هاوڵاتی بە تۆمەتی چالاکی و تێوەگلان لەگەڵ بەرەی ئازادی فەڵەستینی، وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە، پارێزەر وچالاکوانی فەڵەستینی سەڵاح حەموری دیپۆرتی فەڕەنسا کردەوە. سەڵاح حەموری، پارێزەر و چالاکوانی فەڵەستینی کە ماوەیەکی زۆرە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە ، لە ١ی کانوونی یەکەم لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیی ئیسرائیلەوە مۆڵەتی مانەوەی لە ئیسرائیل لێسەندرایەوە ودیپۆرتی فەڕەنسا کرایەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، سەڵاح حەموری لەناو بەرەی فەڵەستینی چالاک بووە کە لەکاتێکدا ئەو گروپە بە گروپێکی تیرۆریستی ناسیندراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەروەها هانی کوشتن وتیرۆرکردنی ئیسرائیلیەکانی داوە، ئەمە جگە لەوەی سەڵاح حەموری لە ساڵانی ڕابردوودا تۆمەتبارکرابوو بە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی حزبی ئەلترا ئۆرسۆدۆکس شاس. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بارەی دیپۆرتکردنەوەی سەڵاح حەموری، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئیسرائیلی کرد و وتی، فەڕەنسا دژی ئەو بڕیارەیە وبەرگری لە مافەکانی سەڵاح حەموری دەکات. سەڵاح حەموری دوای دیپۆرتکردنەوەی بۆ فەڕەنسا لە لێدوانێکی ڕۆژانمەوانیدا وتی، من بەردەوام لە هەوڵەکانم ودژی ئەم داگیرکاریە دەوەستمەوە تا ئەوکاتەی مۆڵەتی گەڕانەوەم بۆ وڵاتەکەی خۆم بەدەست ئەهێنمەوە؛ هەروەها ئیسرائیلیشی بە" پەکتاوکردنی نەتەوەیی " تۆمەتبارکرد و وتیشی دیپۆرتکردنەوەی من لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەیە نیشانی بدات کە کەس ناتوانێت بەرەنگاری ئیسرائیل ببێتەوە. سەڵاح حەموری، لە دایکێکی فەڕەنسیە وبەهۆی دایکیەوە خاوەنی ڕەگەزنامەی فەڕەنسیە، بۆ ماوەی ٧ ساڵ لە زینداندا بووە بەتۆمەتی کوشتنی ڕەبی ئۆڤادیا یوسف، دامەزرێنەری حیزبی ئەڵترا ئەرسۆدۆکس شاس، بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ لە بەرامبەر گیلاد شالیتی لە زیندان ئازادکرا کە شالیت بۆ ماوەی نزیکەی ٥ ساڵ بوو لە غەزە گرووپی حەماس دەستگیری کردبوو.
هاوڵاتی ئهنجامی دهنگدان بۆ مانهوهی ئیلۆن ماسک وهك بهڕێوهبهری تویتهر راگهیهندرا و 57%ی بهكارهێنهران داوا دهكهن ئیلۆن ماسک دهستبهرداری پۆستهكهی ببێت و 42% بهكارهێنهرانیش لهگهڵ ئهوهدان له پۆستهكهی بمێنێتهوه. ئیلۆن ماسک لەو رۆژەوەی تویتەری کڕیوەتەوە تا ئێستا، لەگەڵ زۆرێک لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەتایبەتی کارمەندانی کۆمپانیاکە و ئەوانەی ریکلامی تیادا دەکەن کێشەی هەیە، تویتێکی کرد و تیایدا پرسیاری ئەوەی کرد، ''پێویستە وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر دەستلەکار بکێشمەوە؟ پابەندی دەرەنجامەکانی ئەم راپرسییە دەبم." لە ڕاپرسییەکدا کە درەنگانی رۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕەکەدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس دەنگیان بە دەستلەکارکێشانەوەی ئیلۆن ماسکدا لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەرداوه كه دهكات رێژهی 57%ی بهشداربوان، هاوكات 43% دەنگیان بە نەخێر دهنگیانداوه. لە کاتژمێرەکانی پێشتردا رێژەی ئەوانەی لەگەڵ جیابوونەوەی ئیلۆن ماسک بوون گەیشتە سەرو ٪٥٨. لە دوایین پۆستی ئەو بازرگانە کە نزیکەی سێ کاتژمێر لەمەوبەر بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ''ئەوانەی دەسەڵات دەخوازن، ئەوانەن کەمترین شایستەی دەسەڵاتن". زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگ لە دهنگدانهكهدا بهشداریان كردوه، بەڵام ئەو ملیاردێرە کە تەنها 50 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمپانیاکەی کڕیوە و خۆی وەک سەرۆکی ناساندوه، دوپاتیکردوەتەوە، كه ئامادهیه دهستبهرداری پۆستهكهی ببێت.
هاوڵاتی دادگەی باڵای بەریتانیا لەسەر پرسی ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بڕیاری دا و رایگەیاند ئەو پرۆسەیە "کارێکی یاساییە." رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2022، دادوەرانی دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیاندا لەبارەی بەرنامەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و رایگەیاند: "ئەوە کارێکی یاساییە." دادوەری دادگای باڵای بەریتانیا، کڵایف لویس، وتی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا کە وڵاتێکی ئەفریقاییە یاساییە وئاساییە کە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا ئەو ڕێکەوتنە بکرێت. کلایف لویس لەبارەی پڕۆسەی ناردنی پەنابەرانەوە ڕایگەیاندووە بەپێی ڕێکەوتنی مافەکانی مرۆڤ کە لەساڵی ١٩٨٨ دەرکراوە وهەروەها لەگەڵ پەیڕەوی حوکمەت ویاساکانیش یەکدەگرێتەوە. لەکاتی خوێندنەوەی بڕیارەکە، کڵایف لویس، دادوەری دادگەی باڵای بەریتانیا رایگەیاند، ئەوە پرۆسەیەکی یاساییە کە حکومەتی بەریتانی لەگەڵ حکومەتی رواندا رێکبکەوێت، بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و لەوێ هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی کۆچبەرەکان بکرێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سهناک ڕایگەیاند، كه رێگریکردن لە خەڵک لە داوای مافی پەنابەری لە بریتانیا لە پێشینەی کارەکانیدا. هاوکات ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت، کە پرسی ناردنی کۆچبەران ڕووبەڕووی سکاڵایەکی زۆر بۆوە کە وا بڕیاربوو لەمانگی حوزەیران پەنابەران بنێردێنە ڕواندا، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەهۆی سکاڵاکانەوە ڕاگیرابوو. هەروەها ئینڤەر سێلمان سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران بێئومێدی لەبڕیارەکەی دادگای باڵا دەردەبڕێت و دەڵێت ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوبانگی بەریتانیا وەک وڵاتێک کە بەها بە مافەکانی مرۆڤ دەدات سێلمان ئەوەشی زیاد کرد کە ئەم پلانە لە پرەنسیپدا هەڵەیە و لە بواری پراکتیکدا کاری پێناکرێت و دەبێتە هۆی "تەنگەژیەکی گەورە" بۆ پەنابەران" لەوانەش گەنجەکان کە زۆر نیگەران دەبن و لە هەندێک حاڵەتدا زیان بە خۆیان دەگەیەنن"
هاوڵاتی بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا پەروردەی شەنگەهای فەرمانی کرد دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن ودووبارە خوێندن بکرێتەوە بە ئۆنلاین، ئەم بڕیارە سەرجەم دایەنگا و قوتابخانەکان دەگرێتەوە. لە بڕیارەکەدا هاتووە تەنها ئەو منداڵانەی کە توانایان نیە بە ئۆنلاین بخوێنن یان ئەو منداڵانەی کە ناچارن لەدایەنگەکان چاودێری بکرێن مۆڵەتیان پێدەدرێ لە قوتابخانەکان ودایەنگاکان بمێننەوە. هاوکات لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان کە داوایان ئەکرد ڕێوشوێنەکانی کەرەنتینە سوک بکرێن، حوکمەتی چین بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی وئاساییکردنەوەی کاروبارەکان لە چین؛ بەڵام ئەمە بووە هۆی دووبارە بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا. بەپێی ئامارەکان بەهۆی کەمکردنەوەی ڕێکارە خۆپارێزیەکان لەچین، رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا، زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ مانگی نیسان. بەپێی داواکاریەکەی بەرپرسانی پەروەردەی شەنگەهای کە گەورەترین شاری چینە، بڕیاری داخستنی دایەنگاکان و خوێندنگەکان تاوەکوو ١٧ی کانونی دووەم بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە ماڵی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی دینی شیعەکان لە شاری نەجەف. ئەمڕۆ دوشەممە نوسینگەی راگەیاندنی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ عەلی سیستانی له ماڵهكهی خۆیدا لە پارێزگای نەجەف پێشوازی لە کریستن ریچارد، راوێژکاری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و بەڕێوەبەری نێردەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق كرد. ئاماژە بەوەشکراوە، سەردانەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ مەرجەعی باڵا و ئاگادارکردنەوەی لە دوایین پێشهاتەکانی کاری تیمی نێودەوڵەتی و ئەوەی بەدەستیهێناوە لە رووی بەدواداچوون و دادگاییکردنی چەکدارانی داعشەوە بووە. بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەو دیدارەدا سیستانی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی عێراقییەکان لە خەباتە گەورەکەیان بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان لە تیرۆریستییەکانی داعش بەبیرهێنایەوە، ستایشی ئەو قوربانییە گەورەیەی کرد و وتی، "ئەگەر ئەم سەرکەوتنە یەکلاکەرەوەیە نەبوایە، ئێستا نەدەکرا بە دوای چهكدارانی داعشدا بگەڕێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر عێراقییەکان ئەنجامیانداوە". لە بەیاننامەکەدا هاتوه، رێبهری باڵا جەختی لە پێویستی کارکردن بۆ ئازادکردنی ئەو ژنه تورکمان و ئێزیدیانە كردهوه کە تاوهكو ئێستا له دهستی چهكدارانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە سوریا ماون.
هاوڵاتی شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی دووپاتکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 19-12-2022، فەریق روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ پیتەرز کۆبوونەوە. وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، بەسەرۆکایەتی فەریقی روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار مەحەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەت، لەگەڵ شاندێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ پیتەرز کۆبونەوە، لەو دیدارەدا کە د. محەمەد سەلیم مزوری بەرێوەبەری گشتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کراو تیشکخرایە سەر هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی چاکسازی و پێکهێنانی فرقەکان و چەندین پرسی تایبەت بە بواری چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە . ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوەی پێویست بۆ هەریەک لەو تەوەرانە خرایەڕوو. هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، هاوپەیمانان جارێکی دیکە پشتگیری و پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری چاکسازی و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان دووپاتکردووەتەوە.
هاوڵاتی کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، و سبەی سێشەممە، ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر: 22 پلەى سیلیزى سلێمانی: 21 پلەى سیلیزى دهۆک: 20 پلەى سیلیزى کەرکوک: 24 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 20 پلەى سیلیزى زاخۆ: 21 پلەى سیلیزى سۆران: 17 پلەى سیلیزى گەرمیان: 25 پلەى سیلیزى هەروەها کەشناسی عێراقیش دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن و شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات. هاوکات سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی نەخشیەکی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاویکردەوە و نووسیویەتی "دەرکەوتنی نیشانەیەکی زۆرباش لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە، کە دەکاتە کۆتایی ئەم هەفتەیە و تێکڕای هەفتەی داهاتوو، هەروەها نیشانەکان زۆرباشن بۆ مانگی یەکی ساڵی 2023". دەشڵێت: "هەفتەی کۆتایی ئەم مانگە زستانی سەخت دەستپێدەکات، بارانی باش و بەفربارین و سەرمای تێدایە".
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ توانایەکی زۆریان لە بواری ئەتۆمیدا بەدەستهێناوە بەڵام ئامانجیان نییە بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکەن. کەمال خەرڕازی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوتکەی تاران رایگەیاند؛ وڵاتەکەی خاوەنی 19 هەزار کورەی ئەتۆمییەوە و ئەوەش وای کرد وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵی دانوستانی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران بدەن. ئەو بەرپرسە وتی: دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی بە باوەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران حەرامە و تاران پێی وا نییە ئاسایش و سەقامگیریی بە چەکی ئەتۆمیی دابین دەکرێت. خەرڕازی جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامانجی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی نییە. لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە، ئێران لە بەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی ئەمریکا رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ زیاتر لە 60٪ بەرز کردوەتەوە کە دەبێت بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی نێوان وڵاتانی 5+1 و ئەو وڵاتە، دەبێت رێژەی پیتاندن لە 5٪ زیاتر بەرز نەکرێتەوە.
هاوڵاتی شەوی رابردوو رووداوێکی تەقەکردن لە شارێکی نزیک لە باکووری تۆرێنتۆ روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران. پۆلیسی کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەوی رابردوو کاتژمێر 7:20 خولەک، لە رووداوێكی تەقەکەردن لە باڵەخانەیەکی شاری ڤۆگان ئاگادارکراونەتەوە، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، زۆرینەی قوربانییەکانی تاوانەکە گیانیان لەدەستداوە و تەنیا یەکێکیان زیندوو بووە، ئەویش زوو گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکدایە. جەیمس ماکسوین لە پۆلیسی هەرێمی یۆرک گوتی یەکێک لە ئەفسەرەکانی تەقەی لە گومانلێکراوەکە کردووەو کوشتوێتی. وتیشی "دیمەنێکی کارەساتاوی بوو شەش کەس مردبوون کە پێنجیان قوربانی بوون و یەکێکیان تاوانبارەکە بوو هەروەها یەکیکی کەش لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەیە". لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە بەردەوامە و تەواوی ئەو باڵەخانەیەی رووداوەکەی تێدا روویداوە، لەلایەن پۆلسیەوە چۆڵکراوە.
ناڕەزایەتییەکانی ئێران سینەما و ئەکترەکانی ئەو وڵاتەشی گرتوەتەوە و تەرانە عەلی دوستی رەوانەی زیندان کرا و ماڵی سینەمای ئێران ئاشکرای دەکات زیاتر لە 200 ئەکتەر و سینەماکاری وڵاتەکە دەستگیر کراون. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ تەرانە عەلی دوستی، خانمە ئەکتەری وڵاتەکە دوای دەستبەسەرکردنی گوازراوەتە بۆ زیندانی ئێڤین لە تاران و دادگا تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خستوەتە پاڵ ئەو ئەکتەرە. زیندانیکردنی تەرانە عەلی دوستی، کاردانەوەی بەرفراونی لێکەوتوەتەوە و سادق زیباکەلام مامۆستای زنکۆ لە ئێران رایگەیاندوە؛ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی عەلی دوستی کراوەتەوە ئاستەمە و جێی گومانە. تەرانە عەلی دوستی تەمەنی 38 ساڵە و رۆڵی لە 30 فیلم و درامادا بینیویە و خاوەنی لانیکەم 20 خەڵاتی بواری سینەما و فیلمە و بە بینی رۆڵی شەهرزاد ئەو ئەکتەرە زیاتر ناوبانگی دەرکرد. ئەو لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە دەربڕی و دژی لەسێدارەدانی گەنجانیش وتی: ئەوەی بەرامبەر ستەم بێدەنگ بێت، پشتیوانی ستەمکارە. لە لایەکی دیکەوەنیکی کەریمی خانمە، هونەرمەدنی ناوداری ئێران وەک کاردانەوەیەک بە زیندانیکردنی عەلی دوستی و ژمارەیەک ئەکتەر و سینەماکار رایگەیاند سەرجەم کارەکانی لە وڵاتەکە رادەگرێت و پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەکات. ماڵی سینەمای ئێران رایگەیاندوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە لانیکەم 200 ئەکتەر و سینەماکار لە ئێران دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەکیان بە بارمتە ئازاد کراون. دوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، زۆربەی ئەکتەر و هونەرمەند و سینەماکار و وەزرزشکارە ناودار و خاوەن پێگەکانی وڵاتەکە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو ناڕەزایەتییانە و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەربڕیوە.
هاوڵاتی ئیدارەی سەربازی لە کیێڤ رایگەیاند، هێزەکانیان نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش دەڵێت، هێزەکانیان توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشڕەویی بکەن. بەرەبەیانی ئهمڕۆ دوشەممە ئۆکرانیا رایگەیاند، کە هێزەکانی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی پایتەختی ئۆکرانیا خستوەتە خوارەوە، هاوکات راپۆرتەکانی ڕوسیا باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی روسیا توانیویانە لە هەندێک ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پێشکەوتن بەدەستبهێنن. ئاماژهی بهوهشكردوه، خستنهخوارهوهی فڕۆكهكان لەکاتی فڕینیاندا بوه لە ئاسمانی کیێڤی پایتەختدا، ئهوهش لە دوایین ههوڵی روسیا بۆ هێرشكردنه سەر شارەکە. لە لایەکی دیکەوە،وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئەو یەکانەی کە لەسەر میحوەری دۆنێتسک کاردەکەن، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرەکانیان و گوندی یاکۆڤلێڤکایان کۆنتڕۆڵکردوە، کە دەکەوێتە سەر خاکی دۆنێتسک. بەرگری ڕوسیا لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا باسی لهوهكردوه، کە لە ئێستادا، "هێزەکانی ڕوسیا كاردهكهن بۆ پاککردنەوەی گوندەکە لە پاشماوەی سوپای ئۆکرانیا"، دهڵێت، "ژمارەی کوژراوانی دوژمن له دۆنێتسک لە 40 سەربازی تێپەڕاندوە لهماوهی رۆژێكدا".
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا سنورەکانی بە تەواوی تێپەڕاندووە و وتی، " ئەو زلەیەی کە دوێنێ پۆلیسێک لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا بەرخۆیان دەکەوێتەوە. دوێنێ لە شاری ئەستەنبوڵ، خۆپیشاندانێکی فراوان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و دژی سیاسەتی شەڕ بەڕێوەچوو. پەرلەمانتار و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا خۆپیشاندەرانیان گەمارۆدا و توندوتیژیان بەکارهێنا. بەرپرسێکی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکەدا زلەیەکی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا و ئەوەش نارەزایەتیەکی گەورەی لێکەوتەوە. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمبارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، " ئەم دەسەڵاتە کە قوڕگی لەنێو خراپەکاریدا نوقم بووە، بە تەواوی سنورەکانی تێپەڕاندووە." دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشەکەی دوێنێ کە لەدژی دایکانمان و لەدژی فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە ئەنجامدرا، لەلایەن کوردەوە هیچ کاتێک لەبیرناکرێت. دەمیرتاش لە کاردانەوەکەیدا لەبەرامبەر ئەو زلەیەی کە لە فەرهاد ئەنجو درا وتی، " ئێوە زلەتان نەبینیوە، چاوەڕێی سندوقەکانی هەڵبژاردن بکەن، دەبینن کە زلە چییە." هەر دوێنێ، ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە، لە گۆڕەپانی کۆناکی شاری ئیزمیر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ئەندامانی پارت و رێکخراوە کوردیەکان داوایان کرد، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە هەڵبگیرێت و رێگە بدریت، پارێزەر و خانەوادەکان سەردانی ئیمڕالی بکەن کە ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی پەکەکە لەو دورگەیە بەندکراون. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئەشکەنجە و لیدان ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە.
ئەشکەنجەداروێکی دیکەی کورد لە شاری بۆکان گیانی لەدەستدا و ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە بەردەوامی بەرز دەبێتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە محەمەد حاجی رەسوڵپور، کە بەهۆی ئەشکەنجە لە زیندان بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان بو، بەرەبەیانی رۆژی دوشەممە گیانی لەدەست داوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردوە دۆخی تەندروستیی دەستگیرکراوێکی شاری سنە بە ناوی سیروان محەمەدی بەهۆی ئەشکەنجەوە تێکچوە و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراوە. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا 12 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بیانوی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کرابون لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە لە 92 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 498 کەس کوژراون.
لە شاری ئیزمیری تورکیا، ژمارەیەک پارت و رێکخراوە کوردیەکان بۆ ئەوەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئاشکرا بکرێت کە ٢١ مانگە هیچ زانیاریەک لەسەر بەدەست ناهێنرێت، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هێزە ئەمنیەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و ٥٠ کەسیان دەستگیر کرد. ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، پارتی دیموکراتی گەلان، هێزەکانی تێکۆشانی یەکگرتوو، کۆمەڵەی هاوکاری و پشتگیری خانەوادەی زیندانی و سزادراوانی ئیجە، لە گۆڕەپانی کۆناکی ئیزمیر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. ئەندامانی پارت و رێکخراوە کوردیەکان داواین کرد، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە هەڵبگیرێت و رێگە بدریت، پارێزەر و خانەوادەکان بتوان سەردانی ئیمڕالی بکەن کە ئۆجالان و سێ زیندانی دیکەی پەکەکە لەو دورگەیە بەند کراون. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە ئەشکەنجە و لیدان ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە. ئاژانسەکە ئەوەی خستەڕوو کە محەمەد زاهیر هاوسەرۆکی رێکخستنی هەدەپە لە ناوچەی بۆدرومی ئیزمیر بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنیەکان تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانتار، بەڕێوەبەر و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەستەنبوڵ بە هەمان ئامانج، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. لە ئەستەنبوڵیش هێزە ئەمنیەکان رێگریان لە خۆپیشاندانەکەی هەدەپە کرد و بەرپرسێکی پۆلیس زلەی لە فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپەدا. هەدەپە لەبارەی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارەکەیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زلەیەی لە پەرلەمانتارەکەیان کەوتووە، بە واتای ئەوە دێت کە بەر هەموو ئەو لایەن و کەسانە کەوتووە کە داوای گۆڕانکاری لە تورکیا دەکەن و بۆیەش پێویستە قبوڵ نەکرێت. لەسەر ئەم بابەتە، سبەینێ پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە ناوچەی کادکۆی ئەستەنبوڵ کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجام دەدات. دوای ئەوەی نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە ژمارەیەک پارێزەر پێک دێت و ئەرکی پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، مانگی رابردوو، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی)، لە سەردانەکەی چەند مانگ لەمەوبەری خۆیدا بۆ ئیمڕالی چاوی بە ئۆجالان نەکەوتووە کە رێکخراوەکە رایگەیاندبوو، لە ئیمڕالی ئۆجالانیان بینیوە. دوای راگەیەندراوی پارێزەرانی ئۆجالان، رێکخرا و پارتەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا و باکوری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، بەشیک لە باشوری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و نزیکەی مانگێکە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و داوا دەکەن، چارەنووسی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە ئاشکرا بکرێت کە ٢١ مانگە هیچ زانیاریەک لەبارەی تەندروستی و ئاسایشیەوە نازانرێت. عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩، لە نایروبی پایتەختی کینیا، لەلایەن ژمارەیەک هەواڵگیری زلهێزەکانی جیهانەوە دەستگیرکرا و رەوانەی تورکیا کرایەوە. ئۆجالان نزیکەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی دورگەی ئیمڕالی لەنێو دەریای مەڕمەڕەدا زیندانیکراوە.
93 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە گەنجێکی دیکە کە بەهۆی ئەشکەنجە لە نەخۆشخانەبو دوای 25 رۆژ گیانی لەدەستدا و دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە لە چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە دو زیندانی گەورەی ئێرانیش گرژی و ئاڵۆزیی رویدا و بەهۆیە پێنج زیندانیی کوژران و 100 زیندانیکراوی دیکە برینداربون هاوکات و بەهۆی بەردەوامیی مانگرتنەکانەوە 50%ی توانای پاڵاوگەکان و کارگە پتڕۆکیمیاییەکان لەکار کەوتوە ئەمڕۆش مانگرتنی زۆربەی کرێکارانی پاڵاوگەکان و ناوەندە پتڕۆکیمیاییەکانی ئێران بەردەوامبو و سەرچاوەکانی هەواڵی وڵاتەکە بڵاویان کردوەتەوە 50%ی ئەو کارگانە کارەکانیان وەستاوە و ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی سوتەمەنی و غاز هەیە. شەش گەنج و لاوی شاری سەردەشت کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کرابون سزای دو ساڵ تا دو ملیۆن 500 هەزار تمەنیان لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە بەسەردا سەپێنراوە دوو کەس لەو سزا دراوانە تەمەنیان 16 ساڵ و 17 ساڵە و ئەوانی دیکەش تەمەنیان لە نێوان 18 ساڵ بۆ 23 ساڵە. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە دادگایەکی ئێران لە شاری دێڵوڕان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای زیندانی بە سەر ژمارەیەک دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستاندا دەسەپێنێت. 22 گەنجی شاری دێڵوڕان کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکرابون لە لایەن دادگاوە سەرجەمیان بە 74 ساڵ زیندانیی سزا دراون و زۆربەی ئەو دەستگیراوانە لە نێوان دو ساڵ بۆ پێنج ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە. لە شارەکانی ئیلام و بۆکان و سەردەشت و سنە و چەند شارێکی دیکەش ئەمڕۆ ژمارەیەک گەنجی دیکە دەستگیرکراون و بە پێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵات چارنوسی ئەو گەنجانەش هاوشێوەی دەیان گەنجی دیکەی کورد کە لە چەند رۆژی رابردودا دەستگیرکراون ، نادیارە. ئەندامێکی ئەنجومەنی بەرێوبردنی بەرەی یەکگرتوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی د.محەمەدباقر پیری، دوای لێکۆڵینەوە لە لایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) لە شاری سنە ئازد کرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە پێنج زیندانیکراوی شاری ورمێ گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە. شەوی یەکشەممە گەنجێکی تەمەن 32 ساڵی شاری کەرەج بە ناوی شروش پورئەحمەدی دوای ئەوەی بەهۆی ئەشکەنجەوە 25 رۆژ لە نەخۆشخانە بو گیانی لەدەستدا. رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات دەسەڵاتی ئێران بۆ سەپاندنی یاساکانی دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر کچان و ژنانی دەستگیرکراو. رۆژنامەی (نیۆیۆرک تایمز) لە ئەمریکا راپۆرتێکی لەسەر دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست رۆژنامەکە کەوتوە ئەو چالاکوان و ژنانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر دەکرێن یان دەستدرێژیی دەکرێتە سەریان یان هەڕەشەی دەستدرێژییان لەسەرە. وردەکاریی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی زیندانی شاری کەرەج بڵاو دەکرێتەوە و ئاشکرا بوە زیندانییەک لە لایەن سەرۆکی زیندانەکەوە بە گوللـە کوژراوە و سێ زیندانیی دیکەش دوای برینداربونیا گیانیان لەدەستداوە. دوای ئەوەی 15 زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج بۆ ژوری تاکەکەسی گوازراونەتەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدراەیان، ناڕەزایەتیی لەو زیندانە سەری هەڵداوە و چوار زیندانیی کوژراون و چوار زیندانیی دیکە بە گوللـە و چەکی ساچمەیی برینداربون و بە گشتی 100 زیندانیی ئەو زیندانە لە ناڕەزایەتییەکانی شەوی شەممە کە بوە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە زیندانەکە بریندار بون. لە لایەکی دیکە ئەمشەو هەواڵی ئاڵۆزیی لە زیندانی قائمشەهر لە پارێزگای مازندەران لە باکوری ئێران بڵاو کرایەوە و بەڕێوبەری زیندانەکەش ئاشکرای کردوە بەهۆی ئەوەی سزای سێدارەی زیندانییەک راگەیەنراوە ئاڵۆزیی ئەو زیندانەی گرتوەتەوە و دواتر کۆنتڕۆل کراوە. تەرانە عەلی دوستی خانمە ئەکتەری ئێران رەوانەی بەندی (209)ی زیندانی ئێڤین لە تاران کرا شەوی شەممە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەو ئەکتەرە و دوای سێ کاتژمێر لە پشکنینی ماڵەکەی دەستبەسەریان کرد. عەلی دوستی کە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان دەکرد دوای لەسێدارەدانی دوو گەنجی وڵاتەکە رایگەیاند؛ بێدەنگیی لە ستەم پشتیوانیی ستەمکارە. نیکی کەریمی، خانمەهونەرمەندی ناوداری ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند سەرجەم گرێبەستەکانی بۆ کاری نواندن لە وڵاتەکە هەڵوەشاندوەتەوە و بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکان. پێگەی بلۆمبێرگ رایگەیاند؛ ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بەڕێویە و ئەمریکا باشترین هاوپەیمانیی خۆی دەستدەکەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بە پێی دوایین ئاماری ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە 93 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی ئێران 497 کەس کوژراون.
