هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەستكەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی بڵاوكردەوە و بە پێی ئامارەکە، ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەی زیاتر هەشت ملیار دۆلار بووە. ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت کۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند ووتی ،فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ لەماوەی مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٢٩ بەرمیل. هەروەها كۆی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار و ٦٩٦بەرمیل بووە. هاوكات بڕی هەناردەكراوی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بەندەری میناوە دوو ملیۆن و ٣٦٣ هەزار و ٢٠ بەرمیل بووە، هەروەها تێكڕای نرخی یەك بەرمیل ٨٢ دۆلار بوو. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕەی كە هەناردەكراوە لەلایەن ٣٨ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییەوە باركراوە، لە بەندەرەكانی بەسرە و خور ئەمایە بۆ سەر كەنداو و بەندەرەكانی توركیاوە گواستراوەتەوە. جێگای باسە، داهاتی نەوتی مانگی تشرینی یەكەم كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشرابوو بریتی بوو لە حەوت ملیار و ٦٨٠ ملیۆن دۆلار.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەی رەقادا شەش ئەندامی ئاسایش و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، تویتێکی لەبارەی زیانە گیانیەکانی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا بڵاوکردەوە. مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، بە گشتی شەش کەس شەهید بوون کە سێیانیان ئەندامی ئاسایش و سێیانەکەی دیکەش شەڕڤانی هەسەدەن. پشتریش میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دوو تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە کوژراون کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە. ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد کە شانەیەکی شاراوەی داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و هێرشەکە لە نزیک گرتووخانەیەکی شارەکە کە تیرۆریستی داعشیان تێدایە ئەنجامدراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕوسیا ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لەشەڕی ئۆکرانیا گفتوگۆ بکات بەڵام کیڤ و پشتگیرە ڕۆژئاواییەکانی ڕەتیانکردەوە کە بەشداری گفتوگۆ بکەن، کیڤیش دەڵێت مۆسکۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات. ڤلادمیر پوتین لە جاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆی ڕوسیا وتی: "ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەین کە تێوەگلاون لەم جەنگە سەبارەت بە چارەسەرە پەسەندەکان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەوان کەوتووە - ئێمە ئەو لایەنە نین کە ڕەتی دەکەینەوە دانوستان بکەین، بەڵکو ئەوانن." پوتین خۆرئاوای بەوە تۆمەتبارکرد کەهەوڵی داوەڕووسیا لەیەک جیابکاتەوە وتیشی"لەو باوەڕەدام کە ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا کاردەکەین، بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و گەلەکەمان دەکەین و ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە پاراستنی هاوڵاتیانمان". لە وڵامی پرسیاری کە ئایا ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئاستێکی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە و گوتی: پێم وانییە زۆر مەترسیدار بێت". پوتین وتیشی: "لە ڕاستیدا، ئەو شتە بنەڕەتییەی کە لێرە هەیە سیاسەتی دژبەرە جیۆپۆلەتیکیەکانمانە کە ئامانجیان ئەوەیە ڕوسیای مێژوویی لێک جیابکەنەوە" بەرپرسانی ئۆکرانیا لێدوانەکەی پوتینیان بە بێمانا وەسف کرد و وتیان، " هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی کریسمەسیان بەسەر برد بۆ بۆردومانکردنی زیاتر لە 25 شارۆچکە بە درێژایی هێڵی پێشەوەی کوپیانسک-لیمان و نزیکەی 20 شارۆچکە لە زاپۆریزژیا ،و بەلایەنی کەمەوە بە 10 مووشەک هێرشی کرایە سەر ناوچەی کوپیانسک لە هەرێمی خارکیڤ" لەهەمان کاتدا ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی پۆتین پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ واقیع و دان بەوەدا بنێت کە ئەوە ڕوسیایە نایەتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو ڕاوێژکارە وتیشی ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیان دەکوژێت "ڕووسیا دانوستانی ناوێت، بەڵکو هەوڵ دەدات خۆی لابدات لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بڕیارەکانی ولەسەر خۆی لایبات" هاوکات کرێملین دەڵێت شەڕ دەکات تا هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت لە کاتێکدا کیڤ دەڵێت پشوو نادات هەتا هەموو سەربازە ڕووسیەکان لە هەموو ناوچەکە دەکرێنە دەرەوە.
هاوڵاتی بۆقی شوشەیی، کە قەبارەکەی بە هێندەی مارشمیلۆیەکە، لەکاتی خەوتندا یاخود لەکاتی هەستکردن بە مەترسی زۆربەی خرۆکە سورەکانیان لە جگەریاندا کۆدەکەنەوە، بەمشێوەیەش تەواو بێڕەنگ و ڕوون دەردەکەون و رەنگی خۆیان لەگەڵ ڕەنگی گەڵای ڕووەکەکان دەگونجێنن و لە هێرشی ڕاوکەرەکانیان پارێزراو دەبن. بۆقی شوشەیی کە لە ناوچە گەرمەکان دەژی، بۆماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن زاناکانی بایۆلۆجیەوە سەرنجی ئەوە درابوو کە چۆن ئەم رێگەیە بۆ خۆپارێزی کردن بەکاردێنێت، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکرابوو کە چۆن دەتوانن ئەم کردارە ئەنجام دەدەن. ئێستا لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لە زانکۆی دوک لە ئەمریکا ئەوە دۆزرایەوە کە بۆقی ناسراو بە " بۆقی شوشەیی" ڕێژەی %٨٩ خانەکانی خوێنیان کۆدەکەنەوە لەناو جگەریاندا لەکاتی خەوتن یان کاتێک کە هەست بە مەترسی بکەن، بەمەش %٦٠ لەشی بۆقەکە ڕوون و بێرەنگ " شەفاف" دەبێت. کارلۆس تۆبوادا و دێلیا، دوو زانان کە کاریان لەسەر ئەم تویژینەوەیە کردووە، بەم جۆرە باس لەو میکانیزمە ئەکەن کە ئەم جۆرە بۆقە بەکاری دێنن، بۆقی شوشەیی بەجۆرێک خرۆکە سورەکانیان لە جگەردا کۆدەکەنەوە کە ڕێژەی مەیینەکەی نەگاتە حاڵەتێک کە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان، لەکاتێکدا کە ئەم میکانیزمە بەکاردێنن و تەواو شەفاف دەبن؛ بەجۆریک ڕوون دەردەکەون دەتوانی لێدانی دڵیان ببینی لەوکاتەدا و زۆربەی ئەندامەکانی لەشیان لەسەر پێستیانەوە بەدی ئەکرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم جۆرە بۆقە میکانیزمی کۆکردنەوەی خانەکانی خوێن و مەینی بە ڕێژەیەکی گونجاو بەکاردێنن بۆ خۆپارێزی لە ڕاوکەرەکان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە مرۆڤ وزۆربەی ئاژەڵەکانی تردا ئەمە حاڵەتێکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی جەلدەی دڵ کاتیک خانەکانی خوین لەشووێنیکدا کۆدەبنەوە بەیەکەوە. هاوکات لەبارەی میکانزمەکەوە تویژەرکان باسیان لەوە کرد، بۆقی شوشەیی لەکاتی بە ئاگابوون یان کاتێک دەیەوێت ڕاوبکات خانەکانی خوێنی بڵاودەکاتەوە بۆناو سوڕی خوێن، بەمەش دووبارە دەچێتەوە باری ئاسایی، بەڵام هەرکات هەست بەمەترسی بکات دووبارە دەتوانێت لەماوەیەکی کورتدا خڕۆکە سورەکان لە جگەردا کۆبکاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە بەهۆی کۆکردنەوەی تەواوی خانەکانی خوێنەوە لە جگەردا قەبارەی جگەر دوو هێندە زیاد دەکات و لەبەرامبەردا لەکاتی بە ئاگایی بۆقەکەدا دووبارە جگەر دەچێتەوە قەبارەی ئاسایی خۆی. زاناکان لەبارەی سود وەرگرتن لەم میکانیزمە ومەیاندنی خوێن بەوڕێژە گونجاوە لە مرۆڤیشدا کە نەبێتە هۆی مردنی گیانلەبەرەکە باسیان لەوە کرد ئەوە کارێکی زۆر و ماوەی چەندین دەیەی دیکەی دەوێت بۆ لێکۆڵینەوە.
هاوڵاتی سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆریای باکور سنوری وڵاتەکەیانی بەزاندووە و لە وڵامدا تەقەیان لە فڕۆکەکان کردووەو هەوڵیان داوە بیخەنە خوارەوە. لی سێونگ ئۆ بەرپرسێکی سەربازیی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کە سوپاکەیان فڕۆکەی چاودێری ڕەوانەی باکور کردووە بۆ وێنەگرتنی جێگیرە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو چاودێری کردنیان، وتیشی: "ئەمە هەوڵێکی ئاشکرای کۆریای باکورە بۆ وروژاندن و توڕەکردنی ئێمە بە شکاندنی سنورە ئاسمانییەکانمان ". وتیشی ، یەکێک لەو پێنج فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کۆریای باکوور لە نزیک پایتەختی کۆریای باشوور، سیئۆل وە تێپەڕیوەو ئەوانی دیکە لە نزیک کەناری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە ڕۆشتون. ،باسی لەوەشکرد فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور کە لە ڕۆژی دووشەممەدا هاتونەتە سنوری وڵاتەکەوە قەبارەیان بچوک بوەو نزیکەی دوو مەتر بونە. ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، تەقەکردنەکانمان بە مەبەستی خستنە خوارەوەی درۆنەکان بووە.بەڵام نەیوت کە درۆنەکان خراونەتە خوارەوە یان نا ،بەڵام، ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، سوپای کۆریای باشور نزیکەی سەد جار تەقەیان لە درۆنەکان کردووە بەڵام نەیانتوانیوە هیچیان بخەنە خوارەوە. لی سیۆنگ ئاماژەی بەوەشدا، کۆریای باشور وەک وڵامێک فڕۆکەی ناردووە بۆ کۆریای باکور بە مەبەستی وێنە گرتن و پشکنین، چونکە پێیان وایە مەبەست لە هاتنی فڕۆکەکانی کۆریای باکوریش بۆ پشکنین بووە. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی کە لە فڕۆکەخانەی ئینچیۆن و گیمپۆ دەردەچوون، دوای داوایەکی سەربازی ڕاگیرابوون و لە ئێستادا کراونەتەوە. هاوکات سەبارەت بەم ڕوداوە کۆریای باکورهیچ وڵامێکی نییە و بێدەنگە . جێگەی باسە ئەمساڵ کۆریای باکوور ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام داوە کە هەندێک لەشارەزایان بەهەوڵێک ناویدەبەن بۆ باشترکردنی چەکەکانی و فشار خستنەسەر ڕکابەرەکان بۆ بۆ لابردنی سزاکان لەگفتوگۆکانی داهاتوودا،و بەرپرسانی کۆریای باشوریش دەڵێن کۆریای باکور نزیکەی ٣٠٠ درۆنی هەیە.
بەگوێرەی دوایین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوەندی ئاسایشی هێزەکانی ناوخۆی شاری رەقا، پێنج ئەندامی ئاسایش بریندار بوون و دوو تیرۆریستی داعش کوژراون. ئاژانسی نورس پرێسی نزیک لە خۆبەڕێوەبەری باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی شانە شاراوەکانی داعشدا لە بەرامبەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا، پێنج ئەندامی ئاسایش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایشی رەقادا، دوو تیرۆریستی داعش کە یەکێکیان پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو، کوژراون. بەگوێرەی زانیاریەکانی نورس پرێس، هێزە ئەمنیەکانی شارەکە هەموو رێگە سەرەکیەکانیان داخستووە و دەستیان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کردووە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا تاوەکو ئێستا هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە نەداوە.
گروپێک لە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، گروپێک لە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە، سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکی دریای نزیک لە نەخۆشخانەی وەتەنی شاری رەقا. هێزەکانی ئاسایش، دوای هێرشەکە ناوچەکەیان گەمارۆداوە و هاتوچۆ قەدەغەکراوە و بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستانی داعش ئۆپراسیۆن دەستی پێکردووە. بەگوێرەی زانیاریەکان، لە نزیک ناوەندی ئاسایش کە رووبەرووی هێرشەکە بووەتەوە، گرتووخانەیەکی تیرۆریستانی داعش هەیە و پێشبینی دەکرێت، ئامانجی هێرشەکە گرتووخانەکە بێت. تاوەکو ئێستا، ئاسایشی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هیچ زانیاریەکی لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانیا پشتڕاست دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت چارەسەری کێشەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دوشەممە ؛ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپای تۆمەتبارکرد بە دەستوەردان و هاندانی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و وتیشی ئەو هەنگاوانە بە بێ زیان نابێت بۆ ڵاتانی رۆژئاوا. کەنعانی وتی؛ ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوا جەختیان لەوە کردوەتەوە ئامانجیان لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکان روخانی دەسەڵاتی وڵاتەکە نییە بەڵام تاران ئەو هەڵسوکەوت و دەستوەردانانە فەرامۆش ناکات. وتەبێژی وەزارەتی دەرە وتیشی؛ ئێران هاوکاریی دەستەی ئاشکراکردنی روداوەکانی ناوخۆی وڵاتەکە لە نەتەوەیەکگرتوەکان ناکات و هەڵوێستی تاران لەسەر ناڕەزایەتییەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بە رەگەزنامە بەریتانیی لە ناڕەزایەتییەکان پشتڕاست کردوە و ئاماژە بەوەشکراوە بە گشتی لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی بیانی لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەستگیر کراون. کەنعانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ریاز و تاران رایگەیاند؛ هەنگاوی باش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بە هاوکاریی و نێوەندگیریی عێراق نراوە و بارودۆخەکە گونجاوە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە بەغداد بەڕێوبچێت. لە بەشیکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، ناسر کەنعانی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە بە پێی پێگەکەی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت چونکە چارەسەری کێشەکانی ناوچە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ تاران ئەنجامی نابێت.
هاوڵاتی ژمارەیەك پەرلەمانتار داوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەكەن، تایبەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار وهەروەها، داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو دەكەن، بەرامبەر بانكی ناوەند. بەپێی نوسراوێك، بەشێك لەپەرلەمانتارانی عێراق كەژمارەیان ٦٥ پەرلەمانتارە واژۆیان كۆكردوەتەوە و ئاراستەی سەرۆكاییەتی پەرلەمانیان كردوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی تایبەت لەسەر بەرز بونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر دیناری عێراق وداوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو دەكەن بەرامبەر بانكی ناوەندن، هەروەها دەشڵێن بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، لە هەندێک ناوچە ئەگەری بارانبارین هەیە. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ ئەگەری نمە بارانێکی کەم بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای هەرێم لە کاتەکانى شەودا. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 13پلەى سیلیزى سلێمانی : 9 پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 14پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 14 پلەى سیلیزى سۆران : 9 پلەى سیلیزى گەرمیان : 14 پلەى سیلیزى سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان لەنێوان پەڵە هەورو نیمچە هەور دەبێت، پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، تەنها ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێت کەمێک بە (1-2) پلە نزمتر دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 14 پلەى سیلیزى سلێمانی : 10 پلەى سیلیزى دهۆک : 13 پلەى سیلیزى کەرکوک : 15 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى زاخۆ : 14 پلەى سیلیزى سۆران : 10 پلەى سیلیزى گەرمیان : 15 پلەى سیلیزى
رۆژنامەی لیبیرەیشنی فەڕەنسی بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانی کوردان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایگەیاند، سێبەری تورکیا لە پشت هێرشەکەی پاریسەوە دەبینرێت. رۆژنامەی لیبیرەیشن راپۆرتێکی لەبارەی هێرشە چەکداریەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆسەر کۆمەڵەی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوکردەوە کە بەهۆیەوە سێ کورد شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. رۆژنامەکە دەڵێت، گۆمانی ئەوەدەکرێت، دەزگای هەواڵگری تورکیا لەپشت هێرشەکەوە بێت و بۆیەش کوردەکانی تووڕە کردووە. هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاندووە، هێرشبەرەکە کەسێکی رەگەزپەرستە و هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە لەلایەن تورکیاوە هێرشەکە ئەنجام درابێت، بەڵام پارت و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە، بەرپرسیاری هێرشە دەخەنە ئەستۆی دەزگای هەواڵگری تورکیاوە. کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لە شەهیدەکانی پاریس بە ناوی ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بووە و نزیکەی ٣٥ ساڵ لەنێو ریزەکانی پەکەکەدابووە و بەشداری لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستانیشدا کردووە و بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی ئەوروپا کرابوو. کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە هێرشەکە هاوشێوەی هێرشی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریس کە تێیدا سێ ژن کورد بەناوی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید بوون، لەلایەن میتی تورکیاوە ئەنجامدراون.
هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار کاتییە و عێراق توانای ھەیە بۆ جێگیرکردنەوەی رەوشەکە. مهزههر محهمهد ساڵح راوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی به ئاژانسی فەرمی ههواڵی عێراقی راگهیاند، بەرزبوونەوەیەکی كهم له نرخی ئاڵوگۆڕی دراو له دهرهوهی نرخه ناوهندییهكانی لەئێستادا به هۆكاری ناوخۆیی و دهرهكی هاتووەته ئاراوه. وتیشی،ھۆکارە ناوخۆییەکان پەیوەندییان بە دۆلاری نەختینەوە ھەیە، کە بانکی ناوەندی ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار دابیندەکات بۆ نوسینگە و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکان بە مەبەستی گەشتیاری، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ لەئێستادا بە دۆلار کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی نێودەوڵەتی ناڕازین سەبارەت بە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن ھەندێک لە بانکە ئەھلییەکان، بۆیە گواستنەوەی دۆلار لەلایەن بەشێک لەو بانکانەوە رەتکراوەتەوە، وبانكه ئههلییهكان پابهند دهكرێن به بنهما سهرهكیهكان لهگواستنهوهی دۆلار بۆ دهرهوهی وڵات، ئهویش لهڕوی وردبینی و متمانهپێكردنی داواكارییهكانهوه دهبێت، ئهم بابهتهش ورده ورده بهرهو باشتر دهڕوات. مهزههر محهمهد ساڵح باسی لەوەشکرد، یهدهگی دراوی بیانی گهیشتووهته بهرزترین ئاست له مێژوی دارایی عێراقدا، ئهمهش مانای وایه هیچ ترس و نیگهرانییهك نییه له توانا داراییهكانی عێراق له سهپاندنی سهقامگیری بۆ بههای دینار و بهرزبونهوهی دۆلاریش كاتیه، تا ئهو كاتهی كه بابهته پهیوهندیداركانی پهیوهست به كاروباری كارگێڕی و رێكخراوهیی له مامهڵهكردن لهگهڵ گواستنهوهی دهرهكی و بازرگانی دراوی بیانی رێكدهخرێن. ئەمەشلە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا ناجێگیری بەخۆیەوەبینی و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هاوڵاتی تایوان دەڵێت، چین 71 فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی شەڕکەری لە مانۆڕێکی سەربازیدا بەکارهێناون، کە 47 لەوانە سنووری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە. وەزارەتی بەرگری تایوان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لە نێوان کاتژمێر ٦ی بەیانی یەکشەممە بۆ ٦ ی بەیانی دووشەممە دوای ئەوەی چین تووڕەیی دەربڕی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تایوان،لە نمایشێکی سەربازیدا چین 71 فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی شەڕکەری بەکارهێناوە، کە 47 لەوانە سنووری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە. وتیشی ،ئەو فڕۆکانەی چین بەرەو تایوان نێردراون 18 فڕۆکەی جەنگی جەی-16 و 11 شەڕکەری جەی-1 و 6 شەرکەری سو-30 و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون. ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوام چاودێری جوڵ سەربازییەکانی چین دەکەن و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و دەریاییان لە ئامادەباشیدایە. گێچەڵی سەربازی چین بۆ سەر دورگەی تایوان لەم ساڵانەی دوایدا چڕتر بۆتەوە و بەردەوام فڕۆکە و کەشتی دەنێرێتە سنوری ئەو دورگەیەوە بەهۆی ئەوەی تایوان هەرێمێکی خۆبەڕێوبەرە، کە هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی رانەگەیاندووە و لەژێر هەژموونی چیندایە، بەڵام خاوەنی حکومەت و پەرلەمانی خۆیەتی. لە ماوەی رابردوودا تایوان وا دەرکەوتووە هەوڵ بۆ سەربەخۆبوون بدات و لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی باشووری ئاسیا و رۆژئاواشەوە پشتگیریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لێدەکرێت. هاوکات ئەمە سێیەم فراوانترین "سنوور بەزاندنی" چینە بۆ سەر تایوان کە بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت.
تورکیا گەشت لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە قەدەغە دەکات لە کاتێکدایە ئەو پەرلەمانتارە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتی سوید-ە. ئاژانسی میزپۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ زەینەل ئۆزەن، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بە مەبەستی گەشتکردن بۆ وڵاتی سوید چوەتە فڕۆکەخانە و لەوێ زانیویەتی کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە چونی بۆ دەرەوەی وڵات قەدەغە کراوە. ئەو پەرلەمنتارەی هەدەپە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە کاتێکدا ئەو هاوڵاتی سویدە و ماوەی 35 ساڵە لەو وڵاتە دەژی، بەڵام لە کاتی چونەوەی بۆ ئەو وڵاتە بەمەبەستی سەردانکردنی خانەوادەکەی، لە فڕۆکەخانە زانیویەتی کە چونە دەرەوەی لە تورکیا لێ قەدەغە کراوە. زەینەل ئۆزەن، داوای کرد بەپەلە قەدەغەی گەشت لەسەری هەڵبگیرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە دەسەڵاتی ئێستای تورکیا چەند زیاتر ستەم بکات کاتی لەناوچونی ئەوەندە نزیک دەبێتەوە.
هاوڵاتی بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە یابان نزیکەی ١٧ کەس مردون و ٩٣کەسی دیکەش برینداربوون لە هەفتەی پێشووەوە شەپۆلێکی بەفربارین ڕوی لە باکوری یابان کردووە و بۆتە هۆی لەکارخستنی چەندین ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان و دواخستنی خزمەتگوزاری گەیاندن و لەگەڵ زیادبونی ڕێژەی بەفر بارین ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست دا گەشتە ١٧ کەس و ٩٣ کەسیش بریندار بوون. بەپێی ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرو کارەساتەکان ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی مردون لە کاتی پاککردنەوەی سەربانەکانیان بووە لە بەفر و کەوتونەتە خوارەوە یان کەوتونەتە ژێر ئەو بەفرەی لە سەربان و شوێنە بەرزەکانەوە کەوتووەتە خوارەوە. فەرمانگەکانی شارەوانی لە ناوچە بەفربارینەکان هانی دانیشتوانیان دا کە لە کاتی چالاکی لابردنی بەفردا ئاگاداربن بە تەنیا کار نەکەن. هاوکات بە پێی ڕاپۆرتەکان لە زۆربەی بەشەکانی باکوری رۆژهەڵاتی یابان سێ ئەونەی ساڵانی پێشوو بەفر باریوە. لە یەکێک لە دورگەکانی باکوری یابان بەهۆی بەفربارینەوە بورجێکی کارەبا لە کارکەوت و نزیکەی ٢٠ هەزار ماڵ بێ کارەبا مانەوە. وەزارەتی گواستنەوەش ڕایگەیاند دەیان شەمەندەفەر و گەشتی ئاسمانی لە باکووری یابان تا ڕۆژی یەکشەممە ڕاگیراون.
