هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ سوپای تورکیا بە دووری ٥٠٠ مەتر دەوروبەری گوندی گوهەرزێی لە سنووری قەزای ئامێدی بە چڕی بۆردوومانکرد و زیانەکان نەزانراوە. کارڤان گوهەرزی، دانیشتووی گوندی گۆهەرزێ تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند "کاتژمێڕ ٩:٣٠ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکەکانی تورکیا دەوروبەری گوندی گۆهەرزێ-یان بۆردوومانکرد". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە تەنها ٥٠٠ مەترێک لەسەنتەری گوند دوورە، تائێستا هیچ کەسێک نەچووەتە  ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، چونکە تڕس هەیە جارێکی تر بوردوومان بکرێتەوە لەبەر ئەو کەس نازانێت زیانەکان چی بوون". ئاماژەی بەوەشکرد "بۆردوومانکردن بووەتە شتێکی ئاسایی لەژیانی ئێمە، چونکە رۆژ هەیە جارێک یان چەند جارێک ناوچەکە بۆردوومان دەکرێت، دانیشتووانی گوندەکە بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێیان هەیە".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن ئاگاداری دەرچووانی زانکۆی نیشتەجێی سنوورەکە دەکاتەوە و داوایان لێدەکات سەردانیان بکەن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی پێنجوێن رایگەیاند "بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەرچووی زانکۆن و نیشتەجێی سنووری قەزای پێنجوێنن داواکارن بکرێنە وانەبێژ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە سبەینێ پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دیوانی بەڕێوەبەرێتییەکە ئامادەبن بۆ کاری زۆرپێویست". ئاماژە بەوەشکراوە "ئەوکەسانە ئامادەبن کە دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانن و پسپۆڕییەکانی زمانەکانی کوردی –عەرەبی - ئینگلیزی، لەگەڵ زانست- کیمیا- فیزیا -بایۆلۆجی- کۆمەڵایەتیین".

هاوڵاتی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوایی سلێمانی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستگیرکرد کە کاری سیحر و جادوو و روقیەی شەرعی دەکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند "بەبریاری دادوەری لیکۆڵینەوە لە ئۆپەراسیۆنیکی سەرکەوتوودا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەماوەیەکی کەمدا توانرا سەرجەم ئەوکەسانە دەستگیر بکەن کە کاری جادوو نوشتە سیحر وروقیەی شەرعیان ئەکرد لە سنووری قەزای چەمچەماڵ". ئاماژە بەوەشکراوە "بڕیارەکە پاڵپشت بووە بە نیگەرانی و ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و مامۆستایانی ئایینی لەو جۆرە کەسانە کە هۆکارێک بوون بۆ تێکدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی خەڵک".

هاوڵاتی پارێزگای هەولێر لەبارەی پشووی سبەینێوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " لەسەرجەم دامو دەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە". لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند "سەبارەت بەو شەپۆلە باران بارینە ناوچەکەی بە گشتیی گرتووەتەوە، دواى هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و دیراسەتکردنی لایەنی پەیوەندیدار، سبەی پێنجشەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ پشوو نییە و لەسەرجەم دامو دەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە". ئاماژە بەوەشکراوە "لە ماوەى ساڵانى راابردوو و بەر لە وەرزى باران بارینى ئەمساڵ، لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى، هەموو رێکارێک لە پاککردنەوەى (ڕێرەوەکانى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار) گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاکو ئێستا بەردەوامە". ئەوەشخراوەتەڕوو "سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان (شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو، هەروەها دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارەکانە کە لە ئێستا و لە رابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو و روونەدانی کراوە، بەپێویست نازانرێت سبەی بکرێتە پشوو".

هاوڵاتی سوپای پاسدارن لە مانۆڕێکی دەریاییدا، مەشقی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئیسرائیلی کردووە لە پالماخیم. پالماخیم یەکێکە لە گەورەترین بنکەکانی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیل و بێنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، زۆرجار بە ئامادەبوون لەو بنکەیە جەختی کردووەتەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی "F35" کە لەو بنکەیە جێگیرکراوە، ئامادەی ئەوەیە فەرمانیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێران . رۆژی سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤، کۆمەڵێک ڤیدیۆ لە تەلەفیزۆنی دەوڵەتی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە کە ئەوە دەخاتەڕوو، سوپای پاسداران کۆمەڵێک تەقەمەنی پێشکەوتوو لە کەشتی و ژێردەریاییەکانەوە دەتەقێنن و میدیاکانی نزیک سوپای پاسداران وەک تەسنیم و تابناک باسیان لەوە کردووە کە ئەمە نمایشێکی سەربازیی سوپای پاسدارانە و لەو نمایشە سەربازییەدا مەشقی بە ئامانجگرتنی بنکەی  پالماخیم کراوە لە لایەن مووشەکە پێشکەوتووەکانی سوپای پاسدارانەوە. بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، سوپای پاسداران لە هێرشێکی گریمانییەدا، لە دوو شوێنەوە هێرش دەکاتە سەر بنکەی سەربازی پالماخیم. مووشەک لە جۆری "عیماد" و "قەدر" لە کەشتی جەنگی موتەهرییەوە کە کەشتییەکە توانای هەڵگرتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە بەرەو بنکەکە دەهاوێژرێن. دوو مووشەکی دوور مەودای عیماد و قەدر لەم نمایشە سەربازییەدا تەقێنران و یەکیان لە بیابانێک لە ناوەڕاستی ئێران و ئەویتریان لە دەریای عوممان کەوتە خوارەوە. حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی "ئەم هێزە بۆ یەکەمجار توانی مووشەکی بالستیکی دوور مەودا لە کەشتییەکەوە بهاوێژێت". ئاماژەی بەوەکرد "ئەم دەستکەوتە سەربازییە توانای دەریایی ئێمە زیاتر دەکات و هەر کوێمان بوێت ئەیکەینە ئامانج و کەشتییە جەنگییە زەریابڕەکانما دەتوانن لە هەر شوێنێک لە زەریاکان ئامادە بن." غوڵامعەلی رەشید، فەرماندەی کەتیبەی خاتم ئەلنەبیا، کە بنکەی سەرەکی بەرگری و هێرشی ئاسمانی ئێرانە لەم بارەوە رایگەیاند "هەر هەڵەیەکی دوژمن بەر لەوەی دەستکەوتێکی ببێت بۆ ئەوان تێچوویەکی قورسی دەبێت بۆیان". ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی "ئەم نمایشە سەربازییە و راهێنان بۆ هێرشکردنە سەر ئەم بنکە سەربازییە، پەیامێکی روونە و ئەوە دەخاتەڕوو کە توانای ئەوەمان هەیە بنکەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ترسناک و کتوپڕدا لە ناو ببەین". مەشقکردن بۆ بنکەی سەربازی پالماخیم لە سەردەمی جەنگی ئیسرائیل - حەماسدا کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت مەترسی پەرەسەندنی جەنگەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وادەی ناردنی هەمواری یاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاشکرادەکات، ئاماژە بەوەدەکات لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبوونەتەوە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "لە ماوەی ١٠ رۆژی داھاتوودا ھەمواری یاسای بودجە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ گەیشتنیشی لیژنەکەیان وردبینی بۆ بڕگە و مادە ھەموارکراوەکان دەکات و دواتر بۆ پەسەندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەکەیان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە، بۆ دیاریکردنی خشتەیەک بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بۆ ئەمساڵ و تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم یاساکەدان".

هاوڵاتی نزیکەی هەفتەیەکە ڤایرۆسێکی وەرزی لەناو منداڵان لە شاری دهۆک بڵاوبووەتەوە، تائێستا ٣٠٠ منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵکراون، تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت "دەرمانی پێویستمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی توۆشی ئەم جۆرە ڤایرۆسە بوون".  تابان فازڵ، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "هەندێک جۆری ڤایرۆس هەن زوو بڵاودەبنەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە جۆرە ڤایرۆسێک بەناوی (RCV) لەناو منداڵان بڵاوبووتەوە ئەمەش وایکردووە کە ژمارەی تووشبوون دووقات و سێ قات زیادببێت، هەروەها تائێستا لە نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان ٣٠٠ منداڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە داخڵکراون". ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم جوڕە ڤایرۆسە زیاتر تووشی سینگی منداڵ دەبێت و هەناسەی تووند دەبێت و پێویست دەکات داخڵی نەخۆشخانە بکرێت تا چارەسەری پێویست وەربگرێت، زیاتر ئەو منداڵانە تووش دەبن کە تەمەنیان لە خوار دوو ساڵە". د. نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە شاری دهۆک بە هاوڵاتی رایگەیاند "چارەسەر ئەوەیە دایکان زیاتر شیری خۆیان بە منداڵەکانیان بدەن و خۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتو، چونکە شیری دایک بەرگریی لەشی منداڵ بەهێز دەکات". ئەو پزیشکە داوا لە کەسوکاری منداڵان دەکات هەرکاتێک هەستیان کرد منداڵەکانیان نەخۆشە بەزووترین کات بیهێننە نەخۆشخانە تا ئێمەش بەزوویی چارەسەربکەین. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی وتیشی "ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەموو ساڵێک بڵاودەبێتەوە، ڤایرۆسێکی وەرزییە لەنێوان کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و سەرەتای بەهار، هەروەها دەرمان و پێداویستی تایبەت بەم ڤایرۆسە بەردەستە".

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە سوپای ئیسرائیلی لە وەڵامی ژمارەیەک هێرشی مووشەکی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر سەفدی ئیسرائیلی کە بە هۆیەوە ژنێک کوژراو هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون ،لە رێگەی چەند هێرشێکی ئاسمانییەوە بە چڕی چەند ناوچەیەکی لە باشووری لوبنان بوردومان کرد. لەمبارەیەوە وتەبێژی سووپای ئیسرائیل رایگەیاند،لە تۆڵەی هێرشە موشەکییەکەی ئەمرۆی حزبوڵای لوبنانی ، فرۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بە چڕی ناوچەکانی "عەدشیت و سوانە و جەباع و شەهابییە و بەسلایا و کەفردون و جەزینیان " لە باشووری لوبنان بوردومان کردووە . هەر بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامی بوردومانەکەی ئیسرائیل ژنێک و دوو منداڵەکەی کوژراون. سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل رایانگەیاند ، هێرشەکە لە ڕێی هەشت مووشەکی زیرەکەوە بۆ سەر چەند سەربازگەیەکی نزیک سەفد ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا ژنە سەربازێک کوژراوە  و هەشت سەربازی دیکەش بریندار بوون . دوابەدوای هێرشەکەش ئەنجومەنی جەنگ ی ئیسرائیلی بۆ چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە و پێیان وا بووە لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرژییەکانی سەرسنووری لوبنان ئیسرائیل تا ئێستا ئەمە مەترسیدارترین هێرشی حزبوڵآ بووە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل. لە لایەکی دیکەوە ئیتمار بن غەفیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە سەر هەژماری فەرمی خۆی لە پێگەی "ئێکس" هێرشەکەی حزبوڵای لوبنانی بە راگەیاندنی جەنگ وەسف کرد و داوای لە دەوڵەت و سوپای ئیسرائیلی کرد لەسەر سنوورەکانی لوبنان ئیسرائیل  دەست بکەن بە بەدیهێنانی  گۆرانکارییەکی بنچینەیی . جێی ئاماژەیە دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەزە، سەر سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنانیش گرژییەکی زۆری بە خۆوە بینیوە و چەکدارەکانی بزوتنەوەی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل ماوە ماوە بوردومانی یەکتر دەکەن .      

هاوڵاتی چه‌ندین بیروڕای جیاواز له‌سه‌ر مێژووی ڤالانتاین هه‌یه‌، یه‌كێك له‌و بیروڕایانه‌ی کەزۆر باسدەکرێت ده‌ڵێت، له سه‌ده‌کانی سێهه‌می زایینی له‌ڕۆما، سه‌رکرده‌یه‌ک هه‌بوو به‌ناوی کلادیۆسی دووەم كه‌پێی وابوو ‌ ئه‌و سه‌ربازانه‌ی که‌هاوسه‌رگیریان نه‌كردووه‌ باشترو به‌هێزترن له‌و سه‌ربازانه‌ی که‌ ژن و منداڵیان هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ بڕیارده‌دات که‌سه‌ربازه‌کانی ئیمپڕاتوری رۆم نابێت ژن بخوازن و ده‌بێت سه‌ڵت بمێننه‌وه‌، کلۆدیۆس زۆر زاڵم بووه‌و ته‌نها بڕیار لای خۆی بووه‌و كه‌س نه‌یتوانیوه‌ پێچه‌وانه‌ی یاساكانی مامه‌ڵه‌ بكات. بەڵام ڤالا‌نتاینی قەدیس کە رەبەنێکی گاور بووە، دژی بڕیاره‌كه‌ی ئیمپڕاتۆر وەستاوەتەوە‌و ژێربه‌ژێرو بەنهێنی گرێبه‌ستی ژنهێنانی بۆ سه‌ربازه‌كان ئه‌نجامداوە. دوای ئه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆر به‌وه‌ی زانیوە، ده‌ستگیری كردووەو زیندانی کردووە، پاشان بڕیاری له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سەپاندووەو له‌ڕۆژی (14/2/270)ی زایینی لەسێدارە دراوە، دواتر پاپا رۆژی كوژرانی (ڤالا‌نتاین)ی قەدیس، كه‌بانگه‌وازی بۆ خۆشه‌ویستی و ئاشتی دەكرد، بەجه‌ژنی خۆشه‌ویستی لەقەڵەمدا.

هاوڵاتی دوانزەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران (مەجلیسی شورای ئیسلامی) رۆژی ١-٣-٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت . هاوکات هەر لەم رۆژەدا هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردنی ١ی مارسی ٢٠٢٤ لەچەند مانگ لەوە پێشەوە نیگەرانی ئەوەی لای بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دروستکردووە کەبەشداری کەم بێت. بۆیە هەوڵدەدەن لەهەموو میکانیزمێک کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی خەڵک هانبدەن بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر دەنگی پووچەڵیش بدەن، بەڵام هەر دەنگبدەن. حکومەت بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بەپەسەندکردنی دەسەڵات ناو دەبات. لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو و بەوتەی بەرپرسانی حکوومەتی و ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین رادەی بەشداری هەبوو و رادەی بەشداری بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان نزیک ٤٢ لەسەد بوو. لەحاڵێکدا باس لەوە دەکرا تەزویر کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دەنگەکان زیاتر بکرێت و بەپێی بەراوردی ژمارەیەک لەڕێکخراوە چاودێرەکان ئاستی بەشداریکردن کەمتر لە ٣٠ لەسەد بووە. لەئێستادا ئەوەی نیگەرانی لای دەسەڵات دروستکردووە ئەوەیە لەناوخۆی وڵات دەنگێکی گەورە بەرزبوەتەوە کەئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. ئەمە وایکردووە هەوڵبدەن پەنا بۆ هەموو رێگاکان بەرن بەوەی بتوانن دەنگی خەڵک رابکێشن و خەڵک ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، پێش هەڵبژاردنەکانی خولی پێشترو ئەو دەمەش کەنیگەران بوون لەوەی کە بەشداری کەم بێت، وتی:» تەنانەت رەنگە کەسانێک هەبن گلەییان لەسیستەم هەبێت و رەخنەییان ببێت، بەڵام ئەو کاتەی دێن و بەشداری هەلبژاردن ئەکەن، ماناکەی ئەوەیە ئەم چوارچێوەیان قبووڵە و متمانەیان پێی هەیەو بە سیستەمێکی شیاوی دەزانن بەوەی لەچوارچێوەی ئەو سیستەمەدا کاربکەن و بچنە پێشەوە». لەئێستاشدا دەسەڵات بەهەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خەڵک هانبدات بەشداری هەڵبژاردن بکەن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وەک پەسەندکردنی خۆی ناودەبات. لەبەرامبەردا خەڵک بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن وەک رێفراندۆم ناودەبەن.   ژمارەی نوێنەرانی مەجلیس و رەوتی خۆکاندیدکردن هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران هەر ٤ ساڵ جارێکەو ژمارەی کورسییەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ٢٩٠ کورسییە. ١٤٦ کورسی پێویستە بۆ ئەوەی رەوتێک ببێت بە زۆرینە. ناونووسین بۆ پاڵێوراوبوون لەهەڵبژاردنی دوانزەهەمین خولی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەم دەستیپێکرد بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٥ی کانوونی یەکەم بەردەوام بوو. لەم ماوەیەدا ٢٤ هەزارو ٨٢٩ کەس ناویان نووسی کە ١٢ لەسەدیان ژن بوون. بەگشتی ١٢،٠٣٣ کەس لەلایەن شورای چاودێرییەوە مۆڵەتیان پێدرا ببن بەپاڵێوراو و بەشداری هەڵبژاردن بن، واتە زیاتر لە ٥٠ لەسەدی بەشداربوان لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان رەتکراوەتەوە.   ئەوانەی بەشیاو نەزانراون بۆ پاڵێوراوبوون بەگشتی زیاتر لە ٥٠ لە سەدی ئەو کەسانەی ناویان نووسیبوو، لەلایەن شورای چاودێرییەوە شیاوبوونیان بۆ ئەوەی بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو خەڵک دەنگیان پێبدەین یان نەیدەن، رەتکراونەتەوە. ئەوانەی رەتکراونەتەوە رەخنەگرانی دەوڵەتن. ژمارەیەک لەکەسایەتییەکانی سەر بەڕەوتی «میانەڕەو»و هەروەها ژمارەیەک لەوانەی بە « ریفۆرمخواز» دەناسران و خۆیان پاڵاوتبوو رەتکراونەتەوە. ئەمەش بۆ یەکدەستکردنەوەی تەواوی مەجلیسە، واتە تەنها پاڵێوراوانی سەر بەڕەوتێکی دیاریکراو کە رەوتی بناژۆخوازەکانن دەتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوەو رەنگە لەداهاتووشدا ببنە نوێنەر.   بایکۆتی هەڵبژاردن یەکێک لەنیگەرانییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئەوەیە کە بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردندا کەم بێت. بەپێی بەراوردەکان پێدەچێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا ئاستی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەسەرجەم خولەکانی هەڵبژاردن لەئێران کەمتر بێت. ئەمەش نیگەرانی لای بەرپرسانی حکوومەتی دروستکردووە. تا ئەو ئاستەی هەوڵ دەدەن کەڵک لەهەموو مێکانیزمێک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەر لەترساندن و هەڕەشەکردن لەوەی (یارانە)، واتە ئەو بڕە پارە کەمەی کەحکوومەت ئەیدا بەخەڵک ئەبڕن تاهەڕەشەکردن لەفەرمانبەرەکان و.. . لەلایەکی ترەوە دەیانەوێت کەڵک لەهەستی ئایینی خەڵک وەربگرن بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان. ماوەیەک لەوەوپێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشنوێژی شاری مەشهەد بڵاوکرایەوە کەدەیگوت:» ئیمام مەهدی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان چاوەڕوانتانە». بەپێی راپرسییەک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤/٣ی خەڵک ئامادەنین بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن و نزیک بە ٧٥ لەسەد ئەو کەسانەی لەڕاپرسییەکەدا بەشدارییان کردووە خوازیاری رووخانی کۆماری ئیسلامین. ئەنجامی راپرسی « خەڵکی ئێران چۆن لەهەڵبژاردنەکانی ١٤٠٢ (٢٠٢٤) ئەڕوانن) کە لەلایەن ناوەندی شیکاری و راپرسی ئێرانییەکان (گمان)ەوە ئەنجام دراوەو ناوەندەکە بنکەکەی لەهۆڵەندایە، ئەوە دەرکەوتووە ٧٧ لەسەدی بەشداربوان لەو راپرسییە رایانگەیاندووە ئامادە نین دەنگ بدەن. هەروەها نزیک بە ٨ لەسەدی بەشداربوانی ئەو راپرسییە رایانگەیاندووە کەهێشتا بڕیاریان نەداوەو نزیک بە ١٥ لەسەد وتوویانە دەنگ دەدەن. بەپێی راپۆرتێک کە تەلەفیزیۆنی (ایران اینترناشناڵ) دەربارەی ئەم راپۆرتەی دامەزراوەی (گمان) بڵاوی کردۆتەوە، ئەم راپرسییە لەرێکەوتی ٣١ کانوونی دووهەم تا ٧ی شوبات بەماوەی ٨ رۆژ ئەنجام دراوەو زیاتر لە ٥٨ هەزار کەس لەناوخۆی ئێران بەشدارییان لەم راپرسییەدا کردووە. ئەم دامەزراوەیە جەختی کردۆتەوە، ئەنجامی راپرسییەکە کەسانی خوێندەوار دەگرێتەوە کەتەمەنیان سەرووی ١٩ ساڵەو نیشتەجێی ئێرانن و راپرسییەکە ٩٥ لەسەد جێی متمانەیە. بەپێی ئەم راپرسییە، لەمانگەکانی رابردوودا زۆربەی ئەو کەسانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن لەهەڵبژاردندا، بەو ئەنجامە گەیشتوون بەشداری نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ئەم راپرسییە، ٣٨ لەسەدی خەڵکی ئێران ئاگادار نین کەی هەڵبژاردنی مەجیلسی شۆڕای ئیسلامی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئەم ڕاپرسییە، خەڵک بێ هیوا بوون لەئەنجامی هەڵبژاردن لە ئێران و ٣٩ لەسەدی ئەو کەسانی ٢٠٢٠ بەشداریان لەهەڵبژاردندا کردبوو ئامادەنین بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن. تەنانەت بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان و بەپێی راپۆرتێک کەماڵپەڕی (انصاف نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەشداری لەهەڵبژارندەکانی داهاتوودا کەمتر لە ٣٠٪ دەبێت. بەپێی ئەم راپرسییە ئاستی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران نزیک ٢٢٪و لەشاری تاران کەمتر لە ١٥٪ دەبێت. شۆڕشی ژیناو کاریگەری لەسەر بایکۆت دیارترین هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بوو کەساڵی ٢٠٢٢ لەئێران سەریهەڵداو چەند مانگی خایاندو لەئێستاشدا دەسەڵات بەردەوامە لەسزادانی ئەو کەسانەی کەبەشداریان بووە لەو ناڕەزایەتییانەدا. لەخۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقز لە ١٦ی ئەیلوول دەستیپێکردو چەند مانگی خایاند بەپێی ئامارەکان نزیک بە ٦٠٠ کوس بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژران یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها نزیک بە ٢٠،٠٠٠ (بیست هەزار کەس) دەستگیرکران و ژمارەیەکیان سزای قورسی وەک ئیعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا داسەپا. لەم خۆپیشاندانەدا خەڵک لەزۆربەی شارەکان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان بەهەموو باڵەکانییەوە کردە ئامانج و دژیان دروشمیان وتەوە. بەپێی راپرسییە حکوومەتییەکان خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا کەئەوان بە (اغتشاشات (بشێوی) ١٤٠٠) ناوی ئەبەن، کاریگەری دەروونی داناوە لەسەر خەڵک کەمتمانەیان بەدەسەڵات نەبێت و بەشداری لەهەڵبژاردن نەکەن. لە هەمانکاتدا باس لەوە ئەکەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان کاریگەرییەکان هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک ئامادەنەبن بەشداری بکەن لەهەڵبژاردنەکاندا. ماڵپەڕی تابناک سەر بە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی :» تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتیە سێلێبریتییەکان و میدیاکان هاندەرن بەوەی خەڵک لەدەسەڵات سارد بکەنەوەو بەشداری نەکردن وەک بەهایەک چاوی لێدەکرێت. « ماڵپەڕی تەسنیم کە بەهەمانشێوە سەر بە سپای پاسدارانە بەتووڕەییەوە نیگەرانی خۆی لەسەر ئاستی بەربڵاوی ئەو دەنگانەی وەک دەنگی بایکۆت دەرئەکەون دەربڕیوەو نووسیویەتی ، تەنانەت ئەمجۆرە بانگەشە کردنە بۆ بەشداری نەکردن لەناو میدیای حکوومەتیشدا دەبینرێت. هەروەها دەربارەی ئەو کاسەیەتییە هونەری و وەرزشی و سیاسیانەی کە پشتیوانی بایکۆتن، زمانی هەڕەشە بەکاردەبات و ئەڵێت :» بەئاشکرا بانگەوازکردن بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێ وەک تاوان بزانریت و بانگەشەکاران دەبێ سزابدرێن.» شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەکوردستانەوە دەستیپێکردو بەشی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە، کاریگەرییە دەروونییەکانی هەر ماوەو تەنانەت هەندێک کەس ئەم دەورانە وەک دەورانی بێدەنگی ئەو شۆڕشە دەبینن و لایان وایە توانای هەیە هەردەم سەرهەڵبداتەوە. یەکێک لەکاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە، دابڕانە خەڵکە لەدەسەڵات تا ئاستێکی زۆر. تائەو ئاستەی وەک لەراپرسییەکەی ناوەندی (گمان) دا دەرئەکەوێت نزیک بە ٧٥ لەسەدی خەڵک خوازیاری رووخانی دەسەڵاتن. بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنەکان یەکێکە لەدەرکەوتەکانی ئەو دابڕانە.   یەکدەست بوونەوەی دەسەڵات یەکێکی تر لەهۆکاری ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردن زۆر بێت ئەوەیە دەسەڵات خۆی یەکدەست کردۆتەوە. ئەگەر لەساڵانی رابردوو و بەتایبەت لەدوای هاتنەسەر کاری خاتەمییەوە خەڵک لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکانیان بە سەر دوو رەوتی دیاری «ریفۆرمخواز» و « بناژۆخواز»دا دابەش دەکرد، لەئێستادا ئەو دوو بەرەیە بەجیاوازییە کەمەکەشیانەوە نەماون. ئەوەی ماوەتەوە رەوتی ناسراو بە «بناژۆخواز»ە کە خامنەیی وەک رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارو سپای پاسداران وەک باڵی سەربازی دەسەڵات روخسارەکانی ئەم رەوتەن. شورای چاودێری (شورای نگهبان) وەک فیلتەری ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پاڵاوتن ناونووس کردبوو، شیاو بوونی زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کەسەکانی بۆ بوون بەپاڵێوراو رەت کردووەتەوە، زۆربەی ئەوانەش کەڕەتکراونەتەوە کەسانێکن کە رەخنەیان هەیە لەدەوڵەتی رەئیسی یان گومان دەکەن سەر بەرەوتی خۆیان نەبن. نەبوونی ئەم دەنگە جیاوازانە ئەگەر بەڕواڵەتیش بێت، وا دەکات خەڵک کەمتر ئامادە بن بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن. پێویستە ئەوەشمان لەبیربێت بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان وەک ئەحمەدی نەژادو کەسە نزیکەکانی یان حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشتری ئێران لەبەرەی بایکۆتدان و بەتایبەت ئەحمەدی نژاد زۆر بەئاشکرا داوای بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات. حەسەن رووحانیش کە سەرۆککۆماری پێشتری کۆماری ئیسلامی بوو پێش رەئیسی و نزیک بوو لەریفۆرم خوازەکان، خۆی بۆ هەڵبژاردنی « ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری» ناونووس کردبوو، بەڵام لەلایەن شورای چاودێری لەسەر هەڵبژارنەکانەوە شیاوبوونی رەتکراوەتەوە.   کوردستان و هەڵبژاردنەکان لەئێران یەکەم هەڵبژاردن و دەنگدان کە لەئێران کرا، رێفراندۆم بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵی یان نا، لەرێکەوتی ١ی ئاپریلی ١٩٧٩، کوردستان بەزۆری ئامادە نەبوو بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. لەچەندساڵی رابردووشدا کوردستان لەچاو شوێنەکانی تری ئێران زۆر کەمتر بەشداری لەهەڵبژاردن کردووە. تەنها دەورەیەک کە کوردستان ئامادەیی بەرچاوی هەبوو لەهەڵبژاردندا، خولی یەکەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی بوو لەساڵی ١٩٩٧. ناتق نووری کەوەک کەسی بەرامبەری خاتەمی دەرکەوتبوو، نوێنەری باڵی دەسەڵاتدارو بناژۆخواز بوو و خاتەمی وەک نوێنەری باڵی ریفۆرمخواز دەرکەوتبوو. کوردستان بەهیوای ریفۆرم و وەک وەستانەوەش بەرامبەر بەپاڵێوراوی دەسەڵات، زیاترین دەنگیان بەخاتەمی دا. جگە لەو سەردەمە، لەزۆربەی زۆری هەڵبژاردنەکان لەکوردستان، ئاستی بەشداری خەڵک زۆر کەمتر بووە لەناوچەکانی تری ئیران. بەپێی ئامارە فەرمییە حکوومەتییەکان لەخولی پێشتری هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی ئاستی ٣٢ لەسەدی خەڵکی پارێزگای سنە بەشداریان لەهەلبژاردندا کردبوو. کەدوای پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کەمترین رێژەی بەشداری بووە. رێژەی بەشداری خەڵک لەپارێزگای تاران کەمتر لە ٢٢ لەسەد بووە. حزبە سیاسییەکان لەرۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بێ دوودڵی خوازیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانن، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا ناو هەندێ لەحزبەکان جۆرێک گومان هەبوو. ئەو کەسانەی لەکوردستان و پارێزگا کوردنشینەکان خۆیان پاڵاوتووە، تائێستا گومانیان هەیە بەوەی کەبتوانن ناوەندی بانگەشەکردن دابنێن. دەوترێت خاوەن دووکانەکان ئامادەنین شوێن بدەن بەپاڵێوراوان بەوەی بانگەشەی تێدا بکەن، بۆیە حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە بانگەشەکردن لە رێگای تەلەفیزیۆنەوە بێت.  

هاوڵاتی چەند بانکێکی ئەهلی مانگانە چەندین ملیۆن دینار لەڕێگەی «هەژماری من» وەکو عمولە لەمووچەی فەرمانبەران دەچننەوە، ئەوەش نیگەرانی فەرمانەبەرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن بڕەکە کەمەو جێگەی نیگەرانی نییە. وەزارەتی دارایی دەڵێت بۆ هەر فەرمانبەرێک مانگانە دوو هەزارو ٥٠٠ دینار لەمووچەکەی وەکو خزمەتگوزاریی عمولە وەردەگیرێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی لەوەزارەتی پیشمەرگە ئەو پارەیەی کە لەمووچەی پیشمەرگەیەک وەرگیراوە دەکاتە ٠.٥%. چاودێرانی دارایی پێیانوایە ئامانج لە «هەژماری من» رزگارکردنی حکومەتە لەقەیرانی نەبوونی نەختینەی دارایی، بەڵام بانکە ئەهلییەکان بەقازانج لێی دێنە دەرەوەو هەروەها بەزیانی بانکە حکومییەکان دەشکێتەوە. رۆژانە فەرمانبەران هەژماریان لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەكرێتەوە. تائێستا ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکەیان بۆ کراوە. وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی هەرێمی ‏كوردستان پێشبینی دەكات لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم فەرمانبەران بچنە ژێر چەتری پرۆژەی «هەژماری من»و دەشڵێت هەموو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان دەبێت «هەژماری من»ی بۆ بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەداهاتوودا لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە مووچەیان پێدەدرێت. دەنگۆی ئەوە لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە لەڕێگەی ئەو هەژمارە بانكییەوە ١%ی مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەشێوەی عمولە بۆ ئەو بانکە ئەهلییانەی هەژمارەکەی تێدا دروستدەکرێت )بانکی ئاڕ تی RT، بانکی بی بی ئەی سی BBAC، بانکی ئێن بی ئای NBI) ین. بەڵام وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیەی بە «بێ بنەما» وەسفكردو وتی، «هیچ بڕە پارەیەک لەفەرمانبەران وەرناگیرێت و دەنگۆی بڕینی  ١%ی مووچەی فەرمانبەران لەهەژمارەکەوە مانگانە دوورە  لەڕاستییەوە». هونەر جەمال وتەبێژی ‏وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونکردەوە کە «مانگانە تەنها بری دوو هەزارو ٥٠٠ دینار بەشێوەی عمولە بانکەکان لەمووچەخۆرانی وەردەگرن و لەبەرامبەر ئەمەشدا چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان پێشکەش دەکرێت هاوکات هیچ بڕە پارەیەکیش لەفەرمانبەران لەبەرامبەر وەرگرتنی کارتەکە وەرناگیرێت». بەڵام کارمەندێکی وەزارەتی پیشمەرگە بەهاوڵاتی رایگەیاند «بەشێک لەفەرمانبەران مووچەی مانگی یەکیان لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وەرگرتووە، تەنها لە ٠.٥%یان لێبڕاوە نەک لە ١%، بەڵام ئەگەر ببێتە لە ١% ئەوا بۆ ئێمەی فەرمانبەران زۆرەو بڕیارەکە لەبەرژەوەندیی ئێمە نابێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار نەدات کەئەو رێژەیە زیادبکرێت». لەتشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان كاركردنی لەسەر پرۆژەی (هەژماری من) دەستپێكرد، مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (٢٠٢٣) پرۆژەكە چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، كەسەرەتا وەكو تاقیكردنەوە لەنەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر كەژمارەیان ٨٤١ فەرمانبەربوون، دەستیپێكرد. لەئێستادا نزیکەی ٦٠هەزار کارت تەواو بووەو نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەر لەم مانگەوە بەهەژماری من مووچەکانیان وەردەگرن. شارەزایەکی بواری دارایی و بانکیش دەڵێت، «بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، بڕێکی پارەی خانەنشینی فەرمانبەران دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». گوڵاڵە سدیق، شارەزا لەبواری دارایی و بانک لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی راگەیاند «ئەگەربمانەوێت سەیری پێشکەوتنی ئابووری وڵاتێک بکەین دەبێت سەیری سیستمی بانکییەکەی بکەین، بەڵام ئێمە سیستمی بانکییەکەمان بەقاسەیەکی بەتاڵی حکومەتی هەرێمەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی بازرگانی و پارە پەیداکردن بۆ بانکە ئەهلییەکان». وتیشی «ئێمە لەکوردستاندا نزیکەی ٩٠ بانکی حکومیمان هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە بۆ ئەم پرۆژەی هەژماری منە، چەند بانکێکی تایبەت دەستنیشانکراون، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ عمولە وەردەگیرێت لەکاتی کردنەوەی هەژمار یان راکێشانی پارە دەبێتە داهات بۆ ئەو بانکە تایبەتانە، ئەمەش لەڕۆڵی بانکە حکومییەکان کەمدەکاتەوە». کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، گوڵاڵە سدیق ئاماژە بەوەدەکات ئەگەر هەموو فەرمانبەرێک لەکاتی راکێشانی مووچەکەی لە ١%ی عمولەی لێوەربگیرێت واتە لەهەر ١٠٠ هەزار دینارێک یەك هەزار دینار دەبێتە عمولە بۆ ئەو بانکە. وتیشی «ئەم ٩١٤ ملیار دینارە عمولەی مانگانەی دەبێتە نۆ ملیارو ١٤٠ ملیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە پارەیە بۆ بانکە حکومییەکان بووایە ئەوا داهاتێکی باش دەبوو». ئەو شارەزایە باسی لەکێشەیەکی دیکەی سیستمی هەژماری من کردو وتی «بڕیارە نزیکەی ئامێری پارە راکێشان (ئەی، تی، ئێم) دابنرێت بۆ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سلێمانی و دەوروبەری ٥٠٠ دانەی بەردەکەوێت و هەولێرو دهۆک و دەوروبەریشی ٥٠٠ دانەکەی دیکەیان بەردەکەوێت، بۆ نموونە لەسلێمانی نزیکەی ٧٠ هەزار مامۆستا هەیە، لەڕۆژی دابەشکردنی مووچە ئەم ٧٠ هەزارە پارە رادەکێشن ئەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستدەبێت، ئەمەش وادەکات کە فەرمانبەران نەتوانن لەو رۆژەی دیاریکراوە مووچەکانیان وەربگرن و پرۆسەکە بەوشێوەیە خاو بەڕێوەدەچێت». وتیشی «ئەگەر سیستمێکی بانکی رێکوپێک هەبێت و ئامێری راکێشانی پارە لەهەموو بازاڕو دوکانەکاندا هەبێت و متمانەی بانکی لەنێوان هاووڵاتییان و بانکەکاندا هەبێت ئاساییە کەپرۆژەی هەژماری من جێبەجێبکرێت لەبانکە حکومییەکاندا نەک ئەهلییەکان، چونکە کارەساتە فەرمانبەرانی بانکە حکومییەکان بێئیش بکەیت بۆ بانکە ئەهلییەکان». روونیشکردەوە «ئێمە تاوەکو ئێستا سندوقی خانەنشینیمان نییە، کاتێک پارەی مووچە کە ٩٤٤ ملیار دینارە دێتەسەر هەژماری بانکەکان، ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدەوامی ئاساییدان و هیچ خانەنشین و چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییان نییەو پێویستە خانەنشینیان لێببڕیت بڕی پارەکەیان ٧٣٢ ملیار دینارە، کاتێك لە ٧%ی بۆ خانەنشینی لێدەبڕێت دووبارە بەهۆی ئەوەی سندوقی خانەنشینی نییە، ئەو پارەیە دەبێتە داهات بۆ بانکە ئەهلییەکان». حكومەتی هەرێم پلانی هەیە چەند بانكێكی دیكەش بخاتە ناو پڕۆژەی «هەژماری من»، بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی داراییش لەئێستادا پێنج بانک بەشدارن، بەڵام بەپێی ئەو فۆڕمەی فەرمانبەران پڕیدەکەنەوە تەنها سێ بانک دانراوە، هاوکات لەنوێترین بڵاوكراوەشدا فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت ناوتۆمارکردن لەو پڕۆژەیە لەشاری سلێمانی و دهۆکیش دەستیپێکردووە. بەپێی ئەو داتاو ئامارانەی لەڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، پارەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ٩١٤ ملیار دینارە، ئەوە جگە لەهاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کەمانگانە نزیکەی ٢٥ ملیار دینارە.

شوان عەباس بەدری سزای هەزاران مامۆستای بایکۆتکردوو لەلایەن پەروەردەکانەوە هەڵوەشێنرایەوە دوای ئەوەی مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند رێکاری یاسایی دژیان دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەوامی قوتابخانەکان لەبەشێک لەقەزاکان نەکراوەتەوە دوای پێنج مانگی بەرەوام لەبایکۆت. نەژاد عەبدوڵا یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەکۆی هەزارو 307 ناوەندی خوێندن، هەزارو 208یان دەوامیان تێدادەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ناوەندەکانی خوێندنی سلێمانی دەستیان بەدەوامکردووەتەوە و پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنوری پارێزگاکە هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی بەنەهاتوو تۆمارکرابون زیاتر لەدوو هەزارو 500 مامۆستابوون، لەئێستادا زۆربەیان گەڕاونەتەوە بۆ دەوام، نەهاتنی ئەو مامۆستایانەش بەسزا هەژمار ناکرێت. ماوەی پێنج مانگە بایکۆت لەکۆیەوە هەتا گەرمیان بەردەوامە، ماوەی مانگێکیشە فشارەکانی لەڕێگەی پەروەرەکانەوە بۆ سەر مامۆستایان بەسزادانیان بەردەوامە هێشتا ١٠٠ قوتابخانە لەسلێمانی لەبایکۆتدان و هەندێک لەقەزاکانیش بەردەوامن لەبایکۆت. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ دەسپێکی فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر مامۆستایانی ناڕازی، ژمارەیەک مامۆستا گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ئەو مامۆستایانەش کە نەکەوتنە ژێرباری فشارەکان و سووربوون لەسەر داواکاری و خواستەکانیان بەشێوازی جۆراوجۆر سزادران و هەندێکیشیان راژەکانیان لەخوێندنگەکانیان گواسترایەوە. لەم رووەوە مامۆستایەکی ناڕازی بەهاوڵاتی راگەیاند، بەبێ ئاگاداری خۆم نەقڵیان کردووم بۆ خوێندنگەیەکی ترو ئەمەش جۆرێکە لەسزا. مامۆستایەکی دیکەش هەر سەبارەت بەبابەتی گواستنەوەی مامۆستایان بەهاوڵاتی وت: لەمەکتەبەکانی خۆماندا بێگومان کارەکانمان راگیراوەو تەنانەت لەناو پەروەردەکانیشدا کارەکانمان راگیراوە. مامۆستا نەسرین کەمامۆستایەکی ناڕازی سزادراوە بەهاوڵاتی وت:  «من رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەیوەندیم کردەوە بەمەکتەبەوەو چووم بۆ دەوام بەڵام رۆژی دواتر لەبەر هەندێک هۆکار نەمتوانی لەکاتی خۆیدا لەمەکتەب ئامادە بم، بەڵام دەرسی ئەخیر هەر رۆیشتمەوە بۆ خوێندنگەکەو لەکاتی وتنەوەی وانەکەمدا بەڕێوبەر دوو جار جێگرەکەی نارد بەدوامداو یەکسەر پێیان وتم، بڕۆ دەرەوە ئێمە تۆمان ناوێ و وانەبێژێکمان لەجیاتی داناویت». «بەڕێوبەرەکەم پێی وتم تازە لەلای من نەماویت، ئێمە وانەبێژێکمان هێناوەو بڕۆ بزانە لەتەربییە بۆ کوێت نەقڵ دەکەن، هەرچەندە زۆر هەوڵمداو زۆر قسەم لەگەڵ کرد بەڵام نەیخوارد، رۆژی یەکشەممەش بە یەکجار دوو فەرمانی سزام بۆ دەرچوو، خۆی لەخۆیدا ئەم فەرمانی گواستنەوەیەم بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارکرابێتمەوە یان پێم وترابێت سزایەکی نایاساییە «، مامۆستا نەسرین وادەڵێت. هاوڵاتی لەبارەی ئەم کەیسەوە پەیوەندی کرد بەمامۆستا مهاباد، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزازو ناوبراو وتی  «ئەو مامۆستایە خۆی هەر دەوامی نەکردووەو یەک رۆژ هاتووەتەوە لەدووەم وانەداو پێم وتووە کەنابێ ئیتر وا دوابکەویت، رۆژی دواتریش نەهاتەوەو تەلەفۆنم بۆ کرد وتم بۆ نایەیت بۆ دەوام، وتی، من کۆبوونەوەی ئەنجومەنم هەیەو لەوانەی کۆتاییدا دێم کاتێک کۆبوونەوەکەم تەواو بوو». مامۆستا مهاباد لەدرێژەی قسەکانیدا وتی « منیش وتم ، مادەم وایە هەر مەیەرەوە بۆ دەوام و من مامۆستایەکی تر دەخەمە شوێنی تۆ». سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سزای سەر مامۆستاکانیش، بەڕێوبەری خوێندنگەی دیاری قەزاز وتی:  «سزای ئەو مامۆستایەی باسمکرد هەڵوەشاوەتەوەو غیاباتەکانیمان هەڵوەشاندووەتەوە و تەنها فەرمانی گواستنەوەکەیمان بۆ خوێندنگەیەکی تر بۆ دەرکردووە«. لەلایەن خۆیەوە د.له‌تیف مسته‌فا ئه‌مین شاره‌زای بواری یاسایی رایگەیاند «بایكۆت و نه‌چوونی مامۆستایان بۆ هۆڵه‌كانی خوێندن حاڵه‌تێكی تاكه‌ كه‌سی یان چه‌ند كه‌سی نیه‌ تاوه‌كو باسی سه‌پاندنی رێكاره‌ كارگێڕییه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك له‌ناویاندا مامۆستا  مافیان هه‌یه‌و ئه‌ركیشیان له‌سه‌رشانه». وتیشی «مافی مامۆستایان و گشت فه‌رمانبه‌رانیش پێدانی ته‌واوی موچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانیانه‌ به‌رامبه‌ر ده‌وامی ته‌واوی ئه‌وان، واته‌ پابه‌ندیه‌كه‌ دوولایه‌نه‌، لایه‌نی یه‌كه‌م كه‌حكومه‌ته‌ ده‌بێت پابه‌ند بێت موچه‌و شایسته‌ی دارایی ته‌واوی مامۆستاو فه‌رمانبه‌ر له‌كاتی خۆیدا بدات، له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نی دووه‌م كه‌مامۆستایان و گشت فه‌رمانبه‌رانن ده‌بێت ده‌وامی ته‌واوی خۆیان بكه‌ن، كاتێك كه‌ لایه‌نی یه‌كه‌م هه‌ڵناستێت به‌پێدانی مافی ته‌واوی لایه‌نی دووه‌م، لایه‌نی دووه‌میش پابه‌ندی ده‌وامی ته‌واوی نامێنێت». «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ئه‌م نه‌چوونه‌ ده‌وامه‌ی مامۆستایان حاڵه‌تێكی تاكه‌كه‌سی یان چه‌ند كه‌سی نیه‌ تاوه‌كو باسی سه‌پاندنی رێكاره‌ كارگێڕیه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌ (غیاب) به‌نه‌هاتوو تۆمار بكرێن، واته‌ بابه‌ته‌كه‌ بابه‌تێكی كه‌مته‌رخه‌می ئیداری وه‌زیفی نیه‌ كه‌فه‌رمانبه‌رێك یان چه‌ند فه‌رمانبه‌رێك به‌ئاره‌زووی خۆیان و به‌بێ هیچ هۆكارێكی مه‌شروع و بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانیان له‌ده‌وام دابڕابێتن، به‌ڵكو ئه‌مه‌ی ئه‌مان ده‌یكه‌ن هه‌ڵوێستی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌ به‌رامبه‌ر به‌غه‌درێك و ناحه‌قییه‌ك و پیشێلكاریه‌كی مافی خۆیان كه‌ لێیان ده‌كرێت و ساڵانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوی جددی بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یان و نه‌هێشتنی ئه‌و غه‌درو پیشێلكاریه‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت» د.لەتیف مستەفا ئەمین وادەڵێت. لەبارەی بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانەوە، مامۆستا ئاوات ئازاد نوێنەری مامۆستایان بەهاوڵاتی راگەیاند : « تائێستا لەبارەی سزادان و بەردەوامبوونمان لەبایکۆت بڕیاڕمان نەداوە کەئایا گەر سزاکان هەڵبوەشێنەوە  رادەوەستین و دەگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوام دەبین». هەر سەبارەت بەسزادانی مامۆستایان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانیکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند «كۆمه‌ڵێك رێكاری‌ كارگێڕی‌ هه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ كه‌داده‌مه‌زرێت كۆمه‌ڵێك پابه‌ندی‌ هه‌یه‌، ئه‌م پابه‌ندییانه‌ یاسا دیاری‌ كردووه‌و په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌زاره‌تێك یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی‌ گشتی‌ یان شوێنێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر لایه‌نه‌ یاساییه‌كی‌ و ئێمه‌ تێكه‌ڵی‌ نابین و ته‌نها جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین».

هاوڵاتی  سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو ئەو وڵاتە سەبارەت بە ناتۆ ئیدانە دەکات و دەڵێت "لێدوانەکانی شەرمەزارکەرە". ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی ناتۆوە گەمژەیی و شەرمەزارکەر و مەترسیدارن". سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی لەوە کردەوە، کە ناتۆ ئەمەریکا و جیهان دەپارێزێت، کە سەرۆکی پێشوو "نایبینێت". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، کە جۆ بایدن هانی رووسیا دەدات هەرچییەک بیەوێت بیکات بەرامبەر بە هەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە "پارەی پێویست بە بودجەی هاوپەیمانییەکە نادات".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە مانگی یەکی ئەمساڵ ٤٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پزیشکی داد تۆمارکراون. بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی، مانگی یەکی ئەمساڵ لە ٤٦ حاڵەتی تۆمارکراوی گیانلەدەستدان لە پزیشکی دادی سلێمانی، نۆیان بەهۆی سووتانەوە بووە، ئەوەش لە کاتێکدا لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا هۆکاری زۆرترین گیانلەدەستدان رووداوەکانی هاتوچۆ بووە. وەک تەندروستی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، لە هۆکارەکانی تری گیانلەدەستدان لە مانگی یەکدا وەک تەندروستی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، هەشت گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە، دوو حاڵەتیش بەهۆی كەوتنەوە خوارەوە و دوانیش خنکاون یەکێکیان خنکان بە غاز بووە و ئەویتریان لە ئاودا خنکاوە، ئەوانی دیکەش بە هۆکاری جیاجیا تۆمارکراون. هەر بەپێی ئامارەکە، 35 یان لەوانە لە رەگەزی نێر بوون و 11شیان لە رەگەزی مێ بوون.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر پێنج تۆمەتباری دەستگیرکرد کە تاوانی رێگری و فڕوفێل و دزیکردنیان ئەنجام دابوو، بە رێگەی ئۆنلاین بەناوی فرۆشتنی کاڵاوە خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە. لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "دوای ئەنجامدانی چاودێری و بەدواداچون بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی مادەی (٤٥٢) لە یاسای سزادانی عێراقی پێنج تۆمەتبار بەناوەکانی (م ،أ ،ط) و (أ ، ح ، ن) و (ع ، ن ، ص) و (أ ، ع ، م) و (ه، ع ، ع) بە تۆمەتی رێگری و فڕوفێڵ و دزیکردن، لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کران". ئاماژە بەوەشکراوە "ئەم تۆمەتبارانە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بانگەشەی فرۆشتنی چەند جۆرە کاڵایەکیان کردوە بەڕێگای راستەوخۆ (ئۆنڵاین)، دوای ئەوەی لەگەڵ کڕیارەکە رێکدەکەوتن و پاشان  ئەو تۆمەتبارانەوە ڕێگریان لێکراوە و هێرش کراوەتە سەریان و ئازار دراون و پارەو مۆبایلەکانیان لێ سەنراوە و دواتر هەڵهاتوون".