هاوڵاتی شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق رایگهیاند، هێزه ئاسمانییهكانی عێراق ئۆپراسۆنێكی تایبهتیان دژ به چهكدارانی داعش ئهنجامداوه و لە ئەمجامیشدا 10 چهكداری داعش كوژراون. به گوێرهی راگهیهندراوی شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق، ئهمڕۆ (چوارشهممه 28ـی كانوونی یهكهم/دیسێمبهری 2022)، دوای كۆكردنهوهی زانیاری و بهسهرپهرشتی راستهوخۆی هێزه هاوبهشهكان، فڕۆكه جهنگییهكانی عێراق دوو حهشارگهی داعشیان له ناوچهی نارینی سهر به پارێزگای دیاله بۆردومانكرد، تێیدا 10 چهكداری داعش كوژران. ئاماژهی بهوهشكردوه، به پشتی بهستن به زانیارییه وردهكانی دهزگای ههوڵگری و فهرماندهیی ئۆپراسۆنه هاوبهشهكانی پارێزگای دیاله له رێگهی ئۆپراسۆنێكی ئاسمانی و به بهكارهێنانی فڕۆكه هێرشبهرهكان له جۆر F-16 و له ناوچهی نارین-ی سهر به پارێزگاكه بۆرومانی دو حهشارگهی چهكدارانی داعش كراوه و له ئهنجامیشدا 10 چهكداری داعش كوژران. شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق باسی لهوهشكردوه، "یهكه ئهمنییهكانمان بهردهوام دهبن له بهدواداچون و لێكۆڵینهوهكانیان به مهبهستی راوهدونان و كێوماڵكردنی چهكدارانی داعش له تهواوی خاكی عێراقدا". هاوکات،دوێنێش تهحسین خهفاجی، گوتهبێژی فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی عێراق، له راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوهكرد، بهگوێرهی ئاماره سهرهتاییهكان، لهماوهی ساڵی 2022ـدا نزیكهی 200 چهكداری داعش لهرێگهی بۆردوومانی فڕۆكه جهنگییهكانی عێراقهوه كوژراون. بهگوتهی تهحسین خهفاجی، ژمارهی ئهو چهكدارانی داعش كه لهماوهی ساڵی 2022ـدا لهسهر دهستی هێزه ئهمنییهكانی عێراق كوژراون، گهیشتووهته نزیكهی 400 چهكدار.
١١ ساڵ بەسەر بۆردومان و شەهیدبوونی ٣٤ هاوڵاتی کورد، لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١، لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە ناوچەی قلەبانی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەمەش نە ناسنامەی تاوانباران دەستنیشانکرا و نە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگاکاندا قبوڵکرا. جەگە لەوەش خانەوادەی قوربانیانی رۆبۆسکی رووبەرووی دەستگیرکردن، لێکۆڵینەوە و فشار بوونەوە. چاوەڕوانییەکانی خانەوادەکان بۆ دادپەروەری لە رەفە تۆزاوییەکانی دەوڵەتدا مانەوە، ئاسەواری کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی تاوەکو ئێستاش، لەنێو ماڵەکان و گوندی رۆبۆسکیدا دیارە. ئازارەکە تاوەکو ئێستاش تازەیە. دایکانی رۆبۆسکی ١١ ساڵە جلە کوردیە رەشەکانیان لەبەریان دانەناوە! رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا لەم بارەیەوە لەگەڵ فەرهاد ئەنجو، هاوسەرۆکی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پارێزگای ئەستەنبوڵ، چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، کە برا و کەسوکاری لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا گیانیان شەهید بوون و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکەیە. بەشێک لە چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەیە؛ لە دوایین هێرشەوە دەست پێ بکەین کە لەدژی کەسایەتیتان لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدرا. هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەرت و لەبەردەم کامێراکان زلەیان لێدایت. ئەم هێرشە کە پێش ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی ڕوویدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ فەرهاد ئەنجو؛ پێم وایە هێرشەکە پلان بۆداڕێژراوبوو. دەزانن من کێم. زۆر جار رووبەرووی هێرش بووینەوە. ئەو کەسەی کە زلەکەی لێدام، پێشتریش هەڕەشەی کردبوو. دوای زلەکە خۆی هات و دەستبەسەری کردم. هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکردندا ئەشکەنجەیاندام. رێکەوت نییە کە هێرشێکی لەو شێوەیە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا دەکرێتە سەرم. ئەمەش دەرئەنجامی بێباکی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە لەبەرامبەر کێشەکان. ئەو زلەیەی لەمندرا، لە هەموو کەسێکدرا کە بەرگری لە ئاشتی ، دیموکراسی ، ئازادی و ژیانی مرۆڤدۆستانە دەکەن. بە تایبەتی زلەیەکە کە لە هەموو گەلی کورد دراوە. ئێمەش لە سندوقی دەنگداندا زلەکەیان لێدەوەشێنینەوە. رۆبۆسکی وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی کۆماری تورکیا تۆمار کرا. رۆبۆسکی لەنێو مێژووی تورکیا چی پێگەیەکی هەیە؟ لە مێژووی کۆماردا، کۆمەڵکوژی گەورە روویانداوە، بەڵام رۆبۆسکی یەکەم کۆمەڵکوژی بوو کە دەسەڵات، بە وێنە و ڤیدیۆ لەسەر تاوانەکەدا گیرا. لە مێژوودا کۆمەڵکوژییەکی زۆر بە ئازار هەیە، وەک دەرسیم و زیلان. ئێمە لە رێگەی ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ئەو قۆناغە بوون، لە کۆمەڵکوژیەکان تێدەگەین، بەڵام کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی بەو شێوەیە نییە. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەکە لە سەرەتای کۆمەڵکوژیەکە و تاوەکو کۆتایی تۆمارکرا. ئەگەر باسی پرۆسەی دوو رۆژەکە بکەین تاوەکو تەرمەکان دەهێنرێنە گوندەکە لە رۆبۆسکی بە خاک دەسپێردرێن، دەتوانین وێنەیەک بکێشین کە ئەم کۆمەڵکوژییە چەندە دڕندانە بووە. بەشێک لەو کەسانەی هەواڵی کۆمەڵکوژیەکەیان پێگەیشت، بەپێی پەتی رایانکرد بۆ سنوورەکە، هەندێکی تریش بەبێ ئەوەی تەنانەت پاڵتۆیەکیشیان لەبەربکەن، بەرەو شوێنی کۆمەڵکوژییەکە رۆیشتن. کاتێک گەیشتینە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، بە چاوی خۆمان جەستەی پارچە پارچە کراومان بینی. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەک بوو، کە پارچەی جەستەی مرۆڤ و هێسترەکان تێکەڵ ببوون. هەمووان بە دوای خزم و هاوسەر و برای خۆیاندا دەگەڕان. هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکان لە ژێر بەرد و خاک دەدرا. لە کۆتاییدا دوای کۆکردنەوەی تەرمەکان. بە تراکتور و هێسترەکان تەرمەکان گواسترانەوە. ئەو وێنانە هەم بۆ خێزان و هەم بۆ کۆمەڵگا زەبرێکی کوشندە بوون. ئەو زەبرە گەورەیە تاوەکو ئێستاش لە ناخی خێزانی شەهیدان و کۆمەڵگادا تازەیە. ١١ ساڵ تێپەڕی و چووینە ١٢ ساڵەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە لە کەسایەتی گەلی رۆبۆسکیدا زەبرێکی گەورەی بە گەلی کورد گەیاند. ئەمڕۆش دایکانی رۆبۆسکی جلی رەش لەبەر دەکەن. تا ئێستاش لە سەر گۆڕی منداڵەکانیان ماتەمینی دەگێڕن. تا ئێستاش بە قووڵی بەدەست ئەو کۆمەڵکوژییە دەناڵێنن. تاوەکو ئێستا بە ئازاری کۆمەڵکوژییەوە بۆ جەژن و زەماوەندەکان دەڕۆن. تەنانەت دوای ١١ ساڵ، هاوسەرگیری لە رۆبۆسکی وەک ساڵانی بەر لە کۆمەڵکوژیەکە نییە. ئێستاش کەسانێک هەن بەشداری لە هیچ خۆشیەکدا ناکەن. بۆیە زۆر شت گۆڕاون. دایکانێک هەبوون بەرگەی ئەم کۆمەڵکوژییەیان نەگرت و بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییان کرد. کەسانێک هەبوون نەیانتوانی بژین تاوەکو سزادانی بکوژانی ڕۆڵەکانیان ببینن. کەسانێک هەبوون بە ئازار و تووڕەیی کۆمەڵکوژییەوە روویان لە شاخەکان کرد و شەهید بوون. کەسانێکیش هەن کە تا ئێستاش دادگایی دەکرێن لەسەر ئەوەی توڕەیی و کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکە نیشانداوە. کۆمەڵکوژییەکە گۆڕانکاری زۆری لەسەر رۆبۆسکی دروست کرد. ژیان لە منداڵ و گەنجەکانی رۆبۆسکی سەندرایەوە. دایک هەیە بە بچووکترین دەنگی تۆپ یان بچووکترین دەنگ کە بەهۆی زەبر و زەنگی کۆمەڵکوژییەوە دروست بووە، هاوار دەکەن و تووشی سەرسوڕمان دەبن. پرسی دادپەروەری لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێکراوە. پرسی دادپەروەری بۆ رۆبۆسکی چییە؛ کاتێک باسی دادپەروەری دەکرێت، بۆ رۆبۆسکی چی دەگەیەنێت؟ پرسی دادپەروەری لە تورکیا بۆ ئێمە پرسێکی بەتاڵە. پرسێکی زارەکیە. ئێمە وەک خەڵکی رۆبۆسکی دادپەروەریمان نەبینیوە. بە واتایەکی تر دادپەروەری پرسێکە، بۆ ئێمە مانای خۆی لەدەست داوە. چونکە کاتێک مانای دادپەروەری لەبەرچاو دەگرین، دەتوانین وەک چەمکێک لەبەرچاوی بگرین کە کاریگەری ئەرێنی دروست بکات، ئازار و توڕەیی ئەو بنەماڵانە کەم بکاتەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی دادپەروەری لە دژی ئێمە بەکاردەهێنرێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان گەورەتر دەکات و ئازارەکانمان قوڵتر دەکاتەوە. بۆ نمونە ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا لێپرسینەوە لە کەس نەکراوە. دیسانەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە، هەموو مانگێک، هەموو هەفتەیەک، بەبێ جیاوازی، دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانییەوە، فشار دەخاتە سەر بنەماڵەکان و فشاریان لەسەر دەکات کە دەنگەکانیان بە دەسەڵات بدەن. ئەمەش لەژێر چاودێری و فەرمانی وەزیری ناوخۆدا دەکرێت. بە ترساندن دەیانەوێت، خێزانەکان بۆ ناو رێکخستنەکانیان پەلکێش بکەن. هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن چۆنە. دوایین جار کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە سەردانی رۆبۆسکی کرد. ئەم سەردانە بۆ ئێوە چی دەگەیەنێت؟ گرنگە سەرۆکی حیزبێک کە ئاواتەخوازی دەسەڵاتە، دوای ١١ ساڵ سەردانی رۆبۆسکی بکات و بەڵێنی جێبەجێکردنی دادپەروەری بدات. دوو خاڵی گرنگ هەیە لێرەدا داوای دەکەین. یەکێک لەوانە دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و دووەمیان روونەدانی کۆمەڵکوژیەکی بەم شێوەیەیە. دوای رۆبۆسکی ئازارێکی زۆر دروست بوو. لە جزیر لە ژێرزەمینەکاندا هاوڵاتیانی کورد. ئەم هەموو کۆمەڵکوژیانە و کۆمەلکوژی رۆبۆسکی لەسەر بنەمای سیاسەتی شەڕ و مردن ئەنجامدرا، نەک گرتنەبەری ڕێگا و میتۆدی دیموکراسی لە پرسی کورددا. پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بەم شێوەیە سیاسەت بکەن.
جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرپسێکیش ئاشکرای دەکات بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خۆراک فرۆشی رێستۆرانت و خواردنگەکانی وڵاتەکە کەمی کردوە. ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 42 هەزار و 123 تمەن و بەهای هەر پاوەن-ی بەریتانی بۆ 51 هەزار و 845 تمەن بەرز بوەوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و زیاتر لە 104 رۆژە تمەن بە بەردەوامی دابەزین بەخۆیەوە دەبینی و پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی بەرامبەر تمەن تۆمار بکات و هەر بەهای هەر دۆلارێک بگاتە زیاتر لە 50 هەزار تمەن. لە لایەکی دیکەوە هەر بەهۆی هەڵاوسانەوە ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی برنج و رۆن و مریشک، فرۆشی خواردنگەکانی ئێران بەشێویەکی بەرچاو کەمی کردوە. سەرۆکی سەندیکای خاون خواردنگەکان لە ئێران ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی پێدوایستییەکانی خۆراک کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبونەوەی فرۆشی خورادنگەکانی وڵاتەکە هەبوە. بە وتەی سەرۆکی ئەو سەندیکایە، رێژەی فرۆشی خواردنگەکان 20 بۆ 30٪ کەمی کردوە کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆناش کەمترە. لە سێ مانگی رابردودا زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و بە جۆرێک رۆن بە رێژەی زیاتر لە دو هێندە بەربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی برنج و مریشک و پەتاتەش بە رێژە 150٪ بەرزوبونەتەوە. پێشبینیی دەکرێت دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی بەهای دراوی دۆلار بەردەوام بێت و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش ببێتە هۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و کەمبونەوەی توانای کڕینی دانیشتوانی ئێران.
هەسەدە رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ١٧٨ شەڕڤان شەهید بوون و ٤٤ سەربازی تورکیا، ٣٨٧ تیرۆریستی داعش و ٢٢ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکان، شەهیدی خەڵکی مەدەنی و شەڕڤان و کوژراوەکانی تورکیا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و تیرۆریستانی داعش لە سالی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە؛ لە هێرشەکانیدا ٥٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ١٢ کەسیان منداڵن و ٥ کەسیان ژنن. هەروەها، ٢٦٣ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون کە ٥٩ کەسیان منداڵن ٤٤ کەسیان ژنن. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەشڵێت، ئەمساڵ ١٧٨ شەڕڤانیان شەهید بوون کە ٩٥ شەڕڤان لە شەڕی مەرامبەر تورکیا، ٦٩ شەڕڤان لە شەڕی بەرامبەر داعش و ١٤ شەڕڤان بە نەخۆشی و روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها، لە ئەنجامی وڵامدانەوەی شەڕڤاناندا، ٤٤ سەربازی تورکیا و ٢٢ چەکداری گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و ٣٨٧ تیرۆریستی داعش کوژراون.
زیاتر103 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانیش بۆ 527 کەس بەرز دەبێتەوە رێکخراوێش هۆشداریی دەدات لە ئەگەری سزای سێدارە بۆ 100 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد لە 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 476 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لە بەرامبەردا 51 ئەندام و چەکدارای هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کوژروان. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان 100 دەستگیرکراوی دیکە چاوەڕێی سەپاندنی سزای سێدارە دەکەن لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا لانیکەم 130 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیر کراون.
ئەگەری داخستنی هەدەپە زیاتر دەبێت و لە دوایین راپرسی لە تورکیا دەردەکەوێت کەماڵ کڵچدارئۆغڵۆ سەرکەوتن بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بەدەست دەهێنێت. کۆمپانیای ئارتی بیر، تایبەت بە راپرسیی لە تورکیا، ئەنجامی دوایین راپرسیی خۆی بڵاو کردەوە و ئەگەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە وڵاتەکە بەڕێوەبچیت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا شکست دەهێنێت. بە پێی ئەنجامی ئەو راپرسییە 43.6٪ی بەشداربوان دەنگ دەدەن بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە و 39.4٪ ی بەشداربوانی ئەو راپرسییە دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی پارتی داد و گەشە – ئاکەپە دەدەن. هەر بە پێی راپرسییە رون نییە 17٪ی بەشداربوان دەنگ بە کاندی چ لایەنەک دەدەن. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ کاندیدیک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار لە تورکیا دیاریی نەکراوە، بەڵام ئاکەپە جەختی لە کاندیدکردنی ئەردۆغان کردوەتەوە و کاندیدی ئۆپۆزسیۆنیش یەکلایی نەبوەتەوە بەڵام سەرۆکی جەهەپەوە یەکێک لە کاندیدە لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رەتی کردەوە کە لە ئەگەری داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کاندیدەکانی ئەو پارتە لەسەر لیستی پارتەکەی ئەوان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بکەن. باباجان لەبارەی کەسی داخستنی هەدەپە وتی: هەرکەسێک تۆمەتی تیرۆر ئاراستەیی هەدەپە بکات، ئەو خۆی پشتیوانی لە تیرۆر دەکات. لە 21ی حوزەیرانی ساڵی 2021 سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە لە دادگای باڵای تورکیا تۆمارکرا و تا ئێستا ئەو پارتە لە دادگا بەرگرینامەی پێشکەش نەکردوە و لە ئێستادا دادگایی کردن لە قۆناغێکی زارەکیدایە.
هاوڵاتی ڤلادیمێر پوتین، ڕۆژی سێشەممە بڕیارێکی دەرکرد کە تییدا فرۆشتنی نەوت بەو کۆمپانیا وڵاتانە قەدەغە دەکات کە پابەندن بەو نرخەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کڕینی نەوتی خاوی رووسیا دیاریان کردووە لە وەڵامی داگیرکاریەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا. سەرۆکی ڕووسیا، ئاماژەی بەوەکردووە کە سزاکانی ڕۆژئاوا کاریگەری نابێت لەسەر هێرشە سەربازیەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیکردۆتەوە کە ڕووسیا کڕیاری نوێ ئەدۆزێتەوە بۆ نەوتی خاوی ڕووسیا. بڕیارەکە لە یەکی مانگی شووباتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن وبۆ ماوەی پینج مانگ فرۆشتنی نەوت بەهەموو ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە قەدەغە دەکات کە پابەندی ئەو نرخەی ڕۆژئاوان. هاوکات لە بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیادا هاتووە، فەرمانی قەدەغەکردنەکە ئەکرێت بۆ هەندێک مامەڵەی تایبەت لاببرێت. ئەم بڕیارەی سەرۆکی ڕووسیا دوای ئەوە دێت، حەوت وڵاتی زلهێزی جیهان و یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا لەم مانگەدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە بەرواری ٥ ی کانونی دووەمەوە هەربەرمیلێک نەوتی خاوی دەریایی ڕووسیا بە ٦٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئامانج لەو بڕیارەی ڕۆژئاوا گەمارۆدانی ڕووسیا بوو لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ئەوەی ڕووسیا نەتوانێت نەوتی خاوی دەریایی خۆی بە نرخێکی زۆر بە ڵاتانی سێیەم بفرۆشێت، هەروەها داهاتی ڕووسیا سنورداربکات بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا بەردەوام بێت لە دابینکردنی وزەی جیهان. لەبارەی کاریگەری بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیاوە، ڤیا چێسلاڤ، شرۆڤەکاری نەوت وگاز وتی، پێدەچێت بڕیارەکەی مۆسکۆ کاریگەری خێرای هەبووبێت، هەروەها وتیشی لە ئێستادا ئاسایی بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو هەیە لە بازاڕدا کە وابیرەکەمەوە بەهۆی کاریگەری بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیاوە بێت. لەدوای سعودیە، ڕووسیا دووەم هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا ودابڕانیکی گەورە لە فرۆشتنی نەوتی ڕووسیا و سزاکانی یەکێتی ئەورپا پێدەچیت کاریگەریەکی گەورە لەسەر دابینکردنی وزەی جیهان درووست بکات لە داهاتوودا.
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەشە خۆراکی مانگانەی ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرزتریان هەیە لەگەڵ ئەوانەی موچەی مانگانەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە ببڕدرێت. ئەمڕۆ سێ شەممە 27ی کانونی یەکەمی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی کرد و دوابەدوای کۆبونەوەکە نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیویەتی: "بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیاترکردنی ئەو چینانەی سودمەندن لە یەکەکانی بەشە خۆراک، لە نێویاندا ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا کاریگەریی لەسەر موچەکانیان دروستبووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتی بازرگانی هەستێت بە بڕینی یەکەکانی بەشەخۆراکی بەڕیوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی بە ئەو پلەیە و بەرزترن، وە ئەوانەی موچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە و گرتنەوەی باقی فەرمانبەرانیتر بە هەموو یەکەکانی بەشە خۆراک". لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی سودانیدا، بابەتی بەشە خۆراکی مانگانە بووە جێی سەرنجی پەرلەمانتاران و وەزارەتی بازرگانی و ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاردرا بڕ و جۆری بەشە خۆراک زیاتر و باشتر بکرێت.
هاوڵاتی لە شارۆچکەیەکی بەلجیکی لە شاری بالێن، دراوێکی خواردنەوە وەک بلیت دەدرێت بەو گەنجانەی کە بەڕێژەیەک خواردویانەتەوە کە سەرخۆش و بێ ئاگا نەبون وئاگایان لەخۆیانە، ئەمەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوەکان کە بەهۆی مەیخواردنەوە وسەرخۆشی درووست دەبن. لەم شارۆچکەیە ڕێژەی ئەو گەنجانەی کە دەخۆنەوە وبێ ئاگا دەبن زۆر زیادی کردووە و بەهۆیەوە کارەسات روودەدات، هەربۆیە پێش ئەوەی گەنجەکان باڕەکان و مەیخانەکان بەجیبهێڵن پشکنینێکیان بۆدەکرێت بە ئامێری هەناسەدان، ئەگەر سەلماندنیان لە رێژەی گونجاو و ڕێگەپێدراو زیاتریان نەخواردۆتەوە و ئاگایان لە خۆیانە ئەوا بلیتێک وەردەگرن کە کە دەتوانن ٣ بیرەی خۆڕایی پێ وەربگرن. ئەو ڕێکخراوەی کە ئەم بیرۆکەیەی داهیناوە دەڵێت، پۆلیس لە شارۆچکەکە زۆر هەوڵیان داوە کە کۆنتڕۆڵی ڕێژەی خورادنەوە وئەو ڕووداوانە بکەن کە بەهۆی کەسانی بێ ئاگا درووست دەبن، بەڵام نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن. هەروەها دەڵێت بەم ڕێگەیە دەمانەوێت ڕیگری بکەین لەوەی گەنجان خواردنەوەیەکی زۆری کحولی بخۆنەوە یاخود پێش ڕۆشتنە دەرەوەیان لە باڕەکان خواردنەوەیەکی کحولی هەرزان بخۆنەوە و زیاتر کاریگەریان لەسەر درووست بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی خواردنەوەی زۆرەوە گەنجەکان بەشێوەیەکی ناتەندرووست وهەڵە مامەڵە دەکەن وکارەساتی لێدەکەوێتەوە. بەشێک لەو گەنجانەی بەشداریان کردووە بە ڕێگایەکی باش و سەرکەوتووی دەبینن.
هاوڵاتی لەچواچێوەی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق بۆ بەهەمیشەییكردنی كارمەندانی گرێبەستی تەشغیلی لەسەر میلاكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان (140) كارمەند لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین لەو بڕیارە سودمەند بوون و كرانە هەمیشەیی. ئەمرۆ سێ شەممە 2022/12/27، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر بە هەمیشەییكردنی كارمەندانی گرێبەستی تەشغیلی لەسەر میلاكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراق دەربڕی و لەو ژمارەیە (140) كارمەندی گرێبەستی تەشغیلی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین لەو بڕیارە سودمەند بوون و كرانە هەمیشەیی. ئەو كارمەندانە ساڵانێكی زۆرە بە شێوەی گرێبەستی تەشغیلی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كار دەكەن و چاوەڕێی ئەوە بوون ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و بكرێنە هەمیشەیی تا ئەمڕۆ بڕیاری دامەزاندنیان بەشێوەی هەمیشەیی درا.
هاوڵاتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەسەر شەقامەکانی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، تەشەنەسەندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەتایبەتیش لەنێویاندا ئۆپیۆید ئاشکرا بوو؛دوای ئەوەی پشکنینەکان ڕایانگەیاند کە بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئۆپیۆید گیانی لەدەست داوە. ئەو ژنە یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، هاوڕێکانی ئاماژەیان بەوەداوە کەماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەوەش بەڕوونی لەکاتی ڤیدیۆکانیدا هەستی پێکراوە. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەجۆرێک زیادی کردووە کە دایکان وباوکان نیگەرانن لە پەرەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کچە گەنجەکانیاندا، کە هەندێکیان هێشتا لە قوتابخانەن وتەمەنێکی کەمیان هەیە. دایکی یەکێک لەو کچانەی کە کچەکەی تووشبووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە دەڵێت، ڕۆژیکیان حەبی ترامادۆڵ و گەڵای توتنم لەناو جانتای کچەکەم دۆزیەوە، کاتێکیش پرسیارم لێکردووە دەربارەی ئەو دەرمانانە پێیوتوم کە هاوپۆلەکانی هانیان داوە، واتە بەجۆرێکی زۆر مەترسیدار تەشەنەی کردووە لەناو کچانی گەنجدا. یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵانە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەمینۆ عەبدی لەبارەی ئالودەبونیەوە بە ماددە هۆپشبەرەکان دەڵێت بەهۆی هاوڕێکانی و هاوسەرەکەیەوە دەستیکردووە بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەڵێت لەسەرەتادا بە کێشانی توتن دەستم پێکردووە، دواتر چومە سەر دەرمانە قورسەکانی دیکە کە لەڕێگەی دەرزی لێدانەوە بەکاردەهێنرا، بۆنمونە پێتیدین. ئەمینۆ عەبدی دەڵێت، دوای ئەوەی دەستمکرد بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا دەمکێشا وخەووم لێدەکەوت، هەر بەوهۆیانەوە نێوانم لەگەڵ هاوسەرەکەم تێکچوو وە ئێستا بەتەنها لەگەڵ منداڵەکەم ئەژیم وجیابومەتەوە، دەڵێت هاوسەرەکەم کاریگەریەکی خراپی هەبووە لەسەرم بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. ئەمینۆ عەبدی یەکێکە لەو ژنانەی کە دەیەوێت وازبێنێت لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، بەڵام باس لەوە دەکات بەهۆی نەبوونی سەنتەری چاکسازی پێویست بۆ یارمەتیدان وچارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرکانن لە سۆماڵ، ئەوە کاریکی سەختە بۆیان . جگە لە بەکارهێنانی ئۆپیۆید بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو ژنان وکچانی گەنجدا لە سۆماڵ، یەکێکی دیکە لە ماددەکان کە ژنانێکی زۆر ئالودەی بوون گەڵایەکە بەناوی " تابوو"، هاوکات ماددەکانی وەک مۆرفین، کۆدەین، ترامادۆڵ کە ئەمانە زیاتر لەڕێگەی بۆریەکانی خوینەوە بە دەرزی بەکاردەهێنرێت. پۆلیسی مۆگادیشۆ، ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن لەنێو ژنان و کچانی سۆماڵ و حاڵەتێکی زۆریان تۆمارکردووە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە ژنان ڕوویان لە جۆرە نوێیەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردووە. هاوکات، پۆلیسی مۆگادیشۆ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆگادیشۆ دەستیان بەسەر بارێکی گەورەدا گرتووە کە بەشێکی زۆری ئۆپیۆید بوو، هەروەها ئەوانەیان دەستگیرکردووە کە گواستویانەتەوە.
هاوڵاتی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر تاپۆکردنی خانوبەرەکانی سنوری شەنگال درا، هاوکات لەگەڵ چەند بڕیاریکی دیکەی پەیوەست بە وانەبیژان وکارمەندانی وەزارەتی پەروەردە. لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە خانوبەرەکانی سنوری خانەسۆر، دووگرێ، بۆرک، کۆهبل، تەل قەسەب، تەل عوزێر، سیپا شێخدری و کرزرک بەناوی خاوەنەکانیان تاپۆبکرین. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ئەو فەرمانبەرانەی کە گریبەستن لە وەرزارەتی پەروەردە درا. لەبارەی کارمەند وفەرمانبەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە ١١٠٣١ پلەی وەزیفی هەمیشەیی بۆ ئەو کارمەندانە دابنرێت کە گریبەستن، هاوکات جگە لە کارمەندانی وەزارەتی نەوت بڕیارەکە بۆسەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکانی دیکەی عێراقە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسایەی کە لە ئاسایشی خۆراکدا هاتووە، بڕیارەکە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا بڕگەی بۆدانراوە. سەبارەت بەبڕیاری پلە وەزیفی کارمەندانی وەزارەتی نەوت، بڕیارەکە بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەش دەبێت، بەشێکیان ئەوانەن کە پێش ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەکانیان لەگەڵ کراوە وژمارەیان ٨٣٣٨ کەسە، بەشێکی دیکەشیان کە ١٦٧٨ کەسن کە لە یاسای بودجەی ١ی ٢٠١٩ کە بەپێی یاسای (١١/ چوارەم/ ئەلف) گرێبەستەکانیان بۆ کراوە. هاوکات بڕیاریشیدا ئەوانەی بەکرێی ڕۆژانە کاریان کردووە لە کۆمپانیاکانی سەربەوەزارەتی نەوت، بکرێنە گرێبەست. ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وکارمەندەکانی کۆمسیۆنەکە بڕیاریدا کە دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٣١٩٣ پلەی وەزیفی دابنێت؛ ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە وادەی پێش ٢ی تشرینی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ گریبەستیان لەگەڵ کراوە. ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پسوڵەیی خۆراک وئەو چین وتوویژانەی کە دەتوانن سودمەند بن بڕیاریدا کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل وخۆراک لەناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان سەروو ٢ ملیۆن دینارە و ئەوانەسی کە بەڕێوبەری گشتین پسوڵەکانیان لێوەربگیرێتەوە ونەتوانن سودمەند بن لە فۆرمی خۆراک، ئەمەش بۆئەوەی چینەکانی تر بتوانن سودمەندبن.
ساڵح موسلیم داوای لە حکومەتی فەڕەنسا کرد کە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس بە جددی وەربگرێت و بۆ ئەوەی راستی و دروستی خۆی پیشان بدات، دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکە نیوەچڵ نەهێڵێتەوە. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوارنیوز، ئاماژەی بە هێرشی سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس کرد کە بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، میر پەروەر هونەرمەندی باکوری کوردستان و چالاکوانێک بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ هاوڵاتیش بریندار بوون. هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن ساڵح موسڵم وتی، تاوەکو ئێستا پیلانی لەناوبردنی کورد کە لەساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد بەردەوامە. پلانەکە دوای تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ دەستی پێکرد. هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان. ئێستاش بۆ لەناوبردنی کورد هەموو هەوڵێک دەدەن. لەدژی گەریلاکان چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنن. بینییان کە ناتوانن رۆژئاوای کوردستان لەناوببەن، بۆیەش دەستیان بە پلانی تیرۆرکردن کرد. هێرشەکەی پاریس لەم چوارچێوەیەدا بوو." ئیمڕالی خاڵی سەرەکیە هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت، ناوی سی پی تی پشتگیریکردنی ئەشکەنجەیە، نەوەک رێگریکردن لە ئەشکەنجە. بەداخەوە ئەو رێکخراوە بووە چاودێری ئەشکەنجە. لەبەرامبەر گۆشەگیری ئیمڕالی بۆ سەر عەبدوڵلا ئۆجالان خۆی بێدەنگ کردووە و وتی، " ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیی لە ئیمڕالی هەیە. لەم دۆخەدا خۆکەڕکردن هەڵوێستێکی نامرۆڤانەیە." فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، لە باکوری کوردستان و تورکیا سیاسەتمەداران دەستگیر دەکرێن و لە دەرەوەش کۆمەڵکوژی دەکەن و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " ١٢ رۆژ لەمەوبەر بکوژەکەی پاریس لە زیندان ئازادکراوە. لە زیندان کێ بەخێوی کردووە کە هاتە دەرەوە کورد بکاتە ئامانج. دەوڵەتی فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات. ئەگەر ١٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنی کورد لە پاریس روون و ئاشکرا بکرایە، ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵکوژیە ئەنجام نەدەدرا. بۆیەش پێویستە فەرەنسا دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکەی پاریس نیوەچڵ نەهێڵێتەوە."
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتییان کرد دوای پشوی سەری ساڵ سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیانو پێدانی پۆڵەت پێیان . وتیشی تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە یەک ساڵی دیارکردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت. ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت ناسەنێت، بەڵکو لە گەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ: هاووڵاتی بەڕێز وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواتان لێ دەکات کە هەر کەسێک چەکی ( تەنیا چەکی ئاگرین: واتا دەمانچە و کلاشینکۆف) لە ماڵەوە هەیە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نیە، لە دوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانەی خوارەوە بکات بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی. تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە یەک ساڵی دیارکردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت. بۆ زانیاریتان، کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت ناسەنێت، بەڵکو لە گەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. مافی دەرهێنان و هەڵگرتنت نیە تا مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بەدەست نەهێنیت. ئەو چەکەی بە ناوی تۆ تۆمار کراوە، ئەگەر تەنیا لە ماڵەوە بیپارێزی و نەیبەیتە دەرەوە، ڕووبەرووی هیچ لێپرسینەوەیەک نابیت. پەلە بکەن لە سەردانیکردنی ئەم بنکانەی خوارەوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانتان دەست نیشان کراون... راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هاوڵاتی لافاوەکەی پاکستان کە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی گرتەوە یەکێکە لە ڕوداوە سروشتییانەی زۆرترین زەرەریان داوە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا و بەرزبونەوەی پلای گەرمی زەوی ڕویانداوە بەپێی راپۆرتێکی کریستیان ئەید، وشکەساڵی، لافاو، زریان و گەردەلوول لە زیانبەخشترین کارەساتەکانن کە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا لە جیهاندا دروست بوون لە ڕاپۆرتەکەدا نرخی زیانەکانی ئەو ڕوداوانە لە ٣ بلیۆن دۆلار بۆ ١٠٠ بلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. ١٠ زیانبەخشترین کارەساتە سروشتییەکانن بۆ ساڵی ٢٠٢٢: ١- گەردەلولی ئیان ١٠٠ بلیۆن دۆلار ئیان گەردەلولێکی جۆری پلە 4 بوو کە زیانێکی زۆری لە ڕۆژئاوای کوبا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەیاند. لە ماوەی حەوت ڕۆژدا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بەلایەنی کەمەوە 150 کەسی کوشت و 40 هەزار کەسی ئاوارە کرد. 2- وشکەساڵی لە ئەوروپا ٢٠ بلیۆن دۆلار وشکەساڵی ساڵی ٢٠٢٢ یکیشوەری ئەوروپای گرتەوە کە بەخراپترین وشکەساڵی دانرا لە مێژوی کیشوەرەکەدا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە، بەردەستبوونی ئاو و ژیانی زیندەوەرانی کێوی هەبوو،هەروەها بووە هۆی دروستبونی ژمارەیکی زۆر لە ئاگری سروشتی. 3- دروستبونی لافاو لە چین ١٢ بلیۆن دۆلار لە مانگی شەشی ٢٠٢٢ دا شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز چینی گرتەوە کە بە بەهێزترین شەپۆلی باران بارین دادەنرا لە ساڵی ١٩٦١ وە و بووە هۆی دروستبونی لافاو داچونی زەوی لە هەندێک ناوچە هەروەها هەزارەها کەس بە ناچاری ماڵەکانیان چۆڵکرد. 4- وشکەساڵی لە چین ٨ بلیۆن دۆلار لە مانگی هەشتی ٢٠٢٢ چین ڕوبەڕوی وشکەساڵی بۆوە کە زیاتر لە 70 ڕۆژ لە پلەی گەرمای زۆر و نزمی باران بارین کاریگەری خراپی لەسەر حەوزی ڕووباری یانگتی کردووە، کە زیاتر لە 450 ملیۆن کەس و سێیەکی بەروبوومی ئەو وڵاتە پشتیان پێدەبەست. 5- لافاو لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا - 7.5 بلیۆن دۆلار لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا مانگی ئازار، ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا تووشی لافاو بوون کە بووە هۆی کوژرانی 27 کەس و ئاوارەبوونی 60 هەزار کەس. چەند شارۆچکەیەک لە باکوری نیو ساوت وێڵز، بۆ نمونە، تەنها لە شەش کاتژمێردا بەهای مانگێکی بارانیان هەبوو، وە ئەمە ڕوویدا لە کاتێکدا ئەوان هێشتا لە هەوڵی چاکبوونەوەدان لە تۆماری لافاوی مانگ پێشوتر. 6- لافاوی پاکستان ٥،٦ بلیۆن دۆلار لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە بۆ مانگی ئەیلول لافاو زیاتر لە 1700 کەسی کوشت و حەوت ملیۆن کەسیش لە پاکستان ئاوارە بوون 7- گەردەلولی ئیونس ٤،٣ بلیۆن دۆلار لە مانگی دووی ٢٠٢٢ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ، زریانی ئیونیس وێرانکاریی لە سەرانسەری بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیرلەندا، هۆڵەندا، پۆڵەندا و بەریتانیا دروستکردو حەوت کەس بەهۆیەوە مردن. لە بەریتانیا خێرای با بووە ١٢٢ میل لە کاتژمێرێکدا کە بە بەهێزترین با دا دانرێت لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا 8- وشکەساڵی لە بەڕازیل ٤ بلیۆن دۆلار بە درێژای ساڵەکە بەڕازیل لە وشکەساڵیدا بوو بەتایبەت نزمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکانی ئەمازۆن جێگەی نیگەرانییە. 9- گەردەلولی فیۆنا ٣ بلیۆن دۆلار لە کۆتاییەکانی مانگی نۆ گەردەلولی فیۆنا دورگەکانی کاریبیان وکەنەدای گرتەوە کە زیاتر لە 25 کەسی کوشت و 13000 کەسی ئاوارە کرد وبەلایەنی کەمەوە چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داخرابوون و ڕێگاکان بەتەواوی داخرابوون. 10- کوازولو ناتال و لافاوی ڕۆژهەڵاتی کەیپ، ئەفریقای باشوور ٣ بلیۆن دۆلار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە مانگی نیساندا 459 کەسی کوژران و زیاتر لە 40 هەزار کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن خزمەتگوزاری ئاو داخرا و، یەکێک لە قەرەباڵغترین بەندەرەکانی ئەفریقای باشوور تێکشکا.
