كۆمپانیای دلێر فارما بۆ هاوڵاتی: ماوەی دوو ساڵە دەرمان بە نەخۆشخانەی هیوا دەدەین و هیچ كێشەیەكمان نەبووە

3 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

كۆمپانیای دلێر فارما رایگەیاند:" ئێمە سەرتاپای ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، ئێمە لەمانگی 7ی 2017 دروستبووین و ماوەی دوو ساڵە دەرمان بە نەخۆشخانەی هیوا دەدەین".  ئەمەش دوای ئەوەی پزیشكێكی پسپۆر داوا دەكات :"سەرجەم تووشبوانی شێرپەنجە و کەسوکاریان دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەوە تۆماربکەن".

ئەمرۆ پێنج شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  دڵشاد محەمەد، پزیشکی پسپۆری دەرمانسازی و ژەهرناسی رایگەیاند:" وەڵامی ڕاپۆرتێکمان وەرگرتۆتەوە کە ئەوەی دەرخستووە لە رووی پشکنینی فزیزیاییەوە دەرمانەکان کێشەی هەیە"، ئەو وتی، "سەرجەم تووشبوانی شێرپەنجە و کەسوکاریان دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەوە تۆماربکەن".

ئەو باسیلەوەشکرد: "دەبێت بەرپرس و کاربەدەستان و هاوڵاتیان لەسەر ئەم دۆسییەیە بێنەدەنگ و ڕای گشتی دروست بکەن دژ بە کارەکانی ئەو کۆمپانیایە"، دکتۆر دڵشاد محەمەد داواشیکرد، "ئەو کەسانەی بەرپرسن لەم کارە دادگای بکرێن و دووربخرێنەوە".

خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما سەرتاپای ئەو قسانە وەك تۆمەت بۆ كۆمپانیاكەیان وەسف دەكات و دەڵێت:» دەرمانەكانمان لەتوركیا كڕیوەو وەزارەتی تەندروستی ئیمێڵیان بۆ سویسرا ناردووە».
دلێر حەسەن، خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما بۆ بازرگانی دەرمان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئێمە سەرتاپای ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوە، ئێمە لەمانگی 7ی 2017 دروستبووین و ماوەی دوو ساڵە دەرمان بە نەخۆشخانەی هیوا دەدەین».

هاوكات، دلێر حەسەن ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەوان هیچ دەرمانێكی ساختەیان نەهێناوە، چونكە هێنانی دەرمانی ساختەو ساغبوونەوەی گرتن و داخستنی كۆمپانیاكەی بەدواوەیە، وتیشی «ئێمە تائێستا لەگوڵ كاڵترمان پێنەوتراوەو هەم ئەوانەی باس دەكرێن دوورن لە راستییەوە». 

خاوەنی كۆمپانیاكە جەختی لەوەشكردەوە كە تەنها یەك كێشەیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەبووە ئەویش لەسەر ئیمێڵێك بوو و ئیمێڵێك هاتووە و دەڵێت ئەو دەرمانانە هی ئێمە نین، بەڵام «ئێمە دەرمانەكانمان لەتوركیا كڕیوە و ئەوان ئیمێڵیان بۆ سویسرا كردووە، كە ئەمەش دوو بابەتی جیاوازن».

« وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی پێكهێنا بەئامادەبوونی نوێنەری داواكاری گشتی لەهەولێرو لیژنەكە پەیوەندیان بەتوركیاوە كردو وەڵامی دانەوە كە ئەو دەرمانانە لەتوركیا دەفرۆشرێن و هیچ كێشەیەكی زانستی بۆ نەخۆش نیە و ئێمە لەسەر بڕیاری ئەو لیژنەیە رێگەپێدانی دەرمانەكانمان وەرگرت و دەرمانەكانماندا بە نەخۆشخانەی هیواو نزیكەی85٪ی دەرمانەكان تەواو بووە و چەند كارێكی كارگێڕی ماوەو بەم نزیكانە لێدوانی تایبەتیمان دەبێت و وەزارەتی تەندروستی كۆمپانیاكەی ئێمەی داوە بەدادگا لەسەر كوالێتی دەرمان نەبووە كە ساختە بووە یان نا، بەڵكو لەسەر ئەوراق بووە»، خاوەنی كۆمپانیای دلێر فارما وای وت.

لای خۆیەوە حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بەرپرسی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»پێش ئەوەی سكاڵای ئەو كۆمپانیایە لەمیدیاكانەوە بڵاوببێتەوە، سكاڵایەكی فەرمی لەسلێمانییەوە هاتە لای ئێمە و پاش بڵاوبوونەوەشی وەزیری تەندروستی هاتە سەرخەت».      

                                            حاكم ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەنجامەكان كاتیان پێویستەو بەردەوامین لەكۆكردنەوەی بەڵگەكان.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار