هاوڵاتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دۆزینەوەی تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەسەر شەقامەکانی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ، تەشەنەسەندنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەتایبەتیش لەنێویاندا ئۆپیۆید ئاشکرا بوو؛دوای ئەوەی پشکنینەکان ڕایانگەیاند کە بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئۆپیۆید گیانی لەدەست داوە. ئەو ژنە یەکێک بووە لە کەسە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، هاوڕێکانی ئاماژەیان بەوەداوە کەماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەوەش بەڕوونی لەکاتی ڤیدیۆکانیدا هەستی پێکراوە. بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەجۆرێک زیادی کردووە کە دایکان وباوکان نیگەرانن لە پەرەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لەنێو کچە گەنجەکانیاندا، کە هەندێکیان هێشتا لە قوتابخانەن وتەمەنێکی کەمیان هەیە. دایکی یەکێک لەو کچانەی کە کچەکەی تووشبووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرە دەڵێت، ڕۆژیکیان حەبی ترامادۆڵ و گەڵای توتنم لەناو جانتای کچەکەم دۆزیەوە، کاتێکیش پرسیارم لێکردووە دەربارەی ئەو دەرمانانە پێیوتوم کە هاوپۆلەکانی هانیان داوە، واتە بەجۆرێکی زۆر مەترسیدار تەشەنەی کردووە لەناو کچانی گەنجدا. یەکێکی تر لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵانە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانە، ئەمینۆ عەبدی لەبارەی ئالودەبونیەوە بە ماددە هۆپشبەرەکان دەڵێت بەهۆی هاوڕێکانی و هاوسەرەکەیەوە دەستیکردووە بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دەڵێت لەسەرەتادا بە کێشانی توتن دەستم پێکردووە، دواتر چومە سەر دەرمانە قورسەکانی دیکە کە لەڕێگەی دەرزی لێدانەوە بەکاردەهێنرا، بۆنمونە پێتیدین. ئەمینۆ عەبدی دەڵێت، دوای ئەوەی دەستمکرد بەبەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا دەمکێشا وخەووم لێدەکەوت، هەر بەوهۆیانەوە نێوانم لەگەڵ هاوسەرەکەم تێکچوو وە ئێستا بەتەنها لەگەڵ منداڵەکەم ئەژیم وجیابومەتەوە، دەڵێت هاوسەرەکەم کاریگەریەکی خراپی هەبووە لەسەرم بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان. ئەمینۆ عەبدی یەکێکە لەو ژنانەی کە دەیەوێت وازبێنێت لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، بەڵام باس لەوە دەکات بەهۆی نەبوونی سەنتەری چاکسازی پێویست بۆ یارمەتیدان وچارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرکانن لە سۆماڵ، ئەوە کاریکی سەختە بۆیان . جگە لە بەکارهێنانی ئۆپیۆید بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو ژنان وکچانی گەنجدا لە سۆماڵ، یەکێکی دیکە لە ماددەکان کە ژنانێکی زۆر ئالودەی بوون گەڵایەکە بەناوی " تابوو"، هاوکات ماددەکانی وەک مۆرفین، کۆدەین، ترامادۆڵ کە ئەمانە زیاتر لەڕێگەی بۆریەکانی خوینەوە بە دەرزی بەکاردەهێنرێت. پۆلیسی مۆگادیشۆ، ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن لەنێو ژنان و کچانی سۆماڵ و حاڵەتێکی زۆریان تۆمارکردووە، هەروەها باس لەوە دەکەن کە ژنان ڕوویان لە جۆرە نوێیەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردووە. هاوکات، پۆلیسی مۆگادیشۆ لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆگادیشۆ دەستیان بەسەر بارێکی گەورەدا گرتووە کە بەشێکی زۆری ئۆپیۆید بوو، هەروەها ئەوانەیان دەستگیرکردووە کە گواستویانەتەوە.
هاوڵاتی لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر تاپۆکردنی خانوبەرەکانی سنوری شەنگال درا، هاوکات لەگەڵ چەند بڕیاریکی دیکەی پەیوەست بە وانەبیژان وکارمەندانی وەزارەتی پەروەردە. لە کۆبونەوەکەی رۆژی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە خانوبەرەکانی سنوری خانەسۆر، دووگرێ، بۆرک، کۆهبل، تەل قەسەب، تەل عوزێر، سیپا شێخدری و کرزرک بەناوی خاوەنەکانیان تاپۆبکرین. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و ئەو فەرمانبەرانەی کە گریبەستن لە وەرزارەتی پەروەردە درا. لەبارەی کارمەند وفەرمانبەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە ١١٠٣١ پلەی وەزیفی هەمیشەیی بۆ ئەو کارمەندانە دابنرێت کە گریبەستن، هاوکات جگە لە کارمەندانی وەزارەتی نەوت بڕیارەکە بۆسەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکانی دیکەی عێراقە، ئەوەش بەپێی ئەو یاسایەی کە لە ئاسایشی خۆراکدا هاتووە، بڕیارەکە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا بڕگەی بۆدانراوە. سەبارەت بەبڕیاری پلە وەزیفی کارمەندانی وەزارەتی نەوت، بڕیارەکە بەسەر دوو کۆمەڵدا دابەش دەبێت، بەشێکیان ئەوانەن کە پێش ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەکانیان لەگەڵ کراوە وژمارەیان ٨٣٣٨ کەسە، بەشێکی دیکەشیان کە ١٦٧٨ کەسن کە لە یاسای بودجەی ١ی ٢٠١٩ کە بەپێی یاسای (١١/ چوارەم/ ئەلف) گرێبەستەکانیان بۆ کراوە. هاوکات بڕیاریشیدا ئەوانەی بەکرێی ڕۆژانە کاریان کردووە لە کۆمپانیاکانی سەربەوەزارەتی نەوت، بکرێنە گرێبەست. ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وکارمەندەکانی کۆمسیۆنەکە بڕیاریدا کە دەبێت وەزارەتی دارایی بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ٣١٩٣ پلەی وەزیفی دابنێت؛ ئەمەش ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە وادەی پێش ٢ی تشرینی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ گریبەستیان لەگەڵ کراوە. ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پسوڵەیی خۆراک وئەو چین وتوویژانەی کە دەتوانن سودمەند بن بڕیاریدا کە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی کەلوپەل وخۆراک لەناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان سەروو ٢ ملیۆن دینارە و ئەوانەسی کە بەڕێوبەری گشتین پسوڵەکانیان لێوەربگیرێتەوە ونەتوانن سودمەند بن لە فۆرمی خۆراک، ئەمەش بۆئەوەی چینەکانی تر بتوانن سودمەندبن.
ساڵح موسلیم داوای لە حکومەتی فەڕەنسا کرد کە دووەمین کۆمەڵکوژی پاریس بە جددی وەربگرێت و بۆ ئەوەی راستی و دروستی خۆی پیشان بدات، دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکە نیوەچڵ نەهێڵێتەوە. ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوارنیوز، ئاماژەی بە هێرشی سەر ناوەندی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس کرد کە بەوهۆیەوە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، میر پەروەر هونەرمەندی باکوری کوردستان و چالاکوانێک بەناوی عەبدولرەحمان کزل شەهید بوون و سێ هاوڵاتیش بریندار بوون. هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن ساڵح موسڵم وتی، تاوەکو ئێستا پیلانی لەناوبردنی کورد کە لەساڵی ٢٠١٥ دەستی پێکرد بەردەوامە. پلانەکە دوای تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ دەستی پێکرد. هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان. ئێستاش بۆ لەناوبردنی کورد هەموو هەوڵێک دەدەن. لەدژی گەریلاکان چەکی قەدەغەکراو بەکار دەهێنن. بینییان کە ناتوانن رۆژئاوای کوردستان لەناوببەن، بۆیەش دەستیان بە پلانی تیرۆرکردن کرد. هێرشەکەی پاریس لەم چوارچێوەیەدا بوو." ئیمڕالی خاڵی سەرەکیە هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت، ناوی سی پی تی پشتگیریکردنی ئەشکەنجەیە، نەوەک رێگریکردن لە ئەشکەنجە. بەداخەوە ئەو رێکخراوە بووە چاودێری ئەشکەنجە. لەبەرامبەر گۆشەگیری ئیمڕالی بۆ سەر عەبدوڵلا ئۆجالان خۆی بێدەنگ کردووە و وتی، " ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیی لە ئیمڕالی هەیە. لەم دۆخەدا خۆکەڕکردن هەڵوێستێکی نامرۆڤانەیە." فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، لە باکوری کوردستان و تورکیا سیاسەتمەداران دەستگیر دەکرێن و لە دەرەوەش کۆمەڵکوژی دەکەن و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " ١٢ رۆژ لەمەوبەر بکوژەکەی پاریس لە زیندان ئازادکراوە. لە زیندان کێ بەخێوی کردووە کە هاتە دەرەوە کورد بکاتە ئامانج. دەوڵەتی فەڕەنسا ناتوانێت خۆی لەم تاوانە رزگار بکات. ئەگەر ١٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵکوژکردنی سێ ژنی کورد لە پاریس روون و ئاشکرا بکرایە، ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵکوژیە ئەنجام نەدەدرا. بۆیەش پێویستە فەرەنسا دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکەی پاریس نیوەچڵ نەهێڵێتەوە."
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتییان کرد دوای پشوی سەری ساڵ سەردانی بنکەکانی تۆمارکردنی چەک بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیانو پێدانی پۆڵەت پێیان . وتیشی تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە یەک ساڵی دیارکردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت. ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت ناسەنێت، بەڵکو لە گەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ: هاووڵاتی بەڕێز وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواتان لێ دەکات کە هەر کەسێک چەکی ( تەنیا چەکی ئاگرین: واتا دەمانچە و کلاشینکۆف) لە ماڵەوە هەیە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نیە، لە دوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانەی خوارەوە بکات بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی. تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە یەک ساڵی دیارکردووە بۆ ئەم پرۆسەیە. هەر کەسێک لە دوای ئەم ساڵە کە لە تەمووزی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت، چەکی تۆمارنەکراوی لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت. بۆ زانیاریتان، کاتێک چەکەکەت تۆمار دەکەیت، حکومەت لێت ناسەنێت، بەڵکو لە گەڵ خۆت دەیبەیتەوە و لەسەر ناوی تۆ تۆمار دەبێت. مافی دەرهێنان و هەڵگرتنت نیە تا مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بەدەست نەهێنیت. ئەو چەکەی بە ناوی تۆ تۆمار کراوە، ئەگەر تەنیا لە ماڵەوە بیپارێزی و نەیبەیتە دەرەوە، ڕووبەرووی هیچ لێپرسینەوەیەک نابیت. پەلە بکەن لە سەردانیکردنی ئەم بنکانەی خوارەوە بۆ تۆمارکردنی چەکەکانتان دەست نیشان کراون... راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هاوڵاتی لافاوەکەی پاکستان کە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی گرتەوە یەکێکە لە ڕوداوە سروشتییانەی زۆرترین زەرەریان داوە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا و بەرزبونەوەی پلای گەرمی زەوی ڕویانداوە بەپێی راپۆرتێکی کریستیان ئەید، وشکەساڵی، لافاو، زریان و گەردەلوول لە زیانبەخشترین کارەساتەکانن کە بەهۆی گۆڕانی ئاووهەوا لە جیهاندا دروست بوون لە ڕاپۆرتەکەدا نرخی زیانەکانی ئەو ڕوداوانە لە ٣ بلیۆن دۆلار بۆ ١٠٠ بلیۆن دۆلار خەمڵێنراوە. ١٠ زیانبەخشترین کارەساتە سروشتییەکانن بۆ ساڵی ٢٠٢٢: ١- گەردەلولی ئیان ١٠٠ بلیۆن دۆلار ئیان گەردەلولێکی جۆری پلە 4 بوو کە زیانێکی زۆری لە ڕۆژئاوای کوبا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەیاند. لە ماوەی حەوت ڕۆژدا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا بەلایەنی کەمەوە 150 کەسی کوشت و 40 هەزار کەسی ئاوارە کرد. 2- وشکەساڵی لە ئەوروپا ٢٠ بلیۆن دۆلار وشکەساڵی ساڵی ٢٠٢٢ یکیشوەری ئەوروپای گرتەوە کە بەخراپترین وشکەساڵی دانرا لە مێژوی کیشوەرەکەدا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک و وزە، بەردەستبوونی ئاو و ژیانی زیندەوەرانی کێوی هەبوو،هەروەها بووە هۆی دروستبونی ژمارەیکی زۆر لە ئاگری سروشتی. 3- دروستبونی لافاو لە چین ١٢ بلیۆن دۆلار لە مانگی شەشی ٢٠٢٢ دا شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز چینی گرتەوە کە بە بەهێزترین شەپۆلی باران بارین دادەنرا لە ساڵی ١٩٦١ وە و بووە هۆی دروستبونی لافاو داچونی زەوی لە هەندێک ناوچە هەروەها هەزارەها کەس بە ناچاری ماڵەکانیان چۆڵکرد. 4- وشکەساڵی لە چین ٨ بلیۆن دۆلار لە مانگی هەشتی ٢٠٢٢ چین ڕوبەڕوی وشکەساڵی بۆوە کە زیاتر لە 70 ڕۆژ لە پلەی گەرمای زۆر و نزمی باران بارین کاریگەری خراپی لەسەر حەوزی ڕووباری یانگتی کردووە، کە زیاتر لە 450 ملیۆن کەس و سێیەکی بەروبوومی ئەو وڵاتە پشتیان پێدەبەست. 5- لافاو لە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا - 7.5 بلیۆن دۆلار لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا مانگی ئازار، ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا تووشی لافاو بوون کە بووە هۆی کوژرانی 27 کەس و ئاوارەبوونی 60 هەزار کەس. چەند شارۆچکەیەک لە باکوری نیو ساوت وێڵز، بۆ نمونە، تەنها لە شەش کاتژمێردا بەهای مانگێکی بارانیان هەبوو، وە ئەمە ڕوویدا لە کاتێکدا ئەوان هێشتا لە هەوڵی چاکبوونەوەدان لە تۆماری لافاوی مانگ پێشوتر. 6- لافاوی پاکستان ٥،٦ بلیۆن دۆلار لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە بۆ مانگی ئەیلول لافاو زیاتر لە 1700 کەسی کوشت و حەوت ملیۆن کەسیش لە پاکستان ئاوارە بوون 7- گەردەلولی ئیونس ٤،٣ بلیۆن دۆلار لە مانگی دووی ٢٠٢٢ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ، زریانی ئیونیس وێرانکاریی لە سەرانسەری بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیرلەندا، هۆڵەندا، پۆڵەندا و بەریتانیا دروستکردو حەوت کەس بەهۆیەوە مردن. لە بەریتانیا خێرای با بووە ١٢٢ میل لە کاتژمێرێکدا کە بە بەهێزترین با دا دانرێت لە ٣٠ ساڵی ڕابردودا 8- وشکەساڵی لە بەڕازیل ٤ بلیۆن دۆلار بە درێژای ساڵەکە بەڕازیل لە وشکەساڵیدا بوو بەتایبەت نزمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکانی ئەمازۆن جێگەی نیگەرانییە. 9- گەردەلولی فیۆنا ٣ بلیۆن دۆلار لە کۆتاییەکانی مانگی نۆ گەردەلولی فیۆنا دورگەکانی کاریبیان وکەنەدای گرتەوە کە زیاتر لە 25 کەسی کوشت و 13000 کەسی ئاوارە کرد وبەلایەنی کەمەوە چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داخرابوون و ڕێگاکان بەتەواوی داخرابوون. 10- کوازولو ناتال و لافاوی ڕۆژهەڵاتی کەیپ، ئەفریقای باشوور ٣ بلیۆن دۆلار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە مانگی نیساندا 459 کەسی کوژران و زیاتر لە 40 هەزار کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن خزمەتگوزاری ئاو داخرا و، یەکێک لە قەرەباڵغترین بەندەرەکانی ئەفریقای باشوور تێکشکا.
هاوڵاتی لەدوای ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی پەکین، کە بڕیاریدا مانگی داهاتوو سنورەکان دەکرێنەوە، داواکاری هاوڵاتیانی چین و حجزکردنی گەشتەکانی دەرەوەی وڵات بەلێشاو زیادی کردووە. ئاژانسی گەشتیاری چینی کونار ڕایگەیاندووە تەنها دوای ١٥ خولەک لەڕاگەیاندنی کردنەوەی سنورەکانەوە، داواکاری گەشتەکانی دەرەوەی وڵات لەسەر وێببسایتەکەیان حەوت هێندە زیادی کردووە. ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران ڕایگەیاند، لە دوای ٨ی مانگی داهاتو دەست پێئەکاتەوە بۆ گەشتەکانی دەرەوەی وڵات.هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا کە هاوڵاتیانی چین دەتوانن گەشتی نێودەوڵەتی دەستپێبکەنەوە، بەڵام بۆ کۆمەڵێک وڵات ڕێگە پێدراو نین. یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتکردن ڕایگەیاند، ژاپۆن، تایلەند، کۆریای باشوور، ئەمەریکا، سینگاپور، مالیزیا، ئوسترالیا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین داواکاری پێشکەشکراوە بۆ گەشتکردن بۆی. ئەم لێشاوەی گەشتیارانی چینی لەکاتێکدایە، کە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی گەشتیارانی چین لەدەرەوەی وڵات بۆ ٢٠ ملیۆن گەشتیار دابەزیبوو، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ دا ١٥٥ ملیۆن گەشتیار بووە.
هاوڵاتی بەکارهێنان و ڕازاندنەوەی دار سنەوبەر بۆ شەوی کریسمس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم درەختە هەمیشە بە سەوزی ئەمێنێتەوە تەنانەت لەوەرزی سەرماشدا، ڕازاندنەوە و دیزاین کردنی دار بۆ شەوی سەری ساڵ لە بنەڕەتدا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە کاتێک لەلایەن ژنی پاشا جۆرجی سێیەمی بەریتانیا کە ژنێکی ئەڵمانی بووە بەناوی شارلۆت دار سنۆبەر ڕازێندراوەتەوە و بووەنەریتێک لە بەریتانیا، کە شازادە ئەلبێرت لەوێ لەدایک بووە، وابیردەکرێتەوە شارلۆت یەکەم جار لەساڵانی ١٧٩٠ بۆ خێزانەکەی ئەم دارەی ڕازاندبێتەوە. سەرەتا بەهۆی ئەوەی درەختەکانی سنۆبەر جۆرە بچوکەکانیان دەست ئەکەوت لەساڵانی پێش ١٩٤٧ لە بەریتانیا سنۆبەری بچوکیان دەڕازاندەوە و لەسە مێزەکانیان دایان دەنا، بەڵام دواتر لەدوای ساڵی ١٩٤٧ کاتێک لە لایەن وڵاتی نەرویجەوە درەختی سنۆبەری گەورە وەک دیاری و سوپاسگوزاریەک پێشکەش بە شانشینی بەریتانیا کرا بەهۆی هاوکاری کردنیان لە جەنگی جیهانی دووەم، لەوکاتە بەدواوە دار سنۆبەرەکان بە گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ و کەلوپەلی جوانکاری تایبەت بە سەری ساڵ ڕازێنرایەوە و لەسەر زەوی دائەنرا لەبری سەرمێز، هاوکات دیاریەکانیشیان کە بۆ خزم و هاوڕێکانیان دەکڕدرا لەژێر دارەکە دائەنرا. زۆربەی خەڵک پێیا وایە داری کریسمس لەسەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا بووەتە نەریتێک لە ساڵانی ١٨٣٠،لەکاتێکدا لە بنەڕەتدا بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە؛ هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گرنگیەکی زیاتر بەم نەریتە دراوە لەلایەن شاژنە ڤیکتۆریا و شازادە ئەلبێرت و بە دڵخوازێکی گرنگی ئەم نەریتە دائەنرێن له مێژووی بەریتانیادا. هەر پەیوەست بە داری سەری ساڵ و پەیوەندی بەریتانیا و نەرویج لەم بۆنەیەدا، ساڵانە لە نەرویج ڕێوڕەسمێک بەرڕێوەدەچێت و تێیدا لە مانگی تشرینی دووەم ،داری کریسمس دەبڕدرێت و بەڕێگەی دەریا هاوردەی بەریتانیا دەکرێت، پاشان لە بەریتانیا لەناوەندی گۆڕەپانی ترافالگار دائەنرێت و بە شێوازی نەرویجی دەڕازێنرێتەوە بۆ پێشوازی لەسەری ساڵی نوێ.
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند حەوت تۆمەتبار بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک دەستگیر کراون. ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەستگیر کردنی چەند تاوانبارێکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند،دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد كەوا كچەكەی دیارنەماوە ، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دەركەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكیەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێ هێشتووەو لەترسا هەڵاتووە. وتیشی، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكردوو سەرەتا توانرا دووتۆمەتبار دەستگیربكرێن كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبۆوە، دواتر لەماوەیەكی كەمدا كچە ونوبوەكە دۆزرایەوەو دەركەوت لەماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن 5 تۆمەتبارەوە فڕێندراوەو لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوەو دەستدرێژی سێكسییان كردۆتەسەر. پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، "لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی بەردەوام بوو تائەو كاتەی توانرا ئەو تۆمەتبارانەی تر بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن ولە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەناوەكانی : (ب، خ، ن لەدایكبووی 2005 – م ، ر ، م لەدایكبووی 2002 –م ، م ، ق لەدایكبووی 1999 –گ ، م ، م لەدایكبووی 1988 – ب،ب، ح لەدایكبووی 1995 – چ ، ع ، ح لەدایكبووی 1993-ر ، س، س لەدایكبووی 1989 )" دەستگیر کراون. دەقی بڵاو کراوەکەی پۆلیسی سلێمانی: دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد كەوا كچەكەی دیارنەماوە ، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دەركەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكیەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێ هێشتووەو لەترسا هەڵاتووە . پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكردوو سەرەتا توانرا دووتۆمەتبار دەستگیربكرێن كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبۆوە، دواتر لەماوەیەكی كەمدا كچە ونوبوەكە دۆزرایەوەو دەركەوت لەماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن 5 تۆمەتبارەوە فڕێندراوەو لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوەو دەستدرێژی سێكسییان كردۆتەسەر . لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی بەردەوام بوو تائەو كاتەی توانرا ئەو تۆمەتبارانەی تر بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن . لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەناوەكانی : (ب، خ، ن لەدایكبووی 2005 – م ، ر ، م لەدایكبووی 2002 –م ، م ، ق لەدایكبووی 1999 –گ ، م ، م لەدایكبووی 1988 – ب،ب، ح لەدایكبووی 1995 – چ ، ع ، ح لەدایكبووی 1993-ر ، س، س لەدایكبووی 1989 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 430 لەیاسی سزادانی عیرقی ڕاگیراوان و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردوامە و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا . جێی ئاماژەیە دوای دۆزینەوەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر كچەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ چارەسەری پزیشكی و پشكنینی پێویست لەوبارەیەوە،لە ئێستاشداو بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕەوانەی شێڵتەر(خانەی داڵدەدان ) لە سلێمانی كراوە . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان
هاوڵاتی وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراق وێڕای سوپاسی وانەبێژان ڕایگەیاند، رایگەیاند ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کرد لە بودجەی ٢٠٢٣دا بیانکاتە هەمیشەیی. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27-12-2022، کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا بڕیاریدا بە دامەرزراندنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانەش دادەمەزرێن کە لە وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی گرێبەست کاریان کردووە. هاوکات ئیبراهیم نەمس جبوری، وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراقی لە تویتێکدا باسی لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و دەنگدانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دانانی وانەبێژان و ئیداریەکان لەبارەی بە هەمیشەیی بونیان ئاشکرا دەکات. ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەکردووە بەڵێنماندا و جێبەجێمان کرد، کەواتە تۆ لە ئێمەو بۆ ئێمەی، دەشلێت: مژدەتان پێ دەدەین ئەمڕۆ سێ شەممە لە دوای دەنگدانی کابینەی حکومەت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا و لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣دا دەکرێنە هەمیشەیی.
هاوڵاتی ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات بزووتنەوەی گۆڕان یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتی رەتکردووەتەوە. فوئاد جەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیاکانی نزیک لە حزبەکەی راگەیاندووە " عومهر سهید عهلی رێكخهری كاربهڕێكهری بزووتنهوەی گۆڕان، داواكاریی یهكێتی بۆ یهكگرتنی ههردوو حزب به تهواوهتی ڕهتكردووەتەوە".. فوئاد جەمال ئاشکرای کردووە "لە دوو ههفتەی ڕابردوو کە بڕیار بوو ههریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵا و شاڵاوی عەلی عەسکەری بێن، لە ڕۆژی هاتنیان تەنها شاڵاوی عەلی عەسکەری هاتبوو، هاتبوو ئەم داوایەی کردووە کە لەبەر زەرورەتی وەزعی سلێمانی بەباشی دەزانین یەکبگرینەوە، لە ههمان وەختدا عومەری سەید عەلی بەتوندی وەڵامی داوەتەوەو ڕەفزی ئەو پێشنیارەی کردووە".
رۆژنامەیەکی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەوە ئاشکرای دەکات ئەمریکا پێچەوانەی بانگەشەکانی سێ مانگی رابردو، دەیەوێت رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران چالاک بکاتەوە و واشنتۆنیش داوای لە تەلئەبیب کردوە تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بکرێنە ئامانج. رۆژنامەی هائارێتز لە ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو کۆبونەوانەی لە نێوان بەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڕێوەچوە، تا ئێستاش ئامانجی ئەمریکا چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران. رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی و بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی کە کردویەتی و رایگەیاندوە؛ رێککەوتنی ئەتۆمیی گەیشتوەتە بنبەست، هەوڵی زیندوکردنەوەی رێککەوتنەکە دەدات و وەزارەتی بەرگریی و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان پشتیوانیی لێدەکەن. بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل کە ناوی ئاشکرا نەکراوە؛ بە رۆژنامەی هائارێتزی وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئیسرائیل بە بێ ئەمریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی گاریگەر زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیەنێت و ئەوکەسانەی پێچەوانەی ئەوە بیر بکەنەوە لەگەڵ خۆیدا راستگۆ نییە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردوە؛ نابێت تەلئەبیب بە جۆرێک هێرش بکاتە سەر تاران کە زیان بە زیندوکردن و چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی بگەیەنێت و هاوکات واشنتۆن جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئیسرائیل دەبێت تەنها بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکاتە ئامانج.
کۆمپانیان Areaی تایبەت بە لێکۆلینەوەکان لە تورکیا، راپرسیەکی فراوانی لە ١٢ پارێزگای ئەو وڵاتە ئەنجامدا کە تایبەتە بە کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەردۆغان نابێتەوە بە سەرۆکی تورکیا. راپرسیەکە لە پارێزگاکانی ئەستەنبوڵ، تەکرداغ، ئیزمیر، بورسا، ئادانا، ئەنقەرە، قەیسەری، سامسون، ترابزۆن، ئەرزەرۆم، ماڵاتیا و عەنتاب (دیلۆک) لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە. رێژەی دەنگی پارتەکان بەگوێرەی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ ئاکەپە ٣٢.٧٪ جەهەپە ٢٦.٤٪ پارتی باش ١٤.٠٪ هەدەپە ١٠.٠٪ مەهەپە ٧.٠٪ لەسەر لێواری بەندی هەڵبژاردنەکانە دەڤا ٣.١٪ پارتەکانی دیکە ٦.٨٪ ئەگەر ئەم کەسانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە لە بەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆیان هەڵبژێرن، ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٣.١٪ --- محەمەد یاڤاش سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ ٥١.٤٪ --- ئەوانی دیکە ١٥.٥٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٦.٩٪ --- ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ ٤٣.٢٪ --- ئەوانەی دیکە ٢٠.٢٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٦.٣٪ --- مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی گشتی پارتی باش ٤٢.٤٪ --- ئەوانەی دیکە ٢١.٣٪. رەجەب تەیب ئەردۆغان ٣٧.٦٪ --- کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە ٣٨.٦٪ --- ئەوانەی دیکە ٢٣.٨٪. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا ئەو سزایەی بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵدا سەپێندراوە دادپەروەرانەیە یان نا؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە؛ دادپەروەرانە نییە: ٦٥.٣٪ دادپەروەرانەیە: ١٩.٢٪ نازانم: ١٥.٥٪
رێکخراوێکی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەو ولاتە بۆ نزیکەی دو هێندە زیادی کردوە. ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران(هەرانا) بڵاوی کردەوە؛ لە ساڵی 2022 کە تەنها چەند رۆژێکی ماوە زیاترین سزای سێدارە لە ئێران جێبەجێ کراوە و لەسێدراەدانەکان بەڕێژەی 88٪ زیادی کردوە. ناوەندەکە ئاشکرای کردوە لە ئەمساڵدا سزای سێدارەی 565 کەس لە ئێران جێبەجێ کراوە کە 11 کەسیان ژن بون کە تەنها شەش کەسیان بە ئاشکرا لەسێدارەدراون. هەر بە پێی ئامارەکانی هەرانا، سەرەڕای لەسێدارەدانی ئەو 565 کەسە ، سزای سێداراە 92 کەسی دیکەی گرتوەتە کە مەترسیی جێەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبی بۆ رەوایەتیدان بە ئابوورییەکەی. ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی سەربە چوارچێوەکە، ھەنگاو بە ئاراستەی بەھێزکردنی ھەژموونی خۆیان لە دامەزراوە ئابوورییەکانی دەوڵەتدا دەنێنن، بەتایبەتیش کە ئێستا بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکان لەدەستی سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئێران دان. کاریگەری ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیادی کردووە، دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی حکوومەتەکەی لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا پێکھێنا کە لە راستییدا، حکوومەتی چوارچێوەی ھەمانگییە. چوارچێوەی ھەماھەنگی نوێنەرایەتی باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارە شیعەکانی ھاوپەیمانی ئێران دەکات کە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن. - حەشدی شەعبی ھەوڵی پتەوترکردنی توانا داراییەکانی دەدات دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکان و شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ژمارەیەک گرووپی چەکداریی شیعە، ھەژموونی خۆیان بەسەر دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگا کۆنترۆڵکراوەکانی (نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار)دا سەپاند، بۆ ئەوەی دۆسیەی ئەمنی لەو پارێزگایانە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. دوای ئەوە حەشدی شەعبی ژمارەیەک نووسینگەی بەئامانجی پتەوترکردنی توانا داراییەکانی خۆی لە چەند پارێزگایەکی عێراق کردەوە، ئەوەیش لەڕیگای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان (لەگەڵ سووریا) و ھاوبەشیکردن لە گرێبەستەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکان، ئیبتزازکردنی وەبەرھێنەران و وەرگرتنی باجی مانگانە لە خاوەن چایخانە، چێتشخانە و بارزگان، ھەروەھا وەرگرتنی باج لە شۆفێرانی ئەو بارھەڵگرانەی کە کەلوپەل دەگوزانەوە بۆ ژمارەیەک لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دان. ساڵانێکە گرووپەکانی حەشدی شەعبی جێگیربوونی خۆیان لەسەر سنووری عێراق-سووریا پتەوتر کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی پاراستنی ئەو چەکدار، چەک و تەقەمەنییانەی کە لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێرانەوە رەوانەی سووریا دەکرێن، ھەروەھا گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن لەڕێگای دەروازە سنوورییەکان یان لەڕێگای دەروازە وشکانییە نافەرمییەکانەوە کە لە ناوچەکانی قائیم سنووری رۆژئاوای عێراق و ئەلبو کەمال سنووری رۆژھەڵاتی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دان، داھاتی ئابووریی زیاتر بەدەست بھێنن. ئەوەی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی گرنگە کە بە فەرمی بە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بەستراوەتەوە و ساڵانە لە بوودجەی گشتییدا مووچەی بۆ تەرخان کراوە، داھاتەکانی لەڕێگای کۆمپانیا گەورەکانەوە کە لەژێر پەردەی دەوڵەتی عێراقدا کار دەکەن زیاتر بکات. لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عێراقدا، دوو تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار (١،٦ ملیار دۆلار) وەک مووچە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان کرابوو. ــ "کۆمپانیای موھەندیس" لەنێو گرنگترین ئەو کۆمپانیانە، کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبییە کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە، بۆ رەوایەتییدان بە چالاکییە ئابوورییەکانی حەشدی شەعبی. کۆمپانیاکە بەناوی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس ناونراوە کە لەگەڵ فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران. لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی سەرکردە لەچوارچێوەی ھەماھەنگی، محەمەد شیاع سوودانی پشت بەستن بە یاسای کۆمپانیا گشتییەکان رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتیی بەناوی "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبی نیشان دا کە سەرمایەکەی ١٠٠ ملیار دینار (٦٨،٥ ملیۆن دۆلار)ە. تۆمارکردنی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی"، بەپێی یاسای کۆمپانیاکان، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆمپانیایەکی حکوومییە و سیفەتێکی یاسایی ھەیە، ئەمەیش وای لێ دەکات بکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە لەلایەن دەستەکانی سەربە حکوومەت تایبەت بە بنڕکردنی گەندەڵی. بەڵام ھەژموونی سەرکردە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن، کۆمپانیایەکی لەو جۆرە نەکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی دادوەریی یان دەستەکانی تایبەت بە دەستپاکی و بنڕکردنی گەندەڵی. "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" وەک کۆمپانیایەکی گشتیی لەقەلەم دراوە، بەڵام تا ئێستا تایبەتمەندی کۆمپانیاکە دیاریی نەکراوە، جگە لە لێدوانەکانی ئەو بەرپرسانەی حکوومەت نەبێت کە رایانگەیاندووە، کۆمپانیایەکی نیشتمانییە تایبەت بە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە، ھەروەھا دروستکردنی کەرەستەی بیناسازیی. کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەتوانێت بەشێوەیەکی فراوان کاربکات بۆ بەدەستھێنانی رێژەیەک لە گرێبەستەکانی تایبەت بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕی چوار ساڵەی دژبە داعشەوە (٢٠١٤-٢٠١٨) وێران بوون. ــ ئەگەری ھەیە ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیای "ئەل موھەندیس"دا بسەپێنێت مەترسیدارترین بابەتی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە ئەوەیە کە لەوانەیە چالاکییە داراییەکانی سەرنجی دەستەکانی ئەمریکا رابکێشێت بۆ ئەوی چاودێری بکەن، ھەروەھا لە ئەگەری ئاشکراکردنی گومانەکان لەبارەی ھاوکارییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران یان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە ناویان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا تۆمارکراوە، ئەوا ناوی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە. لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" بەنھێنی ئاسانکاری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کردووە بۆ گەیشتن بە سیستمی دارایی عێراق بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکان. میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور"، پەیوەندی بە "ئەبو مەھدی ئەل موھەنیس"وە ھەیە و رۆڵێکی بەرچاوەی ھەبووە لە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سوپای پاسداران. ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" کاری کردووە بۆ ئەوەی بەقاچاغ، چەک و سەدان ملیۆن دۆلار ببرێت بۆ بریکارەکانی سوپای پاسداران لەناو عێراق. باسیان لەوەیشکردووە کە کۆمپانیاکە، ملیۆنەھا دۆلاری بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ گرووپەکانی سەربە سوپای پاسداران لە عێراق گواستووەتەوە. عێراق کێبڕکێی حەشدی شەعبی کە گرووپەکانی لە ژمارەیەک کەرتدا لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعشدا بوون کار دەکەن بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەتی کە ئێستا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ھەرێمیی دوور لە چاودێری دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، گرتووە. "تیمی ئەندازیاری" سەربە حەشدی شەعبیی چەندین چالاکی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئەنجام دەدات، وەک راکێشانی بۆری ئاو، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان کە رەنگدانەوەی تواناکانی حەشدی شەعبییە لە میکانیزم و توانا داراییەکانی. -کۆپیکردنی ئەزموونی ئێران سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئاواتەخوازن، زیاتر دەست بەسەر کەرتەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، وەبەرھێنان و تەندەرەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەدا بگرن، ئەوەیش ھاوشێوەی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە باڵی ئابووریی سوپای پاسدارانی ئێرانە. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە، کۆتایی ھەشتاکانی سەدی رابردوو، دوای جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئێران دامەزاروە. دوای جەنگی ھەشت ساڵە (١٩٨٠-١٩٨٨)، ئێران پێویستی بە کەرەستە و دارایی زۆر ھەبوو بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە بەھۆی جەنگەکەوە وێران بوون. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" دوای دامەزراندنی، بووە گرنگترین کۆمپانیا ئابوورییەکان، بەو پێیەی خاوەن دارایی و ئابوورییەکی زۆرە و توانای رکاربەری کۆمپانیا گەروەکانی سەربە حکوومەتی ئێرانی ھەیە. ھەروەھا ئێران، ژمارەیەک یاسای دەرکردووە کە رێگا بە سوپای پاسداران دەدات چالاکی ئابووریی لە کەرتی بیناسازیی، فێرکردن، فریاگوزاریی، بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ، پەرەپێدان بە کەرتی نەوت، ھەروەھا ھەناردەکردن و ھاوردەکردن ئەنجام بدات. کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" لەنێو ٨٠٠ کۆمپانیای بوارەکانی کەرتی نەوت، وەبەرھێنان، ھەناردەکردنی وزە، ئاو و پیشەسازیی، گواستنەوە، بەرھەمێنانی خەڵووز، کشتوکاڵ، فێرکردن و تەندروستیی و سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی و خزمەتگوازریی، بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین کۆمپانیاکان لە ئێران دادەندرێت. لە عێراق نیگەرانی لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای "موھەندیس" ھەیە لەوەی کۆپییەکی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" سەربە سوپای پاسداران بێت کە بەشیکی زۆری کەرتی وەبەرھێنانی لە ئێران کۆنترۆڵ کردووە. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە گرووپەکانی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی ساڵانێکی زۆر بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکانیان بەدەستەیە و دوای کۆتایی ھاتنی شەڕەکانی دژبە داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ھەژموونی خۆیان پتەوتر کردووە، بوونەتە قەوارەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت کە ئێستا خاوەنی دامەزراوە، دادگا، گرتووخانە، ھەروەھا دامەزراوەی ئابووریی تایبەت بە خۆیانن. گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوونەتە دامەزراوەی ھاوتەریب لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە واتایەکی دیکە "دەوڵەتێکی ھاوتەریب" لەبەرامبەر دەوڵەتی عێراق کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەدەست ھەڵئاوسانی کرێکاران و فەرمانبەرانەوە دەناڵێنێت. له ئاژانسی ئانادۆڵو وەرگيراوه
گەنجێکی کوردی دانیشتووی خانەقین زیاتر لە دوو هەفتەیە لە ماڵ دەرچووە و تائێستا بێسەروشوێنە. باوکی ئەو گەنجە بە رووداوی راگەیاند کە کوڕەکەیان دوای تەواوکردنی خوێندن بارودۆخی دەروونیی تێکچووە. گەنجەکە ناوی هاوار قەیس سەعید باجەلانە و تەمەنی 25 ساڵە و دەرچووی ئامادەیی پیشەییە لە خانەقین. قەیس سەعیدی باوکی دەڵێت: لە رۆژی 12-12-2022ـەوە لە ماڵ دەرچووە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە. قەیس سەعید، باوکی هاوار بە رادیۆی رووداوی گوت "کوڕەکەم کەسێکی زۆر هێمن و لەسەر خۆ بوو، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن لە مانگی نیسانی2021ـەوە تووشی گرفتی دەروونی بوو." باوکی هاوار گوتیشی، پێش ئەوەی لە ماڵ بچێتە دەرەوە و بێسەروشوێن ببێت، رۆژانە سەردانی گۆڕستانێکی نزیک ماڵی خۆیانی کردووە و تاوەکو ئێوارە لەوێ ماوەتەوە، بەڵام لە رۆژی دووشەممە 12-12-2022 دوایی ئەوەی لەماڵ چووەتە دەرەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نازانن. کەسوکارەکەی هاوار رۆژانە لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بەدوای سۆراخی کوڕەکەیاندا دەگەڕێن هەروەها لە بنکەی پۆلیسی خانەقین و کەلار و دیالە سکاڵای ونبوونی کوڕەکەیان تۆمار کردووە. باوکی دەشڵێت "ئەوەی کاری پۆلیسی قوڕس کردووە بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەم نەبوونی کامێرای چاودێرییە لە زۆربەی گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی خانەقین." بەگوتەی باوکی هاوار، کوڕەکەی کاتەکانی رۆژانەی خۆی لە چەند شوێنێکی دیاریکراو بەسەر بردووە، بەتایبەت لەنزیک ئەو گۆڕستانەی کە لە نزیک ماڵیان بووە، بەڵام دوایین رۆژ هاوار لەوێ بەدینەکراوە و لەو کاتەوە هیچ سۆراخێکی نازانن، هاوار دوای ئەوەی تووشی گرفتی دەروونی هاتووە باوکی چەندین جار سەردانی پزیشکی دەروونی پێکردووە، بەڵام کوڕەکەی سوودێکی ئەوتۆی لەم سەردانانەی پزیشک نەبینیوە. قەیس سەعید، داوا لە هاونیشتمانیان دەکات کە هەر کەسێک سۆراخی کوڕەکەی دەزانێت، هاوکاریان بێت لە دۆزینەوەی کوڕەکەی.
