هاوڵاتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) پەیامێکی ئاراستەی کوردانی کەرکوک و ناوچە کێشەلەرسەرەکان کرد و تێیدا داوا دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەرکێکی "ئاکاری و هۆشیارییەکی گرنگە"، دەشڵێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک "دهرچهیهكی گرنگە بۆ دهرچوون له دۆخی چهقبهستوو، كه ماوهی ههژده ساڵه بەڕێوه نهچووه." پەیامەکەی کەنەکە لەکاتێکدایە کە بڕیارە 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەبچێت و کەنەکە دەڵێت، "ئهمڕۆ ئێوە له بهردهم تاقیكردنهوهیهكی دیكهدان ، تاقیكردنهوهی گێڕانهوهی شوناس و پاراستنی ئهو ناسنامه كوردستانیه فرهڕەنگ و ههمه چهشنهی ئهو ناوچانه ، كه جگه له كورد گەل و پێكهاتهی دیكهش کە لەدێر زەمانەوە لەوێ نیشتەجێن و پێكهوه هاوبهشانه دهژین ، چوون بۆ ههڵبژاردن و بهشداریكردن لهو پرۆسه گرنگهدا، به تایبهت بۆ كورد ئهركێكی ئاكاری و هۆشیارییەکی گرنگە." هاوکات کەنەکە دەشڵێت، "دهكرێت بهشداری به جۆش و خرۆشی خهڵك له ههڵبژاردندا وهرچهرخانێكی نوێ دروست بكات و وهڵامدهرهوهی ههموو پیلان و بهرنامهكانی ههڵوهشانهوهی پهیوهندیهكانیش بێت، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو شارەی دێرینەی کوردستان، شاری پێکەوە ژیانی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانە." دەقی پەیامەکەی کەنەکە: پهیامی كۆنگرهی نهتهوهیی كوردستان بۆ كوردستانیانی كهركوكوك و ناوچه دابڕێنراوهكان کوردستانیانی ههموو ئهو شارو شارۆچكانهی به درێژای دەیان ساڵ رووبەڕووی ههڕهشهی راگواستن و ، ئاوارەکردن و كوشتوبڕ بوونهتهوه. رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەردەوام لەهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا ناوچەکانتاندا بووە. ئهمڕۆ ئێوە له بهردهم تاقیكردنهوهیهكی دیكهدان ، تاقیكردنهوهی گێڕانهوهی شوناس و پاراستنی ئهو ناسنامه كوردستانیه فرهڕەنگ و ههمه چهشنهی ئهو ناوچانه ، كه جگه له كورد گەل و پێكهاتهی دیكهش کە لەدێر زەمانەوە لەوێ نیشتەجێن و پێكهوه هاوبهشانه دهژین ، چوون بۆ ههڵبژاردن و بهشداریكردن لهو پرۆسه گرنگهدا، به تایبهت بۆ كورد ئهركێكی ئاكاری و هۆشیارییەکی گرنگە، بۆ ئهوهی ئهو دیرۆكی ستهمكاریه ههڵبوهشێتهوه كه هێشتا له سهر بنهمای ناسیونالیستانهی ئهویتر كاردهكات كه نهتهوهكان دهبێت سهردهست و ژێر دهست بن ، ئهم جۆره له كاركردن، پهیوهندیی نێوان پێکهاتە رەسەکانی ئهم ناوچانه تێکدەدات و له بهردهم شهڕو نائارامیدا دههێڵێتهوه ، بۆیه بهشداریكردنی ئهرێنیانهو چڕ وێنهی نێو چوار چیوهكان بهو جۆره ڕاست دهكاتهوه كه كهس خۆی لهوی تر به گهوره تر نهزانێت و پێی وانهبێت ئهو خاوهنهو ئهوانی دیكه میوانن. ههڵبژاردن دور له دهستوهردان دوور لەههوڵی ئاستەنگ کردنی ئازادی خهڵك و ململانێی نادروست و لاسارانه، گیانی پێكهوه ژیانی ئاشتیانه قوڵتر دهكات و پهیوهندی گهلان به یهكهوه تۆكمه تر دهكات ، ههروهها دهبێته هۆی ئهوهش كه دهستوهردانی دهرهكیش كه ههمیشه ڕۆڵی نهرێنی گێڕاوه له نێوان گهلان و پێكهاتهكانی كهركوك و دهورو بهری به تهواوهتی کەم بكرێتهوهو زهمینه بڕهخسێ كه نهتهوهو پێكهاتهكان له ڕێی دهنگدانی ئازادانهوه نوێنهرهكانی خۆیان ههڵبژێرن ، ههردوو دهستوهردانی دهرهكی و ناوخۆیی ، وهك دوو لەمپەر ڕێگرن لهوهی ئهو ناوچه دهوڵهمهندو خاوهن سامانه زۆرو زهوهندهی نهوت و غاز و كشتو كاڵ و پیشه سازی و شارستانیهت ئاشتی و ئارامیی و پێشكهوتن به خۆیانهوه ببینن. دەستوەردانە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکان وەک ئێران و تورکیاو ئەوانی دیکە، هەمیشە هۆکاری لێکترازان و بێ متمانەیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەریی بووە. بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا کە بووە بە کاراکتەرێکی سەرەکیی دەستوەردان لە دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان. ئهمڕۆ له ههر كات زیاتر قوڵكردنهوهی دیموكراسیهتی نێوخۆیی له كهركوك و دهوروبهری دهبێته هۆکارێکی گرنگ بۆ ئهوهی ههموو ئهو برینانهی ڕابردوو كراونهته جهستهی پهیوهندیی دیرۆكیهی نێوان مرۆڤهكان، ساڕێژ بكرێت و ئیدی به هیچ هۆیهك بیر له پهراوێزخستن و سڕینهوهی یهكتر نهكرێتهوه. ئهوهش کاتێک دهبێت كه بهشداریی ئهرێنیانهی ههڵبژاردن وهك دهرفهتێك بقۆزرێتهوه بۆ نیشاندانی خواستی گوازتنهوه له دۆخێكهوه بۆ دۆخێكی باشتر ، بێگومان ئهم كاره پێویستی بهوهیه لایهنه سیاسیه كوردیهكان و ئهو حزبانهی له كێبڕكێدان بۆ به دهستهێنانی كورسی، بیریان نهچێت ئهركی ههره گرنگی ئهوان لێبوردهیی و دوركهوتنهوه له بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و لە فهرمانی دهرهكییە. بهو شێوهیهی كه هیوا به خهڵك ببهخشن نهك شكۆی خهڵك له ڕێگهی ئهم بهرو ئهو بهركردنیانهوه بشكێنن. هەر لەسەرەتای درووستبوونی دەولەتی عێراقەوە و لە سەردەمی هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکەانی ههمیشه ههوڵدراوه بریین و درزو كهلێن بخرێته نێوان نهتهوهو گهلانی ئهم ناوچهیهوه. ههندێك ڕوداو كه ڕویانداوه چارهسهركردنیان زۆر ئاسان بووه، بهڵام له رێگهی ههموو ئهوانهی چاویان له سامان و نهوتی ئهم ناوچهیه بڕیوه كێشهكان گهوره كراونهتهوهو كراون به گرێكوێرهو وێنای ناوچهكه به شێوهیهك نیشاندراوه كه وهك بهرمیله بارودهو دهست بۆ بردنی تهنانهت بۆ چارهسهری كێشهكانیش گۆبهنیگهورهی به دوادادێت. نهیارانی ئاشتی و پێكهوه ژیانی گهلان هیچ كات نهیانهێشتتوه كهركوكیهكان بپهرژێنه سهر ئهوهی خۆیان كێشهكانی خۆیان چارهسهر بكهن. دهكرێت بهشداری به جۆش و خرۆشی خهڵك له ههڵبژاردندا وهرچهرخانێكی نوێ دروست بكات و وهڵامدهرهوهی ههموو پیلان و بهرنامهكانی ههڵوهشانهوهی پهیوهندیهكانیش بێت، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو شارەی دێرینەی کوردستان، شاری پێکەوە ژیانی گەلان و پێکهاتە جیاوازەکانە. لەبەرئەوە ئێمه وهك كۆنگرهی نهتهوهیی کوردستان جگه لهوهی ڕووی قسهمان له ههموو پێكهاتهكانە بۆ ئهوهی ئیدی بیر له ئایندهی خۆیان بكهنهوه، ڕووی قسهی سهرهكیمان له كورده، كورد وهك گهلێكی ستهملێكراوی قوربانیی ،پێویستە بە هەموو توانایەوە بهشداری ههڵبژاردن بێت و به بهشداریکردن و دەنگدان سزای ئهوانهش بدات كه سیاسهتی پهرتكردنی گهل بهڕێوهدهبهن ، ههڵبهت پهرتكردن جۆرێكه له ههنگاوی بانگكردنی ئهوانی تر بۆ زاڵبوون به سهر نهتهوهكهی خۆتدا ، ئهوهش دهچێته خانهی لادان و ترازان له ڕیزی نهتهوهیی و پێكهوهیی. كۆنگرهی نهتهوهیی كوردستان وێڕای بانگهواز له بهشداری ئازایانهو خاوهندارانه له ههڵبژاردن، پرۆسهكهش به دهرچهیهكی گرنگ دهبینێ بۆ دهرچوون له دۆخی چهقبهستوو، كه ماوهی ههژده ساڵه ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگا له كهركوك بهڕێوه نهچووهو له ئاكامی گۆڕانكاریهكانی دوای 16ی 10ی 2017ش نادادی و پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی جۆراوجۆر به ئامانجی شێواندنی پهیوهندی پێکهاتەکان و سهندنهوهی پۆست به پلهی یهكهم له گهلی كورد. وای كردووه له ههندێ باردا مرۆڤ ههست به گهڕانهوهی ئەقڵیەتی شۆڤێنیانه بكات ، كه ئهمهش بهلای كۆنگرهی نهتهوهی كوردستانهوه " كهنهكه " تاوانێكی مهزنه. لەکۆتاییدا هیوادارین هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و ئارام، دیموکرات و شەفافدا بەڕێوە بچێت و لە ئاکامیشدا قۆناغێکی نوێی پێکەوەژیانی ئەرێنی بۆ هەموو خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لەگەڵ خۆی بێنێت. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - ك ن ك 2023.12.11 برۆکسل
هاوڵاتی یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی مووچە لە هەرێمەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چیتر "هاتنی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان." یوسف کیلابی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی فەرمانبەرانی هەرێم بە زمانی کوردی کردووە و دەڵێت، "پەیمان دەدەین کە پارێزەی مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم دەبین، ئێمە دەمانەوێت بە پشتیوانی خوای گەورە و پاشان ئێوەی ئازیز مووچەکانتان ببەستینەوە بە حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی چیتر هاتنی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان لە هەرێم، نەک ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت پارە بە قەرز پەیدا بکەن بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و ئێوەی مووچەخۆریش حەق و مافتان بفەوتێت." ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەڵێنی خۆی دووپات کردەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کە بەردەوام دەبن لە پرۆسەی گواستنەوەی مووچە بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵی.
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیاندراوێکدا داوای لە چەکدارانی حەماس کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن چونکە دۆخەکە کۆتایی هاتووە و چەندەها چەکدار چەکیان داناوە. ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی یەکەمی 2023، بنیامین ناتانیاهۆ لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەها چەکداری حەماس "چەک دادەنێن و خۆیان رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکەن." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی کە "جەنگ لە ترۆپکدایە" و شکستی تەواوەتی حەماس کاتی زیاتر دەوێت بەڵام ئەمەی ئیستا روودەدات "سەرەتایی کۆتایهاتنی حەماسە." بنیامین ناتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی چەکدارانی حەماس کرد و وتی، "کۆتاییهاتووە، خۆتان بە کوشت مەیەن بۆ [یەحیا] سینوار. هەرئێستا خۆتان بەدەستەوە بدەن." یەحیا سینوار بەرپرسی سەربازی حەماسە و لە ریزبەندی داواکراوەکانی ئیسرائیلدا ژمارەیە یەکە. سوپای ئیسرائیل هەوڵی چڕ دەدات کە شوێنی یەحیا سینوار بدۆزێتەوە و دەستگیری بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە ئەو کارە بکات. بەپێی هەندێک هەواڵی میدیا جیهانییەکان کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە وەریانگرتووە، تا ئێستا نزیکەی پێنج بۆ حەوت هەزار چەکداری حەماس کوژراون بەڵام حەماس و ئیسرائیل هیچ کامیان ئەو ژمارەیەیان پشتڕاستەنەکردووەتەوە. بزوتنەوەی حەماس تا ئێستا شکستی رانەگەیاندووە و رۆژانە چالاکییەکانی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت گورزی "کوشندە"یان بە ئیسرائیل گەیاندووە، بەڵام بەپێی دۆخی جەنگ بێت ئیسرائیل دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی فراوانی غەززەدا گرتووە و فەرماندەیەکی پێشووی ئیسرائیل کە بۆ بی بی سی قسەی کردووە رایگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل نزیکە لە "کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی" غەززە. لەبارەی زیانە مرۆییەکانی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکە رایگەیاند کە لەکاتی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر غەززە لە 27ی تشرینی یەکەم، 101 سەربازیان کوژراوە و لەسەرەتای جەنگیشەوە بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی سەربازە کوژراوەکان 430 سەربازە.
هاوڵاتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ - HEDEP) ناوەکەی گۆڕی بۆ پارتی (دەم - DEM) بەهۆی ئەوەی کە دادگای باڵای تورکیا رەزامەندی لەسەر ناوی هەدەپ نەداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی یەکەمی 2023، ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی پارتی هەدەپ رایگەیاند دادگای باڵای تورکیا بە نوسراوی فەرمی پێیراگەیاندوون کە پێویستە ناوی هەدەپ (HEDEP) بگۆڕن بەهۆی ئەوەی نزیکە لە ناوی پارتی (HADEP). ئایشەگول دۆغان وتیشی، رۆژی سێی ئەم مانگە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتەکە کورتکراوەی ناوی پارتی هەدەپ گۆڕدرا بۆ دەم و لەمەودوا ئەو ناوە بەکاردەهێنرێت بۆ پارتەکە. ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 23ی مانگی رابردوو دااگای باڵای تورکیا داوای کرد ناوی هەدەپ بگۆردرێت، هەرچەندە باسیشی لەوە کرد کە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام نزیکە لە ناوی پارتی HADEP کە پارتێکی سیاسی باکوری کوردستان بوو لە ساڵی 1994 داخرا.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کۆبونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێکرد بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سیاسەتی گومرگ و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنورییەکان. وەزارەتی دارایی دەڵێت ئەمڕۆ دووشەممە 11ی کانونی یەکەمی 2023، کۆبونەوەکە لە شاری بەغدا دەستپێکرد کە تێیدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم ئامادەن، شاندی باڵای حکومەتی عێراقیش بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیمی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان بەشدارن. هاوکات ژمارەیەک وەزیری و بەرپرسی تری دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لە دانیشتنەکەدا بەشدارن کە بەپێی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم مەبەست لێی گفتوگۆکردنە لەسەر "پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوریەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشەو گرفتانەی لەسەر ئەو پرسانە لە نێوان هەردولاد" هەن.
هاوڵاتی بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەپەلە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری چەند دیپلۆماتکارێکەوە رایگەیاندووە کە ئەگەری زۆرە سبەی سێشەممە کۆبونەوەی گشتی 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەپەلە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل. ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە رۆژی هەیینی رابردوو ئەمریکا وەک تاکە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر پرۆژەیاسایەکدا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست کە دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنابوو. بەهۆی ئەو ڤیتۆیەوە ئەمریکا رووبەرووی رەخنەیەکی بەرفراوان بووەتەوە لەلایەن چەندین وڵات و رێکخراوی مرۆیی و مەدەنییەوە. زیاتر لە دوو مانگە جەنگ بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، نزیک دەبێتەوە لە 18 هەزار کەس.
هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەتی گومرگ و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنورییەکان. حکومەتی هەرێم کوردستان بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە بەشداری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا. وەک لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم هاتووە، مەبەست لە سەردانی شاندەکە گفتوگۆکردنە "لەسەر سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوریەکان."
هاوڵاتی بەپێی بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە. پەرلەمانی عیڕاق کارنامەی کۆبونەوەیەکی نائاسایی خۆی بڵاوکردووەتەوە بۆ رۆژی چوارشەممە 13ی کانونی یەکەمی 2023 کە تایبەتە بە کۆبوونەوە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق. دادگای فیدڕاڵی مانگێک لەمەوبەر بڕیاریدا بە کۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوایەکی لەیس دلێمی و بەمەش لە سەرۆکی پەرلەمان دوورخرایەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناریان واژۆ کردووە و چاوەڕێ دەکەن لە "داهاتوویەکی نزیکدا" ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت. وەزارەتی دارایی لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆ 10 کانونی یەکەمی 2023، گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناریان وەک قەرز لەرێگای بانکی رافیدەینەوە واژۆ کردووە. وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "چاوەڕوانین لە داهاتویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق." ئەو 250 ملیار دینارە بەشێکە لە 700 ملیار دینارە قەرزەکەی بەغدا کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت و دواین گوژمەی 700 ملیارییە کە بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی عێراق دەنێردرێت. بەهۆی دواکەوتنی ناردنی ئەو بڕە پارەیەوە هێشتا مووجەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی ئەیلولییان وەرنەگرتووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. بەپێی وتەی سەرچاوەیەک کە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم قسەی بۆ هاوڵاتی کردووە، تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ راگەیاندنی لیستی مووچە نەکراوە.
هاوڵاتی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند پێویستە لەگەڵ "دۆستەکانمان" هەوڵبدەین هێزەکانی پێشمەرگە رێکبخەینەوە لەپێناو دروستبوونی هێزێکی نیشتمانی، دەشلێت، "ویست و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا." ئەمڕۆ 10ی کانونی یەکەمی 2023، شۆڕش ئیسماعیل سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا باس لە پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا. لە کۆبونەوەکەدا، کە جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان تێیدا بەشداربوو، شۆڕش ئیسماعیل وتی، "بە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دۆستەکانمان لە هێزەکانی هاوپەیمانان، هەوڵبدەین هێزەکان رێكبخەینەوە بە ئامانجی دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی تۆکمە و رێکخراو، خاوەن دیسپلینی سەربازی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کە ساڵانێکە لەم پێناوەدا هەوڵی جددی بۆ دەدەین." وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، "دڵخۆشین، ویست و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بەرامبەر پرس و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا." بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، جەنەڕال مەکێنزی دڵخۆشی خۆی دەربڕیووە لە خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رایگەیاندووە چاودێری وردی پرۆسەکە دەکەن و هیوایان وایە هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی باڵا. بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان باسی لەوەش کردووە، "ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەم پێناوەشدا پێکەوە کاری هاوبەش و پلانی گرنگ و ستراتیژی دادەڕێژین."
هاوڵاتی پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەڵێت: لەناو ئەو پاشماوانەدا دەکرێت نەخۆشیە گوازراوەکان لەڕێگەی باڵندە و ئاژەڵەوە بگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی تیکەڵی ئاوی خورادنەوە یان خاک دەبنەوە ومەترسیدارن. سەرەڕای ئەو مەترسیە زۆرەی پاشماوە پزیشکیەکان هەیانە لەسەر ژینگە، مرۆڤ، ئاژەڵان بەڵام هێشتا لە کوردستان نەتوانراوە مامەڵەیەکی زانستی لەگەڵ پاشماوە پزیشکیەکان بکرێت، بەجۆرێک لە ناحیەی تانجەرۆ فڕێدەدرێن لە پارێزگای سلێمانی کە بووەتە زبڵدانی شارەکە، سەرەڕای پاشماوە ئاساییەکانی رۆژانە، پاشماوە پزیشکیەکانیشی تێدا کۆدەکرێتەوە. پاشماوە پزیشکییەکان لەناو زەرفی تایبەتی فڕێ دەدەدرێن بەبێ ئەوەی بسوتێندرێن، لەگەڵ ئەوەی لەڕووی زانستیەوە پێویستە ئەو پاشماوانە بسوتێندرێن و بکرێنە ژێرخاکەوە، بەڵام لە کوردستان ئەگەرچی بۆماوەیەکی کورتیش ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت بەڵام دواجار بە هۆکار و لەژێر بیانوی جۆراوجۆر ئەو پاشماوانە تیکەڵ بەیەک دەکرێن و لە شوێنێکدا لەناو ناحیەی تانجەرۆ کە تایبەتە بە فڕێدانی زبڵ و خاشاک فڕێ دەدرێن. پاشماوە پزیشکیەکان پیکهاتوون لە دەرزی،دەرمانی ماوەبەسەرچوو، جل و و بەرگ و دەمامک و دەستکێش، ئەندامی لەشی مرۆڤ کە لەنەشتەرگەریدا دەرهێنراوە ولێکراوەتەوە ، سەرەڕای ئەوەش تیکەڵ کراون لەگەڵ قاپ و خۆراکی نەخۆشخانە. دکتۆر یاد قادر پزیشکی پسپۆڕی ئاژەڵانە لەبارەی فڕێدانی پاشماوە پزیشکیەکانەوە بە هاوڵاتی وت، پێویستە بەڕێگای تایبەتی خۆیان لەناوببرێن، بەڵام ئەگەر تێکەڵی پاشماوەی دیکە بکرێت و بەو جۆرە بەجێبهێڵرێت، وەک پاشماوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە سەیری بکرێت ئەوا سادەترین مەترسیان گواستنەوەی ئەو نەخۆشیانەن کە توانای گواستنەوەیان هەیە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەوەش لەرێگەی هەر ئاژەڵێک یان باڵندەیەک یاخود ئەوکەسانەی لەو شوێنە کاردەکەن کە بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ ئەو پاشماوانە. دکتۆر یاد دەشڵێت، فڕێدانی دەرمان لەناو ئەو پاشەرۆیانە و چارەسەرنەکردنی بەڕیگای زانستی مەترسی بەرگری دەرمانەکانیش زیاد دەکات، کە ئەمە مەترسیەکی جیهانیە ئێستا. ئەحمەد رەئوف کە لەنزیک کورەی سوتاندنی کەلوپەلە پزیشکیەکان کار دەکەن، بە هاووڵاتیان وت جاروبار کورەکە کار دەکات و جاری واشە کار ناکات تەنها پاشەرۆکان فڕێ دەدەنە ژێر خاکەوە. ئەگەر چی کورەی لەناوبردن و سوتاندنی پاشماوەکان کار بکات، بەڵام بۆماوەیەک لەوێ دەهێڵنەوە و ئەو شوێنە پڕە لە سەگی بەرەڵا کە دەتوانن ببنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە وەزارەتەوە نوسراویان ئاڕاستە کردوە بۆ ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بە شێوەی قەرز، بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، بڕیاردرا بڕی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ناردنى ئەم بڕە پارەیە لەسەر راسپاردەى محەمەد شیاع سودانى بوە و لەبەر رۆشنایی یاساى بودجەى فیدراڵ ژمارە 13ـى 2023، کە تێیدا زامنى شایستە داراییەکان کراوە بۆ ئەو کەسانەى شایستەن. جەختیش دەکاتەوە لەوەى کە حکومەتى عێراق داواکارى موچەخۆرانى هەرێم و چاکسازیی دارایی لەبەرچاو دەگرێت بە ئامانجى برەودان بە گەشەى ئابورى وڵاتەکە. لە ماوەی رابردو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا رێککەوت بۆ ناردنی بڕی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە شێوەی قەرز و بە سێ گوژم، بۆ دابینکردنی موچەی مانگەکانی (تەمموز/7) و (ئاب/8) و (ئەیلول/9)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەم 700 ملیار دینارەى ئەمڕۆ رەزامەندى لەسەر ناردنى درا کۆتا قەرزە و حکومەتى هەرێمیش لە هەوڵدایە بۆ وەرگرتنى سێ قەرزى دیکە بۆ موچەى مانگەکانى (10 و 11 و 12).
هاوڵاتی بارەگای بارزانی سەبارەت بە دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا داوا دەکات "ڕێگە بەوە بدرێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن". ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی تێڕوانینی مەسعود بارزانی لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوکردەوەو دەڵێت، " پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت." وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بارزانی دەشڵێت، " پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكهەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت." ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ژمارەیەك لە حزبەكانی پێكهاتەی توركمان و مەسیحی لە هەولێر ڕایانگەیاند، ئەگەر بێتو دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی كوردستان بكات بە فرەبازنەیی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن. رۆژی 3ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی دواین دانیشتنی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی بەڕێوەبرد، لەم دانیشتنەدا دادگای فیدراڵی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد، بۆچونی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچوو، كورسییەكانی پەرلەمان چۆن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا دابەشدەبن و هێشتا بڕیاری کۆتای نەدراوە کە ئایا لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت بە چ میکانیزمێک کورسی پێکهاتەکان دابەشدەکرێت. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ڕاگەیێندراویێك لە بارەگای بارزانییەوە سەبارەت بە بابەتی میكانیزمی دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و بوونی هەندێ هەوڵ بۆ گۆڕین و دەسكاریكردنی كورسی و مافەكانی پێكهاتەكان و چۆنیەتیی بەشدارییان لە هەڵبژاردن، تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بەمشێوەیەیە كە پێویستە ڕێگە بەوە بدرێت پێكهاتەكان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و هیچ چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەریاندا نەسەپێندرێت. پێكهاتەكان بەشێكی ئازیز و گرنگی كۆمەڵگەی كوردستانین و نابێ ئیستحقاق و مافەكانیان تێكهەڵی هیچ بەرژەوەندییەكی سیاسی و نادادپەروەرانە بكرێت. بارەگای بارزانی 10ی كانوونی یەكەمی 2023
هاوڵاتی پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ تەقە لە بنکەى پۆلیسى تاسڵوجە کرا و چەند پۆلیسێک بریندار بون، بەپێى زانیارییەکان هێرشکەرەکان جلى مەدەنیان لەبەردا بوە و کێشەکەش لەسەر ئۆتۆمبێلێک بوە. پێشنیوهڕۆی ئهمڕۆ یهكشممه ژمارهیهك چهكدار به جلی مهدهنییهوه چونهته بنهكهی پۆلیسی تاسڵوجه بە مەبەستی بینینی ئۆتۆمبێلێکیان کە پێشتر توشی روداوێكی هاتوچۆ بوه و دهستی بهسهردا گیراوه و له بنكهكهدا هێڵراوهتهوه و چەکدارەکان هەوڵیانداوە بەزۆر ئۆتۆمبێلەکەیان ببنەوە و لەلایەن بنکەکەوە رێگرییان لێکراوە. بە گوێرەی زانیارییەکان کە دواى ئەو رێگرییە، ئەو چوار کەسە کە چەکیان پێبوە بە ئاڕاستەى بنکەکە تەقەیان کردوە و دواتر تەقەکانیان روبەڕوى پۆلیسى بنکەکە کردوە، لە ئەنجامدا دوو پۆلیس بریندار بون و فیشەک بەر قاچیان کەوتوە. هاوکات تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ڕوداوەکە بڵاونەکردۆتەوەو شێوازى روداوەکە دیارنییە و پەراوى لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
هاوڵاتی سەرۆكی لیواكانی حزبوڵا لە عێراق رایدەگەیەنێت، هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكە بەدەوام دەبێت و جەختیش لە دورخستنەوەى سەربازانى ئەمەریکا دەکات لە عێراق. ئەبو عەلی عەسکەری، فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند، ئەوەی لەماوەی رابردوودا بەرامبەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا کردوویانە تەنها سەرەتا بووە، لەمەودوا هێرشەکانیان بۆسەر ئەمەریکا فراوانتر و توندتر دەکەن. راشیگەیاند، ئەو کەسانەی بنکەکانی ئەمەریکا بە نێردەی دیپلۆماسی دادەنێن، ئەو کەسانەن دەیانەوێت پارێزگاری لە پۆست و بەرژوەندییەکانیان لە عێراق بکەن. هێرشەکەى سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لە ناوچەى سەوزى بەغداد، کاردانەوەى بەرفراوانى لەسەر ئاستى ئەمەریکا و عێراقیش لێکەوتەوە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش تەواوى هێزە ئەمنییەکانى بۆ دەستگیرکردن و رادەستکرنى تۆمەتباران راسپارد. ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.
