هاوڵاتی لە ویلایەتی تەکساس، قوتابخانەیەکی تایبەت بە ئەو کچە هەرزەکارانە هەیە کە دووگیانن یان منداڵیان هەیە و تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، ئەمەش لەپێناو پاراستن ودانەبڕانیان لە پڕۆسەی خوێندن. قوتابخانەی ئامادەیی لینکۆڵن پارک لە شاری برانوسڤیل لە ویلایەتی تەکساسە، لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو خوێدنکارانە وەرئەگرێت کە لەتەمنی هەرزەکاری بوونەتە دایک یاخود دایکن و تەمەنیان لە نیوان ١٤ بۆ ١٩ ساڵاندایە. زۆرینەی خوێندکارانی قوتابخانەکە خەڵکی ئەمریکای لاتینن و هیسپانیەکان %٩٤ لەسەدی خەڵکی شارەکە پیکدەهێنن و ڕێژەی کچانی هەرزەکاری دووگیان ودایکی هەرزەکار لە تیایاندە بەرزترینە. بەڕێوبەری قوتابخانەی لینکۆڵن دەڵێت، پێویستە گرنگی بدەین بەو هەرزەکارانە و بەردەوام بین و لە پڕۆسەی خوێندن، هەروەها بە خوێندکارەکانی دەڵێت پێویستە ئەوە بزانن کە ئەمە کۆتایی دوونیا نیە و ژیانێکی گەورەیان لەپێشە. زۆربەی ئەو خوێندکارانەی لە ئامدەیی لینکۆڵن پارک دەخوێنن خاوەنی داهاتێکی کەمی ڕۆژانەن، بەشێکیان مەکسیکین ولەدایکبووی ئەمریکان، ڕۆژانە بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانە لە ماتامۆرس لە تاماولیپاسەوە دێنە ئەمریکا. قوتابخانەکە وەک هەر قوتابخانەیەکی دیکەی ئاسایی ئەمریکا دیزاین کراوە و پاسی تایبەت بە خوێندکارانی تێدایە، هەروەها لەسەر دیواری قوتابخانەکان پۆستەری جۆراوجۆر هەڵواسراون کە هانی خوێندکاران دەدەن بچنە خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ ئەوەشدا دیواری قوتابخانەکان پۆستەری تایبەت بۆ رێنمایی دایکایەتی وپەروردەکردنی منداڵ و خزمەتگوزاریەکانی دایکایەتی پێوەهەڵواسراوە. یەکیك لە خویندکارەکان لەتەمنی ١٥ ساڵیدا لە ڕۆژی لەدایکبونەکەی هەستی بەوەکردووە دووگیانە، دەڵێت ئەو دوای ئەوەی هاوپۆلەکانی دەزانن کە دووگیانە خۆیانی لێ دوورئەخەنەوە هەربۆیە لە پڕۆسەی خوێندن دادەبڕێت وهاوڕێکانی خۆیانی لێ دوورئەخەنەوە، ئەو ئیستا یەکێکە لە خویندکارەکانی قوتابخانەی لینکۆڵن پارک لە ئەمریکا. لە کاتێکدا کە مافی دایکایەتی ومافی لەبابردنی منداڵ لە ئەمریکادا هێشتا گفوگۆی گەرمی لەسەرە وکاردناوەیەکی گەورە لەسەر قەدەغەکردنی مافی لەباربردن کرا لەماوەی رابردوودا ، قوتابخانەی لینکۆڵن پارک پڕۆگرام وپەیڕەوی تایبەت بۆ ئەو کچە هەرزەکارانە دادەنێت کە لەتەمەنێکی هەرزەکاریدا بوونەتە دایک و دووگیان بوون،وەک بەڕێبوبەری قوتابخانەکە دەڵێت لەپێناو ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگانەیە کە لەو تەمەنەدا تووشی بوون. هەرچەندە رێژەی لەدایکبوونی منداڵ و هەرزەکارانی دووگیان لە ئەمریکا لەسەرانسەری ئەمریاک ڕووی لەکەمبون کردووە، بەڵام لەناو کچە هەرزەکارانی باشور وناوەڕاستی ئەمریکا رووی لە زیادبوون کردووە و شتێکی باوە لەنێویاندا. پسپۆڕان هۆشداری ئەدەن لە بەرزی رێژەی دایکانی هەرزەکار لە لەناو خەڵکی لاتینی ئەمریکا، ئەمەش بەتایبەت دوای بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ ی دادگای باڵا کە رێگری لە لەباربردنی منداڵ دەکات ڕێژەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر کۆبوونەوەی سووریا، تورکیا و ڕووسیا هۆشداری دەداتە دیمەشق دەڵێت، بە هاوکاریکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی “هەڵەیەکی مێژوویی دەکات”. لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی سووریا، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ وەزیرانی بەرگریی و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی سووریا و تورکیا و ڕووسیا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کۆبوونەوە. حەسەن کۆچەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی دیمەشق و ڕژێمی تورکیا، سووریا دەکاتە تۆنێلێکی تاریک. کۆچەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ئەوەشی وتووە:”دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئامانجی داگیرکردنی خاکی سووریایە لەسەر حسابی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەک ئەوەی لەگەڵ لیوا سکەندەرۆن و عەنتاب کردی”. هۆشداریشیدا لەوەی، ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان سووریا و تورکیا بە سپۆنسەری ڕووسیا، دەبێتە هۆی دابەشبوونی سووریا. جەختیشیکردەوە:”خەڵکی ناوچەکە بەرخۆدان دەکەن و ئەو ڕێککەوتنانە ڕەتدەکەنەوە، ئەگەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرش بکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بڕیاری ئەم هێرشە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا بدرێت، ئەوە هەڵەیەکی مێژووییە کە حکومەتی دیمەشق دەیکات”. کۆچەر داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا کرد، کە هاوکار نەبن لە کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەوەشی خستەڕوو، کە چارەسەری قەیرانی سوریا لە جێبەجێکردنی سیستەمێکی لامەرکەزیدایە لە سەرتاسەری خاکی سووریا و وتی:”دەبێت بەرهەمە سروشتییەکانی سووریا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر خەڵکی سووریادا دابەشبکرێت، سەرچاوە ژێر زەوینییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنها موڵکی خەڵکی ئەم ناوچەیە نییە، بەڵکو موڵکی هەموو سوورییەکانە”. وتیشی:”ئەم جۆرە چارەسەرانە قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سووریا چارەسەر دەکرێت، داواش لە حکومەتی دیمەشق دەکەم، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بگەنە ڕێککەوتن”.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار دابەشکردنی مووچەیە بە دۆلار. سوعاد مالیکی ئەندامی لیژنەی ستراتیژی بۆ چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت رایگەیاند، ھەنگاوەکانی حکومەت دژی سپیکردنەوەی پارە و رێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ رێگری لە قاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی عێراق، ھۆکاری دابەزینی بەھای دینارن. راشیگەیاند، یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دینار دابەشکردنی مووچەیە بە دۆلار، بەڵام ئەوەش چارەسەرێکی بنەڕەتی نییە. سوعاد مالیکی وتیشی، ژمارەیەک پەرلەمانتار داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لەبارەی دابەزینی بەھای دینار کردووە، بەڵام تائێستا وادەی ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە.
لە ساڵانی رابردوودا هەزاران هاووڵاتی عێراقی، بەهۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشهوه، ناچار بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوون و پەنایان بردبووە بەر کەمپەکان. بڕیاریشە لە ماوەی شەش مانگدا ئەو کەمپانەی سەرتاسەری عێراق دابخرێن کە تایبەتن بە ئاوارە ناوخۆییەکان. وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، باسی لەوە کرد حکوومەتی بەغدا لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ ساڵی نوێ، بڕیاریداوە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان لە ماوەی شەش مانگدا دابخرێن و ئاوارەکان بنێردرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان. ئیڤان فایەق، ئاماژەی بەوەشدا ئەمە تەنها کاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نییە بەڵکو پێویستە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین بکەن، گوتیشی: "پێویستە ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکانیان ئاوارەبوون، بەزووترین کات خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا و شارەوانییان بۆ دابین بکرێت. لە شەش مانگی ئایندەدا دەبێت سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکی سەرشانیان بەجێبهێنن و ئاسایشی ئەو ناوچانەش بە باشترین شێوە بپارێزرێت". ئەو وەزیرەی عێراق، باسی لەوەش کرد کە لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا ٣٠٠ خێزان روویان لە تورکیا و هەشت هەزار خێزانیش روویان لە سووریا کردووە، رێکارە فەرمییەکانیش بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دەستیان پێکردووە. ئیڤان فایەق، ئاماژەی بەوەشدا لە دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی حکوومەت، دانیشتوانی کەمپەکان کە ژمارەیان ٥٠٠-٧٠٠ خێزانە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، گوتیشی: "لەم بابەتەدا گەورەترین کۆسپ، خاپووربوونی ناوچەکان و خانووەکانە کە خراپترین نموونەشیان گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی شنگالن". جێی ئاماژەیە لە سەرتاسەری عێراقدا ٥٣ کەمپ هەن کە نزیکەی ٣٧ هەزار ئاوارەیان تیادا نیشتەجێن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، کۆمەڵگای عێراقی دەستپێشخەریی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی. بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی لە شاندێکی سەرۆک هۆزەکانی شەممەر لە پارێزگای نەینەوا بە سەرۆکایەتی شێخ فەیسەڵ حەروش جەربا کردووه. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارەکەدا کە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، قەیس خەلەف محەمەداوی ئامادەی بووه، شاندەکە باسیان لە رەوشی پارێزگای نەینەوا و پێداویستییە ئەمنییەکان کردووه بۆ دڵنیایی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی تیایدا به هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەگەڵ داواکاریی بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاریی و ئابووری لە هەموو قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە. شاندەکە ستایشی رۆڵی سەرۆکوەزیرانیان کردووە بۆ خێرا وەڵامدانەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پێویست لە بەرامبەر گیان لهدهستدانی شێخ سوهەیل نەجم کە یەکێک بوو لە شێخەکانی هۆزی شەمەر کە لە رووداوێکی تیرۆریستیدا کوژرا. سەرۆکوەزیرانی عێراق ههروهها ستایشی رۆڵی قارەمانانەی هۆزە رەسەنەکانی عێراقی کردووە و هەڵوێستی شێخ سوهەیل نەجم و وەڵامی بوێرانەی بۆ تیرۆریستان بەرزنرخاندووە. سوودانی رایگهیاندووه: "کۆمەڵگای عێراقی دەستپێشخەریی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی".
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئامارەكانی شەڕی دژی داعش لە ٢٠٢٢ی لەعێراق و سوریا خستووەتەڕوو، دەشڵێت، ٣١٣ ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە ١١٨ئۆپراسیۆنیان لە سوریا و١٩٥ ئۆپراسیۆنیش لە عێراق بووە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا هێزەكانیان لەگەڵ هێزە هاوبەشاكانیان لە عێراق و سووریا، ٣١٣ ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە ١٠٨ ئۆپراسۆنیان لە سووریا و ١٩١ ئۆپراسیۆنیش لە عێراق بوووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان لە عێراق توانیویانە ٢٢٠ ئەندام و سەركردەی داعش بكوژن و ١٥٩ ئەندام و بەرپرسی ئەو رێكخراوە دەستگیر بكەن بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق. ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، لە سوریا ٤٤٦ چەكداری داعش كوژراون و ٢١٥ ئەندامی دیكەشیان دەستگیركردووە. لە راگەیەندراوەكەدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا روونیكردووەتەوە، لە سووریا زیاتر لە ١٠هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان، هەروەها لە عێراقیش زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا جەختی لەسەر لاوازكردنی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢ كردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت و هێشتا كاری زۆرماوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكانیان لە عێراق و سووریا پێكەوە ئەنجامی بدەن. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی دژی داعش ئەنجامیانداوە هیچ سەربازێكیان نەكوژراوە. ئەو فەرماندەیە بارەی كامپی هۆڵیشەوە وتی، زیاتر لە ٢٥ هەزار منداڵی ئەندامانی داعش لەو كەمپەدا هەن و بوونەتە ئامانجی سەرەكی چەتەكانی داعشن. جێگای ئاماژەیە، كەمپی هۆل دەكەوێتە دووری ٤٥ كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی حەسەكە و گەورەترین كامپی كەسوكاری چەكدارانی داعشە و بەپێی ئامارەكان نزیكەی ٧٠ هەزار كەسی سەر بە داعشی تێدایە.
هاوڵاتی لە بەیاننامەیەکدا وڵاتانی گروپی حەوت کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاوی کردۆتەوە داوا لە تاڵیبان دەکات دەستبەجێ ئەو بڕیارەی کە قەدەغەی کارکردنی ژنان دەکات هەڵبوەشێتەوە. وڵاتانی گروپی حەوت لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە کە نیگەرانن لەو بڕیارانەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی کاری ژنان لە ڕێکخراوە ناحوکمیەکاندا، هەروەها دەشڵێن ئەو بڕیارە زەرەرێکی زۆر بەهاوڵاتیانی ئەفغانستان دەگەێنێت و ڕێگە لەگەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان دەگرێت بە خەڵکی ئەفغانستان. هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ژنان ڕۆڵیکی گرنگیان هەیە لە کارەکانی ڕێکخراوەکان، ئەگەر کارکردنی ژانن قەدەغە بکرێت ئەوا هاوڵاتیانی ئەفغانستان ناتوانن دەستیان بە خواردن وکەلوپەلی پێویست ودەرمان بگات. ئەم یاننامەیەی وڵاتانی گرووپی حەوت لەدوای دواین سەرکوتکاریەکانی تاڵیبان دێت بەرامبەر ژنان، کە قەدەغەکردنی مافی خوێندنی ژنان بوو لە زانکۆکان و دواینیشیان کارکردنی ژنان بوو لە رێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی وبیانیەکان. وڵاتانی گرووپی حەوت، کە هەریەکە لە وڵاتانی کەنەدا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا وفەڕەنسا، ئیتاڵیا، یابان دەگرێتەوە بە وڵاتانی پێشەنگی ئابوری وپیشەسازی دائەنرێن لە جیهاندا.
هاوڵاتی وتهبێژی فەرماندەی هێزه چهكدارهكانی عێراق ئهمڕۆ پێنجشهممه رایگهیاند، له ئۆپراسیۆنێكی هاوبهشدا، هێزه ئاسمانییهكانی عێراق توانرا شهش چهكداری داعش كوژران و "له بۆسهیهكی سهربازیشدا لهچهند پارێزگایهكی دیكه 11 چهكداری داعش دهستگیركران". ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، " هێزه ئهمنییهكانمان به پشتبهستن به زانیارییهكانی بهڕێوهبهرایهتی دهزگای ههواڵگری و به ههماههنگی لهگهڵ فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی دیاله ئۆپراسیۆنێكی هاوبهش دژ به چهكدارانی داعش له چهند سنورێكی پارێزگاكه ئهنجامدرا". وتیشی، "ئەو دوو مۆڵگەیەى داعش بۆردوومانکران و هێزەکانى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى دیالە چوونەتە ئەو شوێنانەى بۆردوومانکراون و تەرمى پێنج چەکدارى داعشیان دۆزیوەتەوە و چەکدارێکى دیکەى داعشیان کوشتووە". باسی لەوەشکرد،"بهڕێوهبهرایهتی ههواڵگری سهربازی له ئهنجامی لێكۆڵینهوه و بهدواداچونهكانیانهوه توانیویانه له رێگهی دانانی كهمینی سهربازییهوه له ههریهكه له پارێزگاكانی سهڵاحهدین، نهینهوا، ئهنبار، كهركوك و میسان 11 چهكداری داعش دهستگیربكهن كه لهلایهن دادگاوه بههۆی ئهنجامدانی كردهوهی تیرۆریستیهوه داواكراو بون". ئەمەشلەکاتێکدایە دوێنێ هێزه ئاسمانییهكانی عێراق ئۆپراسۆنێكی تایبهتیان دژ به چهكدارانی داعش ئهنجامداو لە ئەنجامیشدا 10 چهكداری داعش كوژران.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بێنێ گانتز، لە وتارێکدا بۆ کۆمەڵێک لە دەرچوانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل وتی ڕەنگە لە داهاتوودا ئێوە بتوانن بەشداری لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەرئێران بکەن وبگەنە ئاسمانی ڕۆژەهەڵات. وەزیری بەرگری ئیسرائیل، وتیشی دەکرێت لە سێ ساڵی داهاتوودا، ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر شوین وپێگە ئەتۆمیەکانی ئێران. ئەم هەڕەشانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی دووبارە چالاکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران دەدرێت، ئەوەش بەمەبەستی سنوردارکردنی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەمە یەکەم جار نیە کە ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمیەکانی ئیسرائیل دەکات، ئیسرائیل ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، بەڵام هەندێک لە شآرەزایانی نێودەوڵەتی لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێیان وانیە ئیسرائیل ئەو توانایەی هەبێت هێرشێکی زەرەرمەند بکاتە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران،بەهۆی ئەوەی بنکەکەکان زۆر بەباشی پارێزراون.
هاوڵاتی کۆمەڵەی شاهانەی فەلەکناسی ڕایگەیاندووە، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەماوەیەکی کەم دوای خۆر ئاوابوون دەتوانرێن بە چاوی ئاسایی لە ئاسماندا ببینرێن. دکتۆر ڕۆبەرت ماس، لەبارەی بینینی هەسارەکانەوە وتی، باشترین کات بۆ بینینی هەسارەکان ماوەیەکی کەم دوای خۆر ئاوابوونە، هەروەها وتی پینج لەو هەسارانە دەتوانرێ بەڕوونی ببینرێن بەڵام هەسارەکانی وەک نیپتۆن وئۆرانۆس کە دورترن دەبێت بە تەلیسکۆب سەیربرکرێن. هەریەک لە هەسارەکانی عەتارد وڤینۆس شوینەکانیان لە ئاسماندا بەجۆرێکە کە بینینیان زەحمەتتر دەبێت. هەروەها ئەو دکتۆرە وتیشی، ئەوکەسانەی چاودێری ئاسمان دەکەن پێویستە خاڵێکی ڕوون بۆزنەوە لە باشوری ڕۆژئاواوە بۆ ئەوەی بتوانن بینەری دیمەنەکە بن. لەبارەی باشترین ئەو ناوچانەی کە دەتوانرێ هەسارەکانی تێدا ببینرێ، دکتۆر ڕۆبەرت ماس لە کۆمەڵگەی شاهانەی فەلەکناسی وتی، ئەوانەی لە باشوری ئەوروپاوە دورترن و نزیکترن لە هێڵی ئیستیوایی ئەوا باشتر دەتوانن هەسارەکان ببینن ئەوەش بەوەی لەسەر هێڵێکی ڕاست کە هەسارەکان ڕیزبوون، هەروەها هەسارەی عەتارد لە بەشی باشورەوە باشتر دیار ئەبێت. هەروەها هەسارەی مەریخ لە ئێسستادا لە باشترین ئاستیدایە بۆیە باسترین کاتە بۆ بینینی هەسارەکە، پێویستە هەموو کەسێک بیبینێت چونکە ماوەیەکی زۆری دەوێت تا جارێکی تر بتوانین بیبینیەوە. هەرچی دەربارەی هەسارەی ڤینۆس و زوحەلە دەبێت بە جوانترین شێوە دەربکەون، هەسارەی ڤینۆس ڕونکاترین هەسارەیە ودەبێ لە نزمترین ئاستدا دەربکەوێت، دوای ئەویش موشتەری وزوحەل؛ هاوکات وتیشی باشترین شووێن بۆ بینینی هەسارەی ڤینۆس لەباشورەوە بەرەو ڕۆژئاوایە. دکتۆرماس ئاماژەی بەوەکرد ، هەرکەسێک لەڕێگەی تەلەسکۆپەوە سەیر بکات، پێویستە بتوانێت وردەکارییەکانی مانگەکانی موشتەری و لەوانەشە سیستەمی هەور یان خاڵە تاریکەکانی سەر موشتەری و مەریخ ببینێت. هەروەها پێشبینی ئەوە دەکرێت ئاسمان لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا و باشوور و ڕۆژئاوای وێڵز ڕوونتر بێت، بەڵام لە باکووری ئینگلتەرا و سکۆتلەندا بەهۆی هەورەکانەوە ڕەنگە دیمەکان باش دەرنەکەون.. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی حوزەیران عەطارد و ڤینۆس و مەریخ و موشتەری و زوحەل دەرکەوتن لەکاتی یەکگرتنی هەسارەکاندا کە چۆن یەکدەگرنەوە.
ئەمڕۆ 104 رۆژە ناڕەزاییەتییەکان بەردەوامە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی حەوت کوژراوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەسفەهان و تاران ئەهواز بەڕێوچو، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل رایگەیاند؛ کار سەرەکیی حکومەتەکەی گورز وەشاندن دەبێت لە بەرنامە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئیتاڵیا داوای راگرتنی سێدارە و گۆڕینی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکات. چلەی مەرگی گەنجێکی ناڕەزایەتییەکانی دێولان بەڕێوچو چلەی مەرگی موحسین نیازی یەکێک لە گەنجانی کوژراوی شاری دێولان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچو و لە رێوڕەسمەکەشدار وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر لەسێدراەدان، پەتی سێدارە سوتێنرا. موحسین نیازی تەمەن 32 ساڵ، شاخەوان و وەزشکاری کورد لە رێکەوتی (20/1/2022) بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی شاری دیوڵان کوژا. چلەی کوژراوێکی تاران توندوتیژیی تێکەوت لە تاران چلەی مەرگی حەمیدڕەزا روحی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو لە گۆڕستانی (بەهەشتی زەهرا) بەڕێوچو و لە رێوڕەسمەکەشدا دروشم دژی دەسەڵات وترایەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر بەشداربوان. حەمیدڕەزا روحی تەمەن 19 ساڵ لە ناوچەی (شەهرێ زیبا)ی تارانی پایتەختی ئێران بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان پێکرا و گیانی لەدەستدا. هاوکات لە شاری ماڵێ میر(ئیزە) لە پارێزگای خوزستان کە دانیشتوانی لە پێکهاتەی لوڕ-ن بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر چلەی مەرگی میلادی سەعیدیان و سپێهر مەقسودی تەمەن 14 ساڵ بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانی ئێران وترایەوە. لە شاری ئەسفەهان بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە چلەی مەرگی عەلی عەباسی، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بەرێوچو. لە شاری مەرودەشت-ی پارێزگای فارس چلەی مەرگی ئارمان عەبادی بەڕێوچو و لە شاری ئەهواز لە باشوری ئێران کە دانیشتوانی لە نەتەوەی عەرەب-ن چلەی عاتیفە نێعمانی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە بەرێوچو ئەو خانمە 37 ساڵ تەمەنە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. خانمێکی کورد بە تۆمەتی بێڕێزیی بە خامنەیی سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا موژگان کاوسی، نوسەر و چاکوانی سیاسیی کورد کە پێشتر تۆمەتی هەوڵدان دژی کۆماری ئیسلامی و هاندان بۆ جەنگ و تێکدانی ئاسایشی ئێرانی دراوبوە پاڵ سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەو خانمە کوردەی نیشتەجێی پارێزگای مازەندەران لە باکوری ئێران لە دانیشتنی دادگادا ئەستۆ پاکیی سەلمێنرا و مەترسیی لەسێدراەدانی لەسەر نەماوە بەڵام دادگا بە تۆمەتی بێڕێزیی بە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئیتاڵیا بەهۆیی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران هۆشداریی دەداتە ئێران جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، رۆژی پێنجشەممە لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ ئەوەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ رۆما قبوڵکراو نییە و چیتر لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دان بەخۆماندا ناگرین. میلۆنی وتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا ئیتاڵیا و وڵاتانی هاوپەیمانی سزای توند و کاریگەری دژی ئەو دەسەڵاتە دەسەپێنن. لێدوانەکانی میلۆنی لە کاتێکدایە رۆژی چوار شەممە باڵیۆزۆی ئێران لە رۆما بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کرا و پێی راگەیەنرا دەبێت بە زوترین کات سزای سێدراە و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە راگیرێت. ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی دوو دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی لە مەشهەد و تاران لەسێدارە داوە و سزای سێدارەش لانیکەم 100 کەس دەگرێتەوە و 59 کەسیش کە 15 گەنجی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە. حکومەتی نوێی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکات بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ئەمڕۆ لەگەڵ پێشکەشکردنی ناوی ئەندامانی کابینەکەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) رایگەیاند؛ کاری سەرەکیی حکومەتەکەی بەرەنگابونەوەی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەبێت. هەناردەی ئێران بۆ چین کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو تۆمار دەکات گومگرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە ؛هاوردەی کاڵای ئێران بۆ وڵاتەکەی لە مانگی رابردودا 326 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا پێشتر ئێران مانگانە بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ چین ناردوە. بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ژمارەیەک بازاڕ و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن کاسبکارانەوە وەک ناڕەزایەتییەک داخران. زیاتر لە سێ مانگە دابەزینی بەهای تەمەن بەردەوامە و تەنها لە یەک ساڵدا تمەن 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دراوی دۆلار لەدەستداوە. بەهای مۆبایلی (ئایفۆن 13) لە ئێران گەیشتە 100 ملیۆن تمەن بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای هەر دۆلارێک بۆ زیاتر لە 44 هەزار و 400 تمەن، حکومەتی ئێران دەیەوێت فرۆشتنی مۆبایلی گرانبەها لە وڵاتەکەی قەدەغە بکات چونکە نرخی مۆبایلێکی جۆری (ئایفۆن13 )ی پرۆماکس ئەمڕۆ پێنجشەممە لەو وڵاتە گەیشتە 100 ملیۆن تمەن ئەوەش لە کاتێکدایە داهات و حەقدەستی مانگانەی کرێکارێک لەو وڵاتە ناگاتە حەوت ملیۆن تمەن.
هاوڵاتی شروبێکی منداڵان کە کۆمپانیایەکی هندی دروستی کردووە بووە هۆی مردنی ١٨ منداڵ لە ئۆزباکستان هاوکات مردنی ئەم منداڵانە دوای ئەوە دێت ٧٠ منداڵ لە گامبیا و٢٠٠ کەس لە ئیندۆنوسیا بە هۆی شروبی کۆکەی دروست کراو لە هندستان گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی ئۆزبەکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بەلایەنی کەمەوە 18 منداڵ لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی شەربتی دۆکیو 1 ماکس بەکارهێناوە کە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی هیندی ماریۆن بیوتێک دروست کراوە. لە وڵامی ئەمەدا کۆمپانیاکە دروستکردنی شروبەکەی ڕاگرتووە. نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە حەسەن هاریس بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "ئێمە دڵگرانین بە مردنەکان، حکومەت لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە و ئێمەس دوای لێکۆڵینەوەکان کاردانەوەمان دەبێت . وازارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند شروبی کۆکەکە بڕێکی زۆری مادەیی ژەهراویی ئێثیلین گلایکۆلی تێدایە کە دۆسەکەی لە ستاندارتە جیهانییەکان بەرزترە کە بۆ منداڵان دانراوە. وتیشی حەوت کارمەند دەرکراون لە دوای لێکۆڵینەوەیەکان ڕێوشوێنی پێویست بەرامبە هەندێک لە پسپۆڕەکان لە دروستکردنی ئەو شروبە گیراوەتە بەر، ئەو شروبە لە هەموو دەرمانخانەکان دەرهێنراون. ڕووداوەکەی ئۆزبەکستان دوای مردنی 70 منداڵ لە گامبیا دێت کە بەهۆی بەکارهێنانی شروبی کۆکەی دروستکراو لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی میدێن دەلهی نوێ دروست کراوبوو. تاقیکردنەوەکان لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمەکان چەندێتی دوو ماددەیان تێدایە کە ژەهراوین هاوکات حکومەتی هیندستان و ئەو کۆمپانیای دەرمانسازییە ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە شروبەکە پەیوەندی بە مردنەکانەوە هەبوبێت.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری فەڕەنسا، سیابستیان لیکۆرنۆ لەگەشتەکەیدا بۆ ئۆکرانیا پشتگیری فەڕەنسای بۆ ئۆکرانیەکان دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاریەکان کە لەنێویاندا پێدانی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆیە، بەردەوام دەبن بۆ ئۆکرانیا. وەزیری بەرگری فەڕەنسا، دوای گەشتەکەی بۆ پۆڵەندا سەردانی ئۆکرانیای کرد وچاوی بە ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا کەوت و باسیان لە هاوکاری وپشتگیریەکانی فەڕەنسا بۆ ئۆکرانیا کرد؛ سیاستیان لیکۆرنۆ ئاماژەی بەوەدا کە ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ و کەلوپەلی سەربازی دەدەن بە ئۆکرانیا. وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، باسی لەوە کردووە کە فەڕەنسا لەزووترین کاتدا دەست ئەکات بە مەشقپێکردنی سەربازەکانی ئۆکرانیا، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لەداهاتوودا فەڕەنسا سیستەمێیکی نوێی ئاسمانی بدات بە ئۆکرانیا، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ زانیاریەک و وردەکاریەک نەخراوەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لە وەزیرانی بەرگری ئۆکرانیا وفەڕەنسا باسیان لە سیستەمی مامبای ئاسمانی کردووە کە درووستکراوی فەڕەنسا وئیتاڵیایە، کە هاوشێوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریکایە. لەبارەی هاوکاریەکانی فەڕەنسا بە ئۆکرانیا، ئۆفیسی وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە دەزگای هەواڵی ئاسۆشیەیتد پرسێسی ڕاگەیاندووە کە لەسەرەتا مەشق بەسەربازە ئۆکرانیەکان دەکەن دواتر سیستەمیی بەرگری ئاسمانیان ئبۆ دەنێرن؛ هاوکات باسیشی لەوە کردووە کە ئێستا سیستەمی بەرگری ئاسمانی کرۆتاڵی لە ئۆکرانیا بەکارخراوە وکاری پێئەکرێت. ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیەکان بەهۆی هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ڕووسیا- ئۆکرانیا گومانیان لە هاوکاری وپاڵپشتی فەڕەنسا هەبوو، لەکاتێکدا فەڕەنسا هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە بەردەوام هاوکاری سەربازی ئۆکرانیای کردووە.
هاوڵاتی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی داعشدا بۆسەر ئۆتۆمبێڵێکی هێزەکانیاندا ئەندامێکی ئاسایش شەهید بووە و دوو ئەندامی ئاسایشیش بریندار بوون. فەرماندەیی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، هێزەکانیان لەدژی تیرۆریستانی داعش لە رەقە دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان کردووە و بۆیەش بەم هێرشانە دەیانەوێت، رێگری لە ئۆراسیۆنەکەیان بکەن. ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانن، هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی شانە شاراوەکانی داعش شکست پێبهێنن. ٢٦ی ئەم مانگەش، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردبووە سەر ناوەندی ئاسایشی رەقە و بەوهۆیەوە، سێ ئەندامی ئاسایشی و سێ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون.
ئیتاڵیا هۆشداریی دەدات ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران رانەگرێت ئەوا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی سزای قورس و کاریگەر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن. جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، رۆژی پێنجشەممە لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ ئەوەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ رۆما قبوڵکراو نییە و چیتر لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دان بەخۆماندا ناگرین. میلۆنی وتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا ئیتاڵیا و وڵاتانی هاوپەیمانی سزای توند و کاریگەری دژی ئەو دەسەڵاتە دەسەپێنن. لێدوانەکانی میلۆنی لە کاتێکدایە رۆژی چوار شەممە باڵیۆزۆی ئێران لە رۆما بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کرا و پێی راگەیەنرا دەبێت بە زوترین کات سزای سێدراە و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە راگیرێت. ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی دوو دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی لە مەشهەد و تاران لەسێدارە داوە و سزای سێدارەش لانیکەم 100 کەس دەگرێتەوە و 59 کەسیش کە 15 گەنجی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە.
