هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەکردن بەوەی رەنگە سوپای رووسیا هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی زیاد بکات، رایگەیاند: ''لەوانەیە شەوانی هەفتەکانی داهاتوودا پڕجووڵە بن''. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کاتەکانی شەو لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا. سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە ئامارەکانی رۆژانی رابردوو کرد و گوتی: ''تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاد لە ٨٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە ئاراستەکراون، لە ئاسماندا تێکشکێندراون. لە شەوی سەری ساڵەوە تا ئێستا کە دوو رۆژ تێپەڕیوە، ژمارەی ئەو فرکەی بێ فرۆکەوانانە ئێرانیانەی (دروستکراوی ئێران) لە ئۆکراینا خراونەتە خوارەوە ٨٠ی تێپەڕاندووە. رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون بکات. لەبەرئەوە لە هەفتەکانی داهاتوودا، رەنگە شەوان زۆر پڕجووڵە بن. زانیارییمان هەیە رووسیا پیلانی هەیە هێرشێکی درێژخایەنی شاهید (فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهید) ئەنجام بدات''. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای کرد، هێزی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی هۆشیارتربێت و گوتی: ''ئێستا کاتی ئەوەیە هەمووان زیاتر وریابن لە پاراستنی کایەی ئاسمانیی''. سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لایەن ئەنجام داوە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی لووتکەی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا-ئۆکراینا کە بڕیارە لە مانگی شوباتدا ساز بکرێت. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ ڤۆن دێر لایەن-دا باسیان لەو پشتیوانییە داراییە کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینای دەستەبەرکردووە و گوتی: ''بەپێی ئەو بڕیارەی ساڵی رابردوو دەرکراوە، چاوەڕوانین یەکەم بەشی پشتیوانییە داراییە گەورەکە لە کانوونی دووەمدا بگاتە دەستمان. ئەم پشتیوانییە زۆر گرنگە، ئەویش لەم کاتەدا کە رووسیا هەوڵی کۆکردنەوەی هێزی نوێ دەدات بۆ هێرشکردن''.

هاوڵاتی شازادە هاری، کە بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیای بەجێهێشت و لە ئەمریکا نیشتەجێبوو، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا به‌رله‌وه‌ی کتێبەکەی لە ١٠ی كانوونی دووه‌مدا بڵاوبکرێتەوە، ئاشكرایكرد باوکی، پاشای به‌ریتانیا، چارڵزی سێیەم و برا گەورەکەی، شازادە ویلیه‌می ده‌وێته‌وه‌. شازادە هاری لە چاوپێکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ITV، كه‌ ٨ی كانوونی دووه‌م پەخش دەکرێت، روونكردنه‌وه‌ی لەبارەی بنەماڵەی شاهانە و مه‌رگی دایکی، دیانا و داهاتووی خۆی دا. له‌و به‌شه‌ كورته‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه‌، گوته‌كانی شازاده‌ هاری كه‌ ده‌ڵێت "هیچ سازانێكیان نیشان نه‌دا" هه‌یه‌ به‌ڵام دیار نییه‌ به‌م گوته‌یه‌ مه‌به‌ستی كێیه‌. هاری گوتی: "باوه‌ڕیان وایه‌ پیشاندانی ئێمه‌ به‌ كه‌سانی خراپ، كارێكی باشتره‌" و رایگه‌یاند: "خێزانم ده‌وێت، نه‌ك دامه‌زراوه‌". له‌میانی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا شازاده‌ هاری ده‌ڵێت: "باوكم ده‌وێته‌وه‌، برا گه‌وره‌كه‌مم ده‌وێته‌وه‌". - "بێدەنگی خیانەتە" هەروەها چاوپێکەوتنەکەی شازادە هاری لەگەڵ کەناڵی CBS، ٨ی كانوونی دووه‌م پەخش دەکرێت. به‌شێكی كورت لەو چاوپێکەوتنەش بڵاوکرایه‌وه‌. كه‌ تیایدا شازادە هاری باس كه‌وه‌ ده‌كات میدیا چیرۆکی لە دژی ئەوان هۆنیوه‌ته‌وه‌ و ئاماژەی بەوەدا کە کۆشکی به‌کینگهام بەرگریی له‌ خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، مێگان ماركڵ نەکردووه‌ به‌ر له‌وه‌ی دەست لەكاره‌كانیان له‌نێو بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌دا بكێشنه‌وه‌. هاری راشیگه‌یاند: "درووشمی خێزانه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ 'هه‌رگیز گازنده‌ مه‌كه‌، هه‌رگیز روونكردنه‌وه‌ مه‌ده‌' به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها درووشمه‌. كاتێك له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا (له‌ كۆشكی به‌كینبهامه‌وه‌) ده‌گوترێت كه‌ 'ناتوانین روونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌ین بۆ پارێزگارییكردن له‌ تۆ'، كاتێك ئه‌مه‌ بۆ ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ ده‌كه‌یت، ده‌گاته‌ خاڵێكی ئه‌وتۆ كه‌ بێدەنگی خیانەتە". هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی گوته‌كانی شازده‌ هاری له‌لایه‌ن كۆشكی به‌كینگهامه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌. - چاوپێكه‌وتنه‌كانی شازاده‌ هاری به‌ر له‌ كتێبه‌كه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه‌ هه‌ردوو چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شازاده‌ هاری به‌ر له‌ دوو رۆژ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی كه‌ بڕیاره‌ رۆژی ١٠ی كانوونی دووه‌م بكه‌وێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌، بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. كتێبه‌كه‌ ناوی "Spare"ه‌ و به‌ ١٥ زمان بڵاوده‌كرێته‌وه‌، هاوكات كتێبێكی ده‌نگی ده‌بێت كه‌ شازاده‌ هاری به‌ ده‌نگی خۆی ده‌یخوێنێته‌وه‌. شازاده‌ هاری كوڕی بچووكی پاشای به‌ریتانیا، چارلزی سێیه‌م و شازاده‌ی وێڵز، دیانایه‌ كه‌ له‌ رووداوێكی هاتوچۆدا له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ پاریس گیانی له‌ده‌ستدا. چارلز و دیانا لە ساڵی ١٩٩٦ جیابوونه‌وه‌. كاتێك دیانا گیانی له‌ده‌ستدا، ویلیه‌م ته‌مه‌نی ١٥ ساڵان و هاری ته‌مه‌نی ١٢ ساڵان بوو.

ئێران رایگەیاند دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی 94 تۆمەتباری هەیە کە سەرەکیترینیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکایە. کازم غەریب ئابادی، ئەمینداری مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند؛ دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس لە عێراق و ئێران بە کراوەیی ماوەتەوە و تا ئێستا سێ گەڕی دانیشتن و دانوستان لە نێوان تاران و بەغداد بەڕێوەچوە بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکە و یەکلابونەوەی ئەو دۆسیەیە. غەریب ئابادی، وتویەتی: 94 کەس تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی کە بریتین لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا و مایک پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە و ژنەڕال مەکێنزی فەرماندەی پێشوی هێزە چەکداراەکانی ئەو وڵاتە . بە وتەی غەریب ئابادی، هاوڵاتییانی حەوت وڵاتی جیهان تۆمەتبارن بە کوشتنی سولەیمانی و پێنج تۆمەتباری سەرکەیی لە عێراق و 17 کەسی دیگەش هەر لەو وڵاتە گومانیان لەسەرە کە هاوکاربوبن بۆ تیرۆری ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگیری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی. بەرەبەیانی سێی کانونی دوەمی ساڵی 2020 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا ئۆتۆمبێلەکانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس-یان لە نزیک فرۆکەخانەی بەغداد کردە ئامانج و بەهۆیەوە ئەو دوکەسە و ژمارەیەک پاسەوانیان کوژران و ئەمڕۆش لە عێراق و ئێران رێوڕەسمی سێیەم ساڵیادی کوژرانیان بەڕێودەچێت

  هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند ساڵی رابردوو عێراق بە بەھای ١١٥ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، رۆژانەش بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە.   حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشتن و داھاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە کۆی گشتیی لەو ساڵەدا زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان ھەناردەکردووە، واتا بە تێکڕا رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە. وەزیری نەوت وتیشی، کۆی گشتیی داھاتی نەوتی فرۆشراو لە ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر بووە لە ١١٥ ملیار دۆلار، بۆ ئەو دەستکەوتەش سوپاسی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد.

بڕیارە بەریتانیا لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ژمارەیە هاوڵاتیی وڵاتەکەی، سوپای پاسدارانی ئێران دەخاتە لیستی تیرۆروە. رۆژنامەی تێلێگراف لە بەریتانیا بڵاوی کردەوە؛ بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لەندەن بڕیاری داوە وەک کاردانەوە بەرامبەر دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتی بەریتانی لە ناوخۆی ئێران، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بەفەرمی وەک دامەزراوەیەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش، ئامادەکاریی تەاویان کردوە بۆ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی سوپای پاسداران وەک دامەزراویەکی تیرۆریستی لەقەڵەم بدات و لەندەن بە پێی ئەو بڕیارە مامەڵە لەگەڵ سوپای پاسداران بکات. هەفتەی رابردو هێزی ساڕوڵڵا-ی سەر بە سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد حەوت هاوڵاتیی بەریتانیای دەستگیر کردوە کە رۆڵیان هەبوە لە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەدا و ئەوەش کاردانەوەی لەندەنی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ولاتەکەش رایانگەیاند بە بارمتەگرتنی هاوڵاتییانمان وەک کارتێکی فشاری سیاسی لە تاران قبوڵ ناکەین.   پێشتر ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت.      

هاوڵاتی تابوتێکی مێژوویی کە بەرزیەکەی نزیکەی سی مەترە، لە مۆزەخانەی زانستە سروشتییەکانی هیوستن لە ویلایەتی تەکساس دانرابوو، پاش  لیکۆڵینەوەکانی دەسەڵاتدارانی میسر لە چوارچێوەی یاساکانی ئەمریکا سەلماندیان بەتاڵان براوە، گەڕێندرایەوە میسر. ئەو تابووتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆتاییەکانی خانەدانانی میسری کۆن، بەگویرەی وتەکانی مستەفا وەزیری لە ئەنجومەنی باڵای شوێنەوارەکان، سەردەمانێک کە لە ساڵی ٦٦٤ پێش زایین تا ٣٣٢ پێش زایین، لە سەردەمی هەڵمەتی ئەسکەندەری مەکدۆنیدا لە میسربووە. مستەفا وەزیری، لە ئەنجومەنی باڵای شوینەوارەکان وتی، تابوتەکە بەشێک لە نوسراوەکانی سڕدراونەتەوە، بەڵام پێدەچیت بگەڕێتەوە بۆسەردەمێکی  کۆن و هی قەشەیەکی کۆن بوبێت بەوناوی ئەنخێنمات. هاوکات جگە لەم تابوتە مێژووییە، لە ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتدارانی قاهیرە زیاتر لە ٥ هەزار و٣٠٠ کەلوپلەی مێژووی تاڵانکراویان گەڕاندەوە بۆ میسر.

هاوڵاتی کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی کە سێ یەکی ئابوری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ڕوو لە کەمبونەوە ئەکات، هەروەها ڕایگەیاند هەریەک لە پێشەنگی ئابوری جیهانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، چین ئابوریەکەیان لە پاشەکشەدایە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسە رهەموو جیهان دادەنێت. کریستالینا جۆرجیڤا، لەبارەی چینەوە ئاماژەی بەوەکرد کە چین وەک دووەم گەورەترین وڵاتی بەهێزی ئابوری لە چەند مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ دا ئابوریەکەی بەسەختیەکی زۆردا تێپەڕدەبێت، هەروەها ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر چین، هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت، بەتایبەتیش وڵاتانی ئاسیا. ئابوری چین بەپێی ئەو داتا وئامارانەی کە لەهەفتەکانی کۆتایی مانگی کانونی یەکەم بڵاوکرانەوە، ڕووی لە دابەزین کردووە، بەپێی داتاکانی بەڕێوبەرانی فەرمی کڕین، جموجۆڵی کارگەکانی چین بۆ سێ مانگ لەسەریەک کەمی کرردووە و داهاتەکەی دابەزیوە ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆررۆنا لە چین. جگە لە کەمبوونەوەی جوموجۆڵە ئابوری وبازرگانیەکانی کارگەکانی چین، هاوکات یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە کە کاریگەری لەسەر ئابوری چین داناوە، نزمبونەوەی نرخی خانووبەرەیە. هەروەها لەبارەی دابەزینی ئەمریکا بەجۆرێکە، کە خواست کەم بۆتەوە لەسەر ئەو کەلوپەلانەی لە وڵاتەکانی دیکەی ئاسیا لەوانەش ڤێتنام وتایلەند وچین درووست دەکرێن، هاوکات یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بەرزبوونەوەی سودی ئەو قەرزانەیە کە وەریدەگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانەکان کارەکانیان وکۆمپانیاکانیان فراوان نەکەن. وەک سەرۆکی سندوقی دراوی جیهانی دەڵیت، پاشەکشەی ئابوری لە وڵاتانی پێشەنگی ئابوری جیهانی، کاریگەری گەورە دادەنێت لەسەر جیهان، یەکێک لەوانەش گەشەنەکردنی وڵاتانی زلهێزە کە وادەکات سەرمایەدارەکان پارەکانیان لە پڕۆژەکان بکێشنەوە وئەمەش کێشە بۆ وڵاتانی هەژار درووست ئەکات کە پارەی کاشیان بەبڕی پێویست نیە. ئەم لێدوانەی کریستالینا جۆرجیڤا لەکاتێکدایە کە مانگی تشرینی یەکەم، سندوقی دراوی جیهانی رایگەیاند  ئابوری جیهان ڕوو لە پاشەکشەیە. ئابوریاناسان هۆکاری قەیران وپاشەکشەی ئابوری جیهانیان بۆ جەنگی ئۆکرانیا وبەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە چین، بەرزبونەوەی نرخەکان بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، بەرزبونەوەی سودی قەرزەکان گەڕاندەوە.    

دوای 108 رۆژ بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەی بەسەر دو گەنجی  دیکەی 18 ساڵ و 19 ساڵدا سەپێنرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێوڕەسم چلەی مەرگ و یادی لەدایکبونی کوژراوان بەڕێوچو و لە شارەکانی مەهاباد و مەشهەد و کەرەج و تاران  و تەبرێز ناڕەزایەتییەکان بەرفراوان بون. ئەمڕۆ دوشەممە ژمارەیەک زۆر لە هێزی ئەمنی و سەربازیی لە ناو شاری جوانڕۆ بڵاو کرایەوە و بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانیش سەرجەم شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شارەکە بە هێزی سەربازیی تەنراوە و کەشێکی سەربازیی باڵی بەسەر جوانڕۆدا کێشاوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاند ئەمڕۆش زیاتر لە حەوت گەنج تەنها لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کراون و نزیکەی 15 کەسیش لە دێولان و سنە و مەهاباد و قوروە چەند شارێكی دیکەی ئەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون. خەڵکی شاری مەهاباد ئێوارە ئەمڕۆ دوای بەشداریی لە چلەی مەرگی شەماڵ خەدیریپور دەستیان بە ریپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە کرد و دروشمیان دژی دەسەڵات بۆ پشتیوانیی لە شاری جوانڕۆ وتەوە و خۆپیشاندانەکانیش بە شەو بەردەوام بو.   هاوژینی شەهید شەماڵ خەدیری‌پوور مەراسیمی چلەی مەرگی ئەو گەنجەی مەهاباد کۆپلەیەک لە شێعری (کۆچ)ی شاعیری ناوداری کورد ،شێرکۆ بێکەس دەخوێنێتەوە و روو لە گڵکۆی هاوژینەکەی دەڵێت: ئێستاش وا بیر دەکەمەوە کە تۆ چووی بۆ شاخ و هەموو ئێواران چاوەڕێ دەکەم بێیتەوە. شەماڵ خەدیری پور تەمەنی 32 ساڵ بو کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان پێکرا و دواتر گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ لە دێولان یادی 19 ساڵەی لەدایکبونی رەزا لوتفی لەسەر گڵکۆکەی بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا و دوای رێوڕەسمە جەماوەریەکەش ناڕەزایەتیی لە شارەکە دەستی پێکردەوە. ڤیدیۆ؛ رۆژی یەکشەممە یادی 22 ساڵەی لەدایکبونی مێهران شکاری یەکێک لە کوژراوانی شاری کەرەج لە زێدی خۆی لە شاری میاندواو بەڕێوچو و شینی دایکیشی ئازارەکانی ئەو مەرگە تازە دەکاتەوە. دادگای باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دوای پێداچونەوە بە دۆسیەی محەمەد برۆغنی تەمەن 19 ساڵ، جەختی لە سزای سێدارەی ئەو گەنجە دەستگیرکراوەی ناڕەزایەتییەکانی شاری پاکدەشت لە کەرەج کردەوە. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی مەهدی محەمەدی فەرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە باکوری وڵاتەکە دەستگیر کراوە سزای دوجار سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. مەهدی مەحەمەدی فەرد بە پێی دو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای شاری ساری بە تۆمەتی دژایەتی خودا و دروستکردنی مەترسیی بۆ ئاسایشی دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای دوجار سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەمڕۆ 600 هونەرمەندی جیهان لە نامەیەکدا دوای ئازادکردنی تەرانە عەلی دوستی، هونەرمەندی ناوداری ئێران کرد. ناوەندی هەرانا بڵاوی کردەوە لە 107 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 512 کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و بە پێی ئامارەکانی دەسەڵاتیش 63 چەکدار و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.  

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە ئێستادا لە زینداندایە، تویتێکی لەبارەی بریارەکانی زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا بڵاوکردەوە کە لە هەموو بڕیارەکاندا پشتگیری لە دەسەڵات دەکات. دەمیرتاش لە تویتەکەیدا وتی، " دەمەوێت زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا، بەرلەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی کۆتایی بێت، وڵامی پرسیارەکانم بداتەوە." دەمیرتاش ئەم پرسیارانەی خوارەوە لە سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا کرد، " لە کاتێکدا کە راتانگەیاندبوو، دادگای دەستووری لەمەرامبەر من و فیگەن یوکسەکداغ پیشێلکاری نەکردووە، بۆچی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکانی دژی ئێمەی بە پێشێلکاری لەقەڵەمدا و لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە بێدەنگ دەمێننەوە  و هیچ شتێک لەم بارەیەوە ئاشکرا ناکەن، ئایا لەژێر فشاردان و هەڕەشەتان لێدەکرێت." لە بەشێکی تویتەکەی دەمیرتاشدا هاتووە، " ئایا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە و بڕێنی بودجەی هەدەپە لە خەزێنەی دەوڵەت، هیچ فشار و هەڕەشەیەکتان پێگەیشتووە یان نا؟" هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کۆتایی تویتەکەیدا دەڵێت، " بەڕێز سەرۆکی دادگای دەستووری تورکیا، ئێمە لە زینداندا بە دڵێکی ئارام دەخەوین، چونکە بێتاوانین و ویژدانمان ئارامە. ئێمە و ملیۆنان کەس گەردنی ئێوە ئازاد ناکەین و رۆژێک دێت کە حسابی ئەم هەموو سکاڵا نادادپەروەرانە دەپرسین  و دەمەوێت بزانیت کە رۆژێک یاسا لێپێچینەوەت لەگەڵدا دەکات."

هاوڵاتی حوکمەتی عێراق بە فەرمی بیمەی تەندروستی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا سبەینێ کارا دەکرێت، بڕیارەکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لە ڕاگەێندراوەکەی حوکمەتی عێراقدا هاتووە، سبەینێ فۆرمێک لەسەر وێبسایتی وەزارەتی تەندروستی عێراق کارا دەکرێت و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت پڕی بکەنەوە، بەپێی بڕیارەکە حوکمەتی عێراق  لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس لەسەرانسەری عێراقدا لەهەموو پارێزگاکان دیاری ئەکرێن و بەخۆڕایی چارەسەر وەردەگرن. بەپێی بڕیارەکەی حوکمەتی عێراق هەموو ئەوانەی کە لەژێر سەرپەرشتی وچاودێری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیدان دەتوانن سودمەندبن لەم بیمەی تەندرووستیە، هەروەها ئەوانەشی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بە خۆڕایی دەتوانن دەرمان وەربرگرن. لەبارەی شێوازەکانی سودمەندبوون لە بیمەی تەندرووستی و چۆنیەتی ڕێکار ومەرجەکان هێشتا زانیاری ورد و تەواو نەخراوەتە ڕوو، بەڵام وەک بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایانگەیاندووە بەم نزیەکانە هەموو زانیاریەکان دەخرێنە ڕوو. یاسای بیمەی تەندروستی، لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستوردا هەیە و بەپێی ئەم بڕیارە  فەرمانبەری ئاسای %١ لە مووچەکەی دەبڕدرێت، هەروەها فەرمانبەری پلە تایبەت %٢،٥ موچەکەی لێدەبڕدرێت.

دەسەڵاتی تاڵیبان رایگەیاند؛ ژمارەیەک تەنکەری سوتەمەنی بۆ ئێران گەڕاندوەتەوە کە لەگەڵ پێوەر و ستاندرادەکانی ئەفغانستان گونجاو نەبوە. بەرێوبەرایەتی ستانداردی نیشتیمانیی ئەفغانستان رۆژی یەکشەممە بڵاوی کردەوە؛ ئەو 26 تەنکەر بەنزینەی کە لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکە رەوانەکرابون بەهۆی خراپیی و نەگونجابونی جۆری سوتەمەنییەکە بۆ ئێران گەڕێنراونەتەوە. تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بازرگانانی ئەفغانستان کردوە کە خۆیان دور بگرن لە هاوردەکردنی بەنزین و سوتەمەنیی نەگونجاو بۆ ناو وڵاتەکە. پێشتریش تاڵیبان دەستی گرتبو بەسەر 500 هەزار لیتر بەنزینی ئێراندا بەهۆی نەگونجاوبون و کوالێتیی خراپ. لە لایەکی دیکەوە حەمید حەسەنی، سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند؛ ئەو تەنکەرە سوتەمنیانە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان هەناردە نەکراون و پێدەچێت بۆ وڵاتێکی دیکە بوبێت و تەنها بە سنوری ئەفغانستاندا تێپەڕیبن. دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ ئەفغانستان 70%ی باجی بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنی ئێران لابردوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە پەیاممان ناردووە بۆ یەکێتی و چاوەڕێی وەڵامین بۆ ئەوەی کۆببینەوە وکێشەکان بەرەو چارەسەر ببەین. لەبارەی کۆبونەوەکەوە، هیوا گەیلانی وتی " هەرچەندە هێشتا کاتی کۆبونەوەکە دیار نیە بەڵام ئومێدمان وایە بەم نزیکانە کۆببینەوە". لەوەڵامی پەیامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سەعید مەسیفی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، پارتی ویەکێتی لە ڕیکەوتنەوە نزیکن لەسەر ئیدارەی سلێمانی، پۆستەکانی بەغدا وهەروەها گۆڕانکاریەکانی ناو هەرێمی کوردستان، لەبارەی کاتی کۆبونەوەکەش وتی  هەردوولا دەیانەوێ کۆببنەوە وئامادەن ئەوەی ماوە تەنها کاتی کۆبونەوەکەیە دیاری بکەین.

هاوڵاتی ڤیدیۆ..دیمەنی تۆپبارانکردنی سوپای ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە  

هاوڵاتی رۆژی شەممە پارێزگاری دیموکراتەکانی ویلایەتی نیویۆرک ڕایگەیاند، نیویۆرک بووە شەشەمین ویلایەتی ئەمریکا کە بڕیاری بەپەینکردنی لاشەی مردووی مرۆڤی پەسەندکرد، ئەمەش لەپێناو سودگەیاندن بە ژینگە وکەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لەسەر زەوی. کەتی هۆچول، پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک بڕیاریدا کە ڕێگەبدرێت بە پەیەنکردنی لاشەی مرۆڤی مردوو لە نیویۆرک، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شێوازەکانی دیکەی ناشتنی مردوو و سوتاندن کاریگەریەکی خراپیان لەسەر ژینگە هەیە ودەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە. لەم شێوازەدا لاشەی کەسی مردوو لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکی دیکە تێکەڵ دەکرێن وەک پوش، چیلکە ودار وچەند ماددەیەکی دیکەدا بۆماوەیەکی کەم گەرم دەکرێت و دەکرێت بە پەین کە دواتر دەتوانرێ بۆ نەمام چاندن سودی لێوەربگیرێتەوە، لەپاش پرۆسەکە پەینەکە دەدرێتەوە بە کەسوکاری مردووەکە بۆ بەکارهێنانی لە چاندنی نەمام وڕووەکێکدا. هاوکات پێش ویلایەتی نیویۆرک، لە ساڵی ٢٠١٩ واشنتۆن یەکەم ویلایەتی ئەمریکا بوو کە بە یاسایی کرد، هەریەک لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، ئۆریگۆن، ڤێرمۆنت و کالیفۆرنیاش بەدوایدا  بڕیارەکەیان پەسەندکرد..

هاوڵاتی هێزەكانی پاراستنی گەل -هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە گۆڕەپانی چەمچۆی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بە چەكی قورس چالاكیان ئەنجامدا و لە ئەنجامی چالاكییەكەدا دوو سەربازی  تورك کوژران. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكییەكانی گەریلای لە ڕۆژی ١ی كانونی دووەم ٢٠٢٣ بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لە ئەنجامی چالاكی گەریلاكانماندا دوو سەربازی تورکیا کوژران. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك جارێك بە بۆمبی قەدەغە و بە دەیان جاریش بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس بۆردومانی سەنگەرەكانی بەرخودانی گەریلا و لەهەمان كاتدا سێ جار بە فڕۆكەی شەڕ بۆردومانی گۆڕەپانی گەریلای كردووە. هەپەگە زانیاری وردی لەسەر چالاكی و هێرشەكان بەم جۆرە بڵاوكردوەتەوە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ: ١ی كانونی دووەم كاتژمێر لە نێووان ٠٨:٠٠ و ١٢:٠٠ لە ناحیەی شێلادزێی ئامێدی لە بەرامبەر داگیركەران لە دەوروبەری گوندی سیدا و گۆڕەپانی چەمچۆ، تیمە گەڕۆكەكانمان سێ جار بە چەكی سوك، سێ جاریش بە چەكی قورس چالاكییان كرد. ١ی كانونی دووەم كاتژمێر ١١:٣٠ لە دژی داگیركەران لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆی ناحیەی شێلادزێی ئامێدی تیمە گەڕۆكەكانمان بە چەكی قورس چالاكییان كرد. لە ئەنجامدا دوو داگیركەر سزادران. هێرشەكانی سوپای داگیركەری تورك بە بۆمبی قەدەغە و چەكی كیمیایی؛ ١ی كانونی دووەم لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆ لە ناحیەی شێلادزێ سەنگەرەكانی بەرخودان جارێك بە بۆمبی قەدەغە بۆردومان كران. هێرشەكانی سوپای داگیركەری تورك؛ ٣١ی كانونی یەكەم و ١ی كانونی دووەم دەوروبەری گوندی دەرەشێی گارە و گۆڕەپانی سەری مەتینا لە مەتینا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان سێ جار بۆردومان كران. ١ی كانونی دووەم لە ناحیەی شێلادزێی ناوچەی ئامێدی سەنگەرەكانی گەریلا لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆ و گوندی سیدا بە دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس بۆردومان كران”.