هاوڵاتی لە هندستان زانایەکی کۆمپیوتەری هندی کامێرایەکی درووستکردووە کە دەتوانێت وێنەی ژنان بگرێت و لەڕێگەی پلەی گەرمیەوە بوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک دیاری بکات. پشکنینەکە بەجۆرێکە کە ئەو ژنانەی پشکنینیان بۆ ئەکرێت جلەکانی سەرەوەیان لادەبەن و بێ ئەوەی کەسیک دەستیان لێبدات لەڕێگەی کامێراکەوە وینەیەکیان دەگیرێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی هەبێت لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی لە کەسەکە بدۆزرێتەوە دواتر پشکنینی زیاتری بۆ ئەنجام ئەدرێت. گیتا مەنجونات کە داهێنەری ئامێرەکەیە دەڵێت کامێراکە زۆر ئاسان بەکاردێت و هەرکەس بیەوێ دەتوانێت لەگەڵ خۆی بۆهەموو شوێنێکی بگوازێتەوە وکێشێکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات، دەڵێت ئەم هەوڵەم بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی تووشوبون و گیان لەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان کەم بکەمەوە، هاوکات باس لەوە دەکات کە بەهۆی تێچووی" مەمۆگرافی" ودەستڕاگەیشتنی زۆرێک لە ژنان ناتوانن زوو ئاگاداربن لەوەی کە تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون؛ هەربۆیە ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەوکەسانەی ناتوانن پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام بدەن لەم رێگەیەوە پشکنین بکەن. بەشێک لەو ژنانەی کە ئەم پشکنیەیان کردووە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن ودەڵین هەستێکی خۆشە کە بەبێ ئەوەی کەس دەست لێبدات پشکنینەکەت بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ئازارێکی نیە وتێچویەکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات دەڵێت، هەمیشە خەوم بەوە بینیوە کە لە هندستان ڕزگارمان بێت لە ڤایرۆسی ئیفلیجی پۆلیۆ، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم کە لە شێپرپەنجەی مەمک ڕزگارمان بێت. ئەم داهێنانەی کۆمپانیای نیرامای کە گیتا مەنجونات بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە وداهێنەری ئەم ئامێرەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە نیوەی تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان ناتوانن چاکبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن. کۆمپانیای نیرامای کە خاوەنی داهێنانەکەیە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار پشکنینی ئەنجامداوە لە هندستان، هەروەها باس لەوە دەکەن کە %٩٠ ئەنجامی پشکنینەکان دەقیق بوون، بەڵام پزیشکانی رۆژئاوا و بەڕێبەرایەتی خۆراک ودەرمانی ئەمریکا دەڵێن باشترین پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک " مەمۆگرافیە"
103 رۆژە ناڕەزایتەییەکان بەردەوامن و تەنها لە دو رۆژدا رێوڕەسمی چلەی 11 کوژراوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و سەقز و سنە بەڕێوچو و لەو شارانە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان دروشمیان دی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هاوکات ولاتی ئەڵمانیا پشتیوانیی بۆ ناڕەزایەتییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران راگیراون و سەرنجی وڵاتەکەی تەنها لەسەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتییانەیە لە ئێران. ئەمڕۆ چوارشەممە لە بۆکان چلەی مەرگی میلاد مەعروفی تەمەن 23 ساڵ بەڕێوەچو و دایکیشی لەسەر گڵکۆکەی رایگەیاند؛ کوڕەکەی ئەو چێ شانازییە کە شەهیدی رێگەی ئازادیی و کوردستانە بۆیە گریانی ناوێت، ئەو وتیشی" دەبێت بەکرێگیراوان بگرین کە لە پێناو پارە و ماڵی دنیا خۆیان و خەڵک و رۆڵەکانی ئێمەیان فرۆشت، دایکی میلاد دەڵێت: ناگریم بۆ کوڕەکەم و شانازیی پێوە دەکەم ئەوان شەهیدە و رۆڵەی ئاگر و خوێنە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەکی کە لە رێوڕەسمەکە بڵاو کراوەتە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان و یادی چلەی میلاد مەعروفی کردوە. هەر لە شاری بۆکان رێوڕەسمی چلەی مەرگی شەهریار محەمەدی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو. لە شاری مەهاباد رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهران رەحمانی بەڕێوەچو کە دوای برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدابو. بە پێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 103 رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان 139 کەس کوژراون کە تەمەنی زۆرینەیان لە نێوان 19 بۆ 26 ساڵ بوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە ماوەی 20 رۆژی رابردودا دەیان کوڕ و کچی گەنجی ئیلام و کرماشان و مەهاباد و سەقز و بۆکان دەستگیرکراون و چارەنوسی زۆربەیان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی 201 کچ و ژنی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون ئاشکرابوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە تا 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 476 کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کوژراون. ئەگەرچی تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام ئاشکرای کردوە 51 ئەندامی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی لەو ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. بە کۆی ئامارەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە کە بارەگاکانیان لە دەرەوەیە لە ماوەی 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان بە گشتی 527 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەش 69 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. لە رۆژانی 21 تا 22 مانگی ئیلولی ئەمساڵ هەشت لاو کە تەمەنیان 16 ساڵ بو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو رۆژەی سارەکانی ورمێ و پیرانشار و شنۆ و دێدەشت و تاران و زەنجان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی چوارشممە کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ چیتر پێویست ناکات دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بەردەوام بێت چونکە ئامانج و سەرنجی سەرەکیی ئەڵمانیا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیە. لەگەڵ لێدوانی کریستۆفەر بێرگەر ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رەخنەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئەوروپا گرت کە تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەخستوەتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. هاوکات هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رایگەیاند؛ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە ئەو حەوت هاوڵاتییە بەریتانی-ئێرانییە ئازاد بکات کە لە ماوەی رابردودا لە لاین سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرابون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ بەریتانیا هیچ کاتێک قبوڵی ناکات هاوڵاتییانی وەک بارمتە بە ئامانجی فشاری سیاسیی سودیان لێورگیرێت و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو شێوازە بێت کە دەیەوێت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت بەریتانیا ، فشاری سیاسیی لەسەر لەندەن دروست بکات.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە رێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار و سنورێك دابنرێت بۆ دۆخی خراپی دراوی عێراقی و حكومەتی عێراق بە بەرپرسیارێتی ئەركەكانی هەڵبستێت. مستەفا کازمی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشو کردوە لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە دۆسییەکانی گەندەڵی بەگوێرەی بڕیاری دادگا و بەرێکاری یاسایی ئەنجام بدرێن و نابێت لەژێر هیچ فشارێکدا خەڵک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیربکرێت یان ئازاد بکرێت. ئەوەشی خستوەتەڕو، پەیوەست بە نرخی دۆلاریش بەرامبەر دینار، جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هاوکاری لەنیوان کەرتی گشتی، دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت هەبێت، حکومەتی پێشوش گوتاری جوڵاندنی هەستوسۆزی شەقام و شاردنەوەی راستییەکانی رەتکردەوە چونکە ئەو هەنگاوە گرفتەکانی زیاتر ئاڵۆز دەکرد. هەروەها کازمى بەرگرى لە لیژنەى بنبڕکردنى گەندەڵى دەکات کە لە ساڵى 2020 و لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەودا دامەزرا و بە گوتەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێنانى لیژنەکە لەسەر داواکاریى جەماوەرى بووە و هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنى بەبێ فەرمانى دادگەى تایبەتمەند نەکراوە. سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەڵێت، پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق ئەرکی هەمو لایەنەکانە و داواش لە هەموان دەکات کاربکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و راگرتنی ئەو "پەرشوبڵاو"یەی سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی دراوی بیانی و هەڵاوسانی ئابوری بڵاودەکرێتەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە تاڵیبان دەکات سیاسەتەکانی دەربارەی ژنان بگۆڕێت وپێچەوانەی بکاتەوە، هەروەها دەڵێت بەمجۆرە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پێدانی مافەکژانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەکەدا نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی بارەی پێشێلکاریەکانی مافی ژنانی ئەفغانستان دەربڕی،هەروەها داوای کرد کە بە یەکسانی ژنان وکچانی ئەفغانستان بەشداربن لە هەموو کایەکاندا. ئەم بەیاننامەیەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوای ئەوە دێت کە تاڵیبان لە هەفتەی ڕابردوودا قەدەغەی مافی خوێندنی ژنانی کرد، چەند ڕۆژێک دەوای ئەوەش قەدەغەی کارکردنی ژنانی کرد لە ڕێکخراوە ناوحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکاندا. ئەم سنوردارکردنانەی تاڵیبان و سیاستەکانی دەربارەی ژنان، هەنگاوێکی نوێی تاڵیبانە بۆ سەرکوتکردنی ژانانی ئەفغانستان لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لەگەڵ ئەوەی تاڵیبان چەندین جار بانگەشەی کردووە کە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان پێشێل ناکات؛ بەڵام ئەوەی کە دەیکات تەواو پێچەوانەی بانگەشەکانیەتی وتەواوی ئەو مافانەی زەوتکردووە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانستان بە زەحمەت بەدەستیان هێنابوو.
هاوڵاتی ئیگۆر ترونۆڤ، سەرۆکی یەکێتی پاریزەرانی ڕووسیا بە ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕاگەیاندووە، ئەو سەربازانەی دەچنە ئۆکرانیا، مافی ئەوەیان هەیە کە سپێرمەکانیان بە خۆڕایی لە بانکی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرم وخانەکان هەڵبگیرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی دوای مردنیشیان هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەبێت مندآڵیان ببێت. ئیگۆر ترونۆڤ، لەبارەی داواکاریەکەوە کە بۆ وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیایان ناردووە، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندرووستی وەڵامی بانگەوازەکەیان داوەتەوە بۆ گۆڕانکاری لە بیمەی پزیشکی و هەڵگرتنی سپیرمی ئەو سەربازانەی کە بەشداری جەنگی ئۆکرانیا دەکەن. چەند ڕۆژێک دوای بانگەوازەکە، ژمارەیەکی زۆری پیاوان سەردانی کلینیکەکان وبانکەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرمی بەستوویان کردووە بۆ هەڵگرتنی سپێرمەکانیان و ئامادەکردنی ڕیکەوتنیک بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن ژنەکانیانەوە بەکاربهینرێن؛ بەپێی ماڵپەڕی فۆنتانکا لە شاری سان پترسبۆرگ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاندری ئیڤانۆڤ لە نەخۆشخانەی مارینسکی لە سان پترسبۆرگ، ڕایگەیاندووە ئەو پیاوانەی دەیانەوێ بچنە دەرەوەی رووسیا یان ئەوانەی کە بۆ ڕەشنوسی بانگەوازەکەش ئامادەن سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە. هەر بەپێی ماڵپەری فۆنتانکا، پێشتر ژن وپیاویکی کەمتر سەردانی ئەم کلینیکانەیان کردووە تەنها مەگەر لە حآڵەتێکدا کە زۆر پێویست بووبیت، هەروەها دەڵێت ئەم چارەسەرە بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەگەر سەربازیک توانای زاوزێی لەدەست دا یاخود مرد، ئەوا دەتوانێت ببێتە خاوەنی منداڵ. هاوکات، وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیا هێشتا هیچ لێدوانیکی لەم بارەیەوە نەداوە و سەرۆکی یەکێتی پارێزەرانیش دەڵێت، پێوسیتە سەندیکای پارێزەران بەدواداچوون بۆ ئەوەبکات کە ئایا چۆن ڕێکبکەون لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی بۆ ڕێکارە پێویستەکان.
هاوڵاتی بەرپرسە باڵاکانی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری بە نێوەندکاری دەوڵەتی روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە و ئەوەش دوای قسەکانی ئەردۆغان دێت کە وتبووی 'ئامادەین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ روسیا ئاسایی بکەینەوە'. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و هاکان فیداکان سەرۆکی هەواڵگری تورکیا (میت)، عەلی مەحمەد عەباس وەزیری بەرگری سوریا و شاندێکی هەواڵگری وڵاتەکەی و سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ کۆبونەوە. بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، بابەتی کۆبونەوکە، قەیرانی سوریا، پرسی پەنابەران و پرسی رۆژئاوای کوردستانە کە ئەوان بە پرسی 'تیرۆر' ناوی دەهێنن. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکان بەردەوام دەبن. وەزارەتی بەرگری روسیا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و وتی، " رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، کێشەی پەنابەران و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا تاوتوێ کران". لە مانگی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارەی تورکیا چەند جارێک رایگەیاندبوو، دەیانەوێت هاوشێوەی هەندێک وڵاتی ناوچەکە و جیهان، پەیوەندیەکانیان لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکەنەوە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئاماژەی بەوەکردبوو کە لەسەر ئاستی هەواڵگری چەندین کۆبونەوە لەنێوان ئەوان و سوریا ئەنجامدراوە. بەرپرسانی تورکیا مەرجی سەرەکیان ئەوەیە کە رژێمی سوریا لەدژی رۆژئاوای کوردستان هەنگاو بنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی بەو شێوەیە لەلایەن دیمەشقەوە نەنراوە و رایدەگەیەنن کە پێویستە تورکیا سەربازانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکان بهێنێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە کریملن پلانە ١٠ خاڵییەکەی ئۆکرانیای بۆ ئاشتی ڕەتکردەوە و دەڵێت هەر پلانێکی ئاشتی ئۆکرانیا دەبێت ناوچە لکێنراوەکان بە ڕوسیاوە بگرێتەوە. دیمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرێملن وتی: "ناکرێت هیچ پلانێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا هەبێت کە ڕەچاوی ڕاستیەکانی ئەمڕۆی ناوچەی ڕوسیا نەکات، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی چوار هەرێم بۆ ڕووسیا ئەو پلانانەی کە ئەم ڕاستیانە لەبەرچاو ناگرن ناتوانن ئاشتییانە بن". ڕوسیا لە مانگی ئەیلولدا دوای ئەوەی ڕیفراندۆمی لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا ئەنجامدا هەرێمەکانی دۆندتسک، لوهانسک، خەرسن و زاپووریژژیای بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی ناساند لە کاتێکدا هیچ کەم لەم ناوچانە بەتەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیادا نین و ڕیفراندۆمەکە لە لایەن ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا ئیدانە کرا. ئەمەشلەکاتێکدایە سەرۆکی ئۆکرانیا زیلینسکی لە مانگی یانزەدا پلانێکی ١٠ خاڵی بۆ ئاشتی پێشکەشکردووەو لە گەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن و سەرکردەکانی جیهاندا گفتوگۆی لەسەر دەکات وهانی سەرکردەکانی جیهان دەدا کە لوتکەیەکی ئاشتی جیهانی لەسەر بنەمای ئەو پلانە ١٠ خاڵییە ببەستن. زیلینسکی داوا دەکات کە ڕوسیا لەو چوار ناوچەیە بکشێتەوە کە بە بەشێک لە ڕوسیای ناساندووە لە گەڵیاندا لە کریمیا کە لە ٢٠١٤ دەستی بەسەردا گرت. جێگەی باسە کریملین بە بەردەوامی وتوویەتی کە کراوەیە بۆ گفتووگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت هیچ ئارەزوویەک لە لایەن کیڤەوە نابینێت بۆ ڕێککەوتن .
هاوڵاتی وەزارەتی تەندرووستی ژاپۆن ڕایگەیاند، تەنها ڕۆژی چوارشەممە ٤١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەش زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستدانە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە کە تاوەکوو ئێستا لەیەک ڕۆژدا ڕوویدابێت. لەبارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی تەندرووستی ژاپۆن ڕایەگیاندووە، کە ڕۆژی چوار شەممە نزیکەی ٢١٦ هەزار و٢١٩ حاڵەتی نوێ تۆمارکراون،ئەمەس بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕووی لە هەڵکشان کردووە وبەڕێژەی ٤ لەسەد زیادی کردووە. ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە جیهاندا ڕایگەیاندووە، کە زۆرترین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان لە ٧ رۆژی ڕابردوودا بە پلەی یەکەم لە وڵاتی ژاپۆن بووە، دوای ئەویش زۆرترین حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا بووە.
هاوڵاتی لە کەرنەڤاڵی کالابار لە نەیجیریا کە کەرناڤێڵێکی ساڵانەیە شۆفێرێک بەسەرخۆشی خۆی کرد بەناو ئامادەبواندا، بەهۆیەوە ١٤ کەس گیان لەدەست دا و٢٤ کەسی دیکەس بریندار بوون. شایەتحاڵيکان دەڵین، شۆفێرەکە زۆر بەبێ باکانە خۆی کردووە بەناو نمایشەکەدا و کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست داوە. پۆلیس لەبارەی ڕووداوەکەوە وتی، شۆفێرەکە سەرخۆشبووە و نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خێرایی ئۆتۆمبێلەکە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن ئۆتۆمبێلەکە بەربەستەکانی کەرنەڤاڵەکەی تێپەڕاندووە و هاتۆتە ناو ئامادەبوانی نمایشەکە. پارێزگاری ویلایەتی کالابار ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەهۆی ڕووداوەکەوە نمایشەکانیان ڕاگرتووە کە بڕیاربوو لە شەوی سەری ساڵدا کەرنەڤاڵەکە بە یاریە ئاگرینەکان کۆتای پیبێت. کەرناڤاڵی کالابار، کەرنەڤاڵیکی ساڵانەیە وتێیدا چەندین نمایش ئەنجام دەدرێت ویەکێک لەوانە نمایشی پاسکیلسوارەکانە، لەم کەرنەڤاڵەدا کەسایەتیە ناودارە بیانی و ناوخۆییەکان بەشداری دەکەن.
هاوڵاتی بانکی ناوەندی عێراق بەمەبەستی دابەزاندنی بەهای دۆلار چەند بڕیارێکی دەرکرد و رایگەیاند، پشکی دۆلاریان بۆ بانکەکان زیادکردوە و پێداگرن لەسەر دابینکردنی دراوی بیانی بۆ هاوڵاتیان. ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکى ناوەندیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رێوشوێنەکانى خستەڕووى دۆلاریان ئاسانکردووە، ئەویش لە رێگەى زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتنى نەختینەیی دراوى بیانى (دۆلار) بە رێگەى زیادکردنى پشکى دەروازەى بانکەکان، دەستیش دەکرێت بە زیادکردنى ئەو بڕى دۆلارەى وەریدەگرن. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەدواداچون دەکات بۆ ئاستی ئاسانکاری بانکەکان بۆ دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتیان بە دۆلار و پاڵپشتی هەمو ئەو رێکارانەش دەکەن کە بانکەکان دەیگرنەبەر بۆ ئەوەی کڕیارانى دۆلار بەئاسانی دراوەکەیان دەستبکەوێت. ئەو بانکە خشتەیەکى بڵاوکردووەتەوە کە ناوى لقى ئەو بانکانەى تێدایە کە هاووڵاتییان دەتوانن دۆلاریان لێ بکڕن و ئەو پرۆسەیە لە 29ى کانوونى یەکەمى 2022 و رۆژانى جەژنى سەرى ساڵ (هەینى، شەممە و یەکشەممە) و رۆژانى دواتر کارى پێدەکرێت. ئەمەشلەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژەی پێشودا نرخی دۆلار بەرزبونەوەیەکەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوڵاتی شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق رایگهیاند، هێزه ئاسمانییهكانی عێراق ئۆپراسۆنێكی تایبهتیان دژ به چهكدارانی داعش ئهنجامداوه و لە ئەمجامیشدا 10 چهكداری داعش كوژراون. به گوێرهی راگهیهندراوی شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق، ئهمڕۆ (چوارشهممه 28ـی كانوونی یهكهم/دیسێمبهری 2022)، دوای كۆكردنهوهی زانیاری و بهسهرپهرشتی راستهوخۆی هێزه هاوبهشهكان، فڕۆكه جهنگییهكانی عێراق دوو حهشارگهی داعشیان له ناوچهی نارینی سهر به پارێزگای دیاله بۆردومانكرد، تێیدا 10 چهكداری داعش كوژران. ئاماژهی بهوهشكردوه، به پشتی بهستن به زانیارییه وردهكانی دهزگای ههوڵگری و فهرماندهیی ئۆپراسۆنه هاوبهشهكانی پارێزگای دیاله له رێگهی ئۆپراسۆنێكی ئاسمانی و به بهكارهێنانی فڕۆكه هێرشبهرهكان له جۆر F-16 و له ناوچهی نارین-ی سهر به پارێزگاكه بۆرومانی دو حهشارگهی چهكدارانی داعش كراوه و له ئهنجامیشدا 10 چهكداری داعش كوژران. شانهی راگهیاندنی ئهمنی عێراق باسی لهوهشكردوه، "یهكه ئهمنییهكانمان بهردهوام دهبن له بهدواداچون و لێكۆڵینهوهكانیان به مهبهستی راوهدونان و كێوماڵكردنی چهكدارانی داعش له تهواوی خاكی عێراقدا". هاوکات،دوێنێش تهحسین خهفاجی، گوتهبێژی فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی عێراق، له راگهیهندراوێكدا ئاماژهی بهوهكرد، بهگوێرهی ئاماره سهرهتاییهكان، لهماوهی ساڵی 2022ـدا نزیكهی 200 چهكداری داعش لهرێگهی بۆردوومانی فڕۆكه جهنگییهكانی عێراقهوه كوژراون. بهگوتهی تهحسین خهفاجی، ژمارهی ئهو چهكدارانی داعش كه لهماوهی ساڵی 2022ـدا لهسهر دهستی هێزه ئهمنییهكانی عێراق كوژراون، گهیشتووهته نزیكهی 400 چهكدار.
١١ ساڵ بەسەر بۆردومان و شەهیدبوونی ٣٤ هاوڵاتی کورد، لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١، لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە ناوچەی قلەبانی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەمەش نە ناسنامەی تاوانباران دەستنیشانکرا و نە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگاکاندا قبوڵکرا. جەگە لەوەش خانەوادەی قوربانیانی رۆبۆسکی رووبەرووی دەستگیرکردن، لێکۆڵینەوە و فشار بوونەوە. چاوەڕوانییەکانی خانەوادەکان بۆ دادپەروەری لە رەفە تۆزاوییەکانی دەوڵەتدا مانەوە، ئاسەواری کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی تاوەکو ئێستاش، لەنێو ماڵەکان و گوندی رۆبۆسکیدا دیارە. ئازارەکە تاوەکو ئێستاش تازەیە. دایکانی رۆبۆسکی ١١ ساڵە جلە کوردیە رەشەکانیان لەبەریان دانەناوە! رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیکا لەم بارەیەوە لەگەڵ فەرهاد ئەنجو، هاوسەرۆکی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پارێزگای ئەستەنبوڵ، چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، کە برا و کەسوکاری لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا گیانیان شەهید بوون و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکەیە. بەشێک لە چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەیە؛ لە دوایین هێرشەوە دەست پێ بکەین کە لەدژی کەسایەتیتان لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدرا. هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەرت و لەبەردەم کامێراکان زلەیان لێدایت. ئەم هێرشە کە پێش ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی ڕوویدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ فەرهاد ئەنجو؛ پێم وایە هێرشەکە پلان بۆداڕێژراوبوو. دەزانن من کێم. زۆر جار رووبەرووی هێرش بووینەوە. ئەو کەسەی کە زلەکەی لێدام، پێشتریش هەڕەشەی کردبوو. دوای زلەکە خۆی هات و دەستبەسەری کردم. هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکردندا ئەشکەنجەیاندام. رێکەوت نییە کە هێرشێکی لەو شێوەیە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا دەکرێتە سەرم. ئەمەش دەرئەنجامی بێباکی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە لەبەرامبەر کێشەکان. ئەو زلەیەی لەمندرا، لە هەموو کەسێکدرا کە بەرگری لە ئاشتی ، دیموکراسی ، ئازادی و ژیانی مرۆڤدۆستانە دەکەن. بە تایبەتی زلەیەکە کە لە هەموو گەلی کورد دراوە. ئێمەش لە سندوقی دەنگداندا زلەکەیان لێدەوەشێنینەوە. رۆبۆسکی وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی کۆماری تورکیا تۆمار کرا. رۆبۆسکی لەنێو مێژووی تورکیا چی پێگەیەکی هەیە؟ لە مێژووی کۆماردا، کۆمەڵکوژی گەورە روویانداوە، بەڵام رۆبۆسکی یەکەم کۆمەڵکوژی بوو کە دەسەڵات، بە وێنە و ڤیدیۆ لەسەر تاوانەکەدا گیرا. لە مێژوودا کۆمەڵکوژییەکی زۆر بە ئازار هەیە، وەک دەرسیم و زیلان. ئێمە لە رێگەی ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ئەو قۆناغە بوون، لە کۆمەڵکوژیەکان تێدەگەین، بەڵام کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی بەو شێوەیە نییە. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەکە لە سەرەتای کۆمەڵکوژیەکە و تاوەکو کۆتایی تۆمارکرا. ئەگەر باسی پرۆسەی دوو رۆژەکە بکەین تاوەکو تەرمەکان دەهێنرێنە گوندەکە لە رۆبۆسکی بە خاک دەسپێردرێن، دەتوانین وێنەیەک بکێشین کە ئەم کۆمەڵکوژییە چەندە دڕندانە بووە. بەشێک لەو کەسانەی هەواڵی کۆمەڵکوژیەکەیان پێگەیشت، بەپێی پەتی رایانکرد بۆ سنوورەکە، هەندێکی تریش بەبێ ئەوەی تەنانەت پاڵتۆیەکیشیان لەبەربکەن، بەرەو شوێنی کۆمەڵکوژییەکە رۆیشتن. کاتێک گەیشتینە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، بە چاوی خۆمان جەستەی پارچە پارچە کراومان بینی. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەک بوو، کە پارچەی جەستەی مرۆڤ و هێسترەکان تێکەڵ ببوون. هەمووان بە دوای خزم و هاوسەر و برای خۆیاندا دەگەڕان. هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکان لە ژێر بەرد و خاک دەدرا. لە کۆتاییدا دوای کۆکردنەوەی تەرمەکان. بە تراکتور و هێسترەکان تەرمەکان گواسترانەوە. ئەو وێنانە هەم بۆ خێزان و هەم بۆ کۆمەڵگا زەبرێکی کوشندە بوون. ئەو زەبرە گەورەیە تاوەکو ئێستاش لە ناخی خێزانی شەهیدان و کۆمەڵگادا تازەیە. ١١ ساڵ تێپەڕی و چووینە ١٢ ساڵەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە لە کەسایەتی گەلی رۆبۆسکیدا زەبرێکی گەورەی بە گەلی کورد گەیاند. ئەمڕۆش دایکانی رۆبۆسکی جلی رەش لەبەر دەکەن. تا ئێستاش لە سەر گۆڕی منداڵەکانیان ماتەمینی دەگێڕن. تا ئێستاش بە قووڵی بەدەست ئەو کۆمەڵکوژییە دەناڵێنن. تاوەکو ئێستا بە ئازاری کۆمەڵکوژییەوە بۆ جەژن و زەماوەندەکان دەڕۆن. تەنانەت دوای ١١ ساڵ، هاوسەرگیری لە رۆبۆسکی وەک ساڵانی بەر لە کۆمەڵکوژیەکە نییە. ئێستاش کەسانێک هەن بەشداری لە هیچ خۆشیەکدا ناکەن. بۆیە زۆر شت گۆڕاون. دایکانێک هەبوون بەرگەی ئەم کۆمەڵکوژییەیان نەگرت و بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییان کرد. کەسانێک هەبوون نەیانتوانی بژین تاوەکو سزادانی بکوژانی ڕۆڵەکانیان ببینن. کەسانێک هەبوون بە ئازار و تووڕەیی کۆمەڵکوژییەوە روویان لە شاخەکان کرد و شەهید بوون. کەسانێکیش هەن کە تا ئێستاش دادگایی دەکرێن لەسەر ئەوەی توڕەیی و کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکە نیشانداوە. کۆمەڵکوژییەکە گۆڕانکاری زۆری لەسەر رۆبۆسکی دروست کرد. ژیان لە منداڵ و گەنجەکانی رۆبۆسکی سەندرایەوە. دایک هەیە بە بچووکترین دەنگی تۆپ یان بچووکترین دەنگ کە بەهۆی زەبر و زەنگی کۆمەڵکوژییەوە دروست بووە، هاوار دەکەن و تووشی سەرسوڕمان دەبن. پرسی دادپەروەری لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێکراوە. پرسی دادپەروەری بۆ رۆبۆسکی چییە؛ کاتێک باسی دادپەروەری دەکرێت، بۆ رۆبۆسکی چی دەگەیەنێت؟ پرسی دادپەروەری لە تورکیا بۆ ئێمە پرسێکی بەتاڵە. پرسێکی زارەکیە. ئێمە وەک خەڵکی رۆبۆسکی دادپەروەریمان نەبینیوە. بە واتایەکی تر دادپەروەری پرسێکە، بۆ ئێمە مانای خۆی لەدەست داوە. چونکە کاتێک مانای دادپەروەری لەبەرچاو دەگرین، دەتوانین وەک چەمکێک لەبەرچاوی بگرین کە کاریگەری ئەرێنی دروست بکات، ئازار و توڕەیی ئەو بنەماڵانە کەم بکاتەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی دادپەروەری لە دژی ئێمە بەکاردەهێنرێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان گەورەتر دەکات و ئازارەکانمان قوڵتر دەکاتەوە. بۆ نمونە ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا لێپرسینەوە لە کەس نەکراوە. دیسانەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە، هەموو مانگێک، هەموو هەفتەیەک، بەبێ جیاوازی، دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانییەوە، فشار دەخاتە سەر بنەماڵەکان و فشاریان لەسەر دەکات کە دەنگەکانیان بە دەسەڵات بدەن. ئەمەش لەژێر چاودێری و فەرمانی وەزیری ناوخۆدا دەکرێت. بە ترساندن دەیانەوێت، خێزانەکان بۆ ناو رێکخستنەکانیان پەلکێش بکەن. هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن چۆنە. دوایین جار کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە سەردانی رۆبۆسکی کرد. ئەم سەردانە بۆ ئێوە چی دەگەیەنێت؟ گرنگە سەرۆکی حیزبێک کە ئاواتەخوازی دەسەڵاتە، دوای ١١ ساڵ سەردانی رۆبۆسکی بکات و بەڵێنی جێبەجێکردنی دادپەروەری بدات. دوو خاڵی گرنگ هەیە لێرەدا داوای دەکەین. یەکێک لەوانە دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و دووەمیان روونەدانی کۆمەڵکوژیەکی بەم شێوەیەیە. دوای رۆبۆسکی ئازارێکی زۆر دروست بوو. لە جزیر لە ژێرزەمینەکاندا هاوڵاتیانی کورد. ئەم هەموو کۆمەڵکوژیانە و کۆمەلکوژی رۆبۆسکی لەسەر بنەمای سیاسەتی شەڕ و مردن ئەنجامدرا، نەک گرتنەبەری ڕێگا و میتۆدی دیموکراسی لە پرسی کورددا. پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بەم شێوەیە سیاسەت بکەن.
جارێکی دیکە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرپسێکیش ئاشکرای دەکات بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خۆراک فرۆشی رێستۆرانت و خواردنگەکانی وڵاتەکە کەمی کردوە. ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 42 هەزار و 123 تمەن و بەهای هەر پاوەن-ی بەریتانی بۆ 51 هەزار و 845 تمەن بەرز بوەوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و زیاتر لە 104 رۆژە تمەن بە بەردەوامی دابەزین بەخۆیەوە دەبینی و پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی بەرامبەر تمەن تۆمار بکات و هەر بەهای هەر دۆلارێک بگاتە زیاتر لە 50 هەزار تمەن. لە لایەکی دیکەوە هەر بەهۆی هەڵاوسانەوە ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی برنج و رۆن و مریشک، فرۆشی خواردنگەکانی ئێران بەشێویەکی بەرچاو کەمی کردوە. سەرۆکی سەندیکای خاون خواردنگەکان لە ئێران ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی پێدوایستییەکانی خۆراک کاریگەریی زۆری لەسەر کەمبونەوەی فرۆشی خورادنگەکانی وڵاتەکە هەبوە. بە وتەی سەرۆکی ئەو سەندیکایە، رێژەی فرۆشی خواردنگەکان 20 بۆ 30٪ کەمی کردوە کە لە سەردەمی بڵاوبونەوەی کۆرۆناش کەمترە. لە سێ مانگی رابردودا زۆربەی پێداویستییە خۆراکییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و بە جۆرێک رۆن بە رێژەی زیاتر لە دو هێندە بەربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی برنج و مریشک و پەتاتەش بە رێژە 150٪ بەرزوبونەتەوە. پێشبینیی دەکرێت دابەزینی بەهای تمەن و بەرزبونەوەی بەهای دراوی دۆلار بەردەوام بێت و فشارە نێودەوڵەتییەکانیش ببێتە هۆی بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و کەمبونەوەی توانای کڕینی دانیشتوانی ئێران.
هەسەدە رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ١٧٨ شەڕڤان شەهید بوون و ٤٤ سەربازی تورکیا، ٣٨٧ تیرۆریستی داعش و ٢٢ چەکداری سەر بە تورکیا کوژران. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکان، شەهیدی خەڵکی مەدەنی و شەڕڤان و کوژراوەکانی تورکیا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و تیرۆریستانی داعش لە سالی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە؛ لە هێرشەکانیدا ٥٩ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ١٢ کەسیان منداڵن و ٥ کەسیان ژنن. هەروەها، ٢٦٣ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون کە ٥٩ کەسیان منداڵن ٤٤ کەسیان ژنن. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دەشڵێت، ئەمساڵ ١٧٨ شەڕڤانیان شەهید بوون کە ٩٥ شەڕڤان لە شەڕی مەرامبەر تورکیا، ٦٩ شەڕڤان لە شەڕی بەرامبەر داعش و ١٤ شەڕڤان بە نەخۆشی و روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها، لە ئەنجامی وڵامدانەوەی شەڕڤاناندا، ٤٤ سەربازی تورکیا و ٢٢ چەکداری گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و ٣٨٧ تیرۆریستی داعش کوژراون.
زیاتر103 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانیش بۆ 527 کەس بەرز دەبێتەوە رێکخراوێش هۆشداریی دەدات لە ئەگەری سزای سێدارە بۆ 100 دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد لە 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 476 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و لە بەرامبەردا 51 ئەندام و چەکدارای هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران کوژروان. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ جگە لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دو گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکان 100 دەستگیرکراوی دیکە چاوەڕێی سەپاندنی سزای سێدارە دەکەن لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا لانیکەم 130 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەس دەستگیر کراون.
