هاوڵاتی لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق وەزیری دەرەوە ئاشكراكرد:" ئەم سێشەممەیە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەكەی زاخۆ كۆدەبێتەوە". لەكۆبونەوەی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا كە تایبەتە بەهێرشەكەی چوارشەممەی ڕابردووی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لەسەر داوای عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بۆردومانەكەی گوندی پەرخی زاخۆ كۆدەبێتەوە. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی 7ی 2022 بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 10 گەشتیار گیانیان لەدەستداو 26ی دیكەش برینداربوون.  

عەمار عەزیز لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" لەسەر داواكاری كەسوكاریان، ئەمڕۆ چواربرینداری روداوەكەی بۆردومانی گوندی پەرەخێ دەگەرێندرێنەوە بۆ بەغدا لەرێگەی فرۆكەخانەی هەولێرەوە". هەروەها ئەمیرعەلی وتیشی:" چوار برینداری دیكە ماونەتەوە لە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ و دۆخیان جێگیرە". سوپای توركیا رۆژی 20ی تەموزی 2022، گوندی پەرەخێی بۆردومان كردو بەوهۆیەوە نۆ كەس گیانیان لەدەستداو 31 كەسی دیكە برینداربوون.

هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەرەو بەغدا بەرێكەوتووەو ئامانجی سەردانە تاوتوێی پرسی دۆسیەی نەوت و غاز و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە بە سەرۆكایەتی وەفدێكی حكومی بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، بەرەو بەغدا بەڕێكەوت. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە سەردانەكەیدا، لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق و بەرپرسانی دیكە كۆبونەوە ئەنجام دەدات. هاوكات ئامانجی سەردانەكە خراوەتەروو كە گفتوگۆكردنە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز.  

هاوڵاتی كەمێك بەرلەئێستا پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەی نائاسایی خۆی تایبەت بە تاوتوێكردنی بۆردومانەكەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سوپاكەی ئەردۆغان لە زاخۆ بە بەشداری وەزیری دەرەوە و بەرگری و سوپاسالاری عێراق دەستپێكرد. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگریی و دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بەشدارن. میدیا عێراقیەكان بڵاویانكردەوە كە هەڵوێستی پەرلەمانتاران توندەو چاوەروان دەكرێت پەرلەمان هەڵوێستێكی زۆر "توند" ئاراستەی توركیا بكات و چەندین بڕیار دەربكات لەنێویاندا دەرچوونی هێزەكانی سوپاكەی ئەردۆغان لەسەر خاكی عێراق. ڕۆژی چوارشەممە 20ی تەموز سوپای توركیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ كرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 31ی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.  

هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند:"ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو كارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێكی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێكمان بەفرۆكە رەوانەی بەغدا نەكردایە!". قوباد تاڵەبانی دەشڵێت:"من دەڵێم خوێنی كەس لەكەسی تر سورتر نییە! ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدكردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیكەی خانەوادەكەی لە چیای كورتەك، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدكردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدكرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەكەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە". دەقی نوسینەكەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم: لە گەرمای تەموزی بەغداد و باشوورەوە هاتبوون تا جەستەی خۆیان بدەنە بەر فێنكایی تاڤگە و  شنەبای سەیرانگا و هاوینەهەوارەكانی كوردستان، كەچی بە داخەوە جەستەی خوێناویی بێ گیانیان رادەستی كەسوكار و خانەوادەكانیان كرایەوە. تاوانە گەورەكەی سەیرانگای پەرەخ ویژدانی هەموو هاوڵاتییانی عێراقی هەر لە دهۆك و هەولێر و سلێمانییەوە هەتا بەغداد و نەجەف و بەسرەی هەژاند و هەموولایەكی تازیەباركرد. ئێستا نەك هەر خانەوادەكانیان، بەڵكو هەموو عێراق خاوەن پرسەی نۆ شەهیدەكەی سەیرانگای پەرەخن. تاوانەكە بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان واتایەكی دیكەشی هەبوو، هاوڵاتیانی كوردستان دووجار ویژدانیان هەژا. جارێكیان وەك هەر مرۆڤێكی خاوەن ویژدان، وەك هەر هاوڵاتییەكی دیكەی عێراق خەمبار و دڵگران بوون بەو رووداوە دڵتەزێنە و شەهیدبوونی نۆ هاوڵاتی مەدەنی. جارەكەی دیكەشیان وەك كوردێكی بێكەس و بێ پشتوپەنا، كە بەردەوام قوربانین و كەس هاواریان نابیستێت! لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەرووی ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی كوردستان بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەكانەوە شەهید بوون، بۆ حكومەتی فیدراڵ جارێك هەڵوێستێكی جدی نەبوو؟ ئێمە خۆشحاڵین و جێی پێزانینە كە ئەمجارەیان حكومەتی فیدراڵ و پەرلەمان و لایەنە عێراقییەكان بە گشتی و تەنانەت كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەڵوێستی شیاو و گونجاویان هەبوو، بەڵام جێی خۆشییەتی وەبیریان بهێنێنەوە كە ئێمە لە رابردوودا بە دەیانجار داوای هەڵوێستی جدیمان لێكردن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاكی عێراق، كەچی بە داخەوە تەنها یەك دوو جار نەبێت كە بە ئیدانەكردنێكی سەرپێیی لەكۆڵ خۆیان كردەوە.  ئەگەر پێشتر هەڵوێستی جدی هەبوایە، رەنگ بوو كارەساتی بەر لەچەند رۆژی رابردوومان نەدیبایە، گەنجێكی جوان لەمانگی هەنگوینیی خۆیدا شەهید نەبوایە، لاشەی بێ گیانی منداڵێكمان بەفرۆكە رەوانەی بەغدا نەكردایە! من دەڵێم خوێنی كەس لەكەسی تر سورتر نییە! ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەساڵی ٢٠١١دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر تاوانی شەهیدكردنی سۆلین شەماڵ حسێنی منداڵ و شەش ئەندامی دیكەی خانەوادەكەی لە چیای كورتەك، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٥دا هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر شەهیدكردنی ٨ هاوڵاتی مەدەنی گوندی زارگەلی، ئەگەر هەڵوێستی هەبووایە بەرامبەر بە شەهیدكرانی دەیان هاوڵاتی مەدەنی دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەستەم بوو ئەم رۆژانە تاوانەكەی سەیرانگای پەرەخ روویدابایە. بەپێی دەستور پاراستنی سەرەوەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەركی حكومەتی فیدراڵە، هەربۆیە چ وەك حكومەتی هەرێم و چ وەك هاوڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانیمان لە حكومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فیدراڵییەكان ئەوەیە بێ هیچ فەرق و جیاوازییەك بەرامبەر هەر پێشێلكارییەكی سەرەوەری عێراق ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن. داواكارم و كار بۆ ئەوە دەكەم ئەم رووداوە كارەساتاوییە تەبایی بێنێتە نێو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لەیەكیان نزیكبكاتەوە و وایان لێبكات دڵۆپێك خوێنی هاوڵاتییەكمان لەهەموو شتێكی تر پێ گرنگتر بێت. حكومەتێك دەتوانێت ژیانی هاوڵاتیان و سەرەوەری خاكەكەی بپارێزێت كە بتوانێت لەناوخۆدا كۆك و تەبابێت و جێی متمانەی هاوڵاتیانی بێت. دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی گوندی پەرەخ و سەرجەم شەهیدانی بۆردومانەكانی ساڵانی رابردوو.  

هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانەی توركیا لەزاخۆ، كۆدەبێتەوەو و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپا بانگێشت كراون، بڕیارە فوئاد حوسێن راپۆرتی لێكۆڵینەوەيان بخاتەروو. ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان، تایبەت لەبارەی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی توركیا لەزاخۆ كۆدەبێتەوە. تێیدا هاتووە، وەزیرانی (بەرگری و دەرەوە)‌و سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بانگهێشتكراون‌و ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن. بڕیارە لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە راپۆرتی لێكۆڵینەوە بخاتەروو كە سەرۆكایەتی وەفدێكی عێراقی كردو سەردانی "گوندی پەرەخێ"یان كرد. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی تەموزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 9 گەشتیار گیانیان لەدەستداو 26ی دیكەش برینداربوون. فوئاد حوسێن، كەلەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای توركیا لەرێگەی چوار تۆپەوە بۆردومانی گوندی پەرەخێی كردووە، هەروەها راشیگەیاند:" توركیا بەرپرسیاری رووداوەكەیەو دەبێت داوای لێبوردن بكات و قەرەبووی كوژراوان و بریندارانی رووداوەكە بكاتەوە". هاوكات دوێنێ فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەیدا جارێكی دیكە توركیای بەدرۆ خستەوەو وتی:" پەكەكە لەو ناوچەیە بوونی نییەو توركیا ئەنجامدەری رووداوەكەی زاخۆ بووە".  

هاوڵاتی چەند كەسایەتییەكی شیعی لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان مالكی و موقتەدا دروست ببێت، بەڵام وەزیرەكەی سەدر هەموو گفتوگۆیەكی لەوبارەیەوە هەڵوەشاندەوە. ساڵح محەمەد عێراقیی ناسراو بەوەزیری سەدر لەتویتێكدا رایگەیاند:"ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتەوایی لەگەڵ خاوەنی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەدا بكرێت، ئایا دەتانەوێت لەگەڵ بەكرێگیراوو بكوژی میللەتدا ئاشت ببینەوە؟، یان دەتانەوێت ڕێبەرەكەمان لەگەڵ ئەوكەسەدا ئاشت ببێتەوە كە جنێو بەگەل دەدات‌و پەلاماری هێزە ئەمنییەكان‌و حەشدی شەعبی دەدات؟". پەیامەكەی وەزیرەكەی سەدر وەك ئاماژەیەكە بەوەی، موقتەدا سەدر ئامادەنییە پێشوازیی لەو دەستپێشخەرییە بكات‌و بەنوری مالیكی ببینێت.   

سازدانی: ئارا ئیبراهیم رۆژنامەنوسێكی كورد كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (سی پی جەی) ئەوە دەخاتەڕوو كە  كابینەی نۆیەم كە بەشێوەیەكی داپڵۆسێنەرانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەكات، دەڵێت:» تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی ساڵانی رابردوو كە رەخنەیان لە پارتەكانی دەسەڵات گرتووە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین لە قۆناغێكی مەترسیدایە». نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنووس لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، دەشڵێت:»هەرێمی كوردستان وەكو عێراق جەهەنەمێكە بۆ رۆژنامەنووسان، بێگومان بۆ ئەوەی هەرێمێك یان وڵاتێك ناوبنێیت جەهەنم كۆمەڵێك پێوەرت هەیە ئەو پێوەرانەش تەواوی ماددەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی پێشێل دەكەن و ئەوپێوەرانەی كە ماددەی 38ی دەستووی عێراقی پێشێل دەكەن». هاوڵاتی: ئەو خەڵاتەی كە سی پی جەی بۆ بەڕێزتان دیاریكراوە لەسەر چ بنەمایەك بووە؟ نیاز عەبدوڵا: خەڵاتەكەی سی پی جەی خەڵاتی رۆژنامەوانی ئازادی نێودەوڵەتی یەكێكە لەو خەڵاتە ساڵانانەی كە رێكخراوەكە لەسەر ئاستی جیهان بەرۆژنامەنووسانی دەبەخشێت، خۆشیان بەشێوەیەكی فەرمی رایانگەیاندووە بنەمای دیاریكردنی ئێمە بۆ پێبەخشینی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە كارەكانی رابردوومانە بەتایبەت كاركردنمان لەسەر دۆسیەی ئاشكراكردنی دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. هەروەها چوارچێوەی بەرگریكردن لەپرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین بەتایبەت ئەوان ئاماژەیان كردووە بە بەشێكی كارەكانی وەك لەسەر پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، ئەوان ئامانجیانە لەرێی پێبەخشینی ئەم خەڵاتەوە هەمیشە تیشك بخەنە سەر ئەو رۆژنامەنووسانەی كە ساڵانێكە رووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگی گەورە بوونەوە بەڵام هەرگیز سازشیان نەكردووە و پاشەكشەیان نەكردووە لەوتنی راستییەكان. هاوڵاتی: ئێوە 19 ساڵ كاری رۆژنامەنووسیتان كردووە تاچەند ئەوە پەیوەندی بەو خەڵاتەوە هەیە؟ نیاز عەبدوڵا: بەدڵنیاییەوە ئەزموونی كاركردن لەلایەك و ئەو كوالێتییەی كە رۆژنامەنووس لەلایەك لەمەیدانەكەی خۆی بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەئەنجامی دەگەیەنێت كوالێتی كاركردنەكەی بابەتێكی دیكەی پێبەخشینەكەیە، هەموو ئەو پێوەرانەی كۆمیتەی بەرگریكردن لەڕۆژنامەنووسان رایگەیاندووە پرەنسیپی زۆر روونن، چونكە یەكێك لەڕۆڵە هەرە گرنگەكانی میدیا چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانەو لەناو دەسەڵاتەكانیش ئەوەی رۆژنامەنووس ئەنجامی دەگەیەنێـت ئاشكراكردنی زانیاریەكانەو قسەكردنە لەسەر دۆخی راستەقینەی ئەو بارودۆخەی هەر وڵاتێك و ئەو تەنگەژانەی پێیدا تێپەڕ دەبێـت. ئەوان زۆر بەڕوونی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە ئێمە بەدرێژایی ماوەی رابردوو رووماڵی رووداوە گەرمەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە و تەنانەت هەڵوێستمان هەبووە لەسەر زۆر پرس لەسەر پێشێلكاری و ئەو بارودۆخانەی رۆژنامەنووسان پێیدا تێپەڕین و تەنانەت ئەوان نموونەی زیندانییەكانی هەرێمی كوردستانیان هێناوەتەوە. هاوڵاتی: وەك دەزانن لەهەرێمی كوردستاندا بەتایبەت لەدوای كابینەی نۆیەم و بابەتی ئازادی رادەربڕین لەدهۆك و هەولێر بەشێك لە رۆژنامەنووسان بەتۆمەتی جیاواز دەستگیركران و بەڕێزتان لە نزیكەوە ئاگاداری كەیسەكەن، پێتوایە بارودۆخی رۆژنامەوانان لەهەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟ باشە یان خراپە؟ چی بكرێت تا بارودۆخەكە باشتر ببێت؟ نیاز عەبدوڵا: یەكێك لەو كێشە گەورانەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێـت ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی پێداچوونەوە بكات بەو رەخنانەی كە لە راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ئاڕاستەی كرابوو، هەرێمی كوردستان كەوتە دووڕیانی ئەوەی كە رێگەیەك هەڵبژێرێـت پێچەوانەی هەر ئاڕاستەیەكی باشبوونەوە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بێـت بەتایبەت دۆسیەكانی ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانی، بۆیە ئەوەی ئێستا پەیوەندی بەبارودۆخی كاری رۆژنامەوانی هەیە دەكرێت بڵێـین هەرێمی كوردستان وەكو عێراق جەهەنەمێكە بۆ رۆژنامەنووسان، بێگومان بۆ ئەوەی هەرێمێك یان وڵاتێك ناوبنێیت جەهەنم كۆمەڵێك پێوەرت هەیە ئەو پێوەرانەش تەواوی ماددەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی پێشێل دەكەن و ئەوپێوەرانەی كە ماددەی 38ی دەستووی عێراقی پێشێل دەكەن. ئەوانەی كە یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری پیشێل دەكەن و ئەوانەی كە هیچ بەهایەكیان بۆ گەیاندنی راستی نەهێشتۆتەوە لەبەرامبەر وتنی هەر راستیەكدا رۆژنامەنووس رووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوەو ئاماری پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان بەدرێژایی ماوەی رابردوو لەهەرێمی كوردستانداو ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لەدە ساڵی رابردوودا بۆ نموونە لەساڵی 2008-2018 ئاماژە بەزیاتر لەهەزار و 400 رۆژنامەنووس دەكات كە رووبەڕووی پێشێلكاری جۆراوجۆر بوونەتەوە ئامارەكانیش روو لەزیادبوونن. هەروەها دەربازبوون لە سزا بووەتە سیمای حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كابینەی نۆیەم كە بەشێوەیەكی داپڵۆسێنەرانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەكات تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی ساڵانی رابردوو كە رەخنەیان لەپارتەكانی دەسەڵات گرتووە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین لەقۆناغێكی مەترسیدایە، لەساڵانی رابردوو كەموكوڕی و پێشێلكاری هەبوو، بەڵام كاتێك راپۆرتێك دەكرا یان رای گشتی دەجوڵێنرا جۆرێك كاریگەری هەبوو لەسەر وەستاندنی ئەو پێشێلكاریە  بۆ نموونە، دۆسیەی زیندانیانی بادینان وەربگرین تەواوی ئەو پێشێلكاریانە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ناڕەزایەتیانەی كە هەبوون نەبوونە مایەی ئەوەی پارتی سیاسی دەستبەرداری دەستتێوەردان بێت لەكاروباری دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێستا هەرێمی كوردستان لەخراپترین بارودۆخیدایە لە مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووساندا. هاوڵاتی: زۆرجار بەرپرسان یان نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكی ئێوەیان بینیوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەوان بۆچوونیان لەسەر ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی كوردستان باش بووە یان خراپ؟ بەتایبەت دوای دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی بادینان؟ نیاز عەبدوڵا: هەمیشە پەیامی وڵاتان پشتگیریكردن بووە لەئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنووسان و بەدڵنیاییەوە لەناو ئەو هەموو بەرپرسانە و پێشتریش چەندینجار لەبارەیەوە نووسیوەو پەیامبەرێكیان بینیوە كە ئاگاداری بارودۆخی هەرێمی كوردستانن لەوەی كە چی ئەگوزەرێت و كۆبوونەووەیان هەبووە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم باسی رەوشی ئازادی رادەربڕینیان كردووە و ئەمان لەبەرامبەردا نموونەكانی پێشێلكاریەكانیان پێوتوون و جەختیان كردۆتەوە لەوەی كە رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كوردستان پارێزراوبن و بێگومان رەخنەیان لەبەرپرسانی هەرێم گرتووە. هاوڵاتی: لەهەرێمی كوردستاندا سەندیكای رۆژنامەنووسانمان هەیە و سەنتەری میترۆمان هەیە بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، پێتانوایە ئەمانە رۆڵ و كاریگەریان نەبووە؟ نیاز عەبدوڵا: جۆرێك لە ئیزدیواجیەت هەیە لەكاری ئەم رێكخراوانەدا هەرچەندە خۆم یەكێك لەدامەزرێنەرانی سەنتەری میترۆ بووم، بەڵام پێویستە ئیزدیواجیەت نەبێـت و ناكرێت باسی راپۆرتەكان بكەیت و دۆسیەكانت ئاشكرابكەیت و نیشانی بەرپرسانی سیاسی بدەیت بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی خۆیان لەتاواندا تێوەگلاون و لەدوایین ساڵدا ئەو كەسەی لەدۆسیەی كامەران نەجمدا تێوەگلاوە دێت باسی دیموكراسی دەكات كە بەرپرسێكە پێویستە لەبەردەم دادگادا بێت كە بۆچی كامەران نەجمی بەبرینداری جێهێشتووە تا بەبرینداری بكەوێتە دەست رێكخراوێكی تیرۆریستی و چەندین بەرپرسی دیكە پێشینەی پێشێلكاریان بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەیە. رێزم بۆ سەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆو تەواوی رێكخراوەكانی تر كەكاری تۆماركردنی پێشێلكاریەكان دەكەن و هەوڵدەدەن ئەم ئامارانە بەردەست بن كە زۆر گرنگن، بەڵام چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامی ئەم راپۆرتانە زۆر گرنگەو ئەم موجامەلە زیادانەی كە هەیە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبی بە راستی نیەت باشیەكی زۆر دەرناخات و بەداخەوە لەهەندێ‌ شوێندا گەیشتۆتە ئەوە كە بازرگانی بەخوێن و گۆشتی ئەو رۆژنامەنووسانەوە دەكەن. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە سەنتەری میترۆو سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە هەیە هەنگاوێكی گرنگە كە ئەوان هەڵئەدەستن بەتۆماركردنی تەواوی ئەو پێشێلكاریانە. ساڵانێك حكومەتی هەرێم هەوڵی دەدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت لەبەرامبەر راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا هەر بۆ ئەو مەبەستەش دیندار زێباری و ئۆفیسەكەی بۆ ئەم مەبەستە دانا كە هەمیشە ئەستۆپاكی حكومەتی هەرێم بسەلمێنێت لەبەرامبەر ئەو راپۆرتانەی ئەخرانەڕوو لەو پێشێلكاریانەی كە هەبوون. هاوڵاتی: بەڕێزتان ئاگادارن سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێكی زۆر لەدەزگا میدیاییەكان و بەشێك لە میدیاكاران كە كەناڵی سەربەخۆ و میدیای ئەهلیان هەیە بەشداربوون، پێتانوایە ئەمە كارێكی باش بوو كە سەرۆكی حكومەت كردوویەتی؟ ئایا میدیاكاران توانیان پەیامی میدیایی و رۆژنامەوانی بگەیەننە سەرۆكی حكومەت لەسەر پێشێلكاریەكان و ناڕەزایەتی خەڵك و نادادپەروەری و پێشێلكردنی یاسا؟ نیاز عەبدوڵا: هەمیشە گفتوگۆكردن خاڵێكی ئەرێنییەو ئەو خاڵەیە بەردەوام جەختی لێدەكەینەوەو دەڵێین پێویستە كێشەكان بە دیالۆگ و گفتوگۆی راشكاوانە چارەسەر بكرێن، بەڵام پێموایە نیەت پاكیەكی راست لەپشت ئەم كۆبوونەوەیەوە نەبوو لەنێوان سەرۆكی حكومەت و رۆژنامەنووسان لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت ماوەیەكی زۆرە پێویستی بە كۆبوونەوەیەكی هاوشێوە هەبوو كە نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات كە ئەو چۆن كەسێكی ئازادیخوازەو باوەڕی بە دیموكراسی هەیە خۆی لەگەڵ رۆژنامەنووسان دادەنیشێت و هەرچیان هەیە راستەوخۆ بیڵێن و گوێیان لێدەگرێت، بۆ ئەم بابەتەش ماوەیەكە بەشێكی رێكخراوەكان كە بەشێكن لەدەسەڵات  ئەم كۆبوونەوەیەیان رێكخستبوو و باس لەنیازباشی دەكەن. بەڵام دەرئەنجامەكەی بەو شێوەیە نەبووەو بەتایبەت رووی دەمم لەو دەزگا میدیایانەیە كە بەمیدیای سەربەخۆو ئەهلی ئەژمار ئەكرێت، پێموابوو ئەو وتارانەی دەبوو بگەن تیرۆركردنی شەهید سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی، عبدوستار  شەریف و تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی دیكە،  بەڵام ئەو دەرئەنجامەی كە بینیمان بەتایبەت كەمن رووی دەمم لەو دەزگا رۆژنامەوانیانەیە كە هەژمارن لەسەر میدیای ئەهلی و سەربەخۆ لەهەرێمی كوردستان بۆیە پێموابوو ئەو وتارانەی كە پێویست بوو بگەن لەسەر تیرۆری رۆژنامەنوسان بووایە، تەنانەت دۆسیەی زیندانیانی بادینان و ئەو ئەشكەنجەیەی رووبەڕووی بوونەتەوە كەمترین باسی لێوەكراوە، زۆرترین وتاری پۆپۆلیستی سیاسی پەیوەست بەدۆسیەكانی نەوت و غازو ئەو بابەتانە خرانەڕوو لەكاتێكدا ئەو دانیشتنە بەپێی ئەوەی لەسەرەتاو كۆتاییشدا اگەیەندرا پەیوەست بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی رۆژنامەنووسان ئەنجام نەدرا. هەندێك پرسیار هەیە لەلای من بەهەڵواسراوی ماوەتەوە رۆژانێك ئێمە دۆسیەمان هەبوو لەگەڵ بەشێك لەو رۆژنامەنووسانە كە نامەوێت ناوی هیچ یەكێكیان بێنم هەموومان فەرمانی گرتنمان هەبوو، بەڵام ئەوانەی لەهەولێر بووین رووبەڕووی دادگایی كردن و ئەزیەت و هەڕەشەیەكی زۆر بووینەوە ئێستا ئێمە هەمان ئەو كەسانە دەبینین لەگەڵ هەمان پارتی سیاسی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركردبوو گفتوگۆ دەكەن، ئەم دانیشتنانە هەندێك راستی تر ئاشكرا دەكات كە ئایا ئەو دەزگا راگەیاندنانە بەو رادەیە تێوەگلاون كە بەهۆی نزیكیانەوە جۆرێك لیخۆشبوون بۆ ئەوان بكرێت، بەڵام یەكێكی دیكە كە هیچ نزیكیەكیان نییە لەدەسەڵاتەوە دەبێت زیاتر رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە، ئەمە كۆمەڵێك پرسیارە لەداهاتوو وەڵامەكەی باشتر وەردەگرین. هاوڵاتی: میدیاكار چی بكات بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت بەبێ ترس تا لەهەرێمی كوردستان پەیامی خۆی بگەیەنێت بەخەڵك؟ نیاز عەبدوڵا: بەرلەوەی وەڵامی بدەمەوە دەكرێت بڵێم یاسای ژمارە 13ی ساڵی 1993 ی پارتە سیاسییەكان دەرفەتی داوە پارتە سیاسیەكان خاوەنی كەناڵ بن، بەڵام ئەوەی ئێستا بەشێك لەپارتە سیاسییەكان مەترسیدارترە لەهەركارێك كە خودی كۆمەڵگا بخاتە مەترسییەوە چونكە هەندێك پروپاگەندە دەكرێت لەگەڵ شێواندنی بابەتەكان، یەكێك لەو هەنگاوانەی رۆژنامەنوس دەبێت بیكات دووركەوتنەوەیە لەكەناڵی حزبی، راستە دەرفەت زۆر كەم ماوە، هاوڵاتی  كە شانازی پێوە دەكەم و ئەو شوێنانەی ئێمە كارمان لێكردوون دەوڵەمەند نەبوون، بەڵام لەبەرئەوەی بڕوامان پێی هەبوو بەردەوام بووین، زۆر گرنگە رۆژنامەنووسان تێونەگلێن لەململانێی حزبی و راستیەكان یەكلایی بكاتەوە و رۆڵ ببینێت و بزانێت چۆن بەپارێزراوی دەمێنێتەوە. گرنگیشە شارەزا بن لەیاساكانی  هەرێمی كوردستان جگە لەوەش رۆژنامەنووس نابێت ئامرازێكی شەڕكردن بێت بەدەست هیچ پارتێكی سیاسییەوە یاخود دەزگایەكی سیخوڕی لەهەر شوێنێك بێت.  

هاوڵاتی رووسیا و ئۆكرانیا رێككەوتنێكیان بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیا واژۆ كرد سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە كە دەتوانێت قەیرانی خۆراكی لە جیهان چارەسەر بكات.  بۆ كردنەوەی رێگەكانی گەیاندنی خۆراك و پەینی كشتوكاڵی لە نێو دەریای رەش، سێرگی شوێیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ئۆلیكساندر كوبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكرانیا هەریەكەیان بە جودا رێككەوتنێكی هاوشێوەیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیادا واژۆكرد.  بەرپرسانی ئۆكرانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕە خوێناوییەی كە ماوەی پێنج مانگە لە نێوانیاندایە، نایانەوێت ناوی خۆیان لەسەر هەمان بەڵگەنامەی رووسیا دابنێن.  دیپلۆماتەكان پێشبینی دەكەن تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ یەكەمجار هەناردەی دانەوێڵە بە قەبارەی تەواوی خۆی بگاتە نێو دەریای رەش.   لەكاتێكدا كە دوای چەند مانگێك لە دانوستاندن رێككەوتنەكە واژۆكرا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "ئەمڕۆ ترووسكەیەك لە دەریای رەشەوە هەیە، ترووسكەیەكی هیوا، ترووسكەی ئەگەرەكان، ترووسكەیەكی بەهاناوەچوون."   گۆتێرێز گوتیشی: رێككەوتنەكە "ئاسوودەیی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی لێواری مایەپووچبوون و خەڵكی بەشمەینەتی لێواری قاتوقڕی دەهێنێت."   هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكات كە 47 ملیۆن كەسی دیكە لە ئەنجامی راستەوخۆی شەڕی ئۆكراینا رووبەڕووی "برسێتی تووند" بوونەتەوە.   هاوكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:"هیوادارم ئەو رێككەوتنە لە كۆتاییدا رێگە بۆ بەرپابوونی ئاشتی لە ئۆكراینادا خۆشبكات". شەڕەكە لە یەكێك لە بەپیتترین ناوچەكانی سەرانسەری ئەوروپا لەلایەن دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەڵام كەشتییە جەنگییەكانی رووسیا و مینەكانی ئۆكرانیا بۆ رێگریكردن لە هێرشێكی وشكانی لەنێو دەریای رەشدا دانراون، بوونەتە رێگر لەبەردەم هەناردەكان، لە ئەنجامدا نزیكەی 25 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی دیكە لە بەندەر و سایلۆكاندا ماونەتەوە.         بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن، بەخێرایی بڕیاردرا، چونكە لابردنی مین لە ناوچەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەترسییەكانی برسێتی كە لەسەر هەندێك لە هەژارترین ناوچەكانی جیهان درووستبوون، كەم ببنەوە.  ئەو رێككەوتنەی كراوە، ژمارەیەك رێڕەوی سەلامەت دادەمەزرێنێت كە لە رێگەیانەوە كەشتییەكانی ئۆكراینا دەتوانن لە سێ بەندەری دیاریكراوی دەریای رەش لە ئۆدێسا و دەوروبەری بێنە ژوورەوە و دەربچن.  هەروەها هەردوولا بەڵێنیان دا كە لە كاتی هاتووچۆدا هێرش نەكەنە سەر كەشتییەكان.  میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكرانیا هۆشداریدا كە هەر پێشێلكارییەكی رووسیا لە دژی رێككەوتنەكە یان هەر لەشكركێشییەكی بۆسەر دەوروبەری بەندەرەكانی ئۆكرانیا بە "وەڵامێكی سەربازی دەستبەجێ" وەڵام دەدرێتەوە.   ناوەندێكی هاوبەشی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن لە ئەستەنبوڵ دادەمەزرێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دڵنیابوونەوە لە روونەدانی كێشە لە گواستنەوەی دانەوێڵەكان.     

هاوڵاتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ هاوتا ئێرانییەكەی دووپاتكردەوە كە "توركیا بۆردومانەكەی زاخۆی ئەنجامدراوەو لێكۆڵینەوەی وردیان كردووەو خۆم لەوێ ئامادەبووم، تۆمەتباركردنی "پە.كە.كە" ئەسڵی نییەو دوورە لە راستییەوە". فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە توركیای بەدرۆ دەخاتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، ئەمیر حسێن عبداللهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامداوە و تۆپبارانكردنی شاری زاخۆ لە دهۆكی هەرێمی كوردستانی عێراقـ كە لەلایەن توركیاوە ئەنجامدرا و كۆمەڵێك خەڵكی بێتاوان لە نێویاندا ژنان و منداڵان و چەند خێزانێك كە بە مەبەستی گەشتیاری و چێژ وەرگرتن لە سروشتی ئەو ناوچەیە لەوێدا بون، بونە قوربانی سەركۆنە كرد.  هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خێزانی قوربانییەكان، حكومەت و گەلی عێراق، جەختی لەسەر پاڵپشتی تەواوی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق كردەوە" وەزیری دەرەوەی ئێران، فوئاد حسێنی لە بڕیار و دیدگای سەرانی سێ وڵاتی بەشدار لە كۆبونەوەی ئاستانەی تاران، بە تایبەت دەربارەی جەختكردنەوە لەسەر بەكارهێنانی رێگا ئاشتیخوازەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سنورەكاندا، ئاگاداركردەوە." لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای سوپاسی هاوخەمی و پرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند كە"لە شوێنی تۆپبارانەكە ئامادەبووم و لە نزیكەوە بەدواداچوونم بۆ دوا گۆڕانكاریەكان كردووە و تۆپبارانكردنی ئەو ناوچەیەم بە توندی ئیدانە كردووە و ئەو كردەوەیە بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق بووە". هەروەها فوئاد حسێن ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە "بانگەشەی بونی گروپی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لەو ناوچەیەدا دورە لە راستییەوە". پاشنیوەڕۆ رۆژی چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆ بە چوار تۆپ لەلایەن توركیاوە تۆپباران كراو بووە هۆی كوژرانی 9 گەشتیاری عەرەب و برینداربونی 23 گەشتیاری دیكە، ڕوداوەكەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو لایەنە سیاسییەكان بە توندی دژی هێرشەكە وەستانەوە.  ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بۆردومانەكەوە دەركرد و بڕیاریدا، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بكشێنێتەوە و بەفەرمیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات.  

هاوڵاتی "لەمەتینا دوو سەربازی دیكەی سوپای توركیا كوژران و دوو درۆنیان تێكشكێنران و سەنگەرێكیشیان لەناو برا". ئەمڕۆ هەینی 22ی تەموزی 2022، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەنجامی چەند چالاكییەكی گەریلاكانی كوردستانی بڵاوكردەوە.  لە ڕاگەیاندراوەكەی هەپەگەكەدا هاتووە:" لە ئەنجامی چالاكییەكانی گەریلاكانی ئازادییدا لە مەتینا، دوو داگیركەر كوژراون". هەروەها ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە دوو درۆنی دەوڵەتی توركیا تێكشكێنراون و سەنگەرێكیشیان لەناوبردووە.  

عەمار عەزیز- پەیامنێری هاوڵاتی لە بادینان ئەوەی خستەروو كە جارێكی دیكە سوپای توركیا بۆردومانی گوندی پەرەخێی كردووە بە تۆپ و دۆشكە. عەمار عەزیز، پەیامنێری هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە هێشتا بەشێك لە گوندنشینانی گوندی پەرەخێ لە گوندەكەدا ماون. دلشێر عەبدولستار، بەرێوەبەری ناحیەی دەركار لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت"ئەمڕۆ 22ی تەموز تۆپێك ئاراستەی دەوروبەری گوندی پەرخ كراوە هەر ئەمڕۆ بە مەیدانی سەرەدانی گوندەكەمان كرد، زیانی ئەو تۆپە تەنها ماددی بووە هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووە" هەروەها وتیشی:" بە دووری كێلومەترێك لەو شوێنەی كە نزیكەی30گەشتیار بوونەتە قوربانی كەوتووەتەوە". هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد  سوپای توركیا لە دوومانگی رابوردوو ئەمە شەشەمین جارە گوندی پەرەخی و دەوروبەری بۆردومان دەكات" چوارشەممەی رابردووش، توركیا لە رێگای فڕۆكەوە بۆردومانی سەیرانگای پەرەخێی سەر بە زاخۆی كرد و بەهۆیەوە نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 23 كەسی دیكەش برینداربوون، كە زۆرینەیان گەشتیاری عەرەب بوون و بۆ گەشت روویان لەو ناوچەیە كردبوو. بۆردومانەكەی توركیا ناڕەزایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و ماوەی دوو رۆژیشە لە دوای هێرشەكەوە خۆپیشاندانی فراوان لە شارە جیاوازەكانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت.  

هاوڵاتی شەشەم تۆماری دەنگی دزەپێكراو كە دەوترێت دەنگی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بڵاوكرایەوە و تیایدا باس لە سوونەكان دەكات و دەڵێت:" شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە". كەسێك بەناوی عەلی فازڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ماوەیەكە دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵیك تۆماری دەنگی كە وەك خۆی دەڵێت، هەموویان لە كۆبوونەوەیەكدا تۆماركراوە و دزەی پێكراوە. لە تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەدا ئەو كەسەی دەوترێت مالكییە دەڵێت: "زۆرێك لە كەسایەتییەكان و هێزەكان لە لایەن حەلبوسییەوە بە پارە كڕدراون و هەرچی لە كۆبوونەوەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا باسی دەكەین دەگاتەوە بە حەلبوسی، چونكە لە ناوماندا بەكرێگیراوی تێدایە." لە تۆمارە دەنگییەكەدا كەسەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە." هەروەها دەشڵێت، "بەعسییەكان حزبییان دروستكردووە لە ژێر ناوی تەقەدوم كە هی حەلبوسییە." ئەو كەسەی رۆژنامەنووسەكە دەڵێت مالیكیە باس لەوەش دەكات، بە سەرۆك وەزیرانی وتووە، "گوناحت دەگات، حەلبوسی چییە گۆڕانكاری لە سەركردە و پارێزگارەكان دەكات، بەڵام ئەو بێدەنگە تا لە بەرامبەردا حەلبوسی دەنگی پێبداتەوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران." ئەوەش دەخاتەڕوو، كە مەرجەعییەتی شیعەكانی بێدەنگە، وەك ئەوەی رووداوەكان مێزەكە بەسەر ئەوان و شیعەدا هەڵنەگەڕێنێتەوە. بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكان لە رۆژی 13ی تەمموزەوە دەستیپێكردووە و ئەمەش شەشەم دەنگی دزە پێكراوە، بەڵام نوری مالیكی و حزبی دەعوە رەتیدەكەنەوە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، دەنگی ئەو بێت و رایگەیاندووە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، ساختەن و دروستكراون. دەسەڵاتی دادوەری عێراق رۆژی 19ی مانگ رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لە راست و دروستی تۆمارە دەنگییەكانی نوری مالیكی دەستی پێكردووە.  

نیگار عومەر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان 55 گوند بێ ئاون و گوندنشینەكان شوێنەكانیان جێدەهێڵن و بەرەو ناحیەو قەزاكان دەڕۆن كەهەفتەی یەك رۆژ بەتانكەر ئاوی خواردنەوەیان پێدەگات. ئیدارەی گەرمیان 882 گوند بوونی هەیە لەگەڵ نۆ ناحیەو دوو قەزا، لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت:»ئاوڕی جددی لەگوندەكان نەدرێتەوە جێی دەهێڵن و دێنەوە ناوشارەكان كەئەمەش مەترسییە لەسەر سامانی ئاژەڵ و كشتوكاڵی ناوچەكە». سەلام رەحیم، دانیشتووی گوندی دوانزە ئیمامی سەر بەقەزای كفری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وەك دانیشتووی گوندەكە هیچ جۆرە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیەكمان نیەو ژیانی گوندنشینەكان لەمەترسیدایەو وەختە خۆمان لەتینوێتیدا بخنكێین ئاو نیە خۆمان بیخوێینەوە ئەی چۆن ئاو بۆ ئاژەڵەكان پەیدابكەین». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە ناچارن رۆژانە بەپارە ئاو بكڕن، حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەكی نەكردوون، وتیشی:» زۆرجار باس لەوە دەكەن دەبێ خەڵك بگەڕێتەوە گوندەكان، من لێرەوە پێیان دەڵیم چەند ساڵی تر وابڕوات شتێك نامێنێت بەناوی گوندنشین هەمووی دێتە نێو شارەكان و گوندەكان چۆڵ دەكەن، زۆربەی ئەو گوندانەی كە لەیەكەوە نزیكن بەهۆی بێئاویەوە بەشێكی ماڵەكان كۆچیان كردووەتە ناوچەكانی دیكە یان ئاژەڵەكانیان فرۆشتووە». «كەس ئاگای لەژیانی گوندنشینەكان نیە بەهۆی بێئاویەوە، بەڕاستی لەبارودۆخێكی ناڕەحەتداین»، سەلام رەحیم، وای وت. وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە 55 گوند بێئاون و ژیانیان لەمەترسیدایە. سالار عەزیز، وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»  ئەوەی لەتوانای ئێمەدابێت لەهەموو دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیەكانماندا تەنها شەش تانكەرمان هەیە كە ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەكان دەگوێزێتەوە، ئەوەش بەشی ئەو گوندانە ناكات كە لەئێستادا بێئاون». وتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئەوەشی روونكردەوە كە بەهۆی گرفتی كەمئاوییەوە لەم هاوینەدا 10 گوند بەتەواوەتی چۆڵ كراوە لەنێوان ئەو گوندانەی كە بێئاون گوندەكانی دیكەش ناوبەناو خەڵكەكەی كۆچ دەكات، وتیشی:» بۆیە  گەرمیان پێویستی بەوەیە بودجەیەكی تایبەتی بۆ دابین بكرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی، گەر بەم شێوازە بڕوات زۆربەی گوندنشینەكان ئاژەڵەكانیان دەفرۆشن و روودەكەنە نێو شارەكان، كەئەمەش زیانی گەورە بەكشتوكاڵ و ئاژەڵداری دەگەیەنێت». ئەو دەڵێت، ئەم گرفتەمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتووە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە». مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەرواری 13/6/2022 لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، رایگەیاند:» پێویستە خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە گوندەكان و  پێشخستن و پەرەپێدانی ئابووری هەر وڵاتێك دەبەسترێتەوە بەپێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ. هەروەها راشیگەیاند:»جووتیارێك بێت شتێك دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارە بەرهەمەكەی بفرۆشێت، پێویستی بەچەند شتە، دەبێت لەكۆگایەك هەڵبگیرێت، دەبێت لەشوێنێك بكرێت بەخواردن، دەبێت لەشوێنێك بگوازرێتەوە، دەبێت لەشوێنێك بفرۆشرێت»، واتا بۆ بەرهەمی هەر جووتیارێك چوار تا پێنج هەلی كاری دیكە دەڕەخسێنرێت، ئینجا ئەگەر پڕۆژەی گەورە دروست بكەین، لەوانەیە لەئایندەدا بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بێت، دەبێت ئامێرە كشتوكاڵییەكانیش دروست بكرێن، لەبری ئەوەی ئەو ئامێرانە لەدەرەوە هاوردە بكەین، دەتوانین لێرە كارگەیەك بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە ئامێرانە دروست بكەین، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی پێشخستنی كەرتی پیشەسازیش». «دەبێت خەڵك هانبدرێت بگەڕێتەوە بۆ گوند، بەچی دەچێتەوە؟! بەدروستكردنی خانوو ناچێتەوە، بەڵام دەكرێت پڕۆژە بۆ خەڵك دروستبكرێت، پڕۆژەی بچووك لەدێهاتەكان دروستبكرێت، بۆ ئەوەی خەڵك سوودمەند بێت، واتا هەر كەسێك ئەگەر لێكدانەوە بكات و بزانێت لەشار داهاتەكەی چەندەو بەگەڕانەوەی بۆ گوند داهاتەكەی چەند ئەوەندە دەبێت، ئەوكات ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ گوند»، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت. بورهان ئەمین، ئەنجومەنی گوندی گومار سەر بەناحیەی كوڵەجۆ، بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بەهۆی بێئاویەوە گوندەكەیان 12 ماڵ بووەو 10 ماڵیان گوندەكەیان جێهێشتووە كە زۆربەی  ئاژەڵەكانیان فرۆشتووەو گەڕاونەتەوە ناوشار، وتیشی:» خۆشم بەهەمان شێوە لەداخی بێئاویدا جێمهێشتووە، هەفتەی جارێك تانكەرێ ئاو دێت بۆ گوندەكەمان پێم ناڵێن ئەمە بەشی چیدەكات». هەروەها وتیشی:» هیچ داوایەك لەحكومەت ناكەم، چونكە حكومەت نیە  تا داوای لێبكەم پێم كفرە بەمانە بوترێت حكومەت نەك كارئاسانی ناكەن بەڵكو رێگریش بۆ ئیشوكارەكانت دروست دەكەن».

هاوڵاتی  كۆبونەوەكەی بەغدا بە بەشداری سەركردە سیاسیەكان و سەرۆكایەتیەكانی عیراق كۆتایی هات و تەئكید لە گرتنەبەری ڕێككارە پێویستەكان دژی بۆرودمانەكەی دەوڵەتی توركیا كرایەوە. هەرچوار سەرۆكایەتیەكەی عێراق و نوێنەری لایەنە سیاسیەكان و مالیكی و هادی عامری و سەركردە سیاسیەكانی دیكە و نوینەری موقتەدا سەدر بەشداری كۆبونەوەیەكی سیایسیان لە ابرەی وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورك كرد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی ڕایگەیاند:" پێداچوونەوەیان بە وردەكاریی دۆخی سیاسی و مەیدانی و پێشهاتەكان و وردەكارییەكانی هێرشەكەی ئەم دواییەی توركیا و بەدواداچوونی حكومەت بۆ كەسوكاری شەهیدان و بریندارەكان كردووە. هەروەها نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبونەوەكەی ئەمشەودا تەئكیدیان كردەوە لەو: ڕێوشوێنانەی لە ئاستە جیاوازەكاندا گیراونەتەبەر بۆ بەرگریكردن لە سەروەری عێراق و ئەو هەنگاوە ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماسییانەی حكومەت گرتوویانەتەبەر، ئەو سكاڵایەی عێراق دەیخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. هاوكات، بەپێی بەیاننامەكە، ئامادەبووان یەكڕیزی نیشتمانی عێراقیان دووپاتكردەوە لە پاراستنی سەروەری عێراق و گیانی عێراقییەكان، دەستدرێژییەكانی توركییان ئیدانە كرد و پاڵپشتیكردنی خۆیان بۆ رێكارەكانی سكاڵا نێودەوڵەتییەكان راگەیاند. بەشداربوانی كۆبونەوەكە دووپاتیان كردەوە  عێراق رێز لە بنەماكانی دراوسێیەتی باش بگیرێت، رێگری بكات لە دەستدرێژی بۆ سەر  وڵاتانی دراوسێ لە خاكەكەیەوە. لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر یەكدەنگی هەڵوێستی سیاسی و جەماوەری بەرامبەر بەو دۆخەكرایەوە، داواش لە حكومەت كرا هەموو رێكار و هەنگاوێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق ورێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.