هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی بلومینگ ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدان لەپلانیدایە بۆ ڕێگریکردن لە یارمەتییە مرۆی و سەربازییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان گەمارۆی نەوتی لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات، و چالاکوانانیش پێیان وایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئاژانسی هەواڵی بلوومینگ، رۆژی پێنج شەممە ٨ی شوبات لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توندترکردنەوەی گەمارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی رەنگە ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا. چەند سەرچاوەیەکیش بەو ئاژانسەیان وتووە  کۆشکی سپی لەگەڵ زیادکردن و توندترکردنەوەی گەمارۆکاندایە تەنانەت ئەگەرببێتە هۆی دروستبونی قەیران و  بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. چالاکوانی سیاسیش پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ئیدارەی بایدن لەکاتی بانگەشەکردن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی بەکاردەهێنرێت.  کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی گرووپە میلیشاکان دەدەنرێت لە عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و ئیدارەی بایدنیش لای وایە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئەبێتە هۆی  لاوازبونی ئەو هێزانە.

هاوڵاتی كه‌شناسی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان له‌ نیمچه‌ هه‌وره‌وه‌ بۆ هه‌وری ته‌واو ده‌گۆڕێت و سبه‌ینێ شه‌ممه‌ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی كه‌مێك تۆز و خۆڵ هه‌یه‌. کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 9ی شوباتی 2024، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە له‌ پله‌ی گه‌رمای دوێنێ.  سبەینێ شه‌ممه‌ش 10ی شوباتی 2024، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری هەبوونی کەمێک تۆزو خۆڵ هەیە لە کەشدا هاوکات سبەی  پلەکانی گەرما بە نزیکەی یه‌ك تــــا دوو پلە بەرزتر دەبێته‌وه‌ لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وبەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:  هەولێر : 18 سلێمانی : 16 دهۆک : 18 کەرکوک : 18 هەڵەبجە : 17 زاخۆ : 18 سۆران : 13 حاجی ئۆمەران : 8 گەرمیان : 21  

هاوڵاتی سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت هیچکام لە لایەنی عەرەبی و تورکمانی لەگەڵ کورد "تەنازول" بۆ یەکتری بکەن، ڕەنگە لەداهاتوودا دۆسیەی کەرکوک لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە یەکلایی بکرێتەوە. نەجات حوسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، هەریەک لە عەرەب و تورکمان ڕێککەوتنیان هەیە و داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکەن، و کوردیش دەست لە پۆستەکە هەڵناگرێت هەربۆیە پێدەچێت یەکلاکردنەوەی بابەتەکە بچێتە دادگای فیدراڵی. ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت، "کورد و برا کریستیانەکان خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنن و عەرەب و تورکمانیش بەهەمانشێوە 8 کورسییان هەیە، بۆیە هیچ لایەک تەنازول بۆ لاکەی تر ناکات، مەگەر جیابوونەوە لەنێو بەرەیەکیاندا ڕووبدات." ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کوردو ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. نەجات حسێن لەو بارەیەوە دەڵێت ،"ڕەنگە عەرەب و تورکمان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن نەکەن و دواتر مەسەلەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەکلایی بکرێتەوە، بەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود بڕیاری تر دەربکرێت." لە (18ی کانونی یەکەمی 2023) بۆ چوارەم جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراق بە کەرکوکیشەوە بەڕێوەچوو لە هەڵبژاردنەکەدا و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.  

هاوڵاتی ماوەی هەفتەیەکە چاوەکان چونەتە سەر جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر باسی روداوەکان و دۆخی ئێستا، "ناوی سەرکردە و شوێنەکان تێکەڵاو دەکات"، ئەوەش بوە بە بەشێک لە گاڵتەجاڕی بەلای نەیارەکانییەوە. ئەندامانی تیمەکەی بایدنیش جەخت لەسەر باشی تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەنەوە و دەڵێن: مەرج نیە هەمو کات مرۆڤ روداوەکانی لەبیر بمێنێت. جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ میانی گوتارێكدا سه‌باره‌ت به‌ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە و کردنەوەی دەروازەی رەفەح رایگه‌یاند "وەک دەزانن لە سەرەتادا (سیسی) سەرۆکی مەکسیک نەیویست ده‌روازه‌كان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بدات، من قسەم لەگەڵ کرد و باوه‌ڕم پێهێنا دەروازەکان بکاتەوە". بایدن له‌ گوتاره‌كه‌یدا عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسری به‌ سه‌رۆكی مه‌كسیك ناوبرد، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێك به‌ر له‌و لێدوانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی رایگه‌یاندبوو "مێشكم له‌سه‌ره‌خۆمه‌ و یادگه‌م باشه‌". لە ماوەی رابردودا لە وتارە جیاوازەکاندا، بایدن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەوروپای تێکەڵ کرد، "مردو و ئێستا"، بۆ نمونە وتی،  دوای هەڵبژاردنم بە سەرۆک چومە کۆبونەوەی لوتکەی جی حەوت و بە سەرکردەکانی دیکەم وت کە ئەمریکا گەڕایەوە!، پاشان میتران لە ئەڵمانیا، ببورە فەرەنسا، تەماشای کرد و پرسیاری کرد "تا کەی دەمێنیتەوە؟". بایدن لەم گفتوگۆیەدا ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسای لەگەڵ فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشوتری فەرەنسا تیكڵاوکرد، کە دوەمیان لە ساڵی 2017وە مردوە. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی. جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەڵام بایدن باس لە دەستکەوتی یاسادانان و سەرکەوتی زۆری لە بوارەکانی ئابووری و سیاسییدا دەکات کە پێی وایە دەبێتە جێی سەرنجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ راکێشانی دەنگدەران، بە تایبەتی کە ترەمپیش تەمەنی 76 ساڵە و گەنج نییە.

هاوڵاتی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان لیژنە‌ی باڵای سە‌ربازی عێراق و ئەمەریکا  بۆ تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق  دەستپێدەکەنەوە. وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریکا رایگەیاند، "بۆ تاوتوێکردن و دانانی خشتەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 11ـی شوباتی 2024، لیژنەی دوو قۆڵیی سەربازیی تەکنیکیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەنەوە." هاوکات  لەسەر هەمان پرس، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بابەتەکەوە ئاشکرایکرد: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، لە بەغدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەست بە گفتوگۆی گرووپەکانی سەر بە لیژنەی باڵای سەربازیی دەکاتەوە." هەروەها دەشڵێت: " هەڵسەنگاندن بۆ بەرەوپێشچوونمان لە ئەرکی هاوبەشمان بۆ لەنێوبردنی داعش دەکەین، هەروەها گۆڕانی داهاتووی ئەرکەکەمان تاوتوێ دەکەین.  هەر ئەمڕۆش نوسینگە راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند سودانی  لە كۆبونەوەکەیدا  لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسپانیا، وتویەتی هێزەکانی عێراق توانای پێشکەوتویان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر بەدەستهێناوە و چیدیکە داعش جێگەی مەترسی نیە.  راشیگەیاندووە، ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی پێ هاتووە.

هاوڵاتی سەردار نوری مامۆستایەکی شێوەکارییە لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کفری و سەرۆک بەشی شێوەکارییە، لەپاڵ مامۆستایەتی گرنگییەکی زۆری بەهونەری شانۆ داوەو جگە لەمانەش شاعیرە، سەردار نوری گربوونەوەو خۆپیشاندانی مامۆستایانی نارازی بەردەوام لەڕێگەی نواندنی شانۆوە سەرنجی خۆپیشاندەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی پەیام و ئامانجەکانی نواندەنەکانی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا وتی : ئەوەی بەگرنگم زانیوە لەناو خۆپیشاندانەکاندا لەڕێگەی نواندنی هونەرییەوە، لەڕێگەی جوڵەی جیاوازەوە، لەڕێگەی پێفۆرمانسەوە، کۆمەڵێک پەیام بنێرم، هەوڵمداوە لەڕێگەی هونەرەکەمەوە  ئەوەی بەوتار دەوترێت ئەوەی بەقسە دەوترێت، زۆربەی خەڵک لەئێستادا تاقەتی گوێگرتنی زۆری نەماوە، قسەکان زۆر زۆر دووبارەن، هەربۆیە لەقۆناغی دووەمی خۆپیشاندانەکانەوە دەستمپێکرد واتە لەدوای فشارەکانی حزبی دەسەڵاتدار بۆ کردنەوەی دەوام، هەربۆیە من پەیامێکم بەزمانێکی جیاواز بۆ حکومەت و وەزارەتی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایان و ئەو مامۆستایانە نارد کەهێشتا نەهاتوونەتە ریزی بایکۆتەوەو بۆ ئەو حزبانەشی کەدەیانەوێ لەڕێگەی فشارو هەڕەشەوە مامۆستایان بگەڕێنەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن نارد. یەکەمین نواندنم ناونا زمانی هیندییە سورەکان کەدەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و لەنواندنەکانی دیکەمدا کۆیلەیەک خۆی ئازاد دەکات بەو مانایەی کەوەرن با خۆمان ئازادبکەین و دەنگی خۆمان هەبێت و نەک حزب هەر کاتێ بیەوێ بمانهینێتە شەقام و هەر کاتێکیش بیەوێت دەرمان بکات لەشەقام، هەروەها لەنواندنێکی دیکەمدا رۆڵی مامۆستایەکی خانەنشین دەبینم کە لەتەمەنی 90 ساڵیدا دێمە ناو خۆپیشاندانەکان و بەحەماسەوە وتم رۆڵە ئەگەر ئێوە بەردەوام نەبن ئەوا دۆخەکە تا 50 ساڵی تریش هەروا بەردەوام دەبێت. پەیامیکی دیکەی نواندنەکانم لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بۆ ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرانەیە کەماوەی سێ مانگ زیاتر لەگەڵماندا بوون و بەڵام بەداخەوە دواتر بەفەرمانی حزب گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان و کەلێنێکیان خستە ناو بایکۆتی مامۆستایانەوە . بەگشتی پەیامی نواندنەکانم چەکوشێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ئەوەی شەقام چۆڵ نەکەن. سەبارەت بەپرسیارێکی هاوڵاتی لەبارەی کاردانەوەی بەرپرسانی کەرتی پەروەردە، سەردار وتی: بەداخەوە کاردانەوەکانی بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە هێشتا ئەرینی نەبووەو بەداخەوە سەرانی پەروەردە هەر لەوەزیرەوە بگرە تادەگاتە بەڕێوبەرە گشتییەکان و تادەگاتە پەروەردەی شارەکان فشارەکانیان زۆر زیاتر کردووەو دەزانم نواندنەکانی منیان بینیوە بەڵام ئیتر ئەوانیش راسپردراون بەکۆمەڵێک کارو بەڕێوەبەرەکانیان راسپاردووە بەهەرجۆرێک بێت مامۆستایان بهێننەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و ژمارەیەک مامۆستاو وانەبێژیش لەترسی فەسڵ کردن و گواستنەوە گەڕاونەتەوە، بۆیە داوا دەکەم مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ شەقام و شەرمە لەکاتێکدا هیچ داواکارییەکی مامۆستا جێبەجێ نەکراوە، مامۆستایان بگەڕێنەوە بۆ دەوام.  

هاوڵاتی کەمێک لەمەوبەر لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێك لە باشووری لوبنان بۆردومانکرا و میدیاکانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بەهۆیەوە سەركردەیەكی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی بەناوی عه‌باس ئه‌لدبس و پاسەوانێكی  بەسەختی بریندار بوون. كه‌ناڵی‌ "سكای نیوز عه‌ره‌بی‌"  له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌  له‌نزیك په‌یكه‌ری حه‌سه‌ن كامل سه‌باح له‌ ده‌روازه‌ی شاری نه‌بتییه‌ی لوبنانی به‌ ئامانجگیراوه‌ و تیایدا به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا به‌سه‌ختی‌ برینداربووه‌ له‌گه‌ڵ‌ كه‌سێكی‌ تردا كه‌ یاوه‌ری‌ بووه‌.  سه‌رچاوه‌كان به‌ سكای نیوز-یان راگه‌یاندوه‌ كه‌ "عه‌باس ئه‌لدبس ناسراو به‌ (حاجی‌ عه‌بدوڵا) به‌رپرسی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا له‌ بۆردوومانه‌كه‌دا به‌ئامانج گیراوه‌ ". هەر لەم بارەیەوە کەناڵی حەدەس بڵاویکردەوە عەباس ئەدلبس لە هێرشەکەی  ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی کوژراوە. ئەوە لە کاتێکدایە شەوی رابردوش لە ناوجەی مەشتەلی بەغدا ئۆتۆمبێلێکی دیکە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە دوو فەرماندەی باڵای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی کوژران و کەسیکی دیکەش بریندار بوو.    

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای بەسرە ڕێگریکرا لە بەقچاغبردنی زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سوتەمەنی و لە کەرکوکیش بۆرییەکی شاراوەیان کۆنترۆڵکردووە کە بۆ دزینی سوتەمەنی بەکارهێنراوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشت لەبارەی بونی گەراجێک لە ناوچەی زوبەیری پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سوتەمەنی بەکاردەهێنرێت و دەستیان بەسەر 97 تەنکەردا گرت کە بڕی سێ ملیۆن و 492 هەزار لیتر سوتەمەنی تێدا بو و ئامادە دەکرابو بۆ بەقاچاخبردن، هەر لەو پرۆسەیشدا 68 کەس دەستگیرکران. ئەوەش خراوەتە روو، تیمەکانیان لە پارێزگای کەرکوکیش  توانیان یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن دوای ئەوەی زانیاریان پێگەیشت کە بۆرییەکە بەکارهاتووە بۆ دزینی نەوت لە نزیک رێگای بەستنەوەی بەغدا و کەرکوک. ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە'' بۆرییەکە بۆ دزین و بە قاچاغبردنی نەوتی سپی بەکارهاتبوو''.  

هاوڵاتی کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی کە لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، راپۆرتی دارایی 2023ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی کۆتایی ساڵی 2023 بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکانی. ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای (DNO)ـی نەرویجی رایگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی تاوکێ بە تێکڕایی لە ئاستی (80) هەزار بەرمیل رۆژانە بەردەوام بێت، كە بەشێكی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە نرخی داشكێنراو بە هاوڵاتیانی هەرێم دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەش لەڕێگەی وشكانییەوە بۆ كڕیارانی دەگوزاێتەوە. دی ئێن ئۆ دەڵێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و پێشابووری کۆمپانیاکە کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 وەستابوو بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لە کۆتاییەکانی 2023دا بەرزبۆتەوە و بەو پێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لەو ساڵەدا تێکڕا 80 هەزار بەرمیل بووە. رونیكردوەتەوە، پێش راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمەوە؛ لە کێڵگەکانی تاوکێ و پشکبیر، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی تاوكێ رۆژانە نزیکەی (95) هەزار بەرمیل بوە. لە ساڵی 2023دا داهاتی کۆمپانیاکە 668 ملیۆن دۆلار بووە و پوختەی قازانجەکانی 218 ملیۆن دۆلار بووە، کۆمپانیاکە دەڵێت، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی کۆتایی ساڵی 2023 بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکانی. هاوکات بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە 2023دا 52 هەزار و 600 بەرمیل بووە. لەو بڕە 34 هەزار و 900 بەرمیلی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە. 14 هەزار و 200 بەرمیلیشی لە دەریای باکوور و 3 هەزار و 500 بەرمیلیشی لە رۆژئاوای ئەفریقا بەرهەمهاتووە ساڵی رابردو دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق هەناردە كردنی نەوتی خاوی لە هەرێمەوە بۆ توركیا و لەوێوە بۆ بەندەری جەیهان راگرت كە  بە نزیکەی (450) هەزار بەرمیلی رۆژانە بو، لە ئەو كاتەوە تا ئێستا رون نییە کەی دەست بە هەناردەکردنەوەی دەكرێتەوە.  

هاوڵاتی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نووسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە کردووە و تیادا داوای دانیشتنێکی نائاساییان کردووە لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ لە نووسراوێکدا ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە کرد دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای کردنەدەرەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق، لەدوای ئەو هێرشانەی کرایەسەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی کە بووە هۆی کوژرانی بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی. لەنوسراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە حکومەت ئەو یاسایە جێبەجێبکات کە ٥ی کانونی دووەمی2020 دەرکراوەو تایبەتە بە کۆتاییهێنا بە ئەرکی سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

هاوڵاتی سەرەرای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەردەوامی دووپاتیکردۆتەوە کە ئێران پاڵپشتیکەرێکی سەرەکی حوسییەکانی یەمەنە و پشتگیری لۆجیستییان دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە و فراوانبوونی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر پاپۆرە بازرگانییەکانی دەریای ناوەراست، ئەمریکا راستەخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران بە تێوەگلانی لەو هێرشانە دریژنەکردووە. بەڵام  دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمریکا "دی ئای ئەی " کە تایبەتە بە پێدانی  زانیاری بە  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ، لەسەر  پێگە ئەلکترۆنییەکەی وردە کاری یارمەتییەکانی ئێرانی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن خستۆتەڕوو بە پێدانی موشەکی بالیستی کورت مەودا و مامناوەند و موشەکی کرۆز. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە ئەم یارمەتییانە لە ساڵی 2015 ەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە. هەر لە راپۆرتەکەی "دی ئای ئەی" دا هاتووە کە لە نێوان ساڵەکانی 2023 – 2024 سوپای ئەمریکا رێی بە 18 کەشتی ئێرانی کە چەک و مووشەک و درون و دژە تانکی بۆ گروپی حوسییەکانی یەمەن دەگواستەوە گرتووە. هەروەها لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە حوسییەکان لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور  مووشەکی "عاسفی" بالیستی و موشەکی "قودسی4" یان بەکارهێناوە کە هەردوو موشەکەکە لەلایەن ئیرانەوە دروست کراوە. هەروەک چۆن گروپەکە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر فرۆکە ئەمریکییەکانی نزیک یەمەن و خەلیجی عەمان موشەکی " شاهین"یان بەکارهێناوە. جێی ئاماژەیە ئەم زانیاریانە لە کاتێکدا خراونەتەڕوو کە ئەمریکا و بەریتانیا لە ماوەکانی پێشوودا چەند هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی گروپی حوسییەکانی یەمەن بە مەبەستی بەرگرتن و کەمکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ناو دەریای سوور ئەنجامدا.  

هاوڵاتی قایمقامییەتی هەولێر داخستنی ١٢ بەنزینخانەی ڕاگەیاند بەهۆی ئەوەی بەنزینی کوالێت خراپیان بە هاوڵاتیان فرۆشتووە و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ نەبەزعەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند "لەدرێژەی بەدواداچوون و چاودێریكردنی لێژنەكانی پشكنین و چاودێری و چڕ كردنەوەی سەردان و پشكنینە لەناكاوەكان بۆ وێستگەكانی سوتەمەنی، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی كوالێتی خراپ و پابەندنەبوونیان بەڕێنماییەكان ١٢ وێستگەی بەنزین (بەنزینخانە) لە شاری هەولێر داخران و سزا دران لەكۆی (١٢٠) وێستگە كەپشكنینیان بۆ كراوە لە ٢٠٢٤/٢/٢ تا ٢٠٢٤/٢/٨". ئاماژەی بەوەشکردووە، بەنزینخانەكان بریتین لە: وێستگەی بێداو، وێستگەی ڕزگاری، وێستگەی مەیهەن/یارا، وێستگەی پۆڕش، وێستگەی پێشمەرگە، وێستگەی پەیام، وێستگەی باواجی، وێستگەی میر، وێستگەی باخەوان، وێستگەی دەروازەی دارەتوو، وێستگەی ئاڵا، وێستگەی زەنگ.

هاوڵاتی ئەمرۆ پێنجشەمە 8/2/2024، عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە پەرەی فەرمی خۆی لەسەر پێگەی فەیس بووک بڵاویکردەوە، نەخۆشخانەی 330 قەرەوێڵەی حکومی هەولێر فرۆشراوە. هەروەها ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە نەخۆشخانەکە بە زەوی و بیناوە فرۆشراوە بە کۆمپانیایەک بە قیستی 20 ساڵ و کۆمپانیاکە بە نیازە نەخۆشخانەکە بکات بە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی. هەر سەبارەت بەم بابەتە هاوڵاتی پەیوەندی کرد بە عەلی حەمە ساڵحەوە و ناوبراو وتی: لە ئێستادا خەریکی رێککردنەوەی بەڵگەکانم و شەو لەسەر هەژمارە تایبەتەکەی خۆم بڵاوییان دەکەمەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودوڵەتی باشماخ ئاگاداری ئەو کەسانە دەکاتەوە کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت بۆ وڵاتی ئێران دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگای دەروازەی مەرزی نێودوڵەتی باشماخ ڕایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم ئەو گەشتیاران دەکەینەوە کە بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ وڵاتی ئێران لەئێستادا و لە ئەمڕۆوە گەشتکردن بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیانەوە تا بەرواری (٢٠٢٤/٢/١٢) رۆژی دووشەممە ڕاگیراوە". لەبارەی هۆکارەکەیەوە ئاماژەی بەوەکرد "بەبۆنەی یادی رۆژی (٢٢) بەهەمەنەوە کە لە کۆماری ئیسلامی ئێران پشووە بۆماوەی چوار ڕۆژ ، گەشتکردن بەبێ ئۆتۆمبیل ئاساییە و هاتووچۆی بارهەڵگر و بازرگانی رانەگیراوەو ئاسایی بەردەوام دەبێت".

هاوڵاتی  ئەمرۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی " ئین بی سی" لە زاری شەش بەرپرس و راوێژکاری ئیسرائیلی رایگەیاند، کە ئیسرائیل ئامادەیە  لە بەرامبەر ئازاد کردنی سەرجەم بارمتەکانی لەلای بزووتنەوەی حەماس، ڕێگە بە دەرچوونی "یەحیا سنوار" ی سەرۆکی ئەو بزووتنەوەیە بدات بۆ وڵاتێکی دیکە. ئاژانسەکە لە زاری ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانەش ئەوەی بڵاو کردەوە، ئەم بیرۆکەیە رێگە لەبەرامبەر هاتنە کایەی حوکمدارییەکی تازە لە کەرتی غەزە خۆش دەکات. ئەم قسانەش  لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی غەزە بەردەوامەو دیپلۆماتکار و نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا و قەتەر و میسر هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ کۆتایی هاتن بە جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی خستۆتە گەڕ کە پێی ناوەتە مانگی پێنجەمەوە. هەر لەم چواچێوەیەشدا "ئەنتۆنی بلینکن" ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی لە هەر کردەوەیەک کە ئاگری ناوچەکە زیاتر فراوان بکات ئاگادار کردەوە و رایگەیاند، "هێشتا دەرفەتی وتووێژ و دانوستان ماوە". جێی ئاماژەیە ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوای قبوڵ نەکردنی پێشنیارەکەی بزوتنەوەی حەماسەوە هات کە داوای کردبوو لە چوارچێوەی ئاڵوگۆری دیلەکاندا ، بۆ ماوەی چوار مانگ جەنگ لە کەرتی غەزە رابگیرێت و لەلایەن "بنیامین نەتانیاهۆی" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئەو پێشنیارە رەت کرایەوە و بە پێشنیارێکی خەیاڵی ناوی هێنا. ماوەی پێنج مانگە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە دوای پەلامارەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 ی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بە بارمتە گرتنی دەیان هاوڵاتی ئیسرائیلی و گواستنەوەیان بۆ ناو کەرتی غەزە و شوێنەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو بزوتنەوەیە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش ئاگری جەنگەکە بەرفراوانتر دەبێت و بە ڕای چاودێرە سەربازی و سیاسییەکان رەنگە ئاگری ئەو جەنگە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە ، بەتایبەتیش لەدوای هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە ، باڵەکانی سەر بە ئێران لە دەریای سوور و ناوچەکانی سوریا و عیراق  هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە چڕتر کردۆتەوە و لە باشووری لوبنانیش حزبوڵا ماوە ماوە موشەکبارانی ناو خاکی ئیسرائیل دەکات.