هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئازه‌ربایجان رایگه‌یاند، هێرشكراوه‌ته‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و به‌رپرسی ده‌زگای ئه‌منی باڵیۆزخانه‌كه‌یان كوژراوه‌ و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ش برینداربون. ئه‌مرۆ (هه‌ینی 27ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023)، چه‌كدارێك هێرشده‌كاته‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌ربایجان له‌ تاران، بووه‌ هۆی كوژرانی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری باڵیۆزخانه‌كه‌. به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كان، له‌كاتی هێرشه‌كه‌ی به‌یانی ئه‌مڕۆی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌بایجان له‌ تارانی پایته‌خت، ئۆرخان ئاسكارۆڤ، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی باڵیۆزخانه‌كه‌ له‌ كاتی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌دا كوژراوه‌ و دو كه‌سی دیكه‌ش برینداربون. هاوکات،وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئازه‌ربایجان، كوژرانی به‌رپرسی ئه‌منی باڵیۆزخانه‌كه‌یانی له‌ تاران پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "لایه‌نی ئازه‌ربایجان لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی بۆ ئه‌و ڕوداوه‌ ده‌ستپێكردوه‌". هه‌روه‌ها میدیاكان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێكیان له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌ربایجان بڵاوكرده‌وه‌، تاوه‌كو ئێستاش ناسنامه‌كه‌ی ئاشكرانه‌كراوه‌.    

هاوڵاتی لە ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکادا لە سۆماڵ، سەرکردەیەکی دیاری داعش کوژرا، کە رۆڵی گەورەی ھەبوو لە پارەدارکردنی تیرۆریستان لە سەرانسەری جیھاندا. لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنێکیان لە باکوری سۆماڵ ئەنجامداوە کە بەھۆیەوە ١٠ تیرۆریستی داعش کوژراون کە لە نێویاندا "بیلال سودانی" سەرکردەی دیاری داعش ھەبووە.  ئۆستن لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، بیلال سودانی بەرپرس بووە لە فراوانکردنی چالاکییەکانی داعش لە ئەفریقا و رۆڵی گەورەشی ھەبووە لە پارەدارکردنی تیرۆریستان لە سەرانسەری جیھان بە ئەفغانستانەوە.  وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیشیکردەوە لەوەی لەو ئۆپراسیۆنەدا ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی و سەربازێکی ئەمریکی  نەبووەتە قوربانی و ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەمریکییەکان لە تیرۆریستان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەکەی.  کۆشکی سپیش رایگەیاند، ئەمریکا حکومەتی سۆماڵی لە وردەکارییەکانی ئەو ئۆپراسیۆنە ئاگادار کردووەتەوە. 

هاوڵاتی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشوی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، ده‌كرێت شه‌ڕ و ململانێكانی ئۆكرانیا به‌ رێكه‌وتن یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و نه‌ك به‌ ناردنی ملیۆنان دۆلار وه‌ك هاوكاری بۆ كیێڤ. دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (Truth Social)، نووسیوویه‌تی: "ناكۆكییه‌كان له‌ ئۆكرانیا له‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنه‌وه‌ كۆتایی پێده‌هێنرێت، نه‌وه‌ك به‌ ناردنی چه‌ك، هاوكاریی و ملیاره‌ها دۆلار بۆ كیێڤ". هەروەها دەشڵێت، "ئه‌گه‌ر من له‌ ئێستادا سه‌رۆكی ئیداره‌ی ئه‌مریكا بومایه‌، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ری ململانێكانی ئۆكرانیا و روسیام ده‌كرد". دۆناڵد تره‌مپ پێشتریش له‌ لێدوانێكدا له‌باره‌ی كاره‌كانی ئیداره‌ی جۆو بایدن سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ئۆكرانیا ڕایگه‌یاندبو، "پێویسته‌ به‌ ڕێككه‌وتنێك كۆتایی به‌ ململانێكان بهێنن، نابێت ملیۆنان دۆلار هاوكاری بنێردرێت بۆ كیێڤ ". سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكردبو، "به‌هۆی ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شه‌ڕ و ململانێكان بۆ شه‌ڕێكی جیهانی بگوازرێنه‌وه‌ و له‌بری تانك، چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كاربهێندرێت". هه‌روه‌ها ڤیكتۆریا نۆلاند جێگری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سیاسی، له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو، واشنتن ئاماده‌یه‌ سزاكان به‌سه‌ر رووسیادا كه‌مبكاته‌وه‌، به‌مه‌رجێك رووسه‌كان له‌ ته‌واوی خاكی ئۆكرانیا بكشێنه‌وه‌.  

132 رۆژە ناڕەزایەتیی و کاردانەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دا لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ژنێکی دووگیانی کورد و لە شاری شنۆ مێرمنداڵێکی 14 ساڵان دەستگیر کرا و کۆنگرێسی ئەمریکا بە کۆی دەنگ پشتیوانیی لە راپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی ئێران کرد. دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبو و لەشاری شنۆ مێرمنداڵێکی 14 ساڵ تەمەن بە ناوی کۆمار شابویی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا. رۆژی پێنجشەممە لە شاری مالێ میر(ئیزە) رێوڕەسمی چلەی جەماوەریی دوو کوژراوی ناڕەزایەتییەکان بە ناوەکانی مەحمود ئەحمەدی و حسێن سەعیدی بەڕێوچو و هاوکات لە ئەراک و خوڕەمئاباد رێوڕەسمی یادکردنەوە نیکا شاکەرەمی و مێهرشاد شەهیدی بەڕێوچو. ئەگەرچی رێوڕەسمی چلەی ئەحمەدی و سەعیدی بەڕێوچو بەڵام تا ئێستا دوای چل رۆژ تەرمی ئەو دوو کوژراوە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوە. هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی ئێران لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بڵاوەیان پێکرا و هاوشێوەی هەینی رابردو رێگا سەرەکییەکانی چون بۆ مزگەوتی (مەککی) ئەو شارە ئاستەنگ کرا. بڕیارە سبەینی هەینی دوای نوێژی خۆپیشاندانی (هەینی ناڕەزایەتیی) لە شاری زاهیدان بەڕێوبچێت و دەسەڵاتیش رێوشوێنەکانی بۆ رێگریی لە خۆپیشاندانی نوێژخوێنانی شارەکە توندتر کردوەتەوە.    ژنێکی دووگیانی کورد سزای سێدارەی بەسەردا دەسەپێنرێت ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر ژنێکی دوو گیانی کورد-دا سەپاندوە. ناوەندی چاودیری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە شەهلا عەبدی بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی هەیە. ئەو ناوەندەی داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە هەوڵەکانی خۆی بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو ژنە دووگیانە بەخاتەگەڕ. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتە شەهلا عەبدی خەڵکی شاری بۆکان کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە بە مەبەستی لەسێدراەدان رەوانەی زیندانی شاری تەبرێز کراوە.   ئێران 40 وڵاتی جیهان بە دەستوەردان تۆمەتبار دەکات بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران رایگەیاند؛ 40 وڵات دەستیان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوە و سعودیە بە ملیارد دۆلاری بۆ زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامی ئێران تەرخان کردوە. یەحیا رەحیم سەفەوی، روێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند؛ بە هەوڵەکانی سوپای پاسداران پلانی وڵاتانی جیهان بۆ ناڕەزایەتیی و زیانگەیاندن بە کۆمار ئیسلامی لە ئێران کۆنتڕۆڵ کراوە. ئەو وتوی؛ لەو ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان رۆڵیان گێڕاوە دژی دەسەڵاتی ئێران و هەوڵیانداوە وڵاتەکە بەرە پارچە کردن و دابەشبون بەرن.     کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانیی راپەڕین لە ئێران دەکات ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی بۆ پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران پەسند کرد کە تەنها یەک ئەندامی کۆنرگرێس دژی وەستایەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) بە کۆی 420 دەنگی بەڵی و تەنها یەک دەنگی نەخێر پڕۆژەیاسایەکی بۆ پشتیوانیی لە راپەڕینی خەڵکی ئێران پەسند کرد. وردەکارییەکانی ئەو پڕۆژە یاساییە بڵاو نەکراوەتەوە و تەنها ئاشکرابوە ئەو نوێنەری دژی پشتیوانیی لەو یاسایە وەستاوەتە سەر بە کۆمارییەکانی ئەمریکا بوە.   فەڕەنسا هەوڵی ئازدکردنی هاوڵاتییانی دەدات فەڕەنسا داوای ئازادکرنی هاوڵاتییەکی وەڵاتەکەی لە دەسەڵاتی تاران دەکات و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش ئاشکرای دەکات کە هەشت هاوڵاتیی فەڕەنسا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کراون. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند؛ هەشت هاوڵاتیی وڵاتەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان باری تەندورستییان لە زیندان باش نییە بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رێگرییان لێدەن کە لە ژێر چاودێریی پزیشکدا بن. کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندوە؛ دەبێت سەرجەم دەستگیرکراونی فەڕەنسا لە ئازاد بکرێن لە بەرامبەردا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان پاریسی تۆمرتبار کردوە بە پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران و دژایەتیی دەسەڵاتی تاران.   سزای قورس رۆژنامەنوسان دەگرێتەوە رێکخراوی رۆژنامەوانانی بێسنور لقی ئەڵمانیا بڵاوی کردەوە لە سەرەتا دروستبونی ناڕەزایەتییەکان 55 رۆژنامەنوس لە ئێران دەستگیرکراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا 27 رۆژنامەنوسیان هەر لە زیندانەکاندا و  16 کەسیشیان ژنن. رێکخراوەکە رایگەیاندوە؛ 28 رۆژنامەنوس بە دانانی بارمتەری ماددی قورس و بە مەرج ئازادکراون و دواتر سزای قورس بەسەر ئەوانەدا سەپێنراوە کە بە بارمتە ئازادکراون.  

ناوەندێکی مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ دەسەڵاتی ئێران بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر ژنێکی دوو گیانی کورد-دا سەپاندوە. ناوەندی چاودیری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرای کردوە شەهلا عەبدی بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و ئەگەری جێبەجێکردنی سزاکەی هەیە. ئەو ناوەندەی داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە هەوڵەکانی خۆی بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو ژنە دووگیانە بەخاتەگەڕ. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتە شەهلا عەبدی خەڵکی شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە زیندانی ورمێ بەند کراوە بە مەبەستی لەسێدراەدان رەوانەی زیندانی شاری تەبرێز کراوە. ئەو سەرچاوانە لە زاری ژمارەیەک ژنی زیندانیکراو لە زیندانی ورمێ ئاشکرایان کردوە؛ عەبدی لە ژوری تاکەکەسی زیندان راگیراوە و رێگەی پێنەدراوە لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە تێکەڵ بێت و قسە بکات بەڵام بە پێی رەنگ و روخساری تەمەنی 21 بۆ 23 ساڵ بوە و دەرکەوتوە چوار مانگە دوگیانە. شەهلا عەبدی بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دڕاندنی وێنەی خومەینی دەستگیرکراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.   

هاوڵاتی دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی بایدن ڕایانگەیاندووە بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەروبەندی ساڵیادی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکات، بەڵام هێشتا هیچ پشتڕاست نەکراوەتەوە. بەپێی وتەی  یەکێک لەو بەرپرسانەی باسی لەگەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، یەکێک لەو وڵاتانەی کە دەکرێت جۆ بایدن سەردانی بکات پۆڵەنەدایە کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانی ناتۆ و وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوەی چەک وکەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکرانیایە. هاوکات ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی و وردەکاریەک لە بارەی گەشتەکەوە نەخراوەتە ڕوو، لەبارەی سەردانیکردنی جۆ بایدن بۆ ئۆکرانیاش ئاماژەی بەوەداوە کە بەدوری نازانێت لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا سەردانی ئۆکرانیا بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە یاریدەدەرانی بایدن چەند هەفتەیەکە پلان دادەنێن بۆ چۆنیەتی ئامادەکاریەکانی ساڵیادی لەشکرکێشی وداگیرکاری ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، کە بەپێی زانیاریەکان دەکرێت بایدن لەو یادەدا وتارێک پێشکەش بکات. هاوکات بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا  کامالا هاریس، جێگیری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەوروپا بکات و لە کۆنفرانسی ئاشتی میونشن لە ئەڵمانیا  بەشدار بێت، بەپێی زانیاریەکانیش تەوەری سەرەکی گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهان لە  کۆنفرانسەکە جەنگی داگیرکاری سەر ئۆکرانیایە.    

هاوڵاتی بەپێی هەواڵێکی میدیای فەرمی یەکێتی ، ماوەی هەشت مانگە هاووڵاتییەك لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە خەبات رفێندراوەو چارەنوسی نادیارە. بەپێی هەواڵەکە ئەیوب نەجمی تەمەن 29 ساڵ، دانیشتووی قەزای خەباتە و پیشەی دوكاندارە، ماوەی هەشت مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە رفێندراوە و تاوەكو ئێستا بێسەر و شوێنە. لەوبارەیەوە دایكی ئەیوب نەجم  رایدەگەیەنێت: "كوڕەكەم هیچی نەكردووە، نیوەڕۆیەك رفێندرا، تاوەكو ئێستا نازانین لەكوێیە؟ زیندوە؟ یان مردووە؟". دەشڵێت: "حكومەت بەرپرسیارە لە گیانی كوڕەكەم".

هاوڵاتی وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە بەرزبونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی دەدات لە نێوان منداڵ و دایکاندا لە ئەفغانستان ئەمڕۆ پێنجشەممە وتەبێژێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێژەی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتەی کە بە درێژایی ساڵ  دوچاری کەمی خۆراک و بەرگەی برسێتی توند دەگرێت. دەست بەسەرداگرتنی تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021 بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە دوچاری  هەژاری و برسیەتی ببنەوە دوای ئەوەی یارمەتیە دەرەکییەکان بە نزیکەیی لە شەوێکدا وەستان. فیلیپ کرۆپف، وتەبێژی ئاژانسی خۆراک لە کابۆل وتی: "نیوەی ئەفغانستان بە درێژایی ساڵ، بە بێ گوێدانە وەرز، بەرگەی برسێتی توند دەگرێت و ڕێژەی بەدخۆراکیش لە تۆمارێکی بەرزدایە ". وتیشی،" حەوت ملیۆن منداڵ هەیە (لە خوار تەمەنی 5 ساڵ) لەگەڵ دایکیاندا کە توشی بەدخۆراکی بوون ، لە وڵاتێکدا کە ژمارەیان 40 ملیۆن کەسە". ئەو وتی، ئەفغانیەکان لە ئێستادا لە برسا نامرن، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکیان نەماوە بۆ ئەوەی چیتر ڕوبەڕوی ئەو قەیرانە مرۆییە ببنەوە. هاوکات، دەزگا نێودەوڵەتییەکان  یارمەتییەکانی پشتگیری خۆراک و پەروەردە و تەندروستییان بۆ ئەفغانییەکان دابین کردووە، لەوانە هۆکارەکانی گەرمکردنەوەو،  پارە بۆ سووتەمەنی و جلوبەرگی گەرم بەڵام پێدانی ئەم یارمەتییانە و کاری ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای بڕیاریکی تاڵیبان کە ڕێگری لە کارکردنی ژنان دەکات  لە گروپە ناحکومییە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەی بەشێکی زۆر لەو دەزگا و ڕێکخراوانەو بەشێکییان تەواوی کارەکانیان لەو وڵاتە ڕاگرتووە.

هاوڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، لە رەققە و کۆبانێ ٩٣ تیرۆریستی داعشیان دەستگیر کردووە. هەروەها راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیاشی لەبارەی شەهیدبوونی ژمارەیەک شەڕڤان بەدرۆ خستەوە. هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنی 'تۆڵەی شەهیدانی رەققە'دا لە رەققە و شاروچکەکانی، کە دوو رۆژە بەردەوامە، ٦٨ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، کەسێک بە ناوی ئەتاعەڵلا میسان هەیە کە دانی بەوەداناوە، بەرپرسی هێرشەکەی داعش بۆ سەر بارەگای ئاسایش لە رەققە بووە کە لەو هێرشەدا چوار ئەندامی ئاسایش و دوو شەڕڤان شەهید ببوون. هەروەها ئاژانسی هەوار لە زاری سەرچاوەیەکی نێو هەسەدا رایگەیاند، لە ناوچەی سڕینی کۆبانێش، لە ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا بە هاوکاری شەڕڤانانی هەسەدە، ٢٥ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون. لە راگەیەندراوێکیشدا کە لە تویتەردا بڵاوی کردووەتەوە، هەسەدە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری تورکیای بەدرۆ خستەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو، لە هێرشێکی سوپای تورکیادا حەوت شەڕڤان شەهید کراون.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی ڕایگەیاند ، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجامی هێرشیکی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بۆ سەر کامپی پەنابەرانی جێنین لە کەناری ڕۆژئاوا 8 فەلەستینی کوژران. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەی بی سی ،گوایە هێزەکانی ئیسرائیل بە دوای کەسێکیدا گەڕاون دەستگیری بکەن بۆیە هەڵیانکوتایە سەر کەمپەکە و ئیسرائیلیش دەڵێت هۆکاری دروستبونی ئەو ڕوداوە دروستبونی گرژی و پێکدادان بووە لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان لە کەمپەکە . هاوکات وەزیری تەندروستی فەلەستین گوتی ئافرەتێکی بەساڵاچوو لە نێوان ئەو کەسانەدان کە لە بەریەککەوتنەکانی بەیانی زوودا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لەڕامەڵا، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، وتی کە سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لەناو کامپی پەنابەرانی جێنی کۆمەڵکوژییەکی ئەنجام داوە لە هەمانکاتدا وەزیری تەندروستی فەڵەستین مایس ئەلکایلا گوتی کە ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بە سەلامەتی و گەیشتن پێیان لە نێو شەڕەکەدا ،هەروەها سوپای ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە تەقاندنی گازی فرمێسک ڕێژ لە بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەیەکی ئەو ناوچەیە  کە بووەتە هۆی کێشەی تەندروستی بۆ منداڵەکان". ئەکرەم ڕەجوب، پارێزگاری جەنین بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند،" سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە تیمە تەندروستییەکان گرتووە لە گواستنەوەی بریندارەکان و تەنانەت گازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو نەخۆشخانەکەوە کە بۆتە هۆی وەستانی نەشتەرگەری و کاریگەری لەسەر منداڵ و نەخۆشی ناو نەخۆشخانەکە کردووە." سوپای ئیسرائیلیش لەسەر ئەم ڕوداوە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل خانەیەکی چالاکی جیهادی ئیسلامی فەلەستینیان کردووەتە ئامانج و توانیویانە ژمارەیەک چەکداری سەر بەو بازنەیە بکوژن . لە بەیاننامەکەدا جەختلەوەدەکەنەوە کە لێکۆڵینەوە دەکەن لە ئەگەری مردنی هەچ هاوڵاتییەکی سڤیل لە پێکدادانەکەدا. لە بەیاننامەکەی وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل سەبارەت بە جنین، هاتووە:"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل، کە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی ئاسایشی ئیسرائیل و هێزەکانی پۆلیسی یەمام، لە ناوەندی کامپی جنین ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریان ئەنجامدا "بۆ بڵاوکردنەوە ڕوونکراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەرکردنی تاقمێکی تیرۆریستی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆری جیهادی ئیسلامی کار دەکەن لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تاقمە تیرۆرەکە تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کرد و لە ئەنجامدا پێکدادان لە نێوان هەردوولا ڕویدا".

هاوڵاتی وەزارەتى دارایى و ئابورى رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دامەزراوەى باج و خانوبەرەى میرى سەردانی سەنتەرى جوانکارى (د.ناز)یان كردوه‌ لەلایەن "پارێزەرێكه‌وه‌  ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبوە". وەزارەتى دارایى و ئابورى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانوبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان، بەپێویستى دەزانین ڕوى ڕاستى ئەو ڕوداوە بۆ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان بخەینەڕو". دەقی ڕونکردنەوەکەی وەزارەتی دارای: ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕاى گشتى چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانووبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان، بۆیە لێرەدا بەپێویستى دەزانین ڕووى ڕاستى ئەو ڕووداوە بۆ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان بخەینەڕوو. دامەزراوەى باج بە پێی بنەما یاساییەکان مافى ئەوەى هەیە لەهەر کاتێک و شوێنێک بەدواى سەرچاوەى داهاتى ڕاستەقینەى باجدەردا بگەرێت بۆیە لێژنەکانى بە شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە کار بۆ هاتنەدى ئەو ئامانجە دەکەن ، ڕاستى ڕووداوەکە لە ڕێکەوتى 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە کە یەکێکیان ئافرەتە لە کاتى سەردانى کردنى سەنتەرى جوانکارى (د.ناز) لە لایەن پارێزەر (شیراز شهاب) ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردوون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبووە ، بۆیە سەرلەبەرى ئەو تۆمەت و بوختانانە ڕەت دەکەینەوە کە لەلایەن ئەو کەسەوە بۆ وەزارتمان هەڵبەستراوە، وە ئەگەر ئەو کەسەى خۆى ناساندووە پارێزەر بێت پێویست بوو چاوەرێی دەرئەنجامى بڕیارى دادگا بکات نەوەک پەنا بباتەبەر سۆشیال میدیا و لەو ڕێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەکانى دەوڵەت و کاراکتەرە ئەکتیڤەکانى ئەو دامەزراوانە بکاتە ئامانج و تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندنیان بۆ بهۆنێتەوە کە ئەمە دوورە لە پیشە و نەریتى پارێزەرایەتى، بۆیە ئێمە لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ گەڕاندنەوەی مافى ئەو فەرمانبەرانە و دەرخستنى ڕاستیەکان بۆ ڕاى گشتى. ‌ ‌ ‌ ‌ وەزارەتى دارایى و ئابوورى ‌ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان

نایدە ئەحمەد رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەكوردستان بەتایبەت رێكخراوەكانی ژنان سەبارەت بەپرسی جێندەر دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز دەبن و بەشێك لەڕێكخراوەكان بەرگری لێدەكەن و دەڵێن كاركردنە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لەبارەی یەكسانی ژن و پیاو،  لەبەرامبەردا رێكخراوەكانی سەر بەحزبە ئیسلامییەكان دژی دەوەستنەوەو پێیانوایە رێگایەكە بۆ تێكدانی كۆمەڵگا. رێزان شێخ دلێر چالاكوانی مافەكانی ژنان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەهەرێمی كوردستاندا زۆرێك لەڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسایەتی سیاسی ژنمان هەیە، بۆیە بیرمانكردەوە رێكخراوێكی گەورەی هەوپەیمانی ژنانی كوردستان دروستبكەین ، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی  یەكسانی جێندەرییە، كەهەموومان پێكەوە كاردەكەین بۆ یەكسانی مافەكانی ژنان  لەناو كۆمەڵگادا، لەهەمانكاتدا كەمكردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی كەبەرامبەر ژنان دەكرێت، دەرگاشمان كراوەیە بۆ هەر رێكخراوێكی تر كەبیەوێت بێتە ناو هاوپەیمانێتیەكەمان». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «یەكێك لەكارە سەرەكییەكانی ئێمە یەكسانی جێندەرییە، حكومەت خۆی سەنتەرێكی كردەوە بۆ وشیاركردنەوەی كوڕان و كچان لەناو زانكۆكان  بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی  لەم رێگەیەوە كاتێك كوڕێك یان كچێك كەدەچێتە زانكۆو دواتر خێزانێك پێكدەهێنیت دەزانێت چۆن رێز لەخێزانی بگرێت». وتیشی: زۆر بەداخەوە ئێستا لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكان كە ئەمە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ كەسێك كەپێی دەوترێت مسوڵمان وەك ئێمەش كەخۆمان بەمسوڵمان دەزانین،  راهاتوین لەسەر كلتوری ئیسلامی، بەڵام جارێكی تر دەیڵێمەوە زۆر بەداخەوە ئەوەی كەدەیڵێم روودەدات لەلایەن ئەم حزبە ئیسلامییانەوە روویانكردووەتە ئەم جۆرە قسانە بەكارهێنانی وشەی جێندەر كەخۆیان ناویان لێناوە بەواتای هاوڕەگەزخوازیی، لەكاتێكدا هیچ كەسێك هەر نەیتوانیوە باسی هاوڕەگەزخوازی بكات كەئەوان باسیدەكەن، لەكاتێكدا هاوڕەگەزخوازی تاوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، لەبەرئەوە ئەو بابەتانەی كەتاوانن سەرچاوەكانمان لەشەریعەتی ئیسلامەوەیە كە ئەم هاوڕەگەزخوازییە بەپێی شەریعەتی ئیسلام تاوانە كەئیسلامییەكان باس دەكەن، هەر بابەتێكیش تاوان بێت نە ئێمەو نە هیچ رێكخراویك كاری لەسەرناكات».  ئەو چالاكەی مافەكانی ژنان ئاماژەی بەوەشكرد: لەبەرئەوەی ئێمە نزیكی هەڵبژاردنەكان دەبینەوە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە لەهەندێ لەكەسایەتییەكان بدەن و ناشرینیان بكەن ، یاخود ئەو رێكخراوانەی كە لەبواری یەكسانی جێندەری كاردەكەن لەكەداربكەن، هەموومان لەگەڵ پێكهێنانی خێزانێكی ئارام و بێ توندوتیژیداین و منداڵی بەپەروەردەمان هەبێ ئێ خۆ ئێمەش هەر داوای ئەمەدەكەین».  رێزان شێخ دلێر وتیشی: ئەگەر لەگەڕەكێك عائیلەیەك هاوڕەگەزخوازبێت هیچ كەسێك نزیكیان ناكەوێت بەهەموو شێوەیەك رەد دەكرێتەوەو تاوانە ئیتر چۆن پشتگیری دەكەین، ئێمە خزمەتی گۆمەڵگا دەكەین نەك روبەڕووی كۆمەڵگا بوەستینەوە، با بگەڕێن ئەگەر یەك خاڵیان دۆزییەوە كەئێمە پشتگیری لەو جۆرە كارانە بكەین ئەوە حەقی خۆیانە قسەبكەن». لەبەرامبەردا مونیرە عەلی عەبدولعەزیر چالاكوان لەرێكخراوی خوشكانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: هەمیشە كارمان لەسەر وشیاكردنەوەی ئافرەتان كردوە بەناساندنی ئەرك و مافەكانیان، خوشكانی ئیسلامی تۆڕێكی هاوبەشمان  هەیە كەمانگانە كۆبوونەوەی خۆمان هەیە، داواكارم بەهێزتری بكەین  بۆ رێگەگرتن لەو پرۆسە گۆڕانكارییە خراپەی هێنراوەتە وڵاتەكەمانەوە بەناوی یەكسانی جێندەری، تائێستا ئەوانەی كەداوای یەكسانی جێندەری دەكەن رووی راستەقینەی خۆیان دەرنەخستبوو سەرەتا بەناوی راگرتنی باڵانسی یەكسانی جێندەری  لەنێوان ژن و پیاو دەركەوتن ، بەڵام ئەوەی پشتگیری لەگۆڕینی رەگەزو  هاوڕەگەزبازی دەكرێت، ئەمانە هەمووی دژە زانست و ئایین و دابونەریتە، ئەوان بەئاشكرا ماهیەتی خۆیان دەرخستوە، ئێمەش بەئاشكرا دژایەتییان دەكەین و بەهیچ جۆرێ رێگەیان پێنادەین ئەو دابونەریتە پیسە بهێنرێتە ئەم كوردستانە». وتیشی: ئاگادارین جێگری سكرتێری گشتی نەتەوەیەگرتووەكان دێتە ئەم وڵاتە و هیچ پەیامێكی مرۆڤایەتییان پێنییە تەنها بۆ تێكدان روو لەم وڵاتە دەكەن، ئەو گۆڕانكاریانەی لەڕێگەی زەختێكی نێودەوڵەتی و فشار خستنەسەر حكومەت ئەیسەپێنن، ئێمە لەڕێگای وشیاركردنەوەی تاكەكان و جەماوەر رێگری لێدەكەین، چونكە نموونەی وڵاتی سویدمان لایە بەحساب یاسای یەكسانی جێندەری جێبەجێ دەكات، تەنانەت وەزیری كاروباری یەكسانی جێندەری هەیە، بەڵام هیچ لەمەینەتییەكانی ژنانی كەمنەكردووەتەوەو ئیشی ماڵ هەر لەسەر ژنە نەك هەر یەكسان نین بەڵكو جیاوازی مووچەش لەنێوان ژن و پیاو هەیە ، لەبەرئەوە ئەم یەكسانی جێندەرییە تەنها فەسادی و بەدڕەوشتی زیاد كردووەو ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكداوە، هەر ئەوەشنا هۆڵەنداو فەڕەنساو دانیمارك لەبەرچاومانن چۆن خێزان تێیدا هەڵوەشاوەتەوەو رۆژانە تاك دەستدرێژی دەكرێتە سەری و ژنان دەكوژرێن، ئەمانە هەمووی نموونەی وڵاتی فاشلن لەپەیڕەوكردنی یەكسانی جێندەری، ئامانجیان تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتییە لەڕێگای سیستمێكی جیهانی كە لەڕێكخراوی نەتەوە یەگرتووەكانەوە سەرچاوە دەگرێت بەزۆر بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفەریقا دەسەپێنن، ئێمەش رێگری لەئامانجە پیسەكەیان دەكەین. مونیرە عەلی عەبدولعەزیر راشیگەیاند: لەگەڵ هەموو رێكخراوەكانی خوشكان هەموو  كارێك دەكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەمەترسییەكانی یەكسانی جێندەری و هەوڵیشدەدەین لەداهاتوو رێكخراوێكی گەورەی خوشكانی ئیسلامی پێكبهێنین.

هاوڵاتی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایدەگەیەنێت، 82%ـی کرێکاران لە سنوری پارێزگای سلێمانی گرێبەستی کاریان نییە و ئەوانەشی هەیانە، زۆربەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نایاساییە. چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند،82%ـی کرێکاران لە سنوری پارێزگای سلێمانی گرێبەستی کاریان نییە و ئەوانەشی هەیانە، زۆربەی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نایاساییە، هەروەها 70%ـی کرێکارانیش دەستبەری کۆمەڵایەتییان نییە کە مانای وایە لەکاتی گەیشتنیان بەتەمەنی خانەنشینی، ناتوانن خۆیان خانەنشین بکەن. وتیشی، هەرچەندە تائێستا بە فەرمی ژمارەی کرێکارانی ناوخۆ و بیانی لە هەرێمی کوردستان نەزانراون، بەڵام بەگوێرەی داتاکانی حەوت رێکخراوی تایبەت بە کرێکاران دەرکەوتوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، 82%ـی کرێکاران گرێبەستی  کاریان نییە . ئەوەشی ڕونکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکانیان 100%ـی کرێکارانی کوردستان بیمەی تەندروستیان نییە، 50%ـی خاوەنکارەکانیش هیچ مۆڵەتێکیان نیە یان مۆڵەتەکانیان تازە نەکردوەتەوە،هەروەها 82%ـی کرێکاران لە مانگێکدا دو رۆژ پشویان پێدراوە، 25%ـی دەستیکار لە رەگەزی مێینەیە و 75%ـی دەستکاریش لە سلێمانی کرێکاری بیانین . هاوکات سەبارەت بەو کریکارانەی کە هەرزەکارن ڕایگەیاند ، 17%ی ئەوانەی وەک کرێکار کار دەکەن تەمەنیان لەخوار 16ساڵیدایە و ئەو رێژەیەش کاریگەری لەسەر لاوازکردنی دەستیکار دروستکردوە.    

هاوڵاتی گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ: "رەوانەکردنی چەک بە تانکەوە لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا، وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە". دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەبارەی بڕیاری ژمارەیەک وڵاتی خۆرئاوا لەنێویاندا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ رەوانەکردنی تانک بۆ ئۆکراینا بۆ میدیاکاران دواو ڕایگەیاند، "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە". گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدا بەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین رەوانەکردنی چەک و تانک لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا بە واتای بەشداربوون لە پێکدادانەکان نێیەت، گوتی: "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە و چەندین جاریش جەختمان لەوە کردووە و ئەمە رەت دەکەینەوە". ئەم قسانانەی پیسکۆڤ لە کاتیکدایە ، دوێنێ چوارشەممە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئەو پشتیوانییە سەربازییەی کە پێشکەش بە ئۆکراینای دەکات بەهێزتر دەکات و بڕیاریان داوە تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن راگەیاندووە کە تانکی ئابرامس 31 بە ئۆکراینا دەدەن. هاوکات ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپایش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئۆکراینا بکەن.

هاوڵاتی دادگای دەستووری تورکیا، داواکاری هەدەپەی بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگایی پرسی داخستنی پارتەکەی رەت کردەوە. دادگای دەستووری تورکیا هەروەها، داوایەکی دیکەی ئەو پارتەی رەت کردەوە کە داوای کردبوو، دوو مانگ مۆڵەتی پێبدرێت تاوەکو، پارێزنامەکەی لەبارەی بڕینی هاوکاری گەنجینەی دەوڵەت ئامادە بکات. ٥ی ئەم مانگە دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، هاوکاریەکانی گەنجینەی دەوڵەتی بۆ هەدەپە بە شێوەیەکی کاتی بڕیبوو. لەلایەکی دیکەوە، ١٠ی ئەم مانگە، دانیشتنی دادگایی پرسی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووریەوە بەڕێوەچوو، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە نەدراوە.