هاوڵاتی بە گوێرەی بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە، حکومەتی ئەمریکا هاووڵاتیانی خۆی لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی دژی کڵێسا و کەنیسەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ئیستانبوڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە ئاگاداردەکاتەوە. لە بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان تا سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان نەکەن و ئاگاداری ئەو شوێنانەبن کە کەسانی بیانی لە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دەکەن، بەتایبەتی بیئۆغڵو، گالاتا، تەقسیم و شەقامی ئیستیقلال. هاوکات داواش لە هاوڵاتیانی دەکات چاویان لەسەر میدیا ناوخۆییەکان بێت. ئەم ئاگادارییەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە لە سوید و دانیمارک کۆپی قورئانی پیرۆز سوتێندراو چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.
روسیا و ئێران بۆ بەکارنەهێنانی دۆلار، رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی مامەڵەکردنی هاوبەش بە دراوە نیشتیمانییەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. هەردو بانکی ناوەندیی روسیا و ئێران رێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکەوەبەستنی سیستمە بانکییەکانیان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتیمانیی ئەو دو وڵاتە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ و تاران، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ بەدەست چەندین سزای سەپێنراوی ئەمریکییەوە دەناڵێنێت. بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە روبڵی روسی و تمەنی ئێران ئەنجام بدرێت. میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە 806 بانکی جیهان پێکەو دەبەسترێنەوە کە 700 بانکیان روسی و 106 بانکی دیکەیان لە 13 وڵاتی دیکەی جیهانە. بانکی ناوەندیی روسیا، لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی رونکردوەتەوە؛ بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوە داراییەکان یان حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی روسیا سەرپەرشتی دەکرێت و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە رێکدەخرێت.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دهبێت بەدرێژایی کاتەکان هەروەها بەفربارین لەناوچە شاخاویەکاندا لەکاتەکانی ئێوارهدا دهبێت، سبهینێش ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکاندا. بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، ئهمڕۆ دوشهممه ئاسمان هەوری باراناوی دهبێت بەدرێژایی کاتەکان هەروەها بەفربارین لەناوچە شاخاویەکاندا لەکاتەکانی ئێوارە رێژەی دابارین زیاددەبێت بە تایبەت لەناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان (شارۆچکەی قەڵادزی و کۆیە و تەقتەق و شوان) ئاستى دابارینى زیاتر دەبێت. هەروەها، پلەکانی گەرما لەناوچە شاخاوویەکان نزیک دەبێتەوە وە لەناوچە نیمچە شاخاوویەکان و ناوچە نیمچە بەرزەکان نزم بوونەوەیەکی کەم بە (1-2) پلە بەخۆوە دەبینی بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕؤ. بەرزترین پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ بە پلەی سلیزی: بهگوێرهی كهشناسی، سبەی سێشەممە ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت بەدرێژایی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکاندا، لەکاتەکانی دواینیوەڕۆ شێوازی دابارین لەهەندێك ناوچەی باشوری هەرێم لەنمەباران بۆ تاوە باران و بروسکە دەگۆڕێت و بە کاریگەری زیاتر لەناوچەکانی رۆژهەڵات و باشوری شاری سلێمانی کە رێژەی دابارین لەم ناوچانە زیاتر دەبێت. هەروەها، پلەکانی گەرما نزمبونەوەیەکی کەم بە (1-2) پلە لە تۆمارکراوەکانى رۆژی پێشو بهخۆوهدهبینن. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 10 پلەى سیلیزى سلێمانی : 6 پلەى سیلیزى دهۆک : 10 پلەى سیلیزى کەرکوک : 14 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 9 پلەى سیلیزى زاخۆ : 10 پلەى سیلیزى سۆران : 2 پلەى سیلیزى گەرمیان : 16 پلەى سیلیزى
دەمیرتاش دەڵێت: ئەگەر پشتیوانیی لە ئەردۆغان بکەم ئەوا رۆژی دوای پشتیوانییەکەم لە زیندان ئازاد دەکرێم. سەڵاحەدین دەمیرتاش ، هاوسەورۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە رێگەی نامەوە وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی تی 24ی تورکیای داوەتەوە و وتویەتی: ئەگەر ئەمڕۆ پشتیوانیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا رۆژی دواتر لە زیندان ئازاد دەکرێت. دەمیرتاش وتوشیەتی هەر لەگەڵ بڕیاری پشتیوانیی لە ئەردۆغان، دور نییە دوای ئازادکردنم بە هێلیکۆپتەر بۆ کۆشکی سەرۆک کۆماریی بگوازرێمەوە و بە ئەگەرێکی بەهێزیش نانی نیوەڕۆ لەوێ بخۆم. هاوسەرۆژی پێشوتری هەدەپە جەختی کردەوە؛ ئەو وەک خۆی زیندانیی کراوە و وەک خۆیشی لە زیندان ئازاد دەکرێت و یەکەم ژەمی خواردنی دوای ئازادیش لە ماڵی خۆی دەخوات نەوەک لە کۆشکی سەرۆک کۆماریی تورکیا. چەند رۆژ پێش ئێستا شاندێکی باڵای هەدەپە سەردانی دەمیرتاشی لە زیندانی ئەدیرنە کرد و وتەکانی ئەویش ئاماژەیە کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بە هیچ شێوەیەک پشتگیریی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی ناکات.
هاوڵاتی میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن و دەسەڵات شکست بهێنێت. سانجار لە ١٢مین لیژنەی گشتی کۆگرەی دیموکراتیکی گەلاندا لە ئەستەنبوڵ قسەی کرد و ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان کرد کە بە تەنیا چەند مانگێکی ماوە. سانجار وتی، " قۆناخێکی زۆر هەستیارمان لە بەردەمدایە. هەڵبژاردنەکان، هاوکاتە لەگەڵ ١٠٠مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا. واتە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە. بەرەی دەسەڵات، بۆ ئەوەی رژێمە تاکڕەوەکەی فراوان بکات، هەموو جۆرە رێگەیەک تاقی دەکاتەوە. بۆیە ئامانجیان لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە رێگە لە فراوانبوونی رژێمی تاکڕەو بگرن." هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکەیان، مەشخەڵێکی رۆناکە کە دوارۆژی تورکیا رۆناک دەکاتەوە. بۆیەش پلانیان هەیە، هاوپەیمانێتیەکە فراوانتر بکەن. هەموو ئەرکەکان جێبەجێ دەکەن و شکست بە دەسەڵات دەهێنن. میدحاد سانجار باسی لە بڕینی بودجەی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت، لەلایەن دادگای دەستووری تورکیاوە کرد و وتی، " لایەنگرانمان گەورەترین سامانی ئێمەن. گەنجینەی ئێمە گەلەکەمانە. گەنجینەکەمان پێشەنگایەتی سەرکەوتن دەکات. ئێمە قەرزاری گەنجینەکەمانین، قەرزاری گەلەکەمانین و ئەرکی مێژووییمان ئەوەیە کە قەرزی خۆمان بە ئازادکردنی گەلەکەمان بدەینەوە."
هاوڵاتی بەپێی هەواڵی میدیای ئێرانی سێ درۆن هێرشیانکردۆتە سەر کارگەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە نێوەڕاستی پارێزگای ئیسفەهان و دووان لە درۆنەکان شکستیان هێناوە و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئەوانەوە خراونەتە خوارەوە، ئەوەی دیکەش زیانی ئەوتۆی نەبووە، دیمەنی پارچەکانی ئەو درۆنانەش بڵاوکرایەوە کە خراونەتە خوارەوە. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2023، محەممەد رەزا جان نساری، جێگری سیاسی و ئاسایشی پارێزگاری ئیسفەهان رایگەیاند، "ئەو دەنگی تەقینەوەیەی کە بیسترا، دەنگی سیستمی بەرگری بوو کە درۆنەکانی کردە ئامانج. سەرەتا خەڵکی تووشی شڵەژان بوون، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەواڵەکە هەر زوو بڵاوکرایەوە. " تەلەڤزیۆنی ئێرانی دیمەنی "پارچە تەقێندراوەکانی" ئەو درۆنانەی بڵاوکردەوە کە پێشتر وەزارەتی بەرگری رایگەیاندبوو، دووانیان خراونەتە خوارەوە و گوتی، "کۆنتڕۆڵی درۆنە بچووکەکان بە بەکارهێنانی سیستمی جەنگی ئەلیکترۆنی لە دەستی کارپێکەرەکە دەرهێندرا." دوای رووداوەکە، محەممەد مەرەندی، راوێژکاری میدیایی سەرۆکی ئێران پەنجەی تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکەی بۆ ئیسرائیل و "هاوپەیمانەکانی لە باکووری عێراق" درێژکرد و هۆشداری تووندی دا و لە تویتەر نووسی، "حەفتەیەکی باش نییە بۆ رژێمی رەگەزپەرستیی چ لە ناوەوەی وڵات یان لە دەرەوە، هەرچەندە سەرەڕای ئەوەی ناتەنیاهوو و هاوپەیمانە تیرۆریستە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن رۆژئاواوە لە باکووری عێراق شکستیان هێناوە، کاردانەوە دەبێت، ئەوان هەردووکیان پێویستە فێربن لەگەڵ شکستیش سزا هەر دەبێت."
هاوڵاتی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی BBCیدا رایگەیاندوە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بە جۆرێک "هەڕەشەی لێکردوە" پێش ئەوەی ئۆکرانیا داگیر بکات، پێی وتوە "بە موشەک، خولەکێک دەخایەنێت". لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییە سێ بەشییەکەی BBCدا، جۆنسن پەیوەندییە "زۆر درێژخایەن" و "نائاساییەکەی" لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا دوای سەردانەکەی بۆ کیێڤ لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022 دەگێڕێتەوە. جۆنسن وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پوتینی ئاگادار کردۆتەوە کە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیاترکردنی سزاکانی ڕۆژئاوا وبڵاوکردنەوەی هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا. هەروەها هەوڵیداوە بە پۆتین بڵێت کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆوە" بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو". بەڵام جۆنسۆن گوتی: لە خاڵێکدا هەڕەشەی لێکردم و گوتی: "بۆریس نامەوێت ئازارت بدەم بەڵام، بە مووشەک تەنیا خولەکێک دەخایەنێت" . فیلمە دیکۆمێنتارییەکە باس لە پەرەسەندنی ناكۆكی و دابەشبون لە نێوان سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا و روسیا دەکات لە ساڵانی پێش داگیرکردنی ئۆکرانیا. هەروەها لەو دۆکیۆمێنتاریەدا، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باس لەوەدەکات کە چۆن توڕە بوە لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکان لەوکاتەدا و دەڵێت، "ئەگەر دەزانن سبەی روسیا هێرشی داگیرکەری بۆ سهر ئۆکرانیا دهستپێدەکات، بۆچی شتێکم پێنادەن کە بتوانم پێی بوەستێنم؟، ئەگەر ناتوانن بیدەن بە من، ئەوا وازی لێبهێنن".
ناڕەزایەتییەکان و کاردانەوەکان دژی دەسەڵاتی ئێران گەیشتە 135 رۆژ و پۆلیس بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە قوربانییانی ناڕازیی بومەلەرزەکەی شاری (خۆی) کرد و راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند دۆخی ئێستای ئێران هاوشێوەی سەردەمی دیکتاتۆریی ئەرجەنتین-ە کە 30 هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. ناڕەزایەتیی دژی سێدارە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو زیندانیانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە لە شاری تاران و لە بەردەم دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی گردبونەوە و داوایان کرد جێبەجێکردنی سزای سێدارەکان راگیرێت. دەستگیرکردن لە رۆژهەڵات دەستگیرکردنی چالاکوانان و گەنجان و لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش لە سنە چالاکوانێکی کرێکاران و ژنە چالاکوانێکی سەر بە رێکخراوی نۆژین دەستگیرکران. دەرمانخانەیەک بەهۆی سەرپۆشەوە دخرا میدیاکانی دەسەڵات لە ئێران بڵاویان کردەوە بە بریاری داواکاری گشتیی دەرمانخانەیەکی شاری ئامۆل لە پارێزگای مازندەران لە باکوری وڵاتەکە داخراوە بە بیانوی نەبونی سەرپۆشی پزیشکی خاوەنی ئەو دەرمانخانەیە. لە تۆمارێکی ڤیدیۆی کە لە هۆکاری داخستنی ئەو دەرمانخانەیە بڵاو کراوەتەوە ئەندامێکی سوپای پاسداران داوا لە خانمە پزیشکێک دەکات کە سەرپۆش بەکاربهێنێت و لە بەرامبەردا ئەو خانمە داوا دەکات ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بچێتە دەرەوەی دەرمانخانەکە بەڵام ئەو کەسە دەڵێت من پێویستم بە دەرزی ئەنسولین هەیە و جارێکی دیکە ئەو خانمە پزیشکە داوای لێدەکات لە دەرمانخانەکە بچێتە دەرەوە. ناڕەزایەتیی قوربانیانی بومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی گرتەوە ئەمڕۆ لە شاری خۆی بەهۆی کەموکوڕییەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێدوایستیی بۆ قوربانییانی بومەلەرزەکە ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و پۆلیس بە زەبری ئاو و غازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خەڵکی ئەو ناوچەیەی رۆژهەلاتی کوردستان کرد. بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 816 کەس لە بومەلەزەکەی ناوچەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربون و جگە لە خانوەکانی ناو شار زیان بە ماڵی 70 گوندی ئەو ناوچەیە گەیشتوە. ناڕەزایەتیی سینەماکارانی ناودار مەسعود کیمیایی، دەرهێنەری ناوداری سینەما لە ئێران بە بڕیاری دادگا گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کرا. ماڵی سینەمای ئیران بڵاوی کردوەتەوە ئەو دەرهێنەرە لەسەر داوای هێزە ئەمنییەکان لە لایەن دادگاوە گەشتی لێ قەدەغە کراوە. لە لایەکی دیکەوە عەلی نەسیریان، ئەکتەری ناوداری ئێران داوای لە دەسەڵات کرد بە هیچ شێویەک ناوی ئەو بەکارنەهێنن و بەشداریی لە هیچ فێستیڤال و رێوڕەسمێکی سەر بەدەسەڵاتدا ناکات. خۆپیشاندان و کاردانەوەکانی دەرەوە دژی ئێران لە شارەکانی مۆنتریال لە وڵاتی کەنەدا و لە کۆپنهاگن لە دانیمارک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی چالاکوانانی کورد و ئێران دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچو. ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئەرجەنتین لە رێوڕەسمی قوربانییانی سەردەمی دیکتاتۆری لەو وڵاتە رایگەیاند؛ دۆخی ئێستای ئێران هاوشێوەی ساڵانی 1976 تا 1983ی ئەرجەنینە چونکە بە توندترین شێوە خەڵکی ئێران لە لایەن دەسەڵاتەوە سەرکوت دەکرێن. بە پێی ئامارەکان لە سەردەمی دیکتاتۆریی ئەرجەنتین لەو ساڵانەدا لانیکەم 30 هەزار کەس کوژراون. ئەو دادوەرەی ئێران کە زیاتری سزای سێدارەی دژی کورد دەسەپێنێت خەڵات کرا لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چاکوانی کورد، فەرزدا کەمانگەر مامۆستا و چالاکوانی کورد و محەمەدعەلی زەمانی و زانیار مورادی دا سەپاندوە و سەرجەمیان لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارە دراون.
هاوڵاتی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە رایگەیاند، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ١٣ی شوبات، کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکەن. کلچدارئۆغلۆ بەشداری بەرنامەی (مێزی سەرۆکەکان)ی کەناکی خەلک تی ڤی تورک کرد و ئاماژەی بە کۆبونەوەی ١٣ی شوبات لە بارەگای پارتی سەعادەت کرد کە پێکەوە و لەگەڵ چوار لایەنی دیکەدا، هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە. سەرۆکی جەهەپە ئەوەی خستەڕوو کە دوای کۆبونەوەکەی ١٣ی شوبات، هەمان رۆژ کاندیدی هاوبەشی خۆیان ئاشکرا دەکەن. لە وڵامی پرسیارێکی پێشکەشکارەکەدا کە ئایا کاندیدە هاوبەشەکە ئەو دەبێت، کلچدارئۆغلۆ وتی، " ئاساییە کە هەر پارتێکی نێو هاوپەیمانێتیەکە دەیەویت سەرۆکەکەی کاندید بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، لەم چەند رۆژەی کە لە بەردەمماندایە، ئەگەر لایەنەکانی دیکە بە تەواوی رازی بن، ئەوا من دەبمە کاندید." تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتیەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا نەکردووە و یەکلاییش بووەتەوە کە لە ١٤ی ئایاردا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی پێکەوە بەڕێوە دەچن.
هاوڵاتی گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، "ئەو پەیامانەی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بەیەکمان دەدا ئێستا لەسەر مێزی کۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین." ئهمڕۆ یهكشهممه 29ـی كانوونی دووهم 2023، سۆران جهمال تاهیر گوتهبێژی یهكێتی، لهمیانی لێدوانێكی رۆژنامهوانی رایگهیاند، یهكێتی ئامادهیه بۆ ههڵبژاردن و داوای ههمواركردنهوهی یاسای ههڵبژاردنهكانی كردووه. وتیشی، "کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرە کۆبوونەوەیەکی گرنگ، ئەو پەیامانەی لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە بەیەکمان دەدا، ئێستا لەسەر مێزی کۆبوونەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین". ئاماژەی بەوەشدا، "چەندین کۆبوونەی دیکە دەکرێت لەبارەی ئابووری و دارایی، هەڵبژاردن، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵات و ئەو نایەکسانییانەی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن." گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەکەین، کە یاسای هەڵبژاردن بە زووترین کات هەموار کرایەوە، بنەماکانی دیکەی هەڵبژاردن کە خۆی لە سەقامگیری ئابووری و ئەمنی بینییەوە، ئەوکاتە دەبێتە بنەمای هەڵبژاردنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان."
هاوڵاتی دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بە درۆن هێرشکرایەسەر دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی لە شاری ئیسفەهانی ئێران، رۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردوەتەوە کە "ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەی ئیسفەهانەوە بوە". رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەمڕۆ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەرپرسانی باوەڕپێکراوی ئەمریکاوە دەستیانکەوتوە، "ئیسرائیل لەپشت هێرشەکەی ئیسفەهانەوە بو کە ژمارەیەک دامەزراوەی بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بەئامانج گرت". باسلەوەشکراوە،"ئیسرائیل لەرێگەی ژمارەیەک درۆنەوە دامەزراوەی بەرگری ئێرانی کردوەتە ئامانج، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چۆنیەتی لەباربردنی خواستی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم". هاوکات،وەزارەتی بەرگریی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا هێرشی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر کارگەیەکی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە شاری ئەسفەهان پشتراستکردەوە و رایگەیاند دوو لەو فڕۆکانەیان تێکشاندوە. هەروەها،وەزارەتی بەرگریی ئێران دانی بەوەدا ناوە، سەربانی یەکێک لە کارگەکان زیانی بەرکەوتوە، بەڵام "کێشەیەکی بۆ دامودەزگا و چالاکییەکانی کۆمەڵگەکە دروست نەکردوە."
ئەو دادوەرەی دەستی لە سەپاندنی سزای سێدارە و زیندانیی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێراندا هەبو، لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی خەڵات کرا. لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاکوانی سیاسی کورد و ئێران بوە ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چاکوانی کورد، فەرزدا کەمانگەر مامۆستا و چالاکوانی کورد و محەمەدعەلی زەمانی و زانیار مورادی دا سەپاندوە و سەرجەمیان لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارە دراون. سەڵەواتی کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاترین دەرکەوتنی بەهۆی سزای قورسی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکاندا بوە سزای سێدارەی بەسەر سامان سەیدی، هونەرمەندی شاری کرماشان و محەمەد قوبادلودا سەپاندوە.
هاوڵاتی بەلایەنی کەمەوە 50 کەس لە دوو ڕووداوی گواستنەوەی جیادا لە پاکستان گیانیانلەدەستدا هەمزە ئەنجوم نەدیم یاریدەدەری بەڕێوبەری لاسبێلا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە پاسێک لە پردێک کەوتۆتە خوارەوە لە لاسبێلا کە ناوچەیەکی شاخاوییە لە باشوری پاکستان کە 44 سەرنشینی هەڵگرتبوو وتیشی، تا ئێستا تەرمی 40 کەس کە ژن و منداڵیان تێدایە دۆزراوەتەوە و چوار سەرنشینیش کە بەسەختی بریندار بوون ڕزگار کراون . ئەوەشی ڕونکردەوە هۆکاری ڕوداوەکە خێرای پاسەکە بووە کە کۆنترۆڵی لەدەستداوەو لە پردەکە کەوتۆتەخوارەوەو ڕاستەوخۆ گڕیگرتووە. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئاگرەکەوە زۆربەی ئەو جەستانەی دۆزراونەتەوە تەواو شێواون کە ناناسرێنەوە هەربۆیە دوای پشکنینی DNA دەدرێنەوە دەستی خێزانەکانیان. هاوکات لە ڕوداوێکی تردا لە هەمان ڕۆژدا بە لایەنی کەمەوە 10 خوێندکارگیانیانلەدەستداوە دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە باکوری ڕۆژئاوای پاکستان ژێرئاوکەوت. ڕووداوەکە لە دەریاچەی بەنداوی تاند لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوا ڕوویدا وبەرپرسی پۆلیسی ناوخۆ قیسمەت خان گوتی 25 خوێندکار لەسەر بەلەمەکە بوون کە خوێندکاری خوێندنگایەکی ئاینی لە باکوری ڕۆژئاوای ناوچەکە بوون ، بۆ سەیرانکردن سەردانی دەریاچەکەیان کردووە. وتیشی،ئەو 10 منداڵەی بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 13 ساڵیدا بووە و تا ئێستا 9 منداڵی تر بێسەروشوێنن.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشی سوپای ئۆکراینا بەچەکی ئەمریکی ١٤ کەس لە ڵوهانسک کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون. وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دوێنێ سوپای ئۆکراینا بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکهاوێژی فرەلوولەی "HIMARS"ی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری نۆڤوایدار سەربە ناوچەی ڵوهانسک و لە ئاکامدا، ١٤ کەس کوژراون و ٢٤ی دیکەیش برینداربوون. لە راگەیەندراوەکەدا ڕوسیا ئاماژە بەوەشدەکات کە هەمان رۆژ یەک لەسەر سێی ئەو ١٧ مووشەکەی لەلایەن سوپای ئۆکرایناوە ئاراستەی نۆڤۆڤیا کاهۆڤکا کراون لە ناوچەی خێرسۆن لە گۆڕەپانی نەخۆشخانەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات ، ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بە تاوانی جەنگ تۆمەتباردەکات و دەڵێت،"رژێمی کیێڤ و پشتیوانە خۆرئاواییەکانی تاوانباری جەنگن بەهۆی بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان بە ئەنقەست. نەبوونی کاردانەوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەهەمبەر ئەو پێشلێکارییانەی ئۆکراینا دەرخەری ئەوەیە کە ئەوانیش راستەوخۆ بەشدارن لەو تاوانە".
هاوڵاتی ئێران ههناردهكردنی غاز بۆ عێراق رادهگرێت و وهزیری كارهبای عێراقیش رایدهگهیهنێت، ههفتهی داهاتوو بۆ بهستنهوهی كارهبای عێراق به وڵاتانی كهنداو، لهگهڵ سعوودیه كۆدهبینهوه. وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ماوەی ١٢ رۆژە، ھەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆری گواستنەوەی غاز، بەپێی ئەوەی لایەنی ئێرانی رایگەیاندووە، راگیراوە. راشیگەیاندووە کە بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، حەوت ھەزار و ٥٠٠ میگاوات کەمبووەتەوە کە ئەوەیش بەشێوەیەکی بەرچاو، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە ھاووڵاتییان دروست کردووە. باسی لەوەش کردووە کە وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دابین بکات، تا بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە پێ قەرەبوو بکرێتەوە". ههر لهو بارهیهوه زياد عهلی فازڵ، وهزیری كارهبای عێراق به رۆژنامهی شهرقی سعوودیه رایگهیاندووه، ئێران رێژهی ههناردهكردنی غازی بۆ وێستگهكانی بهرههمهێنانی كارهبای گهیاندووهته سفر، بۆیه عێراق له ههوڵهكانی بۆ چارهسهركردنی ئهو كێشهیه له دانوستانی بهردهوامدایه و بهمهبهستی بهستنهوهی كارهبای عێراق به تۆڕی كهنداو، ههفتهی داهاتوو لهگهڵ لایهنی سعوودیه كۆدهبنهوه.
