هاوڵاتی لە نامەیەکدا حوکمەتی تاڵیبان داوا لە ڕێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی و بیانیەکان دەکات کارکردنی ژنان ڕابگرن و ڕێگەنەدەن لەکارەکانیان بەردەوام بن. لەو نامەیەدا کە ڕۆژی شەممە لە لایەن عەبودلڕەحمان حەبیب، وتەبێژی ئابوری تاڵیبانەوە پشتڕاستکرایەوە باس لەوە کراوە کە داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکان کراوە کە ڕێگەنەدەن ژنان بچنەوە سەر کارەکانیان تاوەکوو ڕێنمایی نوێ دەردەچێت. هاوکات حوکمەتی تاڵیبان ڕێکخراوەکانیشی ئاگادارکردۆتەوە، هەر ڕێکخراوێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکەوە مۆڵەتی کارکردنی لە ئەفغانستان لێدەسەنرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتەبێژی ئابوری تاڵیبان ئەم بڕیارەی بۆ پابەندنەبوونی ژنان بە شێوازی جل و بەرگی ئیسلامیەوە گەڕاندۆتەوە. ئەم بڕیارەی تاڵیبان، تەنها دوای چەند ڕۆژێک لە بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی ژنانی ئەفغانستان بۆ زانکۆکان دێت، کە بەهۆیەوە چەندین کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و بڕیارەکەیان سەرکۆنە کرد.
کۆمپانیایەکی دیکە راپرسیەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرا کرد و بەگوێرەی راپرسیەکە، دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن لەپێش دەنگەکانی دەسەڵاتەوەن. کۆمپانیای (ئۆ ئاڕ جی) تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان کە کۆمپانیایەکی دیارە لە تورکیا، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامدا کە لە ١٩ -٢٢ی کانونی یەکەم ئامادەی کردووە و لە ٤٢ پارێزگای تورکیا، چوار هەزار و ٢٢٠ کەس بەشداریان تێیدا کردووە. لە راپرسیەکەدا، پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت، دەنگ بە کام هاوپەیمانی دەدەیت، ئەنجامەکەی بەم شێوەیەیە بووە؛ هاوپەیمانی کۆمار (پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست) ٣٨.٣٪ هاوپەیمانی گەل (پارتی گەلی کۆماری، پارتی باش، سەعادەت، دەڤا، دوارۆژ و پارتی دیموکرات) ٤١.٧٪ لەلایەکی دیکەوە پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە دەنگ بە کام لایەن دەدەن، ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە. ئاکەپە ٣١.٢٪ جەهەپە ٢٤.٢٪ پارتی باش ١٧.٥٪ هەدەپە ٧.٥٪ مەهەپە ٧.١٪ لە ماوەی دوو مانگی رابردوو، بە دەیان راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراون، تاوەکو ئێستا هیچ راپرسیەک باسی سەرکەوتنی هاوپەیمانی کۆماریان نەکردووە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات. بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا بەڕێوەبچن. ئەوەش لەکاتێدایە کە تورکیا رووبەرووی قەیرانێکی گەورەی ئابوری بووەتەوە و بەگوێرەی دەسەڵات هەڵاوسان نزیکەی ٨٥٪ و بەگوێرەی ئۆپۆزسیۆنیش ١٧٠٪ بەرز بووەتەوە.
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داهاتی کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئێران بۆ نیوە دادەبەزێت و بازاڕی VPN گەرم دەبێت. پێگەی (لایف وێب) ئاشکرای کردوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەسەڵاتی ئێران بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی ڤیدیۆ و هەواڵی خۆپیشاندانەکان، خێرایی ئینتەرنێتی خاو کردوەتەوە و هاوکات فیلتەر و چاودێریی لەسەر هێڵەکانی پەیوەندیی و بە تایبەت ئینتەرنێتی مۆبایل زیاد کردوە. پێگەکە ئاشکرای کردوە؛ کۆمپانیای (هەمرای ئەوەل ) و (ئیرانسێل) کە خاوەنی زۆربەی هێڵەکانی مۆبایلن، لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بەهۆی ئەو رێوشوێنانەی دەسەڵاتی ئێران گرتوەیەتیەبەر داهاتایان بە رێژەی 40% کەمی کردوە. کۆمپانیای ئیرانسێل دانی بەوەدا ناوە؛ تەنها لە ماوەی 40 رۆژی خۆپیشاندانەکاندا 800 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. هاوکات (هەمرای ئەوەل )کە کۆنترین کۆمپانیای بواری گواستنەوە و هێڵی مۆبایلە رایگەیاندوە؛ بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت 936 ملیارد تمەن کە دەکاتە زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتوە. بە گشتی زیانەکانی سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل بە 70 تریلیۆن تمەن خەمڵێنراوە کە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیارد و 728 ملیۆن دۆلار. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای رایتێل تایبەت بە هێڵەکانی ئینتەرنێتی مای فای و LTE لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ ترافیکی رۆژانەی لە هەزار و 500 تێرابایت بۆ 700 تێرابایت کەمی کردوە و رۆژانە زیانی 14 ملیارد تمەن کە دەکاتە نزیکەی 35 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت و 86%ی داهاتەکەی لەدەستداوە. ئاماژە بەوە کراوە دۆخی ئینتەرنێت بەهۆی رێوشوێنەکانی دەسەڵاتەوە تا ئێستا زیان بە 415 هەزار کاری ئینتەرنێتی و فرۆشگای ئۆنلاین گەیەشتوە . دانیشتوان و گەنجانی ئێران ناچارن بۆ ئەوەی سود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان و تەنانەت یارییە ئۆنلاینەکان ببین، VPN بەکار بهێنن و ئەوەش وای کردوە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی VPN لەو وڵاتە لە دو ملیۆنەوە بۆ زیاتر لە هەشت ملیۆن زیاد بکات و هەندێکیش ئەو ئەپلیکەیشنە دەکڕن کە لە ئێستادا خواستی زۆر لەسەرە. دەسەڵاتی ئێران رایگەیاندوە؛ هەوڵی دروستکردنی ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەدەن بۆ ئەوەی ناچارنەبن چاودێریی هێڵەکانی ئینتەرنێت بکەن و داهاتی وڵاتەکەش بڕواتە دەرەوە ، ئەوەش بوەتە مایەی سەرسوڕمانی وڵاتانی جیهان کە چون دەبێت لەم سەردەمەدا دەسەڵاتی وڵاتێک بیر لە نەهێشتنی ئینتەرنێت بکاتەوە.
هەزاران هاوڵاتی کورد و دۆستە فەڕەنسیەکانیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە گۆڕەپانی کۆماری گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی هێرشی چەکداری دوێنێ بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا. بەهۆی دەستوەردانی پۆلیس، لەنێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ئاڵۆزی دروست بوو. دوای بانگەوازی ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لە فەڕەنسا، هەزاران هاوڵاتی کورد و دۆستە فەڕەنسیەکانیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە گۆڕەپانی کۆماری گردبوونەوە بۆ ئیدانەکردنی هێرشی چەکداری دوێنێ بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا. بەهۆی دەستوەردانی پۆلیس، لەنێوان بەشێک لە خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ئاڵۆزی دروست بوو. چالاکوانانی کورد وێنەی ساکینە جانسز، لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغانیان بەرز کردەوە کە لە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریس لەلایەن میتی تورکیاوە کوژرابوو و داوایان کرد کە راستیەکانی پشت هێرشەکەی دوێنێی سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا ئاشکرا بکرێن. چالاکوانە کوردەکان، ژمارەیەک رێگەی سەرەکی پاریسیان داخست و ئاگریان کردەوە، هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا زیان بەر هەندێک ئۆتۆمبێڵ و دوکان کەوت. بێریڤان فورات ئەنجومەنی دیموکراتی کوردی فەڕەنسا بۆ کەناڵی (بی ئێف ئێم تی ڤی) قسەی کرد و رایگەیاند، ژیانی هاووڵاتیانی کورد لە فەڕەنسا لە مەترسیدایە، پێویستە حکومەتی فەڕەنسا کوردەکان بپارێزێت. دوێنێ کەسێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا. لە هێرشەکەدا ٣ کورد کوژران و سێیانی دیکەش بریندار بوون. هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاندووە کە هێرشبەرەکە راسترەوێکی فەڕەنسیە، بەڵام کوردانی فەڕەنسا رایدەگەیەنن کە دەستی میتی تورکیای لە پشتەوە و پێویستە حکومەت راستیەکان ئاشکرا بکات.
پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد، بە زووترین کات راستی پشت کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکەن. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە هێرشە چەکداریەکەی دوێنێ بۆسەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا کە بە زمانی تورکی و فەڕەنسی بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوەکراوە کە پێویستە رای گشتی لە راستی هێرشەکە ئاگادار بکرێتەوە. راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە: "بە داخەوە لە هێرشێکی دڕندانەدا بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ٣ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەستدا و ٣ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون. سەرەتا بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دڕندانەیە دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. چاوەڕوانی ئێمە لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەوەیە کە راستی پشت رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن. تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هێرشە ڕەگەزپەرستانە، ئاشکراکردنی راستیەکانە." ف.ق
هاوڵاتی لە هەرێمی سیبریای رووسیا ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچوواندا کەوتەووە و لە ئاکامدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هەواڵی TASSی رووسی لە هەواڵێکدا بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری لەناکاو، هەواڵی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆکارێکی نەزاندراو ئاگر لە خانەیەکی بەساڵاچووانی دوو نهۆمی لە شاری کەمەرۆڤ کەوتووەتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە رووداوەکەدا ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداووە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان بەتەواوەتی ئاگرەکە بکوژێننەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن. ئەوەش زانراوە کە نهۆمی دووەمی خانەکە کە بەهۆی ئاگرەکەوە بەتەواوی داڕووخاوە، بەشێوەیەکی نایاسایی دروست کراوە.
نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان بە لانه و سهرزهمينى فرهيى و پێكهوهژيانى ئاشتیيانە دەمێنێتەوە
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی کریسمس لە کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە "هەرێمی کوردستان وهك ههميشه به لانه و سهرزهمينى فرهيى و پێكهوهژيانى ئاشتیيانه و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى و تهبايى لهنێوان ههموو پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكانيدا دهمێنێتهوه." ئەمڕۆ شەممە، 24-12-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی کریسمس و یادی لەدایکبوونی عیسای مەسیح (د.خ) لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە کریستیانەکان دەکات و دەڵێت، "هيواى جهژنێكى پڕ له شادى و كامهرانييان بۆ دهخوازم. هيوادارم جهژن له كهش و دۆخێكى ئارامدا بكهنهوه و پشوويهكى خۆش بهسهر بهرن." چەند رۆژێکی دیکە جیهان ماڵئاوایی لە ساڵی 2022 و پێشوازی لە ساڵی 2023ـی زایینی دەکات. نزیکەی دوو ملیار و 140 ملیۆن کریستیانی رۆژئاوایی و بەشێک لە کریستیانە رۆژهەڵاتییەکان، 25ـی کانوونی یەکەم بە رۆژی کریسمس یان رۆژی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسا (د.خ) دادەنێن. کریستیانەکانی جیهان بە گشتی شەوی پێش کریسمس یان لە رۆژی کریسمس بۆ نزاکردن و گوتنەوەی سروودی ئایینیی تایبەت بە لەدایکبوونی عیسای مەسیح (د.خ) دەچنە کەنیسە. لە نەریتەکانی دیکەی کریسمس بریتییە لە ئامادەکردن و هاوبەشیکردنی خواردنی تایبەت لە ئێوارەی 24 تاوەکو ئێوارەی 25ـی مانگ لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیان کە دیارترینیان کێکی کریسمس و قەلی سوورکراوەن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، دووپاتی دەکاتەوە کە "ههرێمى كوردستان وهك ههميشه به لانه و سهرزهمينى فرهيى و پێكهوهژيانى ئاشتيیانه و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى و تهبايى لهنيوان ههموو پێكهاته ئايينى و نهتهوهيييهكانيدا دهمێنێتهوه." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "لهگهڵ خوشك و برايانى مهسيحيمان و تهواوى پێكهاتهكان، ههموومان پێكهوه كاردهكهين بۆ بنياتنانى ئێستا و داهاتوويهكى باشتر بۆ نهوهكانمان، بۆ وڵاتێك كه ماف و ئازادى بۆ ههموو هاووڵاتييانى له ههر ئايين و نهتهوهيهك بن، بپارێزێت." دەشڵێت، "جهژنى لهدايكبوونى مهسيح له ههمووان پيرۆز بێت، ههموو ساڵێك به خێر و خۆشى و ئاشتى بۆ تهواوى مرۆڤايهتى بگهڕێتهوه."
درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا، دوو گوندی شاروچکەی تربەسپیی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کرد و چوار منداڵ بریندار بوون. لە ئەنجامی بۆردومانی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیادا لە گوندی مزگەفتی رۆژهەڵاتی تربەسپیدا، چوار منداڵ برینداربوون. ئاژانسی هاوارنیوز ناوی بریندارەکانی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن؛ ئایشە خەڵەف عەلی، جەواهر خالید محەمەد، سەورە ئەل مەتەر و ریهام عەزام ئەل عەلی. لەلایەکی دیکەوە، درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا، گوندی گر سواری سەر بە شاروچکەی ترسبەسپیان بۆردومان کرد. لە بۆردومانەکا ژمارەیەک ئاژەڵ مرداربوونەوە و زیانی زۆری ماددی دروست بووە.
هاوڵاتی رۆژنامهی واشنتن پۆست بڵاویكردهوه، له لێكۆڵینهوهیهكدا كه 9 مانگی خایاندووه، ئاشكرایان كردووه، ئهو لیژنهیهی مستهفا كازمی، سهرۆك وهزیرانی پێشووی عێراق درووستیكردبوو بۆ بهرهنگاربوونهوهی گهندهڵی، دهستدرێژی سێكسی و كارهبا لێدان و ئهشكهنجهی بهكارهێناوه بۆ ئهوهی دانپێدانانی بهرپرسان و بازرگانان وهربگرێن. كازمی له مانگی ئابی 2020 لیژنهیهكی باڵای بۆ بهدواداچوونی دۆسییهكانی گهندهڵی پێكهێنا. بریكاری وهزارهتی ناوخۆ بۆ كاروباری ههواڵگری، فهریقی یهكهم، ئهحمهد ئهبو رهغیف سهرۆكی لیژنهكه بوو، دهسهڵاتێكی فراوانی پێدرابوو. ئهو لیژنهیه دهستیكرد به دهستگیركردنی كهسایهتییه سیاسییه باڵا و ناسراوهكان، كه تێوهگلابوون له گهندهڵی. لێكۆڵینهوهی رۆژنامهكه چاوپێكهوتنی لهگهڵ 20 كهسدا كردووه، 5یان لهوانه بوونه كه خۆیان دهستگیركراون، 9یان ئهوانه بوون كه كهسوكاریان دهستگیركراوه، 11شیان بهرپرسی عێراق و خۆرئاوایی بوون و چاودێری كاری لیژنهكهیان كردووه. له لێكۆڵینهوهكهدا دهركهوتووه، ئهو لیژنهیه ههموو رێگهیهكی نامرۆڤانهی بۆ ئازار و ئهشكهنجهدانی دهستگیركراوهكان بهكارهێناوه. یهكێك له دهستگیركراوهكان وتویهتی: كارهبایان لێداوم، كیسی پلاستیكیان كردووهته سهرم، به بنمیچهوه ههڵیانواسیوم، دهستیان له پشتهوه به توندی بهستووم و رووتیان كردوومهتهوه. یهكێك لهو كهسانهی كه دهستگیركرابوو له ژێر ئهشكهنجهدا مردووه، كه قاسم حموود مهنسوور، بهڕێوبهری گشتیی كۆمپانیای خۆراك بووه له وهزارهتی بازرگانی. كهسوكاری مهنسوور، وێنهیان ههیه، كه به هۆی زهبری لێدانهوه زۆربهی ددانهكانی كهوتوون. رۆژنامهكه ئاشكرایكردووه، بهرپرسانی ئهمهریكا له فڕۆكهخانهی بهغدا بوون و ئاگاداری ئهو بابهته بوون، بهڵام گوێیان پێ نهداوه. دهستگیركراوهكان باسیان لهوه كردووه، له ناوچهی سهوز له ژێر زهمینێكدا زیندانی كراون. بازرگانێك باسی لهوه كردووه، بۆ ماوهی 13 رۆژ ئهشكهنجهیان داوه و ئینجا دواتر پرسیویانه بهرتیلت به كێ داوه و چهندت پێداوه. لیژنهكهی ئهبو رهغیف، 156 دۆسیهی كردبوویهوه، بهڵام دواتر دادگای باڵای ئیتیحادی ههڵیوهشاندهوه و رایگهیاند، ئهو لیژنهیه نادهستوورییه.
هاوڵاتی کۆلێژی پزیشكیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو رێنوێنییە پزیشکییانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە پیاوان دەدرێن، جیاوازە لەوەی بە خانمان دەدرێن. توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی پێشکەوتنی زانستی ئەمریکی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێشکێشکرا و توێژەران رێنوێنی خانمان دەکەن کە شێوازی ژیانیان باشتر بکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان واباشترە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی ستاتینەکان بخۆن. لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020ـی نەخۆشانی راپرسیی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک NHANES بەکارهات بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار خانم و پیاو، دەرکەوت 80%ـی خانمان کاریگەرییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کەمتر دەبووەوە، بەڵام 60%ـی پیاوان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر سوودیان لە دەرمانی ستاتینەکان وەردەگرت. دکتۆر پرێما وۆلانداری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد دەڵێت: ''کێشڕێکی، وەرزش و خۆراکی تەندروست مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا کەمدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازدەکرێت پیاوان پەنا ببەنە بەر دەرمانەکانی دابەزاندنی چەوری، لەکاتێکدا ئەو دەرمانانە بۆ خانمانیش کاریگەرییان هەیە''. سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو رەگەزدا وەکویەکە و سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردن رێکخستنی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە. کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چەند ئامۆژگارییەکی گشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: 1- کەسانی پێگەیشتوو هەفاتانە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 بۆ 150 خولەک وەرزشی تووند بکەن. 2- وازهێنان لە جگەرەکێشان 3- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە 'دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە، گوێز و ماسی' پەیڕەوبکرێت و رێژەی خواردنی خوێ بۆ پێنج مللیگرام لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە. 4- ئەوانەی کێشیان زیادە و قەڵەون پێویستە کێشیان داببەزێنن، یاخود لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی ستاتینیان بۆ بنوسرێت.
هاوڵاتی ناوەندنی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕایگەیاند، هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بە چەكی كیمیایی بەردەوامە و دوێنێ ١٠ جار سەنگەرەكانی بەرخۆدانی گەریلا لە نزیك گۆڕەپانی چەمچۆی سەر بە شارەدێی شێلادزێی ناوچەی ئامێدی بە چەكی كیمیایی بۆردومان كران. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكیی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و هێرشەكانی دەڵەتی داگیركەری تورك بۆسەر ناوچەكانی بەرخۆدان لە ڕۆژی ٢٣ی كانونی یەكەم بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ٢٣ی كانونی یەكەم، كاتژمێر ٠٩:٠٠ داگیركەران لە دەوروبەری گوندی سیدای سەر بە شارەدێی شێلادزێی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی لەلایەن تیمە گەڕۆكەكانمانەوە بە تاكتیكی نیشانشكێن كرانە ئامانج و داگیركەرێك سزادرا. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك سەنگەرەكانی بەرخودانی گەریلای،١٠ جار بە چەكی كیمیایی بۆردومان كرد، ماددەی پلاستیك و تایەی ئۆتۆمبێلی سوتاند و دوكەڵە ژەهراوییەكەی كردە ناو سەنگەرەكانی بەرخودان. ئاماژە بەوەشكراوە، لەهەمان كاتدا چوار جار بە فڕۆكەی شەڕ، ١٢ جاریش بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و بە دەیان جاریش بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس گۆڕەپانەكانی بەرخودانی بۆردومان كردووە.
هاوڵاتی تۆماس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی پێنج شەممە لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، لە لێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆکانیان بەرەوپێش چووە وکۆوبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامداوە. لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە، مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی سوید هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانمان، بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە، هاوکات هەر لەوبارەیەوە تۆماس بیلسترۆم ئاماژەی بەوەدا کە هاوڕایە لەگەڵ داواکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وهێشتا کاری زۆرتریان لەپێشە کە سوید ئەنجامی بدات بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ. تۆماس بیلسترۆم لە ئەنجامی کۆوبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەکرد کە سوید گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرتووە، هەروەها وتیشی هیوادارە بەر لە مانگی حەوت کە تێیدا کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەچێت، تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی هەریەک لە سوید وفینلاند دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ کرد، تورکیا لەکۆی ٣٠ وڵاتی ئەندام دژی داواکەی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوە و تۆمەتباری کردن بە لەخۆگرتن وداڵدەدانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی پەکەکە وئەندامەکانیان و کۆمەڵێک مەرجی بۆ هەریەک لە سوید وفینلاند دانا لە بەرامبەر پەسەندکردنی داواکەیان لەبارەی بوون بە ئەندامی ناتۆ. جگە لە وڵاتی تورکیا، هاوکات هەنگاریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تاوەکوو ئێستاش داواکەی سوید وفینلاندی پەسەند نەکردبوو بەڵام پەرلەمانی هەنگاریا ڕایگەیاند کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ داواکەیان بۆ بونە ئەندامی ناتۆ پەسەند دەکات. هاوکات، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم سوید پەیوەست بە جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا ( مەحمود تات) ئەندامێکی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا کردەوە، مەحمود تات سزای ٦ ساڵ وسێ مانگ زیدانی هەبوو لە تورکیا بە تۆمەتی بوون بە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان وساڵی ٢٠١٥ داوای مافی پەنابەری کردبوو لە وڵاتی سوید.
هاوڵاتی لە هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا بۆ سەر شاری خێرسۆن بە لایەنی کەمەوە ٧ کەس کوژران ودەیانی دیکەش برینداربوون. ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، هیچ یەکەیەکی سەربازی لە ناوچەکە نیە، هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە بیناکانی نێستەجێ بوون و کارگێڕی لەناوەراستی شارەکە زیانیان بەرکەتووە. لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بلاوبونەتەوە دیمەنی بریندارەکان وکوژراوەکان دەردەکەون و ئۆتۆمبێلەکان گڕیان گرتووە، هاوکات بیناکانیش زیانیان بەرکەوتووە، ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی ئەم دیمەنانەوە وتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەم دیمەنانە بە هەستیار دادەنێین بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەیان، بەڵام ئەمانە دیمەنی ڕاستەقینەی ژیانی ئۆکرانیا وئۆکرانیەکانە. خێرسۆن دەکەوێتە باشوری ئۆکرانیا، دوای داگیرکردنی لەلایەن ڕووسیاوە، مانگی ڕابردوو لەلایەن ئۆکرانیاوە دووبارە ئازادکرایەوە، لەوکاتەوە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لەو دیو ڕووباری دنیپرۆ شارەکە کراوەتە ئامانج ، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا بەردەوام ڕەتی کردۆتەوە کە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گرتبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا هێرشەکانی بە هەوڵدان بۆ ترساندن و چێژوەرگرتن لە کوشتنی ئۆکرانیەکان وەسفکردووە.
هاوڵاتی نێرگز محەمەدی کە پێشەنگی چالاکوانانی مافی مرۆڤە لە نامەیەکدا کە لە زیندانی ئیڤین نوسیویەتی ودەست بی بی سی کەوتووە، باس لەوە دەکات کە پۆلیس بە چەندەها شێوە ئەشکەنجەی زیندانیەکان دەدات ودەستدرێژی سێسی دەکاتە سەر ژنان. نێرگز محەمەدی کە ئیستا لە زینداندایە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، لە نامەیەکدا باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی خۆپیشداندانەکان گواسترانەوە بۆ بەشی ژنانی ئیڤین توانی لە نزیکەوە شایەتحاڵی ئەشکەنجەی ژنان بێت کە چۆن دەستدرێژی سێکسی وئەشکەنجەی جەستەی دراون. نێرگز بەم جۆرە باسی لە ئەشکەنجەی یەکێک لەو ژنانە کردووە، دوای ئەوەی پۆلیس ژنێکیان دەستگیرکردووە لە ناو خۆپیشاندانەکان بە ماتۆڕسکیل گواستویانەوەتەوە زیندان دوو پۆلیس دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنەکە، هەروەها یەکێکی تر لەو ژنانەی کە چاوم پێکەوت چالاکوانێکی دیاری ئێران بوو کە دەستیان کەلەپچە کردبوو و شوێنەواری چەقۆ و لێدان بە جەستەیەوە دیاربوو، هاوکات دەستدرێژی کرابۆیە سەر. نێرگز محمەدی، لەبارەی پێشێلکاری وسەرکوتکاریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەرخۆپیشاندەران وتی، هەرچەندە باسکردن و ئاشکراکردنی ئەم ئەشکەنجانە ڕەنگە خێزانی دەستگیرکراوەکان بترسێنێت، بەڵام گرنگە باس بکرێت تاوەکوو بەهەموو جۆرێک هەوڵی رێگریکردنی بدرێت. نێرگز محەمەدی، جێگری سەرۆکی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی شیرین عیبادی خاوەن خەڵاتی نۆبڵە، کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە چەندین جارسزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە و لە ئێستاشدا بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" لە زینداندایە، هەروەها ناوی لە لیستی ١٠٠ ژنە ئیلهام بەخش وکاریگەری جیهاندا بوو کە لە لایەن بی بی سیەوە بڵاوکرایەوە. نێرگز لە نامەکەیدا ڕایگەیاند " ئێمە پاشەکشە ناکەین"
سەركۆ جەمال زیاتر لەمانگێكە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما لەهەرێمی كوردستان، جارێكی تر كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاووڵاتیان كەمیكردووە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بانگەشەی ئەوەی دەكرد بەبەستنی پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكرێت، بۆ نموونە لەشاری سلێمانی نزیكەی 90%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، بەڵام پێدانی كارەبا وەكو ساڵانی رابردوو هەر خراپەو باش نەبووە، هاوكات لەگەڵا ئەوەی خەڵكی هەرێم دادوبێدادیانە بەدەست خراپی كارەباوە، بەڵام حكومەتی هەرێم 430 مێگاوات كارەبا دەفرۆشێتە حكومەتی عێراق. ئومێد ئەحمەد وتەبێژو بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ نزیكەی نۆ كاتژمێر لەسلێمانی زیادبووەو لەهەندێك لەقەزاكان زیاترە». وتیشی:» لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما خواستی كارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە زۆر زیادیكردووە، بەجۆرێك ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا بریتییە لەسێ هەزارو 400 مێگاوات، بەڵام خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا گەیشتووەتە زیاد لەشەش هەزار مێگاوات، بۆیە ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا هەبووە بەهاووڵاتیان». « لەهەرێمی كوردستان هاوبەشانی كارەبا ژمارەیان گەیشتووەتە ملیۆنێك و 800 هەزار هاوبەش، بەكارهێنانی كارەباش لەپارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە، لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەجۆرێك بەهۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زیاترەو لەهەولێر كەمترو لەئیدارەی گەرمیانیش كەمترین خواست لەسەر كارەبا هەیە، ئەو كارەبایەی ئێستا بەرهەمدێت نزیكە لە 50٪ی ئەو خواستەی هاووڵاتیان پڕدەكاتەوە هەیانە بۆ بەكارهێنانی كارەبا، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كەهیچ گۆڕانكارییەك لەپێدانی كارەبا نەكراوە، بەڵكو تەنها خواست زیادبووە، ئەوەش كردارێكی پێچەوانەیە هەتا خواست زیاد بكات بڕی پێدانی كارەبا كەمدەكات» ئومێد ئەحمەد وای وت. وتەكانی وتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا لەكاتێكدایە، ئێستا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نشتیمانی كارەبا لەهەندێك كات لەسلێمانی بۆ كەمتر لەشەش كاتژمێر دابەزیوە، وەزیری كارەباش دەڵێت كەمی كارەبا پەیوەندی بەوەزارەتی ئێمەوە نییە پەیوەندی بەوەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە هەیە كەسوتەمەنیمان بۆ دابین ناكەن، لەكاتێكدا هەردوو وەزارەتەكە یەك وەزیریان هەیە. لەڕۆژی 21-11-2022، ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایگەیاند: لەهەفتەی داهاتوودا 200 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و راستەوخۆش كاریگەری لەسەر زیادبوونی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ هاوبەشان دەبێت. لەكاتی ئەو وتانەی بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا بەرهەمهێنانی كارەبا سێ هەزار و 500 مێگاوات بوو، بەڵام ئێستا هەر ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەڵێت سێ هەزارو 400 مێگاوات كارەبا بەرهەمدێت. ئەمەش گومانی فرۆشتنی كارەبای هەرێم بەعێراق زیاتر دەكات، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. هاوكات عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی تەئكیدی كردەوە:» كەحكومەتی هەرێم 430 مێگاوات كارەبا دەفرۆشرێتە كەركوك و موسڵ». وتیشی:» دوای بەدواداچوون 100 مێگاوات بۆ كارەبای سلێمانی زیادبووە، 50 مێگاواتیش بۆ دهۆك و 66 مێگاواتیش بۆ هەولێر، كارەبای سلێمانی لەدۆخێكی خراپدا بووەو ئێستاش وەك پێویست نیە». لەسەر كاتەكانی پێدانی كارەباو كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بۆ هاوبەشان، سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»چەند رۆژێكە كارەبای نیشتیمانی لەسلێمانی نۆ بۆ 10 كاتژمێر هەیەو تائێستاش 85% بۆ 90%ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە». وتیشی:»بڕیاری كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبای ماڵان لەبەر سێ هۆكار بووە، یەكەمیان بۆ نەهێشتنی سەرە محەویلە بووە، وا نەبوایە لەزۆربەی گەڕەكەكان ئەو كێشەیە سەریهەڵدەدایەوە، هۆكارێكی دیكەش بۆ پاراستنی محاویلە و «قاتیع» ەكانە، چونكە لەزستاناندا بەهۆی زۆر بەكارهێنانەوە ژمارەیەكی زۆر محاویلەمان دەسووتا، هۆكاری سێیەمیش بۆ ئەوەبووە لەڕێگەی كەمكردنەوەی ئەمپێرەكان بەكۆی گشتی بڕێك كارەبای زیاتر بدەینە هاووڵاتیان كەئەمەش شتێكی ناچاری بووە ئەگەرنا هاوڵاتی مافی خۆیەتی كارەبا بەكاربهێنێت». بەوتەی بەرپرسانی كارەبای هەرێم، لەئێستادا ژێرخانی كارەبای هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لەحەوت هەزار مێگاوات كارەبای هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا سێ هەزارو 400 مێگاوات كارەبا بەرهەمدێت. هاوڵاتی قسەی لەگەڵ چەندین هاوبەشی كارەبا كرد لەناوچە جیاوازەكانی هەرێم، هاوكار سەردار لەسلێمانی دەڵێت ئەوەی من تائێستا تێبینیم كردووە پێدانی كارەبا لەڕۆژێكدا شەش كاتژمێر تێپەڕناكات، بەڵام كاوان عومەر كە لەگەرمیان نیشتەجێیە دەڵێت كارەبا نزیكەی هەشت كاتژمێر هەیە لەڕۆژێكدا، جێگر عەزیز لەهەولێر دەڵێت كارەبای نیشتیمانی لەڕۆژێكدا 10 كاتژمێر هەیە، ئەمەش دەریدەخات كاتەكانی پێدانی كارەبا لەهەرێم جیاوازی هەیە. وەزارەتی كارەبا لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا دەستیكرد بەدانانی پێوەری زیرەك بۆ هاوبەشانی كارەبا تا بەوتەی خۆیان دادپەروەری لەدابەشكردنی كارەبادا بێتەدی، جیا لەوەی بەردەوام وەزارەتی كارەبا ناوبەناو هەڵمەتی بڕینی كارەبای زیادەڕەو لەناوچە جیاوازەكان ئەنجامدەدەن كە بەوتەی خۆیان بۆ ئەوەیە زیادەڕەویەكانی سەر كارەبای نیشتیمانی كەمبكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوانە نەبووەتە هۆی زیادكردنی كاتەكانی پێدانی كارەبا، لەكاتێكدا بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە 85٪ی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە.
