هاوڵاتی بانكی ناوەندی عێراق پێشبینی دەكات یەدەگی دراوە بیانیەكانی لە 70 ملیار دۆلارەوە بگەیەنێتە 90 ملیار دۆلار و ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە ناتوانن بەهای دینارى عێراقى بەرانبەر دۆلار دەستكاری بكەن. ئەمڕۆ شەممە 2ی تەموزی 2022، عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لە ئێستادا یەدەگی دراوە بیانیەكان زیاتر لە (70) ملیار دۆلارە و پشبینی دەكەین تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە (90) ملیار دۆلار". هەروەها راشیگەیاند:" لە ئێستادا ناتوانن نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بگۆڕن و هیچ بیانویەك نییە بۆ گۆڕانكاری كردن و دەستكاری كردنی". خەڵەف ئەوەشی دووپاتكردەوە كە دابەزاندنی نرخی دۆلار پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە و ئەگەر دایبەزێنن ئابوری وڵات دوچاری داڕمان دەبێت و ئەو بابەتە پەیوەستە بە سیاسیەتی نەختینەی وڵاتەوە. لەنێو پەرلەمانی عێراق هەوڵێكی پەرلەمانتاران هەیە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریكی. لە كانونی یەكەمی 2020 بە بڕیاری بانكی ناوەندنی حكومەتی عێراق نرخی سەد دۆلاری ئەمریكی لە 120 هەزار دینار بەرزكرایەوە بۆ 145 هەزار دینار.
هاوڵاتی ترس و تۆقین لە قەناسی گەریلا وای لە سوپاكەی ئەردۆغان كردووە بە فرۆكەو تەكنەلۆژیای پێشكەوتووش ناتوانن تەرمی سەربازەكانیان كۆبكەنەوە. گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند نزیكەی ٢٠ ڕۆژە بەلانیكەمەوە تەرمی بیست سەربازی سوپای توركی داگیركەر لە بەردە كون لە هەرێمی زاپ بەجێماون و سوپای تورك لە توانایدا نییە كۆیان بكاتەوە. لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، لەوكاتەوە تائێستا جەنگێكی قورس لە نێوان گەریلاكانی ئازادیی كوردستان و سوپای داگیركەری توركدا بەڕێوەدەچێت. "سەربازانی سوپای تورك بە هەڵدانی چەتر و لەبەركردنی جلوبەرگی دژە باران، هەوڵیاندا لە ناوچەكە ڕابكەن بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی هێزەكانی گەریلا، بەڵام سەربازانی تورك نەیاندەزانی چەتر لە جەنگدا بەكاربهێنن و كاتێكیش ڕایاندەكرد، دەبوونە ئامانج، راگەیاندنی هەپەگە وا دەڵێن. هەروەها ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە "سەربازانی سوپای تورك كوژراوەكانی خۆیان بەرەو بەردە كون برد، لە شوێنێكی دوور لە زنجیرە چیاكان، كە تونێلی جەنگیان تێدا دروست كراون، ناچاربوون بڵاوە بكەن". گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند، لە بەردە كون زیاتر لە ٢٠ تەرمی سەربازان هەیە، كە بە حەسیر و جلوبەرگی دژە بارانی شاردونیانەتەوە تاوەكو لە سروشتدا بە ئاسانی نەبینرێن. بەهۆی ئەوەی گەریلاكان ڕێگەیان نەدا هەلیكۆپتەرە سكۆرسكییەكان بچنە ناوچەكە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە تەرمی سەربازەكان لە ناوچەی بەردە كون بەجێماون. "سوپای تورك نەیدەوێرا لە ناوچەكە پێشڕەویی بكات و تەرمەكانی بباتەوە و لە هەوڵەكانیدا شكستی هێنا، بۆیە جەردەوانان (جاش)ەكانی بۆ كۆكردنەوە و بردنەوەی تەرمی سەربازەكانی خستە كار، بەڵام هەرچەندە هەوڵیدا جەردەوانەكانیش نەیانتوانی تەرمەكان ببەنەوە و لەوەشدا سەركەوتو نەبوون". سوپای تورك لەبارەی چارەنووسی ئەو سەربازانەوە هیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێك بڵاوناكاتەوە، كە هێناونی بۆ ناوچەی ئەشكەوتی برینداران لە زاپ، بە پێچەوانەوە بۆ شاردنەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی لە ناوچەكە، هەمیشە هەواڵی ساختە بڵاودەكاتەوە.
هاوڵاتی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" ئێستا گازوایلی لاناز ڕۆژانە ڕەوانە توركیا دەكرێت، بۆ ناوخۆش لە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبیل و چەند ماددەیەكی كیمیاوی مەترسیدار لە گۆڕەپانە بێمۆڵەتەكان (گازوایل ) دروستدەكرێت". عەلی حەمەساڵح لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی گازوایلی لانازەوە ئەمڕۆ یەكشەممە ئەمڕۆ شەممە 2ی تەموزی 2022، بڵاویكردەوە، "پاڵاوگەی لاناز، بە كوالێتیەكی زۆر باش بەنزین و گازوایل بەرهەمدەهێنێت و نەوتی خاو لە سوریاو عەینزالەوە دابین دەكات، واتا، نەوتی خاو نرخێكی گران ناكەوێت لەسەری.. تا بەرهەم بە بازرگانی بفرۆشێت". هەروەها دەشڵێت:" ئێستا گازوایلی لاناز ڕۆژانە ڕەوانە توركیا دەكرێت، بۆ ناوخۆش لە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبیل و چەند ماددەیەكی كیمیاوی مەترسیدار لە گۆڕەپانە بێمۆڵەتەكان (گازوایل ) دروستدەكرێت بەوەش گرانی گازوایل لە نێوخۆو خراپی كوالێتی مەترسییەكی گەورەیە". عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستۆتەروو كە لاناز، ئێستا بەنزین بەرهەمدەهێنێت، بە كوالێتی باش، ئەم بەنزینە بە بازرگانی و بەنرخێكی گران دەفرۆشرێت ئەمڕۆ لیترێك بە كۆ” جوملە” دراوە بە هەزارو 210 دینارو حەوت ملیۆنی فرۆشتووە.
هاوڵاتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت:" پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسایەك بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێكبخات، نەك تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو لەنێوان هەموو پارێزگاكان كە بەرهەمی نەوتیان هەیە". مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی وەفدی میسڕیدا رایگەیاند:" ئەگەر حكومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، كاتێكی زۆرمان بۆ دەگەڕایەوە و زۆربەی كێشەكانیش چارەسەر دەبوون". هەروەها راشیگەیاند:" هێز هەیە كار بۆ ئەوە دەكەن یاساكە بەشێوەیەكی نیشتمانی و بە كۆكبوونی هەموو عێراقییەكان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەكە لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی." مەسعود بارزانی بەپێویستی دادەنێت كە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسایەك بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێكبخات، دەشڵێت:" نەك تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو لەنێوان هەموو پارێزگاكان كە بەرهەمی نەوتیان هەیە". هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێكی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دروستبووە.
هاوڵاتی تیمی كوردستانی عێراقی CPT، سەبارەت بەزیانە گیانیەكانی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵی توركیا ئاشكرایدەكات، كە توركیا بۆردومانی ئاهەنگەكەی بامەڕنێی كردووەو منداڵەكانی شەهید كردووە. لەو ڕاگەیاندراوە ڕۆژنامەوانیەدا تیمی كوردستانی عێراقی CPT ئاشكرایكردووە، لەماوەی یەك مانگی نێوان 21ی ئایار بۆ 21ی حوزەیران، بەھۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی توركیا لەخاكی ھەرێمی كوردستاندا، پێنج كەسی مەدەنی، لەناویاندا سێ منداڵ شەھیدبوونو 15 دیكە برینداربوون. هەروەها ئەوەش هاتووە، "لەدوای ھێرشە ئاسمانیەكەی 21ی ئایاری توركیا بۆ سەر گوندی توتەقەڵ لەقەزای چەمچەماڵو شەھیدكردنی دوو كەسی مەدەنی، لەئێستادا 8 خێزان لەكۆی 10 خێزان، گوندەكەیان لەترسی بۆردومانكردن بەجێھێشتووە". هاوكات ئەوەیان سەلماندووەو دووپاتی دەكەنەوە كە "بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی كە دەستی CPT كەوتوونو بەپشتبەستن بەشیكردنەوەی جوگرافیای شوێنی ڕووداوەكەی 26ی ئایار لەبامەرنێ، كە 3 منداڵ لەو ھێرشەدا شەھیدبوون، توركیا لایەنی ئەنجامدەری ئەو ھێرشەیە". "سەربازانی توركیا، لەبنكەو بارەگا سەربازییە نوێیەكانیانەوە، تۆپبارانی گوندە مەدەنی نشینەكان دەكەنو ڕۆژانە تەقەی ڕاستەوخۆ بەئاراستەی گوندەكاندا دەكەن، بەجۆرێك بەتەنها لەماوەی سێ ڕۆژداو لە15ی حوزەیرانەوە تاوەكو 17 حوزەیران، پێنج ھاوڵاتی مەدەنی گوندەكانی پەرەخێ لەدەركارو كێستە لەكانی ماسێ بەھۆی دەستڕێژی سەربازانی توركیاو تۆپبارانی سوپای توركیاوە، برینداربوون". تیمی كوردستانی عێراقی وا دەڵێن. تیمی كوردستانی ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە "لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-قفڵ'دا، توركیا چوار بارەگای سەربازیی لەناوچەكانی ئاڤاشینو زاپ دروستكردووەو لە16ی حوزەیرانیشەوە سەرقاڵی دروستكردنی بارەگایەكی تری سەربازین، لەسەر چیای كوڕەژارۆ لەناحیەی شیلادزێ".
ئیمان زەندی هاوردەكردنی ئاژەڵ هاوشێوەی پێداویستییەكانی دیكە بەڕێگای قاچاغ لە سوریاو ئێران و تەنانەت توركیاشەوە دەهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوەو نەخۆشیان لەگەڵدایەو ساغدەكرێنەوە لەبازاڕەكاندا. بەپێی ئامارێكی فەرمی بۆ ساڵی 2021 و سێ مانگی ئەمساڵ 355 هەزارو ٢٨٢ سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، هەزارو ٨٥٧ سەریان لە كەرەنتیەنەكان رەتكراوەتەوەو بەمەش لەساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ لەكوشتارگەكانی سلێمانی و هەولێر زیاتر لە ١٦٢ هەزارو ١٠٣ كیلۆ گۆشت رەتكراونەتەوە و سوتێنراون. لایەنە پەیوەندیدارەكان مانگانە كۆبوونەوە دەكەن لەسەر پێویستی رێژەی ئاژەڵ بۆ ناوخۆی كوردستان كەپێكهاتوون لەقایمقامیەتەكان و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری و ئاسایش لەگەڵ نوێنەری كێڵگە پەلەوەرییەكان، گەر ئەو رێژەیەی پڕ نەكردەوە پەنا دەبرێتە بەر كۆمپانیاكانی دەرەوە بۆ دابینكردنی ئەو رێژەیەی تری ئاژەڵ، هاوردەی ئاژەڵ بەپێی خواستی پارێزگاكانە. لەحەوت ناوچەی دەوروبەری هەرێمی كوردستان قاچاخی بەئاژەڵەوە دەكرێت، سنوری سەرەكی قاچاخكردنەكە وڵاتی ئێران و توركیایە. حەسەن بامەڕنەیی ناوی خوازراوی خاوەن پەیجێكە بەناوی مەیدانی ئاژەڵانی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە هۆكاری بەقاچاخ هێنانی ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك كەڕێگا فەرمییەكان كە تێچووی زۆری دەوێت بازرگانەكە دەبێت كۆمپانیا دابنێت مۆڵەت وەرگرێت بۆ هێنانی ئاژەڵ و بۆ سەر سنورو یان فڕۆكەخانەكان، وتیشی:" بەڵام بەڕێگای قاچاخیەكە یان نافەرمیەكە قازانجەكەی زیاترە لەڕێگا فەرمیەكە، چونكە باج نادەن، هەروەها پێویستی بەكۆمپانیا دانان ناكات و پشكنین بۆ ئاژەڵەكان ناكرێت، بەڵكو راستەوخۆ لەودیو ئاودیو دەكرێت". ناوبراو باسی لەوەشكرد ئاژەڵ بەقاچاخ لەناوخۆی هەرێم مامەڵەی پێوە دەكرێت و دەهێنرێن لەدەربەندیخان و قەڵادزێ و حاجی ئۆمەران لەگەڵ كوێستانەكانی سیدەكان و برادۆست هەروەها بارزان كە هاوسنورە لەگەڵ شاری شنۆی ئێران و دەهێندرێتە گوندی بەرمیزەی هاوسنور لەگەڵ وڵاتی توركیا. باجی گومرگی لەهەرێمی كورستان بۆ ١٠٠ كیلۆ گۆشت ١٠ بۆ ١٢ دۆلارە، بەمەش بۆ ٥٠٠ كیلۆ ١٢٠ دۆلار وەردەگیرێت. بەپێی ئەو داتاو ئامارەی هاوڵاتی لە لێپرسراوی كەرەنتینەی هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەستی كەوتووە بۆ ساڵی ٢٠٢١ و سێ مانگی ئەمساڵ ٣٥٥ هەزار و ٢٨٢ سەر ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە لەو ژمارەش هەزار و ٨٥٧ سەریان رەتكراوەتەوە بە هۆكاری نەخۆشی جۆراو جۆر و لاوازی ئاژەڵەكە. كوشتارگەكان پشكنینی تەواو بۆ ئاژەڵەكان دەكەن لەهەولێر كوشتارگەی ئەهلی هەیە لە بنەسڵاوە بیناكەی حكومیە و دراوە بە كەرتی تایبەت، كوشتارگەیەكی تر كە دەستی بەكارنەكردوە، لە قوشتەپە، لەگەڵ كوشتارگەیەكی تر لە قایمقامیەتی قەزای خەبات، لەگەڵ چەند كوشتارگەی بچووك بچووكی تر، لەسلێمانی كوشتارگەی ئەهلی تر نیە، تەنها رێكخراوی ڤێتێرنەری هەیە. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئاژەڵی نەخۆش توانای تێپەڕبوونی نیە، رێگای قاچاخكردنیش بە پیادەیە ئاژەڵەكان دەهێنرێن و بەناوی لەوەڕاندن ئاژەڵی نەخۆش دەهێنرێنە ناوەوە، دۆكیۆمێنتمان هەیە كە چەندینجار كتابمان كردووە كە داوامان كردوە ئاژەڵ بەقاچاخ نەمێنێت، چونكە سەرسنورەكان زۆر بەرفراوانن، زۆربەی گلدراوەكانیش لەڕەگەزی مێن و دووگیانن". بەڕێوەبەری كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، پێشیوابوو كە بەشێوەیەكی گشتی قاچاخكردن بەئاژەڵ بەهۆی ناسەقامگیری وڵاتانەوەیە، چونكە دراویان دابەزیوە وایكردوە ئاژەڵ بەشێوەی قاچاخ وەكو ساڵانی ڕابردوو ئاودیو بكرێت. هەمزە ئەوەشی وت:" ئاژەڵی نەخۆش زیاتر بوونی هەیە لەناوخۆو یان كاتێك هاوردە دەكرێت و لەبەلەد مەنشا دادەنرێت ئاژەڵەكان نەخۆش دەكەون، چونكە گەرمیان و كوێستان بەم ئاژەڵانە دەكرێت یان شێوازی عەلەفەكەی خراپە، یاخود جوان بەخێوناكرێن، ...هتد. لەساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١ كە لەكوشتارگەی نوێی سلێمانی ١٨٧ هەزار و ٢٨٥ كیلۆ گۆشت لەگەڵ ئەندام رەتكراونەتەوە سووتێنراون، لە كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١و پێنج مانگی ٢٠٢٢، ٦٤ هەزار و ١٧٠ كیلۆ رەتكراونەتەوە و سووتێنراون، لە كوشتارگەی هەڵەبجە بۆ ئەو دوو ساڵە ٣٦ هەزار و ٣٠ سەر كراون بەقوربانی، ئاماری رەتكراوە و سووتێنراو لە بەردەستی بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەڵەبجە نەبوو، هەروەها لەساڵی ٢٠١٩ بەفەرمی زیاتر لە ١٢٠ كۆمپانیا بازرگانی بەئاژەڵەوە دەكرد بەڵام لەمساڵدا ئاماری كۆمپانیاكان لەبەردەست نین. لەپەرلەمان كار بە دوو یاسا دەكرێت، یاسایی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ یاسای جێگیری عێراقی، شوان زراری جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمان بە هاوڵاتی وت:" ئەو ئاژەڵانەی وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی دارایی رێگەی پێدەدەن، لەخاڵە گومرگیەكان و فرۆكەخانەكان دێن، لەبەرئەوەی هاوسنورین لەگەڵ وڵاتە دراوسێكان، هاتنی ئاژەڵی نەخۆش بەقاچاخ ساغدەكرێتەوە، بەڵام ئاژەڵی نەخۆش هاوردە نەكراوە". هەر بەپێی یاسای پەرلەمان، پاپەند نەبوون بەیاساكەوە غەرامەی بۆ دانراوە بۆ هەر جۆرێك لەجۆرەكان و غەرامەكانیش بەڕێنمایی دەردەچێت، بەڵكو بەیاسا دەرناچێت، چونكە یاسا جێگیرەو غەرامەكەش بەرزو نزمی دەكات، جۆری غەرامەكان ئاژەڵەكە دەگەڕێنرێتەوە غەرامەكەشی لەگەڵە یان دەگەڕێنرێتەوە یاخود دەسووتێنرێت. ئاژەڵە نەخۆشەكان پێی دەڵێین كەلەشی و نەخۆشییەكانیان هەمەجۆرەن وەكو كرمی شریتی، زەردوویی، حەمەی ماڵتا، گرانەتا، دەردە پشیلە، ...هتد، بەڵام ئەو نەخۆشی ئاژەڵانە لەژێر كۆنتڕۆڵدان لەكوشتارگەكان، لەكوشتارگەدا ئەو ئاژەڵانەی رەت دەكرێنەوە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی پێش كوشتاركردن و پاش كوشتاركردن، هەروەها سێ جۆر نەخۆشی ئاژەڵیش هەیە بەكتریایی و ڤایرۆسی و مشەخۆری. نەخۆشی مرۆڤژەڵی، ئەو نەخۆشیانەن كە هاوبەشن لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵداو سەرچاوەكەی ئاژەڵە، شاڵاو عارف لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"لە وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی مەترسیدار سیستەمی تەندروستی خۆراكی پێشكەوتوویان هەیە، بەڵام لە كوردستان ئەم سیستەمە پێشكەوتووە نیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەمساردی حكومەت و پەرلەمان". "پەرلەمان خاوەنی یاسای تایبەتی نیە بۆ بەرەنگاربوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی ئاژەڵ، هەتا ئێستا پشت بەیاسایەك دەبەسترێت لە ساڵانی شەستەكان پەرلەمانی عێراق دەریكردوە كە زۆر كاڵ و كرچە، لەڕووی زانیارییەوە زۆر سادەو ساكارو سەرەتاییە، كوردستان مامەڵە بەم یاسایە دەكات" لێپرسراوی ستافی پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی وای وت. ئەو پزیشكە باس لەوە دەكات بەدوو جۆر ئاژەڵ لەناودەبەن سوتاندن و ناردنەوەی ئاژەڵەكە بۆ خاوەنەكانیان لەگەڵ گۆشتی رەنگ تێكچوو ئاژەڵی دووگیان رەت دەكەنەوە، چونكە زیان بەئابوری گشتی دەگەیەنێت. د.شاڵاو ئەوەش دەڵێت:" كاتێك سەر ئاژەڵێك رەتدەكەینەوە، لەوێوە دەینێرنەوە بۆ مەیدانی ئاژەڵان یان سەر شەقام یاخود ئەفرۆشرێتەوە بەڕیستۆرانتەكان". تای خوێنبەربوونی ئاژەڵ گوێزەرەوەكەیەتی، بەتایبەت ئاژەڵی مەڕو لەگەڵ ئاژەڵی كێوی، تووشبونەكەش لەڕێگای دەردراوەكانیەتی و ئەم ئاژەڵە هەڵگری گەنەیە. نەخۆشە بەكتریاییەكان وەك برۆسێلا، سالمۆنێلا، ئی كۆلای، سیل، ... هتد، نەخۆشیە ڤایرۆسیەكانیش وەك تای خوێن بەربوون، ئۆرف، مشەخۆریش وەكو ساركۆسیست، سیستی سەركەس، رینگ ۆرم ئەنسراكس. سالار حارس، خاوەنی قەسابخانەیەكە لەشاری سلێمانی، گۆشت داوا دەكات لەكوشتارگەكان و ئاژەڵەكانی بۆ سەر دەبڕدرێت و مۆری پزیشكی لێدەدرێت و لەناو بەڕاد بۆی دەهێنرێت بە هاوڵاتی وت:" بەپێی بازاڕ داوای گۆشت دەكەین، چونكە لە وڵاتان كەم دێت بەشی كوردستان ناكات و لەناوخۆی خۆمان دەیكڕین، بەڵام بەبێ بەرامبەر گۆشتی سەر ڕێگاكانمان بدەنێ نامانەوێ، چونكە ناتەندروستەو قەدەغەیە".
هاوڵاتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، كە پێویستییان بە دامەزراندنی ژمارەیەك لە هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لە ڕەگەزی نێر هەیە بۆ پیشەی (پاسەوان) لە هێزی جێبەجێكار بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی چاكسازی گەوران لە سێ پارێزگاكەی هەرێم. لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بڵاویكردەوە، كە پێویستییان بە دامەزراندنی ژمارەیەك لە هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم لە ڕەگەزی نێر هەیە جگە لە تایبەتمەندیەكانی (زانستی و پزیشكیەكان) بۆ پیشەی پاسەوان لە هێزی جێبەجێكار بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی چاكسازی گەوران لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك. هێما بۆ ئەوەش كراوە كە ،مەرجە ئەو كەسەی فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بێت و دانیشتوی سەنتەری پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) بێت، تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت، باڵای لە 170سم كەمتر نەبێت، كێشی لە نێوان 60 – 70 كیلۆگرام بێت. هاوكات ئەوە روونكراوەتەوە كە پێشكەشكار بەرپرسە لەو زانیارییانەی كەلەفۆرمەكەدا پڕی دەكاتەوەو دەبێت بەدۆكیومێنت وبەڵگەنامە بیسەلمێنێت، بەپێچەوانەوە گەرزانیارییەكانی ڕاست و دروست نەبوون ئەوا مافی بەشداربوونی لێدەسەنرێتەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە دەخاتەروو كە دەستیان بەسەر حەوت هەزار چەكدا گرتووە. ئەمڕۆ هەینی 1ی تەموزی 2022، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە كە دەستیان بەسەر حەوت هەزار چەكدا گرتووە كە پێكهاتووە لە دوو هەزارو 228 دەمانچەو هەزارو 811 كڵاشنكۆف و سێ هەزارو 222 تاپڕوبادی. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە دەستییان بەسەر 26 هەزارو 523 فیشەكی تاپڕو نۆهەزارو 524 فیشەكی كڵاسینكۆف و 748 فیشەكی دەمانچەدا گرتووە. بەهۆی زۆری روداوەكانی كوشتن لەهەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەفەرمانێكیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ داوای گرت دەست بەسەر چەكی بێمۆڵەتدا بگرن و بە یاسا ئەو پرسە رێكدەخرێتەوە.
هاوڵاتی سوپاكەی ئەردۆغان لە بادینان شپڕزە بووە بەدەست گەریلاوە و تەنها لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین ١١ سەربازی دیكەیان كوژراون و گورز لە هێلیكۆپتەرێكیشیان دراوە. دەقی راگەیەندراوی هەپەگە: لە ئەنجامی لێدانی كاریگەری تیمە گەڕۆكەكانماندا ١١ داگیركەر سزادراون، ٢ داگیركەر برینداربوون و گورز لە هەلیكۆپتەرێكی هێرشبەر وەشێنراوە. سوپای توركی داگیركەر كە لەبەرامبەر هێزەكانمان سەرنەكەوتووە بەو هۆیەوە ٢٣ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ١٤ جار بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر، ٣ جار بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی و بەدەیان جاریش بە كاتیوشا گۆڕەپانەكانی بەرخودانی بۆردومان كردووە. لەبارەی چالاكی گەریلاكانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی ئاڤاشین لە ئەنجامی دوو چالاكیدا لەمڕۆ و دوینێدا پێنج داگیركەریان سزادا و دوو داگیركەریش بریندار بوون. لە چوارجێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێری هەڵۆكانی زاگرۆس لە هەرێمی زاپ هەپەگە ڕایگەیاندووە: لە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ حوزەیراندا لە دوو چالاكیدا گورز لە هەلیكۆپتەرێك وەشێنرا و دوو داگیركەر سزادران. لە ئەنجامی چااكی گەریلا لە چوارچیوەی جەنگی خابور لە دوینێ و ئەمڕۆدا چوار داگیركەر سزادراون لە بەربەرامبەردا دەوڵەتی تورك بەهۆی شكستەكانیەوە بە چەكی قەدەغەكراو فرۆكە بۆردومان دەكات.
هاوڵاتی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات بەنزیك كردنەوەی سعودیەو ئێران پریسكی ئاگری ئەم دوو وڵاتە دوورخاتەوەو هاوكات بەختی خۆی بۆ مسۆگەركردنەوەی تەختی دەسەڵات بەهێزتر بكات. سەردانە كتوپڕەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعودیەو ئێران وەك نێوەندگیرییەك بۆ تاران و ریاز لێكدرایەوە، بەڵام كازمی جگە لەو ئامانجە هەنگاوەكانی لەپێناو ئارامبوونەوەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بەهێزبوونەوەی پێگەی وڵاتەكەیە لەناوچەكە بەتایبەت كازمی سەرقاڵی ئەوەیە كۆتایی بەگرژی و ناكۆكیی شەش ساڵی رابردووی سعودیەو ئێران بهێنێت. هاوكات لەلایەكی دیكەوە نێوەندگیرییەكی مێژویی نێوان قاهیرەو تارانی دەستپێكردووە كە زیاتر لە 40 ساڵە پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆیە كازمی وەك كۆتری ئاشتی لەنێوان میسرو ئێرانیش وەسف دەكرێت. هەنگاوە خێراكانی كازمی لەتاران و ریازو قاهیرە ئەنجامە ئەرێنییەكانی لەگۆڕانكاریی لێدوانی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بەهەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، چونكە پێشتر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەموشەك هەڕەشەیان دەكرد، بەڵام لەنوێترین لێدواندا وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای چارەسەریی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەخوازێت و دەڵێت:» هەرێمی كوردستان تێگەیشتنی باشی بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا هەیە». لەئێستادا كە بەهۆی كشانەوەی موقتەدا سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، لایەنەكانی نزیك لەئێران رۆڵی سەرەكی لەپێكهێنانی حكومەت دەبینن كازمی دەیەوێت بەدروستكردنی هاوسەنگیی لەنێوان واشنتۆن و سعودیەو تاران دەستكەوتی هەنگاوەكانی بچنێتەوەو ئەوەش بە بوونەوەی بەسەرۆك وەزیرانی عێراق بەدی دێت. كازمی لە تاران مستەفا كازمی رۆژی یەكشەممە 28ی حوزەیرانی 2022 بۆ دووەمجار وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كردو لەگەڵ سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەو ژمارەیەك لەبەرپرسانی دیكە كۆبووەوە. كازمی لەو گەشتەدا كە پێشتر بەرنامەكەی رانەگەینرابو و بەگەشتی چاوەڕوان نەكراوەو بەپەلە وەسف كرا، سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای بەرپرسانی عێراقی دەكرد كە بەوتەی ئەو مەبەست لێی ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ تاران بووە. میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كردووە لەسەردەمی كازمیدا بە بەهای 13 ملیار دۆلار كاڵای ئێرانی رەوانەی عێراق كراوە كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لە دژی تاران كاڵاكان بەدراوی یۆرۆو تمەن مامەڵەی پێوەكراوە. ئیبراهیم رەئیسی لە كۆنگرە رۆژنامە هاوبەشەكەی لەگەڵ كازمی، رایگەیاند:» ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەكەدا بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل مسۆگەر نابێت، دەبێت وڵاتانی ناوچەكە بەبێ دەستوەردانی وڵاتانی بیانی كێشەكانیان چارەسەر بكەن. رەئیسی راشیگەیاند كە ئێران لە رۆژە سەختەكاندا پشتی لەعێراق نەكردووە و بەبەردەوامی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە. لای خۆیەوە مستەفا كازمی لەو كۆنگرەیەدا وتی:» ئێران وڵاتێكی گرنگەو دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ تاران بەهێز بكەین و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ رێككەوتین لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی خەڵك و حكومەتی عێراق و ئێرا». ئەو لە بەشێكی لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە تاران و بەغدا پشتیوانیی لە ئاگربەستی وڵاتی یەمەن دەكەن كە نزیكەی سێ مانگە بە نێوەندگیریی نەتەوەیەكگرتوەكان راگەیەنراوە. پێگەی بەغدا لەتاران شەفاعەت بۆ هەولێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لەگەڵ وەرگرتنی پەیامی سعودییەكان لەلایەن كازمییەوە، بڕیارە بەرپرسانی دیپلۆماسیی هەردوولا لە ئاستی باڵادا كۆببنەوە كە ئەمەش ئەنجامی نێوەندگیرییەكانی عێراقە. سەعید خەتیب زادە، هەر ئەو رۆژە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:» بەوردیی چاودێریی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین و نیگەرانین لەو ناكۆكییانەی لەسەر كێلگەكانی غازو نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دروستبووە». ئەو وتی: ئەگەرچی ئەو پرسە بابەتێكی ناوخۆیی دەسەڵاتی ناوەندو ناوچەكانی دیكەی عێراقە لەگەڵ ئەوەشدا بەوردیی چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین، لەم ساڵانەی دوایدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروستبووەو هیوادارین ئەو گرژییانە كۆتایی پێبێت. لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران لەكاتێكدا پێشتر خەتیب زادە هێرشە موشەكییەكانی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی بۆ سەر هەولێر بە نەشتەرگەریی بچووك ناوهێناو لەچوار مانگی رابردووشدا زۆربەی بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی دیكەیان لەهەرێمی كوردستان دەكرد. لانیكەمی ئەنجامی سەردانەكەی كازمی بۆ تاران رەنگە ئەوە بێت كە هەڕەشەكانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ هیواخواستن لەپێناو چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا. كازمی لەكۆتری ئاشتیی بۆ كورسیی دەسەڵات زۆربەی میدیاكانی سەر بەدەزگا دیپلۆماسی و سیاسییەكانی ئێران حاشایان لەوە نەكردووە كە كازمی دەوری گرنگیی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەكە هەیەو ئاشكرایان كردووە سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو ئامانجی سەرەكیی لەهەنگاوە ئاشتیخوازنەكانی هەیە كە رەنگە لەداهاتودا دەستكەوتەكانی بچنێتەوە. بەپێی لێكدانەوەی ئەوان كازمی دەیەوێت لەم قۆناغەدا كە زیاتر لەهەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەیدا تێپەڕیوە و تائێستا چارەنووسی حكومەت و دەسەڵات لەبەغدا یەكلایی نەكراوەتەوە رەزامەندیی تاران و لایەنگرانی شیعەی ئێران لەعێراق بەدەستبهێنێت و جارێكی دیكە كورسیی سەرۆك وەزیران بۆخۆی مسۆگەر بكاتەوە لەو پێناوەشدا نایەوێت وڵاتەكەی لەئەنجامی ململانێكانی سعودیەو ئێران گرژیی و ناكۆكی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە كازمی لەسەرەتای دەستبەكاربوونیشی وەك سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی زیاترین هەوڵی داوە جگە لەكەمكردنەوە گرژییە ناوخۆییەكان، هاوسەنگیی ئێران و ئەمریكا لەگۆڕەپانی عێراق بپارێزێت. قاچێكی كورسییەكەی كازمی لەتارانە رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) كە سەر بەباڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی ئێرانە: لە لاپەڕەی یەكەمدا بە ناونیشانی (یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی مستەفا كازمی لەگەشتكردن بۆ تاران بەدەستهێنانەوەی كورسیی سەرۆك وەزیرانی عێراقە). رۆژنامەكە نووسیویەتی گەشتەكە كتوپڕو بەپەلەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران دوای سەردانی سعودیە بووە، بەپێچەوانەی شیكارییەكان و لێكدانەوەكان ئامانجی سەرەكیی كازمیی نێوەندگیریی نێوان سعودیە و ئێران نییە، بەڵام كازمی بەزمانێكی ساددە سعودییەكانی ئاگادار كردووەتەوە هەنگاوەكانیان بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ تاران پێچەوانەی تێڕوانینەكانی ئەمریكا بۆ گۆڕانكارییە نوێیەكانی ناوچەكە نییە. ئەو رۆژنامەیە جەختی لەوە كردووەتەوەتەوە كازمی هەوڵدەدات بە رازیكردنی ئێران و نزیكایەتیی لەحەشدی شەعبی و هاوپەیمانە شیعەكانی تاران لەعێراق، پێگەی خۆی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووی وڵاتە بەدەست بهێنێتەوەو بە راگرتنی دڵی سعودییەكانیش نەبێتە مایەی گومان بۆ بەرنامەكانی واشنتۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش. عێراق لەئاگربەستی یەمەن تا گەڕانەوەی دیپلۆماتكارەكانی ئێران بۆ سعودیە عێراق لەسەرەتای ساڵی 2021 تائێستا میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی نێوان بەرپرسانی ئاسایشی و دیپلۆماسیی ریازو تارانی كردووە كە ئاماژەیە بەڕۆڵی باڵای بەرپرسانی عێراق و پێگەی سیاسیی وڵاتەكە لەنێوەندگیریی نێوان وڵاتانی دراوسێی. ئەنجامی ئەو نێوەندگیرییەی عێراق بووە هۆی ئەوە سێ دیپلۆماتكاری ئێران دوای شەش ساڵ بتوانن بچنە سعودیە و نوێنەرایەتیی خۆیان لەبارەگای سەرەكیی وڵاتانی هاریكاریی ئیسلامیی لەشاری جەددە بكەنەوە و دەست بەكارەكانیان بكەنەوە. ساڵی 2016 دوای ئەوەی سعودیە لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 2016، شێخ نەمر باقر، زانای ئایینی شیعەی لەوڵاتەكەی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی سعودیە لەسێدارەدا كە ئەوەش كاردانەوەی توندی ئێرانی لێكەوتەوە و بەرپرسێكی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند سعودیە دەكەن بەدۆزەخ. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی نەمر، هێرش دەكرێتەسەر باڵیۆزخانەی سعودیە لەتاران و كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەشاری مەشهەد دەسوتێنرێت كەئەوەش ناڕەزایەتیی ریازی لێكەوتەوەو بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان، هاوكات ئەوەش بە هۆكاری توندبوونەوەی جەنگی یەمەن لەقەڵەمدەدرێت كە بەجەنگی ساردی نێوان تاران و ریاز لەیەمەن ناودەهێنرێت. دوای ئەوەی ساڵی 2014 چەكدارە حوسییەكانی یەمەن كە سەر بەئێران لەقەڵەمدەدرێن توانیان شاری سەنعا-ی پایتەخت كۆنتڕۆڵ بكەن، سعودیە لەساڵی 2015 راستەوخۆ لە رێگەی سەربازییەوە دەستوەردانی كردو بنكە و پێگەكانی حوسییەكانی دەكردە ئامانج كە لەگەڵ گرژبوونەوەی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی تاران و ریاز ئاگری جەنگ لەو وڵاتەش توندتر بووەوە، یەكێك لەمەرجەكانی سعودیە بۆ ئێران لەدانوستانەكانیان لەبەغدا لەساڵی رابردوودا، كۆتایی پشتیوانییە سەربازییەكانی ئێران بۆ حوسییەكان بووە. رەئیسی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كازمی پێنج مەرجی وڵاتەكەی سەبارەت بەیەمەن بۆ سعودیە راگەیاندووە كە سەرەكیترینیان نەمانی گەمارۆی سعودیە لەدژی دانیشتوانی یەمەن و پابەندبوونی ریاز بووە بەئاگربەستی وڵاتەكەوە. وەزارەتی درەوەی ئێران بەفەرمی بڵاویكردووەتەوە؛ مستەفا كازمی پەیامەكانی سعودیەی بە فەرمی گەیاندووەتەوەتە تاران بەپێی راگەیەنراوەكە، ریاز ئامادەیی دەڕبڕیوە گەڕی دیكەی دانوستانی نێوان ئێران و سعودیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت و كات و شوێنی كۆبوونەوەی و دانوستانەكان دیاریكراون و دوای ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە، شاندی دیپلۆماسیی هەردولاو ئامادەكاریی دەكەن بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەكانی دوو وڵاتەكە لەتاران و ریاز. بەغدا هەوڵی نزیكکردنەوەی قاهیرەو تاران دەدات ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران بەناونیشانی (نێوەندگیریی لەنێوان تاران و بەغدا، گەیاندنی پەیام بۆ قاهیرە) بڵاوی كردەوە، مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز كردووەتەوەو عەبدوڵاهیانیش ئاشكرای كردووە بەنێوەندگیریی و هەوڵەكانی عێراق ئامادەكاریی كراوە بۆ ئەنجامدانی گەڕی شەشەمی دانوستانی بەپرسانی باڵای سعودیە و ئێران لەبەغدا. عەبدوڵاهیان سوپاسی رۆڵی عێراقی لە نێوەندگیرییەكان و میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی نێوان تاران و سعودیە كردووەو ئاماژەی بە كۆبوونەوەی نهێنیی شەرم شێخ لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا كردووە كە هەریەكە لەبەرپرسانی باڵای وڵاتانی (ئیسرائیل، سعودیە، ئوردن، قەتەر، میسر) بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەشدارییان تێدا كردووەو كۆبوونەوەكەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵە سەربازی و هەنگاوە موشەكییەكانی ئێران بووە لەناوچەكەدا. عەبدوڵاهیان بەكازمی راگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پەیوەندیی بەهێزە لەگەڵ قاهیرە، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندیی ناوچەكەو وڵاتانی ئیسلامییە. پەیامەكەی عەبدوڵاهیان لەكاتێكدایە ئێران و میسر لەساڵی 1979 پەیوەندییەكانیان بەهۆی ئەوەی محەمەد ئەنوەر سادات، سەرۆكی ئەوكاتی میسر، رایگەیاند روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لەئێران كەسێكی نەخۆشەو مایەی شەرمەزارییە بۆ ئیسلام، لەو رۆژەوە پەیوەندییەكانی تاران و قاهیرە كە پەیوەندییەكی توندو تۆڵ بوو، كێشە و ئاڵۆزیی تێكەوت و تائێستاش ئاسایی نەبووەتەوە. لەلایەكی دیكەوە، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژێك دوای گەشتەكەی كازمی بۆ تاران جەختی لەوە كردەوە ئەگەرچی نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەقاهیرە كاردەكات لەسەر توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و قاهیرە، بەڵام میسر زۆر بۆ ئێران گرنگەو سود لەهەموو ئامرازێك وەردەگرێت بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە. ئێران هەوڵدەدات پەیامەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر بەكازمی بگوازێتەوە.
ئارا ئیبراهیم عێراقی خاوەن نەوت لەسەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمیدا یەدەگی زێڕو دۆلار زیاد دەكات و وەك خۆیان دەڵێن پێشتر ئەو رێژەو بڕە زۆرە نەتوانراوە گلبدرێتەوە و بەمێژوویی وەسفی دەكەن، بەڵام لەسێ ساڵی كابینەكەی مەسروربارزانیدا كە بەهەمان شێوەی بەغدا خاوەنی نەوتە نەك قەرزەكان كەمنەبووەتەوە، بەڵكو زیادیان كردووە. بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كەعێراق لەپلەی 10ی جیهان و چوارەمی جیهانی عەرەبییە، كەكڕینی زێڕیان بەڕێژەی لە 35% زیاد كردووەو یەدەگی دۆلاریش ئەوەندە زیادی كردووە لەمێژووی عێراقدا وێنەی نەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزەكانی سەری لە 27 ملیار دۆلارەوە بۆ 34 ملیار دۆلار زیادی كردووە عێراق یەدەگی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كە بانكەكەیان بڕی نوێی زێڕی ئاشكرا كردووە كە 34 تەنەو بەڕێژەی 35٪ زیادی كردووە»زێڕ بەشێكە لەستراتیژی بانكی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی سامانەكانی لەپێناو بەدیهێنانی بەرزترین ئاستەكانی سەقامگیری». هەروەها بانكی ناوەندی باسی لەوەشكردوە، زێڕ یەكێكە لەگرنگترین سەرمایەكان كە لەلایەن بانكە ناوەندیەكان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانەوە دەگیرێتە بەر». هاوكات بانكی ناوەندی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە زێڕ پەناگایەكی پارێزراوە لەبارودۆخی نادڵنیاییدا، بەهۆی قبوڵكردنی نێودەوڵەتیەوە. یەدەگی دۆلاری عێراق راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كە نرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. محەمەد مەزهەر ساڵح راوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند:» بانكی ناوەندی یەدەگی خۆی لەدراوی بیانی گەڕاندووەتەوە كەنرخەكەی 70 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش سێ هێندەی ئەو قەرزە دەرەكییانەیە كەدەبێت عێراق لەماوەی ساڵەكانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بیانداتەوە». راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەهۆی كێشمەكێشی نرخەكانی بازاڕی وزەی جیهانی و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەدوای رێككەوتنەكانی (ئۆپێك +) و خراپبوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوتی خاو، رووبەڕووی كێشەی دارایی ببووەوە. بانكی ناوەندیی عێراق لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار. پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەبەغدا رایگەیاند كە دۆخی دارایی عێراق زۆر باشەو پێویستی بەهاوكاری دارایی نییە. عەلاوی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ چەند پسپۆڕێكی ئابوری لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریكی رێكەوتنیان كردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بكەن لەئەنجامدانی چاكسازی دارایی. عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێك و بۆ تەرخانكردنی بودجەی ساڵانەی بەڕێژەی 90٪ پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت. لەماوەی رابردوودا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ئەوەی دووپاتكردەوە كە توانیویانە بەشێوەیەكی بەرچاو یەدەگی دۆلارو زێڕ لەبانكی ناوەندی عێراقدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بكەنەوە كە لەپێشتردا وێنەی نەبووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی قەرزارو خاوەن نەوتی خاو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەراورد بەحكومەتی عێراق خاوەن نەوتی خاوەو رۆژانە 410 هەزار تا 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووەو مانگانە داهاتی نەوتی دەستكەوتووە هاوشێوەی عێراق بێجگە لەوەی داهاتی ناوخۆی هەبووە. مەسرور بارزانی لەدوای سوێندخواردنی لەپەرلەمانی كوردستان لە 10ی تەمموزی 2019 دا، لەبەشێك لەوتارەكەیدا رایگەیاند كە» حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە كەڵەكەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێكی نەخوازراوەو دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لەهەرێمی كوردستان و عێراقیش بزانن، كە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقی فیدراڵ». هەروەها ئەوكات مەسرور بارزانی وتی:»ئەم رەوشە داراییە لەدەسپێكدا كابینەكەمان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی بەرنامەی كارمان ئەم دۆخە تێپەڕێنین»، بەڵام كابینەی نۆیەم نەك تێیان نەپەڕاند، بەڵكو قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمیان زیاد كرد. قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم تادەستپێكی كابینەی نۆیەم 27 ملیار دۆلار بووە، بەڵام پاش شەش مانگ لەكابینەی نۆیەم حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە قەرزەكان گەیشتووەتە 28 ملیار و 470 ملیۆن دۆلار. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارەكەیدا لەپەرلەمانی كوردستان، باسی لەقەرزەكان و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەت كردو رایگەیاند:» حكومەتی هەرێم زیاتر لە 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار قەرزو پابەندیی دارایی لەسەرە، كە قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەگاتە زیاتر لە حەوت ملیار و 256 ملیۆن دۆلار، پابەندییە داراییەكان دەگاتە زیاتر لە هەشت ملیار و 337 ملیۆن دۆلار، پاشەكەوتی موچە دەگاتە نزیكەی نۆ ملیار دۆلار، هەروەها بابەتی هەردوو بانكی بازرگانیی عیراقی (TBI) و بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان (KIB) دەگاتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار». لەلایەكی دیكەوە هەر ئەم كابینەی نۆیەمە لە 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی 10ی ساڵی رابردوەوە بۆ كۆتایی مانگی 3ی ئەمساڵ لە زیاتر لە 28 ملیار دۆلارەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 31 ملیار دۆلار. ئامانج رەحیم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاشكرایكرد، لە 3ی 10ی 2020 كە لە راپۆرتەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمدا هاتبوو، كۆی گشتی قەرز بەدۆلار 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلار بوو كە بەدینار دەكاتە 33 ترلیۆن و 659 ملیارو 430 ملیۆن دینار. هەروەها وتیشی، تا 31ی 3ی 2021، ئەم بڕە پارەیە لە 28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار دۆلارەوە زیادی كردووەو بووەتە 31 ملیارو 637 ملیۆن دۆلار. هەروەها وتیشی، لەهەمان كاتدا پارەی پێنج مانگی پاشەكەوتی 2020ی خراوەتەسەر، جگە لەوەی هەندێك پارەی قەرزی پەیوەندیدار بە نەوتیش دوای مانگی 10ی 2020 دروست بوو كە ئەوەشی بۆ زیادكراوە. چەندینجار، رێباز حەملان، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێم مانگانە 250 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتەوە. هاوڵاتی پرسیاری ئاراستەی جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەگروپی رۆژنامەنووسان، لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم كە چەندەو چەندی دراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابوو دوێنێ وەڵامبداتەوەو زانیارییەكان بنێرێت، بەڵام تائێستا وەڵامی نەبووە.
هاوڵاتی فەرماندەیی بڕیارگەی نەپەگە بە هۆی چالاكی سەركەوتووانەی گەریلاكان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند: ڕۆژی فیداییبوونی 30 حوزەیران لە سەرجەم هاوڕێیانی فەرماندە و شەڕڤانان پیرۆز دەكەین وانەیەكی مێژووی دراوەتە سوپای تورك". موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی نەبەگە ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە" كاتێك مرۆڤ سەرنج دەداتە چالاكییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی ئاڤاشین كە لەلایەن تیمە گەڕۆكەكانەوە ئەنجام دەدرێن، دەبینن كە چالاكیە بە ئەنجامان بە رێبازی تاكتیكی سەدەم ئەنجامدراون، بە تایبەتی دەبینرێت كە تاكتیكی چوونە سەر، هێرش، چەكی قورس و سابوتاژی تیمە گەڕۆكەكان بە شێوەی ئافرێنەرانە ئەنجام دەدرێن" دەقی پەیامی فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە: كاتێك مرۆڤ سەرنج دەداتە چالاكییەكانی ئەم دواییەی هەرێمی ئاڤاشین كە لەلایەن تیمە گەڕۆكەكانەوە ئەنجام دەدرێن، دەبینن كە چالاكیە بە ئەنجامان بە رێبازی تاكتیكی سەدەم ئەنجامدراون، بە تایبەتی دەبینرێت كە تاكتیكی چوونە سەر، هێرش، چەكی قورس و سابوتاژی تیمە گەڕۆكەكان بە شێوەی ئافرێنەرانە ئەنجام دەدرێن، بێ ئەوەیزیانی گیانی بدرێت و بە گیانی فیدایی ئاپۆیی و بە بوێریی باڵا ئەو چالاكیانە ئەنجامدرا. “١٤ی حوزەیران لە گۆڕەپانی مەرڤانۆس لە چالاكی گەریلا بە هەماهەنگی پیچنج داگیركەر سزادران و بڕێكی زۆر چەك و كەرەستەی سەربازی دوژمن لەناوبران، ١٥ی حوزەیران لە هەرێمی شوكێ ئۆتۆمبێلێكی زریپۆش بە تەواوەتی لەناوبرا و پێنج داگیركەر سزادران، ٢٠،٢١،٢٤، ٢٥ و ٢٦ی حوزەیران لە گۆڕەپانی بەرخودانی وەرخەلێ لە چالاكییەكاندا گورزی قورس لە داگیركەران درا”. هەروەها، ٢٧ی حوزەیراانن لە گۆڕەپانی بەرخودانی وەرخەلێ، ٢٨ داگیركەر سزادران كە دەیانەویست پێشڕەوی بكەن، لە گۆڕەپانی ئاڤاشین چالاكی كاریگەر ئەنجام دران كە وانەیەكی مێژووییاندا، بەهەمان شێوە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی هەكاری تیمە گەڕۆكەكانمان ١٧، ٢٠، ٢١، ٢٤ و ٢٥ی حوزەیران بە شێوازی نیشانشكێن، سابوتاژ، چوونە سەر و چەكی قورس چالاكی سەركەوتوانەیان ئەنجامدا. لەسەرەتادا هاوڕێیانمان سەرحەد، ساریا، بۆتان، زنارین، جومالی و چاڤرێ ئاڵای تێكۆشانی سەرجەم شەهیدە قارەمانەكانمان لای ئێوەیە.،هەڵوێستی قارەمانێتی قارەمانەكانی زەندورا لە شاخی هەكاری بەردەوامە، ئەوەش نیشانەی بەجێگەیاندنی بەڵێنەكەی ئێمەیە كە بە شەهیدانمان داوە، بێگومان زۆر بەنرخە كە تۆڵەی شەهیدان دەكرێتەوە، ئامانجەكانیان جێبەجێ دەكرێت، بەپێی ئەوەش بە بێ هیچ زیانێكی گیانی گورزی قورس لە دوژمن دەوەشێنرێت و هەموو ئەوانەش لەسەر هێڵی فیدایی ئەنجام دەدرێن. لە كەسایەتی فەرماندەیی ئێوەدا هەموو هەڤاڵانی تیمە گەڕۆكەكان و تونێلەكانی شەڕ كە بە ئیرادەیەكی گەورەوە شەڕ دەكەن، لە هەموو شەڕڤانان و فەرماندەكان كە رەنجی لەو چالاكییانەدا داوە رۆژی فیداییبوونی ٣٠ی حوزەیران پیرۆز دەكەین، لە هەمان كاتدا لەبەر جێبەجێكردنی تاكتیكی گەریلا و رێبازی لێدانی بە ئەنجام و بە گیانی هێرشبەری باڵا، بەهۆی شارەزایی و چالاكی سەركەوتوانەش پیرۆزباییتان لێدەكەین، ئێمە لەو بڕوایەداین كە هەڤاڵانی فەرماندە و شەڕڤانمان رێكردنی خۆیان لەسەر هێڵی گیانبازی و چالاكی سەركەوتووانە بێ پسانەوە بەردەوام دەكەن، لەسەر ئەو بنەمایە سەرجەم هاوڕێیان بە خۆشەویستی و رێزەوە سڵاودەكەین، سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.
هاوڵاتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز رایگەیاند:"دوو هەفتەی دیكە راپۆرتی دیلیۆت لەسەر خەرجی و داهاتەكانی نەوت دەخرێتەروو"، دەشڵێن:" بەغدا لەم شەش مانگەدا تەنها 400 ملیار ناردووە كە دەبوو تریلۆنێك و 200 ملیار دینار بنێرێت". بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز، سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی كرد گفتوگۆ دەربارەی داهات و خەرجییەكانی نەوت بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022 كرا. لە بڕگەیەكی یەكەمی كۆبونەوەكەدا، داهاتی گشتی بەدەستهاتوو لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕو كە بریتییە لە كۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتو و هەناردەكراو و بەكارهێنراوی ناوخۆیی و تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتی بەدەستهاتو لەم ماوەیەدا خرایەڕو كە بۆ دابینكردنی موچەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ خەرجكراوە، "حكومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینكردنی موچەی تەواوی شەش مانگی ساڵی 2022ی دابین كردوە، لە كاتێكدا حكومەت فیدڕاڵی بۆ شەش مانگی ساڵی 2022 دەبوایە ترلیۆنێك و 200 ملیار بنێرێت، بەڵام تەنیا دو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردوە كە تەنیا 400 ملیار دینارە، بەڵام حكومەت موچە هەمو مانگێكی لە داهاتەكانی نەوت و ناوخۆی هەرێم دابینكردوە و هەمو مانگ موچەی دابەشكردوە". هاوكات ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە جگە لە خەرجیی موچە كە لە داهاتی نەوت دابینكراوە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022 وا بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتو ڕاپۆرتی وردبینی دیلۆیت لەسەر ئەم ئامار و زانیاریی و ژمارانە بۆ ڕایگشتی بخرێتەڕو، كۆبونەوە جەختیكردەوە لەسەر برەودان بە شەفافیەت لەم بوارەدا و هەرێم سەرجەم زانیاریی و ژمارەكانی بۆ حكومەتی فیدڕاڵیی و تەنانەت ڕایگشتی هەرێم و عێراق و دەرەوەش خستوەتەڕو و بەردەوامیش دەبێت و دوایین ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداش تایبەت بە وردبینی داهات وخەرجیی وقەرز و میلاكیی وەزیفیی لە هەرێم بەڵگەی ئەم ڕاستیەن. بڕگەی دوەمی كۆبونەوە، بریتی بو لە خستنەڕوی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی تایبەت بە ناكۆكیی نەوت وگاز و ئامادەكارییە یاساییەكانی حكومەتی هەرێم پشتبەست بە دەستور بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فشارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ، كۆبونەوەكە جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستور كردەوە و دوپاتیشیكردەوە كە "شاندی دانوستانكاریی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لەسەر كێشەكان".
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی بۆ نەهێشتنی چەكی بێمۆڵەت دەركرد كە هەموو دوكان و بازاڕێكی چەك فرۆشتن دادەخرێن و هەموو مامەڵەكردنێكیش بەچەكەوە ڕادەگیرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی حوزەیرانی 2022، هەڤاڵ ئەبوبەكر پاریزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراویكدا دەڵێت:" لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی ڕێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوكان و بازاڕێكی چەك فرۆشتن؛ دادەخرێن و هەموو مامەڵەكردنێك بەچەكەوە؛ ڕادەگیرێت". پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەكە كارگێڕییەكاندا خاڵی پشكنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەكاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت. " هەر كەسێك بە چەكی بێ مۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاكان و هەر شوێنێكی تر بكات ڕاستەوخۆ دەستبەسەر چەكەكەیدا دەگیرێت"، هەڤاڵ ئەبوبەكر وا دەڵێت. پارێزگاری سلێمانی ئەوەی روونكردووەتەوە كە هەموو یەكە كارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردراون بۆ كاری پێویست، داوا لە هاوڵاتیان دەكەن هاوكارو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بن.
عەمار عەزیز لە دوو رووداوی یەك لەدوای یەكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر بەردەبێتە ژمارەیەك خێوەت لەكەمپی باجید كەندالا لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دوای روداوەكە بە چەندكاتژمێرێك ئاگر بەردبێتە بەشێك لە دوكانەكانی نزیك كەمپی شاریا. فەرحان سەعید، خەڵكی قەزای شەنگالە نزیكەی هەشت ساڵە لەكەمپی باجید كەندالا دەژی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت" ئەمڕۆ ئاگر بەربووە قاتعێكی كەمپی باجید كەنداڵا، خێوەتیكی ئامۆزەكەم بەتەواوی سووتا". "ئوتومبێلی ئاگركوژێنەوە لەناو كەمپدا نییەو دوای رووداوەكە بە نیو كاتژمێر ئنجا ئوتومبێلێك هات و ئیشی نەكرد، دواتر داوای دانەیەكی دیكەیان كرد تا ئاگرەكە بكوژێنێتەوە"، فەرحان سەعید ئاوارەی كەمپەكە وای وت. هاوكات، بەپێی راگەیاندراوی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان ، لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەی كەمپی باجید كەندالا 22خێوەت بەتەواوی سووتان، ژمارەیەك ئاوارەش توشی تەنگە نەفسی بوون بەڵام دۆخی تەندروستی یان جێگیرە. عەلی تەتەر ، پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانید ڕاگەیاند، 22خێوەتی گەورە سووتان كە 49خێزان لەو 22خێوەتەدا دەژیان، هەروەها 25كەس توشی تەنگە نەفەسی بوون، بەڵام هەموویان سەلامەتن.