رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات خواردنی شیرەمەنیی لە وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ بۆ نیوە کەمی کردوە و سفرەی زۆربەی خێزانەکانیش بە بێ گۆشت و مریشکە. رۆژنامەی (هەم میهەن)ی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، خواردنی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ نیوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دابەزیوە. رۆژنامەکە نوسیویەتی: بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی توانای کڕینی لە ناو خێزانەکاندا بەشێویەی بەرچاو دابەزاندوە و لە سفرەی هەندێک خێزاندا گۆشت و مریشک نەماوە و ئەوەش وا دەکات وەچە خستنەوە و تەنانەت ئەو منداڵانەی بڕیارە لەم دۆخەدا لەدایک بن تەندروستیان بکەوێتە مەترسییەوە. ئامارەکانی حکومەتی ئێران باس لە هەڵاوسانی ئابوریی 50% دەکەن لە کاتێکدا بە پێی نوێترین ئامار رێژەی هەڵاوسان لە 18 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەڵوچستان گەیشتوتە زیاتر لەو رێژەیە و هەندێکجار لە 78% نزیک دەبێتەوە. وەزارەرتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردوە؛ نزیکەی 16%ی منداڵە تەمەن شەش ساڵانەکانی ولاتەکە توشی بەدخۆراکی و کەمیی خۆراک بونەتەوە و 800 هەزار منداڵیش لە تەمەنی گەشەدا توشی کەمی وزە و پڕۆتین بونەتەوە.
هاوڵاتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهەوڵی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتیەک ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی وەرگرتەوە. ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، دوای رێکارە یاساییەکان و وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی (رێبین فەریق کەریم) سوپاسی ھەوڵەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پاێزگای سلێمانی کرد . هاوکات سەرەڕای ئەرک و فەرمانەکانی پەیوەست بە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی ، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان دەکات لەکاتی بونی ڕووداوی دزینی ( ئۆتۆمبێلەکانیان ) بەزوترین کات پەیوەندی بکەن بە ژمارە { ١٠٦ } هێڵی گەرمی ئاسایش . لەکۆتایشدا بەڕێبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەکەین کە هەمیشە هاوکارمان بوون لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی .
هاوڵاتی میتی فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە سەردانیک گەیشتە ئۆکرانیا و لە شاری میکۆلایڤ لە باشوری ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە جەنگی ئۆکرانیا برینداربوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان. لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بە یاوەری بەرپرسانی ئۆکرانیا و نوێنەرایەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ناوچە ڕوخاو و زیانلیکەوتووەکانی شاری میکۆلایڤ کرا، لە نێویاندا بینایەکی نیشتەجێی سەربازەکان کە تێیدا ٣٧ سەرباز بەهۆی هیرشێکی موشەکی ڕوسیاوە کوژران، هاوکات سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیاش لە شاری میکۆلایڤ کرا. لە میانەی سەردانەکەدا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا و زیانەکانی کە بەر شارەکە کەوتووە دوپاتکردەوە و لە بەرەوپێشچوون و دۆخی شارەکەش ئاگادارکرایەوە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە. هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، لە پەیامێکیدا کە لە ئەپی تێلێگرام بڵاویکردۆتەوە لەبارەی پڕۆسەی چاکبوونەوەی سەربازکانەوە ڕایگەیاند، " گرنگە نەک تەنها بایەخ بە چاکبوونەوەی جەستەیی سەربازەکان بدەین، بەڵکو پێیوستە بایەخ بە چاکبوونەوەی باری دەرونیشیان بدەین". هاوکات لە پەیامەکەیدا زیلێنسکی، سوپاسی هەموو ئەو کارمەندە پزیشکیانەی کرد کە گرنگی بە چاکبوونەوەی سەربازەکان دەدەن و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆخواستن. ئامانج لەسەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، پاڵپشتی بوژاندنەوەی شارەکە وئاگاداربوون بوو لە دۆخی میکۆلایڤ، هاوکات ئەم سەردانەی میتی فرێدریکسن لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا پێدەنێتە ٣٤١ ڕۆژی جەنگەکەی نێوانیان و پێشبینیش دەکرێت جەنگەکە لە وەرزی بەهاردا قوڵتر ببێتەوە و قوربانیەکی زیاتری لێبکەوێتەوە، بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.
هاوڵاتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچ بۆ کورد پێنییە! ئەمڕۆ شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کارنامەیەکی هاوبەشیان بۆ حکومەتی داهاتوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن، ئاشکرا کرد، لە کارنامەکەدا بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسەیەکی ئاشتی یاخود کرانەوەیەک بەرووی کورددا نەکراوە. هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی باش، پارتی دیموکرات، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن و پارتی دوارۆژ پێک دێت، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لە ئەنقەرە، بە بەشداری سەرۆک و ئەندامانی پارتەکان، کارنامەی حکومەتەکەیان ئاشکرا کرد کە ئەگەر توانییان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون، جێبەجێ دەکەن. کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەل لە ٩ تەوەر پێک دێت کە لەنێویاندا زیاتر لە دوو هەزار مادە هەیە. لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە گۆڕانکاری لە بوارەکانی، پەروەردە و فێرکردن، سیاسەتی دەرەوە، دامەزراوە حکومییەکان، سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە، پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، خۆنزیککردنەوە لە یەکێتی ئەوروپا و چەند بابەتێکی دیکەدا دەکرێت. لە مادەکانی نێو تەوەرەکاندا، بە تەنیا دوو بابەتی تێدایە کە پەیوەندی بە هەدەپەوە هەیە، ئەویش پرسی قەیومەکانە کە لە جێگەی سەرۆکشارەوانییەکانی هەدەپە دانراون و باسی ئەوە دەکرێت کە بڕیاری دانانی قەیوم (بەڕێوەبەری حکومی) لە جێگەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بوونەتە نوێنەری هاوڵاتیان هەڵدەوەشێندرێتەوە. مادەیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەر تورکیا ببێتە ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، حکومەتی تورکیا هەموو بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەکات کە چەندین جار دادگاکە داوای ئازادکردنی گیراوانی هەدەپە و بە تایبەت سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی دیکەی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە دوێنێ ئاشکرای کردبوو کە لە ١٣ی شوباتدا کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل ئاشکرا دەکەن. هەدەپەش پێناچێت لەم حاڵەتەدا کە لە کارنامەی حکومەتەکەی هاوپەیمانی گەلدا بە هیچ شێوەیەک نزیکبوونەوەیەک بۆ پرسی کورد نییە، دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەتەوە و هەردوولا سووربوون لەسەر ئەوەی دەبێت بە زووترین کات سەقامگیری دارایی بۆ بازارەکانی عێراق و نرخی دۆلار بگەڕێتەوە. نوسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەشڵێت "پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لە رێکارەکانی جێگیرکردنی نرخی دۆلار کردووە و پلانێکی خستووەتەڕوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە لەسەر پلانەکە." ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا موحسین مەندەلاوی جەختی لەسەر پێویستبوونی پابەندبوون بە رێکارە یاساییەکانی تایبەتبە ئاڵوگۆڕی دراو و پاراستنی ئابووری عێراق کردووەتەوە. باسی لەوەشکردووە، جێبەجێکردنی رێکارە جیهانیەکان و بەدواداچوون بۆ گواستنەوەی دراوەکان و کاری بانکە ناحکومییەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن گرنگە. دەشڵێت، "پێویستە بەپێی یاساکانی بانکی ناوەندی عێراق لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچییەکان بکرێت."
ئەمریکا رایگەیاند بۆ رێگریی لە ئێران بژاردەی سەربازیی لەسەر مێز ئامادەیە و هەوڵەکانیش بۆ کۆتایی بە شەڕەنگێزیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەردەوامە. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر، لە قاهیرە رایگەیاند؛ بۆ واشنتۆن گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دژی ئەو کار و کردەوانەی ئێران بوەستنەوە کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە. بلینکن وتی: ئەگەرچی باشترین رێگە بۆ چارەسەریی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران رێگای دیپلۆماسییە بەڵام بۆ رێگریی لەبەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەمو بژاردەیەک دژی تاران دەگیرێتە بەر و یەکێک لەو بژاردانەش کاردانەوەی سەربازییە کە لە سەر مێزی ئەمریکایە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت بۆ راگرتنی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. بڕیارە بلینکن دوای گەشتەکەی رۆژی دوشەممەی بۆ میسر، سەردانی ئیسرائیل بکات و سەرەکیترین تەوەری گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە پرسی ئێران و هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ڕایدەگەنێت، دەفتەری پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراقدا نەماوە بەڕێوبەراتیەکە دەشڵێت: تەنها پاسپۆرت بۆ ئەو کەسانە دەردەکرێت کە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە 30ی1ی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگاداری هاوڵاتییانی پارێزگای سلێمانی دەکەین، دەفتەری پاسپۆرت لە سەرانسەری عێراقدا نەماوە، داوا دەکەین چاوەڕێبکەن تا ئاگادارتان دەکەینەوە. بەڕێوبەراتیەکەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە هۆکاری نەخۆشیی. ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجە هاوڵاتییانی سنورەکەی لە بوونی هەمان حاڵەت ئاگادارکردەوە.
دوورگە جێ ناکۆکەکان کە لە دەریای چینی رۆژهەڵاتە، ژاپۆن بە سینکاکو و چینیش بە دیائۆیو ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون، کە هیچ کەسی تێدا ناژی، لەمێژە، هەریەک بەبەشێک لەخاکی خۆی لەقەڵەمی دەدات، دیسان بەهۆیەوە، کێشە و ململانێنی نوێ لەنێوان هەردوڵات سەریهەڵدایەوە. بەپێی راگەیەندراوی بارەگای ناوچەی یازدەهەمینی ئاسایشی کەناردەریا لە قەزای ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، چوار کەشتی سەربە ئاسایشی کەناراوەکانی چین، سنوورە نیشتمانییە ئاوییەکانی ژاپۆنیان بەزاندووە. کەشتییەکانی چین کە تا نزیک دوورگەکانی مینامیکۆژیما و ئۆستوری لە ناوچەی دوورگەکانی سینکاکو کە ناوچەی جێ ناکۆکە چوون و لە کەشتی راوچیانی ماسی نزیک بوونەتەوە. دوا بە دوای ئەم بەزاندنی سنوورە، هێزەکانی ئاسایشی کەناردەریای ژاپۆن رەوانەی ناوچەکە کراون و کەشتییەکانی چینی ئاگادارکردووەتەوە ناوچەکە جێبهێڵن.
هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور رایگەیاند کە لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوونەخاوەن چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە. یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگەیاند لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور و بوون بەخاوەنی چەکی لەم جۆرە لەلایەن رووسیا و چینەوە، پێشخستنی تواناکانی رێگریی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی هاوپەیمان پێویستە و تاکوو هەڕەشەی ئەتۆمی رووسیا، چین و کۆریای باکوور بەردەوام بێت، وازهێنانی ئەمریکا و فەڕەنسا کە ئەندامن لە ناتۆ لە چەکی ئەتۆمی مەترسی زیاتر دروست دەکات. وتیشی، "تاکوو وڵاتە بەهێزەکانی هاوشێوەی رووسیا خاوەن چەکی ئەتۆمی بن و وەبەرهێنانی مەزن بکەن بۆ ئەمە، چین بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی ژمارەی چەکەکانی و چالاکییەکانی کۆریای باکوور بەردەوام بن، دەردەکەوێت کە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی هێشتا چەند گرنگە". ئەوەشی ڕونکردەوە،"مەبەست لە فراوانکردنی رێگری ئەتۆمی ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە ناتۆ و هاوبەشەکانی وەک کۆریای باشوور هەرچەند خاوەن چەکی ئەتۆمیش نەبن، کەڵک وەردەگرن لە فراوانکردنی ڕێگرییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا. ئەمەیش باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان".
کچ و کوڕێک لە ئێران بە بیانوی سەماکردن لە شوێنی گشتی سزای 22 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە ؛ ئاستیاژ حەقیقی و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە هەر کەسێکیان سزای 10 ساڵ و شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە ئەوەش تەنها بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی سەماکردنیان. ئاستیاژ حەقیقی تەمەن 22 ساڵە و ئەمیرمحەمەد ئەحمەدی تەمەن 21 ساڵ لە (1/11/2023) تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاو کرایەوە کە پێکەوە بەرامبەر مەیدانی ئازادی شاری تارانی پایتەختی ئێران سەما دەکەن و رۆژێک دوای بڵاوبونەوەی ڤیدۆکە دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. دادگای شۆڕی ئێران ئەو کچ و کوڕەی تۆمەتبار کردوە بە بڵاوکردنەوەی (بێ رەوشتی) و بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر ئەوەش بوەتە هۆی سەپاندنی سزای قورس بۆ ئەو کوڕ و کچە. جگە لە سەپاندنی سزای 22 ساڵ بۆ ئەو دوو کەسە دادگا بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو ساڵ چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بکارهێنانی سۆشیال میدیا و گەشت بۆ دەرەوەیان لێ قەدەغە بکات.
هاوڵاتی بە گوێرەی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، حکومەتی ئەمریکا هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی دژی کڵێسا و کەنیسەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ئیستانبوڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاگاداردەکاتەوە. لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان تا سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان نەکەن و ئاگاداری ئەو شوێنانەبن کە کەسانی بیانی لە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دەکەن، بەتایبەتی بیئۆغڵو، گالاتا، تەقسیم و شەقامی ئیستیقلال. هاوکات داواش لە هاوڵاتیانی دەکات چاویان لەسەر میدیا ناوخۆییەکان بێت. ئەم ئاگادارییەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە لە سوید و دانیمارک کۆپی قورئانی پیرۆز سوتێندراو چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.
روسیا و ئێران بۆ بەکارنەهێنانی دۆلار، رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی مامەڵەکردنی هاوبەش بە دراوە نیشتیمانییەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردو بانکی ناوەندیی روسیا و ئێران رێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکەوەبەستنی سیستمە بانکییەکانیان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتیمانیی ئەو دو وڵاتە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ و تاران، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ بەدەست چەندین سزای سەپێنراوی ئەمریکییەوە دەناڵێنێت. بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە روبڵی روسی و تمەنی ئێران ئەنجام بدرێت. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە 806 بانکی جیهان پێکەو دەبەسترێنەوە کە 700 بانکیان روسی و 106 بانکی دیکەیان لە 13 وڵاتی دیکەی جیهانە. بانکی ناوەندیی روسیا، لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی رونکردوەتەوە؛ بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوە داراییەکان یان حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی روسیا سەرپەرشتی دەکرێت و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە رێکدەخرێت.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دهبێت بەدرێژایی کاتەکان هەروەها بەفربارین لەناوچە شاخاویەکاندا لەکاتەکانی ئێوارهدا دهبێت، سبهینێش ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکاندا. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ دوشهممه ئاسمان هەوری باراناوی دهبێت بەدرێژایی کاتەکان هەروەها بەفربارین لەناوچە شاخاویەکاندا لەکاتەکانی ئێوارە رێژەی دابارین زیاددەبێت بە تایبەت لەناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان (شارۆچکەی قەڵادزی و کۆیە و تەقتەق و شوان) ئاستى دابارینى زیاتر دەبێت. هەروەها، پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاوویەکان نزیک دەبێتەوە وە لەناوچە نیمچە شاخاوویەکان و ناوچە نیمچە بەرزەکان نزم بوونەوەیەکی کەم بە (1-2) پلە بەخۆوە دەبینی بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕؤ. بەرزترین پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ بە پلەی سلیزی: بهگوێرهی كهشناسی، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکاندا، لەکاتەکانی دواینیوەڕۆ شێوازی دابارین لەهەندێك ناوچەی باشوری هەرێم لەنمەباران بۆ تاوە باران و بروسکە دەگۆڕێت و بە کاریگەری زیاتر لەناوچەکانی رۆژهەڵات و باشوری شاری سلێمانی کە رێژەی دابارین لەم ناوچانە زیاتر دەبێت. هەروەها، پلەکانی گەرما نزمبونەوەیەکی کەم بە (1-2) پلە لە تۆمارکراوەکانى رۆژی پێشو بهخۆوهدهبینن. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 10 پلەى سیلیزى سلێمانی : 6 پلەى سیلیزى دهۆک : 10 پلەى سیلیزى کەرکوک : 14 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 9 پلەى سیلیزى زاخۆ : 10 پلەى سیلیزى سۆران : 2 پلەى سیلیزى گەرمیان : 16 پلەى سیلیزى
دەمیرتاش دەڵێت: ئەگەر پشتیوانیی لە ئەردۆغان بکەم ئەوا رۆژی دوای پشتیوانییەکەم لە زیندان ئازاد دەکرێم. سەڵاحەدین دەمیرتاش ، هاوسەورۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە رێگەی نامەوە وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی تی 24ی تورکیای داوەتەوە و وتویەتی: ئەگەر ئەمڕۆ پشتیوانیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا رۆژی دواتر لە زیندان ئازاد دەکرێت. دەمیرتاش وتوشیەتی هەر لەگەڵ بڕیاری پشتیوانیی لە ئەردۆغان، دور نییە دوای ئازادکردنم بە هێلیکۆپتەر بۆ کۆشکی سەرۆک کۆماریی بگوازرێمەوە و بە ئەگەرێکی بەهێزیش نانی نیوەڕۆ لەوێ بخۆم. هاوسەرۆژی پێشوتری هەدەپە جەختی کردەوە؛ ئەو وەک خۆی زیندانیی کراوە و وەک خۆیشی لە زیندان ئازاد دەکرێت و یەکەم ژەمی خواردنی دوای ئازادیش لە ماڵی خۆی دەخوات نەوەک لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی تورکیا. چەند رۆژ پێش ئێستا شاندێکی باڵای هەدەپە سەردانی دەمیرتاشی لە زیندانی ئەدیرنە کرد و وتەکانی ئەویش ئاماژەیە کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی ناکات.
هاوڵاتی میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن و دەسەڵات شکست بهێنێت. سانجار لە ١٢مین لیژنەی گشتی کۆگرەی دیموکراتیکی گەلاندا لە ئەستەنبوڵ قسەی کرد و ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد کە بە تەنیا چەند مانگێکی ماوە. سانجار وتی، " قۆناخێکی زۆر هەستیارمان لە بەردەمدایە. هەڵبژاردنەکان، هاوکاتە لەگەڵ ١٠٠مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا. واتە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. بەرەی دەسەڵات، بۆ ئەوەی رژێمە تاکڕەوەکەی فراوان بکات، هەموو جۆرە رێگەیەک تاقی دەکاتەوە. بۆیە ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن." هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکەیان، مەشخەڵێکی رۆناکە کە دوارۆژی تورکیا رۆناک دەکاتەوە. بۆیەش پلانیان هەیە، هاوپەیمانێتیەکە فراوانتر بکەن. هەموو ئەرکەکان جێبەجێ دەکەن و شکست بە دەسەڵات دەهێنن. میدحاد سانجار باسی لە بڕینی بودجەی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت، لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە کرد و وتی، " لایەنگرانمان گەورەترین سامانی ئێمەن. گەنجینەی ئێمە گەلەکەمانە. گەنجینەکەمان پێشەنگایەتی سەرکەوتن دەکات. ئێمە قەرزاری گەنجینەکەمانین، قەرزاری گەلەکەمانین و ئەرکی مێژووییمان ئەوەیە کە قەرزی خۆمان بە ئازادکردنی گەلەکەمان بدەینەوە."
