لە شارەکانی سەقز و سنە و ماڵێ میر(ئیزە) و دەشتی هورموزگان رێوڕەسمی جەماوەریی بۆ چلەی مەرگی کوژراوان بەڕیوچو و ژمارەیەک گەنجی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران سەرەڕای سەرکوت و بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکانیش ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە. ئەمڕۆ بە بەشداریی جەماورێکی زۆر یادی چلەی مەرگی ئارام حەبیبی لە شاری سنە کرایەوە و یەکێک لە ئامادەبوانیش لە وتارەکەیدا وتی ئینشاڵا گردبونەوەی داهاتومان بۆ ئازادیی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت و خوێنی هیچ شەهیدێک بەفێڕۆ ناڕوات" لە شاری سەقز هاوشێوەی سنە بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی مەرگی دانیاڵ پایبەندی تەمەن 17 ساڵ، یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە لە گۆڕستانی ئایچی و لە شوێنی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بەڕێوەچو و دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران وترایەوە. لە شاری مالێ میر (ئیزە) کە دانیشتوانەکەی زۆربەی لوڕ-ن بە بەشداریی جەماوەریی چلەی مەرکی کیان پیرفەلەک،بەڕێوچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە کوژرا، کیان لە کاتی کوژرانیدا تەمەنی 10 ساڵ بو و باوکیشی بەسەختی برینداربو و دوای 40 رۆژ بە مەرگی رۆڵەکەی زانی . لە چلەی مەرگی کیان دروشم بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و دروشمی " لە ئیزە تا کوردستان گیانم فیدای ئێران" وترایە. لە شاری دەشتی، پارێزگای هورموزگان لە باشوری ئێران بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر چلەی حامید مەولایی بەڕێوەچو کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەشداربوانیش دوای یادەکە رێپێوانیان کرد و دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە. لە شاری بۆکان خوێندکارانی کچ لە خوێندگەیەکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و دروشمی " بۆکان شەهیدی داوە لە مردن نەترساوە"یان وتەوە. لە مەهاباد ، سنە ، بۆکان و هەرسین و پاوە چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆش زیاتر لە نۆ گەنجی ئەو شارانە دەستگیر کران و چارەنوسی ئەوانیش هاوشێوەی زۆربەی دەستگیرکراوانی 20 رۆژی رابردو نادیارە. هاوژین و کچی عەلی دایی، ئەستێرەی ناوداری مێژوی تۆپی پێی ئێران ئەمڕۆ لە ناو فڕۆکەی گەشت بۆ دوبەی گەڕێنرانەوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و پێیان راگەیەنرا بە بڕیاری دادگا و بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی گەشتیان لێ قەدەغە کراوە. ئاژانسی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ هاوژینی عەلی دایی ویستویەتی بەرەو دوبەی و دواتر بچێت بۆ ئەمریکا بەڵام بە بڕیاری دادگا رێگەی گەشتی پێنەدراوە. ئەمڕۆ دوشەممە نرخی هەر دۆلارێک زیاتر لە هەزار تمەن بەرزبوە و تمەن دابەزینی دیکەی لە بەرامبەر یۆرۆ و پاوەن تۆمار کرد و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بە زیاتر لە 42 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەکرا و نرخی هەر پاوەنێکی بەریتانی بۆ زیاتر 50 هەزار تمەن بەرز بوەوە. بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و لاوازبونی پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران و زیادبونی سزا و ئابڵۆقەکانی سەر ئەو وڵاتە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تمەن. ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت. ئەو داوای لە هاوڵاتییانی بەریتانی-ئێرانی و هاوڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد بە زوترین کات ئێران جێبهێڵن چونکە ئەگەر لەو وڵاتە بمێننەوە دەبێت دڵنیابن کە دەستگیر دەکرێن و لە لایەن تارانەوە هاوشێوەی یاریی شەترەنج مامەڵەیان پێوە دەکرێت. ئەو بەرپرسەی بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەمزوانە لەندەن سەرجەم ئەندامان و دامەزراوەی سوپای پاسدارانی ئێران سزا دەدات. لێدوانی ئالیشا کرن لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لقێکی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی لە ئێران راگەیاند و وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
ویلیام م. بکوژی سێ کوردەکەی فەڕەنسا ئەمڕۆ دادگاییکرا و دادگا بڕیاریدا رەوانەی زیندان بکرێت. ویلیام م. هێرشبەرەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆ سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە لە ئەنجامدا سێ کورد شەهیدکران و سێ کەسی دیکە بریندار بوون، لە دادگای پاریس دادگاییکرا و دادوەر بڕیاریدا بکوژەکە رەوانەی زیندان بکرێت و پرۆسەی دادگاییکردنەکەی بەردەوام بێت. ئەمەش لە کاتێکدا کە تاوەکو ئێستا، دادگا تۆمەتی تیرۆری نەخستووەتە پاڵ بکوژەکە و تاوەکو ئێستاش وەک نەژادپەرستێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ژان لوج مێلێنچۆن سەرۆکی پارتی چەپی فەڕەنسا توێتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بکوژی سێ کوردەکە، بە یاسای تیرۆر دادگایی بکرێت. رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، ویلیان م. ٦٩ ساڵ کە بە رەگەز فەرەنسیە، بە چەک هێرشی کردە سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس و بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هونەرمەند میر پەروەر و کوردێکی چالاکوان بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. دوابەدوای هێرشەکە، کوردانی پاریس خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام بوو و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەرە کوردەکان و هێزە ئەمنیەکاندا دروست بوو. هەرچەندە کاربەدەستانی فەرەنسا رایانگەیاندووە کە هێرشەکە نەژادپەرستیە و پەیوەندی بە پرسی تیرۆرەوە نییە، بەڵام کەجەکە رایگەیاند، کە دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لە پشت هێرشەکەوەیە و داوای لە حکومەتی فەرەنسا کرد، راستیەکان ئاشکرا بکات. ٩ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ بە هەمان شێوە هێرشێکی چەکداری لە بەرامبەر سێ ژنی کورد بە ناوەکانی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە فەڕەنسا و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان کورد لە پاریس ئەنجامدرا و هەر سێ ژنە کوردەکە شەهیدکران. عومەر گونەی بکوژی ئەو سێ ژنە کە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە دەستگیرکرا، بێسەروشوێنکرا و دوای ماوەیەک راگەیەندرا کە لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو کاتەش لایەنە کوردیەکان میتی تورکیایان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد بەڵام حکومەتی فەرەنسا ئامادە نەبوو، لێکۆلینەوە لە دۆسیەکەدا بکات و ١٠ ساڵە دۆسیەی شەهیدکردنی سێ ژنە کوردەکە بێدەنگکراوە.
بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا داوای لەو هاوڵاتییانەی وڵاتەکی کرد کە لە ناو ئێرانن، دەستبەجێ ئەو وڵاتە لە رێگەیەکی پارێزراوەوە جێبهێڵن و جەختیشی لە سەپاندنی سزا دژی سوپای پاسداران کردەوە. ئالیشا کرن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایگەیاند؛ دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوشێوەی بەدیلگرتن و وەک بارمتەبەکارهێنانیانە، بۆیە لەندەن بە قوڵی لەو کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانە و وەڵامی گونجاو و توندی دەبێت. ئەو داوای لە هاوڵاتییانی بەریتانی-ئێرانی و هاوڵاتییانی وڵاتانی رۆژئاوا کرد بە زوترین کات ئێران جێبهێڵن چونکە ئەگەر لەو وڵاتە بمێننەوە دەبێت دڵنیابن کە دەستگیر دەکرێن و لە لایەن تارانەوە هاوشێوەی یاریی شەترەنج مامەڵەیان پێوە دەکرێت. ئەو بەرپرسەی بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەمزوانە لەندەن سەرجەم ئەندامان و دامەزراوەی سوپای پاسدارانی ئێران سزا دەدات. لێدوانی ئالیشا کرن لە کاتێکدایە ئەمڕۆ لقێکی سوپای پاسداران دەستگیرکردنی حەوت هاوڵاتیی بەریتانی-ئێرانی لە ئێران راگەیاند و وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
کۆچی پزیشکانی پسپۆڕ و پەرەستاران لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هۆشداریش دەدرێت لە کەمیی دەرمانی چارەسەری دەرونیی لەو وڵاتە. یەحیا ئیبراهیمی، ئەندامی دەستەی تەندروستیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتەوە کۆچی پزیشکان و پەرەستارانی وڵاتەکە بەشێوەکی بەرچاو زیادی کردوە. ئیبراهیمی ئاماژەی بەوە کردوە کە موچەی مانگانەی زۆرینەی پزیشکانی پسپۆڕی ئێران بەهۆی زیادکردنی باج لەسەریان ناگاتە 30 ملیۆن تمەن کە هاوشانە لەگەڵ 740 دۆلار بۆیە ئەو پزیشکانە بە ئامانجی داهاتی زیاتر بە لێشاو رو لە وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی کەنداو دەکەن. بە پێی دوایین راپۆرت رێژەی کۆچی پزیشکان و پەرستارانی ئێران لە دوو ساڵی رابردودا بە رێژەی 300% بەرز بوەتەوە و لە ماوەی چوار ساڵدا 16 هەزار پزیشک وڵاتەکەیان بە مەبەستی کۆچ جێهێشتوە. هەر بە پێی ئامارەکان تەنها لە یەک ساڵدا 160 پسۆڕی دڵ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردوە و لە ئێستادا ئێران روبەڕوی کەمی ژمارەی پزیشکی پسپۆڕی دڵ بوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە مەجید سادقی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی دەرونی ئێران هۆشداریی داوە کە بەهۆی دۆخی ئێستای ناڕەزایەتییەکان کێشەی دەرونیی کۆمەڵگای ئێران لە 23% بۆ 34% زیادی کردوە و دەرمانی چارەسەریی کێشە دەرونییەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. سادقی جەختی لەوەش کردەوە؛ تا بەهای دۆلار لە ئێران بەرز ببێتەوە نرخی زۆربەی دەرمانەکانیش هەڵکشان بەخۆیانەوە دەبینن و لە هەندێک حاڵەتیشدا توانای هاوردەکردنی ئەو دەرمانانە نامێنێت. لە نوێترین راپۆتی جیهانیدا؛ ئێران بە 20 وڵاتی سەرەکیی پێشکەوتو لە زانستی پزیشکیی ئەژمار دەکرێت و لە روی بەرهەمهێنانی دەرمانیش لە نێوان 200 وڵاتی جیهاندا 16یەمین وڵاتە کە توانای زۆری لە بواری دەرمانسازیدا هەیە بەڵام بەهۆی قەیرانەکانی ئەو وڵاتە پێناچێت بتوانێت پێگەکانی لە ئاستی جیهاندا بپارێزێت.
کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەی لەدژی داخستنی هەدەپەیە و وتی، ئەوان چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەن کە وتبووی، ئامادەن لەگەڵ لایەنەکان دانوستان بکەین. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ناوەندی گشتی پارتەکەی لە ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووە و وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. کلچدارئۆغلۆ رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەبارەی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک رێکنەکەوتوون و وتی، "ئێمە کاندیدێکمان دەوێت کە بەگوێرەی یاسا مامەڵە بکات، پاشایەک ناکەینە کاندید." سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد و ئەوەی خستەڕوو، " ئێمە لەدژی داخستنی پارتەکانین. بە تەنیا گەل دەتوانێت دەنگ بە پارتێک نەدات و دایبخات. داخستنی پارتەکان چارەسەر نییە، چونکە دوای ئەوە پارتێکی دیکە دادەمەزرێنن. لێگەڕن با گەل بڕیار بدات، دەنگ بە چ پارتێک دەدات و چ پارتێک دادەخات." لەبارەی قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە وتبووی، پارتەکەیان ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دانوستان بکات و دەرگایان کراوەیە، کلچدارئۆغلۆ وتی، " ئێمە چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەین و پێمان وایە کە دەمیرتاش بە ناحەق زیندانیکراوە." بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەلایەن کۆمپانیا دیارەکانی بواری هەڵبژاردن ئەنجام دراون، دەنگی هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەل، نزیکن لەیەکەوە. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پارتی کلیل و یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت رێژەی ٩.٠ تاوەکو ١١.٠٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ئەگەر پشتگیری لە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە، دەسەڵات شکست دەهێنێت.
هاوڵاتی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا وەک نەریتێکی ساڵانە، لیستی دڵخواترین فیلم وگۆرانی و کتێبەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. لە وتارەکەیدا باراک ئۆباما وتی، من هەمیشە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە چاوەڕوانم بۆ هاوبەشیکردنی لیستی دڵخوازەکانم لەگەڵ ئێوە. "The school for good mothers, the light we carry " ئەم پەرتوکانە لە لیستی دڵخوازترین پەرتوکەکاندا بوو کە ئۆباما بڵاویکردەوە، لەگەڵ فیلمەکانی .“Top Gun: maverick , descendant “ کتێبی " ئەو ڕووناکیەی کە هەڵیدەگرین" لەلایەن میشێل ئۆباما، هاوسەری باراک ئۆباما نوسراوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە وباس لە ئاڵەنگاری و سەرکەوتن و جیرۆکە بەهێزەکان دەکات بۆ ئیلهام بەخشین بەکەسانی تر.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک. ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردووەتەوە، پیرۆزبایی جەژنی کریسمسی لە تەواوی ئەو کەسانە کرد کە بۆنەکە لە وڵاتەکەی و سەرتاسەری جیهان بەرز رادەگرن. سەرۆکی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، گوتی: "لەم ماوەیەی دواییدا سوپای رووسیا لە هێرشەکانیدا هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری خێرسۆن بە ئامانج گرتووە. هەموو بکوژە رووسەکان دەبینینەوە". ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٢ چەند رۆژێکی ماوە، داکۆکی لەوە کرد کە لەوانەیە هێزەکانی رووسیا لەم ماوەیەدا هێرشی دیکە ئەنجام بدەن و داوای لە هاووڵاتییانی ئۆکراینا کرد بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکان رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر. سەرۆکی ئۆکراینا راشیگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای رووسیاوە وڵاتەکەی دووچاری کێشەی پچڕانی کارەبا بووەتەوە، بەڵام ئەوان سەرکەوتووانە بەردەوامی بە بەرەنگاربوونەوە دەدەن و بە پێویستی زانی لە ئامادەکاریدا بن بەرامبەر هەر جۆرە سیناریۆیەک.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک رایگەیاند کە رووسیا ئامادەیە لەڕێگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە، دەست بە ھەناردەکرنی غازی سروشتیی بکاتەوە، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی کەمی دابینکردنی غاز لە کیشوەری ئەورووپا. ئاژانسی ھەواڵیی تاس (TASS)ی رووسی بڵاوی کردووەتەوە کە ئەلێکساندر نۆڤاک لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێشتا بازاڕی یەکێتیی ئەورووپا لە بەردەم غازی سروشتیی رووسیادا، کرایەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کۆمپانیای "جازکید" کە ئەرکی وەگەرخستنی ھێڵی بۆرییەکە، رایگەیاندبوو کە ھەناردەکردنی غازی رووسیا لەڕیگای ھێڵی بۆری یامال-ئەورووپاوە راگیراوە. لە سەرەتای دەست پێ کردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە مانگی شوباتدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی لە رووسیاوە بۆ کیشوەری ئەورووپاوە کەمبووەتەوە، ئەوەیش وای کردووە کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەرەوڕووی کەمی غازی سروشتیی ببنەوە لەکاتێکدا، پلەکانی گەرما زۆر دابەزیووە، ئەوەیش خواستی لەسەر سەرچاوەکانی وزە زیاد کردووە. جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک گوتوویەتی: "بازاڕی (یەکێتیی ئەورووپا) دانەخراوە، نموونەیش لەسەر ئەوە، توانیومانە لە میانی ئەمساڵدا، ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بۆ ئەورووپا زیاد بکەین". راشیگەیاندووە "ھێشتا کەمیی غاز لە ئەورووپادا ھەیە، بۆیە رووسیا ئامادەیە لە ڕێگای بۆری یامال-ئەورووپا دەست بە ھەناردەکردنی غازی سروشتیی بکاتەوە، ھەروەھا رووسیا لەڕێگای تورکیاوە لە گفتوگۆدایە لەبارەی زیادکردنی ھەناردەکردنی غاز، ئەوەیش دوای دامەزراندنی ناوەندێکی غاز لە تورکیا". لەئێستادا رووسیا لەڕێگای ھێڵی بۆری تورک ستریم غاز ھەناردە دەکات کە لەئێستادا، بە توانای تەواو کاردەکات لە کاتێکدا لەڕێگای ئۆکرانیاوە، رۆژانە ٤٢ ملیۆن مەتر سێجا غاز دابین دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی قەبارەی گواستنەوە، وەک لە گرێبەستەکەدا ھاتووە.
توێژینەوەیەک لە زانکۆی 'ئێم سی ماستەر' لە کەنەدا دەریدەخات، ئەو رەنگانەی لە خۆراکەکاندا بەکاردێن مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان زیاددەکەن، هاوکات دەبنەهۆی ناڕێکی لە هەرسکردن. توێژەران رایانگەیاندووە، رەنگە دەستکردەکانی وەکو 'Red 40'، 'Yellow 5' لە نێو 'چیپس، خواردنەوە گازییەکان، نووقڵ و شیرینی منداڵان، هەروەها لە کەلوپەلی جوانکارییشدا' بەکاردێن. والول خان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''رۆژانە خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگە دەستکردەکانیان تێدا بەکاردێت، برینی ریخۆڵە دروستدەکات و سیستمی هەرسکردن خاودەکاتەوە.'' سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، منداڵان بەهۆی زۆر خواردنی ئەو بەرهەمانەی رەنگی دەستکردیان تێدایە دەشێت تووشی 'پەیدابوونی گازی گەدە، وشکبوونەوەی جەستە، سکچوون، ئازاری سک و بوونی خوێن لە پیسایی' ببن. والول خان رەنگە دەستکردەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنێت کە منداڵان تووشی هەستیاری بە خۆراک دەکات، هاوکات دەڵێت: منداڵان بە کەمی خۆراکە دەستکاریکراوەکان و رەنگدارەکان بخۆن بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ. بەگوێرەی دەزگەی خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا، رۆژانە بەکارهێنانی 3.2 مللیگرامی ئەو رەنگانەی لەناو خۆراکەکاندا بەکاردێن بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی منداڵان پەسنددەکات. کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە ئەمریکا رایگەیاندووە، رەنگی نێو خۆراکەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی دەماریی منداڵاندا دروست دەکات، کۆمەڵەکە پێشنیازدەکات کە پێویستە منداڵان زۆر بە کەمی ئەو بەرهەمانە بخۆن.
هاوڵاتی دوای ١٠ ساڵ لە ئەنجامدانی یەکەم نەشتەرگەری چاندنی دەست لە بەریتانیا لە نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز، نەخۆشەکە دووبارە چاوی بەو پزیشکە کەوتەوە کە نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام دابوو. مارک کاهیل ئەو نەخۆشەیە کە دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشیەکی زگماکیەوە پێویستی بە بڕینەوەی دەستی راستی بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پڕۆفیسۆرسیمۆن کای ئۆبی ئی لە سەنتەری چاندنی نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز نەشتەرگەیەکی بۆ ئەنجامدرا وئێستا دوای ١٠ ساڵ لە نەشتەرگەیەکە چاوی بە نەشتەرگەرکەی کەوتەوە. پرۆفیسۆر سیمۆن کای، لەبارەی ئەو نەخۆشانەوە کە ئەو نەشتەرگەریانەیان بۆ کراوە کە یەکێکە لە نەشتەرگەریە ئاڵۆز ودەگمەنەکانی دوونیا دەڵێت، ئەوەی کە زۆر بەلای نەخۆشەکانەوە گرنگ بووە دوای ئەنجامدانی نەستەرگەریەکە، گەڕاندنەوەی توانای ئاسایی نەخۆشەکان بووە بۆ نموونە، بەردانەوەی بەلوعەی ئاو، داهێنانی قژی منداڵەکانیان یاخود گرتنی پەرداخێک ئاو بەدەستیانەوە. نەشتەرگەری چاندنی دەست چەند دەیەیەک لەمەوبەر یەکێک بوو لە نەشتەرگەریە مەحاڵ وئاڵۆزەکان، پڕۆفیسۆر سیمۆن کای لەبارەی نەشتەرگەریەکەوە وتی، ئەم سەنتەرە لە نەخۆشخانەی فێرکاری لیدز یەکێکە لە سەنتەرە پێشەنگەکانی دوونیا بۆ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە، ئەمە لەکاتێکدا چەند دەیەیەک لەمەوبەر شتێکی لەم جۆرە کارێکی برواپێنەکراو بوو. نەشتەرگەری چاندنی دەست یەکێکە لە نەشتەرگەریە ئاڵۆەکان کە تەنها لە چەند سەنتەرێکی لە دوونیادا ئەنجام ئەدرێت، کەتێیدا هەردوو دەست یان یەکێک لەدەستەکانی کەسیکی مردوو وەردەگیرێت و بۆکەسێک کە دەستەکانی بەهۆی نەخۆشیەک یاخود ڕووداوێک لەدەستداوە دەچێنرێتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەستكەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی بڵاوكردەوە و بە پێی ئامارەکە، ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەی زیاتر هەشت ملیار دۆلار بووە. ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت کۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند ووتی ،فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ لەماوەی مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٢٩ بەرمیل. هەروەها كۆی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار و ٦٩٦بەرمیل بووە. هاوكات بڕی هەناردەكراوی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بەندەری میناوە دوو ملیۆن و ٣٦٣ هەزار و ٢٠ بەرمیل بووە، هەروەها تێكڕای نرخی یەك بەرمیل ٨٢ دۆلار بوو. ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕەی كە هەناردەكراوە لەلایەن ٣٨ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییەوە باركراوە، لە بەندەرەكانی بەسرە و خور ئەمایە بۆ سەر كەنداو و بەندەرەكانی توركیاوە گواستراوەتەوە. جێگای باسە، داهاتی نەوتی مانگی تشرینی یەكەم كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشرابوو بریتی بوو لە حەوت ملیار و ٦٨٠ ملیۆن دۆلار.
مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەی رەقادا شەش ئەندامی ئاسایش و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، تویتێکی لەبارەی زیانە گیانیەکانی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقا بڵاوکردەوە. مەزلۆم کۆبانێ دەڵێت، بە گشتی شەش کەس شەهید بوون کە سێیانیان ئەندامی ئاسایش و سێیانەکەی دیکەش شەڕڤانی هەسەدەن. پشتریش میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دوو تیرۆریستی داعش لەلایەن هێزەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە کوژراون کە هێرشەکەیان ئەنجامداوە. ئەمڕۆ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوەندی ئاسایشی شاری رەقای باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد کە شانەیەکی شاراوەی داعش هێرشەکەی ئەنجامداوە و هێرشەکە لە نزیک گرتووخانەیەکی شارەکە کە تیرۆریستی داعشیان تێدایە ئەنجامدراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی ڕوسیا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ڕوسیا ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لەشەڕی ئۆکرانیا گفتوگۆ بکات بەڵام کیڤ و پشتگیرە ڕۆژئاواییەکانی ڕەتیانکردەوە کە بەشداری گفتوگۆ بکەن، کیڤیش دەڵێت مۆسکۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات. ڤلادمیر پوتین لە جاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆی ڕوسیا وتی: "ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکەین کە تێوەگلاون لەم جەنگە سەبارەت بە چارەسەرە پەسەندەکان، بەڵام ئەوە لەسەر ئەوان کەوتووە - ئێمە ئەو لایەنە نین کە ڕەتی دەکەینەوە دانوستان بکەین، بەڵکو ئەوانن." پوتین خۆرئاوای بەوە تۆمەتبارکرد کەهەوڵی داوەڕووسیا لەیەک جیابکاتەوە وتیشی"لەو باوەڕەدام کە ئێمە بە ئاراستەیەکی ڕاستدا کاردەکەین، بەرگری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان و بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و گەلەکەمان دەکەین و ئێمە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە پاراستنی هاوڵاتیانمان". لە وڵامی پرسیاری کە ئایا ناکۆکی جیۆپۆلەتیکی لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئاستێکی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە و گوتی: پێم وانییە زۆر مەترسیدار بێت". پوتین وتیشی: "لە ڕاستیدا، ئەو شتە بنەڕەتییەی کە لێرە هەیە سیاسەتی دژبەرە جیۆپۆلەتیکیەکانمانە کە ئامانجیان ئەوەیە ڕوسیای مێژوویی لێک جیابکەنەوە" بەرپرسانی ئۆکرانیا لێدوانەکەی پوتینیان بە بێمانا وەسف کرد و وتیان، " هێزەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی کریسمەسیان بەسەر برد بۆ بۆردومانکردنی زیاتر لە 25 شارۆچکە بە درێژایی هێڵی پێشەوەی کوپیانسک-لیمان و نزیکەی 20 شارۆچکە لە زاپۆریزژیا ،و بەلایەنی کەمەوە بە 10 مووشەک هێرشی کرایە سەر ناوچەی کوپیانسک لە هەرێمی خارکیڤ" لەهەمان کاتدا ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتی پۆتین پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ واقیع و دان بەوەدا بنێت کە ئەوە ڕوسیایە نایەتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەو ڕاوێژکارە وتیشی ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و هاوڵاتیان دەکوژێت "ڕووسیا دانوستانی ناوێت، بەڵکو هەوڵ دەدات خۆی لابدات لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بڕیارەکانی ولەسەر خۆی لایبات" هاوکات کرێملین دەڵێت شەڕ دەکات تا هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت لە کاتێکدا کیڤ دەڵێت پشوو نادات هەتا هەموو سەربازە ڕووسیەکان لە هەموو ناوچەکە دەکرێنە دەرەوە.
هاوڵاتی بۆقی شوشەیی، کە قەبارەکەی بە هێندەی مارشمیلۆیەکە، لەکاتی خەوتندا یاخود لەکاتی هەستکردن بە مەترسی زۆربەی خرۆکە سورەکانیان لە جگەریاندا کۆدەکەنەوە، بەمشێوەیەش تەواو بێڕەنگ و ڕوون دەردەکەون و رەنگی خۆیان لەگەڵ ڕەنگی گەڵای ڕووەکەکان دەگونجێنن و لە هێرشی ڕاوکەرەکانیان پارێزراو دەبن. بۆقی شوشەیی کە لە ناوچە گەرمەکان دەژی، بۆماوەیەکی زۆر بوو لەلایەن زاناکانی بایۆلۆجیەوە سەرنجی ئەوە درابوو کە چۆن ئەم رێگەیە بۆ خۆپارێزی کردن بەکاردێنێت، بەڵام ئەوە ئاشکرا نەکرابوو کە چۆن دەتوانن ئەم کردارە ئەنجام دەدەن. ئێستا لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا لە زانکۆی دوک لە ئەمریکا ئەوە دۆزرایەوە کە بۆقی ناسراو بە " بۆقی شوشەیی" ڕێژەی %٨٩ خانەکانی خوێنیان کۆدەکەنەوە لەناو جگەریاندا لەکاتی خەوتن یان کاتێک کە هەست بە مەترسی بکەن، بەمەش %٦٠ لەشی بۆقەکە ڕوون و بێرەنگ " شەفاف" دەبێت. کارلۆس تۆبوادا و دێلیا، دوو زانان کە کاریان لەسەر ئەم تویژینەوەیە کردووە، بەم جۆرە باس لەو میکانیزمە ئەکەن کە ئەم جۆرە بۆقە بەکاری دێنن، بۆقی شوشەیی بەجۆرێک خرۆکە سورەکانیان لە جگەردا کۆدەکەنەوە کە ڕێژەی مەیینەکەی نەگاتە حاڵەتێک کە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانیان، لەکاتێکدا کە ئەم میکانیزمە بەکاردێنن و تەواو شەفاف دەبن؛ بەجۆریک ڕوون دەردەکەون دەتوانی لێدانی دڵیان ببینی لەوکاتەدا و زۆربەی ئەندامەکانی لەشیان لەسەر پێستیانەوە بەدی ئەکرێت. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم جۆرە بۆقە میکانیزمی کۆکردنەوەی خانەکانی خوێن و مەینی بە ڕێژەیەکی گونجاو بەکاردێنن بۆ خۆپارێزی لە ڕاوکەرەکان، بەڵام ئەم پڕۆسەیە لە مرۆڤ وزۆربەی ئاژەڵەکانی تردا ئەمە حاڵەتێکی مەترسیدارە و دەبێتە هۆی جەلدەی دڵ کاتیک خانەکانی خوین لەشووێنیکدا کۆدەبنەوە بەیەکەوە. هاوکات لەبارەی میکانزمەکەوە تویژەرکان باسیان لەوە کرد، بۆقی شوشەیی لەکاتی بە ئاگابوون یان کاتێک دەیەوێت ڕاوبکات خانەکانی خوێنی بڵاودەکاتەوە بۆناو سوڕی خوێن، بەمەش دووبارە دەچێتەوە باری ئاسایی، بەڵام هەرکات هەست بەمەترسی بکات دووبارە دەتوانێت لەماوەیەکی کورتدا خڕۆکە سورەکان لە جگەردا کۆبکاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لە توێژینەوەکەدا باس لەوە کراوە بەهۆی کۆکردنەوەی تەواوی خانەکانی خوێنەوە لە جگەردا قەبارەی جگەر دوو هێندە زیاد دەکات و لەبەرامبەردا لەکاتی بە ئاگایی بۆقەکەدا دووبارە جگەر دەچێتەوە قەبارەی ئاسایی خۆی. زاناکان لەبارەی سود وەرگرتن لەم میکانیزمە ومەیاندنی خوێن بەوڕێژە گونجاوە لە مرۆڤیشدا کە نەبێتە هۆی مردنی گیانلەبەرەکە باسیان لەوە کرد ئەوە کارێکی زۆر و ماوەی چەندین دەیەی دیکەی دەوێت بۆ لێکۆڵینەوە.
هاوڵاتی سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆریای باکور سنوری وڵاتەکەیانی بەزاندووە و لە وڵامدا تەقەیان لە فڕۆکەکان کردووەو هەوڵیان داوە بیخەنە خوارەوە. لی سێونگ ئۆ بەرپرسێکی سەربازیی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کە سوپاکەیان فڕۆکەی چاودێری ڕەوانەی باکور کردووە بۆ وێنەگرتنی جێگیرە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەو چاودێری کردنیان، وتیشی: "ئەمە هەوڵێکی ئاشکرای کۆریای باکورە بۆ وروژاندن و توڕەکردنی ئێمە بە شکاندنی سنورە ئاسمانییەکانمان ". وتیشی ، یەکێک لەو پێنج فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کۆریای باکوور لە نزیک پایتەختی کۆریای باشوور، سیئۆل وە تێپەڕیوەو ئەوانی دیکە لە نزیک کەناری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەوە ڕۆشتون. ،باسی لەوەشکرد فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کۆریای باکوور کە لە ڕۆژی دووشەممەدا هاتونەتە سنوری وڵاتەکەوە قەبارەیان بچوک بوەو نزیکەی دوو مەتر بونە. ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، تەقەکردنەکانمان بە مەبەستی خستنە خوارەوەی درۆنەکان بووە.بەڵام نەیوت کە درۆنەکان خراونەتە خوارەوە یان نا ،بەڵام، ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، سوپای کۆریای باشور نزیکەی سەد جار تەقەیان لە درۆنەکان کردووە بەڵام نەیانتوانیوە هیچیان بخەنە خوارەوە. لی سیۆنگ ئاماژەی بەوەشدا، کۆریای باشور وەک وڵامێک فڕۆکەی ناردووە بۆ کۆریای باکور بە مەبەستی وێنە گرتن و پشکنین، چونکە پێیان وایە مەبەست لە هاتنی فڕۆکەکانی کۆریای باکوریش بۆ پشکنین بووە. هەروەها وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی کە لە فڕۆکەخانەی ئینچیۆن و گیمپۆ دەردەچوون، دوای داوایەکی سەربازی ڕاگیرابوون و لە ئێستادا کراونەتەوە. هاوکات سەبارەت بەم ڕوداوە کۆریای باکورهیچ وڵامێکی نییە و بێدەنگە . جێگەی باسە ئەمساڵ کۆریای باکوور ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام داوە کە هەندێک لەشارەزایان بەهەوڵێک ناویدەبەن بۆ باشترکردنی چەکەکانی و فشار خستنەسەر ڕکابەرەکان بۆ بۆ لابردنی سزاکان لەگفتوگۆکانی داهاتوودا،و بەرپرسانی کۆریای باشوریش دەڵێن کۆریای باکور نزیکەی ٣٠٠ درۆنی هەیە.
