سەلاحەدین دەمیرتاش دەسەڵاتی تورکیای بە برایانی داڵتۆن بەناوکرد کە لە فیلم کارتۆنی لوکی لوکدا سێ کارەکتەری تاوانبارن و وتی، " چەتەکانی داڵتۆن شکست دەهێنن." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە و ماوەی نزیکەی مانگێکە دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کردووە، توێتێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، پێویستە هاوڵاتیانی تورکیا گوێ بە ئەو راپرسیانە نەگرن کە لەلایەن دەسەڵات خۆیەوە ئامادکراون و وتی، دەسەڵات وەک 'چەتەکانی داڵتۆن' شکست دەهێنێت. ' مەبەستی دەمیرتاش ئەو چوار برایەی نێو فیلم کارتۆنی لولی لوکدا کە چوار برای تاوانبارن و هەموو کاتێک بەهۆی تاوانەکانیانەوە لەلایەن لوکی لوکەوە دەستگیر دەکێن' دەمیرتاش دەشڵێت، " ورەتان هەبێت، بە جۆش و خڕۆش و متمانەوە تێکۆشانتان فراوان بکەن. لە کاتێکدا کە ئێوە هەن پێویستی بە ' لوکی لوک' نییە.

بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە زانیاری نوێی بڵاوکردەوە. ،ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێک شوێن، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە و ئەگەرى هەیە بەفر بارین سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە. کەشناسی دەربارە پلەکانی گەرما ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. کەشوهەوای سبەی کەشناسی بەم شێوە ڕاگەیاندوە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێ شوێن، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبێت و لەکاتەکانی شەودا ئەگەر هەیە بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە. کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاند: هەولێر: 13 سلێمانی: 11 دهۆک: 12 کەرکوک: 16 هەڵەبجە: 11 زاخۆ: 13 سۆران: 9 گەرمیان: 18

100$ئەمەریکی بەرامبەر بە 163000 دینار 100یۆرۆ بەرامبەر بە 177000 دینار        100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 200000 دینار 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 86000 دینار 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3800 دینار نرخی زێڕ: مسقاڵێك زێڕی عەیار18بە 380000 دیناری مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 445000 دینار

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە نزیکەی مانگێکدا  لە ئێران زیاتر لە 55 کەس لەسێدارەدراون. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە دەستپێکی ساڵی نوێی بە ئامانجی چاوترسێنکردن و بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندن خەڵک جگە لە چوار دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە 50 کەسی دیکە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. ئەو رێکخراوەیە ئاشکرای کردوە؛ لە 26 رۆژی دەستپێکی ساڵی 2023 لانیکەم سزای سێدارەی 55 کەس جێبەجێکراوە. بە پێی راگەیەنراوی ئەو رێکخراوەیە؛ 37 کەس لەوانەی کە لەسێدارەدراون تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەر بوە. پێشتر رێکخراوەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییان دابو کە بەمەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵکی ناڕەزاییی لە ماوەی رابردو جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست زیادی کردوە. بە پێی ئامارەکان لە 21 رۆژی ئەمساڵدا لانیکەم نۆ کەسی کورد بە تۆمەتیی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراوەن.

هاوڵاتی كۆڵبەری كەسەرچاوەیەكی ناچارییە بۆ بژێوی، سەرباری ئەوەی كارێكی قورس و پڕ زەحمەتیە، رێگایەكی پڕ مەترسیشە، ئاماری ناخهەژێن لەو بارەیەوە بڵاودەكرێتەوە،  لەماوەی 10 ساڵدا نزیكەی دوو هەزار كۆڵبەر لەو كارەدا بوونەتە قوربانی، یان كوژراون یان برینداربوون. مێژووی كوردو كۆڵبەریی پێكەوە گرێدراونەتەوە، بەڵام ئەو كارە وەك پیشەو سەرچاوەی داهات، مێژووە هاوچەرخەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 32 ساڵی رابردوو و لە 20 ساڵی رابردووشدا زیاتر لەنێوان سنورەكانی رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان بووە. كۆڵبەران چینێكی ماندوو قوربانییانی هەژاریی و نەدارن، بۆیە گەنج و پیری رۆژهەڵاتی كوردستان ناچارن كۆڵێكی قورس و رێگای سەختی سنورە دەستكردەكان ببڕن لەپێناو داهاتێكی كەم. بەپێی ئەو ئامارانەی ناوەندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویانكردوەتەوە لە سێ پارێزگای كوردستان (سنە) و ورمێ و كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 50 هەزار كۆڵبەر هەیە، بەڵام سەرچاوەكانی دیكەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەبوونی 70 هەزار كۆڵبەر دەكەن. لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لانیكەم هەزار و 795 كۆڵبەر بوونەتە قوربانیی گوللـەی هێزە ئەمنیەكان و پاسەوانانی سنوری ئێران و رێگا سەخت و ساردەكانی ناوچە شاخاوییەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان. بەپێی ئامارێك كەپێگەی كۆڵبەرنیوز بڵاویكردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 546 كۆڵبەر كوژراون و هەزارو 249 كۆڵبەریش برینداربوون. لەئامارەكانی ساڵی 2022 دەركەوتووە لانیكەم 43 كۆڵبەر كوژراون و 215 كەسیشیان بریندرابوون و بەگشتی ساڵانە 40 بۆ 70 كۆڵبەر لەساڵێكدا دەكوژرێن.   باری قورس و پارەی كەم هەر كۆڵبەرێك بەپێی قەبارەو جۆری ئەو كاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەكەی دەگاتە نزیكەی 500 هەزار بۆ 800 هەزار تمەنی ئێرانی لە رۆژێكدا كەدەكاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لەكاتێكدا هیچ كۆڵبەرێك ناتوانێت 30 رۆژەكەی مانگێك كۆڵبەریی بكات. هەندێكجار كۆڵبەران لەمانگێكدا تەنها دوو رۆژ یان پێنج رۆژ كۆڵیان بۆ گواستنەوە دەستدەكەوێت. هەر كۆڵبەرێك بەهۆی سەختی و مەترسیی رێگای سنورەكانەوە دەتوانێت 50 كیلۆگرام بار بگوازێتەوەو هەر كیلۆیەكیش 14 هەزار بۆ 16 هەزارتمەنی پێدەدرێت. داهاتی كەمی ئەو كۆڵبەرانە لەكاتێكدایە بەپێی نوێترین راپۆرت هێڵی هەژاریی هەر خێزانێكی چوار كەسی بە 15 ملیۆن تمەن تا 18 ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە، بەڵام رەنگە هیچ كۆڵبەرێك نەتوانێت لەمانگێكدا ئەو بڕە پارەیە پەیدابكات تەنانەت ئەگەر ژیانیشی لەدەست نەدات.   سەرهەڵدانی كاری كۆڵبەریی دوای راپەڕینی كورد لەباشوری كوردستان لەساڵی 1991 و سەپاندنی بەندی (7)ی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراك، دۆخی ئابوریی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی رۆیشت،  بۆیە بەناچاری هەندێك كەس بەكۆڵ كەلوپەل و كاڵای بیانی و كۆنی وەك تەلەفیزیۆن و بەفرگرو جلشۆرو هەندێك كاڵای ئەلیكترۆنیی تایبەت بەناو ماڵیان لەڕێگەی سنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانەی ئێران دەكردو لەولاشەوە خۆراك و سوتەمەنیی دەهێنرایەوە هەرێم.  سەرەڕای ئەوەی بڕێك لەو كاڵایانە بە ئۆتۆمبێل و ئەسپ و ئێسترو بارگیر دەگوازرانەوە، بەڵام هەندێك كەس بەكۆڵ ئەو كەلوپەلانەیان دەگواستەوە بۆ ئەوەی داهاتێكیان دەستبكەوێت و خۆیان دووربگرن لەئەركی پاراستنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانەی كە بۆ گواستنەوەی كاڵا سودیان لێوەردەگیرا. بەڵام دوای ئەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتركران و قەیرانەكان لەسەر شانی دانیشتوانی وڵاتەكەش زیاتر بوو، زیاتر لە 23 ساڵە زیاتر كاری كۆڵبەری پێچەوانە بووەتەوەو لەئێرانەوەو بەسنوری رۆژهەڵاتدا كەلوپەل دەهێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی ئیسرائیل تایم ڕایگەیاند، شەوی هەینی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە گەڕەکی نیڤ یاکۆڤی ئۆرشەلیم پێنج کەس کوژران و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. خزمەتگوزاری ئامبولانسی ماگن دەیڤد ئەدۆم بەو ئاژانسەی گوتووە تیمەکانمان چارەسەری ١٠ کەسیان کردووە و پێنجیان گیانیان لەدەستدا. پۆلیسیش ڕایگەیاندووە چەکدارە گومانلێکراوەکە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە. هەروەها بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکە تیرۆرستییە و هاوکات لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە شوێنی ڕوداوەکە کۆبونەتەوە . هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا پۆلیس بەدوای کەسێکی تردا دەگەڕێن کە پێیان وایە یارمەتی تاوانبارەکەی داوە.

هاوڵاتی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، راپۆرتی خۆی لەبارەی هێرشی کیمیایی ساڵی 2018ـی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی 43 کەس، بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە دەڵێت، "حکومەتی سووریا هێرشەکەی ئەنجامداوە".  رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی ڕایگەیاند،"هۆکاری سەلمێنەر هەن بۆ ئەوەی بڕوابکرێت" کە لانیکەم هەلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی سووریا دوو بوتڵە گازی ژەهراویی بەسەر شارۆچکەی دۆمای ژێردەستی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دیمەشقدا بەرداونەتە خوارەوە. دەشڵێت، لێکۆڵەرانی ڕێکخراوەکە  "ژمارەیەک سیناریۆی چاوەڕوانکراویان لەبەرچاوگرتووە" و گەییشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "هێزە ئاسمانییەکانی سووریا ئەنجامدەری ئەم هێرشەن." رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت: لە 7ـی نیسانی 2018، "لانیکەم هێلیکۆپتەرێکی Mi-8/17 سەر بە هێزی ئاسمانیی سووریا،  لە بنکەی ئاسمانیی زەمیر هەستاوە و دوو بوتڵی زەردی بەرداوەتە خوارەوە، بوتڵەکان بەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوونی نێوەڕاستی دۆما کەوتوون". رێکخراوەکە دەشڵێت: "یەکەمیان تەقییەوە و دەستبەجێ گازی کوشندەی کلۆری چڕیی سەختی بڵاوکردەوە، کە بە خێرایی بە نێو باڵەخانەکاندا بڵاوبووەوە و بووە هۆی کوژرانی 43 کەسی ناو زانراو و کاری لە دەیان کەسی دیکەش کرد. بوتڵی دووەم؛ چووە نێو باڵەخانەیەک و بە هێواشی هەندێ گازی کلۆری لێ دەرچوو و کاریگەرییەکی مامناوەندی کردەسەر ئەو کەسانەی کە یەکەمجار گەییشتنە شوێنەکە." هاوکات کارمەندەکانی فریاگوزاریی ئەو کات باسیان لەوە کرد، چارەسەرییان پێشکێش بە ژمارەیەک کەس کردبوو کە تووشی تەنگەنەفەسی ببوون و کەفیان چەراندبوو.  دوای چەندین جار دواخستن، لێکۆڵەرانی رێکخراوەکە سەردانی شوێنەکەیان کرد و گەیشتنە ئەو بڕوایەی گازی کلۆر بەکارهێنراوو و هێرشەکە لە لایەن حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراوە. جێگەیباسە،دوما- کە لە غوتەی ڕۆژهەڵاتە، کە قەراغی دیمەشقە،  بە قەڵای چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت هەربۆیە  بەشێکی زۆری ناوچەکە لە ساڵی 2013ەوە لە ژێر گەمارۆی هێزەکانی حکومەت یان گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتدا بوون. هەروەها ئەم هێرشەی دوما بووە هۆی تووڕەیییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی سوریا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکای لێکەوتەوە.  

هاوڵاتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 500 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن. ئەمڕۆ هەینی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر 500 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گرتووە لە حەوت پارێزگای عێراق کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن و و بەهۆیەوە 29 کەس دەستگیرکراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە،کە ئەو 500 هەزار لیتر سووتەمەنییە  لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەرکووک، نەینەوا، قادسییە، دیالە و بابل دەستیان بەسەردا گیراوە. ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، لەو هەڵمەتەدا دەستبەسەر 20 ئۆتۆمبێل گیراوە و 29 تۆمەتبار دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆژ نیوس ئەمڕۆ هەینى هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەى کوردستان لە ڕانیە لەلایەن هێزێکى ئەمنییەوە دەستگیرکراوەو تائێستا هۆکارەکەى نازانرێت لەسەر چی دەستگیرکراوە، وتەبێژی ئاسایشى ڕانیەش دەڵێت” نەمبیستووە کەسێکى وا دەستگیرکرا بێت”. هاوکات تارا حسێن هاوسەرۆکى تەڤگەری ئازادی لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوە، "هەڤاڵ مامۆستا سەلام هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بێ هیچ هۆكارێك لەلایەن ئاسایشی ڕانیەوە دەستبەسەر كراوە." دەشڵێت، "پێویستە هەرچی زووە ئازاد بكرێت، بە پێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە سبەی كاتژمێر ١١ لەشاری ڕانیە چالاكیەک بەڕێوە دەبەن." سەبارەت بە دەستگیرکردنى مامۆستا سەلام وتەبێژی ئاسایشى ڕانیە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوسی ڕاگەیاندووە، ” ئاگاداری ئەوە نیم کە ئەو کەسە دەستگیر کرا بێت”. بۆ ئەو مەبەستە تەڤگەری ئازادی بانگەوازی کردوەو دەڵێت،" ئەگەر لە زووترین کاتدا مامۆستا سەلام ئازاد نەکرێت، ئەوا بەیانى  گردبوونەوەیەکى ناڕازی لە ڕانیە ئەنجام دەدەن و داوا لە گەنجان و هاوڵاتیان و وڵاتپارێزان دەکات بەشداری گردبوونەوەکە بکەن."

هاوڵاتی- دهۆك دانیشتووانی قەزای بەردەڕەش زۆرینەیان شێوازی قسەكردنیان بە (گۆرانی)یە هاوشێوەی زاراوەی سۆرانی، زیاتر  لە 10ساڵە خوێندكاران و بەرپرسانی ئەو ناوچەیە هەوڵدەدن زاراوەی بادینی لەمەنهەجی خوێندنگایەكی ئەو قەزایە بگۆڕن بۆ زاراوەی سۆرانی بەڵام هەوڵەكانیان بێئەنجام بووە.. سامان سەعید، خوێندنكارە لەقوناغی 10ی ئامادەیی لەخوێندنگایەكی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت:»ئێمە لەعەشیرەتی گۆران-ین، زاراوەی ئێمە لەگەڵ بادینی زۆر جیاوازە، 10ساڵە بەزاراوەی بادینی دەخوێنین، زۆر وشەو رستە هەیە تێناگەین و هەندێكجار مامۆستاش نازانێت مەبەستی چییە، ئێمە دوو ئەرك لەسەرشانمانە لەلایەك دەبێت خۆمان فێری بادینی بكەین و لەلایەكی تر بابەتەكانی خۆمان بخوێنین، تكایە باهیچ كەسێك لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەم پرسە نەكات، بادینی بۆ ئێمە قورس و ناخۆشە، راستە لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بەپارێزگای دهۆكین، بەڵام دەكرێت بەلایەنی كەمی خوێندن لەسنوری قەزاكەمان بكرێتە ئارەزومەندانە». ئەو خوێندكارە وتیشی:»خوێندن بەزاراوەی دایك سادەترین مافی ئێمەیە كەدەیان ساڵە بێبەشكراوین لەو مافە، داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەووردی ئیش لەسەر ئەم پرسە بكەن و ئەو داواكارییەمان جێبەجێ بكەن».  لە 25ی ئابی 2014 نوێنەرانی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش هەشت هەزار ئیمزایان كۆكردەوەو بردیانە لای لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، وەفدی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش داواكاریەكەیان بەواژووی هەشت هەزار خوێندكار هاوپێچ پێشكەش بەلیژنەی پەروەردە كرد كەتیایدا داوای ئەوەدەكەن خوێندن لەو سنوورە بەزمانی كوردی سۆرانی بێت،  لیژنەی پەروەردە پاڵپشتی خۆیان بۆ داواكەیان دەربڕی، بەجۆرێك كەشێوەزاری خوێندن و نووسین لەو سنورەدا ئارەزوومەندانە بێت و رایانگەیاند: بەنووسراوی فەرمی دەقی داواكارییەكەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین تاكو بەپێی رێكارە یاساییەكان و رێنماییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام لەو رۆژەوە تائێستا هیچ گوڕانكارییەك نەكراوەو خوێندن هەر بەزاراوەی بادینیە. كەیفوڵا یاسین، سەرپەرشتیاری یەكەم لەپەروەردەی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئێمە لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك-ین، زاراوەی خوێندن لەتەواوی پارێزگاكە بادینیەو گۆڕینی  زاراوەی بادینی بۆ سۆرانی لەسنوری قەزای بەردەڕەش لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە بڕیاربدات». هاوكات جەمبەد شوكری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»چەند جارێك بەدواداچوونمان بۆ ئەو داواكاراییەی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش كردووەو لەگەڵ وەزیری پێشووی پەروەردە گفتۆگۆمان كردووە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكەیان، مافی خۆیانە بەزمان و شێوەزاری خۆیان كەگۆرانی-یە بخوێنن». جەمبەد شوكری بەهاوڵاتی وت:»پێشنیارمان بۆ وەزارەتی پەروەردە كردووە كەپێویستە زمانی خوێندن لەهەموو كوردستان بەیەك ستاندەر بێت، چونكە زۆرجار لەكاتی وەرگێڕانی وشەیەك یان رستەیەك خوێندكار تووشی هەڵە دەبێت، واباشترە هەموو  كوردستان بەیەك ستاندەر بێت تاهیچ كەسێك هەست بەجیاوازی نەكات.» بەردەڕدەش لە2007وە كراوەتە قەزا، لەسێ ناحیەو زیاتر لە 60 گوند پێكهاتووە، لەسنوری قەزاكەدا 182خوێندنگا هەن و نزیكەی 45 هەزار خوێندكاریان هەیە.  

هاوڵاتی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ 32 به‌كرێگیراو و گومانلێكراو له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی (تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ شه‌هیدانی ڕه‌قه‌) ده‌ستگیركران. هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) هه‌ڵمه‌تی "تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ شه‌هیدانی ڕه‌قه‌"ی له‌ ناوچه‌كانی كه‌ره‌مه‌ی سه‌ر به‌ شاری ڕه‌قه‌ و سیرینی سه‌ر به‌ كانتۆنی كۆبانی و مه‌نسوره‌ سه‌ر به‌ ته‌بقه‌ ده‌ستپێكرد و له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌می هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شدا، 32 تۆمه‌تبار و چه‌كداری داعش ده‌ستگیركران. لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژەبەوەشكراوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “تۆڵەسەندنەوە لە شەهیدانی ڕەقە” كە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێزەكانی قەسەدەوە بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێكرد، هێزە هاوبەشەكان پشكنین و ڕاوەدوونانی بۆ سەر بەكرێگیراوەكانیان چڕكردەوە کە سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشن لە ناوچەكانی كەرەمە، سیرین و مەنسورە و شاری ڕەقە. ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، "له‌ نێو ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی كه‌ له‌ شاری ڕه‌قه‌دابون، دو ئه‌ندامی تیرۆرستانی داعش هه‌ن كه‌ كه‌ ئاسانكارییان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ تیرۆریستییه‌كان كردوه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆتایی مانگی ڕابردودا به‌شدارییان له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له‌ گه‌ڕه‌كی دیریا كردوه‌، كه‌ بوه‌ هۆی شه‌هیدكردنی شه‌ش كارمه‌ندی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات". باس لەوەشكراوە، هێزەكانیان لە گوندەکانی ڕۆژئاوای شاری ڕەقە دەستیان بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك كردوەو تائێستاش بەردەوامە بۆ لەناو بردنی بەكرێگیران و چەتەكانی داعش.

هاوڵاتی ئیدارەی روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سورشتییەکان لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە,162  کەس بەھۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە و ھاووڵاتیان توانای کڕینی سوتەمەنییان نییە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان، لەکاتێکدا پلەکانی گەرما تا رادەی بەستن دابەزیوون. .شفیعوڵڵا ڕەحیمی، وتەبێژی ئیدارەی روبەڕوبوونەوەی کارەساتە سورشتییەکان وتی: لە 10ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا 162 کەس بەهۆی ساردی کەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە کە 84 کەسیان هەفتەی ڕابردوو مردون". وتیشی، ئەم مانگە روبەڕوی خراپترین شەپۆلی سەرما بوونەتەوە بە درێژایی زیاتر 15ساڵی رابردوو، بەشێوەیەک پلەکانی گەرما لەچەند ناوچەیەک گەیشتوونەتە 34 پلە لە ژێر سفرەوە ئەو رەوشەش لەکاتێکدایە بەھۆی بڕیاری بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، زۆرێک لە رێکخراوە مرۆییەکان کارەکانیان لە ئەفغانستان راگرتووە و ئەوەش ژیانی ھاووڵاتیانی سەختتر کردووە.

هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا وتی، پۆڵەندا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ناردنی 60 تانکی تر بۆ ئۆکرانیا جگە لە 14 تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانی کە پێشتر ڕایگەیاندوە دەینێرێت. دوێنێ پێنجشەممە ماتیوز مۆراویکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، پۆڵەندا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ناردنی 60 تانکی تر بۆ ئۆکرانیا جگە لە 14 تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانی کە دەینێرن. وتیشی ،کە پۆڵەندا یەکەم دەوڵەتە کە نزیکەی نیو ساڵ لەمەوبەر 250 تانکی  جەنگی پێشکەش بەئۆکراینا کردووە . باسی لەوەشکرد کە شکستی ئۆکرانیا مانای شکستهێنانی هەموو جیهانی ئازادە، وتی: "ئەگەرنەمانەوێت جیهان بدۆڕێت، ئەوا دەبێت زۆر کراوە و ئازا بین لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا". ئەمەشلەکاتێکدایە، ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند تانکی ئەبرامس دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدا ئەڵمانیاو کەنەداو ئیسپانیاو نەرویجیش گوتیان تانکی لیۆپارد 2 دابین دەکەن بۆ ئۆکرانیا.

هاوڵاتی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، سیاسه‌تێكی نوێ و میكانیزمێكی جددی بۆ چاککردنی به‌رزی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی ده‌گرنه‌به‌ر. كوتله‌ی ئیشراقه‌ی كانون له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە ، ئه‌مڕۆ هه‌ینی كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی به‌وه‌كاله‌ت كۆبونه‌ته‌وه‌بۆ تاوتوێكردنی هۆكاره‌كانی دابه‌زینی به‌رده‌وامی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئه‌مریكی كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئابوری هاوڵاتیان هه‌یە.  له‌ میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی جه‌ختی له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تێكی نوێ له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی و په‌ره‌پێدانی میكانیزمی جددی بۆ ده‌رچون له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی ئێستای وڵات كردۆته‌وه‌. به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، پلانی نوێی عه‌لی عەلاق، پارێزگاری نوێی بانكی ناوه‌ندی عێراق بریتییە لە "کردنەوەی دەرگای دانوستان لەگەڵ بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا بۆ ئەوەی پێداچونه‌وه‌ به‌ سنورداركردنی دۆلار بۆ بازاڕه‌كاندا بكرێت"، هەر دوای ئەوەشی راسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی، عه‌لی عه‌لاق به‌ڵێنیدا نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوی "لە ماوەیەکی کورتدا".

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئازەربایجانی ئیدانەكرد و رایگه‌یاند،  بەھەستیارییەكی زۆرەوە دەست بە لێكۆلینەوە دەكەین. ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، هاوسۆزی و هاوخه‌می قوڵی خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئازه‌ربایجان ده‌ربڕی كه‌ هێرشێكی چه‌كداریدا كوژرا، هاوكات سه‌ره‌خۆشی خۆی بۆ حكومه‌ت و گه‌لی كۆماری ئازه‌ربایجان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند، "پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستبه‌جێ ده‌ستوه‌ردانیان كردوه‌ و تاوانباره‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه‌، له‌ ئێستادا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت". وتیشی،"ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماژه‌ن بۆ پاڵنه‌ره‌ كه‌سییه‌كانی پشت ئه‌م هێرشه‌، دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و دادوه‌رییه‌كانیش ڕێوشوێنی گونجاو ده‌گرنه‌به‌ر و به‌و هۆیه‌وه‌ پێویسته‌ میدیاكان خۆیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌ و بێ بنه‌ما به‌دور بگرن". وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌، زانیاری وردتر له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایگه‌یاند، هەموو کارمەندانمان له باڵیۆزخانەکەمان له تاران دەکشێنینەوه. سەرۆکی ئازەربایجانیش له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەیان له تاران تیرۆریستی بووه و پێویسته لێکۆڵینەوه له هێرشه‌كه‌ بکرێت.