هاوڵاتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و کەنەدا، دژی هێرشی حەماس بۆ ئیسرائیل هەڵوێستیان گرتووە، ئێران و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی پشتیوانی خۆیان لەم هێرشە دەربڕی. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پشتگیری تەواوەتی بۆ ئیسرائیل دەربڕی. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل وسوورین لەسەر ئەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدەین بەوەی بەرگری لە خۆی بکات. وەزیری بەرگری ئەمریکا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کرد، رایگەیاند هەر کەرەستەیەکی سەربازی پێویست بێت دەخرێتە بەردەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر توندووتیژی و تیرۆریزمدا. دوای وتەکانی لۆید ئۆستن، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکی کورتدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە و رایگەیاند، "هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین و مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا بەناوی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەیشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. شیکەرەوانی جیهانی و میدیا نیودەوڵەتییەکان ئەمە بە "شکستی هەواڵگری" ئیسرائیل ناودەبەن کە نەیانتوانییوە پێشبینی هێرشیکی فراوانی لەو جۆرە بکەن. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر. وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان چی بوو؟ ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ریشی سۆناک سەرۆک وەزیری بەریتانیا، ئۆلاف شۆلتێس، ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانیا، جۆزێپ بۆرل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا، ڤلادیمێر زێلنیسکی سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین، لە کەسایەتییە دیارەکانن کە هاوسۆزیان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە. جەیمۆز کێلۆرلی کەسایەتی دیاری سیاسی بەریتانیا و ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لەگەڵ ئەوەی ئەم هێرشەی وەک هێرشی گروپێکی تیرۆریستی وەسف کرد نووسی :" هیچ وشەیەکیتر بۆ وەسفی هێرشی دڕندانە یان کردە تیرۆریستیەکان بە مەبەستی بە ئامانج کردنی کەسانی مەدەنی بوونی نییە جگە لەوە بڵێن ئەمە تیرۆریزمە و پێویستە دژی بوەستینەوە." گرووپی چەکداری حەماس، لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانیترەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو وەک گرووپ و تاقمی تیرۆریست ناوی هاتووە. جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی، وڵاتەکەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئیسرائیل سەرکۆنە ئەکات و پشتیوانی لە ئیسرائیل ئەکات بەوەی بەرگری لە خۆی بکات." کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە یەکەم ساتەکانەوە لە میدیا سەرەکییەکانی خۆیەوە هەواڵەکەی خوێندەوەو وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی بردو پشتیوانی خۆی بۆ ئەم هێرشە دەربڕی. کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە کە لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکان ئاگری خۆشی و شادی ئەکەنەوە. بە پێی کۆمەڵێک ڤیدیۆ کە لە ماڵپەڕە حکومییەکان بڵاو کراونەتەوە ئێوارەی شەممە 7ی تشرینی یەکەم لە کۆمەڵێک لە شارەکان هێزە حکومییەکان شادی و خۆشیان دەربڕیووە. ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی حەماس بۆ ئیسرائلی وەک "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سووریا" ناوبرد. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکار و یاریدەدەری باڵای رابەری کۆماری ئیسلامی، پیرۆزبایی ئەم هێرشانەی کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی برد و وتی :" کۆماری ئیسلامی تا ئازادی فەلەستین و قودس وەک پاڵپشتی موجاهیدە فەلەستینییەکان ئەمێنێتەوە." گرووپی حیزبوڵای لوبنان، کە یەکێکە لەو گرووپانەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی لێ ئەکرێت، پشتیوانی لە هێرشەکانی حەماس کرد و وەک سەرکەوتنی گەورە ناوی لێبرد و ئامادەیی خۆی بۆهاوکاری حەماس نیشاندا. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیسرائیلی بە بەپرسی هێرشەکانی حەماس بۆسەر هاوڵاتییە ئیسرائیلییەکان ناوبرد. لەلایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت لەراگەیاندراوێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی توندووتیژییەکان دەربڕی، ئیسرائیلی بە بەرپرس زانی و هێرشی حەماسی بە دەرئەنجامی هێرشە ئاشکراکانی ئیسرائیل ناوبرد. وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندووتیژییەکانی نێوان "ژمارەیەک لە هێزە فەلەستینییەکان و هێزە داگیرکەرەکانی ئیسرائیل بوو". وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و توندووتیژییەکان بوو. عەممان لەهەڵوێستێکی هاوشێوەدا خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بوو. تالیبان لەئەفغانستان جۆری دەربڕینی هەڵوێستەکانیان نزیکبوو لەهەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خۆیان لە حەماس دەربڕی و هێرشی حەماسیان بەرز نرخاند بۆ ئازادکردنی قودس. ناتانیاهۆ: لە جەنگداین چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی و زەمینی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دۆخی کتوپڕی راگەیاند و وتی کە وڵاتەکەی لە جەنگدایە. بێنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند وڵاتەکەی دەیەوێ هێزەکانی "دوژمن" لە باشوری ئیسرائیل بسڕێتەوەو ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "دژومن باجێکی قورس بەخۆیەوە دەبینێت کە هەرگیز پێشتر نەیدیووە." سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامی خۆیان بپارێزن بە مەبەستی سەرکەوتن لەم جەنگە یەکدەنگ بن. هاوکات وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانم داوە بەوەی کارەبای کەرتی غەزە بپچڕێت و بە پێی ئەم فەرمانە کارەبای ٨٠٪ غەزە دەپچڕێت. ئۆپەراسیۆنی " شمشێری ئاسنین" شمشێری ئاسنین، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەیە کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوە بە هێرشەکانی حەماس، بۆ هێرشەکانی خۆی هەڵیبژاردووە. بە پێی زانیارییەکان دەستبەجێ ئیسرائیل دەستیکرد بە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. بینایەکی ١١ نهۆمی لە غەزە کرایە ئامانج کە دەوترێت ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی حەماس لەوێ بوون و وێستگەی رادیۆیی حەماس لەوێ جێگیرکرابوو. هاوڵاتییەکی خەڵکی غەزە بە بی بی سی فارسی وتووە:" ئەمانزانی تۆڵە ئەکرێتەوە، ئێمە ئەم بەیانییە بە دەنگی تەقە خەبەرمان بوەوە. ئەم پیاوە ٦٠ ساڵە وتوویەتی لایەنگری هیچ جۆرە توندووتیژییەک نییە بەڵام ئەزانێت نە حەماس و نە ئیسرائیل، هیچکامیان هێرشەکانیان راناگرن
هاوڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا جەختی کردەوە لە پشتیگیری تەواوەتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل و رایگەیاند، "ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات." جۆو بایدن لە کۆشکی سپی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس وتارێکیدا و رایگەیاند، پشتگیری ئەمریکا بۆ ئاسایشی ئیسرائیل "نەگۆڕ و پتەوە، هەرگیز پشتی ئیسرائیل بەرنادەین." سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئیدارەکەی بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە گفتوگۆدان تا دڵنیا ببنەوە لەوەی "ئیسرائیل چی پێویست بێت لەبەردەستیدا بێت تا بتوانێت بەرگری لەخۆی بکات." سەرۆکی ئەمریکا باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل نەکرد بۆ سەر کەرتی غەززە. بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکی شۆکهێنەردا پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرئیل کرد و نزیکەی دوو هەزار چەکدارەکایشیان چوونە نێو ئیسرائیل کە یەکەمجارە هێزێک بتوانێت دوای 50 ساڵ سنوری وڵاتەکە ببەزێنێت. لە هێرشەکانی حەماسدا 150 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون. دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆی لە کەرتی غەززە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی کرد کە بووەتە هۆی کوژرانی 232 کەس و برینداربوونی 1790 کەسی تر.
هاوڵاتی بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور بە هاوڵاتی راگەیاند، نیو کاتژمێر لەمەوبەر تورکیا بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان مزگەوتی کەمپەکەی کردە ئامانج و بۆردومانی کرد، وتیشی بۆردومانەکە لە کاتی نویژکردکردن دا بووە و لە ئێستادا بریندار هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیج گیان لەدەستدانیک تۆمار نەکراوە. بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور باسی لەوەشکرد کە ئەو کەسانەی برینداربوون بەهۆی پارچە شکاوەکانی شوشەی دەرگا و پەنجەرەکانیی مزگەوتەوەکەوە بریندار بوون، زیاتر لە چوار بریندار هەیە. لەبارەی بۆردومانەکانەوە بەدران پیرانی وتیشی، ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر کەمپەکە دەسوڕێتەوە، ئێستاش دەنگی فرۆکەکان دەبیسترێت لەسەرمان.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ فرۆکەی بێ فرۆکەوان کەمپی مەخموری کردە ئامانج و هێشتا زیانەکان زانراو نین. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمیر 7:00 کەمپی مەخمور لەلایەن فڕۆکەی بی فڕۆکەوانە بۆردومانکرا و هێشتا دیار نییە زیانەکان چین. کەمپی مەخمور زۆربەی پەنابەرانی کوردستانی باکوری تێدا نیشتەجێیە کە دوای بۆردومانەکانی تورکیا لە ساڵی 1990 ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە. هێشتا بەرپرسانی کەمپەکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە، بەڵام گومان دەکرێت لەلایەن تورکیاوە ئەنجام درابێت بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ رۆژە دەستیکردووە بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ بۆردومانکرنی ناوچە رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستین بڵاویانکردەوە کە ژمارەی قوربانییانی هێرشی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە و تا ئیستا نزیکەی 200 کەس کوژراون. کەناڵی بی بی سی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینەوە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەشتووەتە 198 کەس و نزیکەی هەزار کەسیش برینداربوون. بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆةیکی دژی ئیسرائیل دەستپێکرد و تێیدا پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد. بەپێی وتەی فریاکەوتنی ئیسرائیل 40 کەس بەهۆی موشەک و تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی حەماسەوە کوژراون. دوابەدوای ئەو هێرشە، ئیسرائیل بە تووندی هێرشی کردەسەر کەرتی غەززە و ئۆپەراسیۆنی "شمسێری ئاسنین"ی راگەیاند کە تێیدا هێرشی ئاسمانی کەرتی غەززەی کرد.
هاوڵاتی حکومەتی عێراق لەسەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هاتە دەنگ و رایگەیاند بەرگری لە مافەکانی گەلی فەڵەستین دەکەن و هۆکاری رودانی هێرشەکەی ئەمرۆ دەرئەنجامی "ستەمی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارانی زایۆنییە." ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیاندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و دەڵێت، "عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی وەک و حکومەت و گەل بۆ پرسی فەڵەستین دووپاتدەکاتەوە. ئێمە لەپاڵ گەڵی فەڵەستینین بە تایبەت لە بەدیهێنانی خواستەکانیان و بەدیهێنانی مافە رەواکانیان. ئاشتی بەردەوام نایەتە دی لە هەبونی نادادپەروەری و نکوڵی کردن لەم مافانە." بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە پێنج هەزار موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ئۆپەراسیۆنێکیان بەناوی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" راگەیاند کە تێیدا چەکدارانی بزوتنەوەکە چوونە نێو چەند بەشێکی ئیسرائیلەوە. میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا 35 ئیسرائیلی بەدیل گیراون و فریاکەوتنی ئیسرائیل دەڵێت 40 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون. هەر دوای هێرشەکە ئیسرائیل هەڕەشەی تووندی کرد و دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی چڕ بۆ دەرکردنی چەکدارانی حەماس و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە بە موشەک. بەپرسانی فەڵەستین دەڵین لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل 161 کوژراون و هەزار کەسیش برینداربوون. لەبارەی هێرشەکەی حەماسەوە وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "ئەو کردانەی ئەمڕۆ لەلایەن گەلی فەڵەستینەوە ئەنجامدران دەرئەنجامی چاوەڕوانکراوی ستەمی ستستیماتیکی چەندین ساڵەیە کە لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی زایۆنی چەشتوویانە کە بەردەوام پێشێلی یاسا نیودەوڵەتیەکانی کردووە." باسم عەواد لە بەشێکی تری راگەیاندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێکاری تووند بگرنەبەر و "پێشێلکاریی جدی بوەستێنن و مافی شەرعی گەلی فەلەستین دابمەزرێننەوە کە بەردەوام لەژیر داگیرکاری و سیاسەتی جیاکاری و گەمارۆدان." وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری دەدات، گرژی دروستکردن لەبەرامبەر ناوچەکانی فەلەستین ئەگەری هەیە سەربکیشێت بۆ ناسەقامگیرکردنی تەواوی هەرێمەکە و "داوا لە لە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی دەکەین کۆببنەوە و تاووتوێی ئەم روداوە مەترسیدانە بکەن لە ناوچە فەلەستینییەکاندا."
هاوڵاتی لە یەکەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەبێت پیلانداڕێژەر و بکەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن." لە رۆژی هەیینی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، تەقینەوەیەک لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر رویدا کە دواتر دەرکەوت دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار جافدا تەقیوەتەوە و گیانی لەدەستداوە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چەند کەسێکی لەسەر روداوەکە دەستگیرکرد کە سەر بە دژەتیرۆری یەکێتی بوون و رایگەیاند، کردەوەکە بە فەرمانی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی ئەنجامدراوە. دوای چەند مانگێک داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی لە بەرپرسانی سلێمانی کرد و ئەم کێشەیەش تا ئێستا بابەتێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتییە. هاوکار جاف بە کەسێکی نزیکی لاهور شیخ جەنگی لە قەڵەم دەدرا و لە ساڵیادی گیانی لەدەستدانیدا لاهور شێخ جەنگی پەیامیکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: لە ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید (عەقید هاوکار جاف)، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدە قارەمانە دادەنەوێنم، شەهید هاوکار ئەفسەرێکی لێهاتوو بوو، نموونەی ئازایەتی و دڵسۆزیی و خزمەتکردن بوو لە کارەکەیدا. لاهور شیخ جەنگی دەشڵێت، "بە داخەوە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن چەند کەسێکی نامەردەوە زۆر بێویژدان و بێڕەحمانە بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانییەوە شەهید کرا، بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی شەهید هاوکار ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە دەبێت پیلانداڕێژەر و بکەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە دەستگیر بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن."
هاوڵاتی ناوەندی تەندروستی فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند لانی کەم 22 کەس لە هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 500 کەسی تریش برینداربوون. ناوەندی تەندروستی فریاکەوتنی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشە مووشەکییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی 22 کەس و برینداربوونی 545 کەس. بزوتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی لەناوکای بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و تییدا بە راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" پێنج هەزار مووشەکی بۆ وڵاتەکە هەڵدا. دواتر ئیسرائیل لە وەڵامدا ئۆپەراسیۆنی دەستپێکرد و مووشەکی ئاراستەی کەرتی غەززە کرد. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆککوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە حەماس "باجێکی قورس دەدات."
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر هێرشەکانی ئەمڕۆی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئیسرائیل پەیماێکی ڤیدیۆی بڵاویکردەوە و دەڵێت، "فەرمانم بە جوڵاندنی هێزی یەدەگ کردووە و دوژمن باجێکی قورس دەدات." بەیانی ئەمڕۆ شەممە بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند بەناوی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" کە تێیدا پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و میدیا ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە لانی کەم 22 کەس لە هێرشە مووشەکییەکاندا کوژراون. میدیاکانی فەلەستینیش باس لەوە دەکەن تا ئیستا حەماس 35 ئیسرائیلی بەدیل گرتووە دوای ئەوەی چەکدارانی بزوتنەوەکە چوونەتە نێو ئیسرائیل. لەدوای هیرشەکە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی وڵاتەکەی کۆبووەوە و دوای کۆبونەوەکەش پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە. لە پەیامە ڤیدیۆییەکەدا ناتانیاهۆ دەڵێت، "هاوڵاتیانی ئیسرائیل، ئێمە لە جەنگداین ئەمە نە ئۆپەراسیۆنە و نە ئاڵۆزبوونی گرژییەکانە، بەڵکو جەنگە. فەرمانم بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە تیرۆرستەکان لە شارەکان وەدەرنێن و ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێت." ناتانیاهۆ دەشڵێت، "فەرمانم کردووە بە جوڵاندنی هێزی یەدەگ و ئەنجامدانی جەنگێکی تۆڵە بە ئاست و هێزێک کە هەرگیز دوژمن نەیدیووە." لە کۆتایی پەیامەکەشیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە "دوژمن باجێکی قورس دەدات کە هەرگیز بەخۆیەوە نەدیووە. אנחנו במלחמה. pic.twitter.com/XNM3l7fEQH — Benjamin Netanyahu - בנימין נתניהו (@netanyahu) October 7, 2023
هاوڵاتی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تا ئێستا تورکیا 45 ناوەندی ستراتیجی و ژیرخانی لە رۆژئاوا بۆردومان کردووە، بەشێکیشیان ناوەندی مەدەنین و گرنگن بۆ دانیشتوانی ناوچەکە. روانگەی سوری دەڵێت لە سێ رۆژی هێرشی درۆنی و فڕۆکەی جەنگی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا، تا ئێستا 45 پێگە و ناوەندنی گرنگ و ستراتیجی بۆردومان کردووە. بەپێی روانگەکە، ئەو پێگانەی بۆردومان کراون وێستگەی کارەبا و کێڵگەی نەوت و وێستگەی ئاو و چەندین ناوەندی ئابوری ترن. روانەگی سوری دەشڵێت، لەو ناوەندانەی هێرشیکراوەتەسەر، پێنج پێگەیان پێگەی سڤیل بوون کە چەند جارێک بۆردومان کراون، لەوانە: نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی و سایلۆی گەنم. بەرپرسانی رۆژائوا دەڵێن هیرشەکانی تورکیا بەهانەیە و بۆ ئەوەیە ئۆپەراسیۆنی تر دژیان دەستپێ بکات و هێرشەکەی ئەنقەرە وەک پاساو بۆ ئەو هێرشانە بەکاردەهێنن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس شەڕێکی دەستپێکردووە لەگەڵ ئیسرائیل کە تێیدا ئیسرائیل دەیباتەوە، دەشلێت، "حەمساس هەڵەیەکی گەورەی کرد." جواف گەلانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دوای مووشەکبارانکردنی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەم بەیانییە حەماس هەڵەیەکەی گەورەی کرد و هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد." وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەشلێت، سوپای ئیسرائیل لەئێستادا لەگەڵ "دوژمن" دەجەنگن و ئیسرائیل "جەنگەکە دەباتەوە." دوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیل دەستیکرد بە موشەکبارانکردنی کەرتی غەززە. بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆةیکی نوێی دژی ئیسرائیل راگەیاند و پێنج هەزار موشەکی ئاراستەی وڵاتەکە کرد.
هاوڵاتی بەربەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی دژی ئیسرائیل راگەیاند و بە موشەک هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، ئەمە جگە لەوەی چەندین چەکداری بزوتنەوەکە چوونەتە نێو خاکی وڵاتەکەوە. ئەمڕۆ 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاوی بەناوی ئۆپەراسیۆنی "گەردەلولی ئەقسا" راگەیاند و بەپێی وتەی محەممەس زەیف، فەرماندەی سەربازی بزوتنەوەکە پێنج هەزار موشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە. هەر دوای هەڵدانی موشەکەکان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باری لەناکاوی لەناو حکومەت راگەیاند و داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی وڵاتەکە. سوپای ئیسرائیل لەبارەی هیرشەکانەوە رایگەیاندووە، دانیشتوانی نزیک کەناری غەززە داوایان لێکراوە کە لە ماڵەکانیان بمێننیەوە و نەیەنە دەرەوە. سوپای وڵاتەکە دەشڵێت، "کۆمەڵێک تیرۆرست" لە غەززەوە هاتوونەتە نێو ئیسرائیلەوە. سوپای ئیسرائیل لەسەر هێرشەکانیش دەڵێت، "بەرگری لە خۆمان دەکەین." میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن چەکدارانی حەماس دەستیان کردووە بە تەقە کردن لەناو شەقاماەکانی ئیسرائیل و تەقە لە کەسانی پیادە دەکەن لە بەشی باشوری ئیسرائیل. هاوکات میدیاکانی فەلەستین رایانگەیاندووە، کۆمەڵێک ئیسرائیلی دەستگیرکراون و ڤیدیۆیەکیشیان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت تانکیکی ئیسرائیل تێکشکێندراوە. ئەم ووداوەی ئەمڕۆ گەورەترین شەڕە لەنیوان هەردوولا لەساڵی 2021ەوە کاتێک بۆ ماوەی 10 رۆژ جەنگ لەنێوانیان دروستبوو.
هاوڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، لەسەر هێرشە ئاسمانییەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان هۆشداریی دەداتە توركیا و دەڵێت: مافی خۆمانە بەرگریی بکەین، ئەمەریکاش دەڵێت: دەبێت چالاکییەکان لە ململانێ دووربخەینەوە. لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، "لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ناهاوئاهەنگ لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەنجامدراون،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دەڵێت، "دژی ئەو كارانەین كە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكەو سەلامەتی هێزەكانمان و هێزە هاوبەشەكانمان و خەڵكی مەدەنییش دەخەنە مەترسییەوە، كە سەرەنجام دەبنە هۆی پەرتەوازەبوونی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش". لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا، بەناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە توركیا كردووە، كە هەر كاتێك رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە و هێزكانیان بكەوێتە مەترسییەوە، مافی ئەوەیان هەیە بەرگری لەخۆیان بكەن و وەڵامی هێرشەكان بدەنەوە. لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا سوپای توركیا بە 30 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، هێرشێكی فراوانی ئاسمانی كردە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و چەندین پێگەی بۆردومانكرد، لەوانە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەپێی ئامارەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، 15 كەس گیانیان لەدەستداوە، كە هەشت كەسیان هاووڵاتی مەدەنی بوون.
هاوڵاتی دوای بهرزبنهوهی بهرچاوی بههای دۆلار بهرامبهر دیناری عێراقی، بانكی ناوهندیی عێراق رایگهیاند كه پرۆسهی رهوانهكردنی دۆلار له بانكی فیدڕاڵیی ئهمریكاوه بهردهوامه. بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، گواستنەوەی دۆلار لە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوە بۆ عێراق بەردەوامە و بەپێی خشتەی کارکردن بەرێوەدەچێت، لە رۆژی رابردوش گفتوگۆ لە بارەی ناردنی گوژمێکی دیکەی دۆلار کراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی لە بارەی راگرتن و کەمکردنەوەی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دەکەن دورە لە راستییەوە، داواش لە میدیاکان دەکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریدا وردبن. ئەو هەواڵەی بانکی ناوەندی دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپڕ نرخی دۆلار بەرزبوویەوە و هەر 100 دۆلارێک گەیشتە سەرووی 160 هەزار دینار هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دوای ئەوە هات، کە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە بانکی فیدراڵی ئەمریکی پێدانی بڕی دۆلاری دیاریکراوی بەعێراق کەمکردووەتەوە بۆ نیوە.
عەممارعەزیز زیاتر لە 15 ساڵە كێشەی نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گشتیمان هەیە، جگە لەمەش ئەو بنكانەی تەندروستی كەهەن پزیشك و دەرمان بەپێی پێویست نیە، بۆ بچووكترین نەخۆشی دەبێت سەردانی ئاكرێ و شارەكانی تر بكەین»، ئەمە قسەی حەلیمە عەبدولڕەحمانە کەدانیشتوویەکی قەزای بەردەڕەشە لەسنوری پارێزگای دهۆک. حەلیمە عەبدولڕەحمان، تەمەنی 49 ساڵەو لەبەردەڕەش دادەنیشێت کەگرفتاری تەواوکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتییە. ئەو دەڵێت نەخۆشی شەکرەی هەیەو زۆرجار بۆ دەرمان کڕین سەردانی دەرەوەی بەردەڕەش دەکات چونکە هەندێکجار لەبەردەڕەش «دەرمان نامێنێت یان پزیشکی لێ نییە»و «ئەگەر خوا نەكات تووشی نەخۆشیەكی تر بین دەبێت سەردانی ئاكرێ و دهۆك بكەین، ئاكرێ كەنزیكترین قەزایە بۆ ئێمە بەهەمانشێوەی بەردەڕەش قەزایە بەڵام دوو نەخۆشخانەی هەیە نەشتەرگەری دەكرێت و ئەمانە لەبەردەڕەش نیە». نەخۆشخانەی بەردەڕەش لەساڵی 2012وە بەردی بناغەی بۆ دانراو گوژمەی پرۆژەكە 40 ملیار دینار بوو کەنەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەییە بەڵام تەنها ماوەیەكی كەم ئیشی لەسەر كرا كەتەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكراو زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن لەپرۆژەكەدا وەستاوە. بەردەڕەش لەساڵی 2007وە بووەتە قەزاو ١٥٠ هەزار دانیشتووی هەیە، لەسێ ناحیەو 106 گۆند پێكهاتووەو تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی نییە. ئەوەی هەیە تەنها دوو بنكەی تەندروستییە لەسەنتەری قەزا لەگەڵ 16 بنكەی ناحیەو ناوچەكانی تر. شەهاب ئەحمەد کە هاووڵاتیەكی دیكەی شاری بەردەڕەشە دەڵێت، کاتێک نەخۆشخانەکە بەردی باغەی بۆ دانرا ئەو زۆر دڵخۆش بووە چونکە پێیوابووە رزگاری دەبێت لەکێشە تەندروستییەکان، بەڵام بەوتەی خۆی ئەو دڵخۆشییە بوو «بەخەون و ماوەیەكی كەم ئیش لەسەر پرۆژەكە كراو دواتر وەستا تائێستاش چارەنووسی دیارنیە، نازانین جارێكی تر دەست بەدروستكردنەوەی دەكرێت یان نا». لەدوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ چەندین پرۆژە لەهەرێمی کوردستان وەستاوەو تائێستا تەواونەکراون، نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەشیش یەکێکە لەو پڕۆژانە. شەهاب ئەحمەد باس لەوە دەکات کە «زۆر پێویستە بەزووترین كات دەست بەدروستكردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بكرێت تاخەڵك كەمێك پشووبدات، گوناهی ئەو خەڵكە چیە رۆژانە دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەن بۆ لای پزیشك.» سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی پرۆژەکەو کارکردن تێیدا ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بەهاوڵاتی راگەیاند، «دوو نەخۆشخانەی گشتی لەسنوری پارێزگای دهۆك هەیە، یەكێكیان نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و ئەوەی تر نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەشاری دهۆك زیاتر لە 10 ساڵە ئیشكردن تیادا وەستاوە ، ئەگەر بودجە لەبەغداوە بگات، ئەوا جارێكیتر دەست بەكارەكانی دروستكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەكەینەوە، هیچی نوێ لەسەر دەستپێكردنەوەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە نیە، لەبەرنامەماندایە جارێكی تر دەست بەدروستكردنی بكەینەوە بەڵام چاوەڕێی پارە دەكەین». ئەفراسیاب موسا دەشڵێت، «نەخۆشخانەیەكی تر دروستكراوە لەسەنتەری بەردەڕەش وەكو بینایە تەواو بووە بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی نەخۆشخانە هەركات تەواوبن بەفەرمی بە رووی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە، هیچ جیاوازی لەنێوان قەزاو شارەكاندا ناكەین بەپێچەوانەوە لای ئێمە هەموویان وەك یەكن، بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستمانە پزیشك و پەرستارو دەرمانی پێویست بۆ بەدەڕەش و دەوروبەریمان دابینكردووە.» بەڵام حەلیمە عەبدولڕەحمان کەچەندین ساڵە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە بێهیوا بووە لەبەڵێنی بەرپرسان و دەڵێت، «ماوە ماوە لەتەلەڤزیۆن و شوێنەكانی تر دەبیستین كەكێشەكان چارەسەر دەكەن بەڵام تەنها قسەیەو كردارمان نەبینیوە».
