بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران روی نەداوە و سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت رێگایەی دیکە دژی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران بگیرێتەبەر.   جۆن کیربی، وتەبێژ و رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە گۆڤاری (نیوزویک)ی راگەیاندوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ چاوەڕوانییەکی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نەماوە و دەیەوێت هەنگاوێکی بەدیل بگرێتەبەر بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. کیربی جەختی لەوە کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە هیچ شێویەک لە ئێستادا کار بۆ زیندوکردنەوە یان چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکات بەڵام واشنتۆن بۆ رێگریی لە ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی هەمو هەوڵێک دەدات. رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی لە کۆشکی سپی وتوشیەتی: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕوای وایە لە رێگەی دیپلۆماسی و هەنگاوی ئاشتیانە ریگریی لە ئێران بکرێت بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری شکستی هەنگاوی ئاشتیانە ئەوا واشنتۆن توانای هەیە بە شێوازی دیکە رێگریی لە تاران بکات. لە لایەکی دیکەوە گۆڤاری نیوزویک لە زاری ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاوی کردوەتەوە کە تاران ئامادە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی و تەنها مەرجی سەرەکیشی نەمانی سزا و گەمارۆکانە لەسەر ئێران. زیاتر لە دوو مانگە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی ئێستای ئیدارەی وڵاتەکەیان پشتیوانییە لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و هیچ هەنگاوێکیان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نەناوە بەڵام میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە بەردەوامی پەیام ئاڕاستەی تاران دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بە ئامانجی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی. پێشبینیی دەکرێت بە جەختکردنەوەی ئەمریکا لە جێگرەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی جارێکی دیکە پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران لاوازتر بێت بە تایبەت کە پێشتر رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و نیویۆرک تایمز بڵاویان کردبوەوە کە کۆشکی سپی بەرپرسانی ئاسایشی و سەربازیی وڵاتەکەی راسپاردوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازیی دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

کەسایەتی و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداریی دەدەن لە دۆخی وڵاتەکە و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان. محەمەدڕەزا باهونەر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ گەندەڵی و ناکارامەیی و گوێ نەگرتن بۆ خەڵک، راستییەکانی ناو سیستمی دەسەڵاتن و هەر ئەوانەش هۆکارێک دەبن بۆ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان. باهونەر وتویەتی: پێچەوانەی بۆچونی بەرپرسان ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان نەهاتوە و هاوشێوەی ئاگری بن خۆڵەمێشە بۆیە بیانویەک بەسە بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە. لە لایەکی دیکەوە سەیدحەسەن خومەینی، نەوەی روحەڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لە ئێران رایگەیاند؛ دۆخی وڵاتەکە باش نییە و نابێت بە هەر نرخێک دەسەڵات بپارێزرێت و پشتیوانیی لێبکرێت. خومەینی وتویەتی: هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەی ئیستای وڵاتەکە دەسەڵاتدارانن کە راوێژ و قسە لەوان وەرناگرن و کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتداران نەماوە. ئەو وتوشیەتی پێشتر کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیی چینی هەژار و ناوەڕاست سەرکەوتنی بەدەست هێناوە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپی دەسەڵاتداران چینی هەژار پشتیوانیی لە کۆماری ئیسلامی ناکەن. خومەینی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە؛ دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی کێشە و کەموکوڕیی زۆرە و نابێت خەڵک بێهیوا بکرێت.

هاوڵاتی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردنی راشکاوانە لەسەر کۆی ئە بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بۆچوون و هەڵوێستەکان لەسەر چەندین بابەتی هەنووکەیی، شاندی باڵای هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی  دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی ئەمڕۆ ٢٨-١-٢٠٢٣ کۆبوونەوە. بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بەڕێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانە ڕوو. لەکۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان

هاوڵاتی لە شاری مەمفیس، پێنج پۆلیس هێرش دەکەنە سەر پیاوێکی ڕەش پێست لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا و بیبەر دەکەن بە دەمووچاویدا، بەوهۆیەوە پیاوەکە دوای ٣ ڕۆژ گیان لەدەست ئەدات. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا، تایر نیکۆڵس کاتێک پۆلیس هێرش دەکاتە سەری و قاچێکی بریندار دەکەن بەهۆیەوە ناتوانێت بڕوات و هاواری دایکی دەکات، پاش بریندارکردنی تایر نیکۆڵس ناتوانێت بڕوات و بەهۆیەوە پۆلیسەکان ئەمبوڵانس بانگ دەکەن؛ ئەو پۆلیسانەی هێرشیان کردۆتە سەری پێنج  پۆلیس بوون و سەرجەمیان ڕەش پێست بوون. بەهۆی ڕوداوەکەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی ونیگەرانی خۆی دەربڕی،هاوکات  هەر پێنج پۆلیسەکە لەکارەکانیان دورخارونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا   لەچەندین و شار ویلایەتی ئەمریکا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو دژی کاری دڕندانەی پۆلیس بەرامبەر ڕيشپێستەکان. تایر نیکۆڵس، گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵی ڕەشپێستە کە لە  ١٠ مانگی کانوونی دووەمدا بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، تایر نیکۆڵس ٣ ڕۆژ بەر لە مردنی لە لایەن پۆلیسەوە لە شاری مەمفیس وەک لە گرتە ڤیدیۆەکەدا کە پۆلیس بڵاوی کردۆتەوە، بە تۆمەتی دزین بە سەختی بریندار دەکرێت لە لایەن پۆلیسەوە و تەنها کاتژمێرێک دوای بریندارکردنی ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.  

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی چوار شەهیدی راگەیاند کە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ناسنامەی چوار شەهیدی خۆی بە ناوەکانی دەڤریم هەژار، دیجلە روحاد، ئاندۆل سەرحەد و رۆژگەر گابار راگەیاند کە لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لە ناوچەی مەتینای دەڤەری بادینانی هەرێمی کوردستاندا لە هێرشێکی سوپای تورکیادا شەهید بوون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەپەگە، دوو لە شەهیدەکانی خەڵکی کۆبانێ و دووانیش خەڵکی باکوری کوردستانن. هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە لەو شەڕ و پێکدادانەدا،  ١٢ سەربازی تورکیا کوژراون و هەشت سەربازیش بریندار بوون. نزیکەی نۆ مانگە، سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی لەبەرامبەر گەریلاکانی پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە. ئەم ئۆپراسیۆنە بە درێژترین ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنور دادەنرێت کە مێژووی سوپای تورکیادا. بەگوێرەی راگەیەندراو و بەرپرسانی پەکەکە، سوپای تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەکەدا چەکی قەدەغەکرا و گازی کیمیایی بەکار دەهێنێت. هەپەگە پێشتریش رایگەیاندبوو کە بە دەیان گەریلا بەهۆی چەکی کیمیاییەوە شەهید کراون.

هاوڵاتی هیندستان  یەکەم ڤاکسینی “INCOVACC “پەسەند کرد وەک ژەمی سەرەکی  کە لەڕێگەی لوتەوە بەشێوازی قەترە بەکاردەهێنرێت و یارمەتی درووستبوونی بەرگری لە خانەکانی لوت و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە دا دەدات. ڤاکسینی”INCOVACC”, لەلایەن کۆمپانیای   Bharat bieotech درووستکراوە، ڤاکسینەکە لەڕێگەی ڤایرۆسی ناسراو بە ئەدینۆ ڤایرەس لەناو لەشدا دەگوازرێتەوە کە بەجۆرێک بەرنامە کراوە هانی خانەکانی لەش دەدات و فێریان دەکات کە چۆن بەرگری درووست بکەن لەبەرامبەر هەوکردنی کۆرۆنا. زاناکان پێیان وایە لەبەر ئەوەی ڤاکسینەکە کار لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەکات و بەوجۆرەش بەکاردەهێنرێت ڕەنگە ئەنجامێکی باشتر بەدەست بهێنێت، هاوکات ڤاکسینەکە دەبێت بە دوو ژەم بەکاربهێنرێت و نێوانیان ٢٨ ڕۆژ جیاوازی هەبێت. دکتۆر کریشنا ئیلا، سەرۆکی کۆمپانیای      Bharat biotech، بە ئاژانسی هەواڵی     ANI ڕاگەیاندووە ، ڤاکسینەکە بەکارهێنان و گواستنەوەی بۆ لەش ئاسانە، چونکە پێویستی بە دەرزی نیە تاوەکو لەش سودی لێوەربگرێت، هەروەها بەرگریەکی فراوانتریش درووست دەکات بە بەراورد بەو ڤاکسینانەی کە بەڕێگەی کوتان و دەرزی بەکاردێن. بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بەڕێگەی هەناسەدان  ولەڕێگەی کۆ ئەندامی هەناسەوە، لە ئەمریکا و بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە،هاوکات لە چینیش لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ پەسەند کرا، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە هیندستانیش ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوازی هەناسەدان وەک ژەمی زیادە وپاڵپشتی بۆ ئەوکەسانەی ڤایرۆسەکەیان بە سەختی گرتووە پەسەند کرد.

هاوڵاتی لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت یاسای نەوت و غاز پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم رێکدەخاتەوەو دەربارەی ناردنی پارەش بۆ هەرێم ئاماژە بەوەدەکات یاسای بودجە ئەو بابەتە چارەسەر دەکات. محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فرانس ٢٤ رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ فەرەنسا دەبێتە گواستنەوەیەکی جۆری لە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و لە رێگەی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ھاوبەشی ستراتیژی کە ٥٠ بوار لەخۆدەگرێت، مۆرکێکی ستراتیژی وەرگرتووە. سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ھەرێم و بەغداد سوودانی ئاماژەی بەوەکرد، یاسای بودجە بەشێکی زۆری کێشەکانی ناردنی پارە بە پێی دەستور چارەسەر دەکات و  دواتریش کار بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز دەکەن کە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و پارێزگا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت رێکدەخات. دەربارەی مانەوەی سوپای وڵاتانی دیکە لەعێراق سوودانی وتی، عێراق پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نیە، بەڵکو پێویستی بەھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری. سودانی دوپاتیشیکردەوە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵی نزیکبوونەوەی لەگەڵ ئێران و سعودیە داوەو بەمنزیکانەش گەڕەکێکی تری دانوستانەکانی ھەردوو وڵات لە بەغداد رێکدەخەن، رونیشیکردەوە، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراق کارێکی رەتکراوەو ئیدانەکراوەو دیالۆگ باشترین رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ تورکیاو ئێران.

نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی برسێتی و هەژاریی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان و رایدەگەیەنێت مەترسیی کۆچی بەلێشاو هەیە. بەرنامەی جیهانیی خۆراک-ی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی داوە کە نرخی خۆراک لە سوریا 12 هێندە بەرز بوەتەوە و هاوکات رێژەی برسێتی گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار. دەیڤد بێزلی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانیی خۆراک رایگەیاندوە؛ ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هاوکاریی خەڵکی سوریا نەکات بۆ دەبازبون لە برسێتی ئەوا شەپۆلێکی دیکە لە کۆچی بەکۆمەڵ دەست پێدەکاتەوە. بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان 90٪ لە 18 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سوریا هەژران و لەو ژمارەیەش برسێیتی هەڕەشە لە سێ ملیۆن کەس دەکات. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردوەتەوە نرخی دەرمان بەشێویەکی بەرچاو زیادی کردوە و ئەوەش کێشەی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروست کردوە. پێشتێر وەزارەتی تەندروستی سوریا نرخی دەرمانی بە رێژەی 20٪ بەرز کردەوە و لە ئێستاشدا نرخی زۆبەی دەرمانەکان لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێژەی 40٪ بەرز بوەتەوە.  

جەنەڕاڵ مایکل مێنیهان کە بەرپرسێکی باڵای هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە لە یاداشتێکی ناوخۆییدا نووسیویەتی "هیوادارم هەڵەبم. هەستێکم هەیە کە دەڵێت ساڵی 2025 لەگەڵ چین دەچینە جەنگەوە". لەدرێژەی قسەکانی دەڵێت : "شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە 2025 لەیەککاتدا پاڵنەر و دەرفەتیشی دەبێت". دڵناییشی دا لەوەی، هەڵبژاردنەکانی تایوان لە ساڵی 2024 هۆکارێک دەدات بە سەرۆکی چین بۆ جوڵەکردن. جەنەڕاڵەکە پێیوایە، کێبڕکێی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، کە بڕیارە هەمان ساڵ بەڕێوەبچێت، دەرفەتێک بۆ چینیش دەڕەخسێنێت. جەنەڕاڵە ئەمەریکییەکە ، داوا لە هێزەکانی دەکات کە مەشق و راهێنان بکەن بۆ شەڕکردن، بەتایبەتی بە چوونە مەیدانەکانی تەقەکردن و ئامانجی سەرەکیان لە راهێنانەکان، پێکانی "سەر"ـی بەرامبەر بێت. جێی باسه دوای هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، ئەمریکا ترسی هەیە هەمان سیناریۆ لە تایوانیش دوباره ببێتەوە، کە چین بەبەشێکی دانەبڕاوی وڵاتەکەی دادەنێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی بکات، گرژییەکانی ئەمریکا و چین زیاتر بوو پاش سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە.

هاوڵاتی بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی بلومبێرگ لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، دوای دابەزینی بەھای نەوتی ھەرێم و شکستی ھەوڵەکانی گروپی کۆمپانیاکانی ترافیگۆرا بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکە کارکردنی لەگەڵ ھەرێم راگرتووە. هەر بەپێی هەواڵەکە ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە لە دوای ئەوە دێت، لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، نوێنەرانی کۆمپانیای ترافیگۆرا بەنیازبوون کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بکەن و دانوستان لەسەر ئەوە بابەتە بکەن، بەڵام کۆبوونەوەکە لە دوایین ساتەکاندا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەبێ ھیچ روونکردنەوەیەک ھەڵوەشاوەتەوە. گروپی کۆمپانیاکانی ترافیگۆرا یەکێکە لەو کۆمپانیا گەورانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ چەندین ملیار دۆلاری لەپێناو کرینی نەوتی ھەرێم داوەتە حکومەتی ھەرێم، تا ھەفتەی رابردووش حکومەتی ھەرێم ٢٧٣ ملیۆن دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکە بووە، دوای ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی داڤۆسیش، ترافیگۆرا ویستوویەتی ھۆشداری بداتە حکومەتی ھەرێم بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە.

سەلاحەدین دەمیرتاش دەسەڵاتی تورکیای بە برایانی داڵتۆن بەناوکرد کە لە فیلم کارتۆنی لوکی لوکدا سێ کارەکتەری تاوانبارن و وتی، " چەتەکانی داڵتۆن شکست دەهێنن." سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە و ماوەی نزیکەی مانگێکە دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان لە چوارچێوەی ئامادەکاریەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کردووە، توێتێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، پێویستە هاوڵاتیانی تورکیا گوێ بە ئەو راپرسیانە نەگرن کە لەلایەن دەسەڵات خۆیەوە ئامادکراون و وتی، دەسەڵات وەک 'چەتەکانی داڵتۆن' شکست دەهێنێت. ' مەبەستی دەمیرتاش ئەو چوار برایەی نێو فیلم کارتۆنی لولی لوکدا کە چوار برای تاوانبارن و هەموو کاتێک بەهۆی تاوانەکانیانەوە لەلایەن لوکی لوکەوە دەستگیر دەکێن' دەمیرتاش دەشڵێت، " ورەتان هەبێت، بە جۆش و خڕۆش و متمانەوە تێکۆشانتان فراوان بکەن. لە کاتێکدا کە ئێوە هەن پێویستی بە ' لوکی لوک' نییە.

بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە زانیاری نوێی بڵاوکردەوە. ،ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێک شوێن، لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە و ئەگەرى هەیە بەفر بارین سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە. کەشناسی دەربارە پلەکانی گەرما ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە بە بەراورد لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو. کەشوهەوای سبەی کەشناسی بەم شێوە ڕاگەیاندوە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە هەندێ شوێن، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبێت و لەکاتەکانی شەودا ئەگەر هەیە بەفربارین سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە. کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوە ڕاگەیاند: هەولێر: 13 سلێمانی: 11 دهۆک: 12 کەرکوک: 16 هەڵەبجە: 11 زاخۆ: 13 سۆران: 9 گەرمیان: 18

100$ئەمەریکی بەرامبەر بە 163000 دینار 100یۆرۆ بەرامبەر بە 177000 دینار        100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 200000 دینار 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 86000 دینار 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3800 دینار نرخی زێڕ: مسقاڵێك زێڕی عەیار18بە 380000 دیناری مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 بە 445000 دینار

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات لە نزیکەی مانگێکدا  لە ئێران زیاتر لە 55 کەس لەسێدارەدراون. رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە دەستپێکی ساڵی نوێی بە ئامانجی چاوترسێنکردن و بڵاوکردنەوە ترس و تۆقاندن خەڵک جگە لە چوار دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە 50 کەسی دیکە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون. ئەو رێکخراوەیە ئاشکرای کردوە؛ لە 26 رۆژی دەستپێکی ساڵی 2023 لانیکەم سزای سێدارەی 55 کەس جێبەجێکراوە. بە پێی راگەیەنراوی ئەو رێکخراوەیە؛ 37 کەس لەوانەی کە لەسێدارەدراون تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەر بوە. پێشتر رێکخراوەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان هۆشدارییان دابو کە بەمەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵکی ناڕەزاییی لە ماوەی رابردو جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست زیادی کردوە. بە پێی ئامارەکان لە 21 رۆژی ئەمساڵدا لانیکەم نۆ کەسی کورد بە تۆمەتیی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراوەن.

هاوڵاتی كۆڵبەری كەسەرچاوەیەكی ناچارییە بۆ بژێوی، سەرباری ئەوەی كارێكی قورس و پڕ زەحمەتیە، رێگایەكی پڕ مەترسیشە، ئاماری ناخهەژێن لەو بارەیەوە بڵاودەكرێتەوە،  لەماوەی 10 ساڵدا نزیكەی دوو هەزار كۆڵبەر لەو كارەدا بوونەتە قوربانی، یان كوژراون یان برینداربوون. مێژووی كوردو كۆڵبەریی پێكەوە گرێدراونەتەوە، بەڵام ئەو كارە وەك پیشەو سەرچاوەی داهات، مێژووە هاوچەرخەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 32 ساڵی رابردوو و لە 20 ساڵی رابردووشدا زیاتر لەنێوان سنورەكانی رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان بووە. كۆڵبەران چینێكی ماندوو قوربانییانی هەژاریی و نەدارن، بۆیە گەنج و پیری رۆژهەڵاتی كوردستان ناچارن كۆڵێكی قورس و رێگای سەختی سنورە دەستكردەكان ببڕن لەپێناو داهاتێكی كەم. بەپێی ئەو ئامارانەی ناوەندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویانكردوەتەوە لە سێ پارێزگای كوردستان (سنە) و ورمێ و كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 50 هەزار كۆڵبەر هەیە، بەڵام سەرچاوەكانی دیكەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەبوونی 70 هەزار كۆڵبەر دەكەن. لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لانیكەم هەزار و 795 كۆڵبەر بوونەتە قوربانیی گوللـەی هێزە ئەمنیەكان و پاسەوانانی سنوری ئێران و رێگا سەخت و ساردەكانی ناوچە شاخاوییەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان. بەپێی ئامارێك كەپێگەی كۆڵبەرنیوز بڵاویكردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 546 كۆڵبەر كوژراون و هەزارو 249 كۆڵبەریش برینداربوون. لەئامارەكانی ساڵی 2022 دەركەوتووە لانیكەم 43 كۆڵبەر كوژراون و 215 كەسیشیان بریندرابوون و بەگشتی ساڵانە 40 بۆ 70 كۆڵبەر لەساڵێكدا دەكوژرێن.   باری قورس و پارەی كەم هەر كۆڵبەرێك بەپێی قەبارەو جۆری ئەو كاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەكەی دەگاتە نزیكەی 500 هەزار بۆ 800 هەزار تمەنی ئێرانی لە رۆژێكدا كەدەكاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لەكاتێكدا هیچ كۆڵبەرێك ناتوانێت 30 رۆژەكەی مانگێك كۆڵبەریی بكات. هەندێكجار كۆڵبەران لەمانگێكدا تەنها دوو رۆژ یان پێنج رۆژ كۆڵیان بۆ گواستنەوە دەستدەكەوێت. هەر كۆڵبەرێك بەهۆی سەختی و مەترسیی رێگای سنورەكانەوە دەتوانێت 50 كیلۆگرام بار بگوازێتەوەو هەر كیلۆیەكیش 14 هەزار بۆ 16 هەزارتمەنی پێدەدرێت. داهاتی كەمی ئەو كۆڵبەرانە لەكاتێكدایە بەپێی نوێترین راپۆرت هێڵی هەژاریی هەر خێزانێكی چوار كەسی بە 15 ملیۆن تمەن تا 18 ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە، بەڵام رەنگە هیچ كۆڵبەرێك نەتوانێت لەمانگێكدا ئەو بڕە پارەیە پەیدابكات تەنانەت ئەگەر ژیانیشی لەدەست نەدات.   سەرهەڵدانی كاری كۆڵبەریی دوای راپەڕینی كورد لەباشوری كوردستان لەساڵی 1991 و سەپاندنی بەندی (7)ی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراك، دۆخی ئابوریی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی رۆیشت،  بۆیە بەناچاری هەندێك كەس بەكۆڵ كەلوپەل و كاڵای بیانی و كۆنی وەك تەلەفیزیۆن و بەفرگرو جلشۆرو هەندێك كاڵای ئەلیكترۆنیی تایبەت بەناو ماڵیان لەڕێگەی سنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانەی ئێران دەكردو لەولاشەوە خۆراك و سوتەمەنیی دەهێنرایەوە هەرێم.  سەرەڕای ئەوەی بڕێك لەو كاڵایانە بە ئۆتۆمبێل و ئەسپ و ئێسترو بارگیر دەگوازرانەوە، بەڵام هەندێك كەس بەكۆڵ ئەو كەلوپەلانەیان دەگواستەوە بۆ ئەوەی داهاتێكیان دەستبكەوێت و خۆیان دووربگرن لەئەركی پاراستنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانەی كە بۆ گواستنەوەی كاڵا سودیان لێوەردەگیرا. بەڵام دوای ئەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتركران و قەیرانەكان لەسەر شانی دانیشتوانی وڵاتەكەش زیاتر بوو، زیاتر لە 23 ساڵە زیاتر كاری كۆڵبەری پێچەوانە بووەتەوەو لەئێرانەوەو بەسنوری رۆژهەڵاتدا كەلوپەل دەهێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان.