هاوڵاتی ئێفرایم هالۆی، بەرپرسی پێشوتری دەزگای هەواڵگری مۆساد، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ رادیۆ فەردا، لەگەڵ ئەوەی دانی بەوەدا نا کە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تووشی شۆک هاتن بەرامبەر بە هێرشەکانی حەماس ، هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی بیەوێت لە بەرژەوەندی خۆیدا کەڵک لەم دۆخە وەربگرێت بە تایبەت لە رێگای حیزبوڵای لوبنانەوە. بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٧ی تشرین، گروپی فەلەستینی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەزەی بە دەستە، نزیکەی پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی شار و شارۆچکەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کرد و دوای لە چالاکییەکی بێ وێنەدا، چەکدارەکانی حەماس و جەهاید ئیسلامی بە تێكشکاندنی دیواری غەزە چوونە شارۆچکە ئیسرائیلییەکانەوەو لەگەڵ هێزە ئیسرائیلییەکان کەوتنە جەنگەوە. ئێفرایم هالۆی لە گفتوگۆکەی لەگەڵ رادیۆ فەردا دەربارەی دۆخی ئێستای ئیسرائیل وتی، "ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە باشووری ئیسرائیل بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی هێزەکانی حەماس لە ئارادایە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا تەواو نەبووەو ژمارەیەک لە هێزەکانی حەماس هێشتا لە باشووردان. بەڵام بەشی کە زۆری ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست حەماس ئازاد کران، هەڵبەت بە بەهای کوژرانی خەڵکانێکی زۆر". بە وتەی ئەم بەرپرسە باڵا ئەمنییەی پێشتری ئیسرائیل، "لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ئارادایە و تا ئێستە 500 جار فڕۆکەی جەنگی چوونەتە ئاسمانی کەرتی غەزەوە. پێدەچێت دوای پاککردنەوەی ناوچە ئیسرائیلییەکان لە هێزی حەماس، ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی زەمینی لە غەزە دژی حەماس بەڕێوە بچێت." هەڕەشەکردن لە ئێران لە ئەگەری دەستێوەردانی حیزبوڵڵا ئێفرایم هالۆی لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم رووداوەدا وتی :" یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئێمە ئەمە بوو کە هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوانەی لە باشووری وڵات روو دەدەن، لەکاتێکدا ئێمە نیگەرانی ئەو رووداوانەین لە باشووری ئیسرائیل روو دەدەن، حیزبوڵڵا، کە هێزێکە لە لوبنانەوە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە ئەکرێت، هێرش بکات و ئێستا ئەمە روویداوە، بە دڵنیاییەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە باکوور وەڵامیان دراوەتەوەو زیاتریش وەڵام ئەدرێنەوە". بەرپرسی پێشتری مووساد لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی، "ئەگەر من لە جێی ئێرانییەکان بام، بەرلەوەی هەوڵ بدەم کەڵک لەم رووداوە وەربگرم بۆ بەرژەوەندی خۆم بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ئیسرائیل، لە بری یەکجار دە جار بیرم ئەکردەوە. من لام وایە ئەم کارەیان زۆر قورس تەواو ئەبێت بۆیان و بە سەریاندا ئەشکێتەوە." میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە ئەکەن بەرپرسانی حەماس  ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک دیداریان هەبووە لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا و ئەم دیدارانەیان وەک بەشێک لە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ئیسرائیل هەڵسەنگاندووە. حیزبوڵڵای لوبنان رۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەم هاوكات لەگەڵ دەستپێکی گەڕی نوێی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، پشتیوانی تەواوی خۆی لە حەماس راگەیاند و هەر لەو رۆژەدا، ژمارەیەک لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، نزیکی سنوورەکانی ئیسرائیل وەستان. وەزیرێکی ئیسرائیل رۆژ شەممە ٧ی تشرینی یەکەم بە رۆژنامەی (یەدیعووت ئاخرونووت)ی وتووە پێدەچێت هێرشە کوتووپڕەکانی حەماس لە کەرتی غەزەوە بۆ باشووری ئیسرائیل، سەرەتایەک بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوتری حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلەوە.

هاوڵاتی  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کەشتگەلێکی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات و دەشڵێت، چەک و تەقەمەنی زیاتر دەنێرێت بۆ ئیسرائیل تا بەرگری لەخۆی بکات.  وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا کەشتیگەلێکی جەنگی و فرۆکەی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات "بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی پێشگرتن لە توندوتیژی" لەسەروبەندی شەڕ و جەنگ لە ئیسرائیل. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەڵێت ئەو کەشتیگەلە بەشێکیان هەڵدەری موشەک و کەشتی بچوکی جەنگی تێکشکێنەرن. جگە لەمەش، وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی کە یەکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکرێت. بەشێکی تر لە پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل ناردنی چەک و تەقەمەنی زیاترە و لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئیسرائیل. لەبارەی پاڵپشتییە سەربازییەکانەوە لۆید ئۆستن باسی لەوە کرد، ئەم هەوڵانە "جەختکردنەوەیە" لە پاڵپشتی پتەوی ئەمریکا بۆ وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و گەلی ئیسرائیل. ماوەی دوو رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل دروستبووە دوای ئەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تێیدا پێنج هەزار موشەکی بۆ نێو وڵاتەکە هەڵدا و لەسەر زەمینیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و چەکدارانی چوونە نێو وڵاتەکەوە. تا ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، 700 کەس لە ئیسرائیل و 413 کەس لە فەڵەستین کوژراون.

هاوڵاتی  شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و تا دێت قوربانییەکانی جەنگەکە زیاتر دەبن، لە نێوترین ئاماریشدا 700 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و 413 کەسیش لە فەڵەستین.  بەپێی راپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل کوژراوانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 700 کەس و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون.  هاوکات وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاندووە، 413 فەڵەستینی لەئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون و دوو هەزار و 200 کەسیش برینداربوون. هێشتا پێکدادان لەنیوان چەکدارانی حەماس و سەربازانی ئیسرائیل بەردەوامە، بەتایبەتی لەناوچەی سیدرۆت کە ئیسرائیل سەربازی زیاتری ناردووە بۆ ناوچەکە تا چەکدارانی حەماس وەدەربنێت.  حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 کەس تا ئێستا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رفێندراون. بزوتنەوەی حەماس دەڵێت ئەوانەی بەدیل گیراون ئاڵۆگۆریان پێدەکەن لەگەڵ ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەی کە لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدان. دوو رۆژە شەڕ لەنێوان هەردوولا بەردەوامە دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی لەناوکای زەمینی و ئاسمانی دژی ئیسرائیل ئەنجامدا و زیاتر لە پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد، جگەلەوەی کە دوو هەزار چەکداری بزوتنەوەکە دزەیان کردە نێو ئیسرائیلەوە.  شیکەرەوان و میدیاکانی جیهان ئەمە بە شکستی ئاسایش و هەواڵگری ئیسرائیل ناودەبەن کە یەکەمجارە دوای 50 ساڵ هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە بەبێ ئەوەی دەزگای مۆساد پێی بزانێت و ئامادەکاری بۆ بکات.

هاوڵاتی  مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند تورکیا لەماوەی سێ رۆژدا 145 شوێنی بەرێوبەری خۆسەری بۆردومانکردووە کە زۆربەیان پێگەی مەدەنین بۆ پەکخستنی ژیان لە ناوچەکەدا، دەشڵێت، لەنابردنی ئەم پێگانە "تاوانی جەنگە." مەزڵوم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لەماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی سەلامەتی ئێمەی بۆردومان کردووە لەوانە وێستگەی کارەبا، ئاو، وزە و هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەکان."  دوای تەقینەوەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەخت لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی چری بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆگرت و تورکیا ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر بەرێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوا.  بەرپرسانی تورکیا لە دوای هێرشەکە رایانگەیاند کە تەواوی ژێرخانی ئابوری و ستراتیجی ناوچەکە بەئامانج دەگرن بەهۆی ئەوەی کە ئەو دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە سوریاوە هاتوون، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن راست نییە و ئەو دوو کەسە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەهاتوون. فەرماندەی گشتی هەسەدە لە وتەکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت، "هێرشەەکانی ئەم دواییەی تورکیا راستەوخۆ بەئامانجگرتنی هەوڵ و تواناکانی بەرێوبەری خۆسەرییە بەبیانوی سیاسیی بۆ پەکخستنی ژیانی مەدەنی، ئەم هێرشانە بەئامانجگرتنی هەوڵی کۆمەڵگە مەدەنی و رێکخراوەکانە کە دوای تێکشکانی داعش کاریان کردووە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری." لەکۆتایی قسەکانیشیدا مەزڵوم عەبدی باسی لەوە دەکات، "لەناوبردنی ژێرخان تاوانی جەنگە و بابەتەکە لەوە کەمتر هەڵناگرێت."

هاوڵاتی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشنیاز دەکات نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراقدا بەکاربھێندرێت. باسم نەغمیش، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلسەباحی عێراقیی ڕایگەیاند، ئێستا لیژنەی ناوبراو خەریکی تاووتوێکردنی پرۆژەپێشنیازێکە بۆ وەبەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێراق و بە نیازە ئاراستەی حکومەتی عێراقی بکات، ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە کە تا ئێستا تەنیا 80 هەزار بەرمیل لە کۆی نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمەکە لە ناو خۆی عێراق وەبەر هێنراوە. بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێشنیازێکی تریان ئەوەیە ئەو بڕە نەوتەی لە رێگەی تورکیاوە دەڕۆشت، لە رێگەی باشوورەوە قەرەبوو بکرێتەوە، کارکردنیش بەو ئاڕاستەیە بەردەوامە، لەپێناو ئەوەی زیان لە بودجە نەدات. باسم نەغیمش، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز بە رۆژنامەکەی وتووە: "محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران چەند لیژنەیەکی پێکهێناوە لەپێناو لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم کە ئەمڕۆ بە نزیکەی 450 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە دەکرێت، بۆ ئەوەی بدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان لە پاڵ چەند رێگەچارەیەکی دیکەدا لە نموونەی فرۆشتنی ئەو نەوتە بە ئەردەن یا سووریا یاخود لوبنان". نەغیمش وتووشیەتی: "حکومەتی عێراق سەرقاڵی ئەوەیە کۆی نەوتی هەرێم لە ناوخۆدا وەبەر بهێنێت، ئەویش دوای ئەوەی 80 هەزار بەرمیل لەو نەوتە درایە پاڵاوگە ناوخۆییەکان، پێویستە حکومەت چارەسەری روون بۆ بەقاچاخبردنی نەوت بدۆزێتەوە، چونکە یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی حکومەت ئەوەیە کە دەسەڵاتی تەواوەتی هەبێت بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا".  

هاوڵاتی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس بەرزبۆوە.  عەبدولواحید رەیان، وتەبێژی وەزارەتی زانیاری و کولتووری ئەفغانستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 8-10-2023) رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە و پاشلەرزەکانی، زیاتر لە دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.  عەبدولواحید رەیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا 6 گوند وێران بوون و سەتان هاووڵاتیش کەوتوونەتە ژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکانەوە.  لەبارەى بومەلەرزەکەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ڕایگەیاند کە زیاتر لە 600 ماڵ وێران بوون و نزیکەی 42 هەزار کەسیش زیانیان بەرکەوتووە. بەپێی زانیاریی دەزگاکانی کەشناسی ئەو وڵاتە چەندین پاشلەرزەی دیکە لە رۆژئاوای ئەفغانستان رویانداوە و ژمارەی قوربانیانیش لەبەرزبونەوەدان. ئەفغانستان لە ئێستادا بەدەست قەیرانێکی مرۆیی سەختەوە دەناڵێنێت، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبانیش بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، هاوکارییە دەرەکییەکان تاڕادەیەکی زۆر وەستاون. بوومەلەرزەکە کاتژ‌مێر 9:30ـی بەیانی رۆژی شەممە 7-10-2023 بە دووری 40 کم لە باکووری رۆژئاوای شاری هیرات لە پارێزگای هیرات روویدا. دوای ئەوەش چەند پاشلەرزەیەک لەو پارێزگایە و پارێزگاکانی بادغیس و فەرا روویاندا.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار بوو بەغدا بۆ سێ مانگ بڕی 700 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و بڕیارە ئەم مانگەیش لەنێوان 20-25ی مانگ پارە بنێردرێت. هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر هێڵین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی موچه‌ و یاسای بودجه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ و رێنماییه‌كانی بۆ ده‌رچوه‌ به‌ڵام وه‌كو پێویست نه‌چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا له‌سه‌ری رێكه‌وتوین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ سێ مانگ پاره‌ به‌ قه‌رز ده‌درێته‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران". وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، دوای ئەم دوو مانگە، لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ دەبن بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ بگەنە رێککەوتن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری باسی له‌وه‌شكرد، "پێشبینی ده‌كه‌ن قۆناغی دوه‌می پاره‌ی موچه‌ی مانگی (ئاب/8) له‌ 20 تا 25ی ئه‌م مانگه‌ بگاته‌ هه‌رێم و راسته‌وخۆ دوای ته‌واوبونی رێكاره‌كان ده‌ست به‌دابه‌شكردنی ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ به‌غدا بۆ موچه‌ی مانگی 10ی ئه‌مساڵ ده‌ینێرێت، ئێستا واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی دو مانگی داهاتو دیاره‌ و هیوادارین له‌ كۆتایی ساڵیش به‌ته‌واوی بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن".  

هاوڵاتی كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێی حزبه‌كه‌ دەستیپێکرد، كه‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه‌. بەپێی ماددەی 22 لە خاڵی چواری پەیڕەوی پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دوای کۆنگرە سەرۆکی یەکێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکات بۆ یەکەم کۆبوونەوە، کە ژمارەیان 60 ئەندامە و بە سەرۆکی یەکێتییەوە دەبنە 61 ئەندام. بەپێی زانیارییەکان  تا ئێستا ئەجێندایەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا یەکلا دەکرێتەوە، هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، کە ژمارەیان لە 12 بۆ 14 ئەندام دەبێت، هاوکات ئەگەری هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی هەیە. هاوکات ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە نوێترین ژمارەیدا لە ڕاپۆرتێکدا ناوی کاندیدانی یەکێتی بۆ مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بڵاوکردەوە و تیایدا سەرچاوەیەكی ئاگادار لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»10 كەس لەم ناوانە دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و كاندیدی بەهێزن ئەوانیش ( رەفعەت عەبدوڵا ، ئاسۆ مامەند،  ستران عەبدوڵا، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، عیماد ئەحمەد، خەسرەو گوڵ محەمەد، جوان ئیحسان، قوباد تاڵەبانی، هاوڕێ دارۆی شێخ نوری، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەمین بابەشێخ). سەرچاوەكە وتیشی:»ئەو كەسانە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دیاری دەكرێن". هەفتەی ڕابردوش ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نەكراوە هەركات كۆبوونەوە بكرێت ئەوكاتە بڕیار لەسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەدرێت». بەپێی پەیڕەوی یەکێتی ئەو کەسانەی پۆستی حکومییان هەیە، بۆیان نییە ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە دراوە بە سەرۆکی یەکێتی کە بتوانێت بەپێی پسپۆڕی یان هەڵکەوتەی جوگرافی ئەندامانی سەرکردایەتی زیاد بکات. دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە 124 ئەندامەوە بۆ 61 ئەندام کەمکرایەوە، ئێستاش بەپێی ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە سەرۆکی یەکێتی، دەتوانێت ژمارەی ئەندامەکان زیاد بکات بۆ نزیکەی 75 ئەندام.  

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە رۆژی سێشەممە شەپۆلێکی بارانبارین رو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات، زۆرترین ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک هەیە، هەروەها لە ناوەندی شارەکانیش نمەباران دەبارێت و پلەکانی گەرما بە رێژەی پێنج پلەی سەدی نزمدەبنەوە. بەرێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی سێشەممە شەپۆلی بارانبارین رو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات، ئەویش بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای سور. سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەورە، هەندێک ناوچە نیمچە هەوردەبێت، پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ. کەشناسی پێشبینی کردووە، سبەی دووشەممە 9/10/2023، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور هەندێ ناوچە نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر :  30 پلەى سیلیزى سلێمانی: 30 پلەى سیلیزى دهۆک : 30  پلەى سیلیزى کەرکوک: 33 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 32 پلەى سیلیزى  زاخۆ: 31 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 22 پلەى سیلیزى سۆران :  29  پلەى سیلیزى گەرمیان:  37  پلەى سیلیزى

هاوڵاتی شەڕ لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، ژمارەی کوژراو بریندار لە هەردوولا تا دێت بەرزدەبێتەوە. بەپێى ئەو ئامارەى تەندروستی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە؛ ژمارەى کوژراوانى ئیسرائیل لە هێرشەکەى حەماسدا گەیشتوەتە 300 کەس و ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە هەزار و 600 کەس بریندارن و برینى زیاتر لە 300 کەسیان قورسە. لە بەرامبەردا، تەندروستى غەززە ئامارە قوربانیانى بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: 256 کەس کوژراون و هەزار و 788 کەسیش بریندارن کە لەو ژمارەیەى قوربانیان منداڵیش هەیە. میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، 750 هاووڵاتیی دیکەی ئیسرائیلی بێسەروشوێنن، هەروەها 50ـی دیکە لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون.  حەماسیش رایگەیاند، ژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل "زۆر لەوە زیاترە کە بیری لێ دەکەنەوە." جێگەیباسە لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. ئەوەش لە کاتێکدایە، بەیانى دوێنێ شەممە، باڵى سەربازیی حەماس هێرشى ئاسمانیی و زەمینیی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد، ژمارەیەکى زۆر موشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل وەڵامى بۆ هێرشەکان هەبو، سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلیش دەڵێت: ئەمە شەڕە و ئێمەش براوە دەبین.  

هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی  سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل  سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی.  کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە.  بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم  لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن

هاوڵاتی  جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا جەختی کردەوە لە پشتیگیری تەواوەتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات." جۆو بایدن لە کۆشکی سپی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وتارێکیدا و رایگەیاند، پشتگیری ئەمریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل "نەگۆڕ و پتەوە، هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین." سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئیدارەکەی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گفتوگۆدان تا دڵنیا ببنەوە لەوەی "ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل نەکرد بۆ سەر کەرتی غەززە.  بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەکایشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.  دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر.

هاوڵاتی  بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، نیو کاتژمێر لەمەوبەر تورکیا بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان مزگەوتی کەمپەکەی کردە ئامانج و بۆردومانی کرد، وتیشی بۆردومانەکە لە کاتی نویژکردکردن دا بووە و لە ئێستادا بریندار هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیج گیان لەدەستدانیک تۆمار نەکراوە. بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور باسی لەوەشکرد کە ئەو کەسانەی برینداربوون بەهۆی پارچە شکاوەکانی شوشەی دەرگا و پەنجەرەکانیی مزگەوتەوەکەوە بریندار بوون، زیاتر لە چوار بریندار هەیە. لەبارەی بۆردومانەکانەوە بەدران پیرانی وتیشی، ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر کەمپەکە دەسوڕێتەوە، ئێستاش دەنگی فرۆکەکان دەبیسترێت لەسەرمان.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەی بێ فرۆکەوان کەمپی مەخموری کردە ئامانج و هێشتا زیانەکان زانراو نین.  ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمیر 7:00 کەمپی مەخمور لەلایەن فڕۆکەی بی فڕۆکەوانە بۆردومانکرا و هێشتا دیار نییە زیانەکان چین. کەمپی مەخمور زۆربەی پەنابەرانی کوردستانی باکوری تێدا نیشتەجێیە کە دوای بۆردومانەکانی تورکیا لە ساڵی 1990 ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. هێشتا بەرپرسانی کەمپەکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە، بەڵام گومان دەکرێت لەلایەن تورکیاوە ئەنجام درابێت بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ رۆژە دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ بۆردومانکرنی ناوچە رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی  بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستین بڵاویانکردەوە کە ژمارەی قوربانییانی هێرشی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە و تا ئیستا نزیکەی 200 کەس کوژراون.  کەناڵی بی بی سی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینەوە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەشتووەتە 198 کەس و نزیکەی هەزار کەسیش برینداربوون.  بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆةیکی دژی ئیسرائیل دەستپێکرد و تێیدا پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد. بەپێی وتەی فریاکەوتنی ئیسرائیل 40 کەس بەهۆی موشەک و تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی حەماسەوە کوژراون.  دوابەدوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل بە تووندی هێرشی کردەسەر کەرتی غەززە و ئۆپەراسیۆنی "شمسێری ئاسنین"ی راگەیاند کە تێیدا هێرشی ئاسمانی کەرتی غەززەی کرد.