدا مەترسی بڵاوكردنەوەى فیكری توندڕەوی هەیە، هەروەها داوا لە دەوڵەتان دەکەین، بەردەوام بن لە لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو دڕندەییە بەكۆمەڵانەی چەتەكانی داعش ئەنجامیان داوە." ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە كامپی هۆل سەرپەرشتی نزیكەی هەشت هەزار خێزانی چەتە بیانیەکانى داعش دەكات، كە سەر بە زیاتر لە ٥٠ نەتەوەن، لە نێویاندا منداڵ و ژنی زۆر هەیە. جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئۆپەراسوێنی پاراستن و ئەمنی لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەپەژە، یەپەگە و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە كامپی هۆل ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەست بەسەر دەیان چەك و تەقەمەنی شانە نستووەكانی داعشدا گیرا.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن بڵاوى کردەوە، لە ١٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران زیاتر لە ٢١٠ هێرشیان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانیان لە عێراق، سووریا و ئوردن ئەنجامداوە. پات رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، رایگەیاند، لە ١٨ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، ٢١٠ هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و ١٨٦ سەربازییان لە عێراق و سوریا بریندار بون. وتیشی، ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی زیاتر لە ١٣٠ برینداریان کراوە و دەرکەوتووە دووچاری کێشە بوون لە مێشکیاندا، واتە لە ٪٧٠ ی بریندارەکان زیان بە مێشکیان کەوتووە. پنتاگۆن ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ پاراستنی هێزەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژدان، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوە. لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئوردن بە مووشەک و درۆن کرانە ئامانج، بەھۆیەوە سەربازانی ئەمریکی برینداربوون.
هاوڵاتی عهلی حهمهساڵح ئهندامی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، حكومهتی ههرێم سهرهڕای ئهوهی ناتوانێت موچهی كارمهندان و خانهنشینان دابینبكات، مانگانه 26.5 ههزار دۆلار دهداته راوێژكارێك. عهلی حهمهساڵح ئهندامی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە کە ڕاوێژکارێکی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا مانگانە "موچەی 16.500 دۆلار (165 گهڵا) دهدهنێ و لهگهڵ 10 ههزار دۆلار (100 گهڵا) خهرجی دیكه". ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، نوسینگهی مهسرور بارزانی سهرۆك وهزیرانی ههرێم، عهبدولمهجیدیان بەو مووچە زۆرە دامەزراندووە کە دیار نییە کێیە ، هاوکات گەر ئەو ڕاوێژکارە دهستكهوتی ههبێت له ئیشهكهیدا بهخشیش و پارهی دیكهش وهردهگرێت. وێنەیەک لە گرێبەستەکەی ئەو ڕاوێژکارە کە لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە بڵاوکراوەتەوە:
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان له نێوان نیمچه ههور بۆ ههوری تهواو دهبێت، لهسبهینێوه بارانبارین لهزۆربهی ناوچهكانی ههرێم دهستپێدهكات و پلهكانی گهرماش رو لهنزمبونهوه دهكهن. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ سێشهممه ئاسمان نیمچه ههور دهبێت له دوایی نیوهڕۆوه دهگۆڕێت بۆ ههوری تهواو، پلهكانی گهرماش كهمێك بهرزتر دهبنهوه بهراورد به تۆماركراوی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبهی چوارشهممه له كاتهكانی بهیانی ئاسمان نیمچه ههور و ههوری تهواو دهبێت له ئهنجامی كاریگهری شهپۆلێكی باران بارین له دوایی نیوهرۆ به شێوهی نمه باران سهرهتا له سنوری پارێزگای دهۆك دهستپێدهكات، رێژهی دابارین زیاد دهكات له كاتهكانی شهودا دهگۆڕێت بۆ بارانی مامناوهند وه ههندێك ناوچهش لێزمه باران و ههوره تریشقهشی لهگهڵدا دهبێت به تایبهتی له سنوری پارێزگای دهۆك و ناوچه شاخاویهكان به گشتی". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 16 سلێمانی : 17 دهۆک : 15 کەرکوک : 18 هەڵەبجە : 17 زاخۆ : 16 سۆران : 14 حاجی ئۆمەران : 8 گەرمیان : 21
هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی یەکێتیی ئەوروپا، رەخنەی توندی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گرت و داوای کرد چەکی کەمتر بدەن بە ئیسرائیل و وتی "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت و دەیەوێت خەڵک لە غەزە دەربکات. بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟" جۆزێپ بۆرێل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا دوای کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ فیلیپە لاتزارێنی، بەرپرسی ناوەندی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خەڵکی فەلەستین، لە برۆکسل ئەم قسانەی کرد و هەروەها وتیشی "پێویستی لۆژیکی بیربکەینەوە، تائێستا زۆرجار بیستوومانە کە پلەبەرزترین رێبەرەکان و وەزیرەکانی دەرەوەی دونیا هاواردەکەن خەڵکی زۆر کوژراون، بایدن دەڵێت ئەمە زۆر زۆرە. دەی ئەگەر تۆ لە سەر ئەو باوەڕەی خەڵکی زۆر کوژراون، باشتر وایە چەکی کەمتر بدەی بە ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەر بە کوژرانی خەڵک بگریت. ئەمە لۆژیکی نییە". ئاماژەی بەوەشکرد "نتانیاهۆ گوێ لە کەس ناگرێت. دەیانەوێت خەڵک لەوێ دەربکەن، بەڵام بۆ کوێ بچن؟ بچن بۆ مانگ؟ دەیانەوێت ئەم خەڵکە ببەن بۆ کوێ؟ ئەگەر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەر ئەو باوەڕەیە خەڵکی زۆر کوژراوە، باشتر وایە بیر لە چۆنیەتی دابینکردنی چەک و چۆڵ بکەنەوە". بۆرێل هەروەها رایگەیاند "ئەمە دوو ڕووییە، هەر دووبارەی بکەنەوە خەڵکانێکی زۆر دەکوژرێن، تکایە ئاگادار بن خەڵکانی زۆر ئەکوژرێن. تکایە خەڵک مەکوژن. بەڵام بەرەوامن لە پڕچەککردنی ئیسرائیل. تکایە هەر قسەکردن بەسە، بە کردەوە شتێک بکەن". ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا مافی بەرگری لە خود بۆ ئیسرائیل بە رەوا دەزانن، دوای ئەوەی نتانیاهۆ وتی دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رەفەح بە توندی رەخنەیان لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و زمانی قسەکردنیان گۆڕی. دەیڤید کامێرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوبات، لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە لە هێرشی زەمینی بۆ رەفەح، داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئەم شارە رابگرێت و بەر لە هەر کارێک بە جدی بیر لە دەرئەنجامەکەی بکاتەوە. شەوی یەکشەممە ١١ی شوبات ئیسرائیل رایگەیاند، توانیویانە لە چالاکییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا دوو بارمتە ئازاد بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رەفح و بۆمبارانکردنی ئەو شارە لە شەوی یەکشەممەدا لانیکەم ٦٧ کەس کوژران. لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی فەلەستینی لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەزەوە پەنایان هێناوەتە رەفەح. بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین دەڵیت، ئازادی ئەم دوو بارمتە ئیسرائیلییە ئەوە دەخاتەڕوو تەنها رێگەی گەڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوەیان هێرشی سەربازییە. ئیسرائیل دەڵیت، هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممە بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە کە وەک ناوچەیەکی پارێزراو راگەیاندرابوو، بە مەبەستی ئازاد کردنی فێرناندۆ سیمۆن مارمانی ٦٠ ساڵ تەمەنو نۆربێرتۆ لۆئیس هاری ٧٠ ساڵ تەمەن بوو کە بارمتە بوون لای حەماس و جەهادی ئیسلامی. ئەوترێت ئەم دوو بارمتەیە لە قاتی دووەمی بینایەک لە ناوەندی رەفەح دەستبەسەر بوون.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر داوا لە مامۆستا و خوێندکاران دەکات، سبەینێ دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پشدەر رایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین، کە سبەی سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دەستپێکردنەوەی دەوام". ئاماژە بەوەشکراوە"داوا لە کەسوکار ی خوێندکاران دەکەین کە جگەرگۆشەکانیان رەوانەی باخچەکانی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان بکەنەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەهەر ناوەندێکی خوێندن گرفتی نەبوونی مامۆستا هەبوو لە هەر پسپۆڕییەک، با بەڕێوەبەرەکان پەیوەندی بە هۆبەی خۆیەتی و میلاکی پەروەردەوە بکەن".
هاوڵاتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی دەوروبەری گوندی سەرگەلێ-یان لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرد و زیانەکان نەزانراون. بارزان سەرگەلێ، دانیشتووی گوندەکەیە و بە هاوڵاتی وت "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤ دەوروبەری گوندی سەرگەلێ-یان بۆردوومانکرد، ئەو ناوچەیەی کە بۆردوومانکراوە تەنها ٥٠٠ مەترێک لە دانیشتوانی گوند دوور بوو و دووکەڵێکی زۆر بەرزبووەتەوە". ئەمەش لەکاتێکدا لە مانگی رابردوودا تورکیا شوێنێکی بەخێوکردنی ئاژەڵداری ل ەگوندی سەرگەلێ کردە ئامانج و زیانی زۆری لێکەوتەوە.
