هاوڵاتی بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى نوسینگهى سهرۆك وهزیرانى عێراق، محهمهد شیاع سودانى بهیانى ئهمڕۆ بهسهردانێكى فهرمى گهیشتۆته مۆسكۆى پایتهختى ڕوسیا و ئەمەریکا بە سەرنجەوە چاوى لە گەشتەکەى سەرۆک وەزیرانى عێراقە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانى عێراق لهڕاگهیهنراوێكدا ڕایگەیاندوه، ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا. پێشتریش سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو حکومەتی عێراق ئاشكرایكردبوو، ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەغدای پایتەخت بەجێبهێڵێتو بەمەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا سەردانی مۆسکۆ بکات. نزیکەی 50 کۆمپانیای روسی لە سێکتەری نەوتی عێراقدا کاردەکەن و قەبارەی وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە دەگاتە 14 ملیار دۆلار. ئەوەش پێگەیەکی گرنگی ئابووری بە روسیا لە عێراق بەخشیوە. میدیا جیهانییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردوە؛ روسیا سێ ئامانجی سەرەکیی ئابوریی هەیە لە پێشوازییکردن لە سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، یەکەمیان ئەوەیە کە دەیەوێت بیکاتە دەرچەیەک بۆ دەستگەیشتنی بە دۆلاری ئەمەریکی، دوەمیان رازیکردنیەتی بە پشتکردنە سیستمی سوێفت و سێیەمیشیان بەکارهێنانی دراوەی نوخۆیی وڵاتەکانە لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا لەبری دۆلار. چاودێران پێیان وایە ئەگەر سودانی بە وریاییەوە مامەڵە نەکات، سەردانەکەی بۆ روسیا دەبنە هۆی توڕەکردنی ئەمەریکا و ئەوەش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئابوری عێراق دەبێت.
هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانکردنی هێزەکانی تورکیاوە، بۆ سەر گوندەکانی گوندەواری عەین عیسا، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا. پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە، هێزەکانی تورکیا چواردەووری شارۆچکەی عەین عیسایان بۆردومان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیادا دێت بۆ سەر رۆژئاوا، کە لە پێنجشەممەی رابردووەوە دەستیانپێکردووە، لە کاتێکدا تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و لە ئەنجامدا دەیان قوربانی و وێرانکردنی دامەزراوە و ژێرخانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە. دانیشتوویەکی شارۆچکەی عەین عیسا رایگەیاند، ئەو دوو منداڵە، کە ئامۆزای یەکترن، نادیە ئەلعەیاش (8 ساڵ) و عەلی ئەلعەیاش (6 ساڵ) بوون، کە لە ئەنجامی تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی ئەلمەستوورە، لە باکووری رۆژئاوای شارۆچکەی عەین عیسا، شەهیدکران. ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکەی تورکیا، گوندەکانی دانیشتووانی سەر هێڵی بەرکەوتن لە گوندەواری عەین عیسایان کردووەتە ئامانج. جێگەیباسە یەکشەممەی ڕابردوو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "لەماوەی 72 کاتژمێردا تورکیا زیاتر لە 145 پێگەی سەلامەتی ئێمەی بۆردومان کردووە لەوانە وێستگەی کارەبا، ئاو، وزە و هەروەها نەخۆشخانە و قوتابخانەکان." دەشڵێت، لەنابردنی ئەم پێگانە "تاوانی جەنگە." دوای تەقینەوەکەی یەکی ئەم مانگە لە ئەنقەرەی پایتەخت لەبەردەم ئاسایشی گشتی تورکیا، حکومەتی تورکیا دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی چری بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان. لەدوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشەکەی لەئەستۆگرت و تورکیا ئەمەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشکردنەسەر بەرێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوا. بەرپرسانی تورکیا لە دوای هێرشەکە رایانگەیاند کە تەواوی ژێرخانی ئابوری و ستراتیجی ناوچەکە بەئامانج دەگرن بەهۆی ئەوەی کە ئەو دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەیان ئەنجامدا لە سوریاوە هاتوون، هەرچەندە بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوەی بەرپرسانی تورکیا دەیڵێن راست نییە و ئەو دوو کەسە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەهاتوون.
هاوڵاتی ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئاستی باڵا گفتوگۆ هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، "کارەبای هەرێم 2%ی لە ئاو بەرهەم دێت و 85%ی لە گاز بەرهەم دێت." ئەحمەد موفتی لە پانێڵێکدا لە دیداری مێری رایگەیاند، "لە ئاستی باڵا گفتوگۆ و وتووێژ هەیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان." ماوەی نزیکەی حەوت مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە بەهۆی بڕیارێکی تورکیاوە دوای ئەوەی لە ژوری ناوبژیوانی پاریس کەیسێکی بەرامبەر عێراق دۆڕاند و پێویستە لەسەری ملیارێک و 900 ملیۆن دۆلار بداتە بەغدا چونکە لەماوەی نێوان ساڵانی 2014-2018 بە نایاسایی نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە. بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن زیانی راگرتنەکە پێنج ملیار دۆلار بووە و بەپێی هەندێک زانیاری زیانەکە نزیک دەبێتەوە لە شەش ملیار دۆلار. ئەحمە موفتی لە دیداری مێری باسی لە بەرهەمهێنانی کارەبا کرد لە هەرێمی کوردستان و وتی، "کارەبای هەرێم 2%ی لە ئاو بەرهەم دێت و 85%ی لە گاز بەرهەم دێت، حکومەتی هەرێم خزمەتێکی باشی کردووە لە بەرهەمێنانی کارەبا." بریکاری وەزارەتی سامان سروشتییەکان وباسی لەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی گاز کردووە و نیوەی گازی عێراق لە هەرێمی کوردستانە."
هاوڵاتی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی نەبووە لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەڵام نەیشاردەوە کە ئیسرائیل شکستێکی "لەبیرنەکراوی" چەشتووە. عەلی خامنەیی لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای ئۆپەراسیۆنە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی، تاران بەشدار نەبووە لە هێرشەکەدا بەڵام "ماچی دەستی ئەوانە دەکەین کە پلانی هیرشەکەیان دژی رژێمی زایۆنی داناوە." خامنەیی وتیشی، "ئەو بومەلەرزە تێکشکێنەرە کۆمەڵێک پێکهاتەی هەستیاری [ئیسرائیلی] خاپوور کردووە کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێنەوە... کردەوەی خودی رژێمی زایۆنی بەرپرسە لەم کارەساتە." هەر دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل چاوەکان چوونەسەر ئێران کە پشتگیری و پاڵپشتی ئیسرائیلی کردبێت. دوای ئەوەی رۆژی شەممە حەماس هیرشەکەی ئەنجامدا، وتەبێژێکی بزوتنەوەکە بە کەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، حەماس هاوکاری کراوە لەلایەن ئێرانی هاوپەیمانی. بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا گومانیان هەیە لە دەستوەردانی راستەوخۆی ئێران و دەڵێن هیشتا بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بێت بەوەی ئێران پشتگیری هێرشەکەی کردبێت هەرچەندە دڵنیان لەوەی کە تاران مێژوویەکی درێژی هەیە لەگەڵ حەماس لە یارمەتیدانی گروپەکە.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەفسەرێکی پلەبەرزیان لە جەنگ لەگەڵ هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان لە باکوری ئیسرائیل کوژراوە. بە پێی ئەو زانیاریانەی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، عەلیم عەبدوڵڵا فەرماندەی باڵای لیوای 300، رۆژی دووشەممە لە سنوری ئیسرائیل–لوبنان لە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کوژراوە. دوا بە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر چەند شار و شارۆچکەیەکی ئیسرائیل، هەر لە یەکەم ساتەکاندا حیزبوڵڵای لوبنان پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک و تەنانەت کردنەوەی بەرەیەکیتری جەنگ لە دژی ئیسرائیل. هاوکات رۆژی دووشەممە ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەو بەشانەی لە دیواری سنوری غەزە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ بەرگرتن بە دزە کردنی هێزەکانی حەماس، مینڕێژ کراون.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەتەواوی سنوریان لەگەڵ غەززە کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و هیچ دزەپێکردنێکی چەکدارانی حەماسیش لە دوێنێوە نەبووە، دەشڵێت، تەرمی هەزار و 500 چەکداریان دۆزیوەتەوە. دانیاڵ هەگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەتەواوی سنوری ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە لەگەڵ کەرتی غەززە دوای ئەوەی لە رۆژی شەممە چەکدارانی حەماس توانیان دیوار و پەرژینی نێوان غەززە و ئیسرائیل لەچەند شوێنێکەوە تێکبشکێنن و دزە بکەنە نێو ئیسرائیلەوە. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، لە دوێنێ دووشەممەوە هیچ دزەکردنێکی حەماس بوونی نەبووە و ئەندازیارانی سوپای ئیسرائیل نزیک سنوریان مینڕێژ کردووە تا چەکدارانی حەماس نەتوانن بێنە ناوەوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 1500 تەرمی چەکدارانی حەماسیان لەنزیک کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە و تەنها ئەمشەو 200 جار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر غەززە ئەنجامداوە. دوێنێ دووشەممە حەماس هەڕەشەی ئەوەیکرد کە لەگەڵ هەر بۆردومانێکی ئیسرائیل، دیلێکی ئیسرائیل دەکوژن، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەبێ گوێدانە ئەو هەڕەشەیە بەردەوام بوو لەسەر بۆردومانەکانی. حکومەتی ئیسرائیل بڕوایوایە کە بزوتنەوەی حەماس 100 دیلی ئیسرائیلی لایە. بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوولاوە لەماوەی چوار رۆژدا، 900 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و دوو هەزار 600 کەسی تریش برینداربوون. لە غەززەش 687 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی چوار هەزار کەسی تریش برینداربوون.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری سوریا و هەرێمی کوردستان 194 پێگەی پەکەکە و یەپەگە لەناوبراون و 162 "چەکداریش کوژراون." لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، ئەردۆغان باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سوریا ئەنجامیداوە و وتی، "194 پێگە لەناوبراون و 162 تیرۆرستیش کوژراون." ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، "مافی شەرعی تورکیایە کە بەردەوام بێت لە ئۆپەرسیۆنە سنور بڕەکانی هەتا ئەوکاتەی پەکەکە ریشەکێش دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین کە نزیکن لە لایەنەکانی پەکەکەوە خۆیان بەدووربگرن تا لە ئۆپەراسیۆنەکانماندا زیانیان پێ نەگات." لەدوای هێرشەکەی 1ی ئەم مانگەوە تورکیا بە سەختی بۆردومانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و رایگەیاندووە کە دوو هێرشکارەکەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون، بەڵام بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم قسەیەی بەرپرسانی تورکیا رەتدەکەنەوە و بە بەهانەی دەزانن تا ئەنقەرە هێرشیان بکاتەسەر. تورکیا لەبۆردومانەکانیدا خەڵکی سڤیل بە ئامانج دەگرێت و بەرپرسانی رۆژائاوا دەڵێن کە دامەزراوەی مەدەنی لەناو دەبات. مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەڵێت، تەنها ئەمڕۆ "تورکیای داگیرکەر ئەکادێمیای ئاسایشی ناوخۆی لە دێرک بەئامانج گرت و لە ئەنجامدا 29 ئەندامی هێزەکانی دژە هۆشبەر شەهیدبوون. ئەمە تاوانێکی قێزەونە و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە کە ناتواندرێت چاوپۆشیی لێبکرێت."
هاوڵاتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وتارێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل پێشکەشکرد و رایگەیاند، بۆردومانکردنی غەززە تەنها "سەرەتایە" و "کارێک دەکەین بە دوژمن کە نەوە لە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." لەمیانی وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی، "تازە دەستمانکردووە بە هێرشکردنە سەر حەماس و تەنها سەرەتایە، کارێک بە دوژمن دەکەین کە نەوە دوای نەوە دەنگ بداتەوە." ناتانیاهۆ باسی لەوەشکرد کە هێشتا چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیلدا ماون و چیان لەدەست بێت دەیکەن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کە لەژێر دەستی حەماسدان. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری ئەوەشیدا کە "رۆژانی سەخت" بەرێوەیە بۆ ئیسیرائیل. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدان و بزوتنەوەی حەماسیش دەڵیت بۆردومانەکان رانەگرن "بارمتەکان دەکوژین." لەماوەی سێ رۆژی شەڕ و پێدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس 1600 کەس لە فەڵەستین و ئیسرائیل کوژراون. هەر ئەمڕۆش ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر غەززە راگەیاند و وتی کە خواردن و سوتەمەنی و کارەبا و ئاو بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕێت. لە رۆژی یەکشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا کە بۆ ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاو بوو، تێیدا چەکدارانی حەماس دزەیان کردە نێو وڵاتەکەوە. ئەمە یەکەمجارە لەماوەی 50 ساڵی رابردوو رودەدات کاتێک هێزێک بتوانێت دزە بکاتە نێو ئیسرائیلەوە. بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە، ئیسرائیل ماوەی سێ رۆژە بەچڕی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70 هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون.
هاوڵاتی کەتیبەی قەسام، باڵی چەکداری بزوتنەوەی حەماس، هەڕەشە لە ئیسرائل دەکات کە بۆردومانەکانی بەردەوام بێت بۆ سەر غەززە، بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکوژن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەامی بە هێرشە ئاسمانییەکانیان دەدەن هەتا ئەگەر ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی بارمتەکان. ئەبو عوبەیدە، وتەبێژێکی کەتیبەی قەسام بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، "هەر بەئامانجگرتنێکی خەڵکی سڤیلی بێتاوان بەبێ ئاگادارکردنەوە بە کوشتنی بارمتەکان کۆتایی دێت کە لەژێر دەستماندان و بەناچاری کوشتنیشیان پەخش دەکەین." وتەبێژەکەی حەماس دەشڵێت، "ئێمە ئەم بڕیارەمان بەلاوە سەختە بەڵام دوژمنی زایۆنی و سەرکردایەتی ئیسرائیل بە بەرپرس دەزانین بۆ ئەم دۆخە." هاوکات رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر مەترسیش بۆ بارمتە ئیسرائیلییەکان دروست ببێت لەژێر دەستی حەماسدا. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە بە فراوانی و بەهێزی بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر بارمتە ئیسرائیلیەکانیش زیانیان بەر بکەوێت لە غەززە." هەروەها سوپای وڵاتەکە لە رادیۆی فەرمی خۆیەوە باس لەوە دەکات، "ئەگەر زانیاری هەواڵگری دروست هەبێت سەبارەت بە شوێنی بارمتەکان، بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی ئەو شوێنانە دەکشێتەوە، بەڵام هەتاوەکو زانیاری لەو جۆرە نەبێت هەموو پێگەیەکی حەماس هێرشی دەکرێتەسەر." ئیلی کۆهن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە وڵاتەکەی بڕوایوایە کە 100 بارمتەی ئیسرائیلی لەژێر دەستی حەماسدایە. ماوەی سێ رۆژە هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە بەردەوامە و تەنانەت دوای وتەکانی حەماس فڕۆکەی ئیسرائیلی هێشتا بۆردومانی غەززە دەکات. ئێوارەی ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی سەرتاسەری بۆ سەر غەززە راگەیاند کە تێیدا ئاو و خۆراک و سوتەمەنی و کارەبا بەتەواوی بۆ غەززە دەبڕن. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە بزوتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە تێیدا هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر وڵاتەکە و هەزار چەکداری دەزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە و دواتر چەندین ئیسرائیلیان دەستگیرکرد. ئەم هێرشە بە هێرشیکی مەترسیدار ناودەبرێت بۆ سەر ئیسرائیل چونکە ماوەی 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە دزە بکاتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە. تا ئێستا نزیکەی 900 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەسی تریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی سەرکردایەتی ئەنجامدا و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، دوو پرەنسیپی کاری یەکێتی بریتی دەبێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق، دەشڵێت، "قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین." لە کۆبونەوەکەدا کە یەکەمین کۆبونەوە بوو دوای کۆنگرەی پێنجی یەکێتی، 14 ئەندامی سەرکردایەتی وەک ئەندامی مەکتەب سیاسی دیاریکران و پێنج ئەندامی تریش وەک یەدەگ بۆ ئەندامی مەکتەب سیاسی هەڵبژێردران. دەقی راگەیاندراوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان: لە رۆژانی ٨-٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەسەرپەرشتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی کۆبوونەوەکانی خولی نوێی دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی لە سلێمانی سازكرد. کۆبوونەوەکان بە خوولەكێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی لە عێراق دەستیپێکرد، بەتایبەت گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال کە شەش ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد و کوردستان، عیراق و یەکێتیشی وەک ئەمانەت بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی سپارد. سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان جەختی لە دوو پرەنسیپی گرنگ لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە کە بریتین لە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەولەویەتی ئەو پرۆسەیە تایبەت بە موچە، ژیان و گوزەرانیان، دوومیش پرەنسیپی ستراتیجی کە بریتییە لە ماف و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دەستورییەکانی گەلەکەمان لە عیراق. وتیشی، هەردوو ئەم داخوازییە بەگرتنەبەری سیاسەتێکی کوردستانی و عیراقیانەی راست و دروست دەبێت کە لە کوردستان یەکڕیزیی راستەقینە، چاکسازیی جەوهەری و راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی پێویستە و لە بەغداش بەهاوپەیمانی، هاوبەشی، هاوسەنگی و کردنی پایتەخت بە چەقی سترایجیی خەباتی سیاسی و دیموکراتی و دەستووریمان دێتەدی. بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەی سەرکردایەتی تەئکیدی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی کوردستانی و عیراقی لەگەڵ هێز و لایەنەکان بۆ راییکردنی ئەرکە نیشتمانییە هاوبەشەکان کردەوە. سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردایەتیی نوێ و هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی لەم ماوە نزیکەدا دوو تاقیکردنەوەی گرنگیان لە ئەستۆیە كە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لە سایەی ئالیەتێکی گونجاو و لەباری دیموکراتیدا. وتیشی، ناشبێت هەردوو ئەرکەکە ئەوەشمان لەبیر بباتەوە کە هەمیشە داکۆکی لە شایستەداراییەكانی خەڵکی خۆشەویستی خۆمان بکەین کە پێویستە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، چ لە نێوان هەرێم و بەغدا و چ لە ناوخۆی کوردستاندا چونکە قووتی خەڵک هێڵی سوورە بۆ ئێمە و هەرگیز دەستبەرداری نابین. کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی سەرکردایەتی بە چڕوپڕی گفتوگۆی لەسەر پەیكەربەندیی نوێی کارە رێکخراوەییەکانی یەکێتیی کرد و لەمبارەیەوە مەکتەبی سیاسیی نوێی هەڵبژارد، ئەرکی مەکتەب و ئۆرگانەکانیشی بە گوێرەی پەیڕەوی نوێ دیاریکرد. لە کۆبوونەوەكە بڕیاردرا بەڵگەکانی پەسەندکراوی کۆنگرە لە پەیڕەوی ناوخۆ، پرۆگرام و راپۆرتی سیاسیی چاپ و بڵاوبکرێنەوە و بخرێنە بەردەم ئۆرگانەکان و رای گشتی. کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە گیانی پتەوی هەڤاڵان و ویستی ئاشتکردنەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی لە ئاستە جیاجیاکانی خەباتدا کۆتاییپێهات و سەرۆک بافڵ رووی لە هەموو تێکۆشەرانی یەکێتی كرد، بە جۆش و خرۆشی یەکێتییانەوە وەک هەمیشە شان بدەنەبەر راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و حزبییە تازەکانی خەبات لەخزمەت خەڵكی كوردستان كە سەرچاوەی هێز و وزەی یەكێتین.
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە و 14 كەس بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پێنج كەسیش وەكو ئەندامی یەدەگ بۆ مەكتەبی سیاسی دیاریكرد. كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بووە و بڕیارەكە دراوە، هەریەك لە قوباد تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت، دەرباز كۆسرەت، شاڵاو عەلی عەسكەری، رەفعەت عەبدوڵڵا، ئاسۆ مامەند، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، تەلار لەتیف، جوان ئیحسان، هاوڕێ شێخ دارۆ، عیماد ئەحمەد، ئەحمەدی نۆكان، نزار ئامێدی، بورهان سەعید سۆفین كە بوونەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هەروەها یوسف گۆران، رێواز فایەق، سەركەوت زەكی، شوان قادر، رزگار حاجی حەمە بوونەتە ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی، هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە بە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردرا. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریشدرا خەسرەو گوڵ محەممەد نوێنەری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بێت لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكانی سەركردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و پشتیوانی. هاوڵاتی لەژمارەی 2037 دا ناوی بەشێك لەو ئەندامانەی بڵاوكردەوە كە دەبنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەویش لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ناو یەكێتییەوە.
هاوڵاتی بەرپرسێکی هەواڵگری میسر رایگەیاند، وڵاتەکەی چەند جارێک ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە لە "رودانی روداوێکی گەورە" بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هۆشدارییانەیان فەرامۆش کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرئیل. بەرپرسێکی هەواڵگری میسر کە نەیویوستووە ناوی بهێنرێت لەسەر هێرشەکەی حەماس بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی راگەیاندووە، "ئێمە ئاگادارمان کردنەوە کە تەقینەوەی دۆخەکە بەڕێوەیە و بەمزوانە روودەدات و شتێکی گەورە دەبێت، بەڵام ئەوان [ئیسرائیل] ئەو قسانەیان فەرامۆشکرد." بەرپرسە هەوڵگرییەی میسر دەشڵێت، بەرپرسانی ئیسرائیل تەرکیزیان زیاتر لەسەر کرتی خۆرئاوا بووە و کەرتی غەززەیان فەرامۆش کردووە کە حەماسی تێدایە. ئەمە لەکاتێکدا کە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە "شکستی" هەواڵگری ئیسرائیل ناودەبرێت لە ناوخۆی وڵاتەکە و شیکەرەوانی سەربازی بە "شکستێکی گەورە" ناویدەبەن کە دەزگای هەواڵگری مۆساد پێشبینی هێرشێکی بەرفراوانی لەو جۆرەی نەکردووە کە 50 ساڵە هیچ هێزێک نەیتوانیووە سنوری خاکی ئیسرائیل ببەزێنێت. شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات. تا ئێستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززەدا راگەیاند و وتی کە "ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵ دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." جواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە کۆبونەوەی وەزارەتی وڵاتەکە گەمارۆی تەواوتی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند و وتی، "گەمارۆی تەواوەتی بەسەر غەززدا دەسەپێنین، نە کارەبا، نە خواردن، نە ئاو، نە گازیان نابێت و هەمووی دادەخرێت، ئێمە دژی مرۆڤی ئاژەڵدا دەجەنگین و دەبێت کاردانەوەمان هاوشێوە بێت." وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتیشی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەستدەکەن بە بڕینی کارەبا و رەوانەکردنی خواردن و سووتەمەنی وەک بەشێک لە "گەمارۆی تەواوەتی" بۆ سەر غەززە. کەرتی غەززە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس تێیدا دەژی و لەساڵی 2007یشەوە لەژێر گەمارۆی ئیسرائیلدایە. ئاسمان و سنورییە ئاوییەکانی غەززە لەژیر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە ئەمە جگە لەوەی دوو خاڵی سنوری لەتیکرایی سێ خاڵی سنوری بەدەست تەلئەبیبەوەیە. گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای ئەوە دێت کە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دروستبوو دوای ئەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنیکی شۆکهێنەری دژی ئیسرائیل ئەنجامدا بەناوی "ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا" کە دواتر بووە هۆی تووڕەیی ئیسرائیل و ماوەی سێ رۆژە بە بەردەوامی بۆردومانی کەرتی غەززە دەکات. تا ئیستا نزیکەی 800 کەس لە ئیسرائیل و 560 کەس یتریش لە فەڵەستین بەهۆی پێکدادانەکانەوە کوژراون.
هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبویەوە و رایگەیاند دەیانەوێت چارەسەر بۆ کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بدۆزنەوە و "نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە بێ بودجەیی و بێ موچەیدا بن." ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی یەکەمی 2023، قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە كریستیانە هۆمان باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. لە کۆبونەوەکەیەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا، قوباد تاڵەبانی باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی عێراق کرد و وتی، "لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ موچەییدا بمێنن." لە یاسای بودجەی عێراق 12.6% وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە کە دەکاتە زیاتر لە 16 ترلیۆن دیناری ساڵانە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی بەغدا و هەولێر تا ئیستا بودجەی هەرێم رەوانە ناکرێت و هەرێمی کوردستان کیشەی دابینکردنی موچەی بۆ دروستبووە. وەك چارەسەرێکی کاتی، حکومەتی هەرێم 700 ملیار دیناری مانگانە وەردەگرێت لە بەغدا بۆ دابینکردنی موچە ئەمەش دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و رێککەوتن لەسەر ئەو بڕە کە وەک قەرز دەدرێت.
هاوڵاتی یدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر بارەگای هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی کۆچەرەتانی دێرک، ٢٩ ئەندامی هێزەکانی دژە مادەی هۆشبەر شەهیدبوون و ٢٨ کەسیش برینداربوون. خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبارەی ئاماری قوربانییەکانی بۆردوومانی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکەوە بۆ سەر دێریک و ڕمێلان، لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیاوە، ٢٩ ئەندامی ئەکادیمیای ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، لە دێریک و ڕمێلان لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەهیدبوون، هەروەها ٢٨ کەسیش برینداربوون، لە ناو بریندارەکانیشدا هەندێکیان برینیان سەختە. هەروەها تێیدا هاتووە، بۆ ئەو مەبەستە سێ ڕۆژ ماتەمینییان لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا راگەیاندووە.
