هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقیان بۆردومان کرد و بەگوێرەی ئاماری مەرسەدی سوری، چوار کەس کوژراون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند فڕۆکەیەکی جەنگی سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقی پایتەختی سوریایان بۆردومان کرد. حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل کۆگایەک و چەند ناوەندێکی نێو فڕۆکەخانەکەیان کردووەتە ئامانج. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو سەربازی سوپای سوریا کوژراون و زیانێکی زۆری مادیش بە فڕۆکەخانەکە گەیشتووە. لەلایەکی دیکەوە مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئیسرائیل بارەگاکانی حزبوڵلای لوبنان و پاسدارانی ئێرانی لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کردووتە ئامانج و لە هێرشەکەدا چوار کەس کوژراون. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئیسرائیل ٢٣ جار هێرشی ئاسمانی دژی سوپای سوریا و میلیشیاکانی ئێران لەو وڵاتە ئەنجامداوە و لە هێرشەکاندا ٨٩ سەرباز و چەکدار کوژراون و ١٢١ کەسیش بریندار بوون.
سزای دووجار لەسێدارەدان بەسەر گەنجێکی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا دەسەپێنرێت و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن مافی بونی پارێزەر و بەرگریی نەبوە. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی مەهدی محەمەدی فەرد کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهر لە باکوری وڵاتەکە دەستگیر کراوە سزای دوجار سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. مەهدی مەحەمەدی فەرد بە پێی دو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای شاری ساری بە تۆمەتی دژایەتی خودا و دروستکردنی مەترسیی بۆ ئاسایشی دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای دوجار سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. پێشتریش دادگایەکی ئێران سزای سێدارەی بەسەر موژگان کاوسی، نوسەر و سیاسەتمەداری کوردی نیشتەجێی شاری نەوشەهر-دا سەپاندبو کە دواتر سزاکە بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیی گۆڕدرا. شاری نەوشەهر دەکەوێتە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانەکانی کوردن کە نزیکەی سەدەیەکە نیشتەجێی ئەو ناوچەیەن.
ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 107 رۆژە بەردەوامە و ئەمڕۆش لە چەند شارێک دوکان و بازاڕەکان بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی جوانڕۆ نەکرانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەک گەنجیان دەستگیر کرد و پێنج کۆمپانیای هێلەکانی مۆبایل نزیکبونەوەیان لە مایەپوچبون ئاشکرا بو و بەهای دۆلار جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و کورتهێنانی بودجە لە ئێران گەیشتە زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار. رۆژی یەکشەممە لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای کرماشان دوکان و بازاڕەکان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی و پشتیوانیی لە شاری جوانڕۆ نەکرانەوە و لە شاری تاران و ئەسفەهان و چەند شارێکی دیکە دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە شێوازی جیاواز بەردەوامبو. لە شارەکانی جوانڕۆ و ئیلام و کرماشان و سنە و چەند شارێکی دیکە دەستگیرکردنی گەنجان بەردەوامە و بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 10 کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیرکراون و چارەنوسیشیان هاوشێوەی دەستگیرکراوانی رابردو نادیارە. ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنیی و سەربازیی ئێران بە شاری سەمیرۆم لە پارێزگای ئەسفەهان بڵاوەیان پێکرا و سوپای پاسدارانیش کوژرانی ئەندامێکی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە پشتڕاست کردەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردوە؛ دەیان کەس لە شارەکە دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بون. گەنجانی سەمیرۆم شەوی یەکشەممە بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان و بەرەنگاربونەوەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی و لە کۆڵانەکانی ئەو شارەش هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە گەنجان کرد. زانکۆی (ئەمیر کەبیر)لە تاران ئاشکرای کرد؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە 40 خوێندکاری زانکۆکە لە پڕۆسەی خوێندن دورخراونەتەوە و تا ئێستا دۆخی خوێندن لە زانکۆکە ئاسایی نەبوەتەوە. تا ئێستا 144 زانکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردوە و لانیکەم دو هەزار خوێندکاری ئەو زانکۆیانە دەستگیر کراون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ناسنامەی 683 خوێندکاری دەستگیرکراوی ئەو زانکۆیانەیان ئاشکرا کردوە. سەرۆکی یەکێتی ئامێرەکانی پەیوەندیی لە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە لانیکەم 800 ئامێری (ستارلینک) بۆ پەیوەندیی بە ئینتەرنەتی بێ چاودێریی و فیلتەر (ئازاد) لە وڵاتەکە کەوتوەتە کار و وتیشی پێدەچێت لە داهاتودا ژمارەیەکی زۆری ئەو ئامێرە بە نهێنی لە ئێران کاریان پێبکرێت. پێشتر ئیلۆن ماسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئیکس رایگەیاندبو؛ بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان 100 ئامێری ستارلینک رەوانەی ئێران کراوە بۆ ئەوەی خەڵک سود لە ئینتەرنێتی بێ چاودێریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەرگرێت. دوای ئەوەی بە گۆڕینی پارێزگای بانکی ناوەندیی ئێران هەوڵی دابەزاندنی نرخی دۆلار درا، جارێکی دیکە بەهای ئەو دراوە بەرزبونەوەی لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا تۆمار کردەوە و بەهای هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 41 هەزار و 300 تمەن بەرزبوەوە کە پێشتر بەهاکەی 44 هەزار و 500 تمەن بو. میدیای ئێران لە زاری بەڕێوبەری ناوەندی بودجەی وڵاتەکە بڵاوی کردوەتەوە کورتهێنانی بودجە دەگاتە زیاتر لە چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلار. ئاژانسی هەواڵی (ئیسنا) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ فرۆشی پاکەیجەکانی ئینتەرنێتی پێنج کۆمپانیای هێڵەکانی مۆبایل 60% بۆ 70% کەمی کردوە و کۆمپانیاکانی خستوتە لێواری مایەپوچبونەوە . بە پێی خەمڵاندنەکان بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردن و چاودێریی ئینتەرنێت لە ئێران زیانی زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار بەو کۆمپانیانە گەیشتوە و زیاتر لە 450 هەزار کەسیش روبەڕوی زیانی ماددی و لەدەستدانی کارەکانیان بونەتەوە. دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا هۆشداریی دەدات لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران چاودێریی نەیارانی لە ئەڵمانیا دەکات بۆ زیانگەیاندن پێیان. تۆماس هاڵدنوانگ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ لە وڵاتەکەی زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتیی خاوەن ناسنامەی ئێران دەژین کە زۆربەیان نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن بۆیە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەوڵی ئاشکراکردنی دۆزینەوە و زیان پێگەیاندنیان دەدات. سەرۆکی ئاسایشی ئەڵمانیا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەشی کرد بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و دۆخی نائاسیی سەرتاسەری ئێران سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن چونکە ژیانیان پارێزراو نابێت. ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا بە کورتە نامە، ژنان و کچان ئاگادار دەکاتەوە لە نەبونی سەرپۆش و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە هەنگاوێکی نوێ بە ناوی پلانی (چاودێرانی 1) هۆشداریی دەدرێت لە لابردنی سەرپۆشی خانمان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا. ئەو ئاژانسە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی پۆلیسی ئێران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رایگەیاندوە؛ لەمەودوا خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلک لە وڵاتەکە ئەگەر خانمی بێسەرپۆش یان شۆفێرەکەی پابەندی سەرپۆش و یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ باڵاپۆشبون نەبێت ئەوا بە کورتەنامە و لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێتەوە. بە پێی لێدوانی ئەو بەرپرسە؛ یەکەمجار تەنها کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان دەنێردرێت بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەدا سزای ماددی بۆ پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەسەپێنریت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە لە کاتێکدا دو مانگ دوای مەرگی ژینا ئەمینی، داواکاری گشتی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەشە لە پۆلیسی راگەیاندبو.
هاوڵاتی سوپای تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی چەندین گوند و ناوچەی رۆژئاوای کوردستانیان تۆپباران کرد و لە ناوچەی شەرای عەفرینیش شەش سەربازی رژێمی سوریا بریندار بوون. سوپای تورکیا ئەمڕۆ رێگەی نێودەوڵەتی ئێم٤ و گوندی سەیدای رۆژهەڵاتی شاروچەکی عەین عیسایان بە چەکی قورس تۆپباران کرد. هەروەها گوندی خرێبکێی سەر نە ناوچەی شێراوای کانتۆنی عەفرین لەلایەن تۆپخانەکانی سوپای تورکیاوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، گوندی بێنێی سەر بە ناوچەی شێراواش تۆپباران کراوە. ئاژانسی هاوار راشیگەیاند، بارەگایەکی سەربازی رژێمی سوریا لە گوندی ئەلقەمیەی ناوچەی شەرای عەفرین لەلایەن چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە تۆپباران کراوە و بەوهۆیەوە شەش سەربازی رژێمی سوریا بریندار بوون. لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چڕتر بوونەوەتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە ئاماری ئەمساڵی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا رایگەیاندبوو، ئەمساڵ لە کۆی ١٧٨ شەڕڤانی شەهید، ٩٥ شەڕڤانیان لە شەڕی بەرامبەر تورکیا شەهید بوون.
وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند؛ ئێران دەستی بە هەوڵەکانی کردوەتەوە بۆ دروستکرندی چەکی ئەتۆمیی بەڵام رێگەنادەن دەسەڵاتی وڵاتەکە سەرکەوتو بێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. یۆاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی نوێی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە وەک یەکەم رۆژی دەستبەکاربونی رایگەیاند؛ ئەرکی سەرەکیی وەزارەتەکەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم و رێگریی لە ئێران دەبێت بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. گاڵانت بە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بێنیامین نەتەنیاهۆ کاری سەرەکیی بەرەنگاربونەوەی ئێران دەبێت چونکە ئەو وڵاتە بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی مۆساد دەستی بە هەوڵەکانی کردوەتەوە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی. لێدوانی گاڵانت لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممەی رابردو بێنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ راگەیاندنی کابینەی نوێی حکومەتەکەی لە بەردەوم پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) وتی: ئەرکی سەرەکیی حکومەتەکەی بەرەنگاربونەوەی ئێران دەبێت لە ناوچەکەدا.
هاوڵاتی لە کۆنسێرێکدا لە کامپالای پایتەختی ئۆگەندا لە مۆڵێکدا بەهۆی قەرەباڵغیەوە ٩ کەس گیانیان لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی پۆلیسی کامپالا، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە وخنکاون زۆربەییان منداڵ ونەوجەوانن، لەناو مۆڵەکەدا قەرەباڵغیەکی زۆر درووستبووە وخەڵکەکە بەپێچەوانەی یەکترەوە رۆشتوون. نزیکەی ٥ لەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و ژێر پێ کەوتوون و خنکاون، هەروەها بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات لەدوای پەتای کۆرۆنا، ئەمە یەکەم کۆبونەوە وئاهەنگی سەری ساڵ بووە لە ئۆگەندا، پۆلیسی کامپالا ڕایگەیاندووە کە خەڵکێکی زۆر لە مۆڵەکەدا کۆبونەوە بۆ بینینی یاریە ئاگرینەکان وئاهەنگی سەری ساڵ، هەر بۆیە ئەم ڕووداوەی لێکەوتۆتەوە و هەروەها ئاماژەی بەوەداوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
پۆلیسی ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا بە کورتە نامە، ژنان و کچان ئاگادار دەکاتەوە لە نەبونی سەرپۆش و سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئاژانسی هەواڵی (فارس) سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە هەنگاوێکی نوێ بە ناوی پلانی (چاودێرانی 1) هۆشداریی دەدرێت لە لابردنی سەرپۆشی خانمان لە ناو ئۆتۆمبێلەکاندا. ئەو ئاژانسە لە زاری بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی پۆلیسی ئێران کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، رایگەیاندوە؛ لەمەودوا خاوەنی هەر ئۆتۆمبێلک لە وڵاتەکە ئەگەر خانمی بێسەرپۆش یان شۆفێرەکەی پابەندی سەرپۆش و یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ باڵاپۆشبون نەبێت ئەوا بە کورتەنامە و لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگادار دەکرێتەوە. بە پێی لێدوانی ئەو بەرپرسە؛ یەکەمجار تەنها کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان دەنێردرێت بەڵام لە قۆناغەکانی دیکەدا سزای ماددی بۆ پابەندنەبون بە سەرپۆشەوە دەسەپێنریت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە لە کاتێکدا دو مانگ دوای مەرگی ژینا ئەمینی، داواکاری گشتی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەشە لە پۆلیسی راگەیاندبو.
هەسەدە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی 'هەورە بروسکەی جزیرە'دا ٤٠ تیرۆریستی دیکەی داعش لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، راگەیەندراوێکی لەبارەی، ئۆپراسیۆنی 'هەورە بروسکەی جەزیرە' بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەدا کە هێزەکانیان بە پاڵپشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستیان پێکردووە، هەڵمەت و چاودێریکردنی تیرۆریستەکانی داعشیان لە هەرێمەکانی هۆڵ، تەل حەمیس و تەل بەراک زیاتر کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا، لە کۆتایی رۆژی سێیەم و سەرەتای ئەمڕۆ کە چوارەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکەیە، ٤٠ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون کە بەشێکیان بەرپرسی گەورەن لەنێو تیرۆریستاندا و کاری دابینکردنی لۆجیستی و جبەخانە دەکەن. حەفتەی رابردوو، لە رەقە و دەورەبەری، تیرۆریستانی داعش دوو جار هێرشیان کردە سەر ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و لە ئەنجامدا ٧ شەڕڤان و ئاسایش شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. دوای هێرشەکانی داعش، هەسەدە، ئاسایش و هاوپەیمانان لە ناوچەکە دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکی فراوانی ڕاماڵین و لەناوبردنی شانە شاراوەکانی داعش کرد و ئۆپراسیۆنەکە چوار رۆژە بەردەوامە.
هاوڵاتی هاوڵاتی ئەمڕۆ عەبدولسەلام حەنەفی لەگەڵ سەرۆکی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبووە و داوای کرد کە لێکتێگەیشتنی زیاتر هەبێت بۆ هاوکاریە مرۆییەکانی ئەفغانستان وپرسی کارکردنی ژنان. لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆی جێگری سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان لەگەڵ مارکوس پۆتزێل، سەرۆکی نوینەری نەتەوە یەکگتووەکان باسی لەوە کردووە کە پێویستە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی پاپەبند بێت بە دابو نەریتی گەلی ئەفغانستان و یاساکانی؛ هەروەها جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە ئەفغانستان هەموو هاوکاریەک و هەلیکی باش دەڕەخسینێت بۆ باشترکردنی کارکردنی ڕێکخراوە ناحوکمی ومرۆییەکان لە ئەفغانستان. لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، عەبدولسەلام حەنەفی بە مارکوس پۆتزێلی ڕاگەیاندووە، لە چوار دەیەیەی ڕابردوودا گەلی ئەفغانستان ڕووبەڕووی کێشە وزیانێکی زۆر بۆتەوە بەهۆی ئەو شەڕانەی ڕوویداوە و ئەفغانستان پێویستی بە کۆمەکی نێودەوڵەتی هەیە؛ هەروەها باسیشی لەوەکرد بڕینی هاوکاریە مرۆییەکان زیانێکی گەورە بە گەلی ئەفغانستان دەگەێنێت، هەربۆیە پێویستە کێشەکان لەمەڕ پرسی ژنان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت. لەبارەی کۆبونەوەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان و تاڵیبان، مارکوس پۆتزیل بە جیگیری سەرۆکوەزیرانی تالیبانی ڕاگەیاندووە، کە دەمانەوێت پەیام و داواکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بە سەرۆک وسەرکردەکانی تاڵیبان ڕابگەێنن. هاوکات بەپێی ڕاگەێندراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، نوسینگەی هەواڵی سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە مارکوس پۆتزیل بە عەبدولسەلام حەنەفی وتووە کە قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان زیانی زۆرە وکاریگەری لەسەر گەیشتنی هاوکاریەکان بۆ ملیۆنان ژن ومنداڵی ئەفغانی دەبێت.
هاوڵاتی دوێنی لەدوای وتارەکەی ڤلادیمێر پوتین بۆ سەری ساڵی نوێ، ڤلادیمێر زیلێنسکی لە پەیامێکدا بۆ ڕووسیەکان وتی، پوتین وڵاتەکەتان لەناو ئەبات، ڤلادیمێر پوتین لەپشت سوپاکەی خۆی حەشارداوە نەوەک سەردکردایەتیان بکات. لەدوای هێرشە موشەکیەکانی ڕووسیا بۆسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا لەدواین ساتەکانی ساڵی ٢٠٢٢ سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکرانیەکان پەیامی تووندیان ئاڕاستەی سەرۆکی رووسیا کرد و روسیایان بەوە تۆمەتبارکرد کە خەڵکی سڤیلیان کردۆتە ئامانج لەکاتێکدا ئۆکرانیەکان کۆببونەوە و ئاهەنگی سەری ساڵیان دەگێڕا. سەرەڕای هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی شەممە کە تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا، ڕوسیا هێرشە موشەکیەکانی بۆسەر کیەڤی پایتەخت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دەستیانپێکردەوە وبەردەوام بوون، بەپێی ڕاگەێندراوی کاربەدەستانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانی ڕۆژی یەک شەممە نزیکەی ٤٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کامیکازی درووستکراوی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە. هەر لەبارەی هێرشە موشەکیەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەندری نێبیتۆڤ، بەرپرسی پۆلیسی کیێڤ وینەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بڵاوکردەوە کە خستبوویانە خوارەوە و بە ڕووسی لەسەری نوسرابوو " سەری ساڵی نوێتان پیرۆز"
کۆمپانیای میترۆپۆلی تایبەت بە راپرسی و ئامارەکانی لە تورکیا راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدا. کۆمپانیای میترۆپۆل راپرسیەکەی لە ٢٨ پارێزگای تورکیا بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس ئەنجامداوە و دواتر ئەنجامی راپرسیەکەی لەگەڵ دەنگی پارتە سیاسیەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بەراورد کردووە و ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ پارتی داد و گەشەپێکدان (ئاکەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٤٣.٥٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٣١.٠٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٢١.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٢٠.٧٪ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٩.٤٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٦.١٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ساڵی ٢٠١٥: ١٠.١٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٩.٥٪ پارتی باش ساڵی ٢٠١٥: ٦.٩٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٠.٥٪ بێلایەن و بایکۆت ساڵی ٢٠١٥: ١٣.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٥.٩٪
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دادگای نێودەوڵەتی بۆچوونێک سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بکات، هاوڵاتیانی فەڵەستین دەستخۆشیان لەم بڕیارە کرد و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش توڕەی خۆی دەربڕی. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند کە دەنگدانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکردنیان لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پێدانی بۆچونێک لەسەر دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بڕیارێکی "چەپەڵە". وتیشی : "جولەکەکان لەسەر خاکی خۆیان داگیرکەر نین و داگیرکەر نین لە ئۆرشەلیمی پایتەختی هەتاهەتایی ئێمە و هیچ بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بگۆڕێت". هاوکات، فەڵەستینییەکان پێشوازیی و دەستخۆشییان لەم بڕیارە کرد. نەبیل ئەبو ڕودەین، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ملکەچی یاسا بێت، و لێپرسینەوە لە تاوانە بەردەوامەکانی لە دژی گەلەکەمان بکرێت". هەروەها حسێن ئەلشێخ بەرپرسی باڵای فەلەستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکە "دەرخەری سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی فەلەستینە". لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا 87 ئەندام هەبوون کە دەنگیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکە دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگی نەخێریان دا، و 53 نەندامیش بێلایەنبوون. جێگەیباسە دادگای نێودەوڵەتی کە بنکەی لە لاهایە و بە دادگای جیهانیش ناسراوە، دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و نەتەوەکاندا دەکات. بڕیارەکانی پابەندکەرن، هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنیان نییە
وڵاتێکی دیکەى ئەوروپا چوە ناو ناوچەی شنگن و لەمەودوا مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکات. کرواتییا کە ماوەى 10ساڵە بوەتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، لە نوێترین هەنگاودا بڕیاری دا بە درکار بە دراوی یۆرۆ بکات. وڵاتی کرواتیا بەم هەنگاوەی ماڵئاوایی لە دراوی نیشتیمانیی خۆی کرد کە دراوی (کونا) کرد و بەوەش یەکێکی دیکە بە وڵاتانی ئەوروپا زیاد دەکات کە کار بە دروی یۆرۆ دەکەن. کرواتیا یەکێکە لە وڵاتە سنورییەکانی کیشوەری ئەوروپا و روبەرێکی گەورەی سنوری ئاویی هەیە و بە پەیوەستبونی بە ناوچەی شنگن سودمەند دەبێت لە چەندین پێودانگی نوێ. لە کۆی 27 ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی رابردو 19 وڵات دراوی یۆرۆیان وەک دراوی سەرەکیی بەکارهێناوە و کرواتیا دەبێت بە بیستەمین وڵات کە دراوی یۆرۆ دەبێت پارە و دراوی وڵاتەکەی.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سوریا بەردەوام دەبێت و بەم زوانە کۆبونەوەی دوەمی نێوان ئەو دو وڵاتە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا بەڕێودەچێت. مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریی لە رێورەسمی سوێندخواردنی لویز ئیناسیۆلولا داسلڤای سەرۆکی بەرازیل رایگەیاند؛ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەندیەکی تەلەفونیی ئەنجام داوە و باسیان لەکۆبونەوەی دوەمی وڵاتەکەیی وسوریا کردوە. بە وتەی چاوشئۆغلو و هە دوو لایان هاوڕابون لەسەر ئەنجامدانى کۆبونەوەیان لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدابەڵام تائێستا کات وشوێنى کۆبونەوەکە بەدیاریی کراوی دەستنیشان نەکراوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشی، پارێزگاری لە سەروەریی سنورەکانیان لەگەڵ سوریا دەکەن و بەردەوام دەبن لەکۆبونەوە لەگەڵ حکومەتى سوریا ودەیانەوێت لەسەر ئاستی باڵاتردا پەیوەندیەکانیان بەردەوام بێت. ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى سێشەمەى رابردو کۆبونەوەى وەزیرانى بەرگرى یروسیا و تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ بەرێوەچو.
هاوڵاتی سەرۆکی تایوان پێشنیاری یارمەتی چین دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا،و ڕایگەیاند چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕۆژی یەکشەممە پێشنیاری کرد کە "یارمەتی پێویست" پێشکەش بە چین بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەشەنەسەندن لە کەیسەکانی COVID-19. وتیشی، چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. باسی لەوەشکرد، لەسەر بنەمای پێگەی چاودێری مرۆیی، ئێمە ئامادەین هاوکاری پێویست پێشکەش بکەین بۆ یارمەتیدانی ئەوکەسانیەی توشی پەتاکە بوون و بەهیوای بەڕێکردنی ساڵێکی نوێ تەندروست و سەلامەت بۆ هەموو لایەک" مانگی پێشوو چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە یاساکانی دا کرد بۆ ڕوبەڕوبونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای هەڵوەشاندنەوەی توندترین ڕێوشوێن و کەرەنتینە لەو وڵاتەدا ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێ پشکنین توشی ڤایرۆسەکە ببن و بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبێتەوە ، هەندێک لە شارەزایانی تەندروستی نێودەوڵەتی پێیان وایە ڕۆژانە بە ملیۆنان خەڵک توسی ڤایرۆسەکە دەبن. هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا. ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە. جێگەیباسە ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان ژمارەیەکی زۆر وڵاتانی جیهان داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان
