کۆمپانیای میترۆپۆلی تایبەت بە راپرسی و ئامارەکانی لە تورکیا راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدا. کۆمپانیای میترۆپۆل راپرسیەکەی لە ٢٨ پارێزگای تورکیا بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس ئەنجامداوە و دواتر ئەنجامی راپرسیەکەی لەگەڵ دەنگی پارتە سیاسیەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بەراورد کردووە و ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە؛ پارتی داد و گەشەپێکدان (ئاکەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٤٣.٥٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٣١.٠٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٢١.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٢٠.٧٪ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ساڵی ٢٠١٥: ٩.٤٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٦.١٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ساڵی ٢٠١٥: ١٠.١٪ ساڵی ٢٠٢٢: ٩.٥٪ پارتی باش ساڵی ٢٠١٥: ٦.٩٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٠.٥٪ بێلایەن و بایکۆت ساڵی ٢٠١٥: ١٣.٦٪ ساڵی ٢٠٢٢: ١٥.٩٪

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دادگای نێودەوڵەتی بۆچوونێک سەبارەت بە دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشکەش بکات، هاوڵاتیانی فەڵەستین دەستخۆشیان لەم بڕیارە کرد و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش توڕەی خۆی دەربڕی. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند کە دەنگدانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکردنیان  لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پێدانی بۆچونێک لەسەر دەرئەنجامە یاساییەکانی داگیرکردنی خاکەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە بڕیارێکی "چەپەڵە". وتیشی : "جولەکەکان لەسەر خاکی خۆیان داگیرکەر نین و داگیرکەر نین لە ئۆرشەلیمی پایتەختی هەتاهەتایی ئێمە و هیچ بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەو ڕاستییە مێژووییە بگۆڕێت". هاوکات، فەڵەستینییەکان پێشوازیی و دەستخۆشییان لەم بڕیارە کرد. نەبیل ئەبو ڕودەین، وتەبێژی مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل ملکەچی یاسا بێت، و لێپرسینەوە لە تاوانە بەردەوامەکانی لە دژی گەلەکەمان بکرێت". هەروەها حسێن ئەلشێخ بەرپرسی باڵای فەلەستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکە "دەرخەری سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی فەلەستینە". لە دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا 87 ئەندام هەبوون کە دەنگیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکە دا، ئیسرائیل و ئەمەریکا و 24 ئەندامی دیکە دەنگی نەخێریان دا، و 53 نەندامیش بێلایەنبوون. جێگەیباسە دادگای نێودەوڵەتی کە بنکەی لە لاهایە و بە دادگای جیهانیش ناسراوە، دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە کە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان و نەتەوەکاندا دەکات. بڕیارەکانی پابەندکەرن، هەرچەندە دادگای نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنیان نییە

وڵاتێکی دیکەى ئەوروپا چوە ناو ناوچەی شنگن و لەمەودوا مامەڵە بە دراوی یۆرۆ دەکات. کرواتییا کە ماوەى 10ساڵە  بوەتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا،  لە نوێترین هەنگاودا بڕیاری دا  بە درکار بە دراوی یۆرۆ بکات. وڵاتی کرواتیا بەم هەنگاوەی ماڵئاوایی لە دراوی نیشتیمانیی خۆی کرد کە دراوی (کونا) کرد و بەوەش یەکێکی دیکە بە وڵاتانی ئەوروپا زیاد دەکات کە کار بە دروی یۆرۆ دەکەن. کرواتیا یەکێکە لە وڵاتە سنورییەکانی کیشوەری ئەوروپا و روبەرێکی گەورەی سنوری ئاویی هەیە و بە پەیوەستبونی بە ناوچەی شنگن سودمەند دەبێت لە چەندین پێودانگی نوێ. لە کۆی 27 ئەندامی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا تا ساڵی رابردو 19 وڵات دراوی یۆرۆیان وەک دراوی سەرەکیی بەکارهێناوە و کرواتیا دەبێت بە بیستەمین وڵات کە دراوی یۆرۆ دەبێت پارە و دراوی وڵاتەکەی.  

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ کۆبونەوەکانیان لەگەڵ سوریا بەردەوام دەبێت و بەم زوانە کۆبونەوەی دوەمی نێوان ئەو دو وڵاتە لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەدا بەڕێودەچێت. مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی بەشداریی لە رێورەسمی سوێندخواردنی لویز ئیناسیۆلولا داسلڤای سەرۆکی بەرازیل رایگەیاند؛ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەندیەکی تەلەفونیی ئەنجام داوە و باسیان لەکۆبونەوەی دوەمی وڵاتەکەیی وسوریا کردوە. بە وتەی چاوشئۆغلو و هە دوو لایان هاوڕابون لەسەر ئەنجامدانى کۆبونەوەیان  لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدابەڵام تائێستا کات وشوێنى کۆبونەوەکە بەدیاریی کراوی دەستنیشان نەکراوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشی، پارێزگاری لە سەروەریی سنورەکانیان لەگەڵ سوریا دەکەن و بەردەوام دەبن لەکۆبونەوە لەگەڵ حکومەتى سوریا ودەیانەوێت لەسەر ئاستی باڵاتردا پەیوەندیەکانیان بەردەوام بێت. ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى سێشەمەى رابردو کۆبونەوەى وەزیرانى بەرگرى یروسیا و تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ بەرێوەچو.

هاوڵاتی سەرۆکی تایوان پێشنیاری یارمەتی چین دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا،و ڕایگەیاند  چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن ڕۆژی یەکشەممە پێشنیاری کرد کە "یارمەتی پێویست" پێشکەش بە چین بکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تەشەنەسەندن لە کەیسەکانی COVID-19. وتیشی، چالاکیە سەربازییەکانی چین لە نزیک دوورگەکە بەسوود نین بۆ بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. باسی لەوەشکرد، لەسەر بنەمای پێگەی چاودێری مرۆیی، ئێمە ئامادەین هاوکاری پێویست پێشکەش بکەین بۆ یارمەتیدانی ئەوکەسانیەی توشی پەتاکە بوون و بەهیوای بەڕێکردنی ساڵێکی نوێ تەندروست و سەلامەت بۆ هەموو لایەک" مانگی پێشوو چین گۆڕانکارییەکی گەورەی لە یاساکانی دا کرد بۆ ڕوبەڕوبونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای هەڵوەشاندنەوەی توندترین ڕێوشوێن و کەرەنتینە لەو وڵاتەدا ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بێ پشکنین توشی ڤایرۆسەکە ببن و بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبێتەوە ، هەندێک لە شارەزایانی تەندروستی نێودەوڵەتی پێیان وایە ڕۆژانە بە ملیۆنان خەڵک توسی ڤایرۆسەکە دەبن. هاوکات رێکخراوی تەندروستی جیھانی  بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو  جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا. ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە. جێگەیباسە ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان ژمارەیەکی زۆر وڵاتانی جیهان داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان

هاوڵاتی وتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە تەقینەوەیەک لە دەروازەی فڕۆکەخانەی سەربازی لە پایتەختی ئەفغانستان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 1ـی كانوونی دووه‌می 2023، عەبدول نەفی تاکوور، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان به‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی راگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازی کابوول روویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون. وتیشی، هۆکاری تەقینەوەکە لە دەروازەی ئەو بنکەیەی تەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول ڕوون نییە هەروەها بێئەوەی ئاماژە بە ژمارەیان بدات،وتی :"ژمارەیەک لەهاونیشتمانیانمان لەو تەقینەوەیەدا شەهید و بریندار بوون" دانیشتوانی ناوچەکە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند کە گوێیان لە تەقینەوەیەکی بەرز بووە پێش 8ی بەیانی لە بەرەی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابول . ڕاشیانگەیاند، کە ناوچەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیراوەو و هەموو ڕێگاکان داخراون جێگەیباسە حکومەتی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەو کاتەوەی دەسەڵاتییان گرتۆتە دەست  لە مانگی ئابی 2021ەوە ئاسایشیان باشتر کردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر تەقینەوە و هێرشی بۆمبی لەو وڵاتە ئەنجام دراوە کە کە بەشێکی زۆریان لەلایەن لقی ناوخۆی داعشەوە بانگەشەیان بۆ کراوەو ئەنجام دراون.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم  پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ یەک شەممە و سبەینێ دوو شەممەی راگەیاند . بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ یەک شەممە  ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرما، پلەیەک نزمتردەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشووتر. هەروەها سبەی دوو شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور و، لە هەندێک ناوچە نیمچە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما، نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشووتر بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : ١٧ سلێمانی : ١٦ دهۆک : ١٦ کەرکوک : ١٨ هەڵەبجە : ١٥ زاخۆ : ١٦ سۆران : ١٢ گەرمیان : ١٩ هاوکات کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، کەشوهەوا لە شەوی سێشەممە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئاسمان هەوراوی دەبێت و لە رۆژی چوارشەممە، رێژەی شێ لە هەوادا زۆر دەبێت و باران دەبارێت و ئەگەری بارینی بەفر لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەتیش ناوچە شاخاوییەکان. باسی لەوەشکردووە، شەپۆلەکە دوا نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن. لای خۆشیەوە، سادق عەتیە شارەزای بواری کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سەرەتای ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین عێراق دەگرێتەوە و تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت. روونیکردووەتەوە، بەگوێرەی خشتەکان پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە بارانبارین دەست پێبکات و تا رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، لە هەندێک ناوچەکە بارانی بەخوڕ و هەوورە بروسکەی لەگەڵ دەبێت.

هاوڵاتی سوپای لوبنان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەلەمێك لە کەناراوەکانی باکوری لوبنان ژێرئاو كه‌وت، زیاتر لە 200 کۆچبەریان رزگارکرد و تەرمی دو کەسیشیان دەرهێنایەوە. ئێوارەی رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک بەندەری تەرابلوسی لوبنان کە کۆچبەری سووریا و نزیکەی 50 کۆچبەری لوبنانیی هەڵگرتبوو، تووشی کێشە بوو.  سوپای لوبنان رایگەیاند: "سێ کەشتیی دەریایی، لەگەڵ کەشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی فریاکەوتن 200 کەسیان رزگارکرد". گوتیشی کە دوو کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا خنکاون.  پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە بەندەری تەرابلوس لە باکوری لوبنان رایگەیاندوه‌، سەرنشینەکان پیاو، ژن و منداڵن کە زۆرینەی خەڵکی سوریان و نزیکەی 50 لوبنانیشیان تێدایە وبەگوێرەی میدیای نێوخۆییش، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵێکی سوورین. جێگەیباسە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم هەزار و 570 کەس لەنێویدا 186 کەسی لوبنانی لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە هەوڵیانداوە لە لوبنانەوە خۆیان بگەیێننە قوبرس. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوبرس تەنیا 175 کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە.     

لەگەڵ سەری ساڵیشدا سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 106 رۆژە بەردەوامە و گەنجێکی دیکەی شاری جوانڕۆ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا و لە شارەکانی ئیلام و سنە و بۆکان و سەقز ژمارەیەکی دیکە لە گەنجان و چالاکوانانی کورد دەستگیر کران. گەنجێکی شاری جوانڕۆ کە وەک رێز و وەفا بەشداریی چلەی حەوت کوژراوی شارەکەی کرد، بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا هەر ئەمڕۆ بە بەشداریی  هەزاران کەس بەخاک سپێردرا و مەرگی ئەو گەنجەش خۆپیشاندانی بەرفراوانی لێکەوتەوە بورهان ئەلیاسی تەمەنی 22 ساڵ بو کە رۆژی شەممە بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری جوانڕۆ بریندارکرا و دواتر بەهۆی سەختی برینەکانی دوا کەمتر لە کاتژمێرێک گیانی لەدەستدا. سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەزارن کەس لە دانیشتوانی جوانڕۆ ویستویانە یادی چلەی مەرگی حەوت کوژراوی ناڕەزایەتییەکانی شارەکە بکەنەوە هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی خۆجێی ریگرییان لە رێوڕەسمەکە کردوە و تەقەیان لە خەڵک کردوە کە بەهۆیەوە بورهان ئەلیاسی کوژراوە و پێنج کەسی دیکەش هەر بە گوللـەی ئەو هێزانە برینداربون کە یەکێک لە بریندارەکان تەمەنی 14 ساڵ بوە. هاوکات دوای کوژرانی ئەلیاسی لە جوانڕۆ گەنجانی شاری سنە بە ئاگرکردنەوە لە چەند شەقامێکی شارەکە، پشتیوانیان بۆ خەڵکت جوانڕۆ دەربڕی و دروشمیان بۆ پشتیوانیی جوانڕۆ و دژی دەسڵاتی ئێران وتەوە. لە ئیلام و ئەسفەهان و تاران ، قوم و ئەراک و ئابادان ناڕەزایەتییەکان بە شێوازی جیاوز دژی دەسەڵاتی ئێران بەردەوام بون و هاوکات زۆربەی کرێکارانی پاڵاوگە نەوتییەکانی باشوری وڵاتە دەستیان بە مانگرتن و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی کردەوە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارەکانی پێشلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی لە ساڵی 2022 لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە. دادگایەکی شاری تاران بە تۆمەتی لابردنی سەرپۆشەکەی، سزای زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانیی بەسەر رۆژنامەوانێکی ژن لەو شارەدا سەپاند. ویدا رەبانی، کە خانمێکی رۆژنامەوانە بەهۆی لابردنی سەرپۆش و بڵاوبونەوەی وێنەکەی تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی  خراوەتە پاڵ و هەر بەو هۆیەوە دادگای وڵاتەکە لە تاران سزای شەش ساڵ زیندانیی بۆ بڕیوەتەوە و هاوکات بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەش 15 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە. ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتی ساڵی 2022 بڵاوی کردوەتەوە لەو ساڵەدا 13 هەزار و 342 راپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران تۆمار کراوە و 17 هەزار و 872 مانگ سزای زیندانیی بەسەر رەخنەگرانی کۆماری ئیسلامیدا سەپێنراوە. بە پێی زانیارییەکانی هەرانا لە ماوەی ساڵی رابردودا لە کۆی 31 پارێزگا لە ئێران زیاترین پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر حەوت پارێزگا کراوە کە سێ پارێزگایان دەکەونە رۆژهەڵاتی کوردستان و بریتین لە سنە و کرماشان و ورمێ. لەگەڵ سەری ساڵ سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە .. لە ساڵێکدا سزای 18 هەزار مانگ زیندانیی بە سەر رەخنەگرانی دەسەڵاتی ئێراندا سەپێنراوە..     ئیبراهیم کەریم، مامۆستای ئایینیی لە سنە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی دەڵێت: ئەو مامۆستا ئایینیانەی پارەی دەسەڵاتی ئێران وەردەگردن خەیانەت بە خوا و پێغەمبەر و خوێنی شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی رۆژهەڵات و ئێران دەکەن . ئەوئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بڕیارە رۆژی یەکشەممە کۆبونەوەیەک بە مامۆستایانی ئایینیی لە شاری سنە بکات و هەر کەسێکیان بڕی پێنج ملیۆن تمەن کە دەکاتە (125) دۆلار وەرگرن بۆ بەشداریی لەو کۆبونەوەیە. ئیبراهیم کەریم دەڵیتیش ئەگەر هەر مامۆستایەک ئەو پارە وەرگرێت بەو واتایەیە نرخی ئەو کەسە هەر ئەو بڕە پارەیە و بەوەش خەیانەتی لە خوێنی شەهیدانی ناڕەزایەتییەکان دەکات.

هاوڵاتی چن گانگ یەکێکە لە یاریدەدەرە بڕواپێکراوەکانی سەرۆکی چین و لە ساڵی ٢٠٢١ وەک باڵوێزی چین لە ئەمریکا کاری کردووە. لەبارەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی نوێی چین، لەیەکم لێدوانیدا چن گانگ وتی، دەستپێشخەر دەبێت وەک نوێنەری چین لە ئاستەنگیە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتیدا. چن گانگ کە ئێستا وەک وەزیری دەرەوەی نوێی جین دەستنیشانکراوە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین پۆستی گرنگی هەبووە لە وەزارەتی دەرەوەی چین، لەوانەش وەکز وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٦، لە ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ وەک ئەفسەری پرۆتۆکۆڵەکان کاریکردووە لە وەزارەتی دەرەوەی چیندا.  

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە لێپرسینەوە لەگەڵ هیچ شۆفێرێک لە پارێزگاکانی عێراق ناکرێت و سەرجەم ئۆتۆمبێلە راگیراوەکان دەدرێنەوە خاوەنەکانیان. ئەمڕۆ شەممە  بە بڕیارى عەبدول ئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆعێراق، سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەستبەسەرکراون، دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان،هاوکات بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانە ناگرێتەوە کە تاوانیان پێى ئەنجامدراوەو پەیوەندییان بە تاوانکارییەوەیە. لەهەمانکاتدا بە بەڕێوەبەراتییە گشتیەکانی ئاگادارکردەوە بەبۆنەى سەرى ساڵەوە، رۆژێکى بێ سزا بۆ شۆفێران دیاریکراوەکە ئەمڕۆیە و هیچ شۆفێرێک سزاى پێبژاردنى بۆ ناکرێت، جگە لەو شۆفێرانەى بە ئۆتۆمبێلەکانیان کردەى تاوان ئەنجام دەدەن.

هاوڵاتی رێکخراوی تەندروستی جیھانی داوا لە لێپرسراوانی چین دەکات بەشێوەیەکی رێکخراو ئامارەکانی کۆرۆنا بخەنەڕوو. رێکخراوی تەندروستی جیھانی  بە ئامانجی وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا لە چین لەگەڵ لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەو  جارێکی تر داوایانکرد بە شێوەیەکی رێکخراو بەشدارییان پێبکەن لە داتاکانی پەیوەست بە رەوشی کۆرۆنا. ھەروەھا لێپرسراوانی تەندروستی جیھانی داوایان لە لێپرسراوانی چین کرد زانیارییان پێبدەن لە بارەی ئەنجامدانی ھەڵمەتەکانی کوتان بەتایبەت ئەو کەسانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرەو تەمەنیان لەسەرو ٦٠ ساڵەوەیە.  جەختیشیان لەوە کردەوە کە "گرنگی چاودێریکردن، و بڵاوکردنەوەی داتاکان لەکاتی خۆیدا پێویستە، بۆ یارمەتی چین و کۆمەڵگەی جیهانی بۆ داڕشتنی پلانیک بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسیداری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ". تەندروستی جیھانی لەسەر پەرەسەندنی کۆڤید-19 لەو وڵاتە بڕیاری داوە ڕۆژی سێشەممە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات. ئاژانسەکە دەڵێت بانگهێشتی زانایانی چینی کردووە بۆ پێشکەشکردنی زانیاری ورد لەسەرپەرەسەندنی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتەو ژمارەی توشبون و مردن و ڕێژەی پێدانی ڤاکسین. هاوکات،ئەمریکا، ئیسپانیا، فەرەنسا، کۆریای باشوور، هیندستان، ئیتالیا، ژاپۆن و تایوان هەمووی داوای تاقیکردنەوەی کۆڤید ١٩ دەکەن لە گەشتیارانی چین پێش گەشتکردنیان بۆ ئەو وڵاتانە، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نوێی ڤایرۆسەکە هەیە لە وڵاتەکانیان. هاوکات ئەو سەرنشینانەی لە چینەوە دەگەنە ئینگلتەرا پێویستە تاقیکردنەوەیەکی نەرێنی ئە ڤایرۆسە پێشکەش بکەن .      

هەدەپە بەبۆنەی سەری ساڵەوە رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی ئازادی، ئاشتی ، دیموکراسی و بەهاری گەلانی تورکیا. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بەبۆنەی سەری ساڵەوە راگەیەندراوێکی لەسەر ناوی میدحات سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتەکە بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " سەرەڕای زیادبوونی شەڕ و مردن، برسێتی و هەژاری، هەڵکشانی فاشیزم ، نادادپەروەری و تاریکی، هیوامان وایە کە لە ساڵی نوێدا دۆخەکە دەگۆڕێت." هەدەپە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، " زۆر کەم ماوە کە ئەم دەسەڵاتە هەڵەیە بگۆڕێت کە هەناسەی لە گەلان بڕیوە." هەدەپە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا ساڵی نوێی لە هەموو گەلانی تورکیا پیرۆز کرد و وتی، " ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە ساڵی ئازادی، ئاشتی ، دیموکراسی و بەهاری گەلانی تورکیا."

رژێمی سوریا رایگەیاند لە کۆبونەوەى مۆسکۆ کۆتایی بە بابەتی کشانەوەى تەواوەتیی  تورکیا لە سوریا هێناوە و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان ئۆپەرسیۆنێکی دیکەیان دژی داعش دەست پێکر. رۆژنامەیەکی سەر بە رژێمى سوریا لە دیمەشق ئاشکراى دەکات کە کۆبونەوەى مۆسکۆ لە نێوان وەزیرانى بەرگریى تورکیا و رژێمى سوریا لەژێر چاودێریی روسیا پرسى کشانەوەى تورکیا لە سوریا بە تەواوەتى یەکلایی بوەتەوە. رۆژنامەى ئەلوەتەن، لە زارى سەرچاوەیەکى  ئاگادار لە کۆبونەوەکەی مۆسکۆ کە ناوى ئاشکرا نەکردوە، بڵاوی کردوەتەوە؛ لە کۆبونەوەى مۆسکۆ ئەنقەرە رازىی بوە  کە بە تەواوەتى هێزەکانى لە سوریا بکشێنێتەوە و گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی کە ئەو دو وڵاتە رێگەى (ئێم فۆڕ) بە تەواوەتى بکەنەوە. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە هەر لە کۆبونەوەکەدا تورکیا جەختى لە رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکى سوریا کردوەتەوە و وتویەتى کە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) مەترسین لەسەر ئاسایشى ئەنقەرە و دیمەشق. رۆژى چوارشەممە، 28ى کانونى یەکەمى 2022، هەریەکە لە وەزیرى بەرگریی روسیا و تورکیا و رژێمى سوریا لە مۆسکۆ کۆبونەوە و لە کۆبونەوەکە داباس لە چارەسەریی  پرسەکانی نێوان سێ وڵاتەکە و ئاوارەکانى سوریا و روبەڕبونەوەى تیرۆر کرایەوە. لە لایەکی دیکەوە سێ رۆژە هێزەکانی سوریای دیموکرات؛ هەسەدە، بەهاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمان ئۆپراسیۆنێکیان بەناوی (بروسکەی جەزیرە) لە دژی داعش دەستی پێکردوە. فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوەکرد، داعش پلانی دانەبو لەسەری ساڵی نوێ هێرشێکی خوێناویی لە هەرێمی جەزیرە و قامیشلۆ ئەنجام بدات  ویستویانە  شاری دێرک  لە رۆژئاوای کوردستان هاوشێوەی رەققە بکاتە پایتەختی خۆیان. ئەو وتویەتی هێزەکانی هەسەدە ئەو پلانەی داعشیان تێکشکاندوە و چەندین چەکداری ئەو رێکخراوەیە لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کراون.    

هاوڵاتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ١٦ کەس لەسەر دۆسیەی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دەشڵێت، " سەرجەمیان دانیان بە تاوانەکانیادا ناوە." گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، ئەوانەی دەستدرێژییان کرابووەسەر، سێ كچ بوون، بەڵام یەکێک لە کچەکان کە تەمەنی 17 ساڵە، لە ڤیدیۆکاندا دەرکەوتووە و ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون، سێ کەس لەوان خۆیان ڤیدیۆکەیان تۆمارکردووە و بڵاویانکردووەتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تۆمەتباران خەڵکی سلێمانین و بەشێک لەوانەی ڤیدیۆی رووداوەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووتەوە دەستگیرکراون و دەست بەسەر چەند چەکێکی سادەی ناوی گیرفانیش گیراوە. باسی لەوەشکرد، داواکری گشتی بڕیار لەسەر سزای تۆمەتبارەکان دەدات. سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، دەبوو بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لەرێگەی نووسراوێکەوە سەبارەت بە جموجۆڵی ئەو شوێنە ئاگاداری بنکەی پۆلیسی سلێمانیان بکردایەتەوە و دەشڵێت، "ئەگەر هاتووچۆ ئاگاداری بناردایە ئێمە رێگریمان لەو جموجۆڵانە دەکرد کە لەو ناوچەیە ئەنجامدراون."