هاوڵاتی فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٢ گەرمترین ساڵ دەبێت لە مێژووی بەریتانیا کە تۆمارکرابێت، هەروەها بەپێی ئامارەکان تەواوی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٢ پلەکانی گەرما بەردەوام بەرزبوون، جگە لە مانگی کانوونی دووەم. ساڵی ٢٠٢٢ شەپۆلێکی گەرمای توند سەرانسەری بەریتانیای گرتەوە، مانگی حوزەیران بۆ یەکەم جار بوو کە پلەکانی گەرما بگاتە ٤٠ پلە لە بەریتانیا، مانگی تەمموز فەرمانگەی کەشناسی کارتی سوری بۆ هۆشداری لەو پلە گەرمیە بەرزە هەڵکرد. دکتۆر مارک مەکارتی، زانای بواری کەشوهەوا لە فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد ئەم پلەی گەرمایەی کە تۆمارکراوە لە بەریتانیا، پێش شۆڕشی پیشەسازی بەدور ئەبینرا بەوشێوەیە پلەکانی گەرما بەرزببنەوە. هاوکات وتیشی، هەرچەندە پلەکانی شەپۆلێکی سەرما لەم چەند هەفتەیەی مانگی کانوونی دووەم توند بوون بەڵام هێشتا کەمترن بەراورد بەو پلە گەرما بەرزەی بەریتانیا.
هاوڵاتی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە". مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەم) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان دراوە بە بازرگانان". بەشێک لەو ژمارە و ئامارانەی سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان خستییەڕوو: مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان رایگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 291 کارگە مۆڵەتی کارکردنیان هەیە کە لەو ژمارەیە سێ هەزار و 805 کارگە لە هەولێر و هەزار و 70 کارگە لە سلێمانی و 416 کارگە لە دهۆکن هەروەها لە هەرێمی کوردستان 582 کارگە مۆڵەتی سەرەتاییان وەرگرتووە کە لەو ژمارەیە، 385 کارگە لە هەولێر، 193 کارگە لە سلێمانی و 34 کارگە لە دهۆکن". گوتیشی: "ژمارەی ئەو کارگانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دوو هەزار و 197 کارگەیە و لەو ژمارەیە، هەزار و 346 کارگە لە هەولێر، 552 کارگە لە سلێمانی و 298 کارگە لە دهۆکن". باسی لەوەشکرد،لەکۆی ئەو چوار هەزار و 291 کارگەیەی لە هەرێمی کوردستانن، سێ هەزار و 282 کارگەیان بچووکە، 648 کارگەی مامناوەند و 260 کارگەشیان گەورەن. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆی ڕایگەیاند: هەر بەرهەمێک 25%ـی پێداویستی ناوخۆیی دابینبکات، بەرهەمەکانی پارێزراو دەبێت و هاوردەکردنی هاوشێوەی ئەو بەرهەمە، بەهای گومرگی و باجی زیاتری دەخرێتەسەر، بۆ ئەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکە بەردەوام بێت، هەروەها تا ئێستا 150 بەرهەم گەیشتووەتە ئەو ئاستەی 50%ـی پێداویستی ناوخۆی پڕبکاتەوە، نموونە شیرەمەنی، بەروبوومی کشتوکاڵی (بەپێی وەرزەکان)، جوجکی یەکڕۆژە و مریشک و پەلەوەر، پاککەرەوە، کەرەستەی بیناسازی وەک شیش و چیمەنتۆ و خشت. هاوکات لە 65% بۆ 70%ـی بەرهەمی کارگەکان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێن وتیشی، بەرهەمی کارگەکان لەو بوارانەدان: شیش و چیمەنتۆ، کانزا، لە بواری پلاستیک کارگە هەیە کە 260 جۆر پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، خۆراک، رستن و چنین، کیمیایی، سلیلۆس، ئامێر، مۆبیلیات، خزمەتگوزاری، پاککەرەوە، دەرمان، زەیتی زەیتون، رۆنی ئۆتۆمبیل. بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئەمساڵ پێنج هەزار و 204 مۆڵەتی هاوردەکردن لە هەرێمی کوردستان دراوە بە بازرگانان و خۆراک لە پلەی یەکەمی ئەو کاڵایانە بووە کە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. لەبارەی ئەو کاڵایانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی: "ساڵی 2022 خۆراک بە پلەی یەکەم بووە، بەروبوومی کشتوکاڵی بە پلەی دووەم، ڤێتەرنەری پلەی سێیەم، ئاژەڵی زیندوو پلەی چوارەم، پزیشکی بە پلەی پێنجەم بۆ هەرێمی کوردستان هاوردەکراوە". باسی لە کۆمپانیاکانیش کردوگوتی ، لە هەرێمی کوردستان 31 هەزار و 27 کۆمپانیا تۆمارکراون و بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 713 کۆمپانیای خۆماڵین، سێ هەزار و 314 کۆمپانیاش بیانین. لەبارەی رێژەی کۆمپانیا بیانییەکان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان رایگەیاند: "تورکیا 44٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و ئێران 10٪، ئەمریکا 6٪، بەریتانیا 5٪، ئوردن 4٪، وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی و چینی و رووسی و وڵاتانی دیکە 31٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە".
هاوڵاتی بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە گازینۆی گراند دایمۆند سیتی هۆتێلی شاری پۆیپێت لە کەمبۆدیا زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاند بەلایەنی کەمەوە 19 کەسی کوشت و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کازینۆی هۆتێلێکی کەمبۆدیا ئاگرێکی بەهێز کەوتەوە، سیک سۆخوم، بەرپرسی بەشی زانیاری پارێزگای بانتیای دایچەی وتی، هەندێک قوربانی هێشتا لەژێر پاشماوەی بەشێکی بیناکەدان یان لە ژوورە داخراوەکاندا بوون لە کاتی ئاگرەکەدا هەربۆیە تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە ڕزگاریان بکەن بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان بەرزبنەوە . وتیشی لە ناو کوژراو بریندارەکاندا هاوڵاتی تایلەندی، چینی، مالیزیای، ڤێتنامی و کەمبۆدیا تێدایە. بەشی نەهێشتنی ئاگر و کوژاندنەوە و ڕزگارکردن بڵاویکردەوە کە لە نهۆمەکانی 13 و 14 و 15 لە کاتژمێر 4 ی سەر لەبەیانی خەڵکی لەناو ئاگرەکەدا مابوون وداوای یارمەتییان دەکرد. ئاگرەکە، کە لە دەوروبەری نیوەشەوی چوارشەممە دەستی پێکرد، لە کۆتایدا کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆی پێنجشەممە کۆنتڕۆڵکرا. سۆخوم، وتیشی: ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بەردەوامە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی زیادەڕەویدا بووە لە بەکارهێنانی کەلوپەلی ڕازاندنەوە بۆ سەری ساڵ و کارەبایەکی زۆری ڕاکێشاوەو بۆتە هۆی دروستبونی شۆڕتی کارەباو سوتانی وایەرەکان ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی ئاگرەکە.
هاوڵاتی وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە ئەو کەسانەی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن و هاوڵاتی بەریتانین نابێت دەستگیربکرێن. ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژی ڕیشی سوناک، وتیشی داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەمان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیانەی کە ئێرانین و خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت ئەم پرسە بۆ کاریگەری وکاری دیپلۆماسی بەکاربهێنرێت. ئەم داوایەی بەریتانیا دوای ئەوە هات کە دەزگای سەر بە هەواڵی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایەگەیاند چەند کەسێکییان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە هەندێکییان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانیشن. پارتی کرێکارانی بەریتانیا داوای سزای نوێی کردووە بۆسەر ڕێکخراو و دەسەڵاتدارانی ئێران. هاوکات دەیڤد لامی، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا سزایان بەسەر زیاتر لە ٤٠ بەرپرسی ئێراندا سەپاندووە، بەڵام بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە و سزای نوێ بەسەر ئەو بەرپرس و رێکخراوانەی ئێران کە دەستیان هەیە لە سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران.
هاوڵاتی بەدران چیا کورد هاوسەرۆکی فهرمانگهی پەیوەندییەکانی دهرهوهی بهڕێوهبهرایهتی خۆسهری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکەی تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا، هێشتنەوەی ئەردۆغان و پارتهكهیهتی لە دەسەڵاتدا پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا و وتی، بەردەوامبوونی ئاکەپە لە دەسەڵاتدا بە واتای بەردەوامی سیاسەتی کوشتن و لەناوبردنی کورد و گەلانی ناوچەکە دێت. بەدران چیا کورد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی نورس پرێسی نزیک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بە ئامانجی کۆبونەوەی دوێنێی تورکیا، سوریا و روسیا لە مۆسکۆ کرد و رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زیانێکی گەورە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دهدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گورزێکی گهورهش لە هەر دەستپێشخەرییەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردن و سەقامگیری ناوچهكه دهدات. هاوسەرۆکی فهرمانگهی پەیوەندییەکانی دهرهوهی بهڕێوهبهرایهتی خۆسهری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەشڵێت، ئەو کۆبوونەوانە پەرەدەسەنن بۆ قۆناغێکی نوێی ڕێککەوتن و پلانی دوژمنکارانە لهدژی بەرژەوەندییەکانی گهلی سوریا، هەروەها هەوڵدانه بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەدەنە، کە نادادپهروهرییه لهدژی گهلانی ناوچهكه. ئەو کۆبوونەوانە پەرەدەسەنن بۆ قۆناغێکی نوێی ڕێککەوتن و پلانی دوژمنکارانە لهدژی بەرژەوەندییەکانی گهلی سوریا، هەروەها “هەوڵدانه بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەدەنە، کە نادادپهروهرییه لهدژی گهلانی ناوچهكه”. لەلایەتکی دیکەوە، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا، خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا، باسی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی نێوانیان و شاندی سەربازی و هەواڵگری سوریا بە نێوەندگیری روسیا لە مۆسکۆ کرد و وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا، مەرجی سەرەکیان دژایەتیکردنی کوردە. ئاکار وتی، لە گەڵ شاندی سوریا ئاماژەیان بەوەکردووە کە پێویستە سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا بپارێزرێن و بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێکاریگەر بکرێت کە وەک (یەپەگە\پەکەکە) ناوی هێناوە. باسی ئەوەشی کردووە کە دەیانەوێت ئاوارە سوریەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە کۆبونەوەکەدا باسی ئەم پرسەش کراوە. دوێنێ وەزارەتی بەرگری روسیاش راگەیەندراوێکی کورتی لەبارەی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی روسیا، سوریا و تورکیا بڵاوکردەوە و وتی، کۆبونەوەکە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەران و کۆتاییهێنان بە گروپە توندرەوەکان بووە. دوێنی ٢٨ی کانونی یەکەم، دوای ١١ ساڵ تورکیا و سوریا لەسەر ئاستی سەربازی و هەواڵگری لە روسیا کۆبونەوە. کۆبونەوەکە لەنێوان خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و هاکان فیداکان سەرۆکی هەواڵگری تورکیا (میت)، عەلی مەحمەد عەباس وەزیری بەرگری سوریا و شاندێکی هەواڵگری وڵاتەکەی و سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سوریا بەردەوام دەبێت.
خانمێکی کورد دوای ئەستۆی پاکیی سزای سێدارەی لەسەر نامێنێت بەڵام بە تۆمەتی بێڕێزیی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. موژگان کاوسی، نوسەر و چاکوانی سیاسیی کورد کە پێشتر تۆمەتی هەوڵدان دژی کۆماری ئیسلامی و هاندان بۆ جەنگ و تێکدانی ئاسایشی ئێرانی دراوبوە پاڵ سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەو خانمە کوردەی نیشتەجێی پارێزگای مازەندەران لە باکوری ئێران لە دانیشتنی دادگادا ئەستۆ پاکیی سەلمێنرا و مەترسیی لەسێدراەدانی لەسەر نەماوە بەڵام دادگا بە تۆمەتی بێڕێزیی بە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. کاوسی پێشتریش بە تۆمەتی دژایەتیی دەسەڵاتی ئێران سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و چەند ساڵێک لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا زیندانیی کراوە. ئەو مامۆستای زمانی کوردییە و خاوەنی چەند کتێبێکە لەسەر مێژوی کورد و ئێران و وەرگێڕانی بۆ چەند کتێبێک و بابەت سەبارەت بە ئەنفال و دۆخی کورد کردوە. موژگان کاوسی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نەوشەهەر لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران دەستگیرکرا و بە پێی ئەو تۆمەتانەی دراوبوە پاڵی، سزای سێدارە ئەو خانمە کوردە دەگرتەوە.
تیرۆریستانی داعش لە شاروچکەی جدێداتی رەقە هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێڵێکی هێزەکانی ئاسایش و بەگوێرەی زانیاریەکان دوو ئەندامی ئاسایشی بریندار بوون. سەرچاوەیەک لە ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بە ئاژانسی نورس پرێسی نزیک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریای رایگەیاندووە، ژمارهیهك چەکدار کە گۆمان دەکرێت داعش بن، لە بەردەم گۆڕستانی شەهیدان لە شارۆچکەی جدێدات، بهدوری ٤٥ کم لە رۆژهەڵاتی رەقە، تەنکەرێکی ئاوی سەر بە هێزهكانی ئاسایشیان کردووەتە ئامانج. ئاژانسەکە دەڵێت، لە هێرشەکەدا دوو ئاسایش بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسەرکردن گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی رەقە. ٢٦ی ئەم مانگەش، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردبووە سەر ناوەندی ئاسایشی رەقە و بەوهۆیەوە، سێ ئەندامی ئاسایشی و سێ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون.
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکەی مۆسکۆدا، قسە لەسەر بێکاریگەرکردنی (یەپەگە\پەکەکە) کراوە. لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا، خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا، باسی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی نێوانیان و شاندی سەربازی و هەواڵگری سوریا بە نێوەندگیری روسیا لە مۆسکۆ کرد و وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا، مەرجی سەرەکیان دژایەتیکردنی کوردە. ئاکار وتی، لە گەڵ شاندی سوریا ئاماژەیان بەوەکردووە کە پێویستە سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا بپارێزرێن و بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێکاریگەر بکرێت کە وەک (یەپەگە\پەکەکە) ناوی هێناوە. وەزیری بەرگری تورکیا باسی ئەوەشی کردووە کە دەیانەوێت ئاوارە سوریەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە کۆبونەوەکەدا باسی ئەم پرسەش کراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ وەزارەتی بەرگری روسیا راگەیەندراوێکی کورتی لەبارەی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی روسیا، سوریا و تورکیا بڵاوکردەوە و وتی، کۆبونەوەکە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەران و کۆتاییهێنان بە گروپە توندرەوەکان بووە. لایەنی روسی و سوری تاوەکو ئێستا گلۆپێکی سەوزیان بۆ دژایەتیکردنی رۆژئاڤای کوردستان بە ئاشکرایی بۆ تورکیا هەڵنەکردووە. وەک ئەوەی پێشتریش فەیسەل مەقدید وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی پێکردبوو، مەرجی سەرەکی سوریا ئەوەیە کە تورکیا سەربازانی لە خاکی سوریا بکێشێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکانی دژی حکومەتی دیمەشق هەڵبگرێت.
شەرڤانانی هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە دژی داعش دەست پێدەکەن و ژمارەیەک چەکداریش دەستگیر دەکرێن و رێکخراوێکیش بڵاوی کردەوە داعش لە ساڵێکدا 345 کەسی کە باکوری سوریا کوشتوە. ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)بڵاوی کردوە؛ وەک وەڵامدانەوە بۆ هەوڵەکانی داعش بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشی چەکداریی بۆسەر کامپی هۆل و شاری رەققە، ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی هەورەبروسکەی جزیرە دەست پێکردوە. هەسەدە ئاماژەی بەوە کردوە بە هاوکاریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکەیان کردوە لە حەسەکە و قامیشلۆ وتل حەمیس دژی چەکدارانی داعش. بە پێی راگەیەنراوی هەسەدە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، ژمارەیەک چەکداری داعشیان لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کردوە. هەسەدە جەختی کردوەتەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچەکانی باکوری و رۆژهەڵاتی سوریا دژی چەکدارانی داعش زیاتر دەکەن. لە لایەکی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە داعش لە ئەمساڵدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەریی رۆژئاوای کوردستان کوژراون. بە پێی زانیارییەکانی روانگەی سوری 93 کەس لەو کوژراوانە کەسانی مەدەنیی بون کە چواریان منداڵ و 21 کەسیان ژن بوە. ئەگەرچی هەسەدە لە ساڵی 2019 کۆتایی داعشی لە رۆژئاوای کوردستان و هەندێک ناوچەی باکوری سوریا راگەیاند بەڵام هێرش و جموجۆڵی چەکداریی ئەو ریکخراوەیە ناوبەناو بەردەوامە.
هاوردەی کاڵای ئێران بۆ چین بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو دادەبەزێت و تمەن 70٪ی بەهاکەی لەدەست دەدات. گومگرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە ؛هاوردەی کاڵای ئێران بۆ وڵاتەکەی لە مانگی رابردودا 326 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا پێشتر ئێران مانگانە بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ چین ناردوە. بە پێی بەراوردەکان ئەو بڕە لە هاوردەی کاڵای ئێران بۆ ناو چین کەمترین رێژەی 20 ساڵی رابردوە و سێ مانگە لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بە بەردەوامی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ چین کەمی کردوە. بە گشتی چین لە 11 مانگی ئەمساڵدا بڕی شەش ملیار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردوە و هاوکات هەر لەو ماوەیەدا بە بڕی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ ئێران ناردوە. چین بە گەورەترین هاوبەشی ئابوریی ئێران لە ناوچەکە ئەژمار دەکرێت و کەمبونەوەی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی تاران لە ناوچەکەدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەهای یەک دۆلار گەیشتە زیاتر لە 44 هەزار تمەن. بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ژمارەیەک بازاڕ و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن کاسبکارانەوە وەک ناڕەزایەتییەک داخران. زیاتر لە سێ مانگە دابەزینی بەهای تەمەن بەردەوامە و تەنها لە یەک ساڵدا تمەن 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دراوی دۆلار لەدەستداوە.
هاوڵاتی لە هندستان زانایەکی کۆمپیوتەری هندی کامێرایەکی درووستکردووە کە دەتوانێت وێنەی ژنان بگرێت و لەڕێگەی پلەی گەرمیەوە بوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک دیاری بکات. پشکنینەکە بەجۆرێکە کە ئەو ژنانەی پشکنینیان بۆ ئەکرێت جلەکانی سەرەوەیان لادەبەن و بێ ئەوەی کەسیک دەستیان لێبدات لەڕێگەی کامێراکەوە وینەیەکیان دەگیرێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی هەبێت لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی لە کەسەکە بدۆزرێتەوە دواتر پشکنینی زیاتری بۆ ئەنجام ئەدرێت. گیتا مەنجونات کە داهێنەری ئامێرەکەیە دەڵێت کامێراکە زۆر ئاسان بەکاردێت و هەرکەس بیەوێ دەتوانێت لەگەڵ خۆی بۆهەموو شوێنێکی بگوازێتەوە وکێشێکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات، دەڵێت ئەم هەوڵەم بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی تووشوبون و گیان لەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان کەم بکەمەوە، هاوکات باس لەوە دەکات کە بەهۆی تێچووی" مەمۆگرافی" ودەستڕاگەیشتنی زۆرێک لە ژنان ناتوانن زوو ئاگاداربن لەوەی کە تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون؛ هەربۆیە ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەوکەسانەی ناتوانن پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام بدەن لەم رێگەیەوە پشکنین بکەن. بەشێک لەو ژنانەی کە ئەم پشکنیەیان کردووە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن ودەڵین هەستێکی خۆشە کە بەبێ ئەوەی کەس دەست لێبدات پشکنینەکەت بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ئازارێکی نیە وتێچویەکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات دەڵێت، هەمیشە خەوم بەوە بینیوە کە لە هندستان ڕزگارمان بێت لە ڤایرۆسی ئیفلیجی پۆلیۆ، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم کە لە شێپرپەنجەی مەمک ڕزگارمان بێت. ئەم داهێنانەی کۆمپانیای نیرامای کە گیتا مەنجونات بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە وداهێنەری ئەم ئامێرەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە نیوەی تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان ناتوانن چاکبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن. کۆمپانیای نیرامای کە خاوەنی داهێنانەکەیە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار پشکنینی ئەنجامداوە لە هندستان، هەروەها باس لەوە دەکەن کە %٩٠ ئەنجامی پشکنینەکان دەقیق بوون، بەڵام پزیشکانی رۆژئاوا و بەڕێبەرایەتی خۆراک ودەرمانی ئەمریکا دەڵێن باشترین پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک " مەمۆگرافیە"
103 رۆژە ناڕەزایتەییەکان بەردەوامن و تەنها لە دو رۆژدا رێوڕەسمی چلەی 11 کوژراوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و سەقز و سنە بەڕێوچو و لەو شارانە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان دروشمیان دی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هاوکات ولاتی ئەڵمانیا پشتیوانیی بۆ ناڕەزایەتییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران راگیراون و سەرنجی وڵاتەکەی تەنها لەسەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتییانەیە لە ئێران. ئەمڕۆ چوارشەممە لە بۆکان چلەی مەرگی میلاد مەعروفی تەمەن 23 ساڵ بەڕێوەچو و دایکیشی لەسەر گڵکۆکەی رایگەیاند؛ کوڕەکەی ئەو چێ شانازییە کە شەهیدی رێگەی ئازادیی و کوردستانە بۆیە گریانی ناوێت، ئەو وتیشی" دەبێت بەکرێگیراوان بگرین کە لە پێناو پارە و ماڵی دنیا خۆیان و خەڵک و رۆڵەکانی ئێمەیان فرۆشت، دایکی میلاد دەڵێت: ناگریم بۆ کوڕەکەم و شانازیی پێوە دەکەم ئەوان شەهیدە و رۆڵەی ئاگر و خوێنە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەکی کە لە رێوڕەسمەکە بڵاو کراوەتە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان و یادی چلەی میلاد مەعروفی کردوە. هەر لە شاری بۆکان رێوڕەسمی چلەی مەرگی شەهریار محەمەدی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو. لە شاری مەهاباد رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهران رەحمانی بەڕێوەچو کە دوای برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدابو. بە پێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 103 رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان 139 کەس کوژراون کە تەمەنی زۆرینەیان لە نێوان 19 بۆ 26 ساڵ بوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە ماوەی 20 رۆژی رابردودا دەیان کوڕ و کچی گەنجی ئیلام و کرماشان و مەهاباد و سەقز و بۆکان دەستگیرکراون و چارەنوسی زۆربەیان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی 201 کچ و ژنی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون ئاشکرابوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە تا 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 476 کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کوژراون. ئەگەرچی تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام ئاشکرای کردوە 51 ئەندامی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی لەو ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. بە کۆی ئامارەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە کە بارەگاکانیان لە دەرەوەیە لە ماوەی 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان بە گشتی 527 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەش 69 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. لە رۆژانی 21 تا 22 مانگی ئیلولی ئەمساڵ هەشت لاو کە تەمەنیان 16 ساڵ بو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو رۆژەی سارەکانی ورمێ و پیرانشار و شنۆ و دێدەشت و تاران و زەنجان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی چوارشممە کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ چیتر پێویست ناکات دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بەردەوام بێت چونکە ئامانج و سەرنجی سەرەکیی ئەڵمانیا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیە. لەگەڵ لێدوانی کریستۆفەر بێرگەر ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رەخنەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئەوروپا گرت کە تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەخستوەتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. هاوکات هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رایگەیاند؛ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە ئەو حەوت هاوڵاتییە بەریتانی-ئێرانییە ئازاد بکات کە لە ماوەی رابردودا لە لاین سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرابون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ بەریتانیا هیچ کاتێک قبوڵی ناکات هاوڵاتییانی وەک بارمتە بە ئامانجی فشاری سیاسیی سودیان لێورگیرێت و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو شێوازە بێت کە دەیەوێت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت بەریتانیا ، فشاری سیاسیی لەسەر لەندەن دروست بکات.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە رێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی دۆلار و سنورێك دابنرێت بۆ دۆخی خراپی دراوی عێراقی و حكومەتی عێراق بە بەرپرسیارێتی ئەركەكانی هەڵبستێت. مستەفا کازمی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشو کردوە لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە دۆسییەکانی گەندەڵی بەگوێرەی بڕیاری دادگا و بەرێکاری یاسایی ئەنجام بدرێن و نابێت لەژێر هیچ فشارێکدا خەڵک بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیربکرێت یان ئازاد بکرێت. ئەوەشی خستوەتەڕو، پەیوەست بە نرخی دۆلاریش بەرامبەر دینار، جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هاوکاری لەنیوان کەرتی گشتی، دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت هەبێت، حکومەتی پێشوش گوتاری جوڵاندنی هەستوسۆزی شەقام و شاردنەوەی راستییەکانی رەتکردەوە چونکە ئەو هەنگاوە گرفتەکانی زیاتر ئاڵۆز دەکرد. هەروەها کازمى بەرگرى لە لیژنەى بنبڕکردنى گەندەڵى دەکات کە لە ساڵى 2020 و لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەودا دامەزرا و بە گوتەى سەرۆکوەزیرانى پێشوو پێکهێنانى لیژنەکە لەسەر داواکاریى جەماوەرى بووە و هیچ بڕیارێکى دەستگیرکردنى بەبێ فەرمانى دادگەى تایبەتمەند نەکراوە. سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق دەڵێت، پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق ئەرکی هەمو لایەنەکانە و داواش لە هەموان دەکات کاربکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و راگرتنی ئەو "پەرشوبڵاو"یەی سەبارەت بە سیاسەتی نەختینەیی دراوی بیانی و هەڵاوسانی ئابوری بڵاودەکرێتەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە تاڵیبان دەکات سیاسەتەکانی دەربارەی ژنان بگۆڕێت وپێچەوانەی بکاتەوە، هەروەها دەڵێت بەمجۆرە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پێدانی مافەکژانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەیاننامەکەدا نیگەرانی قوڵی خۆی لەبارەی بارەی پێشێلکاریەکانی مافی ژنانی ئەفغانستان دەربڕی،هەروەها داوای کرد کە بە یەکسانی ژنان وکچانی ئەفغانستان بەشداربن لە هەموو کایەکاندا. ئەم بەیاننامەیەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دوای ئەوە دێت کە تاڵیبان لە هەفتەی ڕابردوودا قەدەغەی مافی خوێندنی ژنانی کرد، چەند ڕۆژێک دەوای ئەوەش قەدەغەی کارکردنی ژنانی کرد لە ڕێکخراوە ناوحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکاندا. ئەم سنوردارکردنانەی تاڵیبان و سیاستەکانی دەربارەی ژنان، هەنگاوێکی نوێی تاڵیبانە بۆ سەرکوتکردنی ژانانی ئەفغانستان لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، لەگەڵ ئەوەی تاڵیبان چەندین جار بانگەشەی کردووە کە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان پێشێل ناکات؛ بەڵام ئەوەی کە دەیکات تەواو پێچەوانەی بانگەشەکانیەتی وتەواوی ئەو مافانەی زەوتکردووە کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنانی ئەفغانستان بە زەحمەت بەدەستیان هێنابوو.
هاوڵاتی ئیگۆر ترونۆڤ، سەرۆکی یەکێتی پاریزەرانی ڕووسیا بە ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕاگەیاندووە، ئەو سەربازانەی دەچنە ئۆکرانیا، مافی ئەوەیان هەیە کە سپێرمەکانیان بە خۆڕایی لە بانکی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرم وخانەکان هەڵبگیرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی دوای مردنیشیان هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەبێت مندآڵیان ببێت. ئیگۆر ترونۆڤ، لەبارەی داواکاریەکەوە کە بۆ وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیایان ناردووە، ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندرووستی وەڵامی بانگەوازەکەیان داوەتەوە بۆ گۆڕانکاری لە بیمەی پزیشکی و هەڵگرتنی سپیرمی ئەو سەربازانەی کە بەشداری جەنگی ئۆکرانیا دەکەن. چەند ڕۆژێک دوای بانگەوازەکە، ژمارەیەکی زۆری پیاوان سەردانی کلینیکەکان وبانکەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سپێرمی بەستوویان کردووە بۆ هەڵگرتنی سپێرمەکانیان و ئامادەکردنی ڕیکەوتنیک بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن ژنەکانیانەوە بەکاربهینرێن؛ بەپێی ماڵپەڕی فۆنتانکا لە شاری سان پترسبۆرگ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاندری ئیڤانۆڤ لە نەخۆشخانەی مارینسکی لە سان پترسبۆرگ، ڕایگەیاندووە ئەو پیاوانەی دەیانەوێ بچنە دەرەوەی رووسیا یان ئەوانەی کە بۆ ڕەشنوسی بانگەوازەکەش ئامادەن سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە. هەر بەپێی ماڵپەری فۆنتانکا، پێشتر ژن وپیاویکی کەمتر سەردانی ئەم کلینیکانەیان کردووە تەنها مەگەر لە حآڵەتێکدا کە زۆر پێویست بووبیت، هەروەها دەڵێت ئەم چارەسەرە بۆ ئەو مەبەستەیە کە ئەگەر سەربازیک توانای زاوزێی لەدەست دا یاخود مرد، ئەوا دەتوانێت ببێتە خاوەنی منداڵ. هاوکات، وەزارەتی تەندرووستی ڕووسیا هێشتا هیچ لێدوانیکی لەم بارەیەوە نەداوە و سەرۆکی یەکێتی پارێزەرانیش دەڵێت، پێوسیتە سەندیکای پارێزەران بەدواداچوون بۆ ئەوەبکات کە ئایا چۆن ڕێکبکەون لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی بۆ ڕێکارە پێویستەکان.
