هاوڵاتی بەپێی پرۆژە یاسایەک کە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) پێشکەشیانکردووە، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژدەکرێتەوەو وابڕیارە سبەینێ لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بکرێت. رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و وابڕیارە رۆژی 06-11-2022 ماوەکەیان کۆتایی پێبێت. جێگای ئاماژەیە ژمارەیەک فراکسیۆن ئیمزایان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نەکردووە کە ئەوانیش فراکسیۆنەکانی (كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، پەرلەمانتارانی سەربەخۆ، پێنج پەرلەمانتاری گۆڕان ( عەلی حەمەساڵح ، ئاشنا عەبدوڵا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسكەری).

هاوڵاتی ئەو ژنەی بەیانی ئەمڕۆ لەگەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی کوژرا، دەرکەوت رۆژنامەنوسێکی نزیک لەپەکەکەیەو خەڵکی باکوری کوردستانەو تیرۆرکراوە. ئاژانسی (ڕۆژ نیوز)بڵاویکردۆتەوە ناگەهان ئاكارسەل ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیای لێكۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆركرا. پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ ،لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی و لە نزیك لەماڵەكەی خۆی و ناوەندی ژنۆلۆژی ناگەهان ئاكارسەل درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دەست بەجێ شەهیدكرا. ناگەهان ئاكارسەر، چالاكوانی بواری ژنان و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆ لۆژی و ئەندامی ناوەندی ئەكادیمیی ژنۆلۆژی بووە، خەڵكی شاری كۆنیای تورکیایە وبە ڕەچەڵەك كوردە.

هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 4 تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کۆببێتەوە و رەوشی عێراق تاوتوێ بکات. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردبوویەوە کە کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە کاتی بەغدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کۆدەبێتەوە. راشیگەیاندبوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رەوشی عێراق تاوتوێ دەکرێت. ئاماژەی بەوەیشدابوو کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات و کورتەیەک سەبارەت بە رەوشی ئێستای عێراق پێشکەش دەکات.

هاوڵاتی تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیردەکات و دەست بەسەر 19 هەزار داری زەیتوندا دەگریت. لەماوەى مانگى رابردودا لەلایەن سوپاى تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش ژن و منداڵ لەنێوانیاندایە. هاوارنیوز بڵاوی کردەوە، لە مانگى ئەیلول و لەلایەن سوپاى تورکیاوە 75 هاوڵاتى عەفرین دەستگیرکراون کە سیانیان منداڵ و پێجیشیان ژنن. جگە لە دەستگیرکردنى ئەو ژمارەیە لە هاوڵاتییانى عەفرین، هەر لەو مانگەدا لەلایەن چەکدارانی سەر بە تورکیا 19 هەزار درەخت بڕدراونەتەوە و دەستیش بەسەر 17 هەزار دەرخت زەیتوندا گیراوە.

هاوڵاتی کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ تورکیا لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ دۆخی زیندانییان کردووە.. لەوبارەیەوە ئاژانسی (ڕۆژنیوز) بڵاویکردۆتەوە کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی نێودەوڵەتیی (سی پی تی) کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ تورکیا، لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تیمێکی ڕێکخراوەکە سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە. سی پی تی ڕایگەیاندووە، کە بەئامانجێکی تایبەت سەردانی تورکیای کردووە، لە سەردانەکەشدا بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوە بیانییەکان لە تورکیا و هەلومەرجی ڕاگرتنیان و ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەیان کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، کە شاندەکەی سی پی تی سەردانی زیندانی ئیمرالییان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ هەلومەرجی زیندانیکراوان و پەیوەندیکردنیان بە دەرەوە کردووە. هەر لە سەردانەکەدا، شاندەکەی سی پی تی لەگەڵ سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا و ساڤاش ئۆنلو، سەرۆکی بەشی کۆچبەران و ئاکین گورلەک، جێگری وەزیری دادی تورکیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی تورکیا کۆبوونەتەوە و “تێبینییە سەرەتاییەکانی خۆیان پێشکەش کردوون”. ڕێکخراوی سی پی تی تاکە ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە، کە دەتوانێت بەبێ مۆڵەتی حکومەتەکان، سەردانی زیندانەکانی ٤٦ وڵاتی ئەندامی یەکێتی  ئەوروپا بکات، لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تائێستا هەشت جار شاندی ناردووەتە زیندانی ئیمرالیی لە تورکیا. سەردانی سی پی تی بۆ زیندانی ئیمرالیی لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالان تەنها پێنج جار توانیویانە چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستاش سەرجەم داواکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمرالیی لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە وەڵام نەدراونەتەوە. دادگای سزا قورسەکانی بۆرسا ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە وەڵامی داواکارییەکی پارێزەرانی ڕێبەر ئۆجالانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان ڕایگەیاند، کە بۆ ماوەی سێ مانگ سزای دیسپلین بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا سەپێندراوە. سزاکەش لە ٣١ی ئایارەوە دەستیپێکردووە و سێ مانگ دەخایەنێت. لە ماوەی ڕابردووشدا ٣٥٠ پارێزەر لە ئەوروپا و ٧٥٦ پارێزەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ٤٤ پارێزەر لە باشووری کوردستان و ژمارەیەک پارێزەریش لە میسر، لوبنان و ئوردن کەمپەینێکیان ڕاگەیاند و داوای ئەنجامدانی دیداریان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

هاوڵاتی واشنتۆن بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەرەانەوە سزای نوێ بەرسەر ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنێت کە دەستیان لە توندوتیژییەکان و سەرکوتی هاوڵاتییانی وڵاتەکەدا هەبوە. جۆ بایدن؛ سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە رۆژی دوشەممە بڵاوی کردوەتەوە؛ وتویەتی: واشنتۆن نیگەرانە لەو دۆخەی کە لە ئێران هەیە و هیزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش سەرکوتی ئەوانە دەکەن کە لە پێناو دادپەوەریی و کەرامەتی مرۆییدا خۆپیشاندان دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ حکومەتی ئێران دەیان ساڵە ئازادییەکانی خەڵکی پێشێل کردوە و بە ترس و تۆقاندن نەوی نوێی وڵاتەکەشی سەرکوت کردوە. بایدن وتوشیەتی، ئەمریکا پشتیوانی هەمو ژنان و هاوڵاتییانی ئازادیخوازی ئێران دەبێت کە ئازایەتییان مایەی دڵگەرمیی هەمو جیهانە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردوەتەوە وڵاتەکەی کۆمەڵێک سزای نوێی دژی سەرکوت لە ئێران ئامادە کردوە و لەم هەفتەیەدا سزاکان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە لایەکی دیکەوە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک رایگەیاند؛ بە کردار پشتیوانیی لە ژنان و خۆپیشاندەرانی ئێران دەکەن کە لە پێناو ماف و شکۆی خۆیاندا تێدەکۆشن.

هاوڵاتی لەنامەیەکدا کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ناردووە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا  پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌يوه‌نديى به‌هێزى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ربڕيوه‌.  بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە رۆژی سێشەممە 4-10-2022 بڵاوکراوەتەوە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامه‌يه‌كى له‌ ليز تره‌س، سه‌رۆكوه‌زيرانى به‌ريتانياوه‌ پێگەیشت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە ''له‌ نامه‌كه‌يدا خاتوو تره‌س سوپاسی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات بۆ به‌شداريى به‌ڕێزيان له‌ رێوڕه‌سمى پرسه‌ى شاژن ئێلیزابێزی دووەم، شاژنى كۆچكردووى شانشينى يه‌كگرتوو، هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به‌ دووباره‌ ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ له‌نده‌ن، نيشان ده‌دات." وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سه‌رۆكوه‌زيرانى به‌ريتانيا له‌ نامه‌كه‌يدا بۆ نێچيرڤان بارزانى "پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌يوه‌نديى به‌هێزى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌ربڕيوه‌." سه‌رۆكوه‌زيرانى به‌ريتانيا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌ كه‌ شانشينى يه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان به‌هاى هاوبه‌شى وه‌ك ئازاديى راده‌بڕين و په‌روه‌رده‌ و ئه‌وله‌وييه‌تى هاوبه‌شى‌ وه‌ك پرسه‌ ئه‌منييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرى هه‌يه‌، جه‌ختيشى كردووته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌ كارى پێكه‌وه‌يى به‌رده‌وام ده‌بن. له‌ كۆتاييدا سه‌رۆكوه‌زيرانی به‌ريتانيا هيواى خواستووه‌ له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا باشتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كار بكه‌ن و دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا فراوانتر ببن.

هاوڵاتی رێکخراوی ئەلند لەشاری دهۆک، راپرسیەکی تایبەت بە کۆچکردنی ئێزدییەکان کردوە ،دەرکەوتووە هۆکاری کۆچکردنی ئێزدیەکان 50لەسەد دەگەرێتەوە بۆ حزبەکانی سیاسی. شێرزاد پیر موسا، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئەلند بۆ دیمۆکراسی کردنی گەنجان لەشاری دهۆک بە هاوڵاتی ی وت" ئێمە ڕاپرسیەکی تایبەت مان ئەنجام داوە لەسەر کۆچکردنی ئێزدییەکان، 1000فورم مان دابەش کرد، لەم ژمارەیە 750 فورم بەتەواوی بۆمان گەڕێنرانەوە، ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون، 83٪ ئێزدییەکان دەیانەوێت کۆچ بکەن، 13% ووتیان نەخێر، 4% نازانم، هۆکاری کۆچکردنی ئەو گەنجانە، 33% ئابووری،29% تەندروستی یە، 19% بێزاربوون لەژیانی کەمپ وئاوارەیی، 9%کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی 8%" شێرزاد پیر موسا وتیشی"پرسیارێکی تر مان هەبوو لەبارەی بەرپرسی سەرەکی بۆ کۆچکردنی گەنجان،50%لایەنی سیاسی،26٪دەستهەڵات،12٪پەرلەمان،12% داب و نەریت،پرسێکی تر پەیوەست بە قەیرانی دارایی کە تاچەند کاریگەری کردوە لەسەرکۆچکردنی ئێزدییەکان گەنجان54%بەڵێ،33%تا ڕادەیەک،13% نەخێر"

هاوڵاتی قائیمقامی قەزای دەربەندیخان ئاگاداری سەرجەم شۆفێران و هاوڵاتیان دەکات ئەمرۆ (سێشەممە /٢٠٢٢/١٠/٤) لە کاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانی تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە. ڕونیشیکردۆتەوە ڕێگای (سەرشاخ امام محمد) تایبەت دەبێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت. ئاماژەشی بەوەکردووە ڕێگای (ناوتاق) تایبەت دەبێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر

هاوڵاتی  بەریتانیا لە بەرامبەر سەرکوتی خۆپیشاندەران، ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن بانگهێشت دەکات. جەیمز کلێڤێرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند؛ روداواکانی ناوخۆی ئێران مایەی سەرسوڕمانە و سەرکوتی خۆپیشاندەران نیگەرانیی لەندەنی لێکەوتوتەوە بۆیە رۆژی دوشەممە ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا بانگهێشت کراوە. بە وتەی کلێڤێرلی، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ مەهدی حسێن مەتین، ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوەتەوە و داوای رونکردنەوەی لێکراوە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی دەسەڵاتی تاران دژ بە کاردانەوەکانی مەرگی ژینا ئەمینی ئەنجامی دەدات. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردوەتەوە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیان کاردانەوەی پێویستیان دەبێت لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران دژی خوێندکاران و خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێت.

هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاند شوێنی ئەو دایک و منداڵە دەستنیشانکرا کە هەفتەی ڕابردوو کەوتبوونە ژێر باڵەخانە ڕوخاوەکەی ناوچەی کەڕادە لە بە‌غداد. لەو بارەیەوە بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند لە ئێستادا بە دەست سەرقاڵی هەڵدانەوەی ئەو شوێنە ڕوخاوەن کە پێشبینی دەکرێت ژنێک و منداڵێکی تێدا بێت . ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 30ى ئەیلوولى 2022 باڵەخانەى تاقیگەى نیشتمانى لە کەڕادەی بەغدا داڕما و بەهۆیەوە 15 کەس کەوتنە ژێر دارووبەردى باڵەخانەکە و 13 کەسیان رزگارکران و 2ى تشرینى یەکەم تەرمى پاسەوانى باڵەخانەکە دەرهێندرایەوە. بە گوتەی راگەیاندنى بەرگریی شارستانیى عێراق، "بەو ژن و منداڵەوە، سێ کەس لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە." جێی ئاماژەیە باوکی منداڵەکە باسی لەوە کردبوو کە خێزانەکەی بۆ چارەسەری کیمیای سەردانی ئەو تاقیگەیەیان کردووە و ئەو ڕۆژە  بۆ چەند چرکەیەک چۆتە دەرەوە بۆ کڕینی خواردن بۆیان ،بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە بینیوێتی باڵەخانەکە ڕوخاوە بەسەرهاوسەرو منداڵەکەیدا  

هاوڵاتی نووسینگەی هەماهەنگی مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)،لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بارانی وەرزییەوە کە لە ١٤ی حوزەیرانەوە رووی لە پاکستان کردووە، تا ئێستا هەزار و ٦٩٥ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها زیاتر لە دوو ملیۆن خانوو زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس پەنا ببەنە بەر کەمپە کاتییەکان. هەروەها زییانە مادییەکان لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بە ٣٠ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە ش خراوەتەڕوو کە ئەو لافاوەی رووی لە پاکستان کردووە، قەیرانی خۆراکی لەو وڵاتە گەورەتر کردووە،هەربۆیە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان زیاتر لە ١٣١ فڕۆکە هاوکاری مرۆییان رەوانەی پاکستان کردووە، بەڵام ئەم هاوکارییانە بەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەیان نەکردووە و چاوەڕێی هاوکاری زیاترن. ئەمەش لەکاتێکدایە حکوومەتی ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ مەترسییەکی بەپەلە لەسەر دابینکردنی خۆراک نییە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی پیسەوە دەگوێزرێنەوە لە هەرێمەکانی سیند و بەلۆچستان زیادیان کردووە..

هاوڵاتی کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) رایگەیاند لە نێوان ٢٠-٢٩ ی مانگی رابردو سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی کردوە. سی پی تی لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەتەوە کە سەردانی تورکیای کردووە و لە سەردانەکەدا بە مەبەستی ئاگاداربون لە دەستگیرکردنی بیانییەکان و هەلومەرجی راگرتنیان و سنوورداشکردنیان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوە و هاوکات سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی کردوە کە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لەو زیندانە بەند کراوە. شاندی سی پی تی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا دیداری لەگەڵ وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو، سەرۆکی دەستەی کۆچ و کۆچبەران ساڤاش ئونلو و کاربەدەستانی باڵای سەر بە وەزارەتی ناوخۆ (فەرماندەی گشتیی جەندرمە و فەرماندەی ئاسایشی کەنارئاوەکان) ئەنجامداوە. هەروەها شاندەکە لەگەڵ جێگری وەزیری داد ئاکین گولرەک، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان و کاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوەش سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکان و دۆخی ئیمڕاڵی قسەی کردووە. لە سی پی تی ئاماژەی بەوە کردوە ئەنجامی سەرەتایی چاودێری و بەدواداچوونەکانیان رادەستی بەرپرسانی تورکیا کردوە

بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەرانەوە، وڵاتی کەنەدا سزا بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنێت. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رۆژی دوشەممە رایگەیاند؛ سزای بەسەر 25 بەرپرس و نۆ ناوەند و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە کە دەستیان هەبوە لە سەرکوت و بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی خۆپیشاندانەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا. محەمەد حسێن باقری، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و محەمەدساڵح هاشمی، سەرۆکی پۆلیسی ئەخلاق لەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە لە لایەن وڵاتی کەنەداوە خراونەتە لیستی سزاوە. مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاندوە؛ وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیی لە مافەکانی ژنان هەموو هەنگاوێک دژی ئێران دەگرێتەبەر چوارچێوەیەشدا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی چونکە لە رابردوشدا کەنەدا سزای بەسەر دەیان بەرپرس و دامەزراوەی ئێراندا سەپاندوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند تا ئێستا هیچ جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بە روسیا نەفرۆشتوە کە لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رۆژی دوشەممە رایگەیاند؛ تاران سەرجەم ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە کە باس لە فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا دەکەن. کەنعانی وتی: ئێران لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بێلایەن بوە و دژی جەنگ و توندوتیژیی بوە ، داواشی کردوە ئەو دو وڵاتە لە رێگەی سیاسەتی ئاشتیخوازانەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە سوپای ئۆکرانیا پێش لێدوانەکانی کەنعانی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند هەشت فڕۆکەکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان تێکشکاندوە